پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,358
وێنە 105,642
پەرتووک PDF 19,138
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
چوونی ملازم عومەر بۆ یاخسەمەر
بەهۆی کوردیپێدیاوە دەزانیت؛ کێ، کێیە! کوێ، کوێیە! چی، چییە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0
چوونی ملازم عومەر بۆ یاخسەمەر
کورتەباس

چوونی ملازم عومەر بۆ یاخسەمەر
کورتەباس

چوونی #ملازم عومەر عەبدوڵڵا# بۆ #یاخسەمەر#
نێوان مەرگە و یاخسەمەر لای #مام جەلال#، بەپیادە پێنج بۆ شەش سەعات دەبێت. ئەو کاتە من سەیارەیەکی تویۆتام هەبوو، بۆ ڕێزگرتن لە کاک عومەر کە هەموو تەمەنمان پێکەوەین و وەک برا بووین، وام بەلاوە جوانتر بوو بە سەیارەکە بڕۆین، وتم خۆ سەیارەکەم هەر خەڵکی سوودیان لێ دەبینن... من لێرەدا لە مەبەستی ئەم نووسینە نەگەیشتووم کە مستەفا چاوڕەش لە یادەوەرییەکەیدا لە لاپەڕەی 266دا دەڵێت: وتم خۆ سەیارەکەم هەر خەڵکی سوودیان لێ دەبینن! بەهەرحاڵ، دەمەوێت شێوازی نووسین و دەربڕینی وشەکان، سەرنجی تەواوی خۆمیان لەسەر بدەم، چونکە یادەوەرییەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی، مێژوویەکی گرنگن و بەتایبەت کەسانی بەرپرس و سەرکردەکان، نەوەی نوێ کتێب و نووسینەکانیان بە سەرچاوە دەهێننەوە، بەتایبەتی کاتێک نووسینێک دەخرێتە سەر لاپەڕە و دەکرێت بە کتێب، دەبێت خاڵبەندی و هەڵەگریی لەلایەن کەسانێکەوە بۆ بکرێت کە پسپۆڕ و شارەزا بن لە بواری ڕێزمان و زمانەوانیدا. مستەفا چاوڕەش دەڵیت: خۆمان حازر کرد، وا بزانم ڕێکەوتی 21/11/1987 بوو. ڕۆشتین، کە گەیشتینە بەرگەڵوو، ملازم عومەر سەر کەوت بۆ بارەگای کاک نەوشیروان، منیش وتم دەچم پشکنینی خوێن دەکەم و ئەشیعەیەک دەگرم، چونکێ تەندروستیم باش نەبوو. ئەو ڕۆشت و من چوومە خەستەخانەکە، دکتۆر بەرزان ئەکرەمی عزەت نەجیب شاهیدە و دکتۆر شوان لەوێ بوو، پشکنینیان بۆ کردم، وتیان سەرمات بووە، شرووبێکیان بۆ نووسیم. لەبەر چاوی ئەوان سەرەکەیم کردەوە، تۆزێکم لێ خواردەوە و هەڵمدایە چەمەکەوە، وتم هەر ژەهریان داومەتێ. پاش ئەوە چوومە بارەگای کاک نەوشیروان، وتی بۆچی هاتوون؟ ئێمە برووسکەمان کردووە بۆ تیپەکانی #گەرمیان# بێن بۆ لای ئێوە، پەلاماری شاخی ئاسۆس و زینوی سپی دەدەین و دەیگرین. لەبەر گرنگیی بڕیارەکە، بۆ ڕۆژی دوایی یان هەر ئەو ڕۆژە گەڕاینەوە. چۆن چووین، وا هاتینەوە.
هێزەکان دێن بۆ ئەوەی ڕێکیان بخەین بۆ گرتنی شاخی ئاسۆس و زینوی سپی، بڕیارەکەش بە ئێمە وتراوە کە چی بکەین. ڕۆژی 22/11/1987 هێزەکان گەیشتن، خۆمان ئامادە کرد، لەگەڵ کاک عومەر چووینە کانی توو، دوا قۆناغە کە ئۆتۆمبێل بۆی دەچێ، وردە وردە لە کوڕکوڕەوە هێزەکانمان بەرەو شوێنی دیاریکراو سەرخست. من لەبنی دارێکدا دانیشتبووم، هیلاکیم پێوە دیار بوو، هێزی جارانم نەمابوو، گومانەکەم هەر بەردەوام بوو، لە دڵی خۆمدا وتم کاک عومەر وا تێنەگات دەترسم یان شتێکی تر. هاتە سەر ئەوەی ئێمەش سەر کەوین بۆ سەر شاخ، خۆم ئامادە بووم، کیسەخەو و پێداویستیی ترم پێ بوو، کاک عومەر هات و وتی کاک مستەفا تۆ نەخۆشیت، مەیە. وتم وەڵڵا کاک عومەر کە بڕیارم دابوو بێم، زیاتر لەبەر خاتری تۆ بوو. چونکێ لە داستانی ڕزگاریی یەکەمدا من لێپرسراوی بووم، جێگەکان شارەزا بووم، مادام وایە، من نایەم و دەڕۆمەوە بۆ بارەگای خۆمان، ئێرانی وتەنی بەرپرسیاری تدارکات دەبم، خواردن و فیشەک و پێویستییان بۆ جێبەجێ بکەم. خوا حافیزیمان کرد و گەڕامەوە بۆ سێروان بۆ بارەگای خۆمان. ڕۆژی پێشتر وەستا مەجید گۆشتی مریشکی بۆ هێنابووین، هەر چوار ڕانە مریشک لە نایلۆندا بوو، دایکم بەتەمەن بوو، ژن لە زینداندا بوو، ئیسماعیلم بانگ کرد کە پێشمەرگە بوو لام، شۆفێریش بوو، وتم بچۆ بۆ ماڵی مامۆستا مەلا موحەڕەم کە ئیمام جومعەی مەرگە بوو، با سەریعەی کچی بنێریت یارمەتیی دایکم بدات، مامۆستا مەلا موحەڕەم خزممان بوو. وتم مادام خۆم نەچووم بۆ شاخ، با ئەو خواردنەی لە ماڵەوە هەیە، ئامادەی بکەم و بۆیان بنێرم. دوای نیوەڕۆ ئیسماعیل هاتەوە، لەباتیی سەریعەی مەلا موحەڕەم بێنێت، نەرمینی ژنی جەباری عەلی عەوێزی لەگەڵ خۆی هێنابوو، هەر ئەو ڕۆژە لە #سلێمانی# گەڕابووەوە، عەلی لووت ماسی بە سەیارەی مەفرەزە خاسە لەگەڵ خۆی تاکوو بنگرد هێنابووی. ئێمە ئەمە نازانین جەباری مێردی چووبوو بۆ قەرەداغ بۆ لای خێزانی مام هێرش، مام هێرش شەهید بووبوو، پێشمەرگەیەکی ئازا بوو و ڕەفیقی جەبار بوو، دیارە پێش ئەوەی بێت، دائیرەی ئەمن پێیان وتووە چی بکات و چۆن بەکاری بهێنێ. هاتە ماڵی ئێمە، ئەو کاتەش لەنێوان یەکێتی و هێزە سیاسییەکاندا ئاشتبوونەوەی گشتی هەبوو، بەرەی کوردستانی لە سەرەتای دروستبوونیدا بوو. دکتۆر مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و موحسین بایز هاتبوون کە بارەگای حیزبی سۆسیالیستی کوردستان دابنێن کە ڕەسووڵ مامەند سکرتێری بوو، هاتن و پەیدا بوون، بارەگاکەمان هیچی تێدا نەبوو، سەرم خستن بۆ ماڵی خۆمان، سەعات دەوری یانزە بوو، چووین دانیشتین، برادەران نامەیان بۆ من نووسیبوو شوێنیان بۆ پەیدا بکەم بۆ بارەگا، من بیرم کردبۆوە کانی شینکە چەند خانوویەکی تێدایە و نزیک خۆمانە، بیاندەمێ بۆ بارەگا، پێشتر ماڵی شێخ جەنگیی تێدا بوو، ئەوان چووبوون بۆ ئێران و چۆڵ بوو. کە چووینە ماڵی خۆمان، وتم: نیوەڕۆ ناڕۆن بۆ هیچ جێگەیەک، تەماشای یەکتریان کرد، تێگەیشتم لای من میوان دەبن. دەرگای ژووری میوانەکەمان بەرامبەر چێشتخانە بوو، ڕووم کردە دایکم و وتم: دایە، نان دروست بکەن بۆ نیوەڕۆ. ئەو نەرمینەش لەوێ بوو، نەرمین فرسەت دەهێنێت دەچێت هەر چی ماستمان دەبێ؛ دەیگرێتەوە و ماستاو دروست دەکات، ئەو دەرمانەی پێی دراوە، دەیکاتە ناو ماستاوەکەوە. دوایی ئێمەیان برد بۆ لەندەن بۆ عیلاج، دەرکەوت ئەو ژەهرەی پێمان دراوە، پێی دەڵێن سالیۆم. دەوری سەعات دوانزە و نیو بوو نان تێ کرا، سفرە ئامادە کرا و پەرداخەکان لەسەر سفرەکە دانران، من خۆم پەرداخە ماستاوەکانم تێ کرد، بەقەدەر ژمارەی میوان. هەر لە کاتی ماستاوتێکردندا لە پێشەوە پەرداخێکم خواردەوە، بە حیساب مەعیدەم ساف بێت بۆ ئەوەی نیوەڕۆ نانی باش بخۆم. کە نان دانرا، ئەوانەی لەسەر سفرەکە بوون، ئەگەر لەبیرم نەچووبێ: 1. دکتۆر مەحموود عوسمان، 2. عەدنان موفتی، 3. سامی شۆڕش، ئەوکات لەسەر چاپخانەی یەکێتی بوو لای خۆمان، 4. بێستوونی مەلا عومەر، 5. ئاوات مەحموود، دوای ئێمەش دیارە دایکم و سەریعەی مەلا موحەڕەم و تریفەی خوشکەزام نانیان خواردووە، دکتۆر شوان دوای ئێمە هات، نەخۆشی هەبوو، ئەویش نانی خوارد. وتم: با زوو نان بخۆین، دوو شەهیدمان هەیە کە لە شەڕەکاندا شەهید بوون، هێنابوویاننە خوارەوە، یەکێکیان سەردار بوو، برای هاوڕێ جەبار لای کاک ملازم عومەر شۆفێر بوو، ئەوی تریشیان خەڵکی تووە سووران بوو، چاوەڕوانی هاتنی کەسوکاریان دەکرد. بەپەلە نانمان خوارد و چووین بۆ سەرقەبرانی دێی چنارنە، لەوێ قەبرمان بۆ هەڵکەندبوون. هەر لەو خواردنەی وەستا مەجید هێنابووی، لێمان دروست کردبوو و ناردبوومان بۆ برادەرانی سەر شاخ کە لەگەڵ کاک عومەر بوون و لە شەڕدا بوون. لەسەر قەبران پێش ئەوەی شەهیدەکان بنێژن، کاک بێستوون وتی گێژم، منیش مەتارەیەک ئاوم پێ بوو، دامێ و دەموچاوی پێ شت، وتم بچۆ لای سەیارەکان دانیشە، ئێمەش کە تەواو بووین؛ دێینەوە بۆ لات. پاش بەخاکسپاردنی شەهیدەکان کە هاتینەوە لای سەیارەکان، بێستوون لەسەر جادەکە لەتەنیشت سەیارەکە ڕاکشابوو، بەپەلە خستمانە ناو سەیارەکە و بردمان بۆ خەستەخانەکەی لای خۆمان. ئەو دکتۆرانەی لەوێ بوون، ئەمانە بوون: دکتۆر مەحموود عوسمان، دکتۆر شوان، دکتۆر جەلال. ئەوەی پێویست بوو؛ بۆیان کرد، هیچ هۆشی نەهاتەوە، وتیان دڵیەتی. پاش ڕاوەشان و هەوڵدان، گیانی لەدەست دا. هەر لەو کاتەی دکتۆرەکان لەسەر بێستوون بوون و ئێمەش لەوێ بووین، سەریعەی کچی مەلا موحەڕەم کە هاتبوو یارمەتیی دایکم بدات، هات بۆ خەستەخانەکە و وتی سەرم دێشێت، یەکسەر لەوێ کەوت بە زەویدا، پاش ماوەیەکی کورت ئەویش تەواو بوو. ویستم سەریعە سواری سەیارەکە بکەم و لەگەڵی بچمەوە بۆ مەرگە، وتیان دایکت بانگت دەکات، کە چووم بۆ لای، وتی مستەفا گیان مەعیدەم دێشێ، هەر ئەوەندەم لێ بیست، ئەویش بێهۆش بوو، ئەویشمان نارد بۆ لای دکتۆرەکان. من سەریعەم بردەوە بۆ مەرگە تەسلیم بە کەسوکاریم کرد، خەڵکی مەرگە، کاک چەتۆ و پوورە گەلە کە خەڵکی مەرگە بوو و ئێستاش ماوە، لێم کۆ بوونەوە. دۆستان مەسینەیەک شیریان بۆ هێنام، هەر لەناو سەیارەکەدا دەستم کرد بە خواردنەوەی و هەموویم تەواو کرد، هەستم دەکرد وردە وردە بێهێز دەبم، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو. دایکیشم گیانی سپارد و تەواو بوو، هێنایانەوە بۆ دێی ئاوەژێ، قەبریان بۆ هەڵکەند، ویستم بچمە ژێر تەرمەکەیەوە، بەڵام نەمتوانی. ئەو ژنەش بەدرۆ خۆی ڕشاندبۆوە، بە مانای ئەوەی ئەویش خواردوویەتی. هەر لە ئاوەژێ نەوزادی نووری بەگ لەگەڵماندا بوو، وتم کاک نەوزاد وریای ئەم نەرمینە بن شتێکتان بەسەر نەهێنێ، شێرکۆی شێخ نووری وتی ڕەمیی بکەم؟ وتم نا، چونکێ ئەگەر شتێکی وا بکەی، ڕەنگە بڵێن شتێک هەیە و بۆ داپۆشینی کووشتویانە، ئەو کاتەش نیوەی دنیا بڕوات پێ ناکات. تریفەی خوشکەزام هیچی لێ دیاری نەدابوو مناڵ بوو، ناردم بۆ سلێمانی خزمان ئاگادار بکات، ماڵی بێستوون چووبوونەوە بۆ سلێمانی، جوابم ناردبوو بۆ گوڵەی خێزانی کە لە ترسی حکومەت بەدزییەوە تەعزیە دابنێن.
ڕۆژی دواتر خزمەکانم لەگەڵ گوڵەی خێزانی بێستوون هاتن، ئەو ڕووداوەی ڕووی دابوو، بە چاوی خۆیان بینییان. بە منیان وت تۆ بڕۆ مشووری خۆت بخۆ، حەقی ئێمەت نەبێ. من هەر شەوەکەی پێش ئەوەی ئەوان بێن، وردە وردە سەری پەنجەکانم سڕ دەبوون و تووکی سەرم دەوەری. شەو دکتۆر شوان هات و لام نووست، وتم دکتۆر گیان وەزعم باش نییە، وتی تۆ وەزعی نەفسیت خراپە. بەهەرحاڵ، ڕۆژمان کردەوە، خزمان هاتن. پێش ئەوەی ئەوان بێن، دوو ئێسترم حازر کردبوو، نەقالەی نەخۆشم حازر کردبوو، من ڕۆیشتم بەرەو کانی توو، لەوێ ئیتر ڕێگەی سەیارە نەما، سواری ئێسترەکان بووم بەرەو ئێران و خزمانم بەجێ هێشت، لەگەڵ دەستەی پێشمەرگەکانی لای خۆم ملی ڕێگامان گرت. ئەوەشم بیر نەچێت هەر دوای ڕووداوەکە برووسکەیەکم کرد بۆ ملازم عومەر، وتم ئەو خواردنەی بۆم ناردوون، مەیخۆن ژەهری تێدایە، بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەوانیش خواردوویانە، بەڵام لە مریشکەکەدا نەبوو، لە ماستاوەکەدا بوو کە ئێمە خواردبوومانەوە، دوایی بۆیان گێڕامەوە کە چەند ترساون، دەیانوت هەموومان لە خۆمان دەترساین شتێکمان لێ بێت لەسەر ئەو شاخە و دەمانوت هەر ئێستا لێمان دیاری دەدات. هەرکە لە کانی توو دەرچووین، سکم کەوتە ئازار، سواری وڵاخیان کردم، داوای ئاوم دەکرد نەیاندەدامێ، چونکێ شارەزاییمان نەبوو، لەو کاتەدا باشترین ئاوە بۆ ئەوەی میزی زۆر بکەیت و ژەهرەکە فڕێ بدەیت. هەر چۆنێک بێت سەر کەوتین و چووینە سەر شاخی ئاسۆس نزیک جێگەی شەڕەکان، ئەوەی لەبیرم بێت: ملازم عومەر، شێخ دارای حەفید، شێخ سەدرەدین، قادری مامەند ئاغا، لێپرسراوانی پێشمەرگەکان و برادەرانی تریش لەوێ بوون. وەزعم زۆر خراپ بوو، کاک عومەرم جیا کردەوە و وتم هەر شکم لەو ئافرەتەیە؛ نەرمین، ئەویش وتی نامەیەک بنووسە بۆ جەباری مێردی، بۆ ئەوەی هەرکە لە قەرەداغ گەڕایەوە خۆی بیکوژێ، منیش دەستم قەڵەمی نەدەگرت، بەو شەوە تاریکە بە خەتێکی ناخۆش ئەم چەند دێڕەم بۆ جەبار نووسی، ئێستاش لەبیرمە چیم نووسیبوو.

برام کاک جەبار
سڵاو
کاکە گیان خیانەتی ژنەکەی تۆ بووە هۆی شەهیدبوونی کاک بێستوونی مەلا عومەر کە برادەری چەند ساڵەتە، هەروەها دایکم و کچەکەی مەلا موحەڕەم، ئێمەش چارەنووسمان دیار نییە، هیوادارم خۆت معامەلە لەگەڵ ئەم وەزعە بکەی.
برات مستەفا چاوڕەش

مانای ئەوەی بیکوژە. دوای نووسینی نامەکە، هەر بەو شەوە سنووری ئێران و عێراق بۆ دێی هەرزنە ڕۆشتین، شارەزامان لەگەڵ بوو، شەڕیش بەردەوامە لەنێوان عێراق و ئێراندا، نزیکی سنوور بووینەوە لای هەرزنە. دواتر مستەفا چاوڕەش باری تەندروستیی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەبێت، وەک خۆی دەڵێت بۆ پشکنین و چارەسەرکردن دەچێتە نەخۆشخانە لە شاری #سەردەشت# و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێزی دەکەن لە ئێران و لەوێشەوە ڕەوانەی هەندەران دەکرێت و دەچێتە وڵاتی هۆڵەندا و بە هۆی سەختی و خراپیی باری تەندروستیی، ڕەوانەی وڵاتی بەریتانیا دەکرێت لە نەخۆشخانەیەک لە شاری لەندەن. زۆرێک لە بەرپرس و سەرکردەکانی حیزبەکان ژەهرخوارد کراون، ئەمەش ژەهرخواردکردنی مستەفا چاوڕەش و دایک و کچی مەلا موحەڕەم و ئەو سەرکردانەی لەگەڵی بوون کە گومان لە نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز دەکرێت. نەرمین لە گوندی سێروانەوە خۆی دەگەیەنێتەوە شاری سلێمانی. ڕاستییەک هەیە و دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت، جەباری عەلی عەوێز کەسێکی بێتاوان و بێئاگا بووە لەو ڕووداوە، بەڵام بە بڕیاری #نەوشیروان مستەفا# و بڕیاری شۆڕش، جەباری عەلی عەوێز لە کاتی گەڕانەوەیدا لە گوندی دۆڵان لەلایەن مەفرەزەیەکی هێزی پێشمەرگەوە کە هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆشی بوون، بەدیل دەگیرێت و بەرەو سەرکردایەتی ڕەوانە دەکرێت. نێوان قەرەداغ و سەرکردایەتی ڕێگایەکی چەند ڕۆژەی دوورودرێژە، بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕژێمی بەعس تەواو دەستی گرتبوو بەسەر زۆربەی سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە و ئەرک و ماندووبوونێکی زۆری دەویست بۆ گەیشتن بە سەرکردایەتی. گریمانەیەک بخەینە پێش چاوی خۆمان، گەر جەباری عەلی عەوێز تاوانبار و سەر بە ڕژێم بووایە، ئەوا زۆر بەئاسانی دەیتوانی خۆی لەو ڕووداوە ترسناکە نەجات بدات، چونکە ئەو مەفرەزەیەی لەگەڵی دابوون و هاوسەنگەری خۆی بوون و خۆشیان دەویست، تاکوو گەیشتوونەتە سەرکردایەتی، چەکەکەی شانیان لێ وەرنەگرتبوو، ئەوەش دەبووە هۆکارێکی ئاسان بۆ دەربازبوون و نەجاتبوونی لەو کارەساتە. پاش چەند ڕۆژێک، جەباری عەلی عەوێز دەبەنە سەرکردایەتی و لە بەرگەڵوو زیندان دەکرێت. پشکۆ نەجمەدین بەم شێوەیە باس لە زیندانیکردنی جەبار دەکات: زیندانی بەرگەڵوو، فێبریوەری 1988، ئەو ساڵە؛ ساڵی هاتنی ئەنفال و نغرۆبوونی دنیا بوو، جەنگی عێراق و ئێران لە بەرەکانی نێوەڕاست و باشووردا چەقیوە و تەکانێ نادات. هێزەکانی عێراق پێچەوانەی چاوەڕوانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، کێڵگەکانی مەجنوون و هەندەک ناوچەی دیکەی گرنگ دەگرنەوە. کوردستان دەبێتە شەڕگەی هێزە دژەکان و ئێران، قورسایی خۆی لە بەرەکانی کوردستاندا بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان زیاتر دەکات، لە مانگی جەنیوەردا زەنگی مەترسییەکی گەورە دەبیسترا، تاپۆی حەزیایەک دەبینرا کە دەیویست هەموو وڵات لووش بدات، هێزەکانی پاسداران وەک ڕەوەگورگ لە ناوچەکە بەر بووبوون، کۆپتەرەکانی ئێران دۆڵاودۆڵ دەفڕین و لە بەرگەڵوو ڕێک لە تەختاییەکەی تەنیشتی زینداندا دەنیشتنەوە، بارەکانیان جێ دەهێشتن و دەگەڕانەوە، فڕۆکەکانی عێراق لە بەرزاییەوە کۆپتەرەکانی ئێرانیان بنچاو دەکرد و بۆسەیان بۆ دەنانەوە.
مامە شێخ وتی: شوکر یەکێتی فڕۆکەخانەیەکی هەیە، بەڵام بۆ دەبێ ئەم فڕۆکەخانەیە ڕێک بە قنگی ئێمەوە نووسابێت! دەترسێم ڕۆژێک فڕۆکەیەکی ئێراقی بە ڕۆکێتێک، فڕۆکەخانە و زیندانەکەی ئێمەش نغزۆ بکات!
فڕۆکەیەک هات و نیشتەوە، عەلی مامە حەمە گوتی: بەرزم بکەنەوە، دەمەوێت لەو کونەوە بیبینم کە داخۆ چیی تێدایە! جەباری عەلی عەوێزیش گوتی: وەرە سەر شانم! عەلی لە قەڵادوشکانی جەباردا دانیشت و جەبار هەستایە سەر پێیان. عەلی گوتی وا نابێت، هیچ نابینم، دەبێت بە پێیان لەسەر شانت بوەستم، دیوارەکە هێند بەرزە دەڵێی شوورەی قەڵایە! هەستە سەر پێ! عەلی هەستا و گوتی: دەیبینم!
چییە؟
مەسینە! ئافتاب!
چی!
مەسینەی دەستنوێژهەڵگرتن. پاسدارەکان دەچن بۆ کەربەلا و پێیان وایە ئێراق مەسینەی لێ نییە. جەبار گوتی دابەزە شانم شکا! جەباری عەلی عەوێز مانگێک دەبوو بۆ دیوەخانەکەی ئێمەیان هێنابوو، من جەبارم پێشتریش دەناسی. دەرگایان کردەوە، مەلا یاسین گوتی جەبار لای ئێوە دەبێت! ژنەکەی جەبار خۆی دەرباز کردبوو و پاداشتی خۆی لە بەعس وەرگرتبوو. جەبار جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەو لەو کاتەدا لە قەرەداغ بووە لە مەڵبەندەوە برووسکەیان بۆ کردووە و خۆی بە پێی خۆی هاتووە بۆ سەرکردایەتی.
ئەگەر من ئاگاداری ئەو بێڕەوشتییەی ژنم بووایەم، بە پێی خۆم نەدەهاتم، من دەمتوانی لەبریی ئەوەی بۆ ئێرە بێم، بۆ سلێمانی بڕۆم! ژنەکەم پێش ئەوەی تاوان دژی ئەو برادەرانەی من بکات، تۆڵەی لە من کردووەتەوە. جەبار وەهای دەگوت!
مەرگی بێستوون دڵگرانی کردم، بێستوون لە شەوی پەلامارەکەی یەکێتی و زیندانیکردنی ئێمەدا میوانمان بوو. من خۆم بە ئەندامی ئەو ڕەوتەی ئێوە دەزانم، هەر کێشەکە بە ئاشتی و بێ تەقوتۆق چارەسەر بکرێت من لەگەڵ ئێوەم، ئاخر من دەمەوێت نە کورد بکوژم و نە کوردیش بمکوژێت! بێستوون دوا ئێوارە لە گوندی تەکیە وەهای پێ گوتم!
لەگەڵ خەستبوونەوەی هێرشەکانی بەعسدا، زیندان دەهات و چۆڵتر دەبوو. زیندانییەکان پاکوپیس دەکران، هەندێکیان بە چەردەیەک پارە لەنێوان 20 تا 30 هەزار دینار ئازاد دەکران. ئەفسەرێک کە داوای پەنجا هەزار دیناریان لێ کردبوو، بەکوڵ دەگریا و دەیگوت پەنجا هەزار دینار ئەگەر گەڵای دارپرتەقاڵیش بێت، بە ساڵێک کۆ نابێتەوە. هەندێک لە سەرباز و جاشان بێ بەرانبەر ئازاد کران، ژمارەیەکی زۆریان گواستەوە بۆ ناوچەکانی قەرەداغ و خۆشناوەتی و جارێ سەد کەسێک لە زینداندا مابوون.
بازنەی ئەنفال بە زمانی بڵێسەی خۆیەوە تەنگ دەبوویەوە، بەعس بڕیاری دابوو بە هەر نرخێک بێت و ئەو ناوچەیە کە مەترسیی بۆ دەسەڵاتی ئەو لە کوردستاندا دروست کردبوو، کۆنترۆڵ بکات، درێژایی بەرەکانی شەڕ لە هەر چوار لاوە چەند سەد کیلۆمەتر دەبوو، ژەنەراڵەکانی سوپای بەعس لە نزیکەوە سەرپەرشتیی شەڕەکەیان دەکرد، هێزەکانی یەکێتی سەرسەختانە بەرگرییان دەکرد، ناپاڵم و کاتیۆشا و تۆپی دوورهاوێژی ژارڕژێن؛ یەک چرکەش وروونیان نەدەدا. لە دۆڵی جافایەتیدا قیامەت هەڵسابوو، دۆزەخ تاو درابوو، مرۆڤەکان چەکدار و بێچەک، ژن و منداڵ پیر و گەنج لەو دۆزەخەدا دەسووتان.
گەوەی زنجیرەکان بە هەڵاوی نزوولە و
سنگکوتانی دایک گەرم دانەهاتن،
بە هەناسەی ژەهراویی بیابان لێک ترازان!
لەژێر بریسکەی ئەو شمشێرانەی بە ئاسماندا هەڵدەسووڕان،
سپێنەی چاوەکانی هەتاو ڕژا،
دەربەندەکان پەرکەمیان گرت،
ئەستێرەی بن ئەشکەوتەکان کووژانەوە،
بنکاچەکان کەفیان چەڕاند،
گابەردەکان، سەری بەناڵەیان بە کۆشی نواڵاندا کرد...
زیندان چۆڵوهۆڵە، قاوشەکان سرتەیان لێوە نایەت. ئێستا مامە شێخ، عەلی مامە حەمە، جەباری عەلی عەوێز و من، میراتگەری ئەم زیندانە گەورەین! شۆڕش ئەگەر شتێکی بە میرات بۆ ئێمە جێ نەهێشتبێ، ئەم زیندانەی وەکوو دیاری پێ بەخشیوین. جەبار دەترسێ و لە ناخەوە هەرەسی هێناوە، شەوانە خەوی نییە و تا سپێدە جگەرە دەکێشێ. گەردوگوڵی بەیانی دەنگی بادانی کلیلی زیندان، جەباری ڕاچڵەکاند. جەبار لە ناخەوە، لە قووڵایی نەستی خۆیدا هەستی بە کۆتایی خۆی کردبوو. من دەڕۆم! گەردنم ئازاد بکەن! ئێستا دەمبەن و ئیعدامم دەکەن! دەرگا کرایەوە و جەبار هەستا، ئاوڕێکی لە ئێمە دایەوە، لە چاوانی جەباردا جگە لە ترس، هیچی تری دیکەم نەبینی! جەبار جگەرەیەکی پێکرد، بێ ماڵئاوایی پێشیان کەوت. لەنێو گرمەی تەقینەوەی کاتیۆشادا گوێمان لە ڕێژنە گوللەیەک بوو، من ئەو دەستڕێژەم ناسییەوە، ئێستاش نەمزانی کە داخۆ جەبار هاوتاوانی ژنەکەی بوو، یاخود ئەو دەستڕێژە تاوانێک بوو بۆ سڕینەوەی مرۆڤێک کە ناوی جەباری عەلی عەوێز بوو... نازانم!
نەرمین؛ خێزانی فەرماندەی تێکۆشەری دێرین، دوای کارەساتی ژەهرخواردکردنەکە، بەرەو شاری سلێمانی هەڵدێت. مستەفا چاوڕەش بۆ پشکنین و چارەسەری ژەهرخواردنەکەی، لە ساڵی 1987دا بەرەو ئێران و دواتر بۆ هەندەران دەچێت. نەوشیروان مستەفا؛ سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەبێت و بارەگای لەنزیک زیندانی بەرگەڵوو دەبێت. جەباری عەلی عەوێز لە بەرگەڵوو گوللەباران دەکرێت. بارودۆخی سیاسیی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ڕاپەڕینی سەرتاسەری کراوە. لە ڕێکەوتی 7/3/1991دا شاری سلێمانی ئازاد دەکرێت و هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان لە تەواوی شارەکانی کوردستاندا ئازادانە تێکەڵ بە جەماوەر دەبن، تاوانبارانی دژ بە گەل و نیشتمان بە سزای گەل و شۆڕش دەگەیەنرێن، نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز لە شاردایە و هێزی پێشمەرگەش لە لوتکەی بەرزیدایە.
ئایا نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز، وەک هەر تاوانبارێک بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنرا؟ یان بەبێ ئاگاداری بڕیاری شۆڕش و گەل، ئەو کارە ئەنجام درا ؟
پێش ئەوەی جەبار بکوژن، ژنەکەی وتوویەتی جەبار بێتاوانە و 25 کەس لەو موئامەرەیە بەشدارە. سەبارەت بە ڕووداوی ژەهرخواردکردنی مستەفا چاوڕەش و هەندێک بەرپرسانی تر، دایکی دەڵێت: کوڕەکەی بێتاوان بووە و یەکێتی بە ناهەق و بەبێ دادگاییکردن و بێ لێکۆڵینەوە کوژراوە. لەو ڕووداوەدا ستەمێکی گەورە لە کوڕەکەی و بنەماڵەکەیان کراوە، کە تاوانێکی لەو جۆرە دەخەنە پاڵیان. ڕەعنا حەمە ئەمین کە دایکی جەباری عەلی عەوێزە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باس لە پاکی و قارەمانێتیی کوڕەکەی دەکات کە چەندە قوربانیی لە پێناو یەکێتی و شۆڕشدا داوە، کە لە ساڵی 1984دا لەلایەن حیزبی بەعسەوە دەگیرێت و بۆ ماوەی بیست ساڵ لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمەدا حوکم دەدرێت و پاش سێ ساڵ زیندانیکردن، بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێت. پاشان حکومەت کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی پێ دابوو، بەڵام جەبار بەو مەرجانە ڕازی نەبوو. پاش ئازادبوونی لە زیندان بە دوو هەفتە، جارێکی تر ڕووی لە شاخ کردووە و گەڕاوەتەوە نێو هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی و ڕایگەیاندووە بەوەی من بەبێ شاخ ناژیم. هەر لەو ساڵەدا کە چووەتەوە شاخ، ڕووداوی ژەهرخواردنەکە ڕووی داوە. پاش شەش مانگ، خێزانەکەشیان برد بۆ شاخ کە ماڵیان لە مەرگە بوو. دواتر جەباریان ناردبوو بۆ بەری قەرەداغ بۆ پرسەی مام هێرش. کە چووبوو بۆ قەرەداغ، ژنەکەی ناردبوو بۆ ڕانیە بۆ ماڵی براکەی.
دایکی جەبار لە پرسەی بێستوونی مەلا عومەردا دەبێت، ئەو پێشمەرگەیەی ژەهر دەیکوژێت، خەسووی نەبەز واتە خولەی جگەر بە دایکی جەبار دەڵیت: بۆ ناچیت سەرێ لە جەباری کوڕت بدەیت؟ دایکی جەباریش دوودڵی و ترس دەچێتە ناخیەوە و بۆ ڕۆژی دواتر بەتەنها بەرەو شاخ بەڕێ دەکەوێت. بە چەند ڕۆژێک و ترس و دڵەڕاوکێ، خۆی دەگەیەنێتە مەرگە و لەوێ خێزانەکەی نەبەز (خولەی جگەر) ڕووداوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە.
دایکی جەبار ئاماژە بەوە دەکات لەو کاتەدا بەرپرسێکی یەکێتی نەرمینی گەیاندووەتەوە شاری سلێمانی، ئەو بەرپرسە زانیاریی داومەتێ. دایکی جەبار دەڵێت: ئەو بەرپرسە بە سایەقەکەی خۆیدا ژنەکەی دێنێتەوە سلێمانی، وتبووی بیبەنەوە تەسلیمی دایکی بکەنەوە، بەڵام دایکی ژنەکەی جەبار ناهێڵێت بمێنێتەوە، دەینێرێت بۆ ماڵی خوشکەکەی جەبار. دواتر عەلە لووت ماسی و ملازم عەلا کە سەر بە ڕژێم دەبن، دەدەن بەسەر ماڵی خوشکەکەی جەباردا و عەلە لووت ماسی داوای نەرمین دەکات، لە ژووری سەرەوە نەرمین دەهێننە خوارەوە، لەگەڵ دوو خوشکەزای جەباردا دەیگرن. ئەوەی جێی سەرنج و تێبینییە، عەلە لووت ماسی لەدوای ڕاپەڕین دەستگیر کرا و دواتر لە زیندان ئازاد کرا و تا ئەم چاوپێکەوتنە عەلە لووت ماسی لە سووریا دەژی. دایکی جەبار درێژە بە باسەکە دەدا و باس لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت: من بەو بەرپرسەی یەکێتیم وت بۆ نەرمینتان ناردەوە بۆ سلێمانی؟ لە وەڵامدا وتی: من ئاگام لێ نییە و نازانم پلانی (موئامەرەی) کێ بووە. سەبارەت بەو ڕووداوە دەڵێت: کاتێک گەیشتمە مەرگە، خولەی جگەر (نەبەز) نامەیەکی بۆ نووسیم بیبەم بۆ کاک نەوشیروان مستەفا لە بەرگەڵوو. بە تراکتۆرێک سەعات دووی شەو گەیشتمە بەرگەڵوو، دواتر چوومە بەردەم ئەو زیندانەی کە جەباری تێدا زیندانی کرابوو، داوام لە پاسەوانەکان کرد کە جەبار ببینم، ئەوانیش پێیان وتم: ئەمرمان پێ نییە، سبەی وەرەوە بەڵکوو بیبینیت. بەیانی چووم بۆ بارەگاکەی نەوشیروان مستەفا، پاسەوانەکانی نامەکەیان لێ وەرگرتم و بردیان بۆ نەوشیروان مستەفا، دواتر پێیان ڕاگەیاندم نەوشیروان مستەفا کۆبوونەوەی هەیە. پاشان چوومەوە بۆ بەردەمی زیندانەکە، داوام لە بەڕێوەبەری زیندان کرد کە جەبار ببینم. لە دوورەوە یەکێک بانگی کردم و وتم تۆ کێیت؟ ئەویش وتی جەبارم و هاتە بەردەمم. وتم ئەوە چییە گۆبەندیان بۆ ناویتەوە؟ پاشان ئاماژە بەوە دەدات و دەڵێت: جەبار داوای کردووە ئازادی بکەن، گەر خێزانەکەی تاوانبار بێت و بەڵگەی لەسەر بێت ئەوا، دایک و خوشک و برایەکی بە بارمتە لەلای یەکێتی دادەنێت و بچێتەوە سلێمانی لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا نەرمینی خێزانی بکوژێت. پاشان لای هەندێک بەرپرس و هاوڕێیانی وتبووی گەر ئێوە پیاو بوونایە، نەتاندەهێشت نەرمین بڕواتەوە سلێمانی و دەستبەسەرتان دەکرد. کاتێک نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز پاش دەستگیرکردنی لەلایەن عەلە لووت ماسی و ڕادەستکردنی دائیرەی ئەمن؛ ئازاد دەبێت، دایکی جەبار پێی دەڵێت: ئەوە چییە نەرمین، ئەم گۆبەندە چی بوو ناتەوە؟ نەرمینیش لە وەڵامدا دەڵێت من ئاگام لە ڕووداوەکە نەبووە و بیست و پێنچ کەس موئامەرەیان لە جەبار کردووە. پاشان دایکی جەبار ئاماژەی بەوەش داوە بەر لەوەی جەبار بکوژن، جەبار وەسێتی کردووە هاوڕێیەکی خۆی ڕاسپاردووە بە ناوی بێستوونی تەسجیلات کە نەرمینی خێزانی بکوژێت. هاوڕێکەشی دوای ڕاپەڕینی ئازادکردنی کوردستان، وەسێتەکەی جەبار جێبەجێ دەکات و نەرمین دەکوژێت. دایکی جەبار دەڵێت: لە ڕۆژێکی ڕەمەزاندا دەچنە ماڵی دایکی نەرمین و نەرمین دەبەن، پاش لێکۆڵینەوە نەرمین دەڵێت جەبار بێتاوانە. وەکوو باسی دەکەن و باس دەکرێت، کۆپییەکی دەنگی لای بێستوونی تەسجیلاتە. دایکی جەباری عەلی عەوێز ئاماژەشی بەوە دا کە مام جەلال؛ جەباری زۆر خۆش دەویست، وتوویەتی دەست لە جەبار مەدەن تاکوو خۆم دێمەوە، بەڵام بەر لەوەی مام جەلال بێتەوە، گوللەبارانیان کردووە. گێڕانەوەی مێژوو لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ بەرژەوەندیی خود و تاکەکەسییە و سوودمەند دەبێت، لەلایەن هەندێک کەسانی تریشەوە ڕاستی و دروستیی مێژووەکە وەک خۆی باس دەکرێت و تووشی سەرئێشە و کێشە و ململانێ و گیروگرفت دەبێت، بۆیە منیش لێرەدا مێژووەکەم بە ڕاست و دروست وەک خۆی گێڕاوەتەوە لە بەشێکی یادەوەرییەکانمدا و دەبێت باجەکەشی هەر چییەک بێت؛ بیدەم، تەنانەت ڕۆحکێشانیش بێت. کاتێکیش ڕۆح لەسەر ڕاستی و دروستیی گێڕانەوەی مێژوو بکێشرێت، بێگومان ئەو مێژووە هەمیشە زیندوو دەبێت...
کاتێک جەباری عەلی عەوێز لە زینداندا دەبێت، بارودۆخی سیاسی و تەسکبوونەوەی سنووری ئازادکراوی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ڕژێمی بەعس و تۆپبارانکردنی تەواوی گوندەکان لە تەنگاوێکی زرووفی ئەنفالی یەکدایە، نەوشیروان مستەفا ئەو دەمە کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە، زانیویەتی کە جەباری عەلی عەوێز بێئاگا بووە لەو ڕووداوە و بێتاوان بووە، بەڵام شۆڕش بڕیاری گوللەبارانکردنی بۆ دەردەکات بەو تۆمەتەی تازە جەبار کەڵکی نەماوە، گەر دەستی بگاتەوە بە شاری سلێمانی، بەم حاڵەتەوە خراپەی زۆری لێ دەوەشێتەوە، بەو هۆیەوە لە دەرەوەی زیندانەکەدا بە چەند گوللەیەک تەواو کراوە. لەبەر حاڵەتی ئیحتیاتی شۆڕش و گریمانەی خراپبوونی لە داهاتوودا، دەنا نەوشیروان مستەفا دەیزانی کە جەباری عەلی عەوێز بێتاوانە، وەک وریا و جوامێری سەرتیپ و سالاری حاجی دەروێش و زاهیر کونجرینی و مام ئاراسی #حسک# و... هتد؛ بێتاوان شەهید کران. گێڕانەوەی ئەم یادەوەرییانە بۆ کولاندنەوەی زام و برینی بنەماڵەی قوربانییان و بێڕێزیکردن بە خودی هیچ کەسایەتییەک نییە، بەڵکوو تەنها ڕاستی و دروستیی مێژوویەکە بۆ نەوەی داهاتوو کە چیتر هەڵە و کەموکوڕییەکان دووبارە نەبنەوە و لە چەمکی تەواوی شۆڕش و سەروەرییەکانی و کێشە و ململانێکان بگەن و ببێتە ئەزموونێکی ڕابردوو بۆ داهاتووی پڕ لە ئومێدی سەرکەوتن و پێکەوەژیان. پێش ئەوە سەرنج و تێبینیی زیاترم بۆ ئەو ڕووداوە دەربڕم و بخەمە ڕوو، واتە کاتێک نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز کە بە کاراکتەری سەرەکیی گەورەی ژەهرخواردکردن دەزانن، گوایە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی؛ زۆرترین پاداشت کراوە لەلایەن حیزبی بەعسەوە.
من دەمەوێت لێرەدا نەخشەی ئەو ماڵە بکێشم کە نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز دوای کارەساتی ژەهرخواردنەکە تا ئەو کاتەی دەکوژرێت لەلایەن بێستوونی تەسجیلات کە هاوڕێی سەرەکی و گیانیبەگیانی جەباری عەلی عەوێز دەبێت، لەو خانووەدا ژیانی لەگەڵ دایکی جەبار و دوو منداڵەکەیدا بردۆتە سەر. مەبەست لە نەخشەکێشانی ئەو خانووەی نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێزی تیا ژیاوە، دواتر دێمەوە سەر مەبەستی سەرەکیم لە نووسینەکە. خانووەکە بەرامبەر مەرکەزی سەیوان بوو، ڕووی بەردەمی خانووەکە چۆڵ و گۆڕستانی سەیوان بوو، واتە هیچ خانووەیەکی تری لێ نەبووە، پشتی خانووەکە شیوەکەی سەرکارێزە و تەنها سنووری جوگرافیای ئەو خانووەی نەرمینی تێدا دەژیا؛ چوار خانوو بوون لەتەنیشت یەکەوە، پاشان دیواری سەرەکیی خانووەکە؛ نزم و بە هەردوو دیودا چۆڵەوانی بووە. لەو دەمەدا کوڕەکەی کە ناوی جیڤارایە، تەمەنی چوار ساڵ و کچەکەی حەوت ساڵان بووە. لەدوای ڕاپەڕین و ئازادبوونی کوردستان، جارێکی تر چاوم بە کوڕەکەی جەباری عەلی عەوێز کەوتەوە. دوای پرسیارگەلێکی زۆر و گەڕانەوە بۆ بارودۆخی ئەو کارەساتە کە ڕووی دابوو، چۆنیەتیی گوزەران و ڕووداوی کوشتنی نەرمینی دایکیم لێ پرسی.
جیڤارای کوڕی جەباری عەلی عەوێز پێی ڕاگەیاندم: دوای ئەوەی کە باوکم شەهید کرا و منیش تەمەنم لەدوای ڕاپەڕین بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران و لە دە ساڵان تێپەڕی نەدەکرد، باری گوزەرانمان بە ڕادەیەک ناخۆش و دژوار بوو؛ ئاراممان لێ هەڵگیرابوو، ناچار نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم، کە هیوا و ئامانجی پاشەڕۆژم بوو. هەر لەو دە ساڵییەی تەمەنمەوە کەوتمە بازاڕەوە و ناچار کاری دەستگێڕی و گۆرەوی فرۆشتن و چلوورەم دەکرد، ڕۆژانە سێ بۆ چوار دینارم دەست دەکەوت. دایکم (نەرمین) سێ برای هەبوو، یەکێکیان لە جەنگی عێراق و ئێراندا سەرباز بوو، شەهید بوو، مووچەی شەهیدانەی لەلایەن حوکمەتەوە بۆ بڕابووەوە، برایەکی تری لە ڕانیە دەژیا و برای سێیەمی لە کارەساتێکی ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەست دا.
ناچار بەو کارە کەمەی کە من دەمکرد و مووچەی شەهیدانییەکەی خاڵم دەژیاین. لە ئەنجامی کارکردنی دەستگێڕی و ماندووبوونمدا، نەمدەتوانی لە قوتابخانە وەک هاوڕێکانم بخوێنم. بۆیە سەختیی ژیانمان لە دووریی نەبوونی باوک و دایکێکی نەخوێندەوار و هەژارم، خۆم و خوشکەکەم وازمان لە قوتابخانە هێنا و درێژەمان بە کاری دەستگێڕی دا. ئەوەی کە ئەندامانی خێزانەکەمانی وەڕز کردبوو، وەرزی زستان بوو. هەموو ساڵێک ئەو وەرزە ببووە نەهامەتی بۆ ئێمە، چونکە تەنها زۆپایەکمان هەبوو، لەبەر بێ نەوتی، شەوانە نەنکم یەک کاتژمێر زۆپاکەی دادەگیرساند و هەموومان لەدەوری کۆ دەبووینەوە، هەر ئەوەندەی تینی گەرمامان بۆ دەهات کە چەند سەنتیمەترێک لێوەی دوور بووین، دەکوژێنرایەوە و هەریەکە و پەتوویەکمان دەدا بەسەر شانماندا و لەبەر ئازاری جەستە و بەدەنم کە لە کاتی کاری دەستگێڕیدا ماندووی دەکردم، بەر لە خوێندنەوەی کتێبەکە خەوم لێدەکەوت، ئەوەش ببووە هۆکاری ئەوەی چیتر نەتوانم وەک قوتابییەکی ئاسایی لە قوتابخانەدا بخوێنم. سەبارەت بە کوشتنی نەرمین، پێی ڕاگەیاندم کە بێستوونی تەسجیلات کە هاوڕێی باوکم بوو، دایکمی کوشت. لەم دوادوایەدا بێستوونم بینی و پرسیارم لێ کرد سەبارەت بە کوشتنی دایکم، ئەویش لە وەڵامدا وتی بەڵێ من کوشتوومە و ئەو ئەرکەم بەجێ هێناوە کە باوکت وەسێتی بۆ کردووم. کاتێک کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ بێستوون، ڕووخساریم بەبیر هاتەوە، ئەو کاتە من منداڵ بووم وەک هەر منداڵێک کە حەز بە گەمە و یاریکردن دەکات، لە کۆڵانەکەی بەر ماڵەکەماندا بەرامبەرمان گۆڕستان بوو، یاریم دەکرد، لە دوورەوە دوو پێشمەرگەم بینی و بەرەو ماڵی ئێمە هاتن، کە یەکێکیان بێستوونی تەسجیلات بوو کە هاوڕێی باوکم بوو، پاشان بە خێزانی تێکەڵ بووین، هاتن و خۆیان کرد بە ماڵی ئێمەدا و داوای دایکمیان کرد بەوەی هەندێک کاریان پێیەتی و دواتر دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە. دوای گفتوگۆیەکی زۆری نێوان نەنکم و دایکم و بێستوون لە ژووری ئەودیو، پێی ڕاگەیاندبوون بەوەی ملازم عومەر کاری پێیەتی و هەندێک پرسیاری لێ دەکات و دواتر نەرمین ئەمانەتە لای من بۆتان دەهێنمەوە. پاش درێژەپێدانی گفتوگۆی نێوان من و بێستوونی تەسجیلات، وتی: دایکت عەباکەی دا بە سەریدا و وتی بێستوون با بڕۆین. دایکت بە نەنکتی وت: واتە بە دایکی جەباری عەلی عەوێز، ئەگەر من نەهاتمەوە، ئاگات لەم دوو مناڵەم بێت. دواتر نەنکت زۆر بەتاسەوە وتی: بێستوون، ئەمانەتی تۆ و نەرمین! منیش وتم: خەمت نەبێت چۆن دەیبەم، ئاواش دەیهێنمەوە.
ئێستە تەمەنی من گەیشتۆتە بیست و حەوت ساڵان و جارێکی تر چاوم بە بێستوونی تەسجیلات کەوتەوە، پرسیارم لێ کرد: چۆن و بە چی دایکمت کوشت؟ وەڵامی دایەوە: لەدوای ڕاپەڕین بەرەی کوردستانی لە مزگەوتی عەلی کەمال لێکۆڵینەوەیان لە تاوانباران دەکرد و بڕیار دەدرا ئەو کەسانەی تاوانیان کردووە، بکوژرێن. ئیتر نازانم ملازم عومەر چۆن لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ نەرمین کردووە، چونکە ملازم عومەر خۆی قسەی لەگەڵ کردووە، بەڵام دڵنیام زۆر زوو بڕیار لەسەر کوشتنی دایکم دراوە. دواتر بێستوونی تەسجیلات پێی ڕاگەیاندم کاتێک بڕیاری کوشتنی نەرمین لەلایەن ملازم عومەرەوە دەرکراوە، بێستوون وتوویەتی من بەو کارە هەڵدەستم و دەیکوژم! بێستوون وتی: کاتێک من و دوو پێشمەرگەی تر نەرمینمان برد بۆ شەقامی شەست مەترییەکە، نەرمین وتی: بێستوون، بوەستە با جارێک خۆم چاک بکەم، کاتێک تەقە دەکەیت و کەوتم، با جەستەم دەرنەکەوێت. پاشان بێستوون وتی: نەرمین خۆی چاک کرد، واتە زیاتر پۆشاکی توندتر و خۆی پێچاوەتر کرد و دواتر وتی: بێستوون، من ئامادەم، تەقە بکە. بێستوون وتی: دەستڕێژیم کرد و نەرمین دەستبەجێ لە شوێنی خۆیدا کەوت و گیانی لەدەست دا.
بێستوون وتی: کاتێک گیانی لەدەست دا و چوومە سەری، بینیم بە شێوازێک خۆی پێچابووەوە کە کەوتیش، هیچ شوێنێکی جەستەی دەرنەکەوت. لە کاتی دەستڕێژیکردندا نەرمین ماکسییەکی ڕەشی لەبەردا بوو، چونکە شەش مانگ بوو برایەکی بە ڕووداوی وەرگەڕاندنی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەست دابوو. بۆ بەخاکسپاردنی دایکیشم، دەرامەت و بژێویمان بە جۆرێک خراپ بوو کە لەنێوان خزم و خێزخوازاندا پارەی کفن و گۆڕ هەڵکەندن و بەخاکسپاردنی دایکم، کۆمەکی پارەیان بۆ کردین. پێش ئەوەی کۆتایی بە چیرۆک و ئەم یادەوەرییە تفت و تاڵە و کارەساتە پڕ تراژیدیایە بهێنم، دەمەوێت سەرنجی خوێنەر لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە و جۆری بەڵگە و نووسینەوەی یادەوەرییەکە و تاوان و کاراکتەری سەرەکی و پشتی پەردەوە بدرێت. سەرەتایەکی ڕوون و ئاشکرا و شێوازی بێوچانی خەباتی مرۆڤێکی دڵسۆزی وەک فەرماندەی دێرین شەهید جەباری عەلی عەوێز، مێژوو شایەتی حەقیقەتی مەزنیی ئەو مرۆڤەیە کە لە سەرەتای لاوێتییەوە و لە شۆڕشی ئەیلوولەوە چەکی پێشمەرگایەتیی کردووەتە شان و دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و لە هەڵگیرساندنەوەی خەباتی ڕێکخستنی نهێنیی شار و شاخ و پێشمەرگە سەرەتاییەکان بووە. جەباری عەلی عەوێز خۆی بێبەش نەکردووە لە خزمەتکردن بە نیشتمانەکەی، مێژووش حەقیقەتی بێتاوانیی ئەم مرۆڤە دڵسۆزەی دەرخستووە بەوەی کە بەدوور بووە لە خیانەت و پلانی ژەهرخواردکردنی ئەو تێکۆشەرانەی دووچاری ئەو کارەساتە جەرگبڕە بوون. ئەوەی دەبێتە جێی پرسیار ئەوەیە چۆن نەرمین دوای ئەنجامدانی ئەو کارە، توانیویەتی خۆی بگەیەنێتەوە ژێر دەسەڵاتی دوژمن و خۆی دەرباز بکات لەو کارەساتە جەرگبڕ و ترسناکە؟ پرسیاری لەوە گەورەتر ئەوەیە لەو ساڵانەدا نەوشیروان مستەفا کە بە یەکێک لەو سەرکردانە بەناوبانگ بووە کە چاوپۆشیی لە هەڵەیەکی بچووکیش نەکردووە نەک هەڵەیەکی گەورە، بەتایبەت تاوانی لەو جۆرە! پاشان پێش ئەم تاوانی ژەهرخواردکردنە، تاوانی تریش ڕووی داوە و بە کەمترین کات بەسەر تێپەڕبوونی تاوانەکەدا، تاوانبار بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنراوە، لە هەمان کاتیشدا بە زووترین کات گوێبیستی ئەو هەواڵە بووە، هۆکاری بێدەنگیی نەوشیروان مستەفا لەو تاوانەدا چی بووە؟ ئایا نەوشیروان مستەفا نەگەیشتۆتە سەر ئەوەی بڕیاری سزادانی نەرمین دەربکات و نەرمین خۆی دەرباز کردووە؟ یان کارەکان لە تاریکیدا و لەپشتی پەردەوە ئەنجام درابن؟ خۆ ئەگەر وا بێت، نەرمین دوای ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. پاشان تاوانێکی گەورەی لەو جۆرە، جێی لێخۆشبوون و لێبوردەیی نییە، هۆکاری چییە نەرمینی خێزانی جەباری عەلی عەوێز دوای ساڵانێکی زۆر لە سلێمانیدا ژیاوە و لەو خانووە چۆڵەی دوورە شاردا بە سزا نەگەیەنراوە و نەکوژراوە، واتە لەدوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئازادکردنی کوردستان کوژراوە، کە ماوەیەکی درێژخایەنە دوای ئەنجامدانی ئەو کارەساتە گەورە و ترسناکە؟
ئایا نەرمین هێندە پاسەوانی ڕژێمی لەگەڵدا بووە بۆ پارێزگاریکردنی و ماڵەکەی لەنێو سەنتەری شاردا بووە تاکوو دەستی هێزی پێشمەرگەی پێ نەگات؟ کە بە پێچەوانەکەیەوە ماڵی نەرمین لە گەڕەکی سەرکارێز و چۆڵەوانیدا بووە و ماڵەکەشی بەتەنها بەتەنیشت چوار ماڵدا بووە. هەر لەو ساڵانەشدا هێزی پێشمەرگە تاوانبارانی زۆری بە سزای گەل و شۆڕش گەیاندووە و نەرمینیش تەنها لەگەڵ ئافرەتێکی بەساڵاچووی (دایکی جەباری هاوسەری) و کوڕ و کچێکیدا ژیاوە، بۆ لەبریی ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بە سزای گەل و شۆڕش نەگەیەنراوە؟
یان کاتێک جەباری عەلی عەوێز دەستگیر دەکرێت و زیندان دەبێت، داوا لە شۆڕش دەکات بەوەی گەر بەڵگە لەسەر ژنەکەی هەیە، ئازادی بکەن بەو مەرجەی جەبار مناڵەکانی و دایکی بە بارمتە دابنێت لای شۆڕش و بچێتەوە شار نەرمینی خێزانی بکوژێت، هۆکاری چییە ڕێگر بوون لەبەردەم پێشنیارەکەیدا؟ کاتێکیش بۆیان ڕوون بووەوە جەباری عەلی عەوێز بێتاوانە، بۆچی کوژرا و کەسێکی بێتاوان لەبریی تاوانبارێک باجی کۆتایی ژیانی بدرێت؟ گەر جەباری عەلی عەوێز تاوانبار بوو، بۆچی لە ئێستەدا بە پێشمەرگەی شەهید خانەنشینە؟
کاتێک نەرمین ئەم تاوانەی ئەنجام دابێت، دەبێت لەلایەن دوژمنەوە پاداشتێکی گەورە و بەنرخ کرابێت. وەک دکتۆر سالار باسیرە لە پەرتووکی کوشتن لە عێراق بە ژەهری سالیۆم و تراژیدیاکەی سێروانەی ناوچەی مەرگە لە کوردستاندا دەڵێت: نەرمین دوای ئەنجامدانی تاوانەکە و گەڕانەوەی بۆ شار، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە پاداشتێکی گەورەی وەرگرت. هەروەها تیکۆشەری دێرینی فەرماندە پشکۆ نەجمەدین لە پەرتووکی ئەزموون و یاد، ئاڵای شۆڕش و حیکایەتەکانی زینداندا بە هەمان شێوە دەڵێت: ژنەکەی جەبار خۆی دەرباز کردبوو، پاداشتی خۆی لە بەعس وەرگرتبوو. گریمان نەرمین ئەو هەموو پاداشتەی لە ڕژێم وەرگرتبێت، بۆچی لە خانوویەکی ڕووخاودا ژیانی بەسەر بردووە و بۆ بژێویی مناڵەکانی لەلایەن خەڵکەوە یارمەتی دراوە؟ ئەمانە هەموو پرسیارگەلێکن بێ وەڵام ماونەتەوە. سەرباری ئەوەی خۆشم لەم چیرۆکە تێنەگەیشتووم، بەڵام هەندێک یادەوەری هەیە نابنە جێگەی گومان و پرسیارکردنی بێ وەڵام، ئەوەی لێرەدا وەڵامەکەیم وەرگرتووەتەوە، بکوژەکەی نەرمینە. بێستوونی تەسجیلات هاوڕێی گیانیبەگیانی جەباری عەلی عەوێزە و زۆرترین کاتەکانی لەگەڵ جەباردا بەسەر بردووە و زۆرترین یادەوەریی هاوڕێیەتیی لەگەڵ جەباردا هەبووە و تێکەڵی تەواوی خانەوادەکەیەتی و دەکرێت بڵێین لەگەڵ نەرمین و جەباردا وەک خوشک و برا بوون و سۆز و خۆشەویستیی نێوانیان پێناسەی نەبووە، چونکە ئەوەی من بزانم جەباری عەلی عەوێز لەگەڵ هەموو هاوڕێکانیدا تێکەڵیی خێزانیی هەبووە و کەسێک بوو هەمیشە هاوڕێکانی سەردانیان کردووە و لە ماڵەکەیدا نەرمینی خێزانی خزمەتی دەکردن، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ڕاپەڕین بە دەستڕێژیی گوللەی کڵاشینکۆفی بێسووتنی تەسجیلات، نەرمین دەکوژرێت! کەواتە لێرەدا پاڵەوانی چیرۆکەکە هێندەی نەماوە بێستوون بێت. دەمەوێت چاوێک بە نەخشەی ئەم پاڵەوانەی مەیداندا بخشێنم، ئاخۆ لەنێو ئەم هەموو ڕۆژگارەی نێو ئەم هەموو ساڵەدا کە تێپەڕی بەسەر ئەم تاوان و کارەساتە جەرگبڕەی تاوانی گوندی سێروانە، بۆچی نەرمین نەکوژرا؟ تەنها پاڵەوانی نێو شۆڕش، بێستوون بوو؟ واتە شۆڕش نەیدەتوانی ئەو کارە ئەنجام بدات و بێباکانەش وەک سزادانی تاوانبارەکانی تر، لە ئێزگەی دەنگی کوردستاندا بڵاو بکرێتەوە؟ ئەمە بیروڕای بێستوونی تەسجیلات خۆیەتی، هۆکاری کوشتنی نەرمین بە پاڵەوانێتیی خۆی دەزانێت و دەڵێت: خۆم کوشتوومە! وەک خۆی دەڵێت، داواکاریی جەباری عەلی عەوێز بووە، ئەمە لە کاتێکیشدا هیچ بەڵگەیەکی بۆ دوای خۆی نەخستۆتە ڕوو، تەنها ئەوە نەبێت دەڵێت: کاتێک لە مزگەوتی عەلی کەمال تاوانباران بە سزای گەل و شۆڕش دەگەیەنران، من لەلایەن ملازم عومەرەوە نێردرام و لەگەڵ دوو هاوڕێی تری پێشمەرگایەتیمدا داوام کرد کە بچم نەرمین بێنم و چووین هێنامان بۆ مزگەوتی عەلی کەمال. کاتێک بڕیاری کوشتنی دەرکرا، من داوام کرد خۆم بیکوژم. دواتر بردمە سەر شەقامی شەستییەکەی سلێمانی و کوشتم. پرسیارێک بۆ کاراکتەری بکوژی نەرمین بکرێت، هۆکاری چییە لە بڵاوکردنەوەی پاڵەوانێتیی خۆی لە کوشتنی نەرمیندا، ئایا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە بە قارەمانێتی و مەزنیی خۆی دەزانێت؟ ئەمە لە کاتێکدا هەزاران تاوانبار بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنراون و هەموو بە ناوی شۆڕشی حیزبەکانەوە ناو دەبرێت؟ دەبێت مەبەست لێرەدا چی بێت، بێستوون شانازی بەم پاڵەوانێتییەوە دەکات؟ ئایا پێش ئەوەی ئەم ئافرەتە بکوژێت، وەک خۆی دەڵێت: پێش ئەوەی نەرمین بکوژم، داوای لێ کردم بەوەی خۆی پۆشتە بکاتەوە و توند عەباکەی لە خۆی پێچایەوە، کاتێکیش پێش ئەوەی فیشەکی ئاڕاستە بکەم، نەرمین وتی: بێستوون، سەیرم بکە و بینێ بە نێوچەوانمەوە. لێرەدا بکوژی ئەم ئافرەتە باس لە قارەمانێتیی ئەو دەکات و باس لە پاڵەوانێتیی نێو مەیدانی خۆی دەکات کە لوولەی تفەنگەکەی ئاڕاستەی نێوچەوانی ئافرەتێکی تەنها کردووە!
ئایا ئەگەر نەرمین لە بواری کۆمەڵایەتیدا خاوەنی خێڵ و عەشرەتێکی گەورە و زۆر بووایە، بێستوون هۆکاری گوللەبارانکردنی نەرمینی دەگرتە ئەستۆی خۆی؟ یان لە نزیکەوە ئاگادار بووە کە نەرمین بێکەس بووە و بێمنەت بووە لە باسکردنی گوللەبارانکردنی؟ ژیان هەموو بوونەوەرێکی جۆراوجۆری تیا دەژی و سروشتی هەموو سیفاتەکان لە مرۆڤدا جیاوازن و چوونیەک نابن، کەواتە دەبێت ڕەچاوی هەر شتێک بکرێت کە چاوەڕواننەکراو بێت، بۆیە پرسیاری زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت، چونکە ئەم کارەساتە و ئەم تاوانە گەورەی ژەهرخواردکردنە و پەیوەندیی ئەم ئافرەتە بە ڕژێمەوە، لەدوای ڕاپەڕین کە هەموو دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس دەستی بەسەردا گیرا، نەرمین هیچ مەلەفێکی بەر دەستی هاوڵاتییان و شۆڕش نەکەوتووە. چۆن دەبێت کەسێک تاوانی گەورەی لەو جۆرەی ئەنجام دابێت و پاداشتی زۆری لەبریی ئەو تاوانەدا لەلایەن ڕژێمەوە وەرگرتبێت و هیچ مەلەفێکی پەیوەندیکردنی بە ڕژێمەوە نەبووبێت و ئاشکرا نەبێت؟ دادگایکردنی تاوانباران لەلایەن بەرپرسێکی خاوەن ئەزموونی سیاسیی خەباتی ژێرزەمینی و خەباتی چەکداریی شاخ کە لە ڕابردووی ئەو هەموو ئەزموونە دژوارەی ملازم عومەر کە بەرپرسی مەکتەبی عەسکەریی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بووە، چۆن هەر ئاوا ئاسان کەسایەتیی خۆی لەنێو ئاپۆڕەی جەماوەردا لەدەست بدات و ئافرەتێکی تاوانبار بەبەر چاوی حەشامەتەوە تەسلیمی کەسێک بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە بکات و دواتر گوللەبارانی بکات؟ مەبەست لە پێشمەرگەی دێرین، واتە بە ڕاست و دروست ئەو پێشمەرگەیە لە ڕابردوودا و لە سەردەمی خەباتی شاخدا بە کردار پێشمەرگە بووبێت، بەڵام کاتێک یەکێتیی نیشتمانی لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستاندا بوو لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا، بێستوونی تەسجیلات سەرقاڵی دووکانەکەی بوو، سروودی نیشتمانیی بە دەنگی بەرز بۆ خەڵکی بڵاو دەکردەوە و ڕیکلامی مفاوەزاتی دەکرد. ئەوکات کەم تا زۆر ئێمە بۆ کاری شۆڕش دەهاتینەوە بۆ شار، ئاوات عەبدولغەفوور وەک لیژنەی تەنسیق لەنێوان یەکێتی و ڕژێمدا بوو، ئایا لێرەدا ملازم عومەر پەلەی بێسنوور و بێ بەڵگەی لە تاوانبارکردن و کوشتنی نەرمیندا کردبێت؟ یان بکوژەکەی نەرمین وەک پاڵەوانێکی خەیاڵیی نێو فلیمەکان و ڕۆڵی پاڵەوانێتیی ڕۆستەمی زاڵی گێڕابێت و ناڕاستگۆیی بە مێژووی ملازم عومەرەوە کردبێت؟ خۆ ئەگەر واش نییە، هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی ئافرەتێک کە پێش ئەوەی بکوژرێت، بە هاوڕێی هاوسەرەکەی بڵێت: با خۆم پۆشتە بکەم و عەباکەم بدەم بە سەرمدا، نەبا دوای کوشتنم؛ جەستەم دەربکەوێت!
لێرەدا نامەوێت زیادەڕەوی لە مێژووی ئەم پاڵەوانەدا بکەم، چونکە جگە لە کوشتنی ئافرەتێک، مێژوویەکی دیکەی ئەم جەنگاوەرە و ئەم پاڵەوانەم نەبیستووە کە بۆخۆم هێندە مێژووی سەروەریی تێکۆشەرە دێرینەکانم بینیوە و بیستووە، شەرم لە فیشەک تەقاندنی کەسێکی لەو جۆرە بەرامبەر بە ئافرەتێکی تاق و تەنها و بێکەسی سەر شەقامێکی دوورە شاری سلێمانی دەکەم.
ژیان بەردەوامە و نەوە لەدوای نەوە لەدایک دەبن و ئەوەی کە بینیمان و ئەوەشی کە بیستمان، دەکرێت بڵێین: تەنها بوو بە چیرۆکێک لە یادەوەرییەکانماندا، بەڵام کام چیرۆک و کامە یادەوەری؟ هەر لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە تاکوو کۆتاییەکەی، وشەکانم بەگومانەوە لەنێو نووسینەکانمدا بەرجەستە بوون و وەڵامی ڕاستەقینەم وەرنەگرت، ئاخۆ ئەمە خەون بوو یان حەقیقەتی ڕووداوێکی ڕاستەقینەی نێو ئەزموونی شۆڕشێک کە هەزارەها خەباتگێڕ قوربانیی بۆ داوە؟ گومان لەوە ناکرێت شۆڕش بەبێ هەڵە و کەموکوڕی نابێت، هێندەی شۆڕشی یەکێتی لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بووە، مەحاڵە هیچ حیزبێکی تر جێگرەوەی ئەو مێژووە بێت، لێ دەکرێت هەندێک تاوان لەپشتی پەردەوە کرابێت و لە ژوورە تاریکەکاندا نەخشە و پلانیان بۆ کێشرابێت و داڕێژرابێت. کۆتایی چیرۆکەکەش، جەباری عەلی عەوێز بە چەند دەستڕێژێک دەکوژرێت و پاش چەند ڕۆژێک جەستەی شێواوی دەخرێتە بیرێکەوە و دۆسیەکەی دادەخرێت و کۆتایی بە چیرۆک و نهێنییەکانی دڵی نەرمینش هێنرا و خرایە بیرێکی قووڵتر لە بیرەکەی جەبارەوە...



داستانی قەیوان ماوەت
جەنگی عێراق و ئێران کە پتر لە هەشت ساڵی خایاند، هەردوو وڵاتی دژ بە یەکتر لە ڕووی ئابووری و هێزی سەربازییەوە شکستخواردن و ماندووبوونیان بەخۆوە دەبینی و دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر دەبوو، بەداخەوە سەرکردەکانی لەمەڕ شۆڕشەکانی ئێمە وەک پێویست ئەو هەلەیان نەقۆستبووەوە و دوژمنیش هەر دوژمنە، نابێت بڕوا و متمانەی زیاتری پێ بکرێت. هەموو حیزبەکان پەیوەندیی دۆستانە و پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریادا هەبوو، بەڵام لە کاتی هاوکاری و پێویستیبوون پێیان، دەستبەرداری حیزبەکان دەبوون و پشتیان تێ دەکردن.
یەکێتی ئەگەرچی لە ڕابردوودا شەڕی ئێرانی کردبوو، بەڵام لە ساڵی 1986دا پەیمانی ڕێککەوتننامەیان بەست و ئێران بەڵێنی هاوکاری و ناردنی ئازووقە و تەقەمەنی و چارەسەری بریندار و پێویستییەکانی هێزی پێشمەرگە دابین بکات. دوای ئەوەی کە یەکێتی کەوتە شەڕی سەخت و ڕووبەڕووی هێزێکی زەبەلاحی ڕژێمی بەعس بووەوە، ئێران پشتی لە یەکێتی کرد و خاوەنی پەیمان و ڕێککەوتننامە و بڕیار و بەڵێنەکانی خۆی نەبوو. ئەم ڕێککەوتنەی یەکێتی و ئێران، ڕژێمی بەعسی تووڕە کردبوو و ڕژێمی بەعس بە هۆی جەنگی ئێرانەوە لە زۆر شوێندا شکستی سەربازی هێنابوو، دەیویست لە سنووری ئازادکراوی نێو هێزی پێشمەرگەوە هێرشی سەربازی بکاتە سەر بازگە و بنکەکانی پاسداری ئێران، کە لە دۆڵەڕووتەوە دەستی پێ دەکرد و لە سەفرە و زەروون کۆتایی پێ دەهات. دۆڵەڕووت سەربازگەی گەورەی سارداوی لێ بوو کە نزیک شاری سلێمانی بوو، کانی بەردینە و کانی گۆران و گوندی فەیاڵ، دواتر بە کەڵکی قەیواندا و چیای دوو برا کە بە قوتەی دوو برا ناو دەبرا و دواتر دێمەوە سەر چیا و گوندەکانی تر کە هێزی پیشمەرگە پتر لە سێ مانگ دووچاری شەڕێکی قورس و ترسناک و سەختی خوێناوی بوو، کە بە خوێنی پتر لە (100) شەهید بە شکستەوە شەڕەکان کۆتاییان پێ هات.
لەو کاتەدا بارەگای هێزی پێشمەرگە لە بەری دۆڵێوە، هەر لە یەکەم گوندی باڵخێوە تاکوو سەرگەڵوو و بەرگەڵوو، بارەگای هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتی و مەڵبەندی دوو و نەخۆشخانە و زیندانی بەرگەڵووی لێ بوو، کارێزەی کۆن بە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە شارەدێی کارێزەوە دوور بوو، من وەک فەرماندەی مەفرەزەی کەرتی پێنجی شەهید هاوڕێ جەبار، بۆ دڵنیابوون لەو کەسانەی لە شارەوە دەهاتن، پرسگەیەکی بچووکمان دانابوو، لیوا ڕوکن عەبدولکەریم ئەلخەزرەجی کە سەرۆکفەیلەقی یەک بوو، لەلایەن ڕژێمەوە پێی ڕاگەیەنرابوو کە وەفدێک بنێرێت بۆ لای مام جەلال کە حکومەتی عێراقی دەیەوێت لەو سنوورانەوە هێزی سەربازیی خۆی لە دژی ئێران جووڵە پێ بکات بەرەو سەفرە و زەروون کە ئەو کاتە مەرزی نێوان عێراق و ئێران بوو. یەکێتی سوودمەندی گەورەی ئەو مەرزە بوو. من لەگەڵ چوار پێشمەرگەدا لە پرسگەکەدا بووم و وەڵاممان بۆ هات دوو ئۆتۆمبێلی خاکیی سەربازیی جۆری لاندگرۆزەر بە چەند ئەفسەرێکەوە دەیانەوێت سەردانی مام جەلال بکەن. ئێمەش سەرووی خۆمان ئاگادار کردەوە و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی سەرکردایەتی هاتن بەدوایاندا و سەردانی مام جەلالیان کردبوو. داواکاریی وەفدەکە لە سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوە بوو کە ڕژێمی بەعس هیچ پەلامارێکی هێزی پێشمەرگە نادات و ئەو سنوورانەیان بۆ چۆڵ بکەن کە بەدەست هێزی پێشمەرگەوەیە، بەڵام ڕێککەوتنەکە نەکرا و ڕژێمی بەعسیش بڕیاری هێرشکردنە سەر تەواوی سنوورەکانی هێزی پێشمەرگەی دا و لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1986دا شەڕ لە دۆڵەڕووتەوە دەستی پێ کرد. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەفەرمی بڕیاری شەڕی ڕاگەیاند و هەندێک لە هێزەکانی خۆی کۆ کردەوە کە بریتی بوون لە تیپی 21ی #کەرکووک# و تیپی 85 و 86 و 87ی قەرەچوخ و دەشتی #هەولێر# و تیپی 13ی #سۆران# و 25ی خاڵخاڵان و 19ی کۆڕەک و 78ی کاروخ، تیپی 51ی گەرمیان و 53ی شێروانە و 55ی قەرەداغ و 93ی کۆیە، تیپی 47ی پیرەمەگروون و 37ی شارباژێڕ و 31ی سلێمانی؛ بەشداریی ئەو شەڕەیان کرد، جگە لە زۆربەی فەرماندەی کەرت و جێگری کەرت و فەرماندەی مەفرەزە و زۆرترین پێشمەرگە. لێرەدا ناوی هەندێک لە سەرتیپەکان بەپێی شەڕەکان و ناوی هەندێک لە بەرپرسی سەربازیی مەڵبەندەکان دەهێنم لە یەکەم شەڕی قەیواندا، کە بریتی بوون لەم سەرتیپ و بەرپرسی مەڵبەندانە: شۆڕش ئیسماعیل، مستەفا چاوڕەش، سامان گەرمیانی، سەڵاح چاوشین، عەوڵا بۆر (شێرە بۆر)، سەرهەنگ ئیسماعیل، مام غەفوور (مامە غەفە)، ڕەهبەری سەیید ئیبراهیم، شێخ جەعفەر، عومەر عەرەب، سەڵاحی حاجی عەلی (سەڵاح چاوزەق)، نەوزادی عەبەی تەقێ، سابیر ڕەسووڵ، ئازادی حەمەی گەمحان، سالارە چاوشین. ئەم هێزانە بە بڕیاری سەرکردایەتی کۆ کرابوونەوە، لە هەر سنوورێکی ئەم تیپانەدا چەند مەفرەزە و کەرتێکیان بەجێ هێشتبوو، کەرتی ئێمە لە گوندی باڵخ بوو، شۆڕش ئیسماعیل سەرتیپی ئێمە بوو، شەڕ لە چیاکانی دەوروبەری دۆڵەڕووت و کەڵکی قەیوان دەستی پێ کرد، خەڵکی گوندی قەیوان هەندێکیان چۆڵیان کردبوو، هەندێکیشیان لەوێ مابوون. لە ڕاستیدا خەڵکی تەواوی هەموو گوندەکان ورەیان زۆر لە هێزی پیشمەرگە زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ورەی زیاتریان بە هێزی پێشمەرگە دەدا و خواردەمەنییان ئامادە دەکرد و بریندارەکانیان بە وڵاخ و تراکتۆر دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش کە ئەو دەمە لە بەرگەڵوو بوو، نەخۆشخانەیەکی حیزبی دیموکراتی ئێرانیش لە گوندی گەڕەدێ بوو، هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان دەکرد و هەندێک لە بریندارەکانیان چارەسەر دەکرد. ڕژێمی بەعس لە دۆڵەڕووت و شارباژێڕ، لە گوندی سیتەکەوە، ڕاجیمە و تانک و زرێپۆش و جگە لە زۆرترین چەکداری کورد و تەواوی هێزی سەربازیی خۆی لەو ناوەدا کۆ کردەوە. وا پێویستی دەکرد هەندێک پێشمەرگەی کەرتی ئێمە بۆ پاراستنی گوندەکانی باڵخ و گاپیڵۆن و ئەو سنوورە بچن، چونکە ڕێگەی سەرەکیی سەرکردایەتیی یەکێتی بوو، بەتایبەت تەواوی مەکتەبی سیاسی و بنکەی ڕاگەیاندن و نەخۆشخانەی شۆڕش و زیندانی بەرگەڵوو، جگە لەوەی لە شاخی هەلاج و دابانەوە پەی پێ دەبرا، بەڵام ڕێی سەرەکی و هاتوچۆی ئاسایی ئەو ڕێگایە بوو کە لە گوندی کارێزەی کۆنەوە ڕاستەوخۆ تاکوو گوندی یاخسەمەر کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لێ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بارەگای مام جەلال لە گوندی یاخسەمەر بوو و نیوەیان لەوێ بمێننەوە. چەند پێشمەرگەیەکیان لەگەڵدا ناردم، بریتی بوون لەم ناوانە: هێرش ناسراو بە شازین، غەفووری حاجی ڕەشید، ڕێبواری مام کوێخای کانی سپیکەیی (لەدوای ڕاپەڕین لە شەڕی ناوخۆدا بە دەستی چەکدارانی حیزبە ئیسلامییەکان شەهید کرا)، نوورەدینی برام، ئازاد کەرکووکی، محەمەد قارەمان (چەند مانگێک ببوو بە پێشمەرگە. لەگەڵ گەیشتنمان بۆ شەڕەکە، دوای دوو کاتژمێر تفەنگەکەی فڕێ دابوو و ڕایکردبوو، تاکوو ئێستەش نەمبینیوەتەوە)، کاروانە قەڵەو، شوانەی یوسفی عەبەکە، هێمن؛ چووینە گوندی قەیوان. تیپی 21ی کەرکووک بەسەر چیای دوو برا (قوتەی دوو برا)وە بوون، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ، دوو شەهیدیان دابوو. عەبەڕەق کە جێگری کەرتی دووی تیپی 31ی سلێمانی بوو، بە خۆی و حەوت پێشمەرگەوە بەسەر کەڵکی قەیوانەوە بوو. چونکە ئامادەکاریی باش نەکرابوو، سەرەتا عەبەڕەق بەو هێزە کەمەوە چووبووە سەر شاخ، نەخشە وا داڕێژرابوو شەو ئێمە بچین بەهانایانەوە، بەڵام لەبەر بوردوومانکردنی سەختی ڕاجیمە و گوللە تۆپ و تانک و تەقەی زرێپۆشەوە، مستەفا چاوڕەش پێی ڕاگەیاندم ئەمشەویش نەچینە لای عەبەڕەق، چونکە سەرکەوتنمان بۆ سەر شاخ هەر وا ئاسان نەبوو، بە درێژایی ڕۆژ فڕۆکەی هەلیکۆپتەر و سیخۆ و تەواوی تۆپ و تانکەکانیان بۆ تەنها کاتژمێرێکیش بواری نەدەدا و ناو گوندەکەشی تۆپباران دەکرد کە ژن و منداڵ و خەڵکی بەساڵاچووی تیا مابوو. لە دیوی ئەودیویش هێزێکی سەربازیی زۆر بەپیادە سەر دەکەوتن و هێرشیان دەکرد، سەر ڕێگای شاخ هەر چی درەخت و دەوەن هەبوو گڕیان گرتبوو، بە چوونی ئێمەش، نەک چەند کەسێک بەڵکوو هەموومان شەهید دەکراین، چاوەڕێی ئەوە بووین بۆردوومانکردن کەمتر بێت و ئێمەش بچینە لای عەبەڕەق. بۆ سبەی ڕۆژ بووەوە، جارێکی تر بۆردوومان دەستی پێ کرد، بەڵام زۆر خراپتر، لەناکاو هەشت هەلیکۆپتەر هاتنە سەر گوندەکە و بێ دەستپاراستن لە تەواوی خەڵکی ئاوایی، تەنانەت کانیی ژنانیشی بۆردوومان دەکرد. ئێمەش لەگەڵ هێزەکەی مستەفا چاوڕەش کە بەرپرسی سەربازیی مەڵبەندی دوو بوو، ئەو هێزەی تیپی 21ی کەرکووک کە لەسەر شاخ بوو، چەند پێشمەرگەیەکی لە خوارەوە لەگەڵ ئێمەدا بوون، بۆ خۆپاراستن لە بۆردوومانی کۆپتەرەکان بڵاوەمان لێ کرد و هەریەک بە لایەکدا چووین. من زۆر خەمی شوانەی یوسفی عەبەکەم بوو (ئێستە لە هۆڵەندا دەژی)، زۆر منداڵ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بوێر و چاونەترس بوو، پێکەوە چووینە قەدپاڵی شاخەکە و کۆپتەرەکان بە شێوازێک نزم ببوونەوە کە بۆردوومانیان دەکرد بەئاسانی دەبینران، منیش زۆر بەتوندی ملی شوانەم گرت، بۆ ئەوەی نەجووڵێت و لەناو دەوەنەکەدا نەمانبینێت. ئێمە کڵاشینکۆفمان پێ بوو، تەقەمان بکردایە، هەروەک ئەوە وا بوو بەردی تێ بگریت. دوای بۆردوومانێکی زۆر و برینداربوونی دوو منداڵ و ژنێک لە گوندی قەیوان، کۆتایی هات و هەریەکەمان گەڕاینەوە دەوروپشتی گوندەکە و سەرقاڵی ئەوە بووین چۆن شەو بچین بەهانای عەبەڕەقەوە. یەکێک لە نەخشە و پلانە جوانەکانی عەبەرەق ئەوە بوو ئەو هەموو کۆپتەر و زرێپۆش و تانکەی بۆردوومان و تەقەیان لە سەنگەرەکانی ئەو هێزە بچووکەی عەبەڕەق دەکرد، ئەو هەموو هێرشە سەربازییەش دەکرایە سەریان، سەنگەرەکانیان چۆڵ نەدەکرد، پلانەکەشیان ئەوە بوو لە کاتی بۆردوومانکردندا ئەمان لە ئەشکەوتێکی بچووکدا بە ڕۆژ خۆیان حەشار دەدا و بە شەویش دەهاتنە دەرەوە و ڕووبەڕووی ئەو هێزە زەبەلاحەی ڕژێم دەبوونەوە لە خوارەوە. ئێمە دیمەنی سووتاندنی دەوەن و تۆزی ئەو بۆردوومانەیەمان دەبینی کە بە گڕی ئاگرەوە لەنێو ئەو هێزە کەمەی عەبەڕەقدا دەتەقینەوە. مستەفا چاوڕەش وتی: عەبەڕەق ڕۆحم بەقوربانت بێت، چەندە قارەمانیت!
ئەو هێزەی لەوێ بووین، هێندە ماندوو ببووین ئارەزووی تەنها خولەکێک خەومان دەکرد. بە پێشمەرگەکانم ڕاگەیاند کەمێک پشوو بدەین و بخەوین، چونکە شەو دەچینە سەر شاخ. هەندێکمان ڕاکشاین و هێشتا چەند خولەکێکی کەم بوو خەومان لێکەوت، گوللەتۆپێک لە نێوانماندا تەقییەوە و لە نێوانیاندا من بریندار بووم. ئازاد کەرکووکی و غەفووری حاجی ڕەشید هەر چۆنێک بێت تاقم و تفەنگەکەیان بۆ هەڵگرتم و بەرەو گوندی باڵخ گەڕاینەوە و ئەو هاوسەنگەرانەی لەگەڵمدا نێردرابوون، بێئاگا بووم لێیان و بەبێ فەرماندە مابوونەوە.
کە گەیشتینە گوندی باڵخ، عومەر عەرەب کە فەرماندەی کەرتەکەمان بوو، شەوانە بە مەفرەزە دەچووە ناو ناحیەی کارێزەوە، دەستی لە سەرباز و چەکدارەکانی ڕژێم دەوەشاند. عومەر عەرەب یەکێک بوو لەو فەرماندانەی شارەزاییەکی تەواوی هەبوو لە جۆری مەفرەزەی تایبەت بۆ سەر نەیاران و دوژمن، لە دوورەوە کە منی بینی، بەپەلە بەرەو ڕوومان هات و باوەشی پێدا کردم و وتی: ئەوە برینداری؟ ئەی برادەران چۆنن! کەس شەهید نەبووە؟
منیش هێندە خوێنم لێ ڕۆشتبوو، نەمدەتوانی وەڵامی بدەمەوە، بەڵام غەفووری حاجی ڕەشید پێی ڕاگەیاند کە بارودۆخەکە ئێجگار ئاڵۆز و خراپ بووە، تیپی 21ی کەرکووک دوو شەهیدیان داوە و هێزێکی کەمی عەبەڕەق لە پێشەوەی شەڕدان و کەسیش ناتوانێت بچێت بەهانایانەوە. عومەر عەرەب وتی جارێک پشوو بدەن. پێشمەرگەیەکمان لەگەڵدا بوو ناوی ئاکۆ بوو، باوکی دەرزیی لە خەڵک دەدا، ئەویش هەندێک شارەزایی لە دەرزیلێداندا هەبوو، پێیان دەوت دکتۆر ئاکۆ. لە سەردەمی شاخ و بێ دکتۆری و بێ مامۆستایی و تەنانەت مەلای موسڵمانیش، بە قەسابیان دەوت دکتۆر و هەر کەسێکیش سێ دەقی قورئانی لەبەر بووایە، پێیان دەوت مەلا، یاسین و تەڵقینی لە کاتی پێویستدا دەخوێند. ئیتر بەو هۆیەوە ئاکۆ ببووە دکتۆر. مووکێشێکی گەورەی پێ بوو، پێشمەرگە لەو سەردەمەدا وا بوو، ئاوێنەیەکی بچووک و مووکێشێک بۆ ڕیش چاککردن، چونکە زۆر درەنگ خۆیان دەشت و ڕیشیان دەتاشی، ئەوەش ببووە هۆکاری ڕیش هێشتنەوەی زۆرینەیان و فڵچەیەکی ددان شتن، بە کیفی مەخزەنی کڵاشیکۆفی نێو قەدیانەوە بوو، جاربەجار ڕیشی خۆی پێ چاک دەکرد، دەیکرد بە شوێنی برینەکەمدا و هێندە خەریکی دەبوو، ئازاری جەستەم وای لێ کردبووم پەی بە مردنی خۆم بەرم، بەڵام ئەو هەر کۆڵی نەدەدا و زیاتر مووکێشەکەی دەکرد بەناو جەستە و شوێنی برینەکەمدا، تاکوو ئەوەی پارچە ئاسنێکی بچووکی گوللەتۆپێکی دەرهێنا و ئیتر ڕۆح جارێکی تر گەڕایەوە بە جەستەمدا و بێ ئەوەی شەرم لە کەس بکەم، خەوم لێکەوت. پاش ماوەیەکی کەم کاتێک بەخەبەر هاتمەوە، وام دەزانی خەوم لێکەوتووە، بەڵام هاوڕێکانم پێیان وتم لە کاتی دەرهێنانی ئەو پارچە ئا#سنە# لەهۆش خۆم چووم. یەکەم سەرکەوتنی ڕژیمی بەعس لە شەڕ و نەخشە داڕێژراوەکانیدا، لە دۆڵەڕووتەوە دەستی پێ کرد و کەڵکی قەیوانی کۆنترۆڵ کرد و تیپی 21ی کەرکووک پاشەکشەی بە هێزەکەی کرد و ئەوەندەی من ئاگادار بم پێش برینداربوونم، ئەو هێزانەی کەرت و تیپەکانی یەکێتی خاوەنی هیزێکی لەبننەهاتوو بوون، بەڵام ئاستەمە خۆڕاگرتن بەرامبەر هێزێک سەد جار لە هێزی خۆت مەزنتر. عەبە ڕەق لەو شەڕە جوامێرانەی کە کردبووی، دوو پێشمەرگەی بریندار و تیپی 21ی کەرکووک دوو شەهیدیان دابوو، هێزی پێشمەرگەش لەو سنوورەدا شکستی هێنابوو و ڕژێمی بەعس بەردەوام لە هێرشکردندا بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری ئازادکراوی نێو هێزی پێشمەرگە.


#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
ئەم بابەتە 1,134 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] پەرتووک | کوردیی ناوەڕاست | مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 54
پەرتووکخانە
ژیاننامە
کورتەباس
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: چاپکراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: سلێمانی
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
خاوەنی ئەم بابەتە بەسوپاسەوە، مافی بڵاوکردنەوەیی بە کوردیپێدیا بەخشیوە! یان بابەتەکە کۆنە، یاخود بابەتەکە موڵکی گشتییە.
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 22-07-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 23-07-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 24-10-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 1,134 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
کورتەباس
سەلیمی جەوهەری
کورتەباس
مەحموود پاشای جاف (1846-1921)
کورتەباس
گەشتێک بەنێو هەنگاریادا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,358
وێنە 105,642
پەرتووک PDF 19,138
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
ژیاننامە
مهناز کاوانی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
کورتەباس
سەلیمی جەوهەری
کورتەباس
مەحموود پاشای جاف (1846-1921)
کورتەباس
گەشتێک بەنێو هەنگاریادا
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 2.016 چرکە!