پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
زۆرانبازیی لەگەڵ سەدەی بیست و یەکدا
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
سەیران بۆ سەرێکانی، بیرۆکە بۆ پشتیوانی کوردی رۆژئاڤا
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
کوردستان چاوەڕێی تینە
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری ڕۆشنبیری گۆڤاری ڕامان
27-05-2024
هەژار کامەلا
ڤیدیۆ
پەردەلادان لەسەر مۆنمێنتی چوار براکە لە کەرکووک
26-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
باشوورەی سەروو
26-05-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
بەهاری عەرەبی و نەورۆزی سەربەخۆیی
26-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ڤیدیۆ
یەکەم ساتی دەرهێنانی نەوت لە کەرکووک لە ساڵی 1929
25-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
چەمکی شۆڕش و کۆمەڵگای کوردەواری
25-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
ئیرۆن
25-05-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 519,043
وێنە 106,467
پەرتووک PDF 19,319
فایلی پەیوەندیدار 97,299
ڤیدیۆ 1,395
ژیاننامە
تۆفیق وەهبی
ژیاننامە
ئەحمەد کایا
ژیاننامە
خەڵەف زێباری
ژیاننامە
سەبری کایا
شەهیدان
ژینا ئەمینی
دەست و سەر
هەر وێنەیەک بەرامبەر سەدان وشەیە! تکایە پارێزگاری لە وێنە مێژووییەکان بکەن..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0
$دەست و سەر$
نووسینی: #بەکر عەلی 03#
تێگەیشتنێک لە ئامرازەکانی ئیشکردن و بیرکردنەوە
“دەست پەنجەرەی ڕۆحە. ”
– کانت
“ئەو بوونەوەرەی قسە دەکات و بیردەکاتەوە، تەنیا ئەو دەتوانێت دەستی هەبێت و لە ڕێی دەستەوە کاری پیشەیی بکات. “
– هایدێگەر
ئێمەی مرۆڤ لەم شێوازەی ئێستاماندا کە وەکو مرۆڤی ساپینس homo sapiens واتە مرۆڤی هۆشمەند پێناس دەکرێین، بەهۆی ئەو هۆشیارییە تایبەت و باڵایەوەی هەمانە، توانیومانە ڕووکارەکانی سرووشت بگۆڕین، دەستکاری ماددە خاوەکانی سرووشت بکەین شتی تری لێ بەرهەم بهێنین، سەرەتا لە دارێک کەوچک و کاسە و تیر و کەوان و ڕم و قەڵغان و دواتر کەپر و ژوور و خانوو و بەلەم و کورسی و مێز و تاد... درووست بکەین. واتە توانیومانە و زانیومانە دەستبگرین بەسەر سرووشتدا و دەستکاری بکەین. توانیومانە تێڕامان لە سرووشت و گەردوون و نهێنییەکانی بوون بکەین و پەی بە گەلێک نهێنی و حەشارگەی ژیان ببەین و لە ڕێی بیرکردنەوە و ئیشکردنمانەوە سرووشت بگۆڕین بۆ شارستانی. هەڵبەت مێژووی شارستانییە ت بریتییە لە مێژووی درووستکردنی ئەو ئامڕازانەی مرۆڤ پێویستی پێی بووە. مرۆڤ سەرەتا بە لێکخشاندنی دووبەردەوە لە یەکتری ئاگری دۆزیوەتەوە، دواتر بیری کردۆتەوە کە پێویستی بەوە کردووە ئاگردانی بۆ درووست بکات، پاشان پێویستی بەوە کردووە مقاش دابهێنێت تاوەکو بەدەستیەوە بتوانێت ئاگرەکەی پێ خۆش بکات. مرۆڤ کە لە ئەشکەوت هاتۆتە دەرەوه، سەرەتا کەپری درووستکردووە، پاشان ژوور و دواتر خانوو، ئینجا باڵاخانەی هەڵچنیوە. لە مانا سادەکەیدا ئەمە گێڕانەوەیەکی جەوهەریانەی مێژووی تەکنیکیش دەگەیەنێت. بەڵام کەمجار، ئەگەر نەڵێین هەر زۆر دەگمەن، بیرکردنەوەمان لەسەر ئەو ئۆرگانە گرنگە قووڵ کردبێتەوە کە ڕۆڵی یەکەمی هەموو کارێکی درووستکردن دەگێڕێت، کە دەستە. کەمجار پرسیارمان لە پەیوەندی دیالێکتیکیانەی دەست و سەر کردووە. ئایا ئێمە چۆن دەست دەبینین و چۆن پێناسی دەکەین؟ ئایا دەست بە تەنیا ئۆرگانێکی جەستەییە وەک هەر ئۆرگانێکی ترمان؟ یاخود دەست بریتییە لە و پەلە لکاوەی بەجەستەمانەوەیە و وەکو ئامرازێک بۆمان درووست بووە تاوەکو شتە دوورە دەستە کانی پێ بگرین؟ ئایا ئێمە دەتوانین بە ڕامانین لە دەست، بتوانین لە ڕۆحی مرۆڤ نزیک بینەوە. ئەگەر دەست بریتی بێت لە و ئۆرگانە دەرەکییەی کە دەتوانێت ببێتە ئاماژەیەک لەسەر پەیامەکان، ئەوا دەشێت وەک فیلۆسۆف ئیمانۆیل کانت دەڵێت ببێتە ئەو پەنجەرەیەی لێوەی بڕوانینە عەقلی مرۆیی. واتە دەست دەتوانێت ئاماژەمان بداتێ سەر چۆن بیردەکاتەوە. بە نموونە دەست تەوقە دەکات، سڵاو دەکات، درووست دەکات، بەڵام دەستدرێژی و پەلامار و لێدانیش دەدات و هەڕەشە دەکات و دەشڕوخێنێت.
لەم نووسینەدا دەخوازم لەڕووی ئەنترۆپۆتەکنیکییەوە تێرامانێک لەسەر ئەم ئۆرگانانە بکەم واتە وەک تەکنیکێکی مرۆیی ڕەهەندە کولتوری و وجودییەکانی دەست و سەر وەک دوو ئۆرگان بۆ توانین و زانین، یان بابڵێین دەسەڵات و مەعریفە بخەمە ڕوو. دەمەوێت شیکاری هەردوو پرۆسێسی شێوەژیانی تێڕامانی و شێوەژیانی ئیشکردن لەنێو کولتوردا بکەم و دەپرسم داخۆ مرۆڤ پتر بوونەوەرێکی تێڕامانکار و بیرکەرەوەیە یاخود بوونەوەرێکی ئیشکەر و درووستکەرە. ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە بەسەر بیر دەکاتەوە و بە دەست ئیشوکار دەکات. یاخود ئێمە لەڕێی دەستەوە دەتوانین لە مانا و سوودی کەرەسەکانی سرووشت بگەین و هەروەهاش پێیان بگەین.
دەبێت هەر لەسەرەتاشەوە ئەوە بدرکێنم کە تێمایەکی لەم جۆرە نەک هەر لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا نادیارە بەڵکوو بیری خۆراوایش سەرباری هەموو دەوڵەمەندییەکی و بەرفراوانییەکی لە بیرکردنەوە لە ورد و درشتی دیاردەکانی سرووشت و جیهان، توانیویەتی تەنیا ڕووبەرێکی بچووکی بۆ تەرخان بکات.
$توانین لەنێوان دەست و سەردا$
لەنێو هەر مرۆڤێکدا پیشەوەرێکی زیرەک هەیە.
– ڕیچارد سینەت
ئەوەی نەیەوێت لەبارەی پیشەوەرەوە بزانێت، لەبارەی پاڵەوانەوە دەبێت بێ دەنگ بێت.
– سلۆتەردایک.
مرۆڤ، بە جیا لە هەموو زیندەوەرەکانی تر، کە لە سرووشتدا خۆی دەبینێتەوە، توانیویەتی سرووشت بناسێت و دەستیش بگرێت بەسەر سرووشتدا، دیارە دەستگرتن بەسەر سرووشتدا واتە ناسینی توانینی کردنی شت. ئەو دەستەی بتوانێت شت درووست بکات دەستێکی هەم توانایە و هەم زانایە. واتە مرۆڤ وا دەکات کەرەسەکان بگۆڕێت و شتی نوێ درووست بکات، خۆڵ بکاتە قوڕ و قوڕ بکاتە خشت بۆ درووستکردنی خانوبەرە بۆ ژیان و مانەوە، دیوار و بەربەندیشی لێ درووست بکات بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی دەرەوە، جا مرۆیی بن یان سرووشتی. توانینی دەستگرتن بەسەر سرووشتدا سەرەتای درووستبوونی هەر کارێکی دەستە کە دواتر دەبێتە سەپاندنی دەسەڵات بەسەر شتەکاندا. درووستکردن ئەو بوارەیە کە توانین و زانینەکانمان دەسەلمێنێت، لێرەوەیە کاری دەست و سیاسەت لە پەیوەندییەکی تەنگدان، واتە دیالێکتیکێک لەنێوان زانین و توانیندا هەمیشە هەیە. هەموو شوێن گرتن و داگیرکردنێکیش پەیوەستە بە هەبوونی زانینێکی پێشوەختەوە. خۆراواییەکان پاش تێگەیشتن و ناسینی دنیا توانییان لەڕێی ئیمپریالیزمەوە دەست بەسەر تەواوی زەویدا بگرن. سرووشت و سامانە سرووشتییەکانیان خستە پێناوی درووستکردنی شارستانیەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژی و سەرمایەداریەوە. دەستگرتن بەسەر جیهانی دەوروبەرو بەردەستدا مانای وایە لەنێو مرۆڤدا توانستی ئەوە هەیە دەستکاری دیاردەیەکی زل و ڕەق و سامناکی وەک سرووشت بکات. دەستگرتن بەسەر سرووشتدا و درووستکردنی کاری دەست واتە سەپاندنی توانین و دەسەڵات. مرۆڤ سەرەتا کارخانەی درووستکرد کە تیایدا وەستا و شاگرد و بەردەست کاری دەستیان دەکرد، پاشان فابریک و پیشەسازی ماشێنەی قورس جێگەی گرتەوە و دواتر تەکنەلۆژیای باڵا دەستی بەسەر هەموو کارێکی دەستدا گرت و وەلای خستن. تا ماشێنەش بەربڵاوتر دەبوو کاری دەست کەمتر دەبوو. ئەمە ڕەوتی گەشەکردنی کارکردن و ئیشکردنە لە مێژوودا. بەمپێیە دەبێت لێرەدا مارکسییانە بڵێین هەموو گەشەکردنی ئیش و برەودانی کار لەناو سیستەمی سەرمایەدا تێگەیەنراو دەبێت وە مرۆڤ بوونەوەرێکە کارکردن درووستی دەکات.
هانا ئارێندت لە پەڕتووکە بایەخدارەکەیدا (ژیانی چالاک Vita activa) لەڕووی مێژووییەوە پێناسی مرۆڤ لە دوو جۆردا پۆلێن دەکات:
ئەنیمال لابۆر Animal labour واتە مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی ئیشکەر، وە هۆمۆ فابەر homo faber واتە مرۆڤی درووستکەر. ئارێندت پێیوایە مرۆڤ یان ئیشکەرە یاخود درووستکەرە، لەئەنجامی ئەم دووانەشەوە ئاڵوگۆڕ و بازرگانیکردن سەریهەڵداوە. بەڵام کولتورناسی ئەمریکی ڕیچارد سینەت کە خوێندکاری ئارێندت خۆی بووە لە پەڕتووکە بایەخدارەکەیدا (کاری دەست Handwerk (پتر هایدێگەرییانە بیردەکەتەوە و ڕەخنە لەم تێزەیەی ئارێندتی مامۆستای دەگرێت بەوەی مەرج نییە ئەو مرۆڤەی درووستکەر نەبێت ئیدی بیرنەکاتەوە، بەڵکوو هەر مرۆڤێک درووست بکات ئەوە لەگەڵیدا بیردەکاتەوە.
لەم پەڕتووکەدا سینەت باس لە ڕەهەندەکانی توانین لەنێوان(سەر) و (دەست) دا دەکات. ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت کارێکی پراکتیکیانە پیادە بکات. پەڕتووکەکە زۆر بە وردی مێژووی دێرینی ئیشکردن و درووستکردن و کاری دەست لەنێو کولتورەکاندا دەگێڕێتەوە، مێژووی کارخانە و ڕێچکەکانی شارەزایی و لێهاتوویی و چۆنێتی پەروەردەکردنی وەستا و پیشەوەر لە تێگەیشتنە باوەکەی دەرباز دەکات و لەڕووی ئەنترۆپۆلۆگی و فەلسەفییەوە کاری دەستمان بۆ پێناس دەکاتەوە. ئەو پێیوایە مرۆڤ لەدایک دەبێت وەکو وەستا لەدایک نابێت، وەستا کەسێک نییە لە ئاسمانەوە بەربووبێتەوە، یان لە لەدایکبوونیەوە وەستا بێت، بەڵکوو سەدان و وبگرە هەزاران کاتژمێر بەسەر دەبات لە ئیشکردن و ئەزموونکردن و بەردەستیکردندا. واتە شارەزاییەکان دەشێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر، لە وەستاوە بۆ شاگرد و لە شاگردەوە بۆ بەردەست، ئاوەها لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی تر و لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر بگوێزرێنەوە. لە گریکی کۆندا زانینەکان و شارەزاییەکان لە بواری شت درووستکردندا نەوە بۆ نەوە بەجێماون. ئەوەشی ویستبێتی شتی تازە دابهێنێت دەبوو سوود لە و میراتییە وەربگرێت و پابەندیش بێت بە و ڕێسایانەی لەوەوبەر ئیشی پیکراوە. واتە شاگردێک نەدەبووە وەستا ئەگەر ڕێنماییەکانی وەستاکەی فەرامۆش بکردایە، وە تەنیا بە پەیڕەویکردنی شارەزایی و ئەزموونە تاقیکراوەکان وەستای پیشەوەر درووست دەبێت. سلۆتەردایکیش کاتێک مێژووی تەکنیکە مرۆییەکانی لەنێو کایە کولتوریەکاندا لە پەڕتووکی (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) لە دیدێکی تەواو ئەنترۆپۆلۆژی و فەلسەفی نوێوە ئەوەی بۆ ڕاڤەکردووین کە هەمان دیدی سینەت دەسەلمێنێت. بە و پێیەی ئەمە کرۆکی گەشەکردنی کولتورە. واتە کولتور هەڵگرێکی(هابیتۆسێکی) هەمیشەیی شارەزاییەکان و خەسڵەتەکانە، چونکە ئەوەی وا دەکات خەسڵەت و عادەتەکان هەمیشە لەوێدا ئامادەبن تەنیا کولتورە. لێرەوەیە سلۆتەردایک پێیوایە کولتور هابیتۆسێکە بۆ (گەڕانەوەی هەمیشەیی هەمانشت). بۆیە بەلای سلۆتەردایکەوە مرۆڤ بریتی نییە لە و نێگەتیڤیتێتەی سارتەر باسی لێوە دەکات، بەڵکوو بریتییە لە پنتی جیاوازی نێوان دووبارەبوونەوەکان. (لێرەدا قسەمان لەسەر دابڕانی کولتوری نییە کە لە مێژوودا ڕوویداوە و بەردەوامیش ڕوو دەدەنەوە، ئەگەرچی دابڕانیش ئەو خەسڵەتەیە کە بەردەوام ڕوودەداتەوە و جیاوازی بەرهەم دەهێنێتەوە.).
بەڵام ئەوەی وادەکات گۆڕانکاری و داهێنان و دۆزینەوە بێتە دی تەنیا هەوڵدان و گەڕان و خەباتکردن و بیرکردنەوە و ئیشکردنە. هەندێک دۆزینەوەی شارستانی چەندەها ساڵ و دەیەی خایاندووە، چەندەها ڕووبەری هەڵکۆڵین و پشکنینی پێویست کردووە تاوەکو داهێنانێکی بچووک دەبینێتەوە و دواتر داهێنان دەخرێتە سەر داهێنانی تر. مرۆ بۆ دۆزینەوەی مسقاڵێک ئاڵتون دەبێت خۆڵێکی زۆر هەڵبداتەوە. وەک هیراکلیت دەیگوت. واتە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ماندوو بوون و ڕەنجێکی گەورە پێویستە. وەستا و پیشەوەری کاری دەست بریتییە لە پرۆسێسێکی بەردەوامی نەپساوە لە ئەزموونکردنەوە و دووبارەکردنەوەی میرات و زانیارییەکانی پێشتر و داهێنانەکانیش بریتین لە بیرکردنەوە لە بەرەو پێشبردن و بەرەو سەرەوەبردنی دەستکەوتەکان. بە نموونە سەرەتاکانی قۆناغی ڕۆشنگەری و شۆڕشی پیشەسازی ئەوروپیدا بە میکانیک کردنی ئامراز و ئامێرەکانی دەستی مرۆیی پەرەی سەند، لە ساڵی 1738دا ڤۆکانسۆن Vaucanson داهێنانێکی میکانیکی سەرسوڕهێنەری داهێنا، ئەو بۆئەوەی فلوتژەنین ئاسان بێت فلوتێکی میکانیکی درووستکرد کە زمانەیەکی میکانیکی و کونێکی زیادەی بۆدرووستکرد کە لەگەڵ فووتێکردنیدا خۆبەخۆ و میکانیکیانیانە دەژەنرا و یاری دەکرد. ئەمە کارێکی جوانی میکانیکی بوو کە بە پشتبەستن بە فلوتەباوەکان توانرا گەشەی پێ بدرێت. ڤۆڵتێر ڤۆکانسیۆن ناودەنێت بە (پرۆمیسیۆسی مۆدێرن). (کاری دەست ل. 120). لە جیهانی ئەمڕۆشماندا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەر وەهایە، بەنموونە وەرزشوانێک بۆ ئەوەی ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار بکات، ساڵێکی تەواو مەشق و ڕاهێنان دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی یەک تا پێنج سەنتیمەتر درێژتر لەوەی پێش خۆی باز بدات، یان نزیکەی بە خێرایی تەنیا یەک خولەک کەمتر لەوەی پێشتر چەند کیلۆمەترێک ببڕێت. بەمشێوەیە دەبینین هەموو داهێنان و دۆزینەوەیەکی نوێ پشتگیر بووە بەوەی پێش لە خۆی، بە و میراتییەی پێشینان بۆی بەجێهێشتووە. واتە مرۆڤ بەردەوام لە پرۆسێسی خۆچاکردن و خۆهەڵکشاندا بووە. ئەوەش سرووشتی مرۆڤە توانینەکانی خۆی واڵا بکاتەوە، پیشەوەریش ئەو کەسەیە لەڕێیەوە توانینەکان ئاشکرا دەبن. کاری پیشەگەری جۆرێکی ترە لەکاری پاڵەوانی، کاوەی ئاسنگەر، لەپیشەگەرییەوە بووە پاڵەوان، بۆ ناسینی هەر پیشەگەرێک کاری دەست بکات پێویست بە ناسینی ئەو دەکات وەکو پاڵەوانێک. ئەوەی نەیەوێت لەبارەی پیشەوەرەوە بێدەنگ بێت، لەبارەی پاڵەوانیشەوە دەبێت بێدەنگ بێت. (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت. ل 456).
دیارە ئارێندت چەمکێکی گرنگی هەبووە بۆ پرۆسێسی فێربوون کە بە لەدایکبوون. ناتالیتێت Natalität ناوی دەهێنێت. واتە ئەو سترەکتوری ژیانی لەوەدا دیوە کە مرۆڤ لەدایکدەبێت، پێدەگەیەنرێت و فێردەکرێت و دواتر فڕێ دەدرێتە ناو ژیانەوە.
کەواتە کەسی شارەزا لە بوارێکدا، یان وەستایەک لە ئیشی دەستدا بریتییە لە و کەسەی تیایدا شارەزایی و زانین لەگەڵ دەستڕەنگینی و توانین بەرجەستە دەبێت. کاتێک کەسێک کاری دەست دەکات، لەڕاستیدا ئەو کاری بیرکردنەوە دەکات وەک سینەت دەڵێت وەستا کەسێکە دەست و سەر پێکەوە گرێ دەدات. ل. 35.
لێرەوەیە ئەوەی ببێت بە وەستا دەبێت مەشق و ڕاهێنان بە زانینەکان و توانینەکانی پێشخۆی بکات. کەسی پیشەوەر، کەسێکە لە گفتوگۆیەکی بەردەوامی نێوان کردن و بیرکردنەوەدایە، ئەو لە ئەنجامی ناسین و توانینەوە درووست دەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو بەڵگەنەویستەی کەوا، ئەو تەکنیکەی وەستا مەشقی دەکات بریتییە لە دووبارەکردنەوە. ئەو بەردەوام لە دووبارەکردنەوەی زانین و شارەزاییەکانی کەسانی پێش خۆیدایە. تەنانەت گەشەپێدانی کارەکانی پێشخۆی دەبێتە کولتورێک بۆ نەوەکانی دوای خۆی کە گەشە بە بیرۆکە و کارەکانی ئەم بدەن. واتە با سادە بڵێێن، گۆڕانکاری و دابڕانیش بەردەوام دووبارەدەبنەوە. بەم پێیە، پیشەوەری بریتییە لە دووبارەکردنەوە، دووبارەکردنەوەش بریتییە لە مەشق. مەشقکەریش کەسێکە لە پێڤاژۆیەکی بەردەوامی گفتوگۆکردنی سەر لەگەڵ دەستدایە، لەئاڵوگۆڕکردنی زانین و توانیندایە، لەپێکەوەگرێدانی ژیانی چالاک (ئیشکردن) بە ژیانی تێڕامان (بیرکردنەوە) دایە. بەمپێیە چیتر مرۆڤ بوونەوەرێک نییە بەتەنیا ئیشکەر بێت، بەڵکوو بوونەوەرێکی بیرکەرەوەشە. مرۆڤ بەتەنیا (سەر) ئامۆژگاری و زانیاری ناداتێ، بەڵکوو (دەست) یەکەمین ئۆرگانە کە ساردی و گەرمی، ڕەقی و نەرمی تەنەکانی پێ دەبەخشێت. دەست یەکەمین ئۆرگانە مەودا و دووری بۆ مرۆڤ کەمدەکاتەوە. لەکوێدا مرۆڤ بەشتێک ڕانەگات لەوێدا دەست درێژ دەکات بۆی. واتە دەست یەکەمین ئامراز و میدیۆمی خۆگەیاندنە بە دەرەوە. دەست یەکەمین ئامرازی درووستکردنە. مرۆڤ لەڕێی دەستەوە توانینەکان و زانینەکانی پیادە دەکات. کەسی پیشەوەر و وەستای کاری دەست جۆرە پاڵەوانێکی کولتورییە کە تەنیا بە ماسولکە جەستەییەکانی نەبۆتە پاڵەوان بەڵکوو بە هێزی بیرکردنەوە، بەخانە و ماتریکسەکانی نێو سەری خەریکی درووستکردنە.
$درووستکردن و مەشق$
لە هەموو ئیشێکی پیشەوەری دەستەوە، زێدەباییەکی ڕۆحی پەیدا دەبێت.
– سلۆتەردایک
لە کوێدا ئامرازێک بینرا، دەبێت لەوێدا بیرۆکەیەک هەبووبێت.
– سلۆتەردایک
ئەگەر چەند پێناسێکی جۆراوجۆری بیرمەندەکانی فەلسەفە و ئەنترۆپۆلۆگیا و سۆسیۆلۆگیا بهێنینەوە کە چۆن پێناسی مرۆڤیان کردووە، ئەوا نزیکایەتییەکی هاوبەش لەنێوانیاندا دەبینینەوە، سەرباری جیاوازی جیهانبینییان لە یەکتری. بە نموونە مارکس پێیوابووە ئیشکردن مرۆڤ درووست دەکات، هایدێگەر پێیوابووە، ڕەنجی بیرکردنەوە، ئارێندت پێیوابووە ژیانی چالاک، لەکاتێکدا سینەت وەک خوێندکارێکی ئارێندت، لەژێر کاریگەری بیری هایدێگەردا دەڵێت ئیشکردن و بیرکردنەوە مرۆڤ درووست دەکەن، کەچی فیلۆسۆفێکی نوێی وەک پیتەر سلۆتەردایک پێیوایە ئەوەی مرۆ و مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنێت تەنیا مەشقکردن و ڕاهێنانەکانیەتی. ئەو لە پەڕتووکە گەورە و گرنگەکەیدا (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) توانیویەتی ئەو تەکنیکە مرۆییانەمان بۆ بدۆزێتەوە کە بوونەتە مایەی درووستبوونی شارستانی و کولتوری درووستکردن و دەستکاریکردنی سرووشت و چاککردنی ئاستی ژیانی مرۆیی و هەڵکشانی ستوونییانەی ژیانی مرۆڤ لەڕێی بەردەوام پێکردنی سیستەمی مەشقەوە. مەشق ڕێچکەی فێربوون و بەرهەمهێنانە، بواری جێبەجێکردنی توانینەکان و زانینەکانی مرۆڤە. لێرەوە ئەگەر لای مارکس مرۆڤ لەڕێی ئیشکردنەوە بەرهەم بهێنرێت، ئەوا لای سلۆتەردایک مرۆڤ خۆی بریتییە لە بەرهەمی ئەو مەشقە، یان ڕاستتر بڵێین مرۆڤ بریتییە لە بەرهەم و بەرئەنجام. مرۆڤ بەرهەمی درووستکردنەکانە، وە بەرئەنجامی پرۆسێسەکانە. ئەو لەنێو هەموو شتێکدا مرۆڤ دەبینێتەوە. بەنموونە، مرۆڤێکی زانا بەرهەمی هەوڵی بەردەوامی خۆفێرکردنە، مرۆڤی بەتوانا بەرهەمی بەردەوامی ڕاهێنان و مەشقکردنە. لێرەوەیە مرۆڤێکی زانا، مرۆڤێکی توانا، مرۆڤێکی درووستکەر بەرهەمی پرۆسێسی بەردەوامی خۆهەوڵدان و خۆفێرکردن و مەشقکردنە. بگرە هەموو بەرهەمە مرۆییەکانیش بەهای ڕۆحی بەرهەم دەهێننەوە، کاتێک ئێمە تەماشای تابلۆیەک، پردێک، دیوارێک، مێزێک دەکەین وەکو کاری دەست و کاری هونەری مرۆییی دەیانبینینەوە. دەستێک وایکردووە ڕۆحی خۆی بە و کەرەسانەدا بسەپێنێت و شێوە و فۆرم بگۆڕیت و دیزاینێک ببەخشێت. ئێمە کاتێک دەڕوانینە تابلۆیەک یەکڕاست هزرمان دەچێت بۆ ئەو پرسیارەی داخۆ پەڕەمووچی دەستی نیگارکێشەکە دەبێت چۆن جووڵێنرا بێت، داخۆ ڕۆحی ئەو نیگارکێشە چەندێک قووڵ بێت و چەندە کاتژمێر لەتێڕامانکردن و خەڵوەتدا بوو بێت، وای کردووە ڕۆحی لەم کارە هونەرییە دا ڕەنگڕێژکردبێت. کتومت ڕستەکەی کانت لێرەدا درووستە کە دەڵێت دەست پەنجەرەی ڕۆحە. واتە بەکاری دەستدا دەشێت مرۆڤ ڕۆحی درووستکەرەکە بناسێتەوە. من لەگەلێک جادە و ڕێگا و خانوو و باڵاخانەکانی کوردستان تێڕاماوم، هەر نائەندازەکارییەک و هەر ناشارەزاییەکی پێوە دیار بێت ڕاستەوخۆ دەستی درووستکەرەکەیم هاتۆتە بەرچاو. پێم وایە لەکوێدا مرۆڤ شتێکی درووستکرد لەوێدا بیرۆکەیەکی پێشوەخت هەبووە، درووستکراوەکە جوان و باش دەربکەوێت بیرۆکەکە جوان و باش بووە، وە بەپێچەوانەشەوە ڕاستە. گەر کورسییەکمان بینی شلۆق و لەرزۆک درووستکرابوو دەبێت بزانین دەستی دارتاشەکە لەرزۆک بووە، چوونکە ڕۆحێکی لەرزۆک وناکارامە و نالێهاتووی هەبووە. ئەو دارتاشە نەیتوانیوە تواناکانی (سەر و دەست) پێکەوە گرێ بداتەوە. دەپرسم داخۆ ئەو پیشەوەرە دەزانێت ئامراز بگرێت بە دەستەوە. دەزانێت گرتنی چەکوشێک بە دەستەوە جودایە لە گرتنی تەورێک. ئایا دەزانێت درووستکردنی شتێ پێویستی بە درووستکردنی پەیوەندییە لەنێوان سەر و دەستدا. ئەگەر کاری دەست و پیشەوەری ئەو پەیوەندییە ئەفرێنەرەی نەسەلماندا ئەوا لێرەوە دەست دەکەوێتە گەندەڵێکردن لە ئۆرگانە بزوێنەرەکەی خۆی کە سەرە. حاڵەتێکی وەها لەوێدا دەبینینەوە، کاتێک وەستایەک دیوارێک بە ناڕێکی هەڵدەچنێت، بناغەیەک قووڵ هەڵناکەنێت، سەربانێک توند بانڕێژناکات، پەنجەرەیەک ناتەواو دادەنێت. وە چەندەها نموونەی تر هەمووی ئاماژەن لەسەر ناکاماڵبوونی وەستا، نالێهاتوویی و کەمشارەزایی ئەو پیشەوەرە لەڕووی دەست و سەرەوە. ئەم شکستەی دەست لەگەڵ خۆیدا نەک هەر زەلیلی سەر دەسەەلمێنێت بەڵکوو دواتر تێکڕای کولتور و بوارەکانی ژیان تووشی داڕزان دەکات. گەر لەم گۆشەیەوە نیگایەک لەسەر کولتوری دنیای کۆمەڵگا ناپیشەسازییەکان بکەین، بەتایبەت ئەوانەی ڕژێمی سیاسی ستەمکار و تۆتالیتێر و تاکڕە و فەرمانڕەوان بەسانیی دەبینین لەبەرچی ئەوان نەیانتوانیوە پیشەگەری و پیشەسازی و چالاکییەکانی عەقل ئەکتیڤ بکەن. لەجیهانی ئێمەشدا دەشێت ئەم ڕوانینە بسەلمێنین کە هەر هیچ دوور نەڕۆین بڕوانینە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردوو، کە ئۆتۆنۆمییەکی سیاسییمان هەیە، بەڵام چونکە دەسەڵاتێکی ئەفرێنەر و دیسپلینساز و بیرکەرەوە فەرمانڕەوایی ئەو هەرێمە ناکات، ئەوا چ پرۆسێسێکی پیشەگەری و چ سەرەتایەکی پیشەسازی نابینین. لەوێدا دەست و سەر کۆت و بەندکراون، لەڕێی بە مووچەخۆرکردنیانەوە، هەموو دەستەکانیان کۆیلەکردووە، بێهۆنییە دیارترین فینۆمێن لە و هەرێمەدا مشەخۆری و بەرخۆری و بێبەرهەمییە کە هەموو ئەمانە لە شوێنێکی گەورەتردا یاری دەکەن کە ناونراوە بە (گەندەڵی).
$کۆتکردنی دەست و کۆڵکردنی سەر$
لەبارەی ڕژێمە سیاسییەکانی جیهانی ئێمەوە
بەپێی ئەفسانە گریکەکان گەر پاندۆرا Pandoraبریتی بێت لە و گۆزەڵەیەی (هەندێکجار بە سندوقیش وەردەگێڕدرێت) کە بەکردنەوەی هەرچی بەڵا و شەڕی نەفرەتی و وێرانکاری هەیە دێتە دنیاوە، واتە گەر پاندۆرا بەرپرسی تێکشکاندن بێت، ئەوا هێفایتۆس Hephaitos وەک ئاشتیساز و شارستانی درووستکەر دەردەکەوێت.
هۆمیرۆس لە داستانەکەیدا دەگێڕیتەوە بۆمان کە مرۆڤی زوو وەکو ئاژەڵ لە کونە شاخ و ئەشکەوتەکاندا دەژیان، بەڵام دواتر خودای هێفایتۆس مرۆڤی فێری کارکردن و درووستکردن کرد. فێریکرد خانوو درووست بکات.
دەستێک هەیە نەزان و شەڕانگێز و تێکدەرە، ئەو بەدکارێکە ناپاکی لە پیشەکەی خۆی دەکات. دیارە بارودۆخی سیاسی و داڕمانی بەهاڕەوشتییەکان کەشی لەبار بۆ درووستبوونی دەست و سەری گەندەڵ دەسازێنن. هەرکاتێک سیاسەتکاران چ ئیدیالێکیان بۆ بەرژەوەندی گشتی نەما ئیدی سیاسەت زۆر خۆی لە مۆرال و ئیتیک دوور دەخاتەوە. ئەنجامەکەشی هێندە ترسناک دەبێت کە بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی ئەو کۆمەڵگا و جڤاتەدا زاڵ دەبێت و بە ئاسانی پێوەی دیار دەبێت. لەڕژێمە تۆتالیتێرەکاندا ئەم ئیتیکە دیاردەیەکی زۆر زەقە. گەر یادەوەریمان بگەڕێنینەوە بۆ مێژوویەکی زۆر دوور نا، ئەوا هێندە بەسە ئاماژە بە سەردەمی زۆر نزیک و ڕژێمە نزیکەکانی دەڤەری خۆمان بدەین. دیارە مەبەستمان لە وڵاتە عەرەبییەکانە، ڕژێمی تۆتالیتێری خێڵایەتی لیبی و دیکتاتۆری موبارەک و تاکحیزبی بەعسی ئێڕاقی و سوری نموونەی هەرە بەسوودن بۆمان. گەر ئەو پرسیارە سادەیە بکەین، بۆچی ئەم کۆمەڵگایانە نەیانتوانی لەماوەی سەدەی 20 دا سەرباری هەموو توانستێکی دارایی و مرۆیی، ببنە وڵاتی پیشەسازی. ئەوا زۆر بەسادەیی دەڵێین، لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکانی ئەو دەوڵەتانە پاندۆرایی بوون، ئەو هێزە تێکدەرانەیان پێبوو کە هەموو توانینەکان و زانینەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان تێکشکاند. ئەوان هاووڵاتیانی خۆیان ناچارکردبوو لە ئەشکەوتەکانی نەزانین و نەکردندا بمێننەوە و دەرچوون لە و ئەشکەوتە هەم بەحەرام دابنرێت و هەم بە ناپاکی نەتەوەیی. ڕێکەوت نییە ئەوان یەکەمین شت درووستیانکرد بریتی بوو لە دەزگای تێکشکاندنی توانا مرۆییەکانی خۆیان لەڕێی کۆتوبەندکردن و کەلەپچەکردنی دەست و لەڕێی ئیفلیجکردن و کۆڵکردنی سەرەوە. دوواجار بەم کارە ئەوان ڕەوشت و مۆرالی هاووڵاتیانیان گەندەڵ کرد. هیچ پیشەیەک لەم وڵاتانەدا ناتوانێت ڕیالیزە بێت. هەموو پیشەوەرێک لەگەڵ دەستی خۆیدا درۆی دەکرد، هەموو وەستایەک ناپاکی لە توانستەکانی خۆی دەکرد. هەموو فێرکەرێک جەهلی بڵاو دەکردەوە. هیچ کەس بایەخی جیدی بە کارکردن نەدەدا. لەڕووی سیاسیشەوە بووە هۆی ئەوەی هاووڵاتی عەرەبی چ متمانەیەکی بە و وەهمە ناسیۆنالیستیانە نەبێت و ئینتیمای بۆ شەڕە ئیدیۆلۆگییەکانی ڕژێمەکانیان نەبێت. ئەم ڕژێمانە تەنیا کاریان بۆ درووستکردنی لەشکرێکی گەورە و جبەخانەیەکی سامناک لە چەکی کوشندەی کۆمەڵکوژی و بۆ درووستکردنی دەستگای هەواڵگری و چەندەها بەتالیۆن لە سیخوڕ بۆ زیندانیکردن و بۆ ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی درووستکردبوو. هیچ کام لە و ڕژێمانە کاریان بۆ درووستکردنی زانکۆ و کارخانە نە کردووە. زانکۆ شوێنی پەروەردەکردن و فێرکردنی مرۆڤە. کارخانە شوێنی درووستکردنە، کارخانە ئەو هیفایتۆسەیە کە شاگرد دەکاتە وەستا و پیشەوەر بەرهەم دەهێنێت. کارخانە شێوەیەکی پراکتیزەکراوی زانکۆیە. ئەوان زانکۆ و کارخانەکانیان پاسیڤ کردووە. تەنیا خۆراوا و هەندێک دەوڵەتی تری دنیا لەوانە ژاپۆن و کۆریای باشوور توانیان شوێنی هیفایتۆس درووست بکەن، کارخانە و زانکۆ دابمەزرێنن. ئازادی ئیشکردن و بیرکردنەوە و داهێنان فەراهەم بکەن.
دیارە بەشێوەیەک لەشێوەکانیش تیری ئەم تێڕوانینە هەرێمی کوردستانیش دەپێکێت. چونکە لەم دەڤەرەدا پتر لە 20 ساڵە ئازادی سیاسی هەڵکەوتووە، بەڵام چرکەساتێک شک نابەین ئیرادەی سیاسی کوردیمان پیشان بدات کە دەخوازێت هیفایتۆس لەژیانی سیاسی و شارستانیماندا ئەکتیڤ بکات. 20 ساڵ زیاترە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە ئازادییە شاراوەکانمان ئازاد بکات، پیشەوەرەکانی ناوەوەمان بۆ بهێنێتەدەرەوە، توانستەکانی ناوەوەمان بکاتە هێزی دەرەکی. لەکاتێکدا سیاسەت و دەسەڵات دەبێت بریتی بێت لە هونەری هێنانەدەرەوەی توانستەکانمان و لە بوونێکی هێزەکییەوە بیخاتە بوونێکی کردەکی. ئەمە کارێکە کە دەسەڵاتی کوردی خۆی لێ دوورخستۆتەوە. لەڕاستیدا دەسەڵاتی کوردی ئەو پاندۆرایەی لێ دەرچووە کە هاووڵاتیانی خۆی دووربخاتەوە لە خوێندنگاکان و کارخانەکان و بیانکاتە کڕیارێکی چنۆک و بەکاربەرێکی بێبەرهەمی بازاڕەکانی حیزبەکان. ئەوەی دەسەڵاتی کوردی ئەنجامی دەدات بریتییە لە گەندەڵکردنی دەست و سەری تاکەکان. گەندەڵی هیچ نییە جگە لە داڕمان و دێکادێنسێکی هەموو بەهاکان. گەندەڵی فاکتۆری لەبەهاخستنی هەموو ئیشێک و هەموو پیشەوەرییەکە. گەندەڵی بە پلەی یەکەم لەنێو دەستەکانەوە دێتەدەرێ، لەکوێ گەندەڵی هەبوو لەوێ درووستکردن بزرە، بێهۆ نییە، نەک هەر بواری پیشەسازیمان درووست نەبووە، بگرە بواری کشوکاڵیشمان زۆر پاسیڤبووە، خۆ مەسەلەی بازرگانی ئەوە سەرچاوەی هەموو گەندەڵییەکانی ترە. دەسەڵاتی ئێمە وا دەکات مرۆڤی ئێمە نەئاژەڵێکی ئیشکەر بێت و نە مرۆڤێکی بیرکەرەوە. بەڵکوو بەکاربەرێک و مشەخۆرێکی ڕووتی کاڵاکانی بازاڕە. سەیر نییە کە ئەم دەسەڵاتە نە بیر لە درووستکردنی کارگە و کارخانە دەکاتەوە و نە بیریش لە دامەزراندنی کیانێکی ئۆتۆنۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ دەکاتەوە. بەڵکوو بەردەوام کاردەکات بۆ درووستکردنی کڕیاری گەمژە، ئەو کڕیارە گەمژانەی پێیانوایە بەختەوەری و ئازادی لەوەدایە بەردەوام سەرف بکەیت. لەکوێدا هاووڵاتی بیرکەرەوە بوونی نەبێت، لەوێدا هاووڵاتی درووستکەر بوونی بزر دەبێت. کارەساتی کولتوری ئەوەیە ئەو کاری دەستە سەرەتاییانەشی هەمانبوو وەک بەرگدورو، کڵاشدور، ئاسنگەری و دارتاشی و تاد. هەموو بەرەو پووکانەوە دەچن. ئەمڕۆ لە وڵاتی چینەوە بەرگی کوردی و کڵاشی کوردیمان بۆ دەهێنرێت. لەڕاستیدا زۆر درووستە گەر بڵێین ئێمە ئێستا لە (باری نائاسایی کولتوریدا) دەژین. یان وەک ژنە کولتورناسی بەرلینی یانا میلەڤ ناوی دەهێنێت بە ئیمەرجێنسی کولتوری و لە پڕۆژە فیکرییەکەیدا بەناوی(هەرێمی ئیمەرجێنسی و دیزاینی ئیمەرجێنسی) لێکۆڵینەوە لەم تێزەیە دەکات: ئایا کارەساتە کولتورییەکان دۆخی نائاسایی درووست دەکەن، یاخود دۆخی نائاسایی کارەساتە کولتورییەکان درووست دەکەن.
ئەگەرچی لەئاستی کولتورە جیهانییەکاندا ئەم دوو هاوکێشەیە یەکتری بەرهەم دەهێننەوە بەڵام لە دەڤەرێکی وەها وێرانەدا کە نە دەست و نە سەر چالاک نین، نە بەرهەم هەیە و نە بیرکردنەوە ئیدی کارەساتێکی کولتوری وەها خوڵقێنراوە کە دەشێت بە باری نائاسایی و بە هەرێمی ئیمەرجێنسی ناوی بهێنین. لەم هەرێمەدا دەسەڵات دەستگایەکی دیسیپلینکار و ئەفرێنەر نییە، بەڵکوو چەواشەکار و شێوێنەرە، . لەڕاستیدا دەسەڵات لای ئێمە بووەتە ڕێگایەکی خێرای خۆتێکشکاندن لەڕێی خۆدەوڵەمەندکردن و خۆباڵادەستکردنەوە. ئەوەی لە ئێستادا دەسەڵاتی کوردی پیادەی دەکات بریتییە لە ئیفلیجکردنی هەم سەر و هەم دەست، کە دوواجار کارەساتی کولتوری لێدەکەوێتەوە و یەکەمین بواریش تووشی داڕزانی بەهایی ببێت، سەر(واتە عەقل یان ڕۆح)ە وە دەست(واتە ڕەفتار)ە، سەیر نییە کە لەئاستی میللی و ئەدەبیدا دۆخی کوردستان بە (گەندەڵی) دەستنیشان دەکرێت، کە ناوەرۆکی ئەم دەستەواژەیە بریتییە لە ئیفلیجکردنی دەست و سەر پێکەوە. واتە بابڵێین لەمرۆڤخستنی مرۆڤ و بەکۆیلەکردنی مرۆڤ. چونکە سیاسییەکان مرۆڤەکانیان سەرقاڵی تێرکردنی غەریزە ئاژەڵییەکانیان کردووە، هەلومەرجەکانی داڕمانی بەهاکان و گەندەڵکردنی ئیدیالەکانی ژیان زۆر تەشەنەی کردووە، دەبێت لەم هەرێمە ئیمەرجێنسییەدا جۆرێکی تری دەسەڵات دابهێنرێت. دەسەڵاتێک دیسپلینکار و ئەفرێنەری ڕەوشتێکی نوێ بێت. ڕەوشتێک لەشێوەی فەرمانێکدا بسەپێنرێت بەسەر مرۆڤدا. چونکە سرووشتی مرۆڤ وەهایە ناتوانی درووستی بکەیت ئەگەر پێشتر نەیڕوخێنیت. نیتچە دەیگووت ناتوانی مرۆڤ کامڵ بکەیت ئەگەر بەندی نەکەیت، فۆکۆش هەمان پەیامی هەیە و دەڵێت، مرۆڤ ئازاد ناکرێت ئەگەر دیسیپلینی نەدرێتێ. واتە بۆئەوەی جارێکی تر دەستەکان ئەفرێنەر ببنەوە دەبێت کەلەپچەی ڕەوشتییان بکرێتەوە دەست. سینەت و سلۆتەردایکیش لە ئاوازێکی کانتییەوە ئەم پرۆسێسە دەخەنە ناو سەپاندنێکی ڕەوشتیانەوە و دەستەواژەی (فەرمانی ڕەوشتی Moralische Imperativ). بەکاردەهێنن. ڕیچارد سینەت نموونەیەکی زیندوومان بۆ دەگێڕێتەوە کە بەسەر خۆی و هاوسەرەکەیدا هاتووە. دەگێڕێتەوە ساڵی 1988 بانگهێشت دەکرێت بۆ ئیمپراتۆری کۆمۆنیزم لەلایەن ئەکادیمیای ڕوسییەوە بۆ زانست، ئەو بانگهێشتە قبوڵ دەکات بە و مەرجەی ئازادی هاتوچۆی ناو مۆسکۆی لێ نەگرن، چونکە لە و ڕژێمە تۆتالیتێرانەدا هەمیشە ترس و گومان لەهەموو شتێک کراوە و نەشیانویستووە کەس بە نهێنی و نەنگییەکانیان بزانێت. دواجار داخوازییەکەی سینەت قبوڵ دەکرێت. سینەت هاوسەرەکەی لەگەڵ خۆیدا دەبات، جارێک بە نیازی گەڕانێک بە نێوشاردا بە ئۆتۆمبیل دەگەڕێن، لە ناوچەیەکی مۆسکۆدا چاویان بە پڕۆژەیەکی گەورەی خانووبەرە درووستکردن دەکەوێت کە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی زانست تەرخان دەکرێن. ئەوان لێیان نزیک دەکەونەوە، دەبینن وەستا و کرێکارەکان چۆن دزی و گزی لە ئیشەکانیاندا دەکەن، دەبینێت بۆ گیرکردنی پەنجەرەکان بە چوارچێوەی دیوارەکانەوە، لەبری ئەو مادە تایبەتەی بۆی تەرخانکراوە، بە کاغەزی ڕۆژنامە ناواخنی دەکەن و بە بۆیاغ سواغی دەدەن تاوەکو دەرکی پێنەکرێت. لێرەدا، دوای پرسیارکردن، ڕێبەرەکەیان پێیان دەڵێن: ئەوانە لەبازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشنەوە. ئێرە وڵاتێکە کەس بایەخ بە هیچ نادات، بێڕەوشتی لە هەموو جێگایەکدایە. سینەت سەرسام دەبێت بەوەی چۆن پیشەوەرێک، وەستایەک کاری دەست دەکات و گزی دەکات. ئەوئەم دیاردەیە گرێدەداتەوە بە نەمانی (فەرمانی ڕەوشتی). پێویستە فەرمانێک لەوێدا چالاک هەبێت بۆ ڕێگرتن لە ڕێلادان. دیاردەیەکی وەک ئەمە ئێمە لە کوردستاندا لە زۆر ئاستی بەرپرسیاری و ئاستە کۆمەڵایەتییەکانی تریشدا بەربڵاو دەیبینین، بەڵام لەڕەهەندە کاراساتاوییەکانی تێنەگەیشتووین کە چ کارەساتێکی کولتوری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئێمە دەپرسین: ئایا ئێمە لەزۆرینەی فەرمانگەکان و وەزارەتەکان و خودی حکومەتدا نەمانی ئاکاری پاراستنی چاکەی گشتی نابینینیەوە. ئایا سیاسییەکان و بازرگانەکان و وەستاکان و پزیشکەکان و ئەندازیارەکان گزی لە پیشەکانیان ناکەن، پزیشکەکان جۆرێک بازرگانی بە نەخۆشەکانەوە دەکەن کە زۆر کوشندەیە، ئەوە سەرباری نەبوونی ئیتیکی ڕێزگرتن لە نەخۆش، بە پزیشکبوون لە کوردستاندا واتە خێرا دەوڵەمەندبوون، دیارە ئەم دیاردەیەش پەیوەستە بەنەمانی ئەو ئیدیالەوە (فەرمانی ڕەوشتی)، کە لە زمانی ئاساییدا پێی دەوترێت نەمانی ویژدان. لەڕاستیدا کاتێک لە کوردستان ڕوانیمە مامەڵەی دکتۆرەکان لە کلینیکەکاندا، ئەو پەندەم بیرکەوتەوە کە دەڵێت: پزیشک دوو دوژمنی هەیە، مردووەکان و تەندرووستەکان. لێرەدا مەبەست لە سینیزمی پزیشکایەتییە کە تەنیا نەخۆشەکان بە دۆست دەزانن، چونکەسوود لەوان وەردەگرن. ئایا سیاسییەکان سوێندەکانیان پووچەڵ نەکردۆتەوە، گفتەکانیان فەرامۆش نەکردووه، ئەی ئەو پەڕڵەمانتارانەی سوێندیان خواردبوو کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن و دواجار ویستیان خانووەکانی پەڕڵەمان وەربگرن، کە خانووی گشتین ئاماژە نییە لەسەر نەمانی ئەو ئیدیالە، ئای چ سامناکە ئەو ڕستەیەی سیاسییەک لە گەرمەی ڕووداوەکانی 17ی فێبرواری 2011دا گووتی ئێمە دەست دەبڕینەوە، ئایا ئەمە تەکنەلۆژیای دەسەڵاتی کوردییە بۆ پەروەردەکردنی دەستەکان، ئایا کارەساتی کولتوری لەمە وێرانکارتر و باری نائاسایی دژوار لەمە دژوارتر دەبێت لە کوێدا هەبێت، ئایا بازرگانەکان کاڵای پووچ و لەکارکەوتوو و دەرمانی بەسەرچوو، کە هیچ کوالیتێتی نییە بە کۆمەکی سیاسییەکان هاوردەی ئەو هەرێمە ناکەن، ئەی سەبارەت بە ڕەفتار و ئاستی زانینی ئەو چەند بەتالیۆنە ڕۆشنبیرەی بوونەتە میدیۆمی مەکیاژکردنی ڕووخساری شێواوی دەسەڵات، ئایا ئەندازیارەکان و وەستاکانیش گەندەڵچییەکی سامناک نین، ئایا ئەوە ئەوان نین باڵاخانەی ناهونەری و نائەندازەیی و ناتۆکمە، پردی شلۆق و ڕێگاوبان و شەقام و تونێلی تاریکی نائەندازەیی و نازانستی درووست دەکەن. تونێلەکەی چیای ئەزمڕ نا زانستیترین تونێلە لە جیهاندا، فیرعەونەکان و مایاکان بەر لە 5000 ساڵ زۆر زۆر لەئێستای ئێمە زانستیتر شتیان دروتکردووە. ڕووداوی سووتانی هۆتێل (سۆما) لە سلێمانی لە هاوینی 2010دا و مردنی پتر لە 27 میوانی هۆتێلەکە و زامداربوونی ژمارەیەکی زۆریش، ئاماژەیەکی زەقە لەسەر چۆنێتی پیادەکردنی گەندەڵی و گزیکردن لەلایەن ئەندازیار و وەستاکانەوە. لەمەدا ئەوە تێدەگەین کە چیتر کەس پەرۆشی نەک بەرژەوەندی کەس نییە، بەڵکوو ناپاکی لەگەڵ شارەزایی و تواناکانی پیشەوەری خۆشیاندا دەکەن. لەم کارەساتە کولتورییەوە دەشێت دۆخی ئەو ناوچانە و هەرێمی کوردستانیش بە (باری نائاسایی) پێناس بکرێت. باری نائاساییش واتە ڕێسا و پێوەر و یاسا ئاساییەکان پەیڕەوی نەکرێن. ئەوەی ئێستا لەم دیمەنە کوردییەدا دەیبینین بریتییە لە گرێژنەچوونی ڕێساکان و ترازانی کاریتەکانی یاساکان. بۆیە دەبینین ئەختەبوتی گەندەڵی پەلی گەیشتووەتە هەموو جێگایەک، بگرە گەندەڵی لەخۆیدا بووەتە شوێنێک، تۆپۆسێک تیایدا ئەو هەرێمە درووست دەکەن کە پێی دەوترێت کوردستان. ئیدی لەبەرئەوەی لەهیچ جێگایەک ئیدیالەکان نەماون و کۆمەڵگا ئیدیالێکی گشتی پێ نییە. ئالێرەدا پزیشکی کولتور ڕەچەتەیەک دەداتە ئەم کولتورە بیمارە و پێی دەڵێت چیتر شتەکان ناتوانن وەها بەردەوام بن ئیتر بەفەرمانێکی ئەخلاقییەوە پابەند بە: تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت.
$بواری دەست Chirotop$
دەست دەتوانێت بەپێی سرووشتی شتەکان شێوەی خۆی بگۆڕێت.
– هیگڵ
بە دەست پێشبینی شتەکان دەکرێت.
– سلۆتەردایک
مرۆڤ لەنێو جیهانێکی پڕ و چڕی شتگەلێکدایە کە تەنیا لە ڕێی بینینانەوە ناتوانێت بیانناسێت و کرۆک و چییەتی شتەکان دیاری بکات، ئەوە دەستە یەکەمین ئۆرگانی تێگەیاندن و فێرکردنی مرۆڤ و لەنێو جیهانەکەیدا عەقل لە مرۆڤدا چێدەکات. دەست یەکەمین ئامرازی فێربوونمانە، دەست ساردی و گەرمی، ڕەقی و نەرمی، زبری و سافی شتەکان دەناسێتەوە. دەست شێوەی خۆی دەگۆڕێت لەگرتن و گرتنەوەی شتەکاندا. گرتنی پێنووسێک بەدەستەوە جیاوازە لە گرتنی سێوێک بە دەستەوە. کۆی دیمەنەکە بەمجۆرەیە، هەبوونی شتەکانی لە دەوروبەری مرۆڤدا بووەتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ دەستکارییان بکات و ئەم دەستکاریکردنەش ڕوودانێکی بەسەر مێشکی مرۆڤدا بەرپاکردووە کە دوواجار کاریگەری لەسەر (جیهانیژیان)ی مرۆیی کردووە بەوەی مرۆڤ هەستی ئەوەی تێدا درووست بووە کەوا هەموو شت لەوێدا هەیە و لەبەردەستی ئەودایە و ئەویش دەتوانێت دەستکارییان بکات. ئەم دەستکارییکردنە بریتییە لە شێوەگۆڕینی شتەکان. بەمپێیە ئیتر مرۆڤ دەکەوێتە نێو پیڤاژۆی جیهاندرووستکردنەوە، ئیدی لەکوێدا مرۆڤ دەستیڕاگەیشت بە شتەکانی دەوروبەری، لەوێدا دەیگۆڕێت بۆ ئامرازی پێویست بە خۆی. (کایەکان. پیتەر سلۆتەردایک. ل. 364).
ئەم شێوازەی ژیانی مرۆڤ فەلسەفەی سەدەی 20 بە (لەنێو جیهان دا بوون) دایڕشتووە، کە دیارە مارتن هایدێگەر داڕێژەری ئەم دەستەواژەیەیە. سلۆتەردایک لە پەڕتووکە سێینە گەورەکەیدا(کایەکان/بەرگی سێهەم کەفەکان) دەستەواژەی بوارناسی دەست Chiropotolog باس دەکات و پێیوایە هایدێگەر یەکەمین شیرۆپۆتۆلۆگە، چونکە ئەو لە پەڕتووکی (بوون و کات)دا پێناسی مرۆڤ تەنیا وەک بوونەوەرێکی (گیاندار) ناکات، بەڵکوو وەک (دەستدار) و (گوێدار)ێک کە (بانگی بوون) دەبیستێت تاوەکو پەرۆشی بخوات و بیری بۆ بکاتەوە. بەلای سلۆتەردایکەوە ئەمە یەکەمینجارە لە مێژووی بیرکردنەوەدا قسە لەبارەی ئەم گشت (دەست) و گشت (گوێچکە) یەوە کرابێت. (کەفەکان. ل365).
یەکێک لە و تایبەتمەندییانەی مرۆڤی پێ جیادەکرێتەوە لە بوونەوەرەکانیتر دەستە، دەست بەتەنیا ڕاناکێشێت و پاڵ نانێت و ناگرێت. بەڵکوو وەک هایدێگەر لە بیرکردنەوە چییەدا دەڵێت: (دەست خۆی دەگەیەنێت و خۆی درێژ دەکات و وەردەگرێت و سڵاوو پێشوازی دەکات، لەکاتێکدا شتەکان ئەمەیان پێ ناکرێت. دەست دەگرێت، دەست هەڵدەگرێت، دەست نەخشە دەکێشێت، لەبەر هیچ نا تەنیا لەبەرئەوەی مرۆڤ بریتییە لە پەیوەندی. دوو دەست یەکدەگرن تاوەکو ببن بە یەک دەست، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر هەڵگرتنی مرۆڤ بۆ تاکایەتی. کاتێک مرۆڤ دەدوێت ئەوکاتە ئەو بیردەکاتەوە نەک شتی تر... هەموو جووڵەیەکی دەست لە هەر ئیشێک لە ئیشەکانی ئەودا ڕەگەزی بیرکردنەوەی هەڵگرتووە. هەموو کارێکی دەست لەناو بیرکردنەوەدایە، لەبەرئەمە یە بیرکردنەوە ئاسانترین کاری مرۆڤە و لەبەرئەمەشە ئەگەر لەکاتی گونجاوی خۆیدا نەکرێت ئەوا قورسترین کارێتی). کەواتە لە کوێدا دەستەکان کارابوون، لەوێدا مرۆڤ بیردەکاتەوە، بگرە دەست دەتوانێت پێشبینی لەهاتنی شتەنەزانراوەکان بکات، کاتێک مرۆڤی سەرەتایی بەردی لێکخشاندووه، بەچاوی ئاگری لێوە بینیوە. کە تیغێکی بەدیواردا هێناوە بینیویەتی دەست دەتوانێت نیگار بکێشێت. لێرەوەیە دەست لەهەموو چالاکی و کردەوەیەکی مرۆڤدا لەبەرەی پێشەوەدایە، لەزمانی کوردیدا دەستەواژەی (دەستپێشخەری)مان هەیە، کەبریتییە لە کردەوەیەک بۆ سەلماندنی بیرۆکەیەک یاخود گەیاندنی پەیامێک کە بەرلە هەر ئەندامێکی تری لەشمان لەڕێی دەستەوە دەیگەیەنین.
بواری دەست بواری ئیشکردن و درووستکردن نییە بەتەنیا، بەڵکوو بواری پەیوەندی بەستنیشه، مرۆڤ لە بنەڕەتدا هیچ نییە جگە لە پەیوەندی، دەست بواری بەسۆسیالکردنی مرۆڤە، مرۆڤ بە دەست سڵاو و تەوقە دەکات، مرۆڤ دەستی یارمەتی دەداتە مرۆڤی برای.
لە فەرهەنگی کوردیدا دەست هێمایە بۆ ڕەوشت، مرۆڤی ڕاستگۆ و باش لای ئێمە پێی دەگوترێت دەستپاک، پێچەوانەکەشی دەستپیس. چونکە ئەوە دەستە هەموو ماهیەتی ئێمە پیشاندەداتەوە، دەست دەرخەرەوەی نیازەکان و چییەتی ئێمەیە، لێرەوەیە بۆئەوەی یەکێک بناسیت پێویستە دەست و کاری دەستی ئەو کەسە بناسیت.
لە بواری دەستەوە ئێمە دەتوانین ڕەهەندە ئایینیەکانیش بناسین، بە نموونە هەر لەڕێی دەستەوە ئایین توانیویەتی مانا موقەدەسەکانی خۆی ڕابگەیەنێت، وەک ماچکردنی بەردی کەعبە، چونکە ئەوە دەستی ڕاستی خودایە، هەروەها ماچکردنی دەستی مەلا و شێخ تا دێتە خوارەوە بۆ ماچکردنی دەستی سەرۆکەکان و کوێخاکان و ئاغاکان و باوکان. لەم حاڵەتەیاندا دەست دەبێتە سیمبۆلێکی ئۆرگانیی بۆ دەسەڵات. بە نموونە ژێر دەست، ئەو کەسەیە کۆیلە یاخود داگیر کرا بێت، هەروەها لەزمانی کوردیدا بۆ پاڕانەوە و تکاکردن دەستەواژەی (دەستم دامێنت بێت) بەکار دەهێنرێت، کە بریتییە لە و حاڵەتەی کەسێک خۆی شتی پێ نەکرێت، یاخود داوا و پاڕانەوە بکات تاوەکو شتێکی بەسەردا نەکرێت. لەم کۆنتێکستانەدا دەست هێمایەکی دەسەڵاتگەرییە. ئەم وشەیە (دەستەڵات) لەزمانی کوردیدا درووست پەیوەستە بە بواری دەستەوە، هێمایەکە لەسەر هەبوونی هێز لەڕێی ئامرازەکانی بەردەستەوە و سەپاندنی بەسەر ئەوانیتردا.
$دەست و دیزاین$
دازاین واتە دیزاین.
– هێنک ئوستەرلینگ
دیزاین واتە توانینی نەتوانین.
– سلۆتەردایک
ڕیالیست بە، داوای نەکردە بکە.
– چیڤارا
ئەگەر کاری دەست بریتی بێت لە هێنانەدەرەوەی توانستەکانمان، ئەوا هەبوونمان چیتر نییە جگە لە خۆبردنە دەرەوە و خۆئاشکراکردن لەنێو جیهاندا. ئێمە هەر هێندەی لەنێوجیهاندا خۆمان بینییەوه، ئیدی یەکڕاست کار بۆ ئەوە دەکەین بچینە نێو دنیاوە و خۆمان ئاشکرا بکەین. ئەمە وانەیەکی بنەڕەتی فەلسەفەی سەدەی بیستە بۆمان. لێرەوە تێدەگەین، مرۆڤ بوونەوەرێکە نەک هەر بۆ جیهان کراوەیە، بەڵکوو ئەو لە خودی خۆیدا بریتییە لە کرانەوە. وەک ئاگامبێن دەڵێت. ئەو هەمیشە بەکراوەیی لەنێو جیهانێکی کراوەدایە. هایدێگەر وەها چییەتی و کرۆکی مرۆڤی پێناس کردووە کە بریتی بێت لە کرانەوە، بەهەمان شێوە پێیوایە تەکنیک بریتییە لە (ئاشکراکردن)، واتە پەیداکردن و هێنانەئاراوە و درووستکردن. ئەو پێیوابوو کرۆکی تەکنیک شتێکی تەکنیکییانە نییە. سلۆتەردایک ئەم پێناسە بەرفراوانتر دەکات و دەیخاتە بوارەکانی ترەوە، وەک دیزاین، ئەو پێیوایە دیزاین جۆرێک نییە لە خودی دیزاین، بەنموونە هۆمۆساپینس کە لەنێو خانوویەکی سادەی درووستکراو بە داروپووش و گەڵادا دەژیا، لەکاتی باوباران و زریانەکاندا نوێژ و گۆرانی بۆ خودای هەورەبروسکە دەچڕی تاوەکو ماڵی نەڕمێنێت، ئەو مرۆڤە جۆرە تەکنیکێکی ناسیوە کە لەبارودۆخی ترسناکدا هەبوونی خۆی پێ بپارێزێت. واتە ئەوە شتێکە پەیوەستە بە شارەزایی و کارامەیی مرۆڤەوە لە شوێنێکدا شتێک بکات، ئەگەرچی هیچی پێ نەکرێت و هیچی پێ نەبێت نەتوانێت شتێک بکات. واتە لە شوێنێکدا کە شتێک نەکرێت، دەبێت مرۆڤ بزانێت تەکنیکی تر هەیە بۆ دەربازبوون و بتوانێت ئەو تەکنیکانە بهێنێتەئاراوە تاوەکو خۆی دەربازبکات و بەردەوامی بەژیان بدات. لای مرۆڤ شتێ نییە نەکرێت. نموونەیەکی هاوشێوەی ئەم تەکنیکە، بەدیدی من بریتییە لە توانای کورد لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی لەناوبردن. کورد یەکێکە لە و گەلانەی توانیویەتی، لەمێژووی ڕابوردوویدا کە چ توانایەکی تری شک نەبردووە بۆ بوون، توانیویەتی تەکنیکی (بەزیندوویی مانەوە) دابهێنێت و لەڕێی سیستەمی ئیمون(دەستگای بەرگری) یەوە لە بووندا بمێنێتەوە. واتە لەجێیەکدا کە چ ئامرازێک نەما بۆ خۆدەربازکردن، ئەواهێشتا لەوێدا ئامرازێکی نەدۆزراوە هەیە. ژیان بریتییە لە کردنی نەکردەکان، هەموو بارێکی نائاسایی پێویستی بەوەیە بڕیارێکی تێدا بدرێت لەسەر کردنی شتە نەکردەکان. چونکە واقیعی بوون بریتی نییە لەوەی تەنیا شتە شیاوو کردەکان ئەنجام بدرێت، بەڵکوو کردنی نەکردەکانە. بچووککردنەوەی مرۆڤ لەوێدا دەست پێدەکات کاتێک بەم پەندە زەلیلە تواناکانی مرۆڤ کۆت دەکرێت، کە دەڵێت (برام واقیعی بە.) ئەمە ئامۆژگارییەکە کۆسپ لەبەردەم توانینەکانی مرۆڤ دادەنێت لەوەی شتە نەتوانراوەکان دەربخات. لە بەرئەمە مێژووی تەوای کورد، تاوەکو ساتی ڕاپەڕین بریتی بوو لە مێژووی باری نائاسایی. ئەگەر ڕستە ناودارەکەی کارل شمیدت بهێنمەوە کە دەڵێت: سەروەر کەسێکە لەسەر باری نائاسایی بڕیار بدات. ئەوا لەحاڵەتی کوردیدا سەروەرییەکە، باڵادەستییەکەمان لەوێدابووە کە لەڕێی دۆزینەوەی تەکنیکی مانەوەوە(وەک پاراستنی ڕەگەز و زمانی کوردی، پۆشاکی کوردی، هەندێک خەسڵەتی کولتوری کوردی، خاکی کوردستان) توانیومانە بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی بدەین. واتە واقیعی بوونی حەکیمانەی کورد لەپێشڕاپەڕیندا لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستای پارچەکانی تردا لەوێدابووە و لەوێدا متبووە، کە کۆڵی نەداوە و توانیویەتی شتێکی نەکردە بکات، لەپێناوی بەزیندوویی مانەوەی لە ژیاندا توانیویەتی پەنابەرێتە بەرداهێنانی جۆرێک سیستەمی بەرگری مانەوە، بەوەدا وەک ئاماژەمان پێدا کرۆکی تەکنیک شتێکی تەکنیکییانە نییە، ئەوا تەکنیکی کوردی بۆ مانەوە لە بووندا بریتی بووە لە پاراستنی ڕەگەز و زمان و خاک، بەڵام لەپاشڕاپەڕینەوە ئەم تەکنیکە ئاوا دەبێت، لەبەرئەوەی دازاین لەهەرێمی کوردستاندا لە دیزاین و فۆرمەکەی پێشوودا نامێنێت و شێوەگۆڕ(میتافۆرزە)دەکرێت بۆ دەسەڵاتی کوردی کە لەڕێی خولقاندنی کارەساتی کولتورییەوە، ئەم دەسەڵاتە جۆرێکی تری باری نائاسایی بەرهەم دەهێنێتەوە، کە هەندێک لە ئەدگارەکانیمان لەسەرەوە ئاماژە پێدا.
هاوشێوەی تەکنیک، دەبینین دیزاین لە سەرەکیتیرین پێناسیدا ئەوەیە شتەکان بخرێنە پاڵیەکتری، دووشت و زیاتر پێکەوە دابنرێن بۆ درووستکردنی شتیتر، ئەمە دیزاینسازییە. واتە دیزاین بریتییە لە دیزاینکردن. دیزاین واتە کرانەوەی دەست بۆ کارکردن و داهێنان و دۆزینەوە. دیزاین بریتی لەوەی لەکوێدا نەتوانرێت ئامرازێک ڕۆڵی خۆی ببینێت لەوێدا بتوانرێت ئامرازێکی تر پێکبهێنرێت، وەک سلۆتەردایک دەیبینێت. بوونیش بریتییە لە خۆبردنەدەرەوە و خۆ دەرخستن و کرانەوە. بەم پێیە هەم دیزاین و هەم دازاین لەنێو کردەوەی ئاشکراکردن و هێنانەئاراوەدا بەرپادەبن. لەم بوارە شدا دەست میدیۆمێکی یەکەمینی درووستکردن و دیزاینسازکردنە. گەر دەست توانای پێشبینیکردنی هەبێت، ئەوا یەکەمین ئیشی پێشبینیکردن بریتییە لە دیزاین. لەڕاستیشدا دیزاین لە خۆیدا بریتییە لە جۆرە هونەر و تەکنیکێکی تر بۆ ئاشکراکردنی توانستی پێکەوەنانی شتەکان. مرۆڤی سەرەتا بەرد ئامرازی پیاکێشانی بووە، پاشان ئەم بەردە وەکو تیغی لێکراوە و گرێدراوە بە دارێکەوە وەکو دەسکێک بۆی کردوویەتی بە ئامرازێکی تر واتە سەرەتا چەقۆ پاشان کێرد ئینجا تەور. ئەمە ئەو تەکنیکەمرۆییانەن کە بەدرووستکردنیان بەشدارییان لە پرۆسێسی گۆڕانکاری و خودچاککردنی مرۆڤدا کردووە لەنێو هەموو کولتورەکاندا.
کرۆکی هەبوونی مرۆڤ (دازاین)، بەپێناسەکە ی هایدێگەر، ئەوەیە خۆی ئاشکرا بکات و خۆی بخاتە دەرەوە بۆ پەیوەندی بەستن. ئەمەش لە هەمان ئەو دیدەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا تەکنیک شێوازێکە لە (ئاشکراکردن) واتە پەیداکردن و هێنانە ئاراوە و درووستکردن. لێرەوە لەنێوان دازین و دیزایندا ئاڵوگۆڕێکی ڕاستەوانە هەیە، واتە دازاین چەندێک بچێتە دەرەوە هێندە دیزاین ساز دەکات. مرۆڤ چەندێک کراوە بێت هێندە دەتوانێت شتی نوێ ئاشکرا بکات. ئەگەر فیلۆسۆفان تاوەکو ئەمڕۆ کاریان بۆ پەروەردەکردنی ڕۆحی مرۆیی و بەرفراوانکردنی کردبێت، ئەوا وەک سلۆتەردایک دەڵێت ئەمڕۆ تەکنیک ئەو کارەمان بۆ ئاسان دەکات. پەیوەست بەمەوە، دەبینین دازینی کوردی لەمڕۆدا لە و دیزاینەدا خۆی بەرجەستە دەکات، کە بووەتە مرۆیەکی مشەخۆروبەکاربەر، تێکدەری کولتور، شێوێنەری ناتور، دەستەڵاتی کوردی مرۆڤی درووستکەر/ هۆمۆ فابەری بەرهەم نەهێناوە، دەستەڵاتی کوردی کەرتی کشتوکاڵی قڕکردووە، دەستەڵاتی کوردی سامانە سرووشتییەکانی سەرزەوی و بنزەوی بەهەڵە سوود لێ وەردەگرێت و بەدکاری بەرانبەر بە سرووشت و ژینگە دەکات، بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا تائێستا بریتی بووە لە فرۆشتنی و کەڵەکەکردنی کاپیتالی پارە لە دەستی دەستەڵاتێکدا کە چ پڕۆژەیەکی بۆ بوژاندنەوەی مرۆیی و کولتوری و سرووشتی و ژینگەیی پێ نییە. دازاینی کوردی لەم دیزاینە شیواوەدا خۆی نمایش دەکات، کە ئەگەر دەسەڵات هۆکاری ئەم دیزاینە شێواوە بێت، ئەوا گرفتەکە تراژیدیتر و کارەساتاویتر و نائاساییتر دەبێت کاتێک دەبینین زیاد لەجۆرێک ئۆپۆزیسیۆن لە و هەرێمەدا کاران کەچی هیچکامیان نەک پڕۆژەیەکیان بۆ درووستکردنی (درووستکردن) پێ نییە کە دەسەڵات لەناوی بردووە، بەڵکوو تەنانەت دەرکیان بە و دیزاینە شێواوە نەکردووە و چ خوێندنەوەیەکیشیان بۆی نییە. دیارە هەژاری خوێندنەوەی کولتورییانەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەو هەرێمه، ئەنجامەکانی بەدترە لە هۆکاری درووستکەرەکەی کە دەسەڵاتە. واتە پەی پێ نەبردنی ئۆپۆزیسیۆن بەم شێواندنانەی دەسەڵات پیادەی دەکات، گەلێک کارەساتاویترە، لەوەی دەسەڵات هۆکارێتی. لە ئێستادا هەر لایەنێکی سیاسی یاخود ڕۆشنگەری بیەوێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات، سەرەتا دەبێت ئەزموونی دیزاینی نوێی ژیان بکات، وە دوای هەر ئەزموونێک بە هەر ئەنجامێک بگات دەب�%
ئەم بابەتە 415 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەری کوردڕاوم 04-10-2021
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
ژیاننامە
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: فەلسەفە / هزر
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 92%
92%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هومام تاهیر )ەوە لە: 24-11-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 25-11-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 05-04-2024 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 415 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
گۆڕەپانی پەلەوەر (مەیدانی مریشکان)ی هەولێر ساڵی 1978
پەرتووکخانە
بەهاری عەرەبی و نەورۆزی سەربەخۆیی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
گەرمیان.. بینایەکى کەلەپوورى دۆزرایەوە
وێنە و پێناس
زانا خەلیل و فەرهاد پیرباڵ لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر ساڵی 1995
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین
ژیاننامە
ئیبراهیم ڕەئیسی
وێنە و پێناس
بازاڕی کورانی مەخموور لە هەولێر ساڵی 1984
ژیاننامە
ئارەزوو سەردار
پەرتووکخانە
زۆرانبازیی لەگەڵ سەدەی بیست و یەکدا
ژیاننامە
کامەران پاڵانی
ژیاننامە
شەم سامان
وێنە و پێناس
موحسین ئاوارە، نەژاد عەزیز سورمێ، محەمەدئەمین دهۆکی، کەمال میراودەلی، شێرکۆ بێکەس ساڵی 1976
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
کورتەباس
گەرمیان..دەرکەوت شوێنەوارە کەلەپوورییە دۆزراوەکە بیرێکى ئاو بووە
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری ڕۆشنبیری گۆڤاری ڕامان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ ئێما پۆمێرۆی و ریک پۆتس لەبارەی شاندەر زێد
پەرتووکخانە
سەیران بۆ سەرێکانی، بیرۆکە بۆ پشتیوانی کوردی رۆژئاڤا
کورتەباس
باڤێ نازێ.. ئەو کوردەی بە خەیاڵی سویدیییەکان کرایە بکوژی ئۆلف پاڵمە
پەرتووکخانە
کوردستان چاوەڕێی تینە
کورتەباس
پەیامێک لەبارەی حوکمی بەشداربوون لە هەڵمەتی گشتپرسی
وێنە و پێناس
هەولێر ساڵی 1974
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
حەیدەر عەبدولڕەحمان 2
ژیاننامە
ڕابەر فایەق مەحمود
ژیاننامە
خانە دارا نەباتی
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
تۆفیق وەهبی
18-11-2008
هاوڕێ باخەوان
تۆفیق وەهبی
ژیاننامە
ئەحمەد کایا
15-12-2008
هاوڕێ باخەوان
ئەحمەد کایا
ژیاننامە
خەڵەف زێباری
06-10-2013
هاوڕێ باخەوان
خەڵەف زێباری
ژیاننامە
سەبری کایا
22-05-2020
هاوڕێ باخەوان
سەبری کایا
شەهیدان
ژینا ئەمینی
17-09-2022
شەنە بەکر
ژینا ئەمینی
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
زۆرانبازیی لەگەڵ سەدەی بیست و یەکدا
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
سەیران بۆ سەرێکانی، بیرۆکە بۆ پشتیوانی کوردی رۆژئاڤا
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
کوردستان چاوەڕێی تینە
27-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری ڕۆشنبیری گۆڤاری ڕامان
27-05-2024
هەژار کامەلا
ڤیدیۆ
پەردەلادان لەسەر مۆنمێنتی چوار براکە لە کەرکووک
26-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
باشوورەی سەروو
26-05-2024
کشمیر کەریم
پەرتووکخانە
بەهاری عەرەبی و نەورۆزی سەربەخۆیی
26-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ڤیدیۆ
یەکەم ساتی دەرهێنانی نەوت لە کەرکووک لە ساڵی 1929
25-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
چەمکی شۆڕش و کۆمەڵگای کوردەواری
25-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
ئیرۆن
25-05-2024
کشمیر کەریم
ئامار
بابەت 519,043
وێنە 106,467
پەرتووک PDF 19,319
فایلی پەیوەندیدار 97,299
ڤیدیۆ 1,395
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
گۆڕەپانی پەلەوەر (مەیدانی مریشکان)ی هەولێر ساڵی 1978
پەرتووکخانە
بەهاری عەرەبی و نەورۆزی سەربەخۆیی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
گەرمیان.. بینایەکى کەلەپوورى دۆزرایەوە
وێنە و پێناس
زانا خەلیل و فەرهاد پیرباڵ لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر ساڵی 1995
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین
ژیاننامە
ئیبراهیم ڕەئیسی
وێنە و پێناس
بازاڕی کورانی مەخموور لە هەولێر ساڵی 1984
ژیاننامە
ئارەزوو سەردار
پەرتووکخانە
زۆرانبازیی لەگەڵ سەدەی بیست و یەکدا
ژیاننامە
کامەران پاڵانی
ژیاننامە
شەم سامان
وێنە و پێناس
موحسین ئاوارە، نەژاد عەزیز سورمێ، محەمەدئەمین دهۆکی، کەمال میراودەلی، شێرکۆ بێکەس ساڵی 1976
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
کورتەباس
گەرمیان..دەرکەوت شوێنەوارە کەلەپوورییە دۆزراوەکە بیرێکى ئاو بووە
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری ڕۆشنبیری گۆڤاری ڕامان
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ ئێما پۆمێرۆی و ریک پۆتس لەبارەی شاندەر زێد
پەرتووکخانە
سەیران بۆ سەرێکانی، بیرۆکە بۆ پشتیوانی کوردی رۆژئاڤا
کورتەباس
باڤێ نازێ.. ئەو کوردەی بە خەیاڵی سویدیییەکان کرایە بکوژی ئۆلف پاڵمە
پەرتووکخانە
کوردستان چاوەڕێی تینە
کورتەباس
پەیامێک لەبارەی حوکمی بەشداربوون لە هەڵمەتی گشتپرسی
وێنە و پێناس
هەولێر ساڵی 1974
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
حەیدەر عەبدولڕەحمان 2
ژیاننامە
ڕابەر فایەق مەحمود
ژیاننامە
خانە دارا نەباتی
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.5
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.5 چرکە!