کامەران وریا قانع
مێژووى شارستانیەکان یاخود شارەکان بەتەنها بۆ پاشا و وەزیرو پیاوانى ئاینى و سەرکردە سەربازیيەکان و مێژوونووسەکان ناگەرێتەوە , بەڵکو مێژوى شارەکان هی سواڵکەرەکان و سۆزانیەکان و دزو شەقاوەکانیشە . بۆئەوەى لەمێژوى شارێک يان شارستانيەک شارەزابین بەبۆچوونى نووسەرى ئەم دێڕانە دەبێت لێکۆڵینەوە لەچینەکانى خوارەوە بکەین , چونکە ئەوچینانە وێنەیەکى ڕاستەقینەى مێژوومان پێدەڵێن . جوانى مێژوو لەوەدایە حکایەتى ئەوچینە لەبیرکراوانەى شارەکانمان بۆ بگێرێتەوە چونکە ئەوچینانە هەرچەندە لەژیانى خۆیاندا پشت گوێ خرابوون , هەروەها مێژووش بێ ڕەحمانە لەبیریان دەکات . پاشاکان , پیاوانى ئاینى , سەرکردە سەربازیەکان ئەوەندە تواناى داراییان هەیە کەمرۆڤى خوێندەوار لەدەورى خۆیان کۆبکەنەوە کەمێژوەکانیان بۆبنووسنەوە زۆریش زیادرەویى بکەن لەدروستکردنى درۆ. بەجۆرێکى تر ناشرینى پاشاکان , پیاوانى ئاینى , سەرکردە سەربازەکان بەجوانیەکى بێ سنوور بەنەوەکانى دوارۆژ بفرۆشنەوە . , هەموو مێژوو نووسێک دەکەوێتە داوى دنیاو لادەدات لەورێگایە کەپێویستە لانەدات بۆئەوەى ڕاستیەکان وەک خۆى بنوسێتەوە , هەرچەندە ئەمە زۆرقورسە هەموو ڕاستیەکان وەکخۆى بنوسرێتەوە , چونکە دواجار مێژوونوسیش مرۆڤه و دوور نیەلە پشتگیرى و حەزى دنیا و هەڵەکان .
پێناسەى شەقاوه :
ڕێکەوتن لەسەر پێناسەیەکى شەقاوە کارێکى ئاسان نیە , بەڵام ئەتوانین بڵێن : شەقاوە ئه و تاکەیە یان گروپەیە کە بەلادەر لەیاساکان و کەلتورو خو و ڕەوشتى کۆمەڵگا دەناسرێتەوە. بەشێوەیەکى گشتى شەقاوەش دوو جۆرى هەیە شەقاوەى تاک کەسى و شەقاوەى بەگروپ .
شەقاوەى تاک کەسى زياتر ( شەقاوەی شارەکانه ) : ئه و کەسەیە کە لەشارەکەى یان گەرەکەکەى بەوە دەناسرێتەوە کەخاوەن کەسایەتیکى جیاوازترە لەوانى تر هەر لەجۆرى جل و بەرگ تاکو شێوەى قسەکردنى و ڕۆیشتنى لەسەر شەقامەکان و بەردەوام هەڵگرتنى یەکێک لەئامرازاەکانى شەڕکردن هەر لەچەقو وقامە, تێڵا تاکو دەمانچە…… ……. هتد .
ئەوەى جێگاى سەرنجە هەموو تاکێک ئه و توانایەی نیە ببێت بەشەقاوە , واتە بوونە شەقاوە مەرجى خۆى هەیە هەرلە باڵاى بەرزو دڵفراوانى و ئازایاتى و بەخشندەیى تاتواناى بەکارهێناناى ئامرازەکانى شەڕ کردن . یەکێک لەسیفەتە سەنجراکێشەکانى شەقاوەکانى شار لەمێژوو ئەوەیە کەزۆر کەم پەلامارى مرۆڤێکى لەخۆى بێهێزترى داوه , بەڵکو زیاتر فریاى مرۆڤە داماوەکان کەوتووە ئامادەبووە لەپێناو بەرگریکردن لەمرۆڤى گەرەکەکەى یان ناوچەکەى شەڕى دەستەویەخە بکات لەگەڵ شەقاوەکانى ترى گەرەکە دوورەکان . هەروەها شەقاوەکان زۆربەى کات جێگاى سەرنجى ئافرەتەکان بوون , چونکە ئەوسیفەتە پیاوانیانە کە لەشەقاوە هەبوو هەر لەئامادەبوون بۆ فیداکارى و بەرگریکردن لەئافرەتانى گەرەک و ناوچەکەیى وایکردووە ئافرەتەکان ئەگەر بۆجارێکیش بێت خەون بەوەوە ببینن کە لەباوەشى ئه و شەقاوانه بگیرسێنەوە .
ڕەنگە باشترین نموونە بۆشەقاوەى تاکەکەسى لەمێژوودا بەبۆچوونى نووسەرى ئەم دێرانە ( ڕووبن هودی ) ئینگلیزیە , کەخێزانە دەوڵەمەندەکانى تاڵان دەکرد و دەسکەوتەکەى دابەشى سەرهەژاران دەکردو دڵى زۆربەى ئافرەتەکانى سەردەمى خۆیى ڕاکێشابوو . هەروەها شەقاوەى شار زۆرجار گروپێکى بچووکى ( 2-3 ) کەسى هەبوو کەیەکتریان ئاگادار دەکردەوە لەدەنگو باسى کۆمەڵگاو پلاندانان بۆ هەڵکوتانە سەرماڵە دەوڵەمەندەکان یان ڕێگریکردن لەمرۆڤێک ئەگەربزانن کارێکى کردووە گرووپەکەى تووڕە کردووە ..
یەکێک لەسیفەتەکانى شەقاوە ئەوەیە بەردەوام پۆلیس بەدواوەیەتى لەژێر چاودێریه , بەڵام زۆرجار پۆلیسیش هیچى پێناکرێت چونکە ئەوکارانەى شەقاوە ئەنجامى دەدات زۆربەى کات یان بەشەوبووە یان دورر لەچاوى پۆلیس , بەڵام شەقاوە هەندێک جاریش پێخۆشە بگیرێت ئەگەربزانێت بەکارەکەى ئاستى جەماوەریى بەرزدەبێتەوه ., شەراب و شەقاوە دوو هاورێى دلسۆزى یەکترین , کەم شەقاوە هەیە شەراب نەخواتەوه و سەرى گەرم نەکات و لەناو هاوەڵەکانى بەدەنگى بەرز گۆرانى نەڵێت و باسى بێ وەفایى ژیان نەکات !. هەڵکەندنى نەخشە لەسەرجەسته و شوێن چەقۆکانیش دوو نیشانەن کەشەقاوە شانازى پێوە دەکات . هەروەها هەندێکجار فشەکردن لەکاتى قسەکردندا یەکێکى ترە لەسیفەتەکانى شەقاوە کە لەگێرانەوەى چیرۆکێکى خۆى یان هەرەشەکردنى لەنەیارێکى خۆى . باشترین نموونەى بۆ فشەکردن و هەرەشەکردن لەکاتى قسەکردندا قسەکانى صدام حسینى شەقاوە بوو کەدەیووت ( نیوەى ئیسرائیل دەسووتێنم ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەرم )
هەروەها زۆرجار دەوڵەمەندەکان و هەتا حزبەسیاسیەکان هانا دەبەن بۆ شەقاوەکان تاکو دوژمنەکەیان بۆ لەناو ببات بەرامبەر پاداشتێکى گەورە یان بۆ جێ بەجێکردنى کارێکى نیشتمانپەروەرى, باشترین نموونە شەقاوەیەکى کورد بوو کە لەنێوان بەغداو دیالە دەژیا لەسەرەتاکانى سەدەی بیستەم بەناوى ( ئیبراهم کورى عبدکه ) ئەم کابرایە هەموو پۆلیسى عوسمانى و دواتر پۆلیسى ئینگلیز بەدوایەوە بوون تابیگرن . سیاسیەکانى ئەوکاتە زۆر سوودیان لێوەرگرت لەدژى عوسمانیەکان شەریان بۆبکات , لەیەک شەڕدا بەتەنها شەش جەندرمەى کوشتبوو کاتێک ماڵەکەى گەمارۆ دەدەن دوای بۆى دەرئەچێت, هەروەها سەرۆکایەتى ئەوپەلامارە دەکات کە دەکرێتەسەر شەمەندەفەرى نێوان خانەقین و شەهرەبان کە دەبێتە هۆى بەدیلگرتنى کۆمەلێک ئافرەتى ئینگلیز کە لەناویانە خاتو ( بیل ) ى بوو کە دواتر ئەم خانمە دەبێتە سکرتیرى مەندوبى سامى لەبەغدا کەبەشداردەبێت لەزۆربەى بڕیارە گرنگەکانى ئینگلیز لەعێراقدا, بەڵام بەفەرمانى ( کورى عەبدکە ) ئەم ئافرەت و هاورێکانى ئازاد دەکرێن و بەرێزەوە دەیانێرنەوە بۆبەغداد , دواتر هەر ئەم ئافرەتە دواى ئەوە عەبدکە دەگیرێت دواى چەندان شەریش لەگەڵ ئینگلیز فریاى دەکەوێت حکومەکەى لەئیعدام دەگورێت بۆ 20 ساڵ زیندانى ,دواتر دواى 12 ساڵ ئازاد دەکرێت و حکومەتى عێراقى لەبەر ئازایى و شەڕى دژى عوسمانیەکان دایدەمەزرێنێت بەپاسەوانى شوێنەوارەکانى شارى بابل , لەساڵى 1954 لەکارەساتێکى غەمبار دەکوژرێت . کەئەمەش چارەنووسى زۆربەى شەقاوەکانه .
شەقاوەیى بە گروپ ( شەقاوەى خێڵەکان ) : .
ئەگەر شەقاوە دەرهاویشتەى شاربێت ئەوە لەگوندەکان جۆرێکى تر گروپ هەبوون پێیان دەوترا چەتە ( شەقاوەیی بە کۆمەڵ ) , کاتێک شارەکان بەتەواوى گەشەیان نەکردووە ئەوفراوان بوونەیان بەخۆیەوە نەدیبوو هێشتا سیستەمى خێلایەتى بەرجەستەبوو لەناوچەکان بۆنموونە کوردستانى باشور لەسەدەى نۆزده , خێڵەکان هەندێک کاریان ئەنجام دەدا کە لەشەقاوە بوون بەگروپ دەچوو , زۆرجار لەنووسراوەکانى والیەکانى شارەکانى کەرکووک و موسل کەبۆ ئەستەنبولیان دەنارد ئه و ڕێگرى و کوشتن و تاڵانیەى خێڵەکان دەیان کردە سەرکاروانى بازرگانى یان سەربازى بەکارێکى شەقاوەیە وەسفیان دەکرد. بەڵام لەگەڵ فراوانبوونى شارەکان و کۆچ کردنى بەردەوامى گوندنشینەکان بۆ شارەکان جۆرى شەقاوەیى بەگروپ لاواز دەبێت و شەقاوەیى تاکەکەسى بەهێز دەبێت . لێک چوونێکى سەیر هەیە لەنێوان شەقاوەیى تاکە کەسو شەقاوەیى بەگروپ وەکو چۆن لاى شەقاوەیى تاکەکەسى شەرەفی ئافرەتى گەرەک گرنگە ئەم بیرۆکەیە هەمان بیرۆکەى شەقاوەی بەگروپى خێڵە کە ئافرەت بەشەرەفى خێڵ دەزانێت . چۆن خێڵ بەرگرى لەسنوورى خۆى دەکات هەمان بیرۆکە لەشەقاوەی ناو شارەکان دووبارەدەبێتە لەپاراستنى سنورى گەرەکەکەى چەندین .
شەقاوە و مێژوو :
وشەى شەقاوە لەسەدەى دووەمى هیجرى سەرهەڵدەدات کە بەعەرەبى پێدەوترێت ( الفتوە) , ڕەنگە وشەکە جیاواز بێت لەرووى شکلەوە بەڵام هەمان واتا دەدات . ڕەنگە گروپى ( صەعالیک) لەدورگەى عەرەبى پێش ئیسلام بەیەکەم گروپى شەقاوەیى دابنرێت کەبریتى بوونە لەکۆمەڵە کەسێک کەزۆر شاعیر گەورەیان تیاهەڵکەوت بوو , هەڵدەستان بەکارى شەقاوەیى ئەویش بریتى بوو لەدزین و تاڵانى کردنى خێلە دەوڵەمەندەکان و دابەشکردنى بەسەر هەژاراندا . هیچ باوەڕیان بەخێڵ و یاساکانى نەبوو , لەبەرئه و هۆیە لەسنورى خێڵەکان دەردەکران و دەبوون بەیاخیەکان . ڕەنگە شارى بەغداد یەکەمین شاربێت لەمێژووى ئیسلامى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست کە دەتوانین بەشارى شەقاوەکانى ناو بنێن . یەکەم گروپى شەقاوەى لەم شارەدا دروست بوو. بەتایبەتى لەسەردەمى هەردوو کورەکەى هارونە ڕەشید ( ئەمین و مەئمون) . کاتێک ئەم دوو برایە شەڕ لەسەر دەسەڵات دەکەن , شەقاوەکانى بەغداد پشگیرى ( ئەمین ) دەکەن و لەوشەڕدا بەرگریەکى باش دەکەن بەڵام لە ئەنجامدا بەغداد هەربەدەستى لەشکرى مەئمون دەگیرێت , دواى وێرانکردن و سوتاندنى شارەکە سەرى ئەمین بەدیارى دەبەن بۆمەئمون کەخۆى لەخوراسان دادەنیشت . هەروەها ( قەرامیتەکان) ئەمانەش گروپێک بوون کەدەکرێت بەشەقاوەى گروپى پێناسەى بکەین کەشۆرشێکى کۆمەڵایەتیان بەرپاکرد کە لەمێژوودا بەیەکەم شۆرشى سۆشیالیستى دادەنرێت . ئەم گروپەش هەر لەدورگەى عەرەبى بوو لەساڵانى (286 هیجرى ) وڵاتى بەحرین بنکەیان بوو . له و شوێنانەى کەدەسەڵاتیان دەرۆیشت زۆریارمەتى هەژارانیان دەداو دەوڵەتێکیان دروستکرد کەیارمەتى خەڵکە دەست کورتەکانى دەدات لەدروست کردنى خانوو پەرەپێدانى چاندنى خورما هەروەها لێخۆشبوون لەباج. بەشێوەیەکى گشتى دادپەروەریى کۆمەڵایەتى لەئاستێکى بەرز بوو. دواتر لەسەردەمى عوسمانیەکان زۆربەى خێڵە دوردەستەکانى ناوەندى خەلافەت هەڵدەستان بەکارى شەقاوەیى بەشێوەى گروپ ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کاتێک دەسەڵات نەگات بەناوچەیەکى دیاریکراو شەقاوەکان بەشێوەى تاک و گروپ دەردەکەون ڕۆژانى زێرینى خۆیان دەژین .
کوردو شەقاوه
شارەکانى کوردیش بێبەش نەبوون لەشەقاوەکان , بەڵام بەداخەوەى نووسەرى ئەم دێرانە دواى گەرانێک بەپێى توانا بەناوسەرچاوە مێژوویەکان شتێکى ئەوتۆم بەرچاو نەکەوت . یەکێک لەخاڵە لاوازەکانى مێژوو نووسانى کورد ئەوەیە بەردەوام ئەوشتانە بۆنەوەى دواى خۆیان دەنووسنەوە کەزۆربەى سەرچاوە بێگانەکان باسى دەکەن . بەشێوەیەکى تر مێژوونووسانى کورد خۆیان له و بابەتانە نادەن کە لەگەڵ دنیابینى دەسەڵاتدارنى سیاسى و ئاینى یەکناگرنەوه , ئەم خۆدزینەوە لەنووسینەوەى مێژووى ئه و چینانەى خوارەوەى کۆمەڵگا کە زۆربەى کات ئەوانن ئامرازەکانى دروستکردنى مێژووى دەسەڵاتدارەکان یەکێکە لەخاڵە هەرە لاوازەکان .
شارى هەولێر وەکو نموونە :
نووسەرى ئەم دێرانە دواى قسەکردن لەگەڵ هەندێک شایەتحاڵ کە لە ژیاندا ماون توانیم ناوى هەندێک شەقاوەى شارى هەولێر بدۆزمەوە لەساڵانى چلەکانەوە تاکو حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کە بریتى بوون لە محسین ملا (تورکمان لە تەعجیل ) لەسالى چلەکان , بلال لەتیف قصاب نازناوى بەدلى بلال , یونس ملا لەچلەکان ( قەڵا) , ئەکرەم وەهاب گەرەکى عەرەبان , نازم عصاف هەولێرى بوو لەکەرکوک شەقاوەبووە , عادل حمد+ هاشم تۆفیق / #تەیراوە# لەسالى 1961 کوژراون , صلاح عمر نازناوى وەستاصلاح / سینما سیروان , خلیل نازناوى/ بیج خلیل / گەرەکى عەرەبان .
سیفەتە هاوبەشەکانیان ئەوەبوو زۆربەیان کراس و شەڕواڵیان لەبەدەکرد و قایشێکى پانیان دەبەست , هەروەها زۆربەیان شەراب خۆر بوون , خەڵکى گەرەک خۆشیان دەویست و ئەوانیش زۆر ڕێزى پیاوانیى ئاینیان دەگرت بەڵام بەدەگمەن دەچوون بۆمزگەوت , بەردەوام کێشەیان لەگەڵ حکومەت هەبووە و زۆربەى کات قاچاغ بوون لەپۆلیس , هەموو کات ئامادەبوون شەڕ لەپێناوى گەرەکەکەیان بکەن .
لەکۆتایدا ڕەنگە سەرچاوەى کوردى هەبێت دەربارەى مێژوى شەقاوەکانى کوردیش بەڵام من دەرفەتى خوێندنەوەیانم بۆهەڵ نەکەوتوە.
زۆرحەز دەکەم ئەم نووسینە کورتەى من ببێتە سەرەتایەک بۆمێژوو نووسە نوێ کانى نەتەوەکەم کە شەرمن نەکەن لە نووسینەوەى هەر بابەتێک کە پێویستە هەموو تاکێکى کورد بیزانێت . دواجار شەقاوەکان بەقەد هەر سیاسیەک , پیاوێکى ئاینى , نووسەرێک , سەرکردەیەکى سەربازى , دکتۆرێک ..هتد . مافی ئەوەیان هەیە بیانناسین و ئاورێکیان لێبدەینەوە .
لێرەوە داوا لەهەموو تاکێکى کورد دەکەم هەرکەسێک زانیارى هەیە لەسەر شەقاوەکانى شارەکەى خۆى ئەکەر بەوێنەش بێت بۆم بنێرن سوپاستان ئەکەم یان بەکۆمنتێک شتێکى تازە بنوسن لەسەر شەقاوەکان .[1]