ناوچەی پشدەر ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، خەڵکی بۆ دابینکردنی بژێوییان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، بۆیە هەر ساڵێک لە کاتی خۆیدا باران نەبارێت تووشی زیان دەبن.
پێش کاتی بارانبارین و پەڵەدان، خەڵکی ناوچەکە زەوییەکانیان دەکێڵن و تووی پێوەدەکەن، چاوەڕێی باران بارین دەکەن، ئەو کاتەی وەختی باران بارین و پەڵەدانە و نابارێت، واتە: کاتی بارانبارین دوادەکەوێت، بۆ ئەوەی باران ببارێت و خەڵکی تووشی زیان نەبێت، پەیڕەو لەم نەریتە دەکرێت، منداڵانیش بووکە بەبارانێ بەم شێوەیە دەکەن:
بووکە بەبارانێ: منداڵان دوو دار دێنن، بە شێوەی خاچ ڕاست و چەپ پێکەوەی گرێی دەدەن، وەک بووک جلی دەکەنەبەر، پاشان یەکێک لە منداڵەکان ئەو بووکە دارینەیە بەدەستەوە دەگرێ و ماڵ بە ماڵ و کۆڵانبەکۆڵانی دەیگێڕن، منداڵانی تریش هەموویان دوای بووکە دارینەکە دەکەون و بە چەپڵە لێدانەوە ئەم گۆرانییە دەڵێن:
بووکە بە بارانێ
کاتژمێری جارانێ
ئاوی بن دەغڵانی
هەیاران و مەیاران
یاخوا داکاتە بارران
بۆ فەقیر و هەژاران
منداڵان کاتێک دەگەنە بەردەمی هەر ماڵێک، خاوەنی ماڵەکە سەتڵێک ئاو دەکات بە بووکەکەدا، بەپێی باوەڕی خەڵک، دوای ئەنجامدانی ئەم نەریتە باران دەبارێ.[1]