ناو: هاجەر
ناوی باوک: ئیسماعیل
ساڵی لەدایکبوون: 1974
شوێنی لەدایکبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
هاجەر ئیسماعيل لە دایکبووی ساڵی 1974 لە شاری کەرکووک، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە توشی ئیفلیجی منداڵان بووە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە نەیتوانی بە پێکانی خۆی ڕێبکا، لەگەڕەکێکی میلی دەژیا و هەم خێزانەکەی و هەم کەسانی دەوروبەری خوێندەواریان نەبوو. کاتێک فامی کردۆتەوە توانیویەتی شتەکانی دەوروبەری ببینێ لەسەر جێگا بووە نەیدەتوانی بە پێی خۆی بڕوات، دوای تەمەنی شەش ساڵی و وەرگرتنی چارەسەر و چارەسەری سروشتی ئینجا توانی کەمێک بە پێکانی خۆی بڕوات بەهۆی ئەو حاڵەتەشەوە ساڵێک لە خوێندن دواکەتبوو، خێزانەکەی پێییان خۆش نەبوو کە دەست بە خوێند بکا بەڵام لەو کاتەدا دەسەڵات یاسایەکی دەرکردبوو کە دەبێت هەموو تاکێکی #عێراق#ی بخوێنێت ڕۆژانە کە دەچوو بۆ خێندنگە منداڵان گاڵتەیان پێدەکرد.
زۆر جار بەهۆی ئەو گاڵتە پێکردنانەوە غەمبار دەبوو و دەشڵەژا و دەکەوتە سەر زەوی قاچەکانی بریندار دەبوو، نەی دەزای چیبکا ئەگەر ئەم ڕوداوانەی بۆ خێزانەکەی باس بکردایە نەیان دەهێشت جارێکی تر بچێتەوە خوێندنگا لەبەر ئەوە بێدەنگی هەڵدەبژاردوو دەچووە خوێندنگا و ئەم ڕوداوانەی باس نەدەکرد
زۆر جار دەوروبەرەکەی پێیان دەوت نوقسان ئەوە زۆر ئازاری دەدا بەڵام دەیویست پێچەوانەکەیان بۆ بسەلمێنێ.
لە دوای پۆلی شەشی سەرەتاییەوە بەهۆی بیروباوەڕی ئەو کاتەی کۆمەڵگاوە باوکی لە خوێندن دەریهێنا، بەڵام دڵی هەر لای خوێندن بوو برایەکی هەبوو کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە ئەو لە هەستی تێدەگەیشت و دەیزانی تەنها خوێندن دەتوانێت لە ئازارەکانی کەمبکاتەوە خۆشی ئارەزووی ئەوەبوو بخوێنێت چونکە دەیزانی ئەو ڕەفتارانەی بەرامبەری دەکرێن بەهۆی نەخوێندەواری کۆمەڵگاوەیە. بڕیاری دا تاقیکردنەوەی دەرەکی پۆلی سێی ناوەندی بکا بەڵام بەخت یاوەری نەبوو ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەستی پێکردوو ئاوارەی ئێران بوون و ماڵیان سوتێنرا.
دواتر لە #سلێمانی# نیشتەجێبوونەوە، هەرچەندە بارودۆخی دارایی و سیاسی ئەو کاتە سەخت بوو بەڵام هەر ئارەزووی خوێندنی هەبووە و داوای لە خیزانەکەی دەکر کە دەستبکاتەوە بە خوێندن بەڵام ڕەتیان دەکردەوە دوای 14 ساڵ باوکی لای پزیشکێک بەناوی د.عوسمان پێنجوێنی چارەسەری بۆ قاچی وەردەگرت باوکی زۆر باوەری بە قسەی پزیشک دەکرد ئەویش ئەو هەلەی قۆستۆتەوە بەبیانوی پرسیاری چارەسەری قاچەکانی نامەیەکی بۆ پزیشکەکە نوسی و باسی دۆخی ژیانی بۆ کردوو داوای لێکرد باوکی ڕازی بکات تا دەست بکاتەوە بە خوێندن و باوکی ڕازیکردبوو بەهۆی دۆخی داراییەوە دەبوو خۆی خەرجی ژیان و خوێندنی خۆی دابین بکات بۆیە بەشداریی خولێکی دورمانی کردوو بە قیستی مانگانە ئامێرێکی بەرگ دورینی کڕی و کاری دەکرد و خوێندنەکەشی بەردەوام بوو.
بە سەخییەکی زۆر گەیشتە قۆناغی شەشی ئامادەیی و دواتر لە کۆلێژی زانستە مرۆڤاییەتیەکان بەشی خوێندنی ئیسلامی وەرگیرا.
لێرەشەوە سەختییەکی تر دەستی پێکرد لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژەکەی لە نهۆمی شەشەم بوو کە بۆ ئەو زۆر قورس بوو، بەڵام بەرزی باڵەخانەکە لە ئارەزوو وئامانجەکانی بەرزتر نەبوو.
ڕۆژانە نزیکەی 101 پلیکانەی دەبڕی تا دەگەیشتە هۆڵی خوێندن چوار ساڵ بەو جۆرە ژیانی بەڕێکردوو لە کۆتایی دا یەکەمی کۆلێژەکەی بوو، دوای چەند مانگێک بەرنامەی تواناسازی هاتە ئاراوە ئەویش کە یەکەم بووم بۆ خوێندنی ماستەر چوە وڵاتی میسر، لەوێش ژیان لە شارێکی گەورەی وەک قاهیرە و خوێندنی ماستەر و دەستکەوتنی سەرچاوەکان و هاتوچۆی ڕۆژانە قورس بوو، دەبوو شوقەیەک بگرێ و تێیدا بژی لە سەرەتادا کچەکان لەگەڵ ئەو شوقەیان نەدەگرت چونکە دەترسان ببێت بە بارێکی قورس بۆ ئەوان دواتر هاورێیەکی کە ئێستا نزیکترینمە هاتوو لەگەڵ من ژیا و ئەو ماوەیەی میسر هاوڕێکانی یارمەتی دەری بوون و ئەویش مەعنەوی هاوکاری دەکردن و بارگرانی بۆ دروست نەدەکردن خۆی کارەکانی خۆی بەڕێدەکرد، دوای تەواوکردنی ماستەر بوو بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژەکەی خۆی. بڕیاری دا کە ڕێچکەیەکی تر لە ژیان دا بگرێتە بەر و یارمەتیدەری ئەو کەسانە بێ کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەشداری چەند خولێکی کرد لە ڕێگای ڕێخکراوەکانەوە چەند کەسێکی ناسی و بۆ بینینی خول سەردانی وڵاتانی دەرەوەی دەکردوو ئێستا ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە لە ڕووی نیودەوڵەتییەوە، توانی بڕوانامەی دبلۆم بۆ مافەکانی ئافرەتان لە ڕووی هەرێمی و نیودەوڵەتییەوە بەدەست بێنێ، لە چەندین شاری عێراق بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک خولی کردۆتەوە، و توانی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
لە خول و کارەکانی بەردەوامە و خەونێکی گەورەی هەیە کە بگاتە ناوەندی بڕیاردان و بۆ ئەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش خاوەنی بڕیار بن.
وە دەڵێت (ئەگەر دەتەوێت بگەیت بە ئامانجەکانت نابێت بترسیت و نابێت لە کەم و کورتی شێوە و جەستەت شەرم بکەیت، ئەگەر خۆت خۆت بە جوانی ببینیت خەڵکیش بە جوانی دەتبینێت)، هەروەها خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتییە و چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی لە ناوەندە جیاوازەکان دا پێبەخشراوە[1].