پرسی ڕەخنەگرتن لە سۆشیاڵ میدیای کوردی و لێکەوتەکانی
جوتیار فەتاح - کۆمەڵناس
ڕەخنە پێناسگەلی هەیە، بەڵام بە گشتی بە پێێ تێگەیشتنی خۆم لە هەمو ئەو پێناسانەی خوێندومەتەوە و بیستومە، ڕەخنە: بریتیە لە ڕاستکردنەوە. واتا ڕەخنە ڕاستکردنەوەی ئەو ناڕاستیانەیە کە لە کۆمەڵدا هەن یاخود ئەو هەڵە و ناڕاستیانەی لە ناو ژیانی مرۆیی هەن ڕەخنە ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و ڕاستیان دەکاتەوە، هەموو ئەو ناباشیانەی هەن، ئاڕاستەکەیان دەگۆڕیت بۆ باش.
بۆچی ئێمە تاوەکو ئێستا لە ڕەخنە دەترسین، ئەم ترسە لای هەموو ڕەگەزەکانی کۆمەڵدا هەیە، چ وەک هاوڵاتی ئاسایی، سیاسی، کارگێری و تەنانەت هونەریش تا دوای. ئەم ترس لە ڕەخنە دەگەڕیتەوە بۆ مێژووی ڕەخنەگرتن و ڕەخنە لە کوردەواری، چونکە ڕەخنە لە کوردەواری لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا بە هەڵە بەکار هێنراوە لە بری ڕاستکردنەوە هێندەی وەک ناوزڕاندن و سوکایەتی کاری کردووە هێندە ڕاستکردنەوە نەبووە، ئەمەش وایکردووە بەردەوام ترسمان هەبێت لەو بەناو ڕەخنەیە، هەمیشە لەگەڵ ڕەخنە جنێو و ناشیرینکردن ئامادەگی هەیە، بە تایبەتی لە ناو سۆشیال میدیای کوردی. ئەم جۆری بەناو (ڕەخنە)یە، کە ڕەخنە نیە لە مێژووی کوردەواری بەردەوام دەبینرێت، ئەویش کەمتر وەک چارەسەر بەڵکو زیاتر بۆ بچوککردنەوەی بەرامبەر و خۆ لە جێدانان هەیە، واتا لە بری ئەوەی ڕەخنە هەبێت، بەراوردکاریەکی نا زانستی دەبینرێت بە مەبەستی خۆ بردنە پێش و خۆ لە جێدانان، کە تاوەکو ئێستاش ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەبینرێت و بوونی هەیە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە بە درێژای مێژوو کەمتر ڕەخنە لە ژیانی کوردەواری جێی گرتووە.
زۆر جار دەگوترێت ڕەخنە دوو جۆری هەیە، بنایدنەر و ڕوخێنەر، بەڵام وەک لە پێناسەی سەرەوە دەرکەوت ڕەخنە تەنها یەک جۆرە ئەویش ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکورتیەکانە، واتا ڕەخنە تەنها بنیادنەرە، ئەوی تر شتێکی ترە، یان هەمو شتێکە ڕەخنە نییە، ئەوەی ئێستا لە سۆشیال میدیای کوردی دەگوزەرێت ئەوەیە کە ڕەخنە نیە، هەمان ئەو ڕۆژنامەگەریە زەردەیە کە کاتی خۆی لە ئەمریکا سەری هەڵدا بە پارەی کەم و کاریگەری گەورە ئەویش لەسەر بنەمای وروژاندنی کۆمەڵ و ڕای گشتی لە ڕێی ناوزڕاندن و ئەوەی ڕەخنە نایگرێتە خۆی، ئێستاش لە سۆشیال میدیای کوردی دەتوانین بڵێین هەمان شت دەگوزەرێت، وەک دەبینین هێندەی جنێو دەدرێت، هێندەی سوکایەتی و ناوزڕاندنی کەسی دەبینین نیوەی ئەوەش ڕەخنە نابینین، کارەکتەرێکی سیاسی وێنەیەکی خێزانی پۆستکرد (23) کەسی ناسراوی بێ دەمامک بۆیان نوسیبوو خودایە جەرگ سوتاو بیت واتە خودا منداڵەکەت لێبستێنێتەوە، باشە ئەم کارەکتەرە ئەگەر هەڵەشی کردبێت یان کارەکانی ناڕاست بن بۆ دەبێ منداڵەکەی ببێتە قوربانی و بە ژیانی خۆی باج بدات؟
ڕۆژنامەنوسێک پۆستێکی کردبوو بە دەیان جنێو بە دایک و خوشک و تەواوی خێزانەکەی! وەرزشوان و هونەرمەند و هەموو ئەو فیگەرانەی لە ناو کۆمەڵ هەن بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم جۆر ناو زڕاندن و سوکایەتی پێکردنە دەبنەوە، دڵنیام ئێوەی بەڕێزیش دەیان نمونەتان هەیە لەم جۆرە بابەت و شیوازی بەکارهێنانی سۆشیال میدیای کوردی هەیە، زۆر بەی جاریش قوربانیانی ئەم جۆرە بەکارهێنانە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕەگەزی مێینەن واتا خانم و ژنانن، بە گشتی هەموو ڕەگەزەکانی تری کۆمەڵیش باجی ئەم جۆرە کردەیە دەدەن، بەڵام بەشتی ژنان زیاتر، چونکە ئەگەر سەیری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بکەین، دەبینین هێندەی ژنە کاریگەریەکانی ناو سۆشیال میدیان، چ وەک مۆدێل و نمایشکار، چ وەک بازرگان و هونەرمەند یان سیاسی..هتد. زیاتر دەبنە ئامانجی ئەوانەی کردەی جنێو و سوکایەتی ئەنجام دەدەن، بۆیە زیاتریش دەبنە قوربانی بەڵگەش ئەنجامدانی ئەو هەموو تویندتیژیە بەردەوامەیە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، پیاویش و منداڵیش بوونەتە قوربانی. چونکە دبینین کەم نین ئەو پیاوانەی بەرکەوتەی ئەم کردە نا تەندروستەی کۆمەڵن، منداڵیش بەهەمان شێوە زۆر جار بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێتە قوربانی.
$هۆکارەکانی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتیە:$
هەڵبەتە هەموو دیاردەیەک کۆمەڵێک هۆکار و پاڵنەری تایبەت بە خۆی هەیە بۆ دروست بوون و سەرهەڵدانی، ئەم کردەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت (فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک) کۆمەڵێ هۆکاری لە پشتە کە هەوڵدەدەم بەم شێووەی خوارەوە کورتیان بکەمەوە:
1- گوێ نەگرتن لە ڕەخنە: زۆربەی ئەوانەی بە توندی کۆمێنت دەنوسن و نا ڕەخنەیانە دەنوسن، سکاڵای ئەوە دەکەن کە پێش قسەکردن بەو زمانە ڕەخنەیان دەگرت و قسەییان کردووە، بەڵام دوایی هەوڵدانێکی زۆر و بەردەوام وەڵامیان نەدراوەتەوە، ئەمەش بووە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی وەک پەرچەکردار ئەم شێوازی دەربڕینە بەکار دەهێنن، واتا بەشێکی زۆریان دەزانن کارەکەییان تەندروست نیە، بەڵام نەبوونی ڕێگەی ترە بۆ پەیام گەیاندن.
2- لاوازی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی: یەکێکی تر لەو هۆکارانەی وای کردووە خەڵک بەم زمانە قسە بکات، لاوازی ئاستی هۆشیارییە.
3- خۆ بەراوردکاردن: بەشێکی تر لەو قسەکەرانە هەمیشە ئەوە لە پەیامەکانیان دەخوێندرێتەوە کە دەیانەوێت خۆیان بخەنە شوێن ئەو کەسانەی کە قسەیان بەرامبەر دەکرێت، واتا بەشێک لەوانە ویستی چونە پێشیان هەیە و پێیان وایە کە ئەوانەی قسەیان دەربارە دەکەن شایانی ئەو شوێنە نین.
4- بێکاری و بەتاڵی: بەشێکی تر لەوانە بێکاری و زۆری کات وای کردووە بەردەوام ناڕەزایی دەرببڕن بە هۆی دەست نەکەوتنی کار و زۆری کاتی لەبەر دەست، کە لەزۆربەی وڵاتانیش ئەم دیاردەیە دەبینرێت.
5- پۆپۆلیستیەت: بەشێکی تر ئەوانەن کە بەدوای ڕای گشتی ناو سۆشیال میدیا کەوتوون، وەک ئەو سوپایە وایە کە فەرماندەکەیان لە پێشەوە پێشڕەوی دەکات و سەربازەکانیش بە دوایەوە بێ ئەوەی ئاڕاستیان دیار بێت بە ڕەگەڵ دەکەون.
$لێکەوتەکان:$
1- لێکەوتەی کۆمەڵایەتی: لە ئەنجامی ئەم جۆرە قسە کردنە لە سۆشیاک میدیا، زۆر جار کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بە هۆی قبوڵ نەکردنی ئەو ناو زڕاندنە کە ڕوودەدات، کەسی ناو زڕاو قبوڵی ناکات، بۆیە سەرەتا لە ناو خێزان ڕووبەڕوی کێشە و گرفت دەبێتەوە، دواتر ئەم کیشەیە پەل دەهاوێژێت بۆ دەرەوەی خێزان و دەبێت بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، بە داخەوە چەندین جار بینومانە بە کوشتن کۆتای پێهاتووە، بە تایبەتی ژنان زیاتر قوربانی ئەم بابەتەن، چونکە هێشتا بیرکردنەوەی کۆمەڵ بیرکردنەوەیەکی پیاوانەیە و قبوڵی نییە ژن بەم شێووەیە بکەوێتە بەر تیری پیاوانی ناو کۆمەڵ، ئەم قسەیە بۆ پیاویش هەر ڕاستە، چونکە کەم نین ئەو پیاوانەی بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن.
2- لێکەوتەی دەرونی: ئەم ناو زڕاندن و شکاندنەی کەسایەتی بۆتە کێشەیەکی گەورەی دەروونی بۆ لایەنی قوربانی وەک یەکەم، وە لایەنی بکەریش وەک ئەوەی دەزانێت کارێکی نادروستی کۆمەڵایەتی دەروونیە، ئەم شکاندنە شوێنەواری دەرونی قوڵ و ماوە درێژ دروست دەکات، تا دەگەت بەوەی نەوەکانی ئەم ناو و ناتۆرەیە هەڵ دەگرن و باجی دایباب دەدەن.
3- لێکەوتی سیاسی و کارگێری: مەبەستی قسەکەر وەک ئەوەی خۆی دەیڵێت گۆڕینی بارودۆخەکەیە لە خراپەوە بۆ باش، بەڵام ئەوەی لە یاد چووە کە ئەم شکاندن و جنێودانە بابەتەکە خراپتر دەکات، چونکە هەم ئەو سیاسی و هەمیش ئەو کارگێڕیەی پۆستی لایە و چاوی لەسەرە، ئەویش لە دواجاردا هاوڵاتیەکی کۆمەڵە و قبووڵی ناکات ناوی بزڕێت و سوکایەتی پێبکرێت، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی بۆشایەکی گەورە لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی، واتا کێشەکە گەورەتر دەکات، لە بری چاککردن، تەنانەت دەگاتە ئەو قۆناغەی کە ئەم دوو پێکهاتەی کۆمەڵ وەک دوو نەیار سەنگەر لە یەکتر بگرن، لە بری باشترکردن و چارەسەری کێشەکان.
$چارەسەر:$
1- باشترکردنی باردۆخی ژیانی گشتی بە تایبەتی لە ڕێگەی دەسەڵات و دامەزراوە فەرمیەکانی وڵات، واتا چارەسەری قەیرانەکان لە سەروی هەمویانەوە قەیرانی دارایی و ئابوری.
2- بڵاو کردنەوەی زیاتری هۆشیاری گشتی و قانونی بە تایبەتی.
3- پێناسەکردنەوەی ڕەخنە، بۆ ئەوەی هەردوو لا لە ڕاستی و دروستی و بەکار هێنانی ڕەخنە باشتر تێبگەن.
4- وەڵامدانەوەی بە پەلەی ڕەخنەکان.
5- ئاوێرکردنی ئەو بابەتانەی دەبنە مایەی کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، قانونی و خوێن ڕشتن، بەتایبەت ئەو بابەتەی پەیوەندی بە ژنان و منداڵانەوە هەیە.[1]