#کۆشکی سەمەد ئاغای حەوێزی# یەکێک لە کۆنترین شوێنە کەلەپوورییەکانی کوردستانە لە قەزای #کۆیە# کە ئێستا بەشێکی زۆری بیناکەی ڕووخاوە و ڕەوشی پاراستنی زۆر خراپە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، واتا ساڵەکانی 1800 لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکان لە سەر پارچە زەوییەک بە ڕووبەری نزیکەی 1000 مەتر خانوویەک کە نزیکەی17ژووری قەبارە جیاوازی لەخۆی دەگرت، تایبەت بۆ خێزانی (سەمەد ئاغای حەوێزی) لەسنووری کۆیە دروست کرا.
ئەم کۆشکە دەکەوێتە ناوەندی شار کۆیە و لە دوو نهۆم و چەندین ژوور و دیوەخانێکی پێکهاتووە. کاری دروستکردن و بیناکردنی ئەم کۆشکە لە لایەن وەستای شارەزای ئێرانییەوە کراوە و لەو سەردەمەدا وەک شاکارێکی هونەری بیناسازی بووە و دەرگا و پەنجەرەکانی بە شێوازی فولکلووری لە دار دروست کراون و بەشێک لە دیوارەکانی بە نەخشی ڕەوەکی بە زمانی فارسی و تورکی نەخشێندراوە.
لە شاری کۆیە وێنەی ئەمجۆرە خانوو و کۆشکانە کەمن، کە وا لە قەبارەی گەورە دروست کرابێت و بەتەواوەتی پارێزراو بێت و ئەم کۆشکەش هەروەک شوێنەوار و کەلەپوورەکانی تر دوور نەبووە لە وێرانی و تێکچوون، هەرچەند لە ساڵی 2005 وێنەی گیڕاوە و بە بەراود لەگەڵ وێنەی ئیستا زۆر جیاوازە و مەبەست لەم جیاوازییە ئەوەیە کە زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێی دەکرا تێک چووە و دووچاری ڕوخان بووە و لە ئێستاشدا ڕەوشی پاراستنی کۆشکەکە زۆر خراپە وئەگەری ڕووخانی یەکجاری هەیە بە تایبەت بەهۆی هۆکارە سرووشتییەکان وەک باران و هەتاو کە دەکرێ هوکاری زۆر جددی بن بۆ ڕوخاندن و تێکچوونی شوێنەوارەکان.
شاری کۆیە کە وەک ناوەندێکی فەرهەنگی و مێژوویی لە کوردستان دەناسرێت لە ڕووی شوێنەوارییەوە بە ناوەندێکی گرنگ دادەنرێت بە تایبەتی زۆر دەوڵەمەندە بە هەبوونی بینا و باڵەخانەی تایبەت بە کەسایەتییە مێژوویی و فەرهەنگییەکان کە وەک شوێنی لەدایکبوون و ژیان یان وەک شوێنی کار کردنیان گرنگیان هەیە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]