ناو: دیمەن
ناوی باوک: فەرەج کەریم)
رۆژی لەدایکبوون: #07-01-1969#
شوێنی لەدایکبوون: #بەغداد#
$ژیاننامە$
خانمە وەرزشکاری دێرین (دیمەن فەرەج کەریم) لە 07-01-1969 لە شاری بەغداد لە خێزانێکی کورد لەدایک بووە، لە تەمەنی 12 ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی بەیەکجاری گەڕاوەتەوە شاری #سلێمانی#.
ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەگەڵ یاریزانی دێرینی یانەی سلێمانی (ئامانج بەهجەت) وە خاوەنی دوو منداڵە.
لە ئێستادا پڕۆفیسۆری تایبەتە بە (یاری بالە و چارەسەرکردنی پێکانە وەرزشیەکان)ە.
لە ساڵی 1981 پەیوەندی کردووە بە تۆپی بالەی یانەی سلێمانیەوە کە توانیویەتی لەگەڵ یانەکەی بۆ ماوەی 5 ساڵ لە کۆی 28 یانە لەسەر ئاستی ئێراق پلەی سێیەم بەدەست بهێنن. هاوکات بەشداری زۆرێک لە وەرزشەکانی تری وەک (تۆپی باسکە، تۆپی دەست، گۆڕەپان و مەیدان، تێنسی سەر مێز، نیشانە شکێن) کردووە.
پاشان لە ساڵی 1988 وەک خانمە یاریزانێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێراق بەشداری زۆرێک لە پاڵەوانێتییەکانی عەرەبی کردووە کە لە وڵاتانی وەک (تونس، میسر، ئوردون، جەزائیر) ئەنجام دراوە، کە لە پاڵەوانێتی تونس وەک باشترین یاریزانی نموونەیی هەڵبژێردراوە لە ساڵی 1989.
دواتر پەیوەندی کردووە بە یانەی کەمال سەلیم وەک ئەندامی کارگێڕی یانە و لە هەمان کاتدا وەک یاریزانی تۆپی بالەش بەردەوام بووە.
لە ساڵی 1997 پاڵێوراوە وەک ئەندامی یەکێتی چالاکییەکانی ژنان لە لیژنەی ئۆڵۆمپیاد.
لە ساڵی 1997 دەست بەکار بووە وەک ئەندامی کۆمەڵەی زانست خوازانی کوردستان لە بەشی هونەری یۆگا تا ساڵی 2004.
لە ساڵی 2006 - 2007 وەک بڕیاردەری بەشی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی کاری کردووە، وە نوێنەرایەتی چەندین لیژنەی زانستی و تەندروستی و پەروەردەیی کردووە.
دیمەن فەرەج تەنها بە یاریزانی نەماوەتەوە لە ساڵانی 2000 - 2005 لە زانکۆ وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی زانکۆ بووە بۆ تیپی کوڕان لە یاری تۆپی بالە و بەژداری چەن پاڵەوانێتیەکیان لە کوردستاندا کردووە.
لە ساڵی 2008 - 2010 بەژداری زۆرێک لە خولی ڕاهێنەرایەتی و پزیشکی و کۆنفرانسە زانستییەکانی دەرەوەی وڵات کردووە وەک (زانکۆی کۆڵن/ئەڵمانیا، زانکۆی هارڤەرد/ئەمریکا، زانکۆی ئەسکاندەرییە/میسر)، ئەمە جگە لە کۆنفرانس و خولەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان.
لە ساڵی 2010 وەک سەرپەرشتیاری تیپی پاسکیلسواری خانمانی یانەی نەورۆز بووە، کە توانیویانە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەست بهێنن لەگەڵ چەند دەستکەوتێکی تری بەکۆمەڵ و تاک.
وە هەروەها لە ساڵی 2014 هەتاکو ئێستا وەک ئەندامی یەکێتی چالاکی وەرزشی زانکۆکانی ئێراق کار دەکات و ساڵی 2022 نازناوی جێگری سەرۆکی یەکێتی چالاکی وەرزشی زانکۆکانی ئێراقی پێبەخشراوە.
لە ساڵی 2018 وەک سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیپی بالەی کەنار دەریای هەڵبژاردەی ئێراق بووە کە لە وڵاتی مەغریب ئەنجامدرا.
لە ساڵی2021 هەتاکو ئێستا ئەندامە لە یەکێتی وەرزشی ژنانی زانکۆکانی عەرەب.
دەستی کردووە بە چارەسەرکردنی جۆرە جیاوازەکانی پێکان بە جوڵەی وەرزشی لە ناوەندی وەرزشی (sport hip) لە شاری سلێمانی، هەروەها وتنەوەی زۆرێک لەوانە و خولی ڕاهێنان بە خۆبەخشانە لەسەر ئاستی ئێراق و ئاسیایی، پاشان پێشکەشکردنی وانەیەک تایبەت بە پێکانی سەربازی و جەنگی وە چۆنیەتی چارەسەر کردن بە فریاگوزاری سەرەتایی.
ئەوەمان لە یاد نەچێت کە دیمەن فەرەج بەردەوام دەستی خستۆتە سەر ئازار و ڕەوشی وەرزشی خانمانی ئێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، وە ئەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی خانمانی وەرزشکار دەبێتەوە کە چەند جارێک لە سیمیناری تایبەت بەو بابەتە وەک ئەندامێک گرنگی بەو باسە داوە.
لە ئێستادا ئەندامی یەکێتی چالاکی وەرزشی زانکۆکانی ئێراقە و خاوەنی چەندین بەرنامە و چاوپێکەوتنی وەرزشی و تەندروستییە، وە ماوەی 3 ساڵە خاوەنی سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری وەرزشییە لە بەرزاییەکانی سلێمانی کە جێ دەستی دیاربووە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشی و پێکان و ناڕێکی جەستە لە ڕێگەی وەرزشەوە، لەگەڵ ئامادەکردنی بڕگەی وەرزشی لە بەرنامەی ڕۆژێکی نوێی کەناڵی کوردسات بۆ مەبەستی پێدانی زانیاری تەندروستی و چارەسەری جۆرەها کێشەی تەندروستی و جەستەیی لە ڕێی جوڵە وەرزشییەکان بە شێوازی تیۆری پراکتیکی.
ئێستا خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانە لە پای ئەو خەبات و ماندووبوونەی بەخشیوێتی لە بواری وەرزشدا.[1]