شێوازی ئاخاوتنی کەسایەتی دەمارگیر:
بە شێوازێکی خێرا و بەپەلە و بە تۆنی بەرز قسەدەکات، بەردەوام توڕە و گرژ و دەمارگیرە، کەمتر متمانەی بە خۆیەتی، لە بۆچوونی بەرانبەر دەترسێت، لە قبوڵکردنی قسەی بەرانبەر دەترسێت، بە توندی پێداگرە لەسەر بۆچوونی خۆی ئەگەر هەڵەش بێت، بەیەک جەمسەر دەدوێت، ئارەزوو ناکات، دان بە ڕاستییە سەلمێنراوەکانیشدابنێت، گفتوگۆی دوو قۆڵی لەگەڵیدا ئاکامی نابێت، چونکە هەرگیز باوەڕ بە کەسێک ناکات، هەمیشە پێویستییت بە کەسێکی تر یان زیاتر هەیە بۆ ئەوەی پشتگیریت بکەن، تا شتێکی پێ بسەلمێنیت، بە ئاسانی خاڵی هاوبەش و گونجان لەگەڵیدا نادۆزیتەوە، تەنها ڕەش و سپی دەبینێت، زۆربەی کات توند و تیژە و خۆێ پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت، هەمیشە بە هەڵەشەیی کارەکانی دەکات، کەمتر ڕێکخراو و ئارامە، تا بۆچوونی خۆی دەرنەبڕێت ڕێگا نادات کەس قسەبکات، دەیەوێت بەهەر شێوازێک بێت، بۆچوونی خۆی بسەلمێنێت، گرنگ نییە ڕاستە یان هەڵەیە، جگە لە خۆی هەموو خەڵک بە هەڵە دەبینێت، زۆربەی جار بە توڕەبوون و هەڵچوون کۆتایی بە گفتوگۆ دەهێنێت، واتە:
بەگشتی کەمتر ڕێز لە بۆچوونی بەرانبەر دەگرێت و ئەمجۆرە کەسایەتییە، لە ئاخاوتنیشدا وشە و دەستەواژەی زبر و توند بەکاردەهێنێت و پێداگرە لەسەر داواکارییەکانی خۆی، ئەگەر هەندێکجار ڕەواش نەبێت. ئەم جۆرە کەسایەتییە، پتر جەخت لەسەر بەکارهێنانی جێناوی (من) دەکاتەوە، لەبری بیرکردنەوە لە ئێمە، بۆیە ئاخاوتنەکانی ڕەنگدانەوەیەکی دەروونی ناخۆش لەسەر باری دەروونی گوێگریش دروستدەکات.
ئاخاوتنەکانی بەمجۆررەن:
1 جگە لەبۆچوونەکەی خۆم، هیچ بۆچوونێکیتر قبوڵ ناکەم.
2 تۆ بۆت نییە، ڕای خۆت لەسەر هیچ بابەتێک دەرببڕیت.
3 هەر ئەوەی من دەیڵێم دەبێت، جێبەجێ بکرێت.
4 تۆ بۆت نییە، قسەی من ڕەت بکەیتەوە، تێگەیشتیت؟
5 تۆ کێیت تا قسە لە قسەی مندا بکەیت!
6 هیچ مەرجێکی تۆم قبوڵ نییە، تەنیا من مەرج لەسەر تۆ دادەنێم.[1]