پەرتوکخانە پەرتوکخانە
لێ گەڕیان

کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!


گەریانا دەست نیشانکری





لێ گەڕیانا هویر      کیبورد


لێ گەڕیان
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرن
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
ئامراز
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
زمان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هژمارا من
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
لێ گەڕیان ڤڕێکرن ئامراز زمان هژمارا من
لێ گەڕیانا هویر
پەرتوکخانە
ناونامە بو زاروکێن کورد
کرونولوژیا ڕویدانا
ژێدەر
پاش
کومکری
چالاکی
چەوا لێ بگەڕهم؟
بەلاڤوکێن کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
دارشتنا پولا
بابەت ب هەلکەفتێ
ڤڕێکرنا بابەتی
ڤرێکرنا وێنەی
ڕاپرسی
بوچوونێن هەوە
پەیوەندی
کوردیپیدیا پێدڤی ب چ زانیاریانە!
ستاندارد
رێسایێن بکار ئینانێ
کوالیتیا ڤی بابەتی
دەربارێ مە
ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
دەربارەی مە چ گوتیە؟
کوردیپیدیایێ بکە د مالپەرێ خودا
تومارکرن / ڤەمراندنا ئیمێلی
ئامارێن مێهڤانا
ئامارا بابەتا
وەرگێرێ فونتا
گهوڕینا دیرۆکان
کۆنترلکرنا ڕاست نڤیسینێ
زمان و شێوەزارێ لاپەرا
کیبورد
لینکێت پێدڤی
ئێکستێنشنا کوردیپێدیا بو گوگڵ کروم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونا ژوور
دێ بمە هەڤکارێ هەوە
پەیڤا نهێنە تە ژبیر کریە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارێ مە
 بابەت ب هەلکەفتێ
 رێسایێن بکار ئینانێ
 ئەرشیڤ ڤانێن کوردیپێدیا
 بوچوونێن هەوە
 کومکری
 کرونولوژیا ڕویدانا
 چالاکی - کوردیپێدیا
 هاریکاری
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
کەسایەتی
ساکار
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
ساکار نەجم
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
ئامار
بابەت 517,662
وێنە 106,185
پەرتوک PDF 19,172
فایلێن پەیوەندیدار 96,600
ڤیدیۆ 1,318
جهـ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
قەيرانی ميتۆد لە کوردناسيدا
خانمێن کوردیپێدیا، ئێش و ئازار و سەرکەتنێن ژنێن کورد ل داتابەیسا نەتەویی، سەردەمیانە ئەرشیڤ دکەن..
پول: کورتەباس | زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
هەڤپشکی کرن
Facebook1
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
هەلسەنگاندنا بابەتی
نایاب
گەلەك باشە
ناڤنجی
خراب نینە
خراب
بو ناڤ لیستا کومکریا
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!
گهوڕنکاریێن بابەتی!
Metadata
RSS
گووگلا وێنا بو بابەتێ هەلبژارتی!
گوگل دەربارەی بابەتێ هەلبژارتی!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English1
عربي0
فارسی1
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

تابلۆی کۆمەڵێ کورد لەساڵی ١٨٥٤، ژۆلێ لۆرێنسی هونەرمەندی فەڕەنسایی کێشاویەتی...

تابلۆی کۆمەڵێ کورد لەساڵی ١٨٥٤، ژۆلێ لۆرێنسی هونەرمەندی فەڕەنسایی کێشاویەتی...
قەيرانی ميتۆد لە کوردناسيدا
#حەیدەر لەشکری#
$کوردناسی وەک سيستەمێکی سەربەخۆ$
تێگەيشتن لە کورد و دياريکردنی خەسڵەت و تايبەتمەندييەکانی، ئەو پێناسە گشتييەيە، کە بە بيستنی چەمکی “کوردناسی” بيری لێ دەکەينەوە و ڕايدەگەيەنين ئەمە ئەو چوارچێوەيەيە کە تيايدا دەتوانين بەسەر کورددا ڕابگەين و لە دووتوێی “نواندن – Representation”مان بۆ گروپە مرۆييەکان و لێکدانەوەمان بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان پێگەيان بخەمڵێنين. بەڵام تێگەيشتنێکی ئاوا کورت دێنێ، ئەگەر پێمانوابێ تەنيا بريتييە لە خوێندنەوە و لێتوێژينەوەيەکی پەتی و سەربەخۆ، کە دەخوازێ لەڕێگەی دياريکردنەکەوە وەسفی کوردمان بۆ بکات. بەڵکوو بريتييشە لە بينينی کورد لەخۆيدا و لەنێو جيهاندا، بێ ئەوەی تەنيا پرسی ڕاستی و دروستی ئەو بينينە بەهەند وەربگرين، بەڵکو ئەو قەوارەيە بۆ ئێمە گرنگە کە بەهۆی پرۆسەی بينينەوە بۆ کورد دادەڕێژرێ و دەستنيشانی مەرزەکانی هەموو تێگەيشتنێک و دياريکردنێک و تەنانەت نواندێک دەکات.
بۆيە ئەگەر بخوازين پڕ بە مەودای ئەو گشتگيرييەوە جارێکی تر پێناسەی “کوردناسی” بکەينەوە، دەبێ ئەوەمان لەبير بێ کە کورد وەک دياردەيەکی مرۆيی، بۆچوون و تێڕوانين و وێنا و تەنانەت خەياڵی فرەچەشنی لەبارەوە بەرهەمهاتووە، بە چەندين چەمک و دەستەواژە و دەلالەتی زمانی گوزارشتی لێکراوە. بە کۆی هەموو ئەمانە “کوردناسين” وەک سيستەمێکی سەربەخۆ گەڵاڵە بووە و لەنێو جيهاندا لەسەرەدەريکردن لەگەڵ ئەم دياردەيەدا کاری پێ دەکرێ. لە داڕشتن و چێکردنی ئەم سيستەمەشدا هەم کورد و هەم “ئەوانيتر” بەشدار بوون و کۆمەڵی کوردی – ئەگەر تێزەکەی “کورنەليەس کاستۆرياديس – Cornelius Castoriadis” بەکاربهێنين – خەياڵيانە خۆی بەرهەمهێناوە و ئەوانيتريش بەرهەميانهێناوەتەوە، بە جۆرێک کە ناسينەکە بەم خەياڵەوە بەند دەبێ و ناوکۆيە مێژوويی و کۆمەڵايەتييەکان لەگەڵ پێکهاتە ڕەمزييەکان تێکەڵ بە يەکتر دەبن و سروشت و دەرکەوتەکانی سيستەمەکە بەرزەفت دەکەن و ئاڕاستەی دەکەن، تا بەهۆيانەوە “کوردبوون” و ئينتيمای تاکەکان بۆ ئەو بوونە، لەو ڕووتەختەی تێيدان، مانای خۆی هەبێ و ڕەوايەتی پێبەخشرابێ.
تابلۆی کۆمەڵێ کورد لەساڵی 1854، ژۆلێ لۆرێنسی هونەرمەندی فەڕەنسایی کێشاویەتی.
بەهەرحاڵ، وەنەبێ ئەو سيستەمەی کوردناسين ساکار بێت و بتوانين بە سانايی بيگۆڕين يان هەوڵبدەين دەستکاری دەرکەوتەکانی بکەين، بەڵکوو بەحوکمی بەردەوامێتی مێژوويی و ئامادەيی هەنووکەييانەی دياردەکە، کۆمەڵێک خەسڵەتی نەگۆڕی وەرگرتووە و ڕەهەندی ديار و نادياری ئەوتۆی بۆ دروستبووە، کە هەموو هزرێکی سنووربەند کردووە ويستبێتی لە دياردەکە ڕابمێنێ و تێزەکانيشی نەگۆڕ دەردەکەون، ئيدی بيرکردنەوە لەنێو ئەو ڕەهەندانە پەرش دەبێتەوە و ناسێنەری کورد ناتوانێ خۆی کۆبکاتەوە؛ هەندێکجار پێی وايە تەواو کوردی ناسيوە، کاتێک – بۆ نموونە – باس لە سروشتی کۆمەڵايەتييانەيان دەکات و بە ئاسانی و بە گەڕانەوە بۆ ميتۆدی بەراوردکارييانە، بە سروشتگەلی هاوشێوەيان دەچووێنێ و وەک سيستەمێکی ديار بەرجەستەی ناسنامەکەيان دەکات. هەندێکجاريش وا هەست دەکات شوناسی کوردانە پڕيەتی لە ڕەگەزی ناديار و دابڕانی ئەوتۆ لەگەڵ دەورووبەر کە بە ميتۆدە ناسراوەکانی بيرکردنەوە و توێژينەوە تێگەيشتنێکی دروستی لەبارەوە چێ نابێ، بەتايبەت کاتێک لە کايەی ئايينیی کوردی دەکۆڵێتەوە و ڕەگەزی ئەوتۆی تێدا دەبينێ کە دەگمەن و کەم هاوتان، يان لەنێو سيستەمی کولتووری باوەڕی ئەوتۆی ئايينی هەن کە لە ئێستادا سۆراخێکيان نييە، يانيش تەنانەت داڕشتنەوەيەکی تەواو جياوازی جيهانبينی باوەڕە ئايينيیە باو و ناسراوەکانن.
لەلايەکی ترەوە، ئەو چەمک و دەستەواژانەی يەکەکانی سيستەمەکەيان بە يەکەوە گرێداوە، هەموو بيرکردنەوە و تێڕامانێکی جياواز و هەمەچەشن لەخۆدەگرن و لەنێو سيستەمەکەدا وا دايدەڕێژنەوە کە ڕەوايەتی ببەخشيێتە ناسينە هەمەگيرەکەی کورد. بەمەش ئامێرييانە کار بۆ وەلانان و نەهێشتنی دژايەتی لە بۆچوون و تێڕامان و هاوشێوەکردنی بيرکردنەوەکان، تەنانەت ئەگەر هی دوو ئاڕاستەی تەواو پێچەوانەی نواندنی کورد بن، دەکەن. بۆ نموونە: لەنێو ئەو سيستەمەدا خەسڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لە کەسێتی کورد و ئەو توانا نێوخۆييەی بۆتە بەشێکی شوناسيان، لەلای هێندێک – بەتايبەت ئەوانيتری نەيار بە بوونی کورد – وەک ياخيبوون، ڕێگری و جەردەيی (لە کۆندا) و ئەنارشيەت و دەرچوون لە دەسەڵاتی شەرعی (لەم سەردەمە) و…هتد دەخوێنرێتەوە، بەڵام لەلای کەسانی تر – زياتر کورد خۆی و دۆستانی – بريتييە لە ڕۆحی شۆڕشگێڕی و هەوڵی ڕەوا لەپێناو سەربەخۆيی و جەختکردنەوەی لەسەر قەوارەی نەتەوەيی و بونيادنانی و…هتد.
ئەم دوو تێزە – کە لە ڕووکەشدا وەک دوو ناسينی تەواو جياوازی کورد دەردەکەون – لە کرۆکی سيستەمەکەدا، تەنيا يەک ڕاڤەن بۆ ئەوەی پێی دەڵێن سروشتی کۆمەڵگای کوردی و دەخوازن شرۆڤەيەک بۆ ئەم سروشتە بکەن کە لەگەڵيدا ڕەوايەتی ببەخشێتە وێنای دياردە مرۆييەکە لەنێو يادەوەری چەسپيوی ناسێنەردا، بۆيە دوو تێزەکە هەمان ئاکامی ناديارييان هەيە، کە لەنێو يەک ناوکۆی زمانی و يەک سيستەمی دەلالەتکردندا دەردەکەوێ، ئەوەتا لەهەر دوو باردا وێنەی کورد وێنەی مرۆڤێکی توندوتيژ و نائارام و سەرڕەقە. بەمەش هەردوو تێز کە دەبنە گوتاری سەربەخۆ ئەم خەسڵەتانە وەک نەگۆڕی ناسنامە دەسەپێنن و لەبەر پابەندبوونيان – ديارە مەبەستم گوتارەکانە – بە بەرجەستەکردنی ناسينە نەگۆڕەکەی کوردەوە، دەبن بە يەک. پرۆسەی ناسينيش لە خولگەی خۆيدا دەخولێتەوە و وێناکان دەچنە سەرووی زەمەن و لەنێو کولتوورە هەمەچەشنەکان بەردەواميان پێدەدرێ، تۆ تەماشای دەقە ئەرمەنی و سريانی و عەرەبی و فارسی و تورک و ميللەت و گروپە ئيتنييەکانی تری دەوروبەر بکە، هەر لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ئەم سەردەمەمان و بە جياوازی ئەو دەسەڵات و گروپانەی لەگەڵ کورددا بەريەککەوتنيان هەبووە، کورد وەک ڕێگر بۆتە حەکايەتێکی ئەزەلی، کە بە بێ جێکردنەوەی لەنێو دەقە نووسراوەکاندا، کوردناسين مانای دروستی خۆی وەرناگرێ. بەهەمان شێوە شانازی کردن بە ئازايەتی کورد و “بزوتنەوەی نەپچڕاوەی ڕزگاريخوازیی کوردی” سەردێڕی دەقی کوردييە و بۆتە ناسنامەيەک کە تيايدا هەم جۆری دەق و هەميش ناوکۆييەکەی سنووربەند کردووە و لە هەندێک باردا چۆتە سەرووی ماقوڵيەتی مێژوويی و دان بە زەمەنی مێژوويی و تايبەتمەندی و دەرکەوتەکانی نانێت، تا وای لێ دێت مرۆڤی ئەشکەوتی شانەدەريش هەمان ئەو تێڕوانين و هەڵوێستانەی هەبووە کە ئێستا هەمانە!!
بێگومان ئيشکردنی ميتۆدييانە لەسەر ئەو سيستەمە تۆکمەيە و وردکرنەوەی مانا و گوزارشتەکانی پشت چەمک و دەستەواژەکانی ناساندن، کارێکی فرە ئەستەمە؛ زۆربەی جار نە کورد خۆی و نە ئەوانيتريش قەبوڵی ئەم جۆرە ئيشە ناکەن، پێيانوادەبێ ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی سيستەمی کوردناسينە، بەڵکو ڕووخاندنی شوناسێکيشە کە بوونی کوردی لەنێو جيهاندا پێ دياری دەکرێ، بوونێک کە خراوەتە نێو بۆتەی ئەو حەکايەتانەی جومگە بنەڕەتييەکانی سيستەمەکە پێکدێنن و کەسێتی وەرگری ناسينەوەکەی پێ داڕێژراوە، تا ئاستێک کە گێڕانەوەی ئەو حەکايەتانە بۆ کوردان و بۆ ئەوانی تريش قەبوڵکراو و ئاسودەبەخشە. دەستپێک و کۆتايی و ڕووداوەکانيان ڕوون و ئاشکران، لەبەر ئەوەشە بەردەوام دەگێڕدرێنەوە، بەڵام نەک بۆ دروست کردنی هۆشيارييەک لەبارەی کوردەوە، بەڵکو بۆ هێشتنەوەی گوێگر لەو حاڵەتی متبوونەی لە بەرامبەر بە ناسينی کورددا هەيەتی و پارێزگاری کردن لە سيستەمی ناسينەکە. ديارە کە کورد بە جۆرێک و ئەوانيتر بە جۆرێکی تر دەيگێڕنەوە، بەڵام هەموويان ئەوەندەيان گێڕاوەتەوە کە بوونەتە ئامرازی خەواندن و بێئاگاکردن، ئەمەش وادەکات مەبەستی پشت حەکايەتەکان، جا گێڕەرەوەکەی کورد بێ يان عەرەب يان فارس يان…هتد، بێتەدی. تا ئەوکاتەش حەکايەتەکانی ناساندنی کورد وەک خۆيان بمێننەوە ئەوا سيستەمەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و کاريگەری دەبێ بەسەر هێشتنەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان بە چەقبەستوويی، کە – بۆ نموونە – لە پەيوەندی گرێدانی نەتەوەکانی دەوروبەر بە کوردەوە بريتی دەبێ لە ڕووبەڕووبوونەوە؛ ڕووبەڕووبوونەوەيەکی کلاسيک کە هەمان ئەو بيانوو و بەهانانەی لەپشتە پێشتر هەبووە و تا ئەوکاتەی گێڕانەوەی کورد وەک خۆی بمێنێتەوە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دەمێنێ، چونکە دوورە لەو مانايەی لە جيهانی مۆدێرندا ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە ئيتنييەکان هەيەتی. هەر بۆيە هەر گۆڕانکارييەک لەم گێڕانەوەيە، لە دەستپێکەکەی، ناوەڕۆکەکەی، ئاکامەکانی، وێنای پاڵەوانەکانی و ئەو حەماسەتەی بەرهەمی دەهێنێ و…هتد، ڕاستەوخۆ گوێگرە خەوتووەکان بێدار دەکاتەوە، بێزاريان دەکات و دووچاری دەردە بێخەوييان دەکات. بۆيە تا نەتوانی حەکايەتێکی تر دابڕێژی و بە جۆرێکی تر کورد بناسێنێ، ئەستەم دەبێ گۆڕانەکانی نێو حەکايەتە ئۆرگيناڵەکە قەبوڵ بکرێ. خۆ داڕشتنی حەکايەت بە مەبەستی ناسين و ناساندن کارێکی ئاسان نييە، زەمەنێکی دوور و درێژ و هەڵوەشاندنەوەی خەياڵدانێکی کەڵەکەبووی پێويستە، لەمەش گرنگتر سڕينەوەی وێناکان و وردکرنەوەی چەمک و دەستەواژەکانی پێويستە. کە ئەمە تائێستا نەکراوە، ئيدی کوردناسی لە چوارچێوەی ئاڕاستە باوەکانەوە خۆی هێشتۆتەوە و زنجيرەی پەيوەندی بە زەمينە کۆمەڵايەتييەکان نەپساندووە.
ئەگەر تيۆر بريتی بێت لە تۆڕێکی ڕێکخراو و تێکچڕژاوی بيروڕا، کە هەوڵی شرۆڤەکردن و ڕاڤەکردن و تەنانەت وێناکردنی حەقيقەت دەدا، ئەوا بێگومان تيۆريزەکردنی کورد خۆی لە داڕشتنی تۆڕێکی ئاوا دەبينێتەوە، کە هەوڵدەدا لە ميانەی گرێدانی تێز و بۆچوونە جياوازەکان لەبارەی ماهيەتی کورد بەيەکەوە، مانايەک بە حەقيقەتی ئەم گروپە ئيتنييە لەخۆيدا بدۆزێتەوە.
بە گەڕانەوەی بۆ بابەتی بنەڕەتی دەڵێين ئەو ئاڕاستانەی تا ئێستا لەبواری کوردناسيدا چاڵاک بوونە زۆرن و سەرچاوە و پاشخانی جياوازيان هەيە، بەشێکی کەمی بەرهەمەکە نێوخۆييە و بەشە زۆرەکەی پەيوەستە بەو جوگرافيا مرۆيی – کولتوورييەی کوردی تێدا دەژی و لەنێويدا پەيوەندييە تێکچڕژاو و هەمەچەشنەکان، بەتايبەت پەيوەندی نێوان سەنتەرێک کە خۆی بە پێشکەوتوو دادەنێ لەگەڵ کەنارێک کە وەک تەنێکی ناجێگير دەرکەوتووە، پرۆسەی وێناکردن و نواندنی يەکتری فراوانکردوە. بەڵام کە لەتەواوی کولتووری بەرهەمهاتوو لەسەر کورد ورد دەبينەوە، درک بەوە دەکەين کە دەشێ تێز و بۆچوونەکان لەنێو دوو ميتۆدی زۆر گشتيدا جێگەيان بکرێتەوە، يەکێکيان قسەکردن بووە لەسەر کورد لەنێو کورددا يان ئەو بازنەيەی تێيدا کوردێتی هەژموونگەرايە، کە دەخوازێ لەميانەی بينينی ئەم دياردە مرۆييە و ژيان لەگەڵی و تەنانەت بەهۆی ئينتيمای ناسێنەر بۆ کوردبوون و تێبينی کردنی بزاوتی لەنێو شوێنکاتەوە، بيخوێنێتەوە، ئەمەش بە هەوڵی تيۆريزەکردنی کورد ناو دەبەين. ئاڕاستەکەی تر ويستويەتی – يان وای نيشاندەدا – لە دەرەوەی کوردبوونەوە چاودێری ئەو دياردە مرۆييە بکات و مەبەستيەتی حەقيقەتيان بزانێ، بۆيە واخۆی دەردەخات کورد لەلای ئەودا تەنيا بابەتێکە، وەک هەر بابەتێکی تر، جێگەی بيرلێکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەيە.
$تيۆريزەکردنی کورد$
ئەگەر تيۆر بريتی بێت لە تۆڕێکی ڕێکخراو و تێکچڕژاوی بيروڕا، کە هەوڵی شرۆڤەکردن و ڕاڤەکردن و تەنانەت وێناکردنی حەقيقەت دەدا، ئەوا بێگومان تيۆريزەکردنی کورد خۆی لە داڕشتنی تۆڕێکی ئاوا دەبينێتەوە، کە هەوڵدەدا لە ميانەی گرێدانی تێز و بۆچوونە جياوازەکان لەبارەی ماهيەتی کورد بەيەکەوە، مانايەک بە حەقيقەتی ئەم گروپە ئيتنييە لەخۆيدا بدۆزێتەوە. بە دەستەواژەيەکی تر، تيۆريزەکردن دۆزينەوەی ئەو ڕەگەزە پێکهێنەرانە دەبێ، کە بە هۆيانەوە کوردبوون وەک جياوازی مانا دەبەخشێ و پرۆسەکە لە خوێندنەوە و بەيەکەوەگرێدانی ئەو جياوازيیە و تايبەتمەندييەکانی، وەک – بۆ نموونە – لە ئاستی زمان، بوون لەنێو مێژوودا، سروشتی خێڵەکييانە، دەرکەوتەی باوەڕييانە، تێگەيشتن لە دەسەڵاتدارێتی، ململانێی نێوخۆيی وەک ڕاڤەکاری ڕەوتی مێژووييان، فرەچەشنی لە يەک چەشنيدا و…هتد، دەردەکەوێ. بەمەش لەبەردەم بە حەقيقەتێک خۆمان دەبينينەوە کە پێشتر لە زۆربەی کاتدا، بەهۆی نوێنەرايەتيکردنی ئەوانيتر بۆ کورد، يان تەنانەت ونبوونی دەرکەوتەکانی بەهۆی گواستنەوەيان – لەچوارچێوەی گوتارێکی هەژموونگەراوە – بۆ پانتايی بيرلێنەکراوە، ئەمەش لەڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر پەراوێزێتی کورد بۆ چەندان سەنتەری دەسەڵاتی و ئيتنی ترەوە، پەنهان و شاردراوە بووە.
بێگومان کە دەڵێين جياوازی و جوێکردنەوەی کورد، مەبەستمان دابڕينيان نييە لەو دەوروبەرە جوگرافی – کولتووری – مرۆييەی ئەوانی تێدايە و لەگەڵ ئەوانيتردا تۆڕێک پەيوەندی تێکچڕژاويان چنيوە، ئەوەندەی مەبەستمان درک کردنی ئەو خەڵکەيە بە مانا ديار و نادياری جياوازبوونيان، کە دەشێ هێندێک لەو مانايانە ڕەگەزپەرستانە بێت و هەندێکيشيان پەيوەست بن بە خۆناسين و ئەويتر ناسين و پەيوەندی نێوانيان. ئيدی لێرەوە – بە بۆچوونی ئێمە – تيۆريزەکردنی کورد بريتی نابێ لە دياريکردنی سنوورەکانی جياوازی و بێهاوتايی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی بوونی کوردی، ئەوەندەی ناساندنەوەی ئەم گروپە ئيتنييە دەبێ لەنێو جيهاندا، لەگەڵ دەستنيشانکردنی کاراييان لە چوارچێوەی بەردەوامێتی مرۆڤانەدا.
بێگومان ئەمە کارێکی سانا نييە، بەڵکو ئاڵۆز و تەنانەت لەلای هێندێک لەوانەی ڕووکەشيانە کاريان لەسەر کردوە ئاکامی سامناکی لێکەوتۆتەوە، وەک بە کوردکردنی چەندان شارستانيەت و ژياری جيهانی کۆن! خۆ بەگشتيش، بە تێڕوانين لە ئەزموونی ئەوانيتر و بێ جياوازی لەنێوان کولتوورە ديناميک و کولتوورە ميکانيکييەکانەوە، دەردەکەوێ خوێندنەوەی ئاوا بەرەو ڕەگەزپەرستی و بەئايدۆلۆژيبوونی گوتاری بەرهەمهاتوو دەڕوا، تا ئاستی سەنتەرگيری ڕەگەزيی يان ناوچەيی. بەڵام ئەوکاتەی مەبەست لە تيۆريزەکردن هەم ناسينەوەی حەقيقەت و هەميش پێگە ديارکردن و قەوارە بەخشين و بەبابەتکردنی جياوازييەکان بێ، ئەوا بوار دەڕەخسێ بۆ خوێندنەوەيەکی جێگير بەڵام ڕەخنەگرانە، بەرهەمهێنی هزر بەڵام نائايدۆلۆژييانە، گوتارێکی هەمەگير بەڵام ناهەژموونگەرا.
هەرچۆنێک بێت، تيۆريزەکردنی کورد لەپێناو ناسينی پرۆژەيەکی نوێ نييە، بەڵکو مێژووييەکی هەيە و لە سەرهەڵدانی گوتاری نوێی سياسی – ڕۆشنبيریی کوردی لە کۆتاييەکانی سەدەی نۆزدەوە کەم تا زۆر ئيشی لەسەرکراوە؛ بەڵام لەخوێندنەوەی ئەو ئەزموونەی خۆناسيندا، شتگەلێک دەبينين کە دەريدەخەن پرۆژەی ئاوا ئەگەر هێڵە بنەڕەتييەکانی دادەڕێژرا، لە زۆربەی کاتدا لە دەرەوەی خوێندنەوەی دروستی کايەی کوردیيەوە بووە، وەک هەوڵدان بۆ ڕەوايەتی بەخشين بە ناسنامە يان جێکردنەوە لەنێو ناسنامەی هەمەگيردا (ئاری بوون، هيندۆئەوروپی بوون، زەردەشتيبوون). بەڵام هێڵی هاوبەشی نێوان پرۆژەکان، بڕيارێکی پێشينەيە، ئەويش داکۆکيکردن – زانستی و نازانستی – لەوەی کەوا “کوردبوون” بريتييە لە “ئەويترنەبوون”، بەتايبەت ئەويترێکی هاوسێ کە سەرەدەرييەکی سياسی و کولتووريمان لەگەڵدا هەيە و پتر ململانێ لەگەڵ پرۆژەی خۆناسينی ئەو ڕەنگرێژی دەرکەوتە و کاراييەکانی مێژووی مۆدێرنمانی کردووە، ديارە کە مەبەستمان پرۆژەی هەر يەک لە تورک و فارس و عەرەبە. زۆربەمان ئەو چڕکردنەوەی ناسين لە ئەويتر نەبوون، لەنێو دەقە نووسراوەکانی سەدەی بيست لە دەسپێکييەوە بينيوە، بەتايبەت دەقەکەی محەمەد ئەمين زەکی کە بۆتە سەنگی هيستۆريۆگرافيای هاوچەرخی کوردی و تاڕادەيەکی زۆر ميتۆد و ئاڕاستەکانی مێژوونووسيی دياری کردوە، کاتێک دەڵێ: (کە لەجێگەی تەعبيری عمووميی (عوثمانی)، لەفزی (تورک) و (تۆرانی)، لە تورکيادا باوی سەند، بە طەبيعەت، وەک ئەفرادی ميللەتەکانی تر، منيش لەناو ئەو کۆمەڵەدا غيرەتی خۆم چاکتر حيس کرد، وە غرووری قەومی مەجبوری کردم کە لە هەموو فرصەتێکدا ئەم حيسسەی خۆم ئيظهار بکەم. بەڵام دەرحەق بە ئەصڵ و تەئريخی قەومەکەم هيچم نە ئەزانی، چونکە تا ئەو وەقتە نە لە مەکاتبدا فکرێکی وامان درابوويەو، نە لەدواييشدا ضڕوڕەتی تەدقيقی تەئريخی کوردمان دیبوو، وە کەليمەی جاميعەی (عوثمانلی)، ئەعصابی قەومييەی هەموومانی تا دەرەجەيەک خاوکردبووەوە). بێگومان ئەم دەقەی باوکی دووەمی مێژوونووسانی کورد قسەی زۆر هەڵدەگرێ، کە دەشێ لە بۆنەی تردا بچينەوە سەری، لێرە تەنيا ئەوەندە دەڵێين کە نووسەر دەخوازێ بڵێ ئەو کاتە کوردناسيی بوونی دەبێ کە ئێمە بتوانين لەو ئەويترانە دابڕێين و لەوێوە بە گەڕان بەدوای ناسنامەی پێچەوانە بگەڕێينەوە سەريان. بێگومان ئەمە ڕێگە بۆ هەمەگيری خۆشدەکات، نەک بەمانای هەمەگيرکردنی ڕەگەزیی کوردی، بەڵکو بەمانای ڕاگەيشتنی کورد بەسەر شوێن و کاتێکی جياوازەوە؛ شوێنێک کە خەسڵەتی ئەزەلی وەردەگرێ و دان بە گۆڕانە سروشتييەکان (بۆ نموونە گۆڕانی ديمۆگرافی ويستراو يان نەويستراو) نانێت (کوردستان)، لەگەڵ کاتێک کە شکۆمەندی و نەگۆڕی ڕەگەزەکان و ستەمکاری هەميشەیی ئەويتر و…هتد، ڕوخسارەکانی دياری دەکەن (مێژووی کورد).
لەڕاستيدا تائێستاش ئەم ديدگايە بەشێکی ئەو گوتارە ڕۆشنبيريیە کلاسيکييە پێکدێنێ، کە دەسەڵاتی سياسی – بەبێ جياوازی لەنێوان ئاڕاستەکانی و ئاست و جۆری دەسەڵاتدارێتييەکە – خۆی لەپشتدا ونکردوە و لە ڕووبەڕووبوونەوە نێوخۆييەکانی – ئەوکاتەی پێويستی بە بەيانکردنی ناسنامە بۆ هەڵگرانی هەيە – دەگەڕێتەوە سەری. ئەمە پەيوەستە بە زەمينەيەکی دەسەڵاتييانە کە دەخوازێ ڕۆڵی يەکلاکەرەوەی لە ئاڕاستەکردنی خەياڵی کۆمەڵايەتيدا هەبێ، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی فشار بۆ سەر ناوەندە کۆمەڵايەتييەکە و ئەوانيتری ململانێکار بەکاربهێنرێ. بۆيە ئەم تێگەيشتنە لە خۆناساندن کەمتر ڕێگە بە بەخۆداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی توێکڵە پێکهێنەرەکانی ناسين دەدات، تەنانەت ئەگەر ناچار ببێ تەنيا ڕووپۆشی دەرەوەی دەگۆڕێ يان ڕێگە بەو ئاستەی گۆڕين دەدات.
هەر پرۆژەيەکی ناسين، ئەگەر بخوازێ ڕەگەزە ديار و ناديارەکانی ناسێنراو بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، پێويستی بەوە دەبێ لە هەنگاوی يەکەم ئەو بازنە ميتۆدييەی بۆ بدۆزێتەوە کە لەنێويدا دەشێ ناسێنراو سيستەمە تۆکمەکەی خۆی شل بکاتەوە، تا هەر دوو جۆرە ڕەگەز و يەکە پێکهێنەرەکانيان مانا دروستەکانی خۆيان بەدەستەوە بدەن، ئەمەش ئەو کاتە دەبێ کە مەودايەک لەنوان ناسێنەر و ناسێنراو هەبێ و ڕێگە بۆ بابەتگەرايی لە پرۆسەی لێتوێژينەوە خۆشدەکات، دواتريش ناسێنراو دەبێتە ئەو بابەتەی پەيوەندی بە لێکۆڵەر پەيوەستە بەو ويستی زانينەی پێناسەی لێکۆڵیاری پێداوە
ئەمە لەکاتێکدا هەڵسەنگاندێکی سەرپێييانەی ئەو پرۆژەيە پێماندەڵێ، جەختکردنەوە لەسەر ئەويتر نەبوون هاوکار نەبووە لە ناسينەوەی کورد ئەوەندەی ئەويتری پێناساندووين (بڕوانە وێنای تورک و فارس و عەرەب لەنێو خەياڵە کۆمەڵايەتييەکە)، کە لە زۆربەی کاتدا ناسينێکی پەرچەکردارانە و کرچ و کاڵە و تەمبەڵی عەقڵی پێوە ديارە، بەڵام بووەتە پێوەر بۆ قسەکردن لەسەر خود. بەمەش ماهيەتی کورد پەنهان بووە لەبەردەم خوێندنەوەيەکی ميتۆدييانە، کە بخوازێ لەدەرەوەی ئەويتر نەبوون لە ڕەگەزەکان بدوێ و وردەکارييەکانی کەڵەکەبوونی ئەم خودە بدۆزێتەوە.
ناسينی دەرکييانەی کورد يان بە بابەتکردنيان
بێگومان هەر پرۆژەيەکی ناسين، ئەگەر بخوازێ ڕ ڕەگەزە ديار و ناديارەکانی ناسێنراو بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، پێويستی بەوە دەبێ لە هەنگاوی يەکەم ئەو بازنە ميتۆدييەی بۆ بدۆزێتەوە کە لەنێويدا دەشێ ناسێنراو سيستەمە تۆکمەکەی خۆی شل بکاتەوە، تا هەر دوو جۆرە ڕەگەز و يەکە پێکهێنەرەکانيان مانا دروستەکانی خۆيان بەدەستەوە بدەن، ئەمەش ئەو کاتە دەبێ کە مەودايەک لەنێوان ناسێنەر و ناسێنراو هەبێ و ڕێگە بۆ بابەتگەرايی لە پرۆسەی لێتوێژينەوە خۆشدەکات، دواتريش ناسێنراو دەبێتە ئەو بابەتەی پەيوەندی بە لێکۆڵەر پەيوەستە بەو ويستی زانينەی پێناسەی لێکۆڵیاری پێداوە.
بە بابەتکردنی کورد بۆ ناسينەوەی، کردەيەکی کۆنی نوێيە؛ کۆنە چونکە لەگەڵ بوونی مێژوويياندا دەستی پێکردوە، بەڵام لە زۆربەی بار و کاتدا پرۆسەيەکی ناتەواو و پەيوەست بووە بە پاشخانی کولتووری و ئاستی تێگەيشتن و پێگەيشتنی بەرهەمهێنەرانی ناسينەکە، بۆيە دەبينين دابڕاو و پچڕپچڕە، هێندێک جار تەواو ونە، هێندێک جاريش – بەتايبەت لە ساتی بەريەککەوتن لەگەڵ پانتايی کوردی – دەردەکەوێتەوە و گوزارشت لە هەڵوێستە ئاشکرا و پەنهانەکان دەکات.
بەڵام لەسەردەمی نوێ، بە حوکمی ئامادەيی کارايانەی کورد – نێگەتيڤ يان پۆزەتيڤ – و دروستبوونی بابەتێک لەنێو گوتاری سياسی نوێ و هاوچەرخ بەناوی “دۆزی کورد”، لەو پانتاييە جوگرافييەی ئەوانی تێدايە، هەروەها بە حوکمی جێکردنەوەی لەنێو تێگەيشتنی ڕۆژئاوای مۆدێرن بۆ ڕۆژهەڵاتی کلاسيک، دوورايی فرە چەشنی بۆ پەيدا بووە و قسەکردن لەسەر کورد جۆرێک لە بەرداوميی پێوە ديارە، بێ ئەوەی ئەمە بەمانای گەيشتن بە ئاستێکی بەرزی بابەتگەرايی بێت، کە بە هۆيەوە کوردناسی مۆدێرن توانيبێتی لە بڕيارە پێشينەکان و پاشخانە کولتوورييە کۆن و نوێييەکان داببڕێ و ميتۆدە هاوچەرخەکانی بواری زانستە مرۆڤايەتييەکان تەواو تاقەتيان بەسەر پرۆسەی بە بابەتکردنەکەدا شکابێ.
ڕەنگبێ بەشێکی ئەو کەمايەتييە بگەڕێتەوە بۆ مانەوەی کورد لە دەرەوەی دەقی نووسراو، چ دەقی خۆماڵی بێ يان هی ئەوانيتر. بە بابەتکردنيش، تا ئەو کاتەی پەيوەستە بەو ميتۆدە فيلۆلۆژييەی تا ئێستا لە ڕۆژئاوا هەژموونی بەسەر خوێندنەوەی پانتايی ڕۆژهەڵاتيدا کردوە، سەرەدەری لەگەڵ دەقە نووسراوەکاندا دەکات و تەنيا لەنێو دەقدا حەقيقەتەکان دەناسێتەوە. کە کورديش کەمترين دەقی نووسراوی هەبێ، ئەوا دەرکەوتنی لەنێو گوتاری ڕۆژهەڵاتناسيدا – بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەرەکەی – سنووردار دەبێ، ئەوەی کە هەيە پتر سەرنج و بينينی گەڕيدەييانەيە، ئەمەش وادەکات ئەو کايە زانستييەی زاڵ دەبێ، ئەتنۆگرافيا و ئەنثرۆپۆلۆژيا بێ، بە هەموو ئەو قەيرانە بونيادييانەی وەک زاستی سەربەخۆ لەخۆيان گرتووە.
ئەو کولتوورە زارەکييە دەوڵەمەندەی کە کورد هەيەتی و بەشێکی بنەڕەتی ناسنامەکەيانی تێدا جێگير بووە و لەلای بەرهەمهێنەرانيدا پارێزراوە و يادەوەريانی پێکهێناوە و لە هەندێ شوێنيشدا بووەتە دەقی ئايينی و پيرۆزکراون، زۆرکەم لە ناسينەوەی بابەتييانەی کورد سوودی لێ بينراوە. تەنانەت لەنێو گوتاری ڕۆشنبيریی کورديدا بە بێبايەخ زانراوە و مەدای ئيشکردنی ئەم گوتارە کەمترين جێگەی بۆ کراوەتەوە. چونکە کاتێک ئەم گوتارە بانگەشەی بە بابەتکردنی کورد دەکات، کارەکەی پتر تێبينيکردنی سەرپێيی دياردە ئێستاييەکانە و ناگەڕێتەوە سەر يادەوەرييە زارەکييەکە، تەنانەت هەندێکجار ناگەڕێتەوە سەر کولتوورە نووسراوەکەش. بۆيە خەسڵەتی سەرەکی ئەم گوتارە حەماسەتێکی زاتييانە دەبێ و بريتی دەبێ لە هەوڵی خۆناسين (خودگەرايی)، بەڵام بە بيانووی کوردناسييەوە (بابەتگەرايی). تا ئەوکاتەش حەماسەتێکی ئاوا لە پشت خوێندنەوە بێت، کەمتر هزر وەک سيستەمێکی پەتی گوتاری بەرهەمهێنراو لەخۆ دەگرێ. هەر بۆيە دەبينين تێز و هەڵوێستەکانی ئەم دەستەبژێرە لە ناسين هەنووکەییە و ڕەنگە بەيانی – لەلايەن خۆيانەوە – بە ئاگايی و بێئاگايی بونيادەکەی هەڵبوەشێننەوە، نەک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بەڵکوو بەهۆی لاوازی کەرەستەکانی بونيادەکەيان، بۆيە دەبينين ئەم گوتارە بە ئاسانی دەبێتە گوتاری سياسی، ميديا، جەماوەر، بەڵام گوتاری ئەکاديمی پێ دروست ناکرێ. بەمەش کوردناسين لەو ناوەندەدا کەڵەکەبوونێکی نابێ و ئەگەر گوتارێکی نوێ سەرهەڵبدات دەبێ لە خاڵی سفرەوە دەست بە ناسينەوە بکات، ئەگەرنا دەبێ لەنێو هەمان بازنەی حەماسەتييانە بخولێتەوە و هەمان چەمک و دەستەواژەش بەرهەمبهێنێتەوە و چاوەڕێی ئەوەی لێناکرێ ڕوانگەيەکی نوێ بخاتە سەر کوردناسييەوە.
بێگومان ئەو شوێنەی لەنێوخۆدا چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێ لەچوارچێوەی گوتارێکی ئەکاديمی سەرەدەری لەگەڵ کوردناسيدا بکات؛ سيستەماتيکانە لە کورد بکۆڵێتەوە و ميتۆدێکی ڕوون بيرکردنەوەی و تێڕامانەکانی ئاڕاستە بکات، ئەوەيە کە پێی دەگوترێ دەزگای ئەکاديمی کوردی (زانکۆ، پەيمانگا، ئەکاديميا، سەنتەری توێژينەوەی زانستی و…هتد)
ئەو کاتەی خوێندنی ئەکاديمی لە زەمينەی کورديدا سەرهەڵدەدا و بە پشتبەستن بەو کولتوورە ئەکاديمييە ڕۆژئاواييەی لە پانتايی ڕۆژهەڵاتيدا – بە تێگەيشتنێکی جياواز – دادەڕێژرێتەوە، دەست بە کاری توێژينەوەيی دەکات، بەتايبەت لە بواری زانستە مرۆڤايەتييەکاندا، پشت بەو پاشخانە ميتۆدييە دەبەستێ، کە لەو قۆناغی گواستنەوەيەدا باو بوو. ديارە مەبەستمان هەمان ئەو ميتۆدی فيلۆلۆژييەيە کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد و کۆڵەگەی بنەڕەتی کارکردنە لەسەر دەق و توێژينەوەی چۆنييەتی پێکهاتن و شێوەگيربوونيەتی.
لە کايەی ئەکاديمی ئێمەدا، لە زوويەکەوە ئەم ميتۆدە – بە کۆمەڵێک کەم و کوڕييەوە – پەيڕەوی لێ کراوە، بەڵام لە قۆناغی سەرهەڵدانيدا و تا درەنگانێک پتر کاری تاکەکەسييانە و پەيوەست بوو بە کۆمەڵێک توێژەرەوە، کە ئەگەرچی زۆربەيان دەرچووی قوتابخانەی سۆڤييەتی بوون و پاشخانی ئايدۆلۆژی ئەم قوتابخانەيە و تاڕادەيەک حەمەساتێکی نەتەوەگەرا، لەچوارچێوەی باوەڕبوون بە دروشمی بزووتنەوەی ڕزگاريخوازی گەلانی ژێردەستە، زۆربەيانی بەيەکەوە کۆدەکردەوە، بەڵام دەزگايەکی سەربەخۆی ئەکاديمی کۆی نەدەکردنەوە و پاشخانەکە بەشی هەرە زۆری – ئەگەر نەڵێين تەواوی – حەقيقەتی کوردی لە زۆربەيان پەنهان کردبوو، بە جۆرێک کە باسيان لە کوردێک دەکرد، تەنيا لەنێو ئەو پاشخانەدا دەناسرێتەوە و مانای هەبوو. هەر بۆيە ئەو کاتەی ئەم پاشخانە ئايدۆلۆژيیە خۆی لاواز بوو يان بۆ هێندێک لەو کەسانە ڕەونەقی جارانی نەما، ئەو حەقيقەتەی بە کورد درا بوو، لای چەند کەسێکيان نەبێ کە تا ئێستا کوردناسی خەمی زانستييانە، ماناکانی پێشووی نەما.
هەرچۆنێک بێت، قوتابخانەی سۆڤييەتی بۆ کوردناسی خوێندنەوەی زۆر لەمە قووڵتری پێويستە، کە لێرە دەرەقەتی نايەين. ئەوەندە دەڵێين، کە کاتێک سيستەمی ئەکاديمی کوردی، لە نەوەدەکان، لەم بەشەی کوردستان برەودەسەنێ، ئەم کەسانە زوو لەنێويدا جێگەيان دەبێتەوە و دەبنە بەردێکی بنەڕەتی کايەی کوردناسی ئەکاديمیی کوردی و تاڕادەيەکی زۆر دەستنيشانی هزر و ميتۆدی ئەم کايەيان کردووە. بەڵام لەنێو ئەو دەزگا تازە دامەزراوانە، هەر لەبواری کارکردن لەسەر کورد، پاشخانە گشتييەکە زياتر پشت ئەستور دەبێ بە گوتارێکی سياسی کە دەخوازێ ببێتە گوتارێکی هەژموونگەرا و حەماسەتێکی نەتەوەگەرا – بەدەر لە ڕاستی و ناڕاستی تێگەيشتن لە نەتەوە – بۆ دۆزينەوەی کورد لەنێو زەمەن و دەرکەوتەيان لە چوارچێوەی کايە هەمەچەشنەکانی بوارە مرۆڤايەتييەکان (زمان، ئەدەب، مێژوو، جوگرافيا، ياسا، سۆسيۆلۆژيا، ئەنثرۆپۆلۆژيا، سايکۆلۆژياو…هتد). بەهەمان حەماسەت توێژەرانی سەر بەو دەزگايانە هانايان بردە بەر ميتۆدە باوەکە (فيلۆلۆژی)، تا لە ڕووی تەکنيکييەوە هەوڵە کوردناسييەکانيان فۆرمی ئەکاديمی وەربگرێ، لەڕووی ناوەڕۆکيشەوە بتوانن جێگيرييەک لەنێو پرۆسەی دامەزراندنەوەی شوناسی کوردی، بەپێی تێگەيشتنی پابەند بە گوتار و حەماسەتەکە، بدۆزنەوە. ديارە مەبەستمان لەمەش دۆزينەوەی قەوارەی کوردە لە دووتوێی شرۆڤەکردنی دەقەکانی پەيوەست بەو کايە زانستيانەی ناومان هێنان. بەڵام شرۆڤەکردنی دەقەکانی بەردەست هەر تەنيا بۆ دۆزينەوەی “تاکە مانای ڕاستەقينە”ی پشت دێڕەکانيان نييە، وەک لە ميتۆدی فيلۆلۆژيدا باوە و کڕۆکی ميتۆدەکە پێکدێنێ، بەڵکو مەبەستێکی تريشيان هەيە، ئەويش خۆماڵی کردنی دەقەکانە؛ تا بوونە مێژووييەکەی ناسێنراو بچەسپێ و لە ناوکۆی گشتيدا ڕەوايەتی هەبێ. بێگومان ئاکامی ئەمەش هەر پابەندبوونە بە ميتۆدەکە، بەوەی جەخت لەسەر سەروەری و بێهاوتايی کولتوور و گرۆيە مرۆييەکان دەکاتەوە، بە پشت بەستن بە دەرکەوتنيان لەنێو دەقدا.
$پێکهاتەی دەزگای ئەکاديمی وەک بەربەستێکی کاری کوردناسی$
بۆ تێگەيشتن لە بەرهەمی کوردناسی دەزگای ئەکاديمی، هەر ئەوەندە بەس نييە ستراتيژيەتی ميتۆد لە داڕشتنی ناسينەکە بخوێنينەوە، بەڵکو ئەوەی هاوکارێکی زۆر باشمان دەبێ، تەکنيکی دروستکردنی توێژەری کوردناسە لەلايەن ئەوانەوە، چونکە – وەک کەمێکی تر دەبينين – هەمان ئەو تەکنيکانەن کە بۆ کوردناسييەکە دەزگاکە پەيڕەويان لێ دەکات، تەنانەت بۆ دەرەوەی خۆشی گوزارشتی خەسڵەتەکانی ناسينەکەی پێ دەکات.
دەزگای ئەکاديمی، هەر لە دەستپێکەوە، توێژەر دەخاتە ژێر باری سيستەمی پەيوەندييەکانی خۆيەوە (توێژەر و دەزگا، توێژەر و وانەبێژی پسپۆڕ، توێژەر و سەرپەرشتيار، توێژەر و بنەما دۆگماکانی ڕێبازی لێکۆڵينەوەی پەيڕەوکراو)، کە ئەو پەيوەندييانەش، لە سادەترين هەڵسەنگاندندا دەردەکەوێ، ڕێگە بە سەرهەڵدانی “تاکگەرايی ئەکاديمی” نادات، ئەگەر وا ئەو فۆرمەی تاکگەرايی بناسێنين کە مەبەست لە دروستکردنی توێژەری ئەکاديمیی داهێنانی زانستی و بيرکردنەوەی ڕەخنەگرانەيە، کە وادەکات ئەم توێژەرە کەسێتیی زانستیی سەربەخۆی هەبێ و چاوەڕێی ئەوەی لێ بکرێ جياواز لە هاوپسپۆڕييەکانی لە بابەتی پسپۆڕييەکەی بدوێ و تيم و پرسيارەکانی دابڕێژێ. کەچی ئەوەی لەو دەزگايانەدا تێبينی دەکرێ جەختکردنەوەيە لەسەر “هاوشێوەبوونی ئەکاديمی” توێژەران لە بوارە پسپۆڕييە هاوشێوەکاندا، بە تايبەتيش کە ميتۆدی پەيڕەوکراو ئەم تێزە پشت ئەستور دەکات، تا وای لێ دێت بەهای زانستی توێژينەوەکان لەو هاوشێوەييەدا بێ، چونکە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی ئەو کارانە نەگۆڕن و عەقڵيەتی ئەکاديمیی دەزگا کۆنتڕۆڵی کردوون. هەر ئەمەيە وادەکات، ئەو ئاکام و دەرئەنجامانەی توێژينەوەکانی بواری کوردناسی لە کايە هەمەچەشنەکاندا پێی دەگەن، زۆر لەيەکتر بچن و بە دەگمەن نەبێ هەست بە جياوازی کەسێتی توێژەرەکانيان نەکرێ.
بێگومان ئەم لێکچوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی سيستەمە ئەکاديمييەکە، کە بيرکردنەوەی داهێنەرانە پرسی سەرەکی پەيوەندييەکانی توێژەر بە دەوروبەرەکەی نييە، بەڵکو پابەندبوون و پاراستنی چوارچێوەی پەيوەندييەکان پرسە بنەڕەتييە، ئيدی بيرکردنەوە دەبێ گەواهيدەری ئەو پابەندييە بێت.
هەرچۆنێک بێت، بەرهەمی توێژەرەکان – لە ئاکامدا – جۆرێک لە کەڵەکەبوونی پێوە ديارە، بەڵام – تا ئەو ڕادەيەی ميتۆدی پەيڕەوکراو ڕێگە دەدا – بريتييە لە کەڵەکەبوونی زانياری لەبارەی کوردەوە نەک ناسينيان. کۆکردنەوەی زانياريش بە مانای گێڕانەوەی ميتۆدييانەی هەواڵی کوردانە (هەواڵی جوگرافی، مێژوويی، سۆسيۆلۆژی، ئەدەبی و…هتد)، چونکە ئەم جۆرە پەسەندکراوەی توێژينەوە پتر بريتييە لە پۆلێنکردن و فۆرمبەندکردنی زانيارييەکان، بۆ ئەوەی بخرێنە سەر ناوکۆيەکی ئەوتۆ، کە تەواوکەری هەمان ئەو پرۆسەی حەکايەتکردنەی کوردە کە پێشتر باسمان کرد. هەر لەبەر ئەوەيە زۆرجار لە پشت ئەو زانيارييە پۆلێنکراوەنەدا کڕۆکی بابەت پەنهانە و قەوارەی سەربەخۆ وەرناگرێ و پرۆسەی ناسينی دياردەی لێکۆڵراوە لە دەرەوەی توانای عەقڵی و ميتۆدييەکانی توێژەر دەبێ، با بە باشيش پابەندی “ڕێساکانی ڕێبازی لێکۆڵينەوەی زانستی” بووبێ. خۆ کارکردن لەسەر ئەو ناسينە بە ئەرکی ئەو نەزانراوە و دەزگای پەيوەنديدار داوای لێ ناکات بچێتە ئەم ئاستەوە. هەر بۆيە توێژەری هەرە باش و زانستی ئەوەيانە کە پڕ لە زانيارييە، نەک توێژەری ڕەخنەگر و پەيڕەوکاری ميتۆدی سەربەخۆ، کە ڕوانگەی فەلسەفی خۆی هەيە و ڕێگە بەخۆی دەدات بابەتی لێکۆڵراوە (کورد) بناسێ و تيۆريزەی بکات. ئەم کەسانەی دوايی زوو – لە لايەن دەزگاکەوە – هەوڵی کۆنترۆڵکردنيان دەدرێ؛ يان بە لەڕێ لادەر و دەرچوو لە “عورفی ئەکاديمی” تۆمەتبار دەکرێن، يانيش لەنێو ئەو تۆڕە ڕۆتينەی دەزگاکە پێيەوە پەيوەستە، وندەبن. ئيدی توێژەری تەندروست، ئەوەيانە کە بە پابەندييەکەی خۆيەوە پلەکانی توێژەری دەبڕێ تا دەبێتە پسپۆڕی ئەکاديمی کايە زانستييەکە، ئەمەش بەو کۆمەڵە توێژينەوەيە دەبێ کە زۆرترين زانياری نوێ لەبارەی کورد لەخۆ دەگرن.
لێرەدا – بەر لەوەی قسەمان لەسەر کوردناسی ئەکاديمی تەواو بکەين – دەبێ ئاماژە بەوە بدەين ئێمە قسە لەسەر ئەو توێژەرانە دەکەين، کە لەنێو دەزگا ئەکاديمييەکان ويستی زانين پاڵنەری کارکردنيانە و بەو ڕووتەختە کەمەی بۆ بيرکردنەوە ڕەخساوە، خەريکی توێژينەوەن و دەخوازن کەسێتی ئەکاديميان – بەدەر لە ڕازيبوون يان ڕازينەبوونی ئێمە بەو کەسێتييەيان – سەنگی هەوڵەکانيان بێت، نەک ئەوانەی لە ڕەحمی دەزگاکانەوە بە شێواوی لەدايک بووينە و بوونەتە بارێکی زۆر قورسی سەرشانی ئەکاديميایی کوردی و کارە توێژينەوەکانيان! دوور و نزيک پەيوەنديان بە کوردناسييەوە نييە، ئەوەندەی بەکاربەری کەمە زانيارييەکی سەرپێیی و کرچ و کاڵن و لەگەڵ سادەترين بنەمای ميتۆدی زانستی پسپۆڕييەکەيان ئاشنا نين، ئەگەرچی هەندێ جار “تەئليفەکانيان” – بە حوکمی پێگەی وەهميانە و سەرمايەيەکی ڕەمزی ساختە لە ناوەندی ئەکاديمی و سياسيدا – وەک بەرهەمی گەورە و ناوازە بانگەشەيان بۆ دەکرێ و ” دەخرێنە بەر باس و لێکۆڵينەوە!” و “بەرز دەنرخێنرێن!”، بەڵام دوای بەکارهێنانی وەک ئەو سەرمايەيە بۆ بەرژەوەندييەکی دياریکراو، ئەو “شاکار”انە زوو وندەبن و ئەوەی دەمێنێتەوە هەڵوێستی ڕۆژانەی ئەم کەسانەيە نەک تێز و بيروبۆچوونەکانيان. ئيدی بە مانەوەی ئەم بارە قورسە، چارەنووسی زانستی زۆرێک لەو دەزگايانە لە ناوەندی ئەکاديمی ناوچەيی و جيهانيدا بە نادياری دەمێنێتەوە و کولتووری کوردناسيش کەمدەکات و زياد نابێ.
دێينەوە سەر پابەندی توێژەری ئەکاديمی بە دەق و ئەرکی کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی زانيارييەکان و دەڵێين کە ئەو ميتۆدە جۆرێک لە غروری نائەکاديمی بۆ بڕێک لە توێژەرانی ڕيزی پێشەوە لە بواری کوردناسی، دروستکردووە و وای لێ کردوون شانازی زانستييان لەوەدا چڕ ببێتەوە زانياری تازەيان دەستکەوتووە، يان کتێبێکی دانسقەيان هەيە، ياخود بەڵگەنامەيەکی ناوازەيان بۆ هاتووە، يانيش دەستنووسێکی نەبينراويان بينيوە!، کە ئەمەش دەبێتە دەرکەوتەی سەرەکی کەسێتييە ئەکاديمييەکەی، ئيدی ئەو دەستنووس و بەڵگەنامە و کتێب و زانيارييانە دەبنە سەرمايەی زانستی – ڕەمزی ئەو لە ناوەندەکەدا (تەنانەت زۆرجار دەبينين بە توێژەر و پسپۆڕانی تری بوارەکەی نادەن، ڕەنگە پێيان وابێ بەمە ڕازی پسپۆڕێتيان ئاشکرا دەبێ!)، کە بوونی خۆی لەنێوياندا دەبينێتەوە، پتر لەوەی چەندە توانيويەتی ڕەهەندە هەمەچەشنەکانی دەقەکان شرۆڤە بکات. بێگومان ئەم قۆرخکردنەی دەقيش جەختکردنەوەی توێژەر و لە پشت ئەويشەوە دەزگا ئەکاديمييەکەيەتی بۆ قۆرخکردنی حەقيقەت و ئەو پانتاييەی دەيخولقێنێ بۆ دەرخستن يا شاردنەوەی ئەم حەقيقەتە.
لە حاڵەتی ئاوادا، جۆرێک لە پيرۆزی بە بەر دەق و زانيارييەکان دادەبڕێ و هەموو کەس بە شايستەی ئەوە نازانرێ قسە لەسەر بابەتەکانی نێوياندا (دەرکەوتەکانی کوردبوون) بکات. ئيدی “باوەڕ”ێکی نائاسايی، ئايکۆنێک بۆ کوردان لە خەياڵدانی ئەکاديمييدا دادەتاشێ، کە ڕەنگە پتر وێنای کورد بێ نەک حەقيقەتەکەی بەپێی ئەو ستراتيژيەتەی لە گوزارشت کردن لەوێدا حەقيقەت پەيڕەو دەکرێ. ئەمەش ئايکۆنێکی پيرۆزە و کاتێک دەچێتە ئاستە ميللييە بەسياسيیکراوەکەی ناسين، دەپەرسترێ و (بەمانای قەدەغەبوونی پرسيارکردن لە ماهيەت و چۆنييەتی خۆنواندنی) کەمترين گفتوگۆی نائاسايی بۆ ناسينێکی تری کورد حەماسەتە ميللييەکە دەوروژێنێ، چونکە دەقەکان دەبنە گەواهيدەر و ڕەوايی بەو سيستەمە دەبەخشنەوە کە کوردی تێدا داناسێنرێ و، ناسينی جياوازيش دەشێ وەک تێکشکاندنی پيرۆزی و “کوفر” چاوی لێ بکرێ.
لەلايەکی ترەوە، کێشەی ئەو ميتۆدە، بۆ توێژەرانی نێو دەزگا ئەکاديمييەکانی ئێرە، لەوەدايە کە کەمی دەق – تەنانەت نەبوونيان لە هەندێ بواردا – ڕێگە بە بينينی هەمەگيرانەی ئەوەی لە ميتۆدەکەدا پێيدەگوترێ “بەردەوامێتی پێشکەوتنگەرا” نادا، کە ئێستای قەوارەی کوردی – ديسان دەڵێين بە پێی بەرجەستەبوونی لە چوارچێوەی سيستەمی پێکهێنەری کايە زانستييە جياوازەکان – لەنێو دوێنێيدا دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەگەر توێژەر دێ و دەخوازێ بەهۆی پابەندبوونی بە ميتۆدەکە ئەم کارە بکات(يان دەيکات!)، دەبينێ ئەم دوێنێيە جومگە هەرە بنەڕەتييەکانی ناديارە و کەمترين دەرکەوتەی دەقانەی هەيە، نەک هەر نائومێد دەبێ بەڵکو لە گێژاوی ميتۆدەکەدا خۆی وندەکات و لە بری ئەوەی کوردناسێکی لێ چێ بێت، بێئەوەی درکی پێ بکات جۆرە وەهمێکی تر دەخاتە سەر وەهمەکانی ناسينەکە.
لەبەر ئەوەی حەماسەت و ڕوانگەيەکی سياسييانە هاندەری کارکردنی توێژەری بواری کوردناسييە، بۆيە ئەگەر دەقی خۆماڵی لەبەردەستدا نييە، لە دەقەکانی ئەوانيتردا بەدوای وەسفێکی قەبوڵکراوياندا دادەگەڕێ، بە هەموو ئەو بڕيارە پێشينە و پاشخانە کولتووری و زەمينە سياسی و کۆمەڵايەتی و هزرييەی کۆنتڕۆڵی وێنای ئەم “ئەويتر”ەی بۆ کورد کردووە. لێرەدا کەمجار توێژەر شرۆڤەی ئەم پاشخانە دەکات، ئەوەندەی خەريکی هەڵاوێردکرنی زانيارييەکان دەبێ، تا ئەوەيان هەڵبژێرێ، کە وێنەی جوانی کورد دەنەخشێنێ و گەرەنتی بەردەوامی پێشکەوتنگەرايان دەکات، لەکاتێکدا پرۆسەيەکی ئاوا ڕێگە بە تێگەيشتن لە زەينی ئەويتر و تواناکانی خەياڵکردنی کورد لە کولتوورەکانی تر نادات، هەروەها توێژەر دەخاتە حاڵەتی پەرچەکردارانە و ناجێگيری بيرکردنەوە بە حوکمی ڕێکنەهاتنەوە – بەڵکو دژ بوونی ڕەها – ی ئەو وێنايەی ئەو بۆ کوردی هەيە لەگەڵ باسی ئەوانيتر بۆيان.
ڕەخنەگرتن لە ميتۆدی فيلۆلۆژی بەمانای بێبەهاکردنی نيیە، بەڵکو دەبێ بزانين کە ئەمە ميتۆدێکی پێويستە بۆ دۆزينەوە و بينينی چينە کەڵەکەبووەکانی سەر ئەوەی ناومان نا قەوارەی کوردی، چونکە تا ئەوکاتەی بوونی کورد لە زۆر ڕەهەندييەوە لەنێو زەمەندا ناديارە، ئەوا ميتۆدەکە هاوکارێکی باشمان دەبێ لە بينينی هێندێک لە يەکە پێکهێنەر و بنەڕەتييەکانی ئەم بوونە
لەلايەکی تر هەندێ لە توێژەران، لەبەر پسپۆڕييەکەيان يان کارنەکردنی ئەوانيتر لەسەر کورد لەو بوارەدا، دێن خۆيان دەق دروست دەکەن، ئەمەش لەڕێگەی هانابردنە بەر تەکنيکی تايبەتمەندکردنی گشتگيرەوە؛ بۆ نموونە تايبەتمەندکردنی تيۆرە ئەدەبی، زمانەوانی، سۆسيۆلۆژی، سايکۆلۆژييەکان، بۆ ئەوەی ڕێک لەگەڵ قەوارە کوردييەکەدا بگونجێ، يان لايەنی کەم ماقوڵيەت و ڕەوايەتی ببەخشێتە خوێندنەوەی ئەم قەوارەيە.
بێگومان ڕەخنەگرتن لە ميتۆدی فيلۆلۆژی بەمانای بێبەهاکردنی نيیە، وەک هزرڤان محەمەد ئەرگون ڕايدەگەيەنێ، بەڵکو دەبێ بزانين کە ئەمە ميتۆدێکی پێويستە بۆ دۆزينەوە و بينينی چينە کەڵەکەبووەکانی سەر ئەوەی ناومان نا قەوارەی کوردی، چونکە تا ئەوکاتەی بوونی کورد لە زۆر ڕەهەندييەوە لەنێو زەمەندا ناديارە، ئەوا ميتۆدەکە – ئەگەر دروست و لەچوارچێوەی تراديسيۆنێکی تۆکمەی ئەکاديمييەوە بەکاربهێنرێ – هاوکارێکی باشمان دەبێ لە بينينی هێندێک لە يەکە پێکهێنەر و بنەڕەتييەکانی ئەم بوونە؛ ڕەهەندی ئەوتۆمان بۆ کەشف دەکات کە لە بەرهەمەکانی قۆناغەکانی پێشووتری کوردناسيدا نەبينراو بوون و کاريگەريشيان بەسەر داڕشتنی ئەو گوتارەوە نەبووە کە لە ئاکامی ناسينەکەدا بەرهەمدەهێنرا و کاری پێ دەکرا. ئەمە سەرباری ئەوەی – وەک بينيمان – ميتۆدەکە جێنشينکردنی کوردی لەنێو دەقەکانی ئەوانيترەوە بۆ خستينەڕوو و ئەگەر توێژەر کەمێک پابەند دەبێ بەو فەزا ڕەخنەييەی ميتۆدەکە دەيڕەخسێنێ (ڕەخنەی دەرەکی و ناوەکی دەق)، ئەوا دەشێ وردەکارييەکانی ئەم جێنشينکردنە ببينێ و چاودێری کاريگەرييەکانی بڕيارە پێشينەکان و چۆنييەتی کارکردنی سيستەماتيکانەی پاشخانە کولتورييەکان لە وێناکردن و هێشتنەوە يان نەهێشتنەوەی ڕەگەزەکانی شوناس لەنێو يادەوەری دەستەجەمعی و نووسراودا بکات.
لەبەردەم ئەگەری دامەزراندنی دەزگای ئەکاديمیی نوێ بۆ کاری کوردناسی
لە ئێستادا هەڵوەشاندنەوەی ئەو سيستەمەی ئەکاديمی کوردی بەقەد هەڵوەشاندنەوەی سيستەمی کوردناسی ئەستەمە، بەهەمان شێوە داڕشتنەوەيشی زەحمەتە؛ ئەزموونی چەند ساڵەی ڕابردوو دەريخست ئەو سيستەمەيە ئەوەند تۆکمەيە و لەنێوخۆيدا دەژی و مانايەکی بۆخۆی داڕشتووە، کە هەر پڕۆژە و تەنانەت بيروبۆچوونێکی دەرکی – ئەگەر لە سەرووی خۆشيەوە – بەسەريدا بسەپێنرێ، زوو ماڵی دەکات و لەگەڵ ئەو پێکهاتەيەی خۆيدا دەيگونجێنێ، بەڵام دوای ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵی دەکاتەوە و دەيکاتە فۆرمێکی بێ ناوەڕۆک و وا ئاڕاستەی دەکات کە خۆی دەيخوازێ، تاڕادەيەک کە نەک هەر بۆ ئەندامانی نێو سيستەمەکە، بەڵکو بۆ چاودێری دەرەکيش وەک پرۆژە و بيروبۆچوونی بێ بەها دەبينرێن و پيادەکردنی بە زياد دەزانرێ.
ئەگەر ئەم لەخۆگرتنە و دواتر نامۆکردنە لە ئاستی تەکنيکی و لەچوارچێوەی پێناسی دەزگاکە (وەک شوێنی بەرهەمهێنی زانست) ئاوايە، ئەوا لە ئاستی کرداری ئەو بەرهەمهێنانە و کارێکی توێژينەوەيی پەتی وەک کوردناسيدا، زۆر زەقتر دەردەکەوێ و قەبوڵکردنی گۆڕين – هەم لە ميتۆدی بيرکردنەوە و هەميش لە شێوازی ئيشکردن – ئەستەمتر و لەبەردەم هەوڵی نوێدا بەرنگاربوونەوەی زياتر و بڕێکجار توندوتيژ دەنوێنێ (وەک ئەوەی ئەم تەرزە توێژەرە مەبەستێکيان هەيە و دەيانەوێ لەبەرژەوەندی نەتەوەيی بدەن!).
بەڵام خۆ لە دوا وێستگەدا، هەردەبێ پێداچوونەوە بە کاری کوردناسی بکرێ و وەک کايەيەک لەنێو دەزگای ئەکاديميدا بخرێتە چوارچێوەی سيستەمێکی زانستی، کە تيايدا ڕێگە بە گۆڕينی ميتۆدە باوەکە و ئەزموونکردنی ميتۆدی نوێ و گونجاو خۆشبکرێ. ئەگەر بمانەوێ دەست بە شتێکی ئاوا بکەين دەبێ بير لە جێگرەوەيەکی دەزگاکانی ئێستا بکەينەوە؛ ئەرگومێنت لەبارەی سەنتەری ئەوتۆی لێکۆڵينەوەی کوردناسييانە بخەينەڕوو، تا بزانێ چۆن و بە چ پێوەرێک لەم بوارەدا کار دەکات. بە بۆچوونی ئێمە پرۆژەی ئاوا ئەوکاتە ئاکامی دەبێ کە دابڕانێکی تەکنيکی و مەعريفی و تەنانەت وجودی لەگەڵ سيستەمی پێشوودا هەبێ و بە تێگەيشتنی جياواز و تەکنيکی جياوازەوە بونياد و پاشخانە هزرييەکەی دابڕێژرێ. بەڵام لەو کاتەشدا پابەندبوون بە بنەما کلاسيکييەکانی دروستکردنی کەسێتی توێژەر و کوردناس (وەک ئێستا باوە)، تەنانەت کەسێتی ئەوانەيش کە لە دەرەوەی دەزگاکانن، بەڵام زادەی فەزای باوی ڕۆشنبيریی کوردين، بەو هەموو ناجێگيرييە ميتۆدييەی ئەو فەزايە لەخۆی گرتووە بێ جياوازی نێوان ڕەوتە باو و ناباوەکانی، ئەوا بەرهەمی دەزگای تازە دامەزراو و تەنانەت پرۆژە تاکەکەسييەکانيش هەمان ئاکاميان دەبێ کە دەزگا و پرۆژەکانی تر هەيانبووە.
بۆيە بەر لەهەموو پرۆژەيەک و بەرنامەيەکی ڕەونەقدار کە تێيدا بانگەشەی گۆڕينی ميتۆد و تێز و بۆچوون لەبارەی ناسينی کورد بکەی، تا کارەکە نامۆ نەيەتە بەرچاو و وەک تەنێکی بێزراوی پانتاييە گشتييەکە سەرەدەری لەگەڵدا نەکرێ، پێويستت بە داڕشتنەوەی کەسێتی ئەکاديمی و ماناکانی دەبێ. ئەگەرنا وەک فۆرمە کۆنەکانی ئەم کەسێتييە زوو بە پشت بەستن بە مەعريفەی بەرهەمهێنراو دەسەڵاتێکی ئەوتۆ پەيدا دەکەن، ڕێگە بەخۆيان بدەن جارێکی تر کوردناسی لەقالبێکی تر بدەن و چەقبەستووی بکەن و خۆيان وەک تاکە لايەنی ڕێگەپێدراوی ناسينەکە بنوێنن، وەک دەبينين پتر هەندێک لە دەستەبژێری ڕۆشنبيری، بە حوکمی ئاگادارييەکی زانياريگەرايانەيان بە ميتۆدە هاوچەرخەکان بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە و ئەوانيش سەرمايە ڕەمزييەکەيانيان لەسەر بونيادناوە. بەڵکو ئەو کەسێتييە نوێيە دەبێ بتوانێ کوردبوونی خۆی و ئەو بڕيارە پێشينانەی ئەو فۆمەی بوون بەسەريدا دەسەپێنێ، لە دەروەی کورد لە خۆيدا و وەک دياردەيەک ببيبينێ و ببێتە بابەتێک بۆ بيرکردنەوەيەکی پەتی و پرۆژەی توێژينەوەکانی، لەسەرووی هەموو گوتارێکی دەزگايی – سياسييەوە. واتا تاکە پێوەری توێژەر بوون ويستی بەرهەمهێنانی مەعريفە بێت، ئەگەر کورديش دەشێ مەعريفەی لەسەر بەرهەمبهێنرێ، ئەوا لەلای ئەودا شياوی بەبابەتکردن و تەنانەت تيۆريزەکردن دەبێ.
ئەوکاتە ئەگەر دەزگای ئەکاديمی دەخوازێ بە سيستەمێکی نوێ لە کورد تێبگات و ببێتە سەرچاوەيەک بۆ ئەو چەمک و دەستەواژانەی هاوکارمان دەبن لەو تێگەيشتنە، ئەوا دەبێ بەسەر ئەو گەشەسەندنە ميتۆدييەدا کراوەبێ کە لە دەزگا هاوشێوەکانی، لەجيهاندا ڕوويانداوە، بەتايبەت گۆڕانە بەردەوامەکانی ميتۆد لە کايە مرۆڤايەتييەکاندا، تا بەمە ڕێگەی تيۆريزەکردن بۆ توێژەران خۆشببێ. ئەگەرنا تا ئەوکاتەی ئيشی کەسی ئەکاديمی جێکردنەوەی کورد بێ لە چوارچێوەی سيستەمی باوی بيرکردنەوەی زانستييەوە، ئەوا کوردناسی بە چەقبەستوويی دەمێنێتەوە و کەينونەی کوردی ڕووبەڕووی پرسياری جيددی نابێتەوە و لەو تۆڕە پەيوەندييە ناگەين کە بەهۆيەوە کوردبوون (لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا) مانا بەخۆی و بەجيهان دەبەخشێ. ميتۆدی کارکردن ئەوکاتە کارايە کە بتوانێ وامان لێ بکات دووراييە ديار و ناديارەکانی عەقڵييەتی کوردی و چۆنيەتی ئيشکردنی ببينين، ئەمەش لەميانەی پەيوەندييەکانی ئەو عەقڵييەتە بە هەريەک لە يادەوەری و خەياڵکردن کە لە هەردوو کولتووری زارەکی و نووسراوی کورديدا هەژموونگەرايانە ئامادەن و لەنێو هەموو چاڵاکييەکی عەقڵی – بە دەر لە کايە و ڕووتەختی چالاکييەکە – کەم تا زۆر بەرجەستە دەبن و ئاڕاستەی دەکەن. ئەمە مانای داهێنانی ميتۆدی نوێ نيیە بۆ خوێندنەوەی کورد، ئەوەندەی دابڕينی ميتۆدە باوەکانە لە پاشخانەکانيان و گونجاندنيانە لەگەڵ پاشخانی کوردی. ئەگەر وابکەين، بەجۆرێکی تر شوناسی کوردی دەبينين و لەسەرووی هەموو وێنا و بڕيارێکی پێشينەی ئەم و ئەوەوە ئەم دياردە مرۆييە دەناسرێتەوە.[1]
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 840 جار هاتیە دیتن
هاشتاگ
ژێدەر
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | https://jineftin.krd/
بابەتێن پەیوەستکری: 6
زمانێ بابەتی: کوردیی ناوەڕاست
روژا تمام کرنێ: 05-09-2020 (4 سال)
جوڕێ دۆکومێنتێ: زمانی یەکەم
جوڕێ وەشانێ: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: ک. باشوور
وەڵات - هەرێم: کوردستان
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: کۆمەڵناسی
کاتەگۆریا ناڤەڕۆکێ: مێژوو
تایبەتمەندی یێن تەکنیکی
کوالیتیا ڤی بابەتی: 99%
99%
ئەڤ بابەتە ژ لایێ: ( هەژار کامەلا ) ل: 04-10-2022 هاتیە تومارکرن
ئەڤ بابەتە ژ ئالێ: ( ئاراس ئیلنجاغی ) ل : 04-10-2022 پێداچوون ژبوو هاتییە کرن و ڕەها بوویە
ئەڤ بابەتە بو دویماهیک جار ژ لایێ: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ڤە: 13-12-2022 هاتیە ڕاست ڤەکرن
ناڤ و نیشانێن بابەتی
ئەڤ بابەتە ب ستانداردی کوردیپێدیا هێشتا نە دروستە و پێدڤی ب داڕشتنەکا بابەتی و زمانی هەیە!
ئەڤ بابەتە 840 جار هاتیە دیتن
فایلێن پەیوەست کری - ڤێرشن
جور ڤێرشن ناڤێ تومارکەری
فایلا وێنەیی 1.0.168 KB 04-10-2022 هەژار کامەلاهـ.ک.
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
کەسایەتی
خەیری ئادەم
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
کورتەباس
شاعرەکی نەنیاس و دوو هوزان
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
کەسایەتی
عیسا هادی شەکر فارس
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
کەسایەتی
بلند محەمەد
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ

روژەڤ
جهـ
تل قەسەب
01-02-2024
ڤەژەن کشتۆ
تل قەسەب
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
21-02-2024
زریان سەرچناری
سەبریا هەکاری
کەسایەتی
ئەڤریم ئالاتاش
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
ئەڤریم ئالاتاش
کەسایەتی
خالد بەگێ جبری
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
خالد بەگێ جبری
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
ڕەمبوسی
بابەتێ نوی
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
25-04-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
کەسایەتی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
فەیروز ئازاد
25-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
جهـ
ڕەمبوسی
24-04-2024
ڤەژەن کشتۆ
کەسایەتی
ساکار
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
کەسایەتی
ساکار نەجم
14-04-2024
کاروان م. ئاکرەیی
ئامار
بابەت 517,662
وێنە 106,185
پەرتوک PDF 19,172
فایلێن پەیوەندیدار 96,600
ڤیدیۆ 1,318
کوردیپیدیا بەرفرەهترین ژێدەرێ زانیاریێن کوردییە!
کەسایەتی
خەیری ئادەم
وێنە و پێناس
مستەفا بارزانی ل دەمێ پێشکێشکرنا گۆتارەکێ ل کۆیە، ساڵا 1963
پەڕتووکخانە
گۆگەمێلا، چەپا کەنیزەکێن پایتۆنان
پەڕتووکخانە
رەوشنبیرییا کوردی د ناڤبەرا شیانێن تاکی و رێکخستنا جڤاکێ دا
پەڕتووکخانە
گەهنۆم ڤارێبوون ژ بهایان
کەسایەتی
سەرهات ناریمان خەمۆ
کورتەباس
مەردینی ب دلی یە نە ب مالێ یە
کەسایەتی
فایزا دربۆ حسێن
کەسایەتی
فادیا فێسەڵ ڕەڤۆ حسێن
وێنە و پێناس
لالش ل ساڵا 1976
کورتەباس
تۆسنێ رەشید دەنگکی هەلبەستڤانێ گەش ژ کوردێن سۆڤێتێ
شوینوار و جهێن کەڤنار
شکەفتا گوندێ گوندکی ل ئاکرێ
کورتەباس
شاعرەکی نەنیاس و دوو هوزان
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها کوردا
پەڕتووکخانە
بێهۆدەییا جانی
کەسایەتی
سەبریا هەکاری
وێنە و پێناس
کۆمەڵەکا دانعەمرێن ئێزدی ل لالش، ساڵا 1976
کەسایەتی
عیسا هادی شەکر فارس
کەسایەتی
عەیشان مجۆ بەرکات جۆمەر
وێنە و پێناس
نەورۆزا ساڵا 1972
شوینوار و جهێن کەڤنار
کەلها سارتکە
کەسایەتی
بلند محەمەد
کورتەباس
گەنجینەکا زێڕین
وێنە و پێناس
زەلامێن کورد ل دەمێ یاریا تاولێ ل باژێڕۆکێ کۆیە، ساڵا 1963
کورتەباس
نەڤسیا ژنبابی
کەسایەتی
عەیشان هەسن دەروێش حەمۆ
کەسایەتی
عەبدوڵا ساڵح ئاکرەیی
شوینوار و جهێن کەڤنار
پرا دەلال
پەڕتووکخانە
پیڤەرێن رێکخستنەڤەیا جاڤاکا هەرێما کوردستانێ

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| دروستکرنا لاپەری 1.625 چرکە!