کەشتی نوح
دوێنی ووتی ووتی ناو شار باس و چیرۆکی ئەو هێزە بوو کە چوو بووە شارەوانی، بێگومان هەموو کارێکی لەو شێوەیە کە هێزی جۆراوجۆر و ڕەنگا و ڕەنگی تیا بەکار بێت ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت..
هەندێک دڵخۆش بوون بەوەی ئەوکارە ترس لای مافیاکان دروست ئەکات و چیتر دەست بۆ موڵک و ماڵی ئەم شارە نابرێت، من خۆم کۆتایی چیرۆکەکەم نەزانی چی بوو، ئایا هیچ مافیایەک یان بەچکە مافیایەک دەستگیرکرا ؟ ئایا ئەو هەموو هێز و لێدوانە ڕۆژنامەوانی و ڕوونکردنەوە و بێنە و بردەیە هیچ سودی ئەبێت ؟
ئەگەر بەقەدەر نووکی دەرزییەک سودی هەبووایە ئەمڕۆ لەسەر ڕووخاندنی کەشتی نوحەکەی سلێمانی خەبەرمان نەئەبوەوە، ڕووخاندنی ئەو خانووەی مامۆستا نەجمەدینی مەلا یەک لە تاوانە گەورەکانە کە بەرامبەر بە #سلێمانی# کرابێت، کاولکردنی ئەو خانووە سڕینەوەی مێژووی ئەم شارەیە، لەناوبردنی یادگارییەکانی خەڵکی ئەم شارەیە و تاوانێکە کە نابێت بێ سزایەکی یەکجار قورس تێپەرێت و ناشبێت ڕێگە بەهیچ کەسێک بدرێت کە نە ئێستا و نە لەئایندەشدا هیچ پرۆژەیەک لەو شوێنە جێبەجێ بکات، پێویستە ئەو شوێنە هەروا بەڕوخاوی بمێنێتەوە، تا کەس جورئەتی ئەوە بە خۆی نەدات کە چاو ببڕێتە گەڕەک یان خانوویەکی کۆن و پێویستە هەر سێ لایەنەکە (شوێنەوار و وەبەرهێنان و ئەو لایەنەی کڕیویەتی) بۆ کردنی بە مۆڵ و بازار بەقورسترین شێوە سزابدرێن..
هەروەک چۆن لە حاڵەتی فەرهودکردنی زەوی و زاری سلێمانی و هەروەها تەخشان و پەخشان کردنیدا تەنیا یەک کەس و یەک لایەن و یەک دەزگا و یەک فەرمانگە تاوانبار نیە بەڵکو هەموو ئەوانە تاوانبارن کە چاوپۆشی دەکەن و ئەوانەی بەش بەشی ئەکەن ئەوانەی ئەیفرۆشن و ئەوانەشی کە ئەیکرن لە ڕووخاندنی خانووە کۆنەکان و گەرەکە کۆنەکانی سلێمانیش هەر بەهەمان شێوەیە بەڵام لەحاڵەتی ڕووخاندنی خانووە کۆنەکان تاوانباری سەرەکی بەرپرسی شوێنەوارە و دووای ئەویش وەبەرهێنان کە لەوە ناچێت بەرامبەر بە ڕووخاندی هیچ خانویەکی کۆنی ئەم شارە و کردنی بە مۆڵ و شوێنی بازرگانی لارییان هەبێت..
دیارە ناردنی هێز هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و ڕێگری لە سەد بارەبوونەوەی ئەو تاوانە قێزەوەنانە ناکات کە بەرامبەر بە سلێمانی ئەکرێت چونکە زەوی فرۆشان و خانوو ڕوخێنەران و موڵەت پێدەران و چاوپۆشی کەران هەموو بەرۆژی ڕووناک و زۆر بێباکانە لە جادە و کۆڵانەکانی شارا ئەگەرین..!!
ئەوەی کە کۆتایی بەم پاش اگەردانییە بێنێت، بڕیارێکی جەریئانە و سەپاندنی سزایەکی کوشندانەی وەک لە بەردەرکی سەرا لەسێدارەدانە. [1]
#شاناز ئیبراهیم ئەحمەد#
17-08-2022
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 879 times
Write your comment about this item!