پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,356
وێنە 105,642
پەرتووک PDF 19,138
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
دەربارەی فێمینیزم لە دونیای ئێمەدا
بەرهەمەکانتان بە ڕێنووسێکی پوخت بۆ کوردیپێدیا بنێرن. ئێمە بۆتان ئەرشیڤ دەکەین و بۆ هەتاهەتا لە فەوتان دەیپارێزین!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

مەریوان وریا قانع

مەریوان وریا قانع
ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (#مەریوان وریا قانع#)ە بۆ تەوەری (فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی).


دەستەواژەی “فێمینیزم دەستەواژەیەکی تازەی ناوی دونیای ڕۆشنبیریی ئێمەیە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو پێگە تازەیەی گرنگیدان بە “مەسەلەی ژنان”ەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەیە. ساڵانێکی درێژ دەستەواژەی باڵادەست بۆ باسکردنی پێگە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەستەواژەی “مەسەلەی ژن” یان “مەسەلەی ژنان” بوو، ئەوەشی کە هەبوو وەک “بزووتنەوەی ژنان” هێمای بۆ دەکرا. بە هەڵەدا نەچووبم بەکارهێنانی بەرفراوانی دەستەواژەی “فێمینیزم” لە دونیای ئێمەدا بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەعس لە عێراقدا. لەو ساڵانەدا ژمارەیەک لە ژنانی کورد کە زۆربەیان لە ئەوروپادا گەورە بووبوون و هەر لەوێش خوێندنیان تەواو کردبوو، وەک چالاکەوانی ژنان لە کوردستاندا دەستبەکار بوون و دەستەواژەی فێمینیزمیان بۆ بەخشینی ناوێک بە دید و ڕوانین و چالاکییەکانی خۆیان بەکارهێنا. بە زۆر مانا ئەم چەمکە گرێدراوی ئەو نوخبەیە لە چالاکەوانی ژنانی سەر بە چینی ناوەند، نوخبەیەکی عەلمانی کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروست دەبن.[1]

هەرکەسێک کەمەکێک شارەزای مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمە بێت ئەو ڕاستییە دەزانێت کە “مەسەلەی ژنان” مەسەلەیەکی گرنگیی ناو ژیانی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی ئێمە بووە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە، بە تایبەتیتریش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە. ڕەنگە حاجی قادری کۆیی یەکەمین ڕۆشنبیریی ئێمە بووبێت کە بەرگری لە خوێندن و فێربوونی ژنان کردبێت و وەک ئەرکێکی سەرەکیی کۆمەڵگا و سەردەمەکەی خۆی سەیری کردبێت، هەموو ڕێگرتنێکی دینی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشی لەم ئەرکە وەک “بێدینیی” لێکدابێتەوە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەک لە نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر لەدایک دەبن، کە زۆرینەیان پیاون، بەڵام کێشەی ژنان وەک یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە دەزانن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و گۆڕانی پێگەی ژنانیان لە کۆمەڵگادا بەیەکەوە گرێدابێت. دەشێت لێرەدا باس لە کەسانی وەک پیرەمێرد و زێوەر و قانع و بێکەس و گۆران بکەین، کە مەسەلەی ڕزگاربوون و پێشکەوتنی کوردستان بە ئازادی و پێشکەوتنی ژنانەوە گرێ ئەدەن. زۆربەمان دێڕە هەرە بەناوبانگەکەی بێکەسمان لەبیرە کە دەڵێت “نێر و مێ هەردوو بە جوتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن- دوورە دەرچوونی لە دیلی مەل بە باڵێک نافڕێت”.[2] ئەم دێڕەی بێکەس دەربڕی پارادیمێکی فیکری، یان گوتارێکی خاوەن هەیمەنەیە دەربارەی پێشکەوتن و ڕزگاری و ڕۆڵی ژنان لەناویاندا. ئەم گوتارە لای زیاد لە نەوەیەکی ناو ڕۆشنبیریی ئێمە بە هەمان مانا و دەلالەتەوە ئامادەبووە و بەردەوامی هەبووە. بێگومان لەو قۆناغەدا کۆمەڵێک دەنگی ژنان خۆیشیان ئامادەبوون کە مەسەلەی ژنانیان بە مەسەلەی سەرەکیی کۆمەڵگای ئێمە زانیوە و بە شێوەیەکی گشتیی لەناو ئەو گوتارە باڵادەستەدا لەسەر پێشکەوتن و ئازادی کاریان کردووە. بە مانایەکی دیکە زۆرینەی هەرە زۆری نەوەی یەکەمی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لە کوردستاندا باسیان لە مەسەلەی ژنان کردووە و وەک یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکەیان وێنایان کردووە، پیاون. ئەو نەوە خوێندەوار و ڕۆشنبیرە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دێنەکایەوە و دەست بە چالاکیی ڕۆشنبیری دەکەن. دەشێت ئەم پیاوانە، لانیکەم لە ئاستی گوتاردا، بە “ژندۆست” و “نیمچە فێمینیست”، “ناپاتریارک” ناو ببەین. خاڵێک گرنگە لێرەدا هێمای پێ بکەین ئەوەیە، ئەوەی لەم گوتارەدا ئامادەیە ژن نییە وەک ژن، ژن وەک خودێکی سەربەخۆ و بەرپرسیار، وەک بکەری ژیانی خۆی و دروستکەری شوناسی خۆی، بەڵکو ژنە وەک بەشێک لە “نەتەوە”، لە “میلەت”، وەک پاچەیەک لە گشتێکی گەورە کە ناوی گۆڕانکاریی و تازەبوونەوە و ڕزگاربوونە.

لە قۆناغی دروستبوونی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و هاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێڕەکان و لەدایکبوونی خەباتی چەکداری و بەرپاکردنی شۆڕشەوە، تێکەڵ بە چوونی ژمارەیەکی زۆری کچان بۆ قوتابخانە و بەشداربوون لە خوێندن و فێربووندا، مەسەلەی ژنان گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت. ڕۆڵی پارادیمیانەی ئەو دێڕە شیعرەی بێکەس کە لەسەرەوە باسمان کرد، بەهێزتر و هەمەلایەنتر دەبێت. لە پەیوەندیدا بە خەباتی چەکدارەوە ژن وەک پێشمەرگە و وەک بەشێک لە ڕێکخستنی نهێنی و وەک بکەرێکی شۆڕشگێڕ لەدایک دەبێت، دەبێت بە بکەرێکی گرنگ و بە ڕەمزێکی سەرەکیی ناو ناسیۆنالیزمی کوردی. لە پەیوەندیشیدا بە کۆمەڵگاوە ژن وەک مامۆستا و پزیشک و کارمەند… هتد، وەک بکەرێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گرنگ دێتەکایەوە. لە هەردوو دۆخەکەدا ژنان دەبن بە بکەرێکی مێژوویی تازەی ناو مێژووی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمیی کۆمەڵگای ئێمە.

سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانە بەڵام لە زۆربەی دۆخەکاندا، هێشتا شتێک بە ناوی “بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەربەخۆ”وە بوونی نەبووە. ئەوەی هەبووە یان بەشێک بووە لە بزووتنەوەی هێزە جیاوازەکانی ناو ناسیۆنالیزمی کوردی، یان بەشێک بوون لەو ئۆرگان و ڕێکخراوانەی بەناوی ژنانەوە لەناو ئەو دەوڵەتاندا دروستکراون کە کوردستان بەشێک بوون لێی. دونیای دوای ڕاپەڕین ئەم وێنە گشتییە دەگۆڕێت و تیایدا فۆرمێکی تازە لە نمایشکردنی مەسەلەی ژن و ژنبوون، بەناوی “فێمینیزم” و “بزووتنەوەی فێمینیستی”یەوە لەدایک دەبێت. لەم دۆخە نوێیەدا مەسەلەی دەسکاریکردن و باشترکردنی پێگەی ژنان و بەرگریکردن لە مافەکانیان وەک ژن و پاراستنی ژیان و باسکردنی شێوازەکانی سنووردارکردن و پەراوێزخستنیان لەناو کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا، دەبنە بابەتی سەرەکیی بەشێکی بەرچاوی چالاکەوانەکانی بواری ژنان. ئەوە پەیوەندییانەی کە ژنبوون بە کوردبوون و بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە گرێ ئەدات، لەوەدەکەون، تاکە پەیوەندی، یان تەنانەت پەیوەندیی سەرەکیی نێوان ژنان و کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین بن. لە باتی ئەمانە جۆرێک لە پەیوەندیی نوێ دروست دەبێت کە پەیوەندیی ژنبوونە بە کۆمەڵگا و ژنبوونە بە پیاوبوونەوە.

بە کورتی، وەک پێشتریش هێمام پێ کرد “فێمینیزم” وەک بزووتنەوە، یان وەک وەک جوڵەیەکی تایبەت لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا، لە دوانیای دوای ڕاپەڕیندا دروست دەبێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بزووتنەوە و جوڵەی ژنانی سەر بە چینی ناوەڕاستە. ئەو بەشەی ژنانی ناو کۆمەڵگای ئێمە نوێنەرایەتی دەکەن کە زۆرجار زمانە بێگانەکان دەزانن و لە دەرەوەی دیدگای دینیدا بەدوای دروستکردنی شوناسێکدا بۆ ژن و بۆ ژنبوون دەگەڕێن.[3]

بەڵام فێمینیزم خۆی چییە، چ مانایەکی هەیە و چۆن لێی تێبگەین؟

لە ڕاستیدا فێمینیزم چەمکێکی ئاڵۆزە و زۆر کەسیش پێیان وایە باشترە باس لە فێمینیزم وەک تاک نەکەین، بەڵکو وەک کۆ بیبینین و مامەڵەی بکەین، واتە باس لە زیاد لە جۆرێک لە فێمینیزم بکەین چونکە فێمینیزم یەک شت نییە و یەک فۆرم و یەک ناوەڕۆکیشی نییە. لە ڕووی مێژووییشەوە فێمینیزم فۆرمی جیاوازی هەبووە و هێما بۆ چەندان بزووتنەوەی لەیەک جیاواز دەکات. ڕەنگە خاڵێک کە هەموو فێمینیستەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە پێداگرتن بێت لەسەر ئەو ڕاستییە سۆسیۆلۆژییە گشتییە کە پێی وایە پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا لاواز و پەراوێزییە و ژن وەک بوونەوەرێک کەمتر یان نزمتر لە پیاو وێنا دەکرێت و دەنرخێنرێت. بەگژاچوونەوەی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ڕەمزییە خراپەی ژنانیش کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی بزووتنەوە فێمینیستییەکانە، بەڵام شێوازی تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەم بزووتنەوە بۆ ئەوی تریان جیاوازی هەیە.[4]

بزووتنەوە فێمینیستییەکان ئەو ڕاستییە سادەیە بە هەمووان دەڵێن کە جیاکاریی لەنێوان ژن و پیاودا و نرخاندنی هەرەمییانەی ئەم جیاکارییە لەسەر بنەمای جێندەر، واتە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ڕەگەزی نێر لە ڕەگەزی مێ، کارێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوە. واتە دیاردە و پێدراوێکی سروشتی نییە، بەڵکو دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، بۆیە دەشێت بگۆڕێت و دەسکاری بکرێت. ئەوەی بزووتنەوە فێمینیستییەکان بەرگری لێ دەکەن ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخی جیاکارییە و ئەم نایەکسانی و هەرەمیەتە دروستکراوەیە کە لە زۆر شوێندا باڵادەستە. لەم پرۆسەیەشدا بیرۆکەی سەرەکی کە بزاوتە فێمینیستییەکان بەرگری لێ دەکەن، بیرۆکەی یەکسانیی نێوان نێر و مێییە، یەکسانییەک کە پێویستە هەم کۆمەڵگا بڕوای پێ بێت و هەم یاسا بیپارێزێت و هەم میکانیزمی جیاواز لەئارادا بێت ڕێگیری لە دروستبوونی نایەکسانی بگرێت.

فێمینیزم بەبێ فیکر، فیکرێکی کۆنکریت، کێشەیەکی گەورەیە هەم بۆ فێمینیزم وەک فیکر و مەعریفە و هەم بۆ ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە دەشێت دروست بێت

بە مانا زانستی و ئەکادیمییەکەی فێمینیزم سێ شتە لەیەک کاتدا.

یەکەم: “فێمینیزم فیکر و مەعریفە و تیۆرەیە، فیکر و تیۆرەیەکە دەربارەی یەکسانیی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی لەنێوان ژن و پیاو، یان نێر و مێ لە کۆمەڵگادا. ئەم یەکسانییە تەنها یەکسانیی ژن نییە لەگەڵ پیاودا، بەڵکو یەکسانیی پیاویشە لەگەڵ ژندا. لە لێکدانەوەی فێمینیستایەتی مێژوودا ژن و پیاو هەردووکیان لەناو سیستمی پاتریارکیدا نیشتەجێن و هەردووکیان لە لایەن ئەو سیستمەوە نایەکسان کراون. ئەرکی بزووتنەوە فێمینستییەکان گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو سیستمەیە لە ڕێگای بەرگریکردن لە یەکسانییەوە، یەکسانیی لە دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیدا. بە دیوێکی دیکەدا و بە شێوەیەکی گشتی تیۆرەی فێمینیزم بۆ مێژوو سەر بەو جۆرە تیۆرانەیە کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی “تیۆرەی ململانێ”ەوە ناسراوە. تیۆرەی ململانێ زیاد لە دیدێکی بۆ ململانێ سەرەکییەکانی ناو مێژوو هەیە. لای مارکس، بۆ نموونە، مێژوو ململانێیەک دەیجوڵێنێت کە ئاکارێکی چینایەتی هەیە و ئەو ململانێیە ناوەڕۆکی مێژوو لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا دەستنیشان دەکات. لای کۆمەڵناسێکی وەک عەلی وەردی ململانێی سەرەکیی ناو مێژوو، بە تایبەتی مێژووی ئەم ناوچەیەی لای ئێمە، ململانێیە لەنێوان بەداوەت و شارستانیەتدا، لەنێوان هێزە بەدەوی و خێڵەکی و دەشتەکییەکان و لەنێوان هێزە شاری و مەدەنی و خوێندەوارەکاندا. لە تیۆرەی فێمینیزمدا ململانێی سەرەکیی ناو کۆمەڵگا ململانێیە لەسەر بنەمای جێندەر، واتە ڕەگەز. لەم تیۆرەیەدا کۆمەڵگا لەسەر بنەمای جێندەر دابەشکراوە بۆ پیاو و ژن، پیاو وەک دەسەڵاتدار و ژن وەک بێدەسەڵات یان کەمدەسەڵات و پەراوێز و کەمنرخ کراو، ئەوەشی ئەم جۆرە لە ململانێی جێندەری ئاراستە دەکات، سیستمی پاتریارکییە، کە سیستمێکی گەردوونییە و لە هەموو شوێنێکدایە. وەزیفەی سەرەکیی پاتریارکییەتیش بریتییە لە بەهێزکردنی زیاتر و زیاتری پێگەی پیاو و بەکارهێنانی چەندان میکانیزمی جیاواز بۆ پاراستنی ئەو پێگە بەهێزە. لە بەرامبەردا لاوازکردنی پێگەی ژنان و پاراستنی ئەو پێگەی لاوازە. لێرەدا جێندەر وەک سیستمێکی نایەکسان دروستکراوە کە تیایدا دەسەڵات و دەسکەوت بە پیاوان و بێدەسەڵاتی و پەژارە بە ژنان دەبەخشێت. واتە سیستمێکە لەسەر دابەشکرانێکی تەواو نایەکسانیی دەسەڵات و ئازادی و سوود و قازانج لەنێوان نێر و مێدا کار دەکات. تیۆرەی فێمینیزم باوەڕی وایە نایەکسانی و هیرارکیەتی نێوان جێندەرەکان، پێدراوێکی سروشتیی، یان خودایی نییە، بەڵکو دروستکراوێکی مێژووی کۆمەڵایەتییە، ئەگەرچی زۆر جار ئەم نایەکسانی و هیرارکیەتە لە ڕێگای گەڕاندنەوەوە بۆ سروشت و یان لە ڕێگای گەڕاندنەوەوە بۆ دین بەرگری لێ کراوە و لێ دەکرێت. بێگومان ئەم دیدە گشتییە بۆ کۆمەڵگا و بۆ مێژوو بە شێوازی جیاواز لە کۆمەڵگای جیاواز و لە سەردەم و قۆناغی جیاوازدا کار دەکات. یەکێک لەو کارانەی کە بزووتنەوەی فێمینیزم و فێمینیستەکان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن، دەرگیربوونێکی فیکری و تیۆرییە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جێندەرییەی تیایدا دەژین و بەرەنگاریی دەبنەوە. فێمینیزم بەبێ فیکر، فیکرێکی کۆنکریت، کێشەیەکی گەورەیە هەم بۆ فێمینیزم وەک فیکر و مەعریفە و هەم بۆ ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە دەشێت دروست بێت.

زۆربەی جار “فێمینیزم بزووتنەوەی ناڕەزایی دەربڕینە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بێ مافی و نایەکسانی و خراپ مامەڵەکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا.

دووهەم: “فێمینیزم بریتییە لە بزووتنەوە و چالاکیی ڕێکخراو کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دروست و ڕێک دەخرێن. مافەکانی ژنانیش مافی جیاواز و هەمەجۆرن، لە مافە سساسییەکانەوە دەست پێ دەکات، بۆ مافی هەبوونی موڵکیەت، مافی دەنگدان، مافی پاراستنی جەستە، مافی هەبوونی سەربەخۆیی، مافی هەبوون یان نەبوونی منداڵ، مافی سەفەر، مافی پاراستنی کچان و ژنان لە توندوتیژی ناو خێزان، ، مافی پاراستن لە گێچەڵی سێکسی و لاقەکردن، هتد… فێمینیزم لەم ئاستەدا میکانیزمی بەدەستهێنان و پاراستنی ئەو مافانەیە. فێمینیزم وەک چالاکی و بزووتنەوەی ڕێکخراو و ئامرازی بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی هۆشیارییە، چ لای ژنان و چ لای پیاوان، بەرامبەر بە پێگەی نزمی ژنان و مافی ژنان لەوەدا کە یەکسان بن بە پیاوان. بەم مانایە زۆربەی جار “فێمینیزم بزووتنەوەی ناڕەزایی دەربڕینە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بێ مافی و نایەکسانی و خراپ مامەڵەکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا.

سێهەم: فێمینیزم هاوکات جۆرێکە لە ڕوانین و دیدگا کە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە دژ بە چاوەڕوانییە جێندەرییە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگا، کار دەکات. بۆ نموونە دژ بەو چاوەڕوانییە باڵادەستانەی بەرامبەر بە ژنبوون یان پیاوبوون لە کۆمەڵگادا هەیە. فێمینیزم لەم ئاستەدا نیشاندانی ئەو چاوەڕوانییانەیە وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، نەک پێدراوێکی سروشتی، یان دینیی نەگۆڕ و ئەبەدی. ئەمەش وادەکات چەندان پەنجەرە بە ڕووی گۆڕانکاری و دەسکاریکردنی ئەو چاوەڕوانییانەدا بکرێتەوە و مرۆڤبوونی ژن و پیاو لەم یان لەو وێنە و لەم یان ئەو چاوەڕوانیدا سنووردار نەکرێت.

پێداگرتن لەسەر دوو مێژوو

فێمینیزم وەک تیۆرە و وەک بزووتنەوەی بەردەوام پێ لەسەر دوو مێژوو دادەگرن بۆ نیشاندانی قووڵایی و بەرفروانی شێوازەکانی چەوساندنەوە و پەراوزێخستن و کەمنرخکردنی ژنان.

یەکەمیان مێژووی چەوساندنەوە و چەپاندنی بەردەوامی ژنە لە لایەن پیاوەوە و نیشاندانی فۆرمە جیاوازەکانی ئەو چەوساندنەوە و پەراوێزخستنە. نیشاندانی مێژووی چۆنیەتی مامەڵەکردنی نائینسانی و خراپیی ژنان. ئەم مێژووی چەوساندەوەیە تەنها مێژووی چەوساندنەوەیەکی جەستەیی نییە، تەنها سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژن نییە، تەنها مامەڵەکردنی ژن نییە وەک بوونەوەرێکی نوقسان و فیتنەباز و مەترسیدار، بەڵکو چەپاندنی توانای داهێنان و تەعبیرکردنی ژنانیشە لە خۆیان، ڕێگرتنە لەوەی بتوانن بدوێن و زمانی تایبەت بە خۆیانی هەبێت، بتوانن داهێنەر بن و تەعبیر لە ناوەوەی خۆیان و لە جۆری ئەو پەیوەندییانە بکەن کە بە خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە گرێیان ئەدات. ئەم ڕێگرتنە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتووە و دەڕوات شێتبوونی ژنان یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی بووە. بە زمانە ئەروپییەکان ئەدەبیاتێکی زۆر لەسەر پەیوەندیی نێوان بێدەنگکردن و قوفڵدان و داخستنی توانای تەعبیرکردن لای ژنان، بە دیاردەی شێتبوون و دێوانەییەوە هەیە. ئەم ڕێگرتنە لە تەعبیرکردن زۆر جار دۆخێکی دەروونی دروست دەکات کە خۆوێرانکردن بەشێکی دانەبڕاوە لێی. ئەم دۆخی سەندنەوەی توانی تەعبیرکردنە لە ژن ئەو کێشەیەیە، بۆ نموونە، ژنە نووسەرێکی گرنگیی وەک ڤیرجینا وۆڵف بەرەنگاری دەبێتەوە. وۆڵف کە باس لەوە دەکات ژنێکی نووسەر پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی بتوانێت بنووسێت و تەعبیر لە خۆی و لەو دونیایە بکات کە تیایدا دەژی، پێ لەسەر گرنگی بوونی ژورێکی تایبەت بەخۆی دەکات. بەڵام وۆڵف ڕاستەوخۆ لە پێداگرتن لەسەر گرنگی بوونی ژوورێکی تایبەتەوە بۆ نووسین، دەپەڕێتەوە بۆ گرنگی بوونی زمانێکی تایبەتیش کە ژن بتوانێت بەهۆیەوە قسەکانی خۆی بکات و خولیا و بۆچوونەکانی دەرببڕێت.[5] بەم مانایە ژن بۆ ئەوەی بتوانێت تەعبیر لە خۆی بکات، لە دۆخی نووسەربووندا، هەم ژوورێکی واقیعی و هەم ژوورێکی ڕەمزیی لەناو زماندا پێویستە، یەکەمیان لەناویدا دابنیشێت و تەنیا بێت و خۆی لە هەموو دونیا داببڕێت، لە دووهەمیاندا بتوانێت تەعبیر لە خۆی و هەست و بۆچوون و ڕوانین و خەیاڵی خۆی، بکات. ئەم زمانە پێویست ناکات زمانێکی ژنانە بێت و تایبەت بێت بە ژن، بەڵکو زمانێکی تاکەکەسییانە بێت، زمانێک ژن وەک تاکەکەسێک، زمانی ژنێک کە دەیەوێت بدوێت.

دووهەمیان، مێژووی پەراوێزخراو و شاردراوە و باسنەکراوی ژن خۆیەتی. فێمینیستەکان لێرەدا ئەو مێژووە لە بیرکراوە دەنقوسنەوە و پێی لەسەر دادەگرن کە دەشێت وەک مێژووی لەبیرکراو و شاردراوەی ژن ناوی ببەین. بە شێوەیەکی بەردەوام نووسینەوەی مێژوو نووسینەی مێژووی هەڵسوکەوت و کار و بەرهەمەکانی پیاوان بووە. ئەوەی باس نەکراوە و شاردراوەتەوە ئەو بەشەی مێژووە کە تیایدا ژنان بوونەوەری بیرکەرەوە و داهێنەر و بەرهەمهێن بوون. نووسینەی ئەم مێژووە یەکێکە لەو ئەرکانەی بزووتنەوە فێمێنیستییەکان دەیگرنە ئەستۆی خۆیان. ئەم جۆرە مێژووە ئەو هەستە بە چالاکەوانەکانی ئەم ساتە دەبەخشێت و ئەو ڕاستییەیان نیشان ئەدات، کە ئەوان تەنها نین، بەڵکو مێژوویەکی تایبەتی چالاکبوونی ژنان لەپشتیانەوەیە، کە وەک بەشێک لە چەپاندنی ژنان خۆیان خودی ئەو مێژووەش چەپێنراوە و شاردراوەتەوە.

دۆخی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا

ئەگەرچی ناکرێت قسە لەیەک جۆر ژن و ژنبوون لە کۆمەڵگای ئێمەدا بکەین، ناتوانین چەمکی “ژن” و “ژنبوون” بە شێوەیەکی گشتگیر بەکار بهێنین، جیاوازییەکانی ناو ژنان جیاوازیی گەورە و هەمەلایەن و فرەجۆرن. بەڵام دەکرێت هەنێک شتی گشتی لەسەر ئەو فەزا کۆمەڵایەتی و سیاسی و دینی و فەرهەنگییە باڵادەستە بڵێین کە لە پەیوەندیدا بە ژن و بە ژنبوونەوەوە لە کۆمەڵگاکەدا، ئامادەیە.

بەپێی ئامار ژنان نیوەی زیادی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، لە چەندان بواری جیاوازی ژیان لەو کۆمەڵگایەدا ئامادە و چالاکن، ڕۆڵی جیاواز لەناو کایە و بواری جیاوازدا دەبینن، بەڵام هاوکات ژمارەیەکی گەورەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک بوونەوەری کەمتر لە پیاو و نوقسان و کەمنرخ دەبینرێن و مامەڵە دەکرێن. فۆرمی جیاواز و هەمەجۆری بێدەنگکردن و چەپاندن و سنووردارکردن و پەراوێزخستنیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. زۆربەی جار ژن وەک سەرچاوەی فیتنە وێنا دەکرێت، لەشی ژن وەک سەرزەمینی هەموو گوناهەکان و هەموو تاوانەکان و دەبینرێت و مامەڵە دەکرێت. ئەم لەشە وەک شوێنێک پێناس دەکرێت کە مرۆڤ تیایدا خودا و پیرۆزی و بەهاکانی لەیاد ئەچێت. بۆیە نەفرەتکردن لە جەستەی ژن و هەوڵدان بۆ داپۆشین و غائیبکرنی بەشێکی بەرچاوی ژیانی گشتییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. هاوکات تا ئەم ساتەش ژن لە دونیای ئێمەدا دەکوژرێت، خەتەنە دەکرێت، بە زۆر ئەدرێت بە شوو، لەناو ماڵدا دەشاردرێتەوە، لە پیاو جیادەکرێتەوە.

لە هەمووشی ترسناکتر ئەو ڕاستییەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونیی هەمەجۆر دەبنەوە و لە هەندێک دۆخی تایبەتدا تا سنووری کوشتن یان ناچارکردن بە خۆکوشتن، دەڕوات. خوێنەر لەم ڕووەوە دەتوانێت بۆ ئەو نووسینەی من بگەڕێتەوە کە بە ناونیشانی “شڵەژانی پێوانەیی” لە کتێبی “کۆمەڵگا و غەریبەکانیدا” بڵاوبۆتەوە.[6] لەو کتێبەدا نیشانی ئەدەم دیاردەی خۆکوشتنی ژنان چ دیاردەیەکی ترسناک و بەربڵاوەوە و بە چ شێوەیەک لە شارە گەورەکانی هەرێمدا سەدان ئافرەت ساڵانە خۆیان دەکوژن. ئەگەرچی فۆرمی نوێی پیاوبوون و پیاوەتی و فۆرمی نوێی ژنبوون و ژنایەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەدایکبووە و لەم ڕووەوە جیاوازیی گەورە و بەرچاو لەنێوان ساڵانی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی بیستەم و دوو دەیەی سەدەی بیست و یەکەمدا هەیە، بە داخەوە تا ئێستا بە دەگمەن نەبێت دەست بۆ خوێندنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە نەبراوە، بەڵام هاوکات تا ئەم ساتە پاتریارکیەت و پیاوسالاری، لە فۆرم و دەرکەوتی کون و تازەدا، ئامادەیە. پەیوەندیی نێوان نێر و مێ و گەورە و بچووک لە دونیای ئێمەدا پەیوەندییەکی تەواو هیرارکی و نایەکسانە و تیایدا فۆرمێک لە پەیوەندیی دەسەڵات ئامادەیە کە فۆرمی “دەسەڵاتێکی خاوەن هەیمەنە”یە. لەم ڕووەوە ڕیفۆرمکردنی ئەم پەیوەندییانە و دەسکاریکردنیان لەپاڵ چەمکەکانی ماف و ڕێز و یەکسانیدا لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو ئەو تاکەکەس و هێز و گروپانەیە کە بە تەنگ دواڕۆژێکی ئینسانی و مافپەروەرانەوەن بۆ کۆمەڵگا و ئینسانی ئێمە.

ئەوەی شوێنی سەرنجدانە ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو فشار و زۆر بۆهێنان و بێدەنگ و پەراوێزخستنەدا، لە تەنیشت ئەو هەموو شێوازە جیاوازانەی توندوتیژیدا، لە توندوتیژیی جەستەیی و فیزیاییەوە بیگرە بۆ توندوتیژیی ڕەمزی و دەروونی، کەچی چەندان گوتار ئامادەن باس لەوە دەکەن کە خێزانێکی کوردی، خێزانێکە پڕ لە میهرەبانی و خۆشەویستی، پڕ لە ناسکی و ڕێز، بێدەرد و بێکێشە، خێزانێک پڕ لە هارمۆنیەت. ئەم گوتارانە جگە لەوەی وێنەیەکی تەواو هەڵەی پەیوەندیی نێوان نێر و پێ و باوک و منداڵەکان و گەورە و بچووک، بڵاودەکەنەوە، لە هەمان کاتدا وەزیفەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییان هەیە: شاردنەوەی کێشە گەورەکانی ناو خێزان و ڕێگرتن لە دەرکەوتن و باسکردنیان. ئەڵبتە من لێرەدا قسە لە باوک یان پیاوێکی تایبەت ناکەم، قسەم لەم تاکەکەس یان ئەوی تریان نییە، لەوەش دڵنیام چەندان باوک و مێرد و برای میهرەبان و خۆشەویست لەناو خێزانەکاندا بوونیان هەیە. ئەوەش دەزانم لە هەندێک خێزاندا ژن ڕۆڵی پاترارکێکی ترسناک دەبینێت، ئەوەی من دەمەوێت باسیبکەم ئەو مۆدێلە لە هەڵسوکەوتی باڵادەستی ناو خێزان و هەڵسوکەوتی نێرە بەرامبەر بە مێ و گەورە بەرامەر بە بچووک، کە نادۆست و دژە ژنە و لە هەوڵی سنووردارکردنی هەموو توانایەکدایە کە پەیوەندیی بە ژن و ژنبوونەوە هەبێت: لە سنووردارکردنی ئازادییەکانییەوە بیگرە، بۆ سنووردارکردنی زمان و دەرکەوتن و قسەکردن و جوڵەکانی. بە تێپەڕین بەناو سنووردارکردنی چالاکییەکانی ژناندا و سنووردارکردنی خەون و ئومێدەکانی. وەک گوتم چەندان گوتار هەن هەوڵی شاردنەوەی ئەو دونیا ناوەکییە خێزانی و فەرهەنگییە ئەدەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە. لە ڕاستیدا هەر خودی ئەو گوتارانە هەڵگری کۆمەڵێک ڕەهەندی ترن کە لە فۆرمی ڕقبوونە و نەفرەتکردن لە ژن و یەکسانکردنی ژنبوون بە فیتنە و فریودان و بە ناپاک و بەشەیتانکردنی مێینە کار دەکەن.

قسەکردن لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و باسکردن لە بوونی ماف و ئازادی بۆ ژنان، داهێنراوێکی خۆرئاوایی و ئەوروپییە و پەیوەندی بە کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیەوە نییە

یەکێک لە ئاکارەکانی تری ئەم گوتارە دژ بە ژنە ڕقبوونەوەیەکی گەورەیە لە “فێمینیزم و سووککردن و شکاندنی ئەو چالاکەوانە فێمنیستانەن کە لە خەمی گۆڕان و باشترکردنی دۆخی ژناندا. هێرشەکانیان بۆ سەر فێمینیزم و فێمینیستەکان دوو سەرەیە. لە سەرێکەوە هێرشی شەخسی دەکەنە سەر ئەو چالاکەوانانە و زۆرجار بە “ژنی بێپیاو” و “تەڵاقدراو” و “ناشیرین” و شتی دیکەی لەم بابەتە ناونووسیان دەکەن. لە سەرێکی دیکەوە هێرشێکی دینییە کە پێی وایە فێمینیستەکان هێرش دەکەنە سەر خودا و دەیانەوێت ئەوەی خوا دروستی کردووە دەسکاری بکەن. بە کوردییەکی سادەتر: فێمینیستەکان دەسکاری ئیشی خودا ئەکەن. هەردوو هێرشەکەش یەک ژێرخانی فیکری هەیە: قسەکردن لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و باسکردن لە بوونی ماف و ئازادی بۆ ژنان، داهێنراوێکی خۆرئاوایی و ئەوروپییە و پەیوەندی بە کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیەوە نییە، کە لە دیدی زۆرێک لە هێرشبەرەکاندا، کۆمەڵگای ئیسلامین. لای ئەم ڕەخنەگرانە ژن لە پیاو کەمترە و ئەم کەمتربوونەشی پێدراوێکی خواکرد و سروشتییە.

فێمینیزم چی نییە؟

لە دونیای ئێمەدا چوار تۆمەتی سەرەکی ڕووبەڕووی فێمینیست و و بزووتنەوە فێمینیستییەکان دەکرێتەوە کە هەموویان زۆر بێ بنەما و ناڕاستن. فێمینیزم هەرچییەک بێت ئەم چوار شتە نییە:

یەکەم: فێمینیزم ڕقبوونە لە پیاو و بێنرخکردنی پیاو نییە. بێگومان دەشێت لێرە و لەوێ ژنێک یان چەند ژنێک بدۆزینەوە ڕقێکی سایکۆلۆژییان لە پیاو بێت، یان هەموو پیاوێک وەک بوونەوەرێکی ناشیرین ببینن، یاخود هەڵگری ئەو فۆرمە ترسناکانە بن لە نارسیزم کە نەک تەنها پیاو، بەڵکو هەموو دونیای دەرەوەی خۆیان بە کەم و بێنرخ بزانن، بەڵام ئەمە بە هیچ مانایەک ئاکاری ئەو بزووتنەوە فێمینیستییانە نییە کە بەگژ دۆخی خراپی ژنان لە کۆمەڵگادا دەچنەوە. ئاکاری ئەو فێمینیستانەش نییە کە خەون بە کۆمەڵگایەکی ئینسانیتر و ئازادترەوە دەبینن. زۆرینەی هەرە زۆری فێمینیستەکان بۆئەوەی بتوانن شتێک لە کۆمەڵگادا بگۆڕن دەچنە پەیوەندیی هاوپەیمانی و هاوڕێیەتییەوە لەگەڵ پیاواندا. خۆیان لەیەک سەنگەری دەسکاریکردن و چاکسازییکردنی کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. خاڵێک کە گرنگە لێرەدا هێمایەکی خێرای پێ بکەین ئەو ڕاستییە کۆمەڵناسییە کە ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون مانای جێگیر و نەگۆڕ نین، بەڵکو دروستکراویی مێژوویی و کۆمەڵایەتیین و بە گۆڕانی سەردەم و قۆناغە مێژووییەکان و بە گۆڕانی هێزە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی مەعریفە و پەیوەندییەکانی دەسەڵات، گۆڕانیان بەسەردا دێت.[7] لە ڕاستیدا زۆر جار ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە چەمکی ئازادی و بڕ و ڕادەی ئازادی لە کۆمەڵگادا هەیە. هاوکێشەکەش بەمجۆرەیە: تا ڕووبەری ئازادی گەورەتر و فراونتر بێت، شێوازەکانی ژنبوون و پیاوبوون و دەرکەوتنەکانیان هەمەجۆرتر دەبن، هەموویان بۆ یەک شێواز و دەرکەوتی سەپێنراو و باڵادەست، کورت نابنەوە. تا ئازادییش فراونتر بێت پێداویستیمان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون زیاتر و زیاتر دەبێت. بەڵام بێگومان دەسکاریکردنی ئەو مانایانە کارێکی ئاسان و بێکێشە نییە و نابێت، چونکە ئەو دەسکاریکردنانە هەمیشە بەناوی کۆمەڵێک ململانێ و پێکدادان و دانوستان و ڕێککەوتندا تێدەپەڕێت. بە دەوری ژنبوون و پیاوبووندا چەندان نۆرم و بەها و خواست و نرخاندنی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دروستکراوە، گەرچی هەندێکجار وەک موقەدەس دەناسرێن، بەڵام دیسانەوە هیچ یەکێکیان نەگۆڕ و ئەبەدی نین. بەڵام بێگومان گۆڕان و دەسکاریکردنی ماناکانی ژنبوون ئاسان نییە، بە تایبەتی گەر ئەو گۆڕانانە بە ئاراستەیەکدا بێت، نەچێتە ژێر چەتری مانا تەقلدی و وێنە سونەتییەکانی ژنبوونەوە. لە هیچ کۆمەڵگایەکیشدا تەنها یەک وێنە و یەک مانا و یەک فۆرم بۆ پیاوبوون و ژنبوون لەئارادا نییە، ڕاستە هەندێک “ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی” و هەندێک قەناعات و باوەڕ دەربارەی ئەوەی ژنبوون و پیابوون هەیە، کە باڵادەستن، بەڵام تەنانەت لەناو ئەو ڕێککەوتن و قەناعەتانەشدا ناکۆکی و دیدی جیاواز هەیە. نە ژنبوون و نە پیاوبوون شتێک نین یەکجار دروست و دەستنیشان کرابێت و بۆ هەتاهەتایە بەو شێوەیەش بمێننەوە، بۆیە ڕەخنەکردنی ئەم یان ئەو فۆرمی پیاوبوون ناچێتە قاڵبی ڕقبوونەوە لە پیاو، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مانای نوێ و ئینسانیتر بۆ پیاوەتی و پیاوبوون.

فێمینیزم دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی درێژەدان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پێگەی نزم و نائینسانیانە و خراپی ژنانە لە دونیای ئێمەدا.

دووهەم، فێمینیزم بە هیچ مانایەک خۆفرۆشتن بە ئەوروپا و خۆرئاوا نییە، لاساییکردنەوە و گواستنەوەی ئەزموونی ئەم یان ئەو کۆمەڵگای ئەوروپی و خۆرئاوایی نییە، هەوڵی تێکدانی کولتوور و کەلەپوری بە ڕەسەنکراوی ئەم کۆمەڵگایانە نییە، بڵاوکردنەوەی غەربزەدەگیی و نامۆبوونی کولتووری نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی درێژەدان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پێگەی نزم و نائینسانیانە و خراپی ژنانە لە دونیای ئێمەدا. ئەگەر دۆخی خراپ و نالەباری ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نەبوایە، ڕەنگە شتێک بەناوی فێمینیزمەوە دروست نەبوایە. لەمەش بترازێت جیهانی ئەمڕۆکە بە ڕادەیەک بەجیهانیبووە و سنوور و کۆمەڵگا و ڕوانین و دیدەکان بەناویەکداچوون و لەیەکتر نزیکبوونەتەوە، ئەو جیاکردنەوە شاقوڵییەی لە دونیای ئێمەدا لەنێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات، ئێمە و ئەوانی تردا ئەنجام ئەدرێت، جیاکارییەکی ساختە و نالەبارە، زۆر جار سەدبارەکردنەوەی کۆمەڵێک دۆگمای فیکرییە کە سەر بە سەدە کۆنەکانی مێژووی فیکر و بیرکردنەوەن و ڕۆژگارێکی درێژیشە بەر ڕەخنەی فیکری و سیاسیی هەمەلایەن دراون.

سێهەم: فێمینیزم دژایەتیکردنی دین وەک دین و باوەشکردنەوە بۆ کوفر و بێدینی نییە. زۆر جار ئەوانەی دژایەتی فێمینیزم دەکەن، وەک فیکر و بزووتنەوەیەکی دژەدین وێنای دەکەن، بەڵام ئەم دیدە نە مێژووی فێمینیزم وەک بزووتنەوە لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپادا دەیسەلمێنێت، نە وەک مێژووی فیکر. لە دونیای موسڵماناندا دەیان دەنگی فێمینیستی هەیە کە دین وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕوانینی فێمینیستیانە بەکار دەهێنن و لە ڕێگای دینەوە بەرگری لە ماف و ئازادیی ژنان و یەکسانبوونیان بە ژنان دەکەن. لە دونیای ئیسلامدا ژنانی وەک ڕیفات حەسەن و ئەسما بالاد و ئەمینە وەدود بەرگری لە چەمکی “فێمینیزمی ئیسلامی” دەکەن.[8] بەڵام “فێمینیزم، وەک زۆر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دیکە، بە ڕەوتە دینی و نادینییەکانییەوە، دژ بەو فۆرم و لێکدانەوە دینییانەیە کە دژ بە ژن و بە ئازادی و بە فیکرەی یەکسانیی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکدا.

چوارهەم: فێمینیزم فیکر و ڕوانینێک نییە کە پێگە و نرخی ژن لە پێگە و نرخی پیاو، بەرزتر بزانێت. ڕەنگە لێرە و لەوێ، ئەم یان ئەو فێمینیست بوونی هەبێت، کە پێیوابێت ژنان بوونەوەرێکی ڕەسەنتر و گرنگترن لە پیاو، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری فێمینیست و بزووتنەوە فێمینیستییەکان هەڵگری ئەم جۆرە باوەڕە نین. ئەوەی ئەوان بەرگری لێ دەکەن یەکسانیی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکدا.

فێمینیزمەکان دژ بەو سنوورە زۆر فراوانەن کە بۆ ژنان و بۆ ژنبوون دادەنرێن. سنووری کۆمەڵایەتی و سیاسی، سنووری دینی و ئەخلاقی، سنووری ئەتنی و ناوچەیی، سنووری چینایەتی، هتد… چونکە هەریەکێک لەم سنوورانە بەشدارە لە سڕینەوەی بیرۆکەی یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا و لە بچووککردنەوەی سنووری ئازادیی ژناندا، لە ڕووی مێژووییشەوە هەموویان وەک بەشێک لە بونیادێکی پاتریارکی، کاریان کردووە و لە ئێستاشدا کاردەکەن.

دەرنجام

دواهەمین قسەیەک بمەوێت لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بیکەم پێداگرتنە لەسەر ئەو خاڵەی کە ڕق ژێرخانی زۆربەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جێندرییەکانی دونیای ئێمە دەستنیشان دەکات. ڕقی سیاسی، ڕقی کۆمەڵایەتی و ڕقی جێندەریی فۆرمی باڵادەستی پەیوەندین لە دونیای ئێمەدا. لە پەیوەندیدا بەم نووسینە و بە مەسەلەی فێمینیزمەوە لە دونیای ئێمەدا، ڕقی هێزە سیاسییەکان بە گشتی و ڕقی ئیسلامییەکان بە تایبەتی لەم بزووتنەوە فێمینیستییە تەواو بەرچاوە. ڕقێک کە بە زمانی جنێودان و شکاندن و ئیهانەکردنێکی ڕووت و دانەپۆشراو دەدوێت و لە ڕووبەری گشتیدا خۆی نمایش دەکات. هەموو ئەمانە لە دۆخێکدا ئەوەی مرۆڤی ناو ئەو دونیایە پێویستی پێیەتی، خۆشەویستییە. وەک جودت بوتلەر دەڵێت: ئێمە پێویستمان بە جیهانێکە بتوانیان ئاسانتر تیایدا یەکتریمان خۆشبوێت.

ئەمستردام
ئەیلولی 2021

پەراوێزەکان.[1]

[1]. ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە وای کردوە هەندێک لەو بابەتانەی کە ئەم نوخبە فێمینیستییە گرنگی پێ بدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی ژنانی سەر بە چینی ناوەڕاستەوە هەبێت. بۆ نموونە ئەو گرنگیدانە گەورە و بەردەوامە بە مەسەلەی بەگژاچوونەوەی فرەژنی، لە بەرامبەر فەرامۆشکردنی نەتوانینی شووکردن و ژنهێنان لە لایەن هەزاران هەزار گەنجی ئەو کۆمەڵگایەوە، هێندەی دەربڕی پێگە چینایەتیی ئەو ژنانەیە، هێندە خواستێکی فێمینیستی ڕەها نییە. ئەوانەی لە کوردستاندا دەتوانن زیاد لە ژنێک بهێنن زۆرجار پیاوانی سەر بە چینی ناوەڕاستن، بۆیە بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە لە لایەن فێمینیستەکانەوە و دانانی لە سەری سەرەوەی پلان و ئەجندای ئیشکردنیانەوە، پەیوەندیی بەو پێگە چینایەتییەوە هەیە کە خۆیان تیایدا ئامادەن. لە کاتێکدا نەبوونی توانای ژنهێنان و شووکردن، وەک دیاردەیەکی مەترسیدار و هێجگار گەورەی دونیای ئێمە، ئەو گرنگی و قورساییەی پێنادرێت کە بە دیاردەی یەکەمیان دەدرێت.

[2]. بڕوانە: ئومێد ئاشنا (2005). دیوانی بێکەس. هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. ل 38

[3]. دەربارەی مەسەلەی لەدایکبوونی ”ژبوونی تازە“ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بڕوانە کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ من. بڕوانە:

مەریوان وریا قانع (2018). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی یەکەم.

[4]. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چییەتی و مێژوو و قۆناغە جیاوازەکانی فێمینیزم، بڕوانە: Walters, Margaret (2005). feminism: a very short introduction. Oxford University Press

[5]. Woolf, Virginia (1989). A Room of One’s Own. Mariner Books; First editi.

[6]. بڕوانە: مەریوان وریا قانع (2018). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی یەکەم.

[7]. بڕوانە: مەریوان وریا قانع (2018). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی یەکەم.

[8]. بۆ فێمینیزمی ئیسلامی بڕوانە: Badran, Margot. “Islamic feminism: what’s in a name? Islamic feminism is on the whole more radical than Muslims’ secular feminisms”. Al-Ahram Weekly Online. 17–23 January 2002, Issue No.569
ئەم بابەتە 1,002 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | https://jineftin.krd/
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 6
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 25-02-2021 (3 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: وتار و دیمانە
پۆلێنی ناوەڕۆک: ژنان
پۆلێنی ناوەڕۆک: کۆمەڵناسی
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
وڵات - هەرێم: کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 04-10-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 05-10-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 05-10-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 1,002 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
شەرمین وەلی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
سەلیمی جەوهەری
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
کورتەباس
مەحموود پاشای جاف (1846-1921)
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
گەشتێک بەنێو هەنگاریادا
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,356
وێنە 105,642
پەرتووک PDF 19,138
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
شەرمین وەلی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
سەلیمی جەوهەری
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
کورتەباس
مەحموود پاشای جاف (1846-1921)
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
ژیاننامە
بەناز عەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
کورتەباس
گەشتێک بەنێو هەنگاریادا
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.765 چرکە!