بۆقژە
یەکێکە لە نەریتەکانی ناوچەی پشدەر، لە ناوخەڵکیدا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بۆقژە بەکاردێت، (بۆقژە: نەخۆشییەکە منداڵ ناو دەمی تووشی برین دەبێ) بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە ئەم نەریتە پەیڕەو دەکرێت:
ئەو ماڵەی کە منداڵەکەیان تووشی نەخۆشی بۆقژە بووە، خاوەن منداڵەکە بە سەتڵێکەوە حەوت ماڵی هاوسێی دەگەڕێت، پێویستە نزیکترین ماڵە هاوسێکانی بێت، لە هەر ماڵێک مستێک ئارد کۆدەکاتەوە، شێوازی وەرگرتنی ئاردەکە بەپێی نەریتەکە وایە کە خاوەنی منداڵەکە لە کاتی وەرگرتنی ئاردەکەدا نابێت هیچ قسەیەک بکات! نەریتەکە هێندە باوە کە ماڵان دەگەڕێت، دەزانن بۆچی هاتووە، بۆ خۆیان یەکی مستێک ئاردی دەدەنێ.
خاوەن منداڵێ تووشبووەکە حەوت مست ئاردەکە بۆ ماڵەوە دەباتەوە، دەیشێلێت و دەیکات بە هەویر، پاشان هەویرەکە دەدات بەبەری سەرەوەی چوارچێوەی دەرگای ژوورەکەدا کە پێی دەڵێن (شیپانە) ، بەپێی بڕوای خەڵک، دوای ئەنجام دانی نەریتەکە، منداڵەکە چاک دەبێتەوە. [1]