پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,360
وێنە 105,645
پەرتووک PDF 19,140
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
گوللەبارانکردنی نەرمین و ئیشق بەسەر لوتکەکانی شۆڕشەوە
کوردیپێدیا، (مافی گەییشتن بە زانیاریی گشتی) بۆ هەموو تاکێکی کورد دەستەبەردەکات!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

گوللەبارانکردنی نەرمین و ئیشق بەسەر لوتکەکانی شۆڕشەوە

گوللەبارانکردنی نەرمین و ئیشق بەسەر لوتکەکانی شۆڕشەوە
گوللەبارانکردنی نەرمین و ئیشق بەسەر لوتکەکانی شۆڕشەوە
جەباری عەلی عەوێز بەشێک بوو لە نەسرەوتن و قوربانییەکانی بێئاگای نێو شۆڕش، ئەو بە سواری داشقە دووئەسپییەکەی باوکیەوە باڵی دەگرت و دەفڕی، هەندێک جار بەرەو دوندی شۆڕش، سەرکەشانە بازی بەسەر لوتکەکانی چیادا دەدا و هەندێک جار لە پشتی فەرشە لۆکەییەکانی هەورەوە، پڕ بە ئاسمان دڵداریی لەگەڵ خۆرێکدا دەکرد، نەیدەزانی لە کوێدا لوتکە کۆتایی دێت و کەییش خۆر ئاوا دەبێت! قارەمانێتی لای ئەو ئەوە نەبوو لە جەنگێکدا بیباتەوە، سەنگەرێک لە دڵە قاییمەکەی قاییمتر داکوتێ، ئەو لە فیشەک خێراتر بوو، لە شمشێر تیژتر بوو، گوڕی با بوو، پاڵەوانی هەژاری بوو، لە مەدرەسەی برسێتیدا مەشقی ژیانی دەکرد و لە چاوانی نەرمینێکدا عیشقبازیی لەگەڵ ژیاندا دەکرد. هەرکە زرینگەی زەنگۆڵە دەهات، مناڵانی گەڕەک چاوەڕوان دەبووین ئێستا جەبار بەسەر باڵی ڕەشەباوە دێت، لە ژووانی یار گەڕاوەتەوە و حکایەتەکانی گورنەتەڵە و شێتە و ژیرە و کوڕە کەچەڵەمان بۆ دەگێڕێتەوە.
ئەو مناڵێکی گورج، گورجتر لەو ڕووناکییانەی لە چاوی نەرمینەوە دەیماشییەوە. ئەو کە دەهاتە گەڕەک، هەردوو گیرفانی شەرواڵە دڕاوەکەی کە لەوەی دەکرد لە گوێنییەک دورابێت نەک لە پارچە قوماش، لە درزەکانی گیرفانیەوە درەوشانەوەی ئەو تیشکانەمان دەدی کە لە ژووانی ئەشقەوە چنیبوونیەوە. ئەسپەکانی باوکی زۆر لەو سەفەرانە دەترسان لەگەڵ جەباردا، کۆڵانەکانی خەیاڵ و ئەفسانەکانی ڕۆستەم و زۆرابیان لە گەڕەکەوە تا ئەوپەڕی دنیا، تا ئەو شوێنانە تەی کردبوو کە ئێمە بە چیرۆک نەبێ؛ پێی نەگەیشتبووین. بۆ سبەی کە دەهات بۆ قوتابخانە، پڕ بە داشقەکەی باوکی ژاوەژاوی لەگەڵ خۆی دەهێنا، بەقەد پۆلێک منداڵ؛ عەجولی و هاریی دەهێنا. ئەو بەشێک بوو لە نەسرەوتن، گڤەیەک بوو تا مردن دانەمرکایەوە، مەخلووقێک بوو نەمدەزانی کەی دەخەوێت، کەی دەسرەوێت، لە چ کاتێکدا پشوویەک دەدات، یان تەنیا ساتێکیش لەگەڵ ئارامیدا ئاشنا بێت. ئەو پارچەیەک بوو لە جمان، خێراتر لە تەمەنی خۆی ساڵەکانی منداڵیی جێ دەهێشت. هاوتەمەن و هاوپۆلی یەک بووین، کەچی ئەو زۆر خێراتر لە ئێمە وازی لە منداڵی و قوتابخانە و یارییەکانی منداڵی هێنا و کەوتە یاریکردن لەگەڵ گەورەکان. نەرمینیش کیژۆڵەیەک بوو جوانتر لە پێناسەکردن، مەگەر چاوە گەشەکانی ئەو جەباری بەند کردبا، دەنا جەبار لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنێک بوو و لە هیچ شوێنێکیش نەبوو. نەمدەزانی چۆن خۆشەویستی دەکات، بەڵام مەفتوونی نەرمینیش بوو! نەمدەزانی چۆن دڵداری دەکات، بەڵام کوشتەی داوی عیشقی ئەو خانمە دەمبەخەندە و پڕ لە عیشوەی ژنبوونە بوو! ئاخر جێی سەرنجە جەبارێک جگە لە حیکایەتی فڕین و سەرچڵی، هیچ پاشەڕۆژێکی تری نەبوو، دەبێت چۆن نەرمینی بدەنێ! نەرمینێک نەرمتر لە ئاوریشم و نەمتر لە لۆکەی سپیی ژێر سەرین و نەمتر لە ژیان، چۆن دەبێت لەگەڵ جەباری عەلی عەوێزدا یاریی مەرگ بکات؟ لەگەڵ نەرمیندا دایە شاخ و لوتکەی بەرز، مەگەر تەنها #حسک# بەرگەی لاسارییەکانی جەباری عەلی عەوێزی گرتبا. ماڵی هاوەڵە ڕاوچییەکانی تری با بوو، لەگەڵ مەحموودی محەمەد ناسراو بە خولەی حەمە تاتە و یاسینە هەتیو ناسراو بە مام ئاراس. هاوڕێیانی شیرین و خۆشەویستی لە حسکەوە یەکیان گرتەوە و بەشێکی گرنگ بوون لەو شۆڕشەی تازەی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ کردەوە. کۆڵانەکانی چوارباخ و سەرکارێز و سەرشەقام؛ نەوەیەک لە پاڵەوانی شار و شۆڕشی بەرهەم دەهێنا، بەڵام هەر ئەو شار و شۆڕشە دابەشی دەکردنەوە بەسەر حیزب و تاقمی جیاوازی دژبەیەکدا. ئەوانەی لە شۆڕشدا بوون، شاخ دەیکردنە جەنگاوەری شەڕی براکوژی و هەندێکی شاریش دەوڵەت دەیکردنەوە بە ڕاوچیی ئەوانەی شاخ و کەسوکاریان لەناو شاردا بوو. جەباری عەلی عەوێز لەپاش حسک ناوی بە پاڵەوانە لاسارەکە دەرکردبوو، لەناو حسکەوە پەڕییەوە بۆ ناو #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و شەرەفی ئەندامێتیی فەرماندەی کەرتی پێ سپێردرا و کەم تا زۆر لەسەر بیروڕای جیاوازی کوردایەتی و چوونە ناو یەکێتیی نیشتمانییەوە، ناکۆکی کەوتە نێوان جەباری عەلی عەوێز و مەحموود محەمەد (خولەی حەمە تاتە)، کە لە هەمان کاتیشدا دوو هاوڕێی دڵسۆز و منداڵیی یەکتر بوون. جوولەکان و چوارباخ دوو گەڕەکی دێرینی شاری #سلێمانی# بوون و دەیان تێکۆشەری فەرماندەی دڵسۆزی تیا هەڵکەوت و سەدان دڵسۆزی نیشتمانپەروەر هاوکاریی شۆڕش و ڕێکخستنەکانی ناوشاریان دەکرد، لەو ساڵانەشدا خیانەتکردن زۆر قورس و گران بووە و کەم کەس دەیتوانی ڕوو لەو کارە بکات و دەستی تێکەڵ بە دوژمن و نەیارەکانی گەلەکەی بکات. لە سەرەتای دەستپێکردن و سەرهەڵدانی شۆڕش لە ساڵانی حەفتاکاندا، خێزانێک بە ناوی بنەماڵەی ئامە قەرەج لە گەڕەکی جوولەکان دەژیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەمدەرامەت و باری گوزەرانیان خراپ بوو، ژیانێکی سادە و ساکار دەژیان. ئامین واتە ئامە قەرەج، هەژاری هێندە ناڕەحەتی کردبوو، زۆر جار بە هۆی گیروگرفتی مناڵەکانیەوە تووشی دەنگەدەنگ دەهات و وەک ئافرەتێکی زۆربڵێ و دەمبەهاوار لەنێو گەڕەکدا دەردەکەوت، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی ناوی قەرەجی بەسەردا بسەپێنرێت. لەنێو ئەندامانی ئەم خێزانە هەژارەدا دوو کەسایەتیی جیاواز هەڵکەوتن و هەریەکەیان سەرقاڵی ژیانی تایبەتیی خۆی بوو، یەکێکیان بە ناوی ئاواتی ئامە قەرەج، وەک مرۆڤێکی هونەردۆست و هونەرمەندێکی میللیی دەنگخۆش و خۆشەویست لەنێو خەڵکی ناسرابوو، گۆرانییەکانی ئاواتی ئامە قەرەج لەلایەن زۆربەی خەڵکی بەتایبەتی نەوەی ئاڵتوونییەوە دەبیستیرێت. کەسایەتییەکی تری نێو ئەو خێزانە بە ناوی ئازادی ئامە قەرەج، ژیانێکی مەترسیدار و ڕەفتاری خراپ و ترس و تۆقاندنی لەنێو خەڵکی و دەروونی دەوروپشتیدا چاندبوو. چاونەترسانە خۆی وەک پاڵەوانێکی مەزنی فیلمێکی پڕ تراژیدیا دەهاتە بەر چاو، پێچەوانەکەشی ڕۆڵی سیخوڕێکی ڕژێمی دەبینی. بە سواری ماتۆڕ و بە جووتێک کڵاشی سەرپێنراو و شەرواڵ و کراسێکەوە، بێباک لە هیچ ناو و ناوزڕاندن و تیروتوانجێک، بۆ دەوڵەت ڕاوی ئەندامانی نهێنیی ڕێکخستنەکان و کەسوکاری ئەوانەی لە شاخ پێشمەرگە بوون، دەکرد. ئەو ڕەفتار و تاوانانەی ئازاد دەیکردن بە دەمانچەکەی لاقەدیەوە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ ڕاوە پێشمەرگە پێی خەڵات کرابوو، زۆرترین تاوانی پێ ئەنجام دابوو، چەندین هاوڵاتیی بەدبەختی بێچارەی ڕادەستی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس کردبوو. ئەو دەمە لە کۆتایی حەفتاکاندا بوو، لەیادمە لە کارخانەی سەرداری بلۆکی چوارباخ کارم دەکرد و بلۆکمان دروست دەکرد. چێشتخانەی عەلی سوور لەبەر دەرکی سەرادا بەرامبەر بە سینەما سیروان بوو، بۆ پشووی نیوەڕۆ دەچووین بۆ چێشتخانەی عەلی سوور، لە کاتی گەڕانەوەماندا بۆ کارخانەکە لەسەر ڕێگەکەماندا چایخانەیەکی لێ بوو بە حەسیر دروست کرابوو بۆ چاخواردنەوە ڕوومان لەوێ دەکرد، پاشان گەراجی هاتوچۆی عەربەت و قەراخ و #شارەزوور#ی لێ بوو، ئازادی ئامە قەرەج هەمیشە دەمانچەکەی دەکرد بە لاقەدیدا و لەوێ کاتی بەسەر دەبرد. ئازاد باسی لە قارەمانێتیی خۆی دەکرد، گوایە قوتابییەکی ناوەندیی سیروانی بە دەمانچەکەی کوشتووە کە سەر بە ڕێکخستنەکانی ناوشار بووە و ڕادەستی ئەمنی سلێمانیی کردووە. بەڵام وەک خەڵکی لە چایخانەکە دانیشتبوون، بە شێوەیەکی تر دەیانگێڕایەوە، گوایە ئازادی ئامە قەرەج حەزی لە خوشکی کەسێکی دانیشتووی گەڕەکی چوارباخ کردووە و بووە بە دەمەقاڵییان و دواتر کوشتوویەتی، بوختانی بۆ هەڵبەستووە بەوەی کاری حیزبیی لەگەڵ یەکێتیدا کردووە. هێزی پێشمەرگە بۆ تەمبێکردنی ئازادی ئامە قەرەج مەفرەزەیەکیان ناردەوە بۆ شار تا بیگرن و بە سزای گەل و شۆڕشی بگەیەنن، چونکە تەواوی خەڵکی گەڕەکی جوولەکان و چوارباخ و سەرشەقام تووشی دڵەڕاوکێ ببوون، هەموو سات و کاتێک چاوەڕوانی ئەوە بوون لەلایەن ئازادی ئامە قەرەجەوە ڕادەستی ڕژێمی بەعس بکرێن، بەڵام ئازاد بەڕێکەوت لە ماڵەوە نەبوو و دەستگیر نەکرا. ئامینە خانی دایکی و ئاواتی برایان بەر دەستی هێزی پێشمەرگە کەوتن، کاتێک پێشمەرگەکان ئاواتی بێتاوانی دەنگخۆش و خۆشەویستی نێو جەماوەر دەکوژن و ئامینە خانیش لە هەستوسۆزی بۆ کوڕە کوژراوە بێتاوانەکەی؛ سکاڵا و هاوار و دەنگەدەنگی بەرز دەبێتەوە و تەواوی خەڵکی گەڕەکی جوولەکانی لە نیوەشەوێکی ترسناکی لەو جۆرەدا بەخەبەر هانی و پێشمەرگەش وەک پارتیزانی ئەو ڕۆژگارە سەختە، نەیانتوانی هیچ شتێک بکەن جگە لەوەی بە چەند گوللەیەکی گڕدار کۆتایی بە ژیانی ئامە قەرەج بهێنن و دوو جەستەی دایک و کوڕی بێتاوان لەنێو کۆڵانە باریکەکانی جوولەکاندا بەتەنیشت یەکەوە ڕیز کران. ئەم چیرۆک و بەسەرهاتە ڕاستەقینە پڕ تراژیدیایانە، مێژوویەکە و بەشێکە لە قەدەری شۆڕشی ئێمە. لەو ڕووداوانانەی لەبریی کەسی تاوانبار، کەسێکی بێتاوانی وەک ئاواتی برای ئازادیان سزا دا و کۆتاییان بە ژیانی ئەو مرۆڤە هێنا، جگە لە خۆشەویستی و خزمەتی هونەری میللی، هیچی تری نەکردبوو.
دوای ئەو کارەساتەی بەسەر خێزانی ئازادی ئامە قەرەجدا هات، بووە هۆی ئازاری ویژدان و هێندەی نەبرد پشتی لە دەوڵەت کرد و پەیوەندیی کرد بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و شەڕی هەڵۆکانەوە لە شاخ و داوای کرد ببێتە پێشمەرگە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا ئازاد، جەباری عەلی عەوێزی بە کاراکتەری سەرەکیی کوشتنی دایک و براکەی دەزانی. دەمەوێت لە ڕێگەی نووسینەوەی ئەم سەرگوزەشتە و یادەوەرییانەوە ئاماژە بە شتێک بدەم، ئەویش کاتێک بۆ سزادانی تاوانبارێک، مەفرەزەیەکی هێزی پێشمەرگە هەر کەسێک بە سزای گەل و شۆڕش بگەیەنن، هیچ پێشمەرگەیەک تاوانبار نییە و مافی تۆڵەسەندنەوەی بۆ پەسەند نییە، چونکە ئەوە بڕیاری حیزب و هێزی پێشمەرگەیە، نەک تاکەکەسی تیا تاوانبار بکرێت. گەر جەباری عەلی عەوێزیش کاراکتەری بەسزادانی هەر تاوانبارێکیش بووبێت لەنێو ئەو مەفرەزانەی کە بڕیاری لەسەر سزادانی تاوانبارێک دەدا، ئەوە حیزب و هێزی پێشمەرگەی لێ بەرپرسیارە، بۆیە لێرەدا ئازادی ئامە قەرەج و جەباری عەلی عەوێز وەک دوو دوژمنی سەرەکی دەیانڕوانییە یەکتر، جێی نیگەرانیی یەکێتییش بوون. ئەگەرچی بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش و خەباتی چەکداریی شاخ، بوون بە پێشمەرگە زۆر پێویست بوو، بەڵام کەسێکی وەک ئازادی ئامە قەرەج و جەباری عەلی عەوێز لە یەک شوێندا جێگەیان نەدەبوویەوە کە زیاتر لەوەی دەکرد ئازادی ئامە قەرەج هاتبێت بۆ ئەوەی تۆڵەی ئاواتی برای و ئامینە خانی دایکی بکاتەوە. شۆڕش بۆ ئەوەی نیازپاکیی ئازادی ئامە قەرەج تاقی بکاتەوە، ناردیانەوە بۆ ناوشار بۆ ئەوەی ملازم موحسین و چەند تاوانبارێکی تر بکوژێت و لەکۆڵ شاری سلێمانیی بکاتەوە. دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەوڵەت ملازم موحسینی هێنایە شاری سلێمانی و دەسەڵاتی تەواوی لەژێر دەستدا بوو، هەر لە تاڵانی و دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتییان و باج و سەرانە وەرگرتن و شەهیدکردنی هاوڵاتییانی سڤیل و ڕیش سووتاندنی لاوان و زیندانیکردنیان، کە بەڕاستی ئەو کاتە ملازم موحسین ئیزرائیلی شار بوو. ئازادی ئامە قەرەج نە توانیی ملازم موحسین بە سزا بگەیەنێت و سەرکەوتوو نەبوو لە کارەکەیدا، نە نهێنیی یەکێتیبوونەکەی ئاشکرا بێت، ئەوە سەفەری مەرگی بوو و بۆ هەتاهەتایە ئازادی ئامە قەرەج ناوی سڕایەوە. ئەستێرەی جەبار ڕۆژبەڕۆژ دەگەشایەوە و دەنگدانەوەی ئازایەتیی؛ شار و شاخی پڕ کردبوو، ئەویش وەک هەمیشە نەیدەتوانی بە قسەی حیزبێک یان سەرکردەیەک و لێپرسراوێک بجووڵێتەوە، هێندە بە ئازایەتی و چاونەترسی خۆی دەنازی. ئەو هەر جووڵەیەک بوو بۆ خۆی، لەناو شۆڕشدا بوو، بەڵام نەیدەتوانی بەشێک بێت لە شۆڕش، چونکە وای هەست دەکرد وەک هەڵۆیەک نابێت پەڕوباڵی بکرێت. لە دانوستانی نێوان میری و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا لە ساڵی 1984دا، هێزی پێشمەرگە دەمێک بوو ئارەزووی بینینی خێزان و خانەوادەکانیان دەکرد، ئارەزووی بینینی کووچە و کۆڵان و شەقامی شاریان دەکرد، میری سوودی تەواوی بۆ دەستوەشاندن و ئاشکراکردنی شوێن و ماڵە پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی نێوشار وەرگرت، پاشان بۆ ناشرینکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەڵکانی سەر بە خۆیانی دەناردە ناو هێزی پێشمەرگەوە، پاش ئەوەی چەکی پێشمەرگایەتییان لە شان دەکرد و یەکێتییش لە هەمان کاتدا لە دانوستاندا بوو لەگەڵ میری، ئەو هەلەیان دەقۆستەوە و بە ناوی پێشمەرگەوە ڕاووڕووت و دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان و بەسەرخۆشی چوونە سەر ماڵان و تەقەکردن لە هاوڵاتییان دەستی پێ کرد. ئەمەش دەنگی زۆری دایەوە و ڕێکخستنەکانی ناوشار سکاڵایان دەردەبڕی و ڕۆژانە دەیان ڕاپۆرت ڕووبەڕوی حیزب دەبووەوە، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوشار قەدەغە بکرێت و لیژنەیەک دروست کرا بە سەرپەرشتیی ئاوات عەبدولغەفوور وەک بەرپرسی لیژنەی تەنسیق لە سلێمانی ئەو ئەرکەی پێ سپێردرا.
زۆرێک لەو پێشمەرگانەی بەبێ بڕیاری شۆڕش دەچوونەوە ناو شار، دەستگیر دەکران و بێسەروشوێن دەکران. ئیتر هیچ بەرپرسیارێتییەک لە دەسەڵاتی شۆڕشدا نەما و ڕۆژبەڕۆژ ڕژێمی بەعس ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشاری ئاشکرا دەکرد و ئەندامانی لێ دەستگیر دەکردن، ئەوەش بووە مایەی نیگەرانی بۆ شۆڕش و لە کۆبوونەوەیەکی تیپ و کەرتەکاندا، ئەودەم من لە کەرتی سێی ئەزمەڕی تیپی 47ی پیرەمەگروون بووم، عەبدولڕەحمان سیتەکی کە مرۆڤێکی هێمن و خاوەن چەند مناڵێکی زۆر بوو، بەڵام ویژدان و هەستی کوردایەتیی وای لێ کردبوو کە تەواوی خێزان و مناڵەکانی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە شاخ و پێشمەرگایەتی بکات، فەرماندەی کەرتەکەمان بوو، جێگری کەرتەکەمان عەباس سیتەکی بوو (ئەگەر بڵێم مرۆڤی دڵسۆزی لەو زاتە کەم بوو، ڕەنگە ببێتە هۆی سەرنج و تێبینی بۆ نووسینەوەی یادەوەرییەکانم)، عومەر حەسەن ناسراو بە عومەر عەرەب فەرماندەی مەفرەزەی کەرتەکەمان بوو، لە دۆڵێکی نزیک گوندی کانی بەردینەی سەر بە دۆڵەڕووت، زۆربەی زۆری پێشمەرگە و فەرماندەکان کۆ بووینەوە، ئاگاداریان کردین #نەوشیروان مستەفا# دەیەوێت چاوی پێمان بکەوێت و لەسەر هەندێک هەڵە و کەموکوڕییەکان و چۆنیەتیی دانوستان بدوێت. کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ کۆ بووینەوە و نەوشیروان مستەفا بە جلی سادەوە و کۆن و جووتێ پێڵاوی لاستیک و جامانەیەکی ئاسایی، لەگەڵ مام ڕۆستەم و دوو پێشمەرگەدا بە لاندگرۆزەرێکی پیکاپی سپیی مۆدێل 1979دا هاتن. هەمووان لەسەر زەوی دانیشتبووین، ئەویش بەپێوە، مام ڕۆستەمیش بەلای شانی ڕاستیەوە وەستابوو، دەستی کرد بە قسەکردن. سەرەتای دەستپێکردنی قسەکانی، زۆر بەتووڕەییەوە وتی: ئێمە ئەمڕۆ لە دانوستانداین لەگەڵ حوکمەتی عێراقدا، بەو دڕندەییەی خۆیەوە گفتوگۆمانە و باس لە چارەنووسی گەلەکەمان دەکەین، بەڵام پێشمەرگە دەچنەوە ناوشار و تووشی سەرئیشەمان دەکەن و گرفتمان بۆ دروست دەکەن. من پێشمەرگەی خوێڕی و دز و چەتەم ناوێت! زۆربەی پێشمەرگە دێرینەکانی نێو ئەو کۆبوونەوەیە تا ئێستەش لە ژیاندا ماون و زۆر جاریش ئەو سەرگوزەشتەیە بەبیر یەک دەهێنینەوە. من ئەو کاتە تەمەنم بیست و سێ ساڵ بوو و وتم: کاک نەوشیروان، یەکێتیی نیشتمانی چۆن دەبێت دز و خوێڕیی تیا بێت و ناوی لێ بنرێت پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: بەڵێ تیایەتی و خراپتریشی تیایە. دوابەدوای من، شەهید حەمە عەلیی بەر خانەقا پرسیاری ئاڕاستەی وتەکانی نەوشیروان مستەفا کرد و وتی: کاک نەوشیروان، پێشمەرگەمان هەیە ماندووە و زۆر دەمێکە کەسوکاری نەبینیوە و هەشمانە بە هۆی ئەم دانوستانە ژیانی هاوسەرگیریی پێک هێناوە و هەشمانە نەخۆشە... نەوشیروان مستەفا وەڵامی دایەوە و وتی: ئەوەی کە نەخۆشە، خۆمان نەخۆشخانەی شۆڕشمان لە بەرگەڵوو و سوورداشدا هەیە. گەر هەر زۆر نەخۆشییەکەی سەخت بوو، ئەوا لە ڕێگەی لیژنەی تەنسیقەوە دەینێرینەوە بۆ شار و چارەسەر بکرێت. مام ڕۆستەمیش بە زەردەخەنە و گاڵتەوە، وەک پیشەی هەمیشەیی کە گاڵتە و قسەی خۆشی دەکرد، وەڵامی دایەوە و وتی: ئەوەی کە ژنیشی هێناوە، ژنەکەی بێنێت بۆ ناوچەی ئازادکراوی ژێر سنووری هێزی پێشمەرگە، خێمەیەک بۆ خۆی هەڵبدات، تاوەکوو بزانین گفتوگۆی نێوان ئێمە و حکومەت ئامانجی چی دەبێت. نەوشیروان مستەفاش ئاوڕێکی لەلای شانی ڕاستی دایەوە و وتی: بەسە ڕۆستەم! ئەویش پێکەنین گرتی. ئەوەی مەبەستی نەوشیروان بوو، تەواو ڕاست و دروست بوو، چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ داوە، ڕژێمی بەعس لایەنگرانی خۆی دەناردە نێو هێزی پێشمەرگە و چەکیان لە شان دەکرد و دواتر دەچوونەوە نێو شار خەریکی ئاژاوەگێڕی و ڕاووڕووت و دەستدرێژیکردنە سەر خەڵکی بە ناوی پێشمەرگەوە و شۆڕشەکەیان لەبەر چاوی خەڵکی ناشرین دەکرد. بەڵام یەکێک لەوانە جەباری عەلی عەوێز کە فەرماندەی کەرتیش بوو، گوێی بە بڕیاری شۆڕش نەدەدا و لەگەڵ مەحموودی محەمەد جان ناسراو بە خولەی حەمە جان، ئێوارەیەک لە گەڕەکی تووی مەلیک لەگەڵ کۆمەڵێک چەکدارانی دەوڵەتدا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و ئەمان تەنها دوو پێشمەرگە دەبن و چەکدارانی دەوڵەتیش بە هێزێکی زۆرەوە ئابڵۆقەیان دەدەن، خولەی حەمەجان لەوێدا شەهید دەبێت و جەباری عەلی عەوێزیش دەستگیر دەکرێت. لە ڕاستیدا جەباری عەلی عەوێز دەستگیر نەدەکرا، بەڵام سەرپێچیکردنیان لە بڕیاری شۆڕش و هاتنەوەیان بۆ شار و شەهیدکردنی خولەی حەمە جانی هاوڕێی دێرینی، بووە هۆکاری ئەوەی چیتر جەبار درێژە بە بەرگریکردن و شەڕ نەدات و لەوێدا دەستگیر دەکرێ.
نازانم چۆن بتوانم باسی هەڵوێست و خۆڕاگریی ئەو تێکۆشەرە قارەمانانە بکەم کە لە زینداندا بوون، چۆن لە کاتی ئازار و ئەشکەنجەدانیاندا لەلایەن دارودەستە و تاقمە داپڵۆسێنەرەکەی ڕژێمی لەناوچووی عێراق بە شێوازێکی نامرۆیی ئازار دەدران. ئەوانەی لەنێو زینداندا بوون، هەندێکیان چەند پێشمەرگەیەکی شاخ بوون و لە سەروەختی مفاوەزات و لە کۆتایی ساڵی 1984دا هەریەک بە هۆیەک کەوتبوونە نێو زیندانی دائیرەی ئەمنی سلێمانییەوە، لە ناویاندا: ئازاد چاوشین، شۆڕش جوانڕۆیی، کرێکار؛ لە ناسراوەکان بوون، هەریەکەیان بە ئومێدێک چاوەڕوانی ئازادکردن بوون، سەرکەوتنی گفتوگۆ و لێبوردنی گشتی، یان گۆڕینەوەی دیل بە دیل. زۆرێک ئازاد کران و شەش پێشمەرگەیان گۆڕییەوە، واتە ئەوانەی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەدیل گیرا بوون و ڕێککەوتن دەکرا هەریەک لە دیلەکانی پێشمەرگەی زیندانی ئەمن و ئەو دیلانەی سەر بە ڕژێم بوون و لای شۆڕش بوون، ئازادیان بکەن و بیانگۆڕنەوە. شەش پێشمەرگەیان گۆڕییەوە کە حەوتەمیان جەباری عەلی عەوێز بوو، دەبووایە بگۆڕدرایەتەوە لەگەڵ دیلەکانی ڕژێمدا، لەنێو زینداندا مایەوە و ئازاد نەکرا. من ماوەیەکی کەم بوو بەر ئەو ئازادکردنە کەوتبووم، دوای ئەوەش زۆر چیرۆک و بیرەوەریی زیندانەکانم خوێندووەتەوە، تا ئێستەش بڕوام وایە عەبدولڕەحمان مونیف بە شاکاری خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیشەوە (ڕۆمانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست)، عەبدولڕەحمان مونیف لە ساڵی 1975دا نووسیویەتی، کە ڕەجەب ئیسماعیل پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەتی، زیندانێکی سیاسییە، بە حەوت زینداندا تێپەڕ دەبێت، لە ڕۆمانەکەدا باس لە ئازار و ئەشکەنجەدانی دەکات کە چۆن قورسایی بە گونیەوە هەڵدەواسن و سەری دەخەنە نێو کیسێکەوە کە پڕیەتی لە پشیلە و بە دار لە پشیلەکان دەدەن و پشیلەکانیش لە ترساندا پەلاماری دەموچاوی دەدەن و ئازاری دەدەن، دوای ساڵانێکی زۆری پڕ ئازار و ئەشکەنجەدان، ڕەجەب ئیسماعیل بەڵێن و بڕیاری ئەوە دەدات بچێتە دەرەوە و هیچ کارێکی سیاسی نەکات و لە زیندان ئازاد دەکرێت، هاوڕێکانی ئەمە بە خیانەت تێدەگەن، بەڵام ئەو دەیەوێت بچێتە دەرەوە و زام و برینەکانی ساڕێژ بکات و چارەسەری خۆی بکات، ئەو دەیەوێت چیرۆکی خۆی لەنێو ئەو زیندانەدا بنووسێت کە چۆن ژیانی سەختی تێدا بەسەر بردووە و دواتر دەڕواتە دەرەوە و (لە مارسیلیا) نەیانتوانیوە بەتەواوی گوزارشت لە زیندان و دۆخی زیندانییەکانیان بکات! ڕاستی ئازار و ئەشکەنجە و ئەندێشەی زیندانییەکانی بەعسی عێراقی تا ئێستاش وەک پێویست نەنووسراوەتەوە، جوامێری و ئازایەتیی ئەو کەڵەپیاوانەی شوێن بزر بوون، دەلاقەی دەرگا ئاسنینەکانی ناو ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەمنی سلێمانی هەر بە وایەری لەحیم بە شێوەیەک بڕابوویەوە، هێندەی هێلکەی نەعامەیەک بڕابوونەوە، لە ناوەوە بۆ دەرەوە دەردەکەوت، ژوورەکەی ئەو بە لاتەنیشتی چەند ژوورێکی ترەوە بوو، لەو دەلاقەیەوە بەئاستەم ڕووخساریمان دەبینی. من جەباری عەلی عەوێزم وەک فەرماندەی کەرتی 33ی سلێمانی دەناسی، ژوورەکەی جەباری عەلی عەوێز بچووکتر و ناخۆشتر و تەنهاش بوو، ئێمە دووان و سیان پێکەوە بووین. پرسیارم ئاڕاستەی جەبار کرد و وتم: هۆکاری چییە هەمیشە تۆ بەپێوە لەنێو ئەو ژوورە بچووکەدا وەستاویت؟ لە وەڵامدا وتی: چی بکەم، دوو بست ئاو لە ژوورەکەمدایە، نایلۆنم لە بەتانییەکانم پێچاوە و هێشتا ناتوانم دانیشم. هەندێک جار سەتڵمان دەهێنا و لە دەلاقەی بەتاڵکردنەوەی سەتڵی میز و پیساییەکانەوە، بەدزییەوە بەتانییە شڕ و ئەسپێیاوییەکانی نێو ژوورەکانی خۆمان دەدایە. ئەبو نەهلە کە سەردەستەی پاسەوان و سەجانەکانی زیندان بوو، شارەزا و دڵسۆزی بێئەندازەی ڕژێم بوو، بە کردنەوەی دەرگا ئاسنینەکانی ژوورەکانی زیندان، هەموو سات و چرکەیەکی ژیانمان ئازارێکی نوێ بە جەستە و ڕۆحماندا دەهاتەوە، شکاندنی کەسایەتیی ئەم زاڵمە، هێزێکی مەعنەویی زۆر بوو ئاهێکی بەبەردا دەکردینەوە. بۆیە کەم کەس دەیتوانی بەرپەرچی ڕەفتاری ناشرینی ئەم زاڵمە بداتەوە، جەباری عەلی عەوێز بە وتەکانی ڕۆژانەی، هێزی بە ئێمە دەبەخشییەوە. وەک فەرماندەیەکی بوێری نێو شۆڕش و کوردایەتی لەنێو زینداندا ڕەفتاری دەکرد، بە دەنگێکی گڕ و بەرز تکای لە زیندانییانی نێو زیندانەکە دەکرد، بەوەی هیچ کەسێک لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی دەستە و تاقمەکەی ئەم ڕژێمە، بەڵگە و هیچ وتەیەکی ڕاست لەسەر خۆی و هاوڕێکانی نەدرکێنێت. لەدوای هەڵوێستی مەزنی خۆی بۆ هاوڕێکانی، جەستەی زامداری پیشانی هاوڕێکانی نێو زیندان دەدا و هانی دەدان و پێی ڕادەگەیاندن ئازار و لێدانی جەستە؛ ڕاهاتنە، دەبێت هەمووان خۆمانی لەسەر ڕابهێنین. زۆر جار جەباری عەلی عەوێزیان دەبرد بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە نهۆمی دووی دائیرەی ئەمنی سلێمانی، هێندە ئەشکەنجەیان دەدا، بەبێهۆشی و بە جەستەی خوێناوی لەنێو پەتوویەکدا دەیانهێنایە خوارەوە و لە ژووری زیندانەکەدا فڕێیان دەدا. دواتر بە پێکەنینە بەرزەکەی جەبار و ئاوازچڕینی جەبار، هەستیان پێ دەکرد کە جەبار بە جەستەی خوێناوی بەهۆش هاتووەتەوە و هەر کاتێک جەللادێک یان پاسەوانێکی زیندانەکە دەرگای ئاسنینی ژوورەکەیان بکردایەتەوە، جەباری عەلی عەوێز بە ڕوویاندا هەڵدەشاخی و پڕجنێوی دەکردن. سەرانسەری قاوشەکە دەنگی دەدایەوە، پێی ڕادەگەیاندن: ئێوە ئیعترافی چی بە من دەکەن؟ خۆتان کوژراوەکانی خۆتان باش دەناسن کێیە، کێتان لە چالاکییەکانی ناو شاردا لێ کوژراوە، ئەوانە هەمووی من کوشتوومن! ئێوە لە سەروەختی مفاوەزات و گفتوگۆدا منتان دەستگیر کردووە، دەنا ئێوە ئەو پیاوانە نین من لە شەڕدا بگرن! جەباری عەلی عەوێز ئەمانەی لە کاتێکدا دەوت کە هیچ کام لەو زیندانییانە لە ترسی لێدان و ئیهانەکردن، نەماندەتوانی بچووکترین بەگژداچوونەوە بنوێنین. جەبار قەڵایەک لە ورەی بە هەمووان بەخشیبوو، دواتریش لە قاوشەکان یەکمان دەگرتەوە، زیاتر لە سەد کەس لەو زیندانەدا بووین قسەی بۆ دەکردین، کۆڕی دانیشتنی گەرم دەکرد. جەبار دەیوت: ڕازی نیم کەس ئیعتراف بکات، من ئەوە شەش مانگە لێرەم، هەر کەس یەکێکی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت، سووک و ڕسوای دەکەم. ئێمە تازە گیراوین، با کەسی تر تووش نەکەین، دڵنیا بن ئەوەی کە ئیعتراف نەکات؛ بەر دەبێت، ئەوەی ئیعترافیشی کرد؛ ئیمزا لەسێدارەدانی خۆی کردووە. جەباری عەلی عەوێز وەک ڕابەری زیندان خۆی دەنواند و ئێمەش هەموو وەک سەرکردەی زیندان لێمان دەڕوانی، ئاسۆی ئومێد و هیوایەکی نیشان دەداین کە لە ڕاستیدا نووزەی ژیان لەوێدا هەست پێ نەدەکرا.
جەبار و ئازاد چاوشین؛ دوو پیاوی ئازا و دوو سەرکردەی زیندان بوون، بەش بە حاڵی خۆم زۆر دڵم پێیان دەکرایەوە و شانازیم دەکرد کە هاوڕێی ئەوانم و کۆمەڵە پێشمەرگەی وەک ئەوانی پەروەردە کردووە، هەردووکیان گرفتاری گەورەیان؛ ژن و مناڵەکانیان بوو. لە کاتی چوونەدەرەوە و تەحقیقدا ژنەکانیان بۆ دەهێنان و لەبەر چاوی خۆیاندا هەڕەشە و سووکایەتی و ئیهانە و داوای پاکانە و تەسلیمبوونیان لێ دەکردن، لە گەڕانەوەیاندا ئەوان ناخی خۆیان هەڵدەڕشت، هەر چییەک ڕووی دەدا بۆ منیان دەگێڕایەوە. هێشتا دانوستان هەر لەئارادا بوو، چەندین پێشمەرگەی زیندانی لەگەڵ ئەفسەر و سەربازی ڕژێم کە لە سنووری ئازادکراوی هێزی پێشمەرگەدا دەستبەسەر بوون، ئاڵوگۆڕیان پێ کرا و ئازاد کران. لەبەر ئەوەی جەباری عەلی عەوێز، ئەو پیاوە شاخنشینە هێشتا هەر لە زینداندا بوو، نە ئەوە بوو ئازاد بکرێت و لە شاردا لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا چاودێری بکرێت نەبا جارێکی تر بگەڕێتەوە ناو هێزی پێشمەرگە، نە ئەوە بوو لەگەڵ ئەفسەرە عێراقییە دیلەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە بگۆڕدرێنەوە و ئازاد بکرێت. ڕۆژبەڕۆژ خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانیی ئەنجامی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و میریدا بوون، خەڵکی زۆر نائومێد و ڕەشبین بوون بەرامبەر بە دەوڵەت کە دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت. ڕژێمی بەعس تاوانی بەرامبەر بەو پێشمەرگانە دەکرد کە بە ڕێگەی فەرمیی لیژنەی تەنسیقەوە لەلایەن شۆڕشەوە دەنێردرانە نەخۆشخانەکانی شار بۆ چارەسەرکردن، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانیانەوە پێشمەرگەی نێو نەخۆشخانەکانیان دەستبەسەر دەکرد و ڕەوانەی زیندانە نهێنییەکانی خۆیان دەکرد. بە هۆی دانوستانەوە هەندێک لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناو شاریان ئاشکرا کردبوو، هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵەکانیان و دەستگیریان دەکردن، ڕۆژانە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگە دەبیسترا و هەر لە سەروبەندی دانوستاندا بوو سەرکردە و فەرماندەی یەکێتییان شەهید دەکرد. کاتێکیش گفتوگۆی نێوان میری و یەکێتی تێک چوو کە مامە ڕیشەی فەرماندەی کەرتی چواری جەباری شەهید بوو، ئیتر یەکێتی نەیتوانی زیاتر ئارامی و بێدەنگی هەڵبژێرێت و بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تەواوی هێزی سەربازیی عێراقی دا. جەباری عەلی عەوێز، ئەو پیاوە شاخنیشینە هێشتا هەر لە شاردا بوو، بۆ چەند ڕۆژێک ئازادیان کرد کە لەژێر چاودێریی خۆیاندا بوو، دواتر گەڕاندیانەوە زیندان و ئازاری دەروونییان دەدا، بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن و بەڵێنی هاوکاریکردنیان لە دژی هێزی پێشمەرگە بدات.
ڕژێمی بەعس بۆ بێڕێزیکردن بە جەباری عەلی عەوێز، ئەو جەبارەی لەنێو زینداندا منەتی نەبوو بە ئازار و ئەشکەنجەی پتر لە ساڵێک و تینووێتی و برسێتی و دوور لە خێزان و مناڵەکانی، بە ئۆتۆمبیلی تایبەتیی سەربازیی خۆیان دەیانگێڕا بە شەقامەکانی شاری سلێمانیدا و لە تەنیشتیەوە چەند چەکدارێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا لوولەی تفەنگەکانیان بە ڕووی خەڵکیدا دەردەهێنا، بۆ ئەوەی لە متمانەی جەباری عەلی عەوێز کەم بکرێتەوە و وایان پیشانی جەماوەر دەدا گوایە لەگەڵ خۆیاندایە، لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار ڕاپۆرتی دەستتێکەڵکردنی جەباری عەلی عەوێز لەگەڵ بەعسدا ڕووبەڕووی سەرکردایەتیی یەکێتی بکەنەوە. دەمەوێت لە نووسینەوەی ئەم یادەوەرییەدا کە بەرپرسیارم لە تەواوی وشەکانی، ئەنگوست بخەمە سەر گێڕانەوەی سەرگوزەشتە و ئەو چیرۆکە پڕ تراژیدیا و کارەساتە جەرگبڕە، کە بەسەر مرۆڤێکی پاکی بەئەمەک و دڵسۆزی وەک جەباردا هاتووە. شایەتحاڵێک کە لە سەردەمی خەبات و شۆڕشدا هاوڕێ و هاوسەنگەری جەباری عەلی عەوێز بوو کاتێک لەنێو حسکدا بوون (حیزبی سۆسیالیستی کوردستان) بە ناوی شامیل، کە دواتر پشتی کردە شۆڕش و گەڕایەوە شار، دەڵێت:
من بە هۆی ناسینی کەسێک کە ئەفسەری هەواڵگریی سەر بە ڕژێم بوو، داوایان لێ کردم بە جەباری عەلی عەوێز ڕابگەیەنم کە هاوکارمان بێت و لەگەڵماندا بێت، ئەوەی کە دەیەوێت لە سامان و خۆشگوزەرانی؛ بۆی جێبەجێ دەکەین و پارێزگارییشی لێ دەکەین. داواکاریی ئەو کەسەی سەر بە ڕژێمم بە جەباری عەلی عەوێز ڕاگەیاند، بەڵام جەبار لە وەڵامدا وتی: من گەر ئەوەم بکردایە، نەمدەهێشت ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەم لە زیندانەکەیاندا بدرایە، ئەمە جگە لەوەی زۆرترین ئازاری دەروونییان دام، بێڕێزییان بە خۆم و خێزان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانم کرد. ئەوانە خەون بەوە دەبینن من لەگەڵیاندا بم و هاوڕێ و هاوسەنگەرانم بۆ ئەوان دەستنیشان بکەم؟ جەباری عەلی عەوێز زیاتر پێی لە مەرگی خۆی دەنا و هەموو بنەماڵەکەی دایە دەست قەدەر و جارێکی تر وەک هەڵۆیەک بەرەو بەرزایی چیاکان هەڵفڕی و بەتیژی لەسەر بەرزاییەوە خۆی کردەوە نێو هێزی پێشمەرگە و هاوشانی براکانی بۆ تۆمارکردنی مێژوویەکی لەوە گرنگتر، ئەویش چارەنووسی گەلەکەی بوو، مەرگی پێش خۆی خست و چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی کردەوە شان، لە زۆرترین داستانی قارەمانانەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی دوژمنی گەلەکەیدا وەک فەرماندەیەکی دلێر و لێهاتوو، نەبەردانە و سەرکەوتووانە دەجەنگی. دەمەوێت لێرەدا نامەی یەکێک لە تێکۆشەرانی ڕۆژگارە سەختەکان بخەمە ڕوو کە چۆن جەباری عەلی عەوێز پاڵەوانی ئەو ڕۆژگارە سەختە بوو، تێکۆشەری دێرین دیاری چالاک دەڵێت کاتێک جەباری عەلی عەوێز لە زیندان ئازاد دەکرێت و دەچێتەوە شاخ، من لە تیپی 43ی ئاسۆس بووم لای کاک نەبەز، واتە خولەی جگەر کە هاوڕێی جەباری عەلی عەوێز بووە، هاتە لای نەبەز، واتە دوای ئازادبوونی لە زیندان و لەژێر چاودێریکردنی ڕژێم و جارێکی تر هەڵهاتنی بۆ شاخ، لە گوندی مەرگە لە خانوویەکی بچووکی نزیک بارەگای تیپ لەگەڵ خێزانەکەی و دایکی نیشتەجێ بوو. بۆ هەر چالاکییەک بیانناردینایە، شەهید جەبار ڕەوانی شاد بێت لەگەڵماندا دەهات، لەوانە: شەڕەکانی داستانی ڕزگاری و شەڕی بەردەسپیان لە سنووری سەفرە و زەروون. جەباری عەلی عەوێز هاوڕێیەتیی لەگەڵ مام هێرشدا زۆر بەتین بوو، مام هێرش فەرماندەی کەرت بوو، پاش ئەوەی لەلایەن مەڵبەندی دوو نەخشەی گرتنی چەرمەگای داڕشتبوو، جەباری عەلی عەوێزیش لەگەڵ مام هێرشدا بۆ گرتنی چەرمەگا لەگەڵ هێزەکەدا بەڕێ کەوتن، بەڵام لە ڕێگادا کەوتبوونە بۆسەیەکەوە و دووچاری شەڕێکی سەختی دەستەویەخە بووبوون و لەوێدا هاوڕێی خۆشەویستی جەباری عەلی عەوێز؛ فەرماندەی قارەمان و دڵسۆز غەریبە ڕەش شەهید دەبێت. گێڕانەوەی ئەم یادەوەرییە و بەشداریکردنی جەباری عەلی عەوێز لەگەڵ هاوڕێی و هاوسەنگەرانی ئەو ڕۆژگارە دژوارەی شاخ و بەجێهێشتنی خێزان و مناڵەکەی لە گوندی مەرگە، دەلالەت لە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی بۆ هاوڕێکانی دەکات. پاش شەهیدبوونی غەریبە ڕەش و درێژەپێدانی خەباتی بێوچانی، جەبار دەگەڕێتەوە گوندی دۆڵان لە بەری قەرەداغ بۆ بەڕێوەبردنی پرسەی شەهید غەریبەڕەش. دوابەدوای ڕوودانی ژەهراویکردنی کۆمەڵێک پێشمەرگە و سەرکردە لە گوندی سێروانە، جەبار لە گەڕانەوەیدا بۆ مەرگە لە ڕێگادا دەستگیر دەکرێت و لەو ڕووداو و کارەساتە جەرگبڕەدا تێوە دەگلێت. پێش ئەوەی ئاماژەی تەواو بە جۆری دەستگیرکردنی جەبار بدەم و لەو کارەساتە بدوێم، دەمەوێت هەندێک زانیاری لەسەر ژەهراویکردنی پێشمەرگە بدەم. ژەهری سالیۆم، بە واتای مەرگەموش کە بۆ کوشتنی جرجی گەورە بەکار دێت، بەڵام ڕژێمی عێراقی بە هاوکاریی زۆر کارشناسی بێگانە وایان لێ کردبوو کە وەکوو ئاو یان پاودەرێکی زۆر سادەی لێ بکەن و بەئاسانی بەکار بێت لەناو خواردن یان خواردنەوەدا، بۆ لەناوبردنی ئەو نیشتمانپەروەرانەی کە دژی ڕژێمی بەغداد خەبات دەکەن و دەجەنگێن. لەبەر ئەوەی هەندێک کەس لە دەرەوە چارەسەر کران لە ژەهراویکردن بە سالیۆم و هەندێکیش لە دەرەوە وەفاتیان کردبوو، تا ڕادەیەک ئەم ژەهرە ناسرا بە ناوی ژەهری عێراقی، بەڵام لە ڕاستیدا زانیارییەکی وایان نەبوو لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان لەسەر چۆنیەتیی کاریگەریی ئەم ژەهرە لەسەر مرۆڤ و ڕادەی کوشتنی، چونکە زیاتر زانیارییەکە لە کارکردنی لەسەر جرج و گیانلەبەری تر هەبوو، کەم کەس بڕوای دەکرد کە دەوڵەتێک هەبێت ئەم ژەهرە لە دژی هاوڵاتیی خۆی بەکار بهێنێت. کاریگەریی ئەم ژەهرە لە مرۆڤدا لە هەڵوەرینی مووی جەستە و دابەزینی کێشی بەبێ ئەندازە و هەڵئاوسانی پێستی سەر و ڕووخسار و چاو کزبوون و پەیدابوونی نەخۆشیی پارکنسۆن، کە بریتییە لە جۆرێک تێکەی عەسەبی کە لە ئەنجامی لەدەستدانی کۆنترۆڵی مێشکەوە بەسەر ئەندامەکانی جەستەدا یاخود بەشێک لە بەشەکانی جەستەوە دێت، بۆیە جووڵەی ئەو بەشەی جەستە نائیرادی نائاسایی دەبێت. دەوڵەت بۆ دەستوەشاندن لە هێزی پێشمەرگە و شەهیدکردنیان، جۆرەها پلانی دادەڕشت. یەکێک لەو کارەساتە جەرگبڕانەی کە لە ڕێگەی ژەهراویکردنەوە ڕووی دا، هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ناڕەحەت بوون و دەوڵەت سوودێکی بێئەندازەی لەو کارەساتە بینی کە بەسەر کۆمەڵێک سەرکردە و خەڵکی سڤیلدا هات و قوربانیی گەورەی لێ کەوتەوە کە ژەهرخواردکردنی سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ مستەفا چاوڕەش و چەند سەرکردە و پێشمەرگەیەک بوو.
هەر بۆیە مستەفا چاوڕەش بەدوورودرێژی ئاماژەی بە چۆنیەتیی ژەهرخواردکردن و شەهیدبوونی ئەو کەسانە دەکات کە لەگەڵیاندا بوون، لە نێوانیاندا دایکی مستەفا چاوڕەش کە لە تەمەنی 64 ساڵیدا شەهید دەبێت. ئەو دەڵێت : چیرۆکی ژەهرخواردکردنمان لە گوندی سێروانە، سێ مانگ دوای گرتنی خێزانم. لە ساڵی 1987 لە مانگی نۆدا کامەرانی برای و حەسەنی ئامۆزای لە شاخی قوڵەپوشێنە لای شەدەڵە شەهید بوون. لەو کاتەشدا بارەگای تیپی 43ی ئاسۆس لە مەرگە بوو. جەباری عەلی عەوێز لە کاتی دانوستانی یەکێتی و حکومەتدا گیرابوو، لەو ماوەیەدا بە لێبوردن بەر بوو، پێش ئەوەی خۆی بێت، ژن و مناڵەکەی هاتبوون و لە مەرگە بوون، ڕەفیقەکانی جەباریش هەر لە مەرگە بوون، بارەگای منیش لە سێروان بوو، بە سەیارە نیوسەعات لە مەرگە دوور بوو. جەباریش کە لە زیندان بەر بوو، هات و ماڵی دانا لای تیپی 43ی ئاسۆس، ئەو کاتە هەڤاڵ نەبەز (خولەی جگەر) سەرتیپی 43ی ئاسۆس بوو. پاش ماوەیەک لە دێیەکە گلەیی و گازندەیان کرد و قسەی لەسەر دروست بوو کە شەوانە مەشرووبات دەخواتەوە، من و کاک ملازم عومەر بانگمان کرد و وتمان تۆ دوای ئەم هەموو ماندووبوونە؛ بۆچی خۆت ناشرین دەکەیت؟ ئەگەر وا بکەیت، خەڵکەکە داوای دەرکردنت دەکەن. خوا هەڵناگرێ وتی: هەڵە بووم، ئیتر شتی وا ناکەم و ڕوو ناداتەوە. کاتێک جەبار گیراوە، نەرمینی خێزانی هاتوچۆی بەغدا و دائیرەی ئەمنی کردووە و پەیوەندیی دروست کردووە، قسەشیان لەسەر جەبار دەکرد کە بە هۆی ژنەکەیەوە بەر بووبێ. بۆ مێژوو دەڵێم: جەبار لەگەڵ حکومەت هیچی نەبوو، ژنی خراپ نەبێ. ئێمە ئاگاداری ئەم وردەکارییە نین، ئەو کاتە ژن و منداڵی منیش لە زینداندا بوون، بەڵام دایکم و تریفەی خوشکەزام لام بوون لە ماڵەکەی خۆم. من گومانم دەکرد ڕێژەیەکی کەم ژەهریان پێ دابم، چونکە زۆر هیلاک بووم، سنگم دەیەشا، وەک ئەوە بوو تێزابی پێدا بکەیت، بە شەرتێ من جگەرەشم نەکێشاوە. لە ڕۆیشتندا لە پێشمەرگایەتیدا کەس لەگەڵ من دەرنەچووە، هەمیشەش لە خەیاڵی منداڵەکانمم کە زیندانین، شەوێکیان هەر خەوم لێنەدەکەوت، سەعات 12 بوو، هەستام و وەسیەتم نووسی بۆ ملازم عومەر، کامێرایەکی ڕەسمگرتن و کامێرایەکی ڤیدیۆم هەبوو، لەگەڵ دوو هەزار دینار، هەموویم بەیەکەوە گرێ دا و بە تیپ بەستم، لێم نووسی کاک عومەر ئەگەر شتێکم لێ هات، ئەمەی هەمە لە ژیانمدا؛ بیدە بە مناڵەکانم. سەعات 12 بیرم کردەوە ئەو ژنە (نەرمین) جارێکیان هات و وتی: دەتوانم ژنەکەت ببینم، بەڵام بۆ بەربوون ناتوانم. کە بیرم دەکردەوە، ئەم قسەیە سەرنجی ڕاکێشام، خەیاڵم بۆ ئەوە چوو هەر ئەو ژنە ژەهری کردبێتە خواردنەوە! هەر چی خواردبووی، وای لێ هاتبوو، بۆ نموونە: عومەر بۆتانی، جەلال مینەبەگ، عومەر جەیران عوسمان، قادر منەوەر. من خۆم جارێک بە سەیارە هاتبوومە خوارەوە، لە مقەڕ کاک نەبەز واتە خولەی جگەر کفتەیان هەبوو، منیش مامەوە، دیار بوو ئەوەشی کردبوو، ڕێژەکەی کەم بووە، لە کوڵاندا کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە. وتم: عەیبە بەم شەوە هەڵیبستێنم لە خەو. بەیانی سەعات هەشت چووم بۆ لای کاک عومەر، هێشتا لە خەو هەڵنەستابوو، تۆزێک هاتوچۆم کرد، دوایی هەڵمساند، وتم: کاک عومەر، ئەم سنگئێشەیە و هیلاکییەی من نەخۆشی نییە، وتی: چییە؟ وتم: شکم لەو ئافرەتەیە، چونکێ قسەیەکی وای کردووە کە دەتوانێ سەردانی مناڵەکانم بکات. ئیتر لەگەڵ کاک عومەر ڕێک کەوتین ئەگەر ئەم جارە بێتەوە، جانتاکەی بپشکنین.

#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
ئەم بابەتە 1,207 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] پەرتووک | کوردیی ناوەڕاست | مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 56
پەرتووکخانە
ژیاننامە
شەهیدان
وێنە و پێناس
کورتەباس
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: چاپکراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: سلێمانی
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
خاوەنی ئەم بابەتە بەسوپاسەوە، مافی بڵاوکردنەوەیی بە کوردیپێدیا بەخشیوە! یان بابەتەکە کۆنە، یاخود بابەتەکە موڵکی گشتییە.
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 22-07-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 23-07-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 22-07-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 1,207 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
کورتەباس
نووسین بۆ منداڵان و کۆمەڵە چیڕۆکی گوندەکەمان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
وزەی گەرمی زەوی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
کورتەباس
ئەدەبی چیرۆکی خەیاڵی زانستی و جیهانی مناڵان
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,360
وێنە 105,645
پەرتووک PDF 19,140
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
کورتەباس
نووسین بۆ منداڵان و کۆمەڵە چیڕۆکی گوندەکەمان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
بەناز عەلی
کورتەباس
وزەی گەرمی زەوی
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
کورتەباس
ئەدەبی چیرۆکی خەیاڵی زانستی و جیهانی مناڵان
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.39 چرکە!