ناو: حسێن
نازناو: حسۆ فەقێ ئەحمەد
ناوی باوک: فەقێ ئەحمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1925
ڕۆژی کۆچی دوایی: #31-07-1983#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بابکێ#
شوێنی کۆچی دوایی: پارێزگای میسانی باشووری ئێراق
شوێنی ئەنفالکردن: #قوشتەپە#
$ژیاننامە$
حسۆ فەقێ ئەحمەد ساڵی 1925 لە گوندی بابکێى سەربە شارەدێی #پیران# لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، لە ڕێکەوتی 21 حوزەیرانی 1932 لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی کۆماری تورکیا بووە، ساڵی 1952 لە زانکوی تاشقەند وەرگیراوە، لە یەکێتی سۆڤیەت دووجار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، لە ژنی یەکەم دوو کچی هەبوو و دواتر ژیانی هاوسەری لەگەڵ ناتالیا سیرکییفنا ڕادیۆن پێکهێناوە، ساڵی 1959 بووە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی بەغدا، لە ڕێکەوتی 5ى تشرینی دووەمی 1960 یاوەری بارزانی نەمر بوو بۆ یەکێتی سۆڤێت کە بۆ بەشداریکردنی ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤێت ڕێکخرابوو، بە هەوڵ و کۆششێکی زۆری بارزانی نەمر لە ئەکادیمیا بۆ خوێندنی دوکتۆرا (ناوک) وەرگێرا کە تایبەت بوو بەفێربوونی ئەکادیمی لە بواری کۆمەڵناسی و ڕۆشنبیری و بەردەوام بوو لە خوێندن و توانی بڕوانامەی دکتۆرا وەربگرێت، لە دوای ڕێککەوتنامەی 11ى ئاداری 1970 بووە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆى سلێمانى لە قەڵادزێ، ساڵی 1976 وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی پەروەردە لە شاری بەغدا دامەزراوە، لە ڕێکەوتی 31ى تەمووزی 1983 لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی ئێڕاقی لە بەغدا شوێنبزر کراوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ڕێکەوتی 2ى تشرینی یەکەمی 1943 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر و لە 12ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆک و دواتر بنکەی پۆلیسی کانیەڕەشی کردووە.
لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی ئێڕاقی دەستبەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە، لە 11ی تشرینی یەکەم و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوویکردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزانى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە #مەهاباد# خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە و لە شەڕەکانی بەرەی #سەقز# لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، لە 29ی نیسانی هەمان ساڵ بەشداریی شەڕی سەقز و لە ڕێکەوتی 3ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆسی کردووە. لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1962 تا 1964 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1974 لە گوندی زینوێ شێخى سەرپەرشتیاری خولی شەشەمى پێگەیاندنی کادیران و مامۆستای پەیوەندییە نیوەدەوڵەتییەکان بووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەرى ڕوودەکاتە شانشینی ئێران و ساڵی 1976 گەڕاوەتەوە کوردستان، لە ڕێکەوتی 31ى تەمووزی 1983 لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی ئێڕاقی لە بەغدا شوێنبزر کراوە.
[1]