پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,360
وێنە 105,644
پەرتووک PDF 19,140
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شەهید مام ئاراسی حسک؛ قارەمانی ڕۆژگار و شەهیدی دەستی غەدر
کوردیپێدیا و هاوکارانی، هەردەم یارمەتیدەردەبن بۆ خوێندکارانی زانکۆ و خوێندنی باڵا بۆ بەدەستخستنی سەرچاوەی پێویست!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

شەهید مام ئاراسی حسک؛ قارەمانی ڕۆژگار و شەهیدی دەستی غەدر

شەهید مام ئاراسی حسک؛ قارەمانی ڕۆژگار و شەهیدی دەستی غەدر
ئەوانەی لەنێو شۆڕشدا ون بوون
شەهید #مام ئاراس#ی #حسک#؛ قارەمانی ڕۆژگار و شەهیدی دەستی غەدر
یاسە هەتیوی هاوڕێم یەکێک بوو لەو پاڵەوانانەی لە شۆڕشدا ون بوو. ئەو کاتەی کە بووین بە دراوسێ، لە گەڕەکی چوارباخ لەنزیک مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی و لە قوتابخانەی سەرەتایی چوارباخ و ئەیوبییە پێکەوە لە یەک پۆلدا بووین، لە قوتابخانەشدا هاوڕێیەتیمان هێندە بەتین بوو؛ مامۆستای پۆلەکەمان نەیدەهێشت لەسەر کورسییەک پێکەوە بین، چونکە لە کاتی وتنەوەی وانەی مامۆستاکەماندا، وا ڕێک دەکەوت لەگەڵ سەیرکردنی یەکتردا هەردووکمان پێدەکەنیین، تاکوو وای لێ دەهات ئاگامان لە وانەوتنەوەی مامۆستا نەدەما. ڕۆژێکیان هێندە پێکەنیین، بە بۆنەی ئێمەوە؛ تەواوی پۆلەکەمان بە دەستی مامۆستا لێی درا، دواتر مامۆستا من و یاسینی هێنایە بەر چاوی تەواوی قوتابییەکان (ئەو ساڵانە وا بوو، مامۆستا لێدانی لە پۆلەکاندا بەرامبەر بە قوتابی لە قوتابخانەدا بەکار دەهێنا)، مامۆستا بە یاسینی وت: هەردوو دەستت درێژ بکە! پاشان بە دار کەوتە سەر پەنجەکانی یاسین و زۆری لێ دا وەک ئیهانەکردنێک و تێکشکاندنی باری کەسایەتیی دوو منداڵی قۆناغی سەرەتایی. یاسین هەردوو دەستی لە کاتی لێداندا لا نەدەبرد، ئێستەش وێنەکەی لەبەر چاومە، خوێن بە پەنجەکانیدا دەهاتە خوارەوە. ئەوەی من لە یاسینم بینی، زۆر سەرنجی ئازایەتیی ڕاکێشام. کاتێک مامۆستا پێی وت: بڕۆرەوە شوێنی خۆت!، یاسین بەو تەمەنە بچووکەی خۆیەوە هەر لەبەردەمی مامۆستادا ڕاوەستابوو. هێندە بەو منداڵییەوە چاونەترس بوو، مامۆستاش سڵی لێ دەکردەوە. دوابەدوای ئەو، منیش هەردوو دەستم بۆ مامۆستا درێژ کرد و بەئارەزووی خۆی تا هێزی تێدا بوو بە دار دەیکێشا بە هەر دە پەنجەکانی دەستمدا، ئازار دەچووە دەروونم، بۆیە بەڵێنم بە مامۆستا دا بەوەی جارێکی تر لە کاتی وانەوتنەوەدا پێنەکەنم و گوێڕایەڵی وانەوتنەوە بم. یاسین چەند ساڵێکی کەم لە من گەورەتر بوو، هەردووکمان یەکترمان تاوانبار دەکرد بەوەی کێ خەتابار بێت. لەبەر ئەم بوێرییانەی یاسین لەنێو نەک پۆلەکەدا بەڵکوو لەنێو قوتابخانەکەشدا، بە مناڵێکی چاونەترس ناو دەبرا.
لەیادمە لە پۆلی یەکی ناوەندی بووم، مامۆستا عەبدولڕەحمان وانەی پێ دەوتینەوە، لە کاتی وانەوتنەوەدا قوتابییەک لە پشتمەوە بوو، داوای هاوکاریی لێ کردم بەوەی پێنووسەکەی کەوتۆتە خوارەوە و بەلای ژێر پێی مێزەکەی مندا هاتووە، منیش ئاوڕم بۆ دواوە دایەوە و پێنووسەکەم دایەوە دەستی، لە ڕاستیدا هیچ تاوانێک نەبوو، بەڵکوو هاوکاریی هاوڕێ قوتابییەکەم کرد، مامۆستا بانگی کردم بۆ پێشەوەی پۆلەکە و گوێی ڕاکێشام و لاجانگی بەرز کردمەوە و تا هێزی تیا بوو شەقێکی لە دواوە تێ هەڵدام و گونم تەواو ئازاری پێ گەیشت، چونکە پێڵاوی چەرمی نووکدرێژی لەپێدا بوو. من لەتاو ئازاری جەستەمدا نەمدەزانی چی بکەم، وام دەزانی بە سواری فڕۆکەیەکەوەم و لە تەواوی بەرزیی ئاسماندا بۆ سەر زەوی فڕێ دراومەتەوە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو قوتابییەکانی نێو پۆلەکە بە دەنگی بەرز بە من پێدەکەنین. جگە لەوەش نەیانهێشت بێمەوە بۆ قوتابخانە، وەک بڵێی تاوانێکی زۆر سەختی مرۆییم کردووە، دواتر داوایان لێ کردم بەوەی باوکم یان دایکم سەردانی قوتابخانە بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکەی من کە لە پۆلەکەدا کردوومە. کاتێک چوومەوە بۆ ماڵەوە، نەمدەوێرا ئەو تاوانە سەختەی کە کردوومە؛ بۆ باوکمی بگێڕمەوە و پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانە بپاڕێتەوە و لێم خۆش ببن و جارێکی تر بتوانم لە قوتابخانەدا درێژە بە خوێندن بدەم، ناچار دایکم بە باوکمی ڕاگەیاند و چیرۆکی تاوانە گەورەکەی کە من کردبووم لە قوتابخانەدا؛ بەهێمنی بۆ گێڕایەوە، ئەویش نەیهێشت بەسەرهاتەکە تەواو بکات، بەر هێزی لێدانی قەوارەی دەست و مەچەکی خۆی دام و کەوتە لێدانم و دوو هێندەی شەق وەشاندنەکەی مامۆستا عەبدولڕەحمان ئازاری ناخی دەروونی دام. وا ڕێک کەوت لە ساڵی 1984؛ ساڵانی ژیانی پڕ نەهامەتی و دەردەسەری بەڕێکردن و تەمەن بەرەو هەڵکشان دەڕۆشت و لە سەروبەندی دانوستانی نێوان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و ڕژێمی بەعسدا بوو، ئەو دەمەش تەمەنم بیست و سێ ساڵان دەبوو، ئه و ساڵه (1984) لەگەڵ دوو پێشمەرگەی کەرتەکەماندا بە کاری شۆڕش هاتبووینەوە ناو شاری #سلێمانی# و دانوستان لەئارادا بوو، ئەو مامۆستایەی کە لە پۆلی یەکی ناوەندی بووم و شەقی تێ هەڵدام، لە کۆڵانێکدا بەڕێکەوت دوای ئەو هەموو ساڵە بینیمەوە، داوای هاوکاریم لەو دوو پێشمەرگەیەی کە لەگەڵمدا بوون؛ کرد و ئەوانیش هاتن لەگەڵمدا و چوومە بەردەمی مامۆستا عەبدولڕەحمان، دوای سڵاوکردن، پێم ڕاگەیاند: مامۆستا، دەمناسیتەوە؟ وتی: نەخێر! وتم: من فڵانە قوتابی بووم، بەبێ هیچ تاوانێک تۆ کەسایەتیی منت بەبەر چاوی تەواوی قوتابییەکانی پۆلەکەمدا شکاند و هەر هەموویان بە من پێدەکەنین، بەڵام ئێستە من بووم بە پێشمەرگە و بەرگری لە مافی تۆی هاوڵاتیی کورد دەکەم. جا گەر ئەمرێکیشت هەیە، من لە خزمەتی تۆدام. و ناونیشانی کەرت و تیپەکەمان دا پێی کە تیایدا پێشمەرگە بووم. مامۆستام بەجێ هێشت و دڵم پڕ بوو، فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارەوە و وەک منداڵ دەگریام، خۆشم نەمدەزانی هۆکاری گریانەکەم بەو تەمەنەوە چی بوو کە لە منداڵیدا لێی دام و نەشدەگریام! ئەو دوو پێشمەرگەیەش کە لەگەڵمدا بوون، ئێستە لە ژیاندا ماون و یەکێکیان لە کوردستان دەژی و ئەوی تریشیان لە هەندەران. ئەو کاتە ژیانی قوتابی زۆر ناڕەحەت بوو، لەو دەمەدا و بگرە ئێستەش لە هەندێک قوتابخانەدا لێدان بۆ تەمبێکردنی قوتابی بەکار دێت. هەر لە تەمەنی منداڵیدا بووین، لە کۆتایی شەستەکاندا، لە زستانێکی سارد و بەستەڵەکدا، پێشتر بەفرێکی زۆر زۆر باریبوو، یاسین بە هەلی زانیبوو بەرەبەیان بە دیواری قوتابخانەکەدا چووبووە نێو قوتابخانە و بە بەفر؛ پەیکەرێکی گەورەی پێشمەرگەی دروست کردبوو. هێندە گەورە دروست کرابوو، بە ئەندازەی باڵای خۆی دەبوو. بەو منداڵییەوە هێندە جوان نەخشەی سەروسیمای پێشمەرگە و چەکەکەی سەرشانی کردبوو، جێی دید و تێڕوانین و پرسیاری زۆر بوو، وەک تابلۆیەکی نەخشینی دەستی نیگارکێشێکی بەناوبانگ و تابلۆیەکی نێو هۆڵی مۆزەخانەیەک. نەخشاندنی دیمەنی ئەو پەیکەرە بەفرینە، لەو فەرشانە دەچوو کە بە دەست چنرابێت و وێنەی شەهیدێکی تێکۆشەری کوردستانی لەسەر نەخشابێت و لە هەموو ماڵێکی هەژاردا هەڵواسرابێت و بە جۆرێک ناخی دەهەژاندیت؛ هیچ پێناسەیەکی لە جوانیدا بۆ نەدەکرا، تەنها وشەی پێشمەرگە نەبێت کە مەرگی خۆی؛ پێش هەموو ئاواتەکانی و حەز و ئارەزووەکانی ژیانی پێش خستووە. ئەو دەمە کاتێک بەیانیان کۆ دەبووینەوە لەنێو قوتابخانەدا، تەواوی قوتابییەکان بەڕیز دەوەستاین و سروودی ئەی ڕەقیبیان پێ دەگوتینەوە. دوای سەرنجی زۆری مامۆستاکان، پرسیار کرا بەوەی کێ دروستی کردووە؟ یاسین هێندە ماندوو و سەرمای ببوو، تەواوی جەستەی هەڵدەلەرزی و وەڵامی دایەوە و وتی: من دروستم کردووە! بەڕێوەبەری قوتابخانە تەماشای کرد و وتی: هەمووتان چەپڵەی بۆ لێبدەن! هەمووان پێکەوە چەپڵەمان بۆ لێدا و سروودی ئەی ڕەقیبمان دەگوتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە یاسینە هەتیو بوو بە قارەمانی نەک قوتابخانە، بەڵکوو لە تەواوی گەڕەکەکاندا باس لەو کارە جوانەی دەکرا کە هەستوسۆزێکی کوردانە لە دەروونی منداڵێکی وەک ئەودا چێنرابوو، ئەو هەستە لە مرۆڤێکی گەورەتر لەوەوە چاوەڕوان دەکرا، نەک لە منداڵێکی وەک یاسینی تەمەن هەشت نۆ ساڵان.
هەر منداڵ بووین، هەر چەندە کوردبوون ئاگای لە مناڵی و گەورەیی نییە و نایزانێت، کە یاریی چاوشارکێ و ڕاوڕاوێنمان دەکرد، خۆمان لەسەر بەرەنگاربوونەوە ڕادەهێنا، یاریی پێشمەرگە و جاش و عەسکەرمان دەکرد، یاسە هەتیو بەخۆڕسک وریا و زیرەک بوو، ئەو لە یارییەکاندا ڕۆڵی پێشمەرگەی دەبینی، بە تفەنگە دارینەکەیەوە دیوارە و دیوار سەربازە بەعسییەکانی ڕاو دەنا، هێندە بەحەماسەتەوە دەنگی تەقەی تفەنگەکەی بە دەمیەوە دەیشیڕاند، ئارەقەی دەکرد. ئەگەرچی گەمەی شەڕی پێشمەرگە و پیاوانی ڕژێم (ئەمنەکان) مەشقێکی مناڵانە بوو، بەڵام ئێمە لە گەورەییدا لەگەڵ خۆماندا بردمانەوە بۆ چیاکان. یاسینی هاوڕێم لە ڕێکەوتی 18/10/1957دا لەدایک بووە، کەریم تۆفیقی باوکی پۆلیس بوو، دواتر چووبووە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چەک و ئەزموونەکەی یاسین وەک نەهامەتی و نەدارییەکەی دەگەڕایەوە بۆ کارەکەی باوکی. باوکی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە شار و گوندەکانەوە کۆ کردبوویەوە، بە پۆلیسی گوازرابوویەوە بۆ #پێنجوێن# و دواتریش بۆ سوورداش و گەبە و گولیجە و #قەڵادزێ# و هەڵشۆ و بنگرد و بارەگای دەبەنە و بێتواتە، جگە لەوەش بەشداریی گرتنی شارەدێی بنگردی کردووە، بۆیە لە هەر شار و شارۆچکە و دێیەکدا پەڕەیەک زیاتری خستبووە سەر کتێبی ژیانی. کەریم تۆفیق لە عەشرەتی جاف و بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر بووە و کوێخا سمایلی تەلانیش کە باوەڕپێکراو و ڕیشسپی و پیاوماقوڵی عەشرەتی جاف بوو، لە کەسە نزیکەکانی بوو.
پاشان کەریم تۆفیق بە ڕەزامەندیی خۆی، داوا دەکات وەک پێشمەرگەیەک لە دۆڵی جافایەتیدا بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی بکات. کاتێک بەرەو دۆڵی جافایەتی ملی ڕێگا دەگرێتە بەر، لە ڕێگادا دەکەوێتە بۆسەی دوژمن و پاشان بەدیلی دەبرێت بۆ ڕانیە و دواتریش دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانی شاری سلێمانی و پاش چەند مانگێگ لە ئەشکەنجەدان، دواتر وەک دەستبەسەرێک ڕەوانەی شاری فەلوجە دەکرێت و دوای ئەوەی ئازاد دەکرێت، جارێکی تریش دووبارە لە کۆمەڵکوژی و ڕەشبگیریی ساڵی 1963دا لە سەردەمی حوکمڕانیی زەعیم سدیق بێسەروشوێن دەکرێت و پاش چەند ڕۆژێک لە بەتانییەکی خوێناویدا دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان فڕێی دەدەن. ئەویش چەند ڕۆژێکی کەم بەرگەی ئاسەواری ئەو ئەشکەنجە توندە دەگرێت و گیان لەدەست دەدات و دەبێتە یەکێکی تر لە شەهیدەکانی ڕێگای بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. لەوە بەدواوە لەبەر بێباوکی، یاسین کەریم تۆفیق لەنێو هاوڕێیان و مناڵانی گەڕەکدا ناوی یاسینە هەتیوی بەسەردا دادەبڕدرێت.
ڕەعنا خانی دایکی دوای بێسەروشوێنبوونی هاوسەرەکەی، بە خێزانێکی چەند مناڵێکەوە دراوسێمان بوون و لە نزیکەوە مێژووی قارەمانێتیی ئەو ئافرەتە دەزانم. یاسین هەمیشە ورەبەرز بوو، لە خۆی ڕادەبینی و بەوپەڕی خۆبەگەورەییەوە نەیدەهێشت بێباوکیی پێوە دیار بێت و خۆی بە کەسێکی بێباوک بزانێت، واتە لەناو ئاپۆڕەی جەماوەر و لەنێو هاوەڵەکانیدا ڕۆڵی گەورەی دەبینی و لە ڕووخساریدا بەدی نەدەکرا لە نازی باوکایەتی بێبەش بێت. هەمیشە قسەخۆش و سەروزمان شیرین بوو. یاسین هەر لە مناڵییەوە سەرکردە بوو، هەر لە مناڵییەوە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ بوو، دیار بوو بەسەرهاتی بێسەروشوێنکردن و شەهیدکردنی باوکی؛ کاریگەریی زۆری لەسەر دانابوو. دیارە لە زمانی ڕەعنا خانی دایکیەوە چیرۆکەکانی باوکی بیستبووەوە و هەمیشە باسی دەکرد کە باوکیان گرتووە و پاش ماوەیەک لە بەتانییەکیانەوە پێچاوە و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا بە جلوبەرگی خوێناوییەوە فڕێیان داوە. چیرۆکی قوربانیدانی بنەماڵەی یاسین تۆفیق (یاسینە هەتیو) که دوایی له شۆڕشی نوێدا بە مام ئاراس ناوبانگ دەردەکات، بە شەهیدبوونی باوکی دەست پێ دەکات و بەداخەوە لە شۆڕشی نوێی گەلەکەشماندا مام ئاراس دەبێتە شەهیدی دەستی غەدر و تۆڵەی بە ناهەقی شەڕی براکوژی کە لە ساڵی 1981دا ئەنجام درا. بەڵام تراژیدیای ئەم خانەوادەیە لە پێناوی کوردستاندا و لە مێژوویەکی پڕ سەروەریی یەکەبەیەکەی ئەندامانی خێزانەکەیان و بنەماڵەکەیانەوە، هەر لە زیندانیکردن و ئەنفالکردنی پتر لە یانزە مرۆڤی گەورە و بچووک و منداڵی شیرەخۆرەوە، تاوەکوو دەگاتە بەتەمەنترین ژن و پیاوی ئەم بنەماڵەیە؛ درێژ دەبێتەوە. دوای شەهیدبوونی باوکی مام ئاراس و گوللەبارانکردنی مام ئاراس، زاواکەی (تاهیر جەلال) دەبێتە درێژەپێدەری خەباتی بزووتنەوەی نیشتمانیی گەلی کورد، کە لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا لەسێدارە دەدرێت. کاتێک گوێبیستی وشەی یاسینە هەتیو دەبم، جوانترین یادەوەریی ئەو قارەمانەم بەبیر دێتەوە و لە چوارچێوەیەکی زێڕیندا لە ئەلبووی یادەوەرییەکانمدا هەڵواسراون. بەبیرم دێت لە ساڵیادی جەژنی نەورۆزدا، لە گەڕەکی چوارباخ، لەناوەڕاستی گەڕەکەکەدا تەواوی خەڵکی کۆ ببوونەوە و بە بەرزاییەکی گەورە و بەرفراون دارێکی زۆریان کۆ کردبووە و ئافرەتان بە پۆشاکی کوردیی ڕەنگی جۆراوجۆر و لاوانی گەڕەک بە پۆشاکی کوردی و جامانە و فەقیانەی شۆڕی بازوویان، لە چواردەوری ئەو کۆمەڵە زۆرە دارەدا کۆ ببوونەوە و گۆرانیی ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز هاتەوەیان دەچڕی. لەنێوان دایکم و ڕەعنا خانمی دایکی یاسیندا وەستابووم، کە لە هەمان کاتیشدا من پێم دەگوت دایە ڕەعنا، لەپڕ یاسین بە دارێکی درێژ بەسەر بەرزیی دارەکەی دەستیەوە بە بڵێسەی ئاگرێکی بەتین و بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە بە دەستەکەی تری نەوتی دەکرد بە دارەکاندا و بە سروودی نیشتمانی و گۆرانیی نەورۆزەوە گڕی بەر دایە دارەکان. ڕەشبەڵەک و ئاهەنگ و درووشمی یان کوردستان یان نەمان گوێی دوژمنانی کەڕ کردبوو، کڵپەی ئاگر هێندەی نەمابوو ئاسمان بسووتێنێت و ئەستێرەکانیش لە تینی ڕووناکیی ئاگرەکەی لەمەڕ ئاهەنگەکەی ئێمە، شەرم لە ڕووناکی و درەوشانەوەی خۆیان بکەن. ئەو حەشاماتەی لە چواردەوەری گڕوتینی ئاگرەکەدا بوون، هەموو تێکڕا بەگشتی سوپاس و ستایشیان بۆ مەزنی و دڵسۆزی و قارەمانێتیی یاسین دەردەبڕی. یاسە هەتیو بەمنداڵی جگە لەوەی سەرمەشقی ئەو گەمەیە بوو، لە خوێندنگەش شاگردێکی گوێڕایەڵ و چوست و چالاک بوو. یاسە هەتیو کاتێک ڕەعنا خانمی دایکی ئەگەر پەنجا فلسی پێ بدایە، دەچوو شیرینیی سەردەمی منداڵیی وەک کونجی و مەسکەت و لوقمی پێ دەکڕی و دابەشی دەکرد بەسەر هاوڕێکانیدا، ئەمە لە کاتێکدا بە هۆی شەهیدبوو نی باوکیانەوە؛ هەژاری ناڕەحەتی کردبوون. ڕەعنا خانمی دایکی هێندە ئافرەتێکی قارەمان بوو، سەری بۆ هیچ نامەردێک دانەدەواند و کاری نان دروستکردنی دەکرد، وەک چۆن هەر پیاوێکی هەژاری خاوەنی چەند ئەندامێکی خێزان، کرێکاری و جووتیاری بۆ بژێویی ژیانی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی دەکات، ڕەعنا خانمیش شەڕی لەگەڵ کێشە و ململانێکان و گرفتەکانی نێو ژیانی دەکرد. ڕەعنا خانم ئافرەتێکی باڵا مامناوەندی گەنمڕەنگی وتەخۆش و خووڕەوشت بەرز بوو. لەیادمە من و یاسین لەدوای تەواوبوونی قوتابخانە، دەچووینە خزمەتی ئەو مەریەمەی کە لەلای مەسیحی مەزن خۆشەویستە، بەڵام مەسیح هێشتا گەورەیی حەزرەتی ڕەعنای بۆ پێناسە نەکراوە، گەر من مەسیح بوومایە، ڕەعنا خانمم لە جێی مەریەم پێ مەزنتر دەبوو و هەر واشە، لە دیدی مندا دایە ڕەعنای دایکی یاسین لە حەزرەتی مەریەم گەورەترە، نانی دروست دەکرد و کیژۆڵە تەمەن نۆ ساڵانێکی قژ هەڵبزرکاوی دەمبەخەندە و پێکەنینیش جووتێ نەعلی لاستیکی دڕاوی لەتەنیشت خۆیەوە دانابوو، ئەویش مەلیحە خانی خوشکی مام ئاراس بوو، چەند کولێرەبەڕۆن و نانی تیریی کردبووە سەنگەرێک، دەتگوت ئەو ئافرەتە شۆڕشگێڕانەی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو کیژە نازادرە قارەمانانەی #قەندیل#ن کە شەڕی مان و نەمان دەکەن لە پێناوی بستێک خاکی کوردستان و ژیانیان پێش مەرگ دەخەن. مەلیحە خانم کیژێکی زۆر جوان بوو، سەرقۆڵی ئەو کراسەی لەبەریدا بوو هێندە ئارەقەی نێوچەوان و گەردنی پێ سڕیبوو، زەرد ببوون و تەڕ ببوون، وەک بڵێی بارانێکی زۆری زستان باریبێت و ئەمیش لەژێر ڕەحمەتی سروشتی بارانباریندا تەڕ بووبێت. یاسینیش دەستی دایە دوو کوێرە و کولێرەیەکی دا بە من و پێکەوە خواردمان. هێندە لەزەتی بۆنوبەرامی کولێرەکانی دایە ڕەعنا لەلام ماوە، بە هەموو خواردنە بەتامەکانی ئەم سەردەمە تامی ئەو کولێرەیەی ڕەعنای دایکی یاسین نادات. یاسین بەهەژاری و بێباوکی گەورە ببوو، ئەویش حەزی دەکرد وەک هەموو مناڵیکی نێو خێزانێک و هەمیشە لە سۆز و خۆشەویستیی باوکی بێبەش نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاسین بەو منداڵییەی خۆیەوە ئاسوودەیی ئەوەی پێوە دیار بوو کە خێزانەکەیان خەڵاتێکی گەورەیان بە میللەتەکەیان بەخشیوە، ئەویش شەهیدبوونی باوکی بوو. لەو سەردەمەدا، واتە لە ساڵانی حەفتاکاندا، وشەی: هەتیو، بێوەژن، قەیرەکچ، پیرێژن، کورتەباڵا...؛ ئەم وشانە بۆ تیروتوانج بەکار نەدەهێنران، هێندە ڕێز لە یاسینە هەتیو دەگیرا، هێندە ڕێز لە منداڵێک نەدەگیرا کە باوکی لە ژیاندا مابوو. ڕێزگرتن و پاراستنی شکۆی دراوسێیەتی هێندە کولتوورێکی جوان و بەهێز بوو، کاتێک خێزانێک بیویستایە ژیانی هاوبەش بۆ کچەکەی یان کوڕەکەی پێک بهێنێت، ئەو خێزانە پێی شەرم بوو هاوسەرگیری لەگەڵ خێزانی ماڵە دراوسێکەیدا بکردایە، چونکە وایان دەبینی هەردوو لایان خوشک و برای یەکن. باوک و دایک لەنێو خێزاندا ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە پەروەردەکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان، هەمووان ڕێز و تەبایی لە نێوانیاندا هەبوو. تەواو بە پێچەوانەی ژیانی ئێستا بوو کە درۆکردن زیاترە وەک لە ڕاستیبوون، بێڕێزی و بێ مۆڕالی بە ئەندازەیەک تەشەنەی کردووە، هێشتا تاوانەکان نابنە هۆی پێناسەکردنیان و هۆکاری دەرخستنی زیاتریان. ئێمەش ئەو کاتە بە هەمان شێوە بە هۆی تێکەڵبوونی باوکمان بە شۆڕش و کوردایەتییەوە؛ خێزانێکی نەدار بووین و پاش ماوەیەک قۆناغی سەرەتاییشمان تەواو بوو، ماڵەکەمان گواستەوە بۆ گەڕەکی جوولەکان کە هێندە دوور نەبوو لە گەڕەکی چوارباخەوە و لە ناوەندیی سیروان و لە پۆلی یەکی ناوەندیدا درێژەم بە خوێندن دا و لەوەبەدواوە یاسینم نەدییەوە تاکوو ڕۆژی بوونم بە پێشمەرگە لە شاخ. کۆتایی ساڵی 1979 کە چوومە شاخ و بووم بە پێشمەرگە (تەمەنم هەژدە ساڵ بوو)، ناوبانگ و قارەمانێتیی مام ئاراس ببوویە وێردی سەر زاری زۆربەی خەڵک. بەر لەوەی بچمە شاخ و ببمە پێشمەرگە، دەنگدانەوەی مام ئاراس لە شار؛ ڕژیمی تۆقاندبوو، منیش بۆ یەکەم جار لە بلەکێ دوای ئەو هەموو بیرەوەرییەی منداڵی و لێکدابڕان، بە دیداری یاسینە هەتیو شاد بوومەوە و فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارەوە و ئیتر لەو ڕۆژەوە بیرەوەرییەکانی منداڵیی من و منداڵیی یاسە هەتیو لە چوارچێوەی زێڕینی کونجی ئەلبوومی یادەوەرییەکاندا هەڵواسران و لاپەڕەیەکی نوێی یادەوەریی پڕ کارەساتی خوێناوی و پڕ تراژیدیای نوێی شۆڕشگیڕی و خەبات و کوردایەتی بە ڕووی چارەنووسی بێکۆتا و نادیاردا هەڵدرایەوە و جارێکی تر مێژوویەکی پڕسەروەری و مێژوویەکی پیرۆزی هەمیشە زیندووی پڕ غەدر و ترس و تۆقاندن و ژیانی پڕ لە دڵەڕاوکێ بوونەوە ئەزموونێک لە ڕەنج و ماندووبوونی خەباتی ڕۆژگارە سەختەکانی هەوراز و نشێو و گەرمای هاوین و سەرمای شەوانی زستان...
شەوێکی هاوین لەسەر جێگەی تەنهاییمدا ڕاکشابووم، نازانم خەوم لێکەوتبوو یان خەونم دەبینی یان چووبوومە نێو خەڵوەتەوە و بە ئازارەکانی مێژووی ژیانمدا دەچوومەوە و کەوتبوومە قووڵایی بیرکردنەوەی چەندین نەبەردی و قارەمانێتیی ئەو تێکۆشەرانەی بەرگرییان لە خاک و نیشتمان دەکرد، کە تا ئێستەش هەندێکیان گۆڕیان ون و مێژوویان بەنادیاری ماوەتەوە یان مێژوویان چەندین پرسیاری تری لە خۆیدا هەڵگرتووە، جارجارەش نەغمەی بولبول و دەنگی باڵندەکانی ئاسمان و جریوەی چۆلەکەکانی سەر گوێسەبانەی سەربان؛ هێندەی تر جوانییان دەبەخشی بە بیرکردنەوەم و هێندەی تر تامەزرۆی بیرکردنەوەی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانم دەبووم کە لە ڕابردوودا بەجێم هێشتوون و ئەوانیش بۆ هەتاهەتایی ماڵئاواییان لە ژیان و خودی خۆم کرد.
بەدەم بیرکردنەوە و چاوی پڕفرمێسکەوە و بەرەو مەنزڵگای شۆڕشگێڕان ورد و درشت هەنگاوی لەسەرخۆم دەنا و تەنها بۆ ماچکردنی کێلی سەر گۆڕەکەی مام ئاراس، دوو کاتژمێرم بڕی لە گۆڕستانی سەیواندا. دوای چەندین ساڵ بە دیداری خاتوو مەلیحەی خوشکی شەهید مام ئاراس شاد بووم، ئەم شێرەژنە جگە لەوەی باوک و برای شەهید بوون، لەگەڵ ئەوەشدا تاهیر جەلالی هاوسەری لە ژیانێکی کورتی هاوسەریدا بە هەناسەی سارد و ژیانی پڕئازارەوە بۆ دواجار بەجێی دەهێڵێت و شەهید دەکرێت. کاتێک بە دیداری شاد بووم و لە هەوڵی باسکردنی مێژووی ژیانی شەهید مام ئاراس و پرسیاری لەسێدارەدانی شەهید تاهیر جەلالی هاوسەری بووم، بە پێچەوانەی ئەوەی غەمبار بێت، بە ڕووخسارێکی گەشەوە سەری بەرز کردەوە و لەبریی ئەوەی لەسەر ژیانی خۆی و قوربانیدانی بنەماڵەکەی بدوێت، چیرۆکی ئافرەتێکی دراوسێی خۆیانی بۆ گێرامەوە کە چۆن هاوسەرەکەی لە شەوێکی ساردی زستاندا لەتەنیشت مناڵەکانیەوە لەنێو جێگەدا دەیبەن، بۆ دواجاریش جەستەی شێوێنراوی خوێناویی بۆ دەهێننەوە. ئازایەتی و قارەمانێتیی خاتوو مەلیحەی خوشکی شەهید مام ئاراس لەوەدا بوو، سەرەڕای ئەوەی باوک و برا و هاوسەری شەهید ببوون، بەپێچەوانەوە لە ئاستی مێژووی خەباتگێڕاندا هێشتا خۆی بە کەم دەزانی بەوەی کە ئەوان پێشەنگی شۆڕش و کوردایەتین. کاتێک تاهیر جەلالی هاوسەری سەرقاڵی ڕێکخستن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شۆڕشەوە دەبێت، لە ساڵی 1985دا لە تەمەنی (29) ساڵیدا لە بازگەی #چەمچەماڵ#-#کەرکووک# دەستگیر دەکرێت و دواتر بەرەو زیندانی هەیئەی خاسە و دادگای بەعس (مەحکەمە خاسە)، دادگایی نادادپەروەرانە دەکرێت و لە زیندانی ئەبو غرێب لەسێدارە دەدرێت. دوای تێپەڕبوونی هەژدە ساڵ، واتە دوای ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی بەغدا، لە گۆڕستانی کەرخی بەغدا لەگەڵ چەند تێکۆشەرێکی تری وەک شەهیدان بەکر دارتاش و جەباری حاجی ڕەشید تەرمەکانیان دەدۆزرێنەوە و لە مانگی پێنجی ساڵی 2003دا تەرمی پیرۆزیان لە مەراسیمێکی پڕشکۆ دەهێننەوە بۆ شاری سلێمانی و لە گۆڕستانی سەیوان هەر ڕێک لەتەنیشت شەهید مام ئاراسدا بە ئامێزی خاکی دایک دەسپێردرێت. بەپێی ئەو بەڵگەیەی بەردەستم کەوتووە، کاتێک تاهیر جەلال لەنێو ژووری زینداندا دەبێت لە کەرکووک واتە هەیئەی خاسە کە ترسناکترین زیندانی ڕژێمی بەعس بووە، جەللادێکی نەخوێندەوار بۆ ترس و دڵەڕاوکێی زیندانەکان بە کێبڵێکەوە و بە هێز و توانای خۆی بە دەرگا ئاسنینەکاندا دەکێشێت و لەنێو چەندین زیندانیانی تری ئەو ژوورەدا بە تاهیر جەلال دەڵێت: ئێمە زانیاریی زیاترمان لە بارەی تۆوە دەست کەوتووە، بەوەی تاوانباری 'مخرب ' لەناوچوو مام ئاراس خزمتە و تۆش تاوانباریت وەک ئەو! هەر چەندە زیندانەوانە بەعسییەکە بە سووکایەتی پەیوەندیی ئەوان ئاماژە پێ دەدات، بەڵام شەهید تاهیر بەوپەڕی شانازییەوە دەڵێت: نەک تەنها خزم، ئەو سەرکردە و پێشەنگمان بووە...
شەهید تاهیر جەلال لەدوای خۆی، جگە لە خاتوو مەلیحە کەریم تۆفیقی هاوسەری، چوار منداڵی چاوگەش و چوار منداڵی چارەنووس نادیاری ئەو سەردەمە بە ناوی (بابان، تابان، تانیا، بەندی) بەجێ دەهێڵێت. خاتوو مەلیحە دەڵێت: پیرۆزترین مێژووی ئەوەیە کە ئەو ڕۆژەی بەندی چاوی بە دنیا هەڵدەهێنێت، لەگەڵ یادی چلەی ڕۆژی شەهیدبوونی تاهیر جەلالی باوکیدا بەراورد دەکرێت و دەبێتە یادگارییەکی پیرۆزی مەزن بۆ یادی ڕۆژی لەدایکبوونی بەندی ئەو بنەماڵەیە. سەرگوزەشتەیەکی یەکجار ناخهەژێن و بەئازاری تری ئەم بنەماڵەیە، ئەویش ئەوەیە کە خوشکێکی تری شەهید مام ئاراس؛ خاتوو سەبریە کە خوشکی گەورەی مام ئاراسە، بە (10) منداڵەوە لە کاتی ئەنفالدا دەستگیر دەکرێت.
یەکێک لە ئازارە سەخت و نەبڕاوەکانی کورد، برینی قووڵی ئەنفالە. ئەنفال دەرکی ئەو تونێلە نەبڕاوەیە کە مرۆڤی کورد پێیدا تێپەڕ دەبێت و ناگاتە هیچ شوێنێک. ئەو برینەیە، سوێ و ئازاری ساڵانەی ڕۆح نوێ دەکاتەوە. ئەو ئازارەیە کە هەمیشە ڕۆحی کوردبوونمان زیندوو دەکاتەوە و خەباتی نوێمان جۆش دەدا و دەرگای بوون و تێکۆشانمان بۆ دەخاتەوە سەرپشت و چەکەرەی لەدایکبوونمان هەزارەها جار شین دەکاتەوە. ئەنفال ماڵێکی پڕ لە ئێسک و پرووسکی بەجێماو و سووتماکی پڕ تاوانە، دەستی ڕەشی زوڵم و ویژدانێکی نەکڵۆکی زوڵم و ژانە، ئەنفال دەستی سۆزی دین و پژمەی سۆفیی ڕدێن درێژ و زیکری درۆی ڕۆحکێشانە، ئەنفالی ژن و منداڵ و پیر و گیاندارانی نێو بوونێکی پاوانخوازی سوورەتێکی چەپێنراوی درۆی بێویژدانە. ئەم بێویژدانییە گەورە و بچووکی نەفامیوە و تەنانەت منداڵی سەر بێشکەی کردووەتە پێکانی ئامانجەکانی ڕژێم و هەزاران کۆرپەی ساوای لە بیابانەکانی عەرەبیدا زیندەبەچاڵ کردووە. ئەنفال، واتە کوشتن و بڕین و گوللەبارانکردن و زیندەبەچاڵکردن، بەبێ جیاوازی لەنێوان ژن و پیاوی بەساڵاداچوو و گەورە و بچووک و تەنانەت سووتاندنی دار و درەخت و نەهێشتنی ئاژەڵەکان و کوشتنی باڵندەکانیش بە ئاسمانەوە.
کاتێک ئەم ڕەفتارە نامرۆییە دەرهەق بە هاوڵاتییانی سڤیل دەکرێت و تۆڵەی کوشتنی جەللادەکانی ڕژێم لە لوولەی تفەنگی شۆڕشگێڕانەوە ئەنجام دەدرێت لە دۆڵی جافایەتیدا کە زۆرترین بارەگا و هێزی چەند حزبێکی لێ بوو، بەتایبەت مەڵبەندی دوو و سەرکردایەتی و ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی و زۆرینەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی کە زۆرترین مێژووی پڕسەروەرییان لەوێدا نەخشاندبوو، ئەوا خاتوو سەبریەی خوشکی شەهید مام ئاراس بە دە منداڵەوە، لەگەڵ چەندین هاوڵاتیی سڤیلدا دەستگیر دەکرێن. لە سەرەتای دەستگیرکردنی خاتوو سەبریەی خوشکی مام ئاراس، پاش ئەوەی هاوڵاتییانێکی زۆر لەنێو ژوورێکی بچووکدا بە ناوی ئەنفالەوە زیندانی دەکرێن، سێ منداڵی بچووکی لە تینووێتی و برساندا، لە ماوەی تەنها یەک شەو و ڕۆژدا ڕۆحیان دەردەچێت و کۆتایی بە ژیانیان دێت.
ئەم سەرگوزەشتەیە لە زاری ئافرەتێکی بەساڵاچووی ڕزگارکراوی نێو زیندانەکانی ئەنفالدا ئاماژەی بە تاوانەکانی ڕژێم داوە کە چۆن ئەم خاتوونە بەرەنگاری ئەم هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە بووەتەوە کە سێ منداڵی بچووک لە باوەشی خۆیدا دەبنە قوربانیی گەل و شەهید دەبن، ئەمە لە کاتێکدا هاوسەرەکەی (بەکر تەلانی) تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لەو کاتەی خانەوادەکەی بە تەواوی منداڵەکانیەوە بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون، بەکر تەلانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بەشداری شەڕەکانی دژ بە ئەنفال دەبێت و لە هەمان کاتیشدا ئەمان دەستگیر دەکرێن.
لێرە و لەوێ ژیاننامەی ناحەزانی کوردمان بەرچاو دەکەوێت کە بێباکانە خۆیان بە دڵسۆز و تێکۆشەری دێرین دەزانن، بۆ هەر ڕەفتار و کردارێکیان سەرانی باڵای پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەکەنە گەواهیی کارەکانیان و بەڕوونی پێمان دەڵین بەبێ ئەوان؛ ڕێوشوێنی دادگا هەڵناگرن و ئامادەی لێپێچینەوەی تاوانەکانیان نابن. ئەوان بە دیوێکی تردا پێمان دەڵێن پێشمەرگە هۆکاری ئەنفال و کارەساتی کیمیابارانی شەهیدانی #هەڵەبجە# بوون و میللەتیان بەجێ هێشێت و بەگورگانخواردوو دران و ئێمەی دوژمنانی گەلی کوردیش وەک پارێزەر لە خاک و خەڵکدا لە کاتی ئەنفالکردنی هاوڵاتییانی سڤیلی گەورە و بچووکی کوردستاندا ئەوەی توانیمان؛ بەرگریی سەر و ماڵمان کردووە و ڕێنیشاندەر و بەخێوکەری شۆڕشیش بووین. ئەنفالچییەکان دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی بەگشتی و پێمان بڵێن ڕزگارکەری کوردستانن... دەکرێت ئەمە بکرێتە خاڵێکی گرنگ بۆ ڕیسواکردنی هەموو ئەوانەی لە ڕابردوودا بەنهێنی و ژێربەژێر سیخوڕییان بۆ ڕژێمە خوێنمژەکانی ناوچەکە کردووە. چیرۆکی بنەماڵەی یاسینی هاوڕێم، درێژکراوەی چەندان چیرۆکی تری قوربانیدان و غەدر و تاوانن بەرامبەر نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتی. ئاخر بۆیە من تا ئێستەش تامەزرۆی بیستنی وشەی یاسە هەتیوم نەک مام ئاراس، تامەزرۆی بیستنی ئەو ناوەم کە مەشخەڵەکەی دەستی بەداگیرساوی گەیاندە دەستی بنەماڵە و هاوڕێ و هاوشاری و دوای شەهیدبوونیشی؛ هەموو کوردستانیشی ڕووناک کردەوە. دیارە زۆرن ئەوانەی کە چاوەڕوانی ڕۆژی دادگاییکردنی خۆفرۆشانی گەل و نیشتمان دەکەن؛ کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوەکان، زیندانیانی سیاسی و کوردپەروەران و دڵسۆزانی خاک و نەتەوە... دادگاییکردنی تاوانباران، گەڕاندنەوەی شکۆیە بۆ گشت ئەو مافە خوراوانەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەم گەلەدا تاکی کورد بە خاکەکەی بەخشین. ڕاپەڕین و دروستبوونی دەسەڵاتی خۆجێیی کورد، ئاهێکی خستەوە نێو دەروونی خەڵکی کوردستان و ڕۆژی گەل لەدایک بوو. هەمووان دەزانین ڕێژەی سیخوڕان و ژمارەیان؛ سەد بەرابەر زیاتر بە ژمارەی پێشمەرگەکانی کە لە شاخ بوون، کەمترین پێشمەرگە و زۆرترین خاکفرۆش لە کوردستاندا بوونیان هەبوو. بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئازادکردنی کوردستان، بە پاساوی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و خوێننەڕشتنی کورد بە دەستی کورد، لێبوردنی گشتییان بۆ گشت سیخوڕانی وڵات دەرکرد. گەرچی لە مێژووی دوای ڕاپەڕیندا بۆ خەڵکیان سەلماند کە هیچ بەتەنگ تاکی کوردەوە نایەن، جگە لەوەی دەیانەوێت بۆ مەرامە تایبەتییەکانی خۆیان هەموو لاشەی کورد بکەنە پرد. ئەوی ڕۆژێک خوێنی کوردیان دەپاراست و لە سزای نیشتمانفرۆشێکدا دەوەستان و بێدەنگییان هەڵدەبژارد و لە شەڕی ناوخۆشدا هەزاران ڕۆڵەی وەک مام ئاراس و ڕۆڵەی خەڵکیان کردە سووتەمەنیی دەستکەوتەکانی خۆیان و سەدان شۆڕشگێڕی ماندوونەناسیان گۆڕون کرد، کە ئێستا بە شەهیدی حیزب ناو دەبرێن نەک شەهید لە پێناوی خاک و نیشتماندا.
شەهیدکردنی مامە ڕیشە و حەسەن کوێستانییان حەڵاڵ کرد و لێبوردنی گشتییش بەر تەحسین شاوەیس کەوت کە گەورەترین سیخوڕ و خوێنڕێژ و بکوژی دەیان سەرکردەی نێو شۆڕش و بکوژی چەندین پێشمەرگەی کۆڵنەدەر بوو، کە بە پلەیەکی بەرزیش خانەنشین کرا. پرسی دادگاییکردنی تاوانباران؛ پرسێکی ئاسان و خۆشدەست نییە بۆ خەڵکی کورد و دادگاکەی، بۆیە دەمەوێت لێرەدا بە هەندێک سەرگوزەشتەی خەباتگێڕاندا بچمەوە و هەر هیچ نەبێت بتوانم ویژدانم بەوە ئاسوودە بکەم کە ئەوەی بینیومە و بیستوومە، وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ داوە، لەم پەرتووکەدا بینووسمەوە. پێش ئەوەی ئاماژە بە ڕووداو و کارەساتەکانی کوردکوژیی نێو حیزبەکان و جۆری خەباتی پڕسەروەریی ئەو تیکۆشەرانە بدەم کە ئێستە هەندێکیان لە ژیاندا ماون و تەمەن بە باڵایاندا هەڵدەدات و هەندێکیشیان بە خوێنی گەشیان ئازادیی سەرتاسەریی کوردستانیان بۆ نەوەی دواڕۆژ دروست کرد، ئاماژە بە هەندێک لەو هاوڕێ و لاوە خوێنگەرمانەی سەردەمی منداڵی و سەردەمی خوێندن لە قوتابخانەدا دەدەم کە هەندێکیان وەک سەربازی ونبوو چارەنووسیان نادیارە.
لە قوتابخانەی چوارباخ و ئەیوبیە، لە یەک قوتابخانەدا و لە دوو زەمەنی جیاوازدا پێکەوە بووین. مامۆستا نووری کە برای مامۆستا تەها بوو، بە هەمان شێوە لە پۆلەکەدا وانەی پێ دەوتینەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان بوو. قوتابخانەی چوارباخ بەرامبەر بە مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی بوو، ئەوانەی لەیادمن کە لە پۆلی پێنج و شەشی سەرەتاییدا پێکەوە بووین: ڕزگاری شێخ ساڵح، کە ئەویش لە خانەوادەیەکی هەژار و شۆڕشگێڕ بوو، دواتر لە تیپی 31ی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانی بوو بە پێشمەرگە و لە ساڵی 1986دا گوازرایەوە بۆ مەڵبەندی دوو، شەرەفی ئەندامێتیی پێ سپێردرا و بوو بە ڕابەر سیاسیی تیپی پارێزگاری و ئێستەش لە هۆڵەندا دەژی، ناسراوە بە مامۆستا ڕزگار. پێشڕەو تەها، کوڕی مامۆستا تەها کە لە قوتابخانەی چوارباخ لە پۆلی پێنجی سەرەتایی وانەی پێ دەوتینەوە. پێشڕەو ئەندامی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و دواتر لە تیپی 57ی سەرگرمە بوو بە پێشمەرگە و لە هەڕەتی لاویدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و ماڵئاوایی هەتاهەتایی لە ژیان کرد. ڕزگاری عومەری سەیید عەلی، ئێستە لە ژیاندا ماوە. یاسین شەریف، زیرەکی قوتابخانەکە بوو، هەموو ساڵێک بە پلەی یەکەم دەردەچوو، هیچ زانیارییەکم لەسەر مێژووی ژیانی نییە. هەروەها هەڤاڵ مامۆستا نووری تۆفیق، کە ئەویش لە هەڕەتی لاویدا کۆچی دوایی کرد، کە ئامۆزای پێشڕەوی مامۆستا تەها بوو. ڕێبوار فەتاح، چارەنووسی نادیارە. ئازاد #خانەقین#ی لە کارەساتی #هەکاری# شەهید بوو. ماجیدی پاسۆک، هەروەها زاهیر لە تیپی 55ی قەرەداغ پێشمەرگە بوو. ئاکۆی فەرەجی خەیات شەهید بوو. کەمال ناسرا بوو بە بە کەمالە دان سەگ، لەناو #پارتی دیموکراتی کوردستان# بوو بە پێشمەرگە و تەها مەحوی قوتابخانەی تەواو کرد و ئێستە لە سلێمانی پزیشکە. ئەحمەدی حاجی عەبدوڵڵا ناسراوە بە ئەحەی حاجی عەبدوڵڵا، لەناو یەکێتیدا بوو بە پێشمەرگە. نەریمان، برای #مەریوان#ە شبر. داوای لێبوردنیش دەکەم بەوەی ناوی سەردەمی هاوڕێیانی قوتابخانەی سەرەتایی و ئەو هاوڕێیانەی گەڕەکم لەیاد نەماوە. ئەمە کورتەیەک لە ژیانی منداڵیی هاوڕێی خۆشەویستم یاسە هەتیو و دواتر لە کۆتایی ساڵی 1979دا بووم بە پێشمەرگە و یاسینیش لە ساڵی 1978دا ببوو بە پێشمەرگە لەناو یەکێتیی نیشتمانی، بەڵام لە باڵی بزووتنەوەی سۆسیالیست. بەداخەوە کێشە و ململانێی حیزبی هەر لە سەرەتای دروستبوونی حیزبەکانەوە، تاکوو ئێستەش کوردستان ئازاد کراوە و حیزب و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان لەئارادایە، کێشە و گرفتەکان ڕوویان لە زیادبوونە نەک کەمکردنەوە. دەمەوێت بە مێژووی ڕووداو و کارەساتی ئەو گیروگرفتانەدا بگەڕێمەوە، کە گێڕانەوەیان بوونەتە مایەی سەرئێشان و جگە لە کورد کوشتن، هیچ سوودێکی تری بە میللەتەکەمان نەگەیاندووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرترین سەرکردە و فەرماندە و تێکۆشەری دێرینی قارەمانی تیا بوونەتە قوربانی.
مستەفا چاوڕەش لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا دەڵێت:
یەکێتیی نیشتمانی کە ئەوکات لە چەند باڵێک پێک هاتبوو (کۆمەڵە، بزووتنەوە، خەتی گشتی)، لە دروستبوونی یەکێتییەوە لەگەڵ هەموو کارە باشەکان و پێکەوە ئیشکردن، کێشمەکێش هەر هەبوو. پاش گەڕانەوە هەموومان، سەرکردایەتی لەسەر سنوور گەڕایەوە لە سێکوچکەی تورکیاوە، بارەگای سەرکردایەتی لە دۆڵەکۆکە و دوایی دۆڵەنێ و دواتریش لە نێوزەنگ بوو. ئەو کاتەش دکتۆر مەحموود عوسمان و شەمسەدین موفتی هاتبوونەوە، ڕۆژانە کێشە دروست دەبوو، هیلاکی و نەبوونی و هەژاریی پێشمەرگە دیار بوو. برادەرانی بزووتنەوە؛ کاک ڕەسووڵ مامەند و دکتۆر مەحموود عوسمان و هەڤاڵەکانیان، بارەگاکانیان بردە ئەوبەری شێنێ بۆ دۆڵەتوو و گۆڕەشێر. ئەو بەڕێزانەی سەرکردایەتییان دەکردن، کەمیش نەبوون، ئەوانەی لەبیرمە: (ڕەسووڵ مامەند، دکتۆر مەحموود عوسمان، حاجی ئیبراهیم، سەیید کاکە، قادر جەباری)، هەندێکی تریش بوون. ئەمەش دەنگی دایەوە و بەیانیان دەرکرد و جیابوونەوەی خۆیان ئاشکرا کرد. پاش ئەوەی هەردوو لا هەوڵی جددیی زۆر دەدەن هەریەکە و زۆرترین کادر و پێشمەرگە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، لە هەرێمەکانیش هەر بەو شێوەیە بوو، لە هەرێمی 3ی شارباژێڕ، عوسمانی قادر منەوەر بزووتنەوە بوو، بە حوکمی ئەوەی پەیوەندیی باشمان بە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە هەبوون، هەوڵی ئەوەم دەدا هەرێمەکە کێشەی تێ نەکەوێت. ڕەسووڵ مامەندیش وەڵامیان بۆ عوسمانی قادر منەوەر ناردبوو بەوەی ڕۆڵی خۆی ببینێت و هێز جیا بکاتەوە، واتە لەناو یەکێتیدا هێزەکان ببنە دوو بەش و هێزێک لەگەڵ خۆی بەرێتە ناو بزووتنەوە...
پاش ئەوەی مستەفا چاوڕەش داوا لە عوسمانی قادر منەوەر دەکات و دەڵێت: کاک عوسمان، برادەرانی خۆمان لە نێوزەنگن بۆچی پێکەوە نەچین بۆ نێوزەنگ، هەر هیچ نەبێت بتوانین ڕۆڵمان هەبێت لەو جیابوونەوەیەدا، عوسمانیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: منیش پێم باشە. لەو دەمەشدا سەرەتای ڕووخانی محەمەدڕەزا شا بوو، هاتوچۆی نێو شارەکان بێ کۆنترۆڵ دەبێت و مستەفاش لەگەڵ عوسمانی قادر منەوەر دەچنە شاری #سەردەشت#، بۆ ئەوەی بچنە سەرکردایەتی لە نێوزەنگ. لەنێو شاردا هەردوو لا بەڕێکەوت چاویان بە زۆربەی زۆری سەرکردایەتیی بزووتنەوە دەکەوێت و هەر لەوێشدا عوسمانی قادر منەوەر لەگەڵیاندا دەڕوات و مستەفا چاوڕەش بەجێ دێڵێت. دواتر مستەفا چاوڕەش لە ئێران لە شاری سەردەشت نامەیەک بۆ #نەوشیروان مستەفا# دەنێرێت بەوەی ناتوانم بێم بۆ لاتان بۆ سەرکردایەتی لە نێوزەنگ، چونکە عوسمانی قادر منەوەر لێم جیا بووەتەوە و لەگەڵ برادەرانی سەرکردایەتیی بزووتنەوەدا ڕۆشتووە و منیش دەبێت فریا بکەوم بگەڕێمەوە شارباژێڕ، نەبا عوسمانی قادر منەوەر هێزەکە لەگەڵ خۆیدا ببات. دواتر هەردوو لایان بەجیا دەگەڕێنەوە و مام ئاراس کە فەرماندەی کەرتی دوو و جێگری هەرێمی سێی شارباژێڕ بوو، لەگەڵ هێزەکەی عوسمانی قادر منەوەر دەڕوات و دەچێتە ناو بزووتنەوە کە پێشتر یەکێتی بووە لەگەڵ هەرێمەکەی مستەفا چاوڕەش، دواتر دەڵێت: بەداخەوە مام ئاراس لە شەڕی ناوخۆدا لە #شارەزوور# شەهید بوو...
ئەم پەرەگرافانەی سەرەوه، قسە و گێڕانەوەی مستەفا چاوڕەشە کە ئێستا و لە کاتی نووسینەوەی ئەم یادەوەرییەمدا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڕێزی باس لە ڕاستیی مێژووی چەند ساڵەی خەباتی چەکداریی شاخ دەکات و ئاماژەی ڕاستەقینە بە جۆری جیابوونەوەی ئەو تێکۆشەرانە دەدات کە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە. بەڵام لە گێڕانەوەی مێژووی خەباتگێڕاندا، بێڕێزیی بە خەبات و تێکۆشانی هیچ پێشمەرگەیەک و کادر و فەرماندە و سەرکردە و دڵسۆزی شۆڕشگێڕانی کوردی نەکردووە.
هەروەها تێکۆشەری دێرینی سەرکردەی ئاڵای شۆڕش؛ پشکۆ نەجمەدین، باس لە کورتەمێژوویەکی جۆری چەککردنی فەرماندە مام ئاراس و پێشمەرگەکانی کەرتەکەی دەکات و بە چ شێوازێک پلانی داڕشتنی چەککردنی مام ئاراس دەکات، مام ئاراس لەبەر ئەوەی پێشمەرگەیەکی دەستکەرەوە بوو، سڵی هەموو کارێکی نەگونجاوی لە کاتی هێرشکردندا بەرامبەر لێ دەکرا، بۆیە وتەی یا اللە بۆ چەککردنی مام ئاراس و پێشمەرگەکانی بووەتە وشەی نهێنی و کاتێک دەڵێن یا اللە، هەر هەموو پەلاماری تفەنگەکان دەدەن.
مامۆستا پشکۆ نەجمەدین لە کتێبەکەی؛ ئەزموون و یاد دا دەڵێت:
من زۆربەی کات لەگەڵ وەهاب و کەرتەکەیدا دەگەڕام و هەڵسوکەوتم دەکرد، ئەگەرچی بە کادرێکی عەسکەریی توند و بەزەبر ناوی ڕۆشتبوو، دیسانیش پیاوێکی ئازا و بزێو و وریا و ڕەوشتبەرز بوو. لە گوندی پاڕەزان بووین و هەواڵی کەرتێکی سۆسیالیستمان وەرگرت کە ئاسۆی قومرییان لەگەڵدایە و لە گوندێکی دەوروبەری چوارتان، وەهاب گوتی: دەڕۆین چەکیان دەکەین، ئاسۆی قومری سەر بە موخابەراتە و بەپێی هەواڵی ڕێکخستنەکانی ناوشار؛ دەوڵەت بۆ دەستوەشاندن و ئاژاوە ناردوویەتی. دۆڵ بە دۆڵ و شاخ وەڕێ کەوتین و نیوەشەو گەیشتینە گوندی تایەن. لەنێو گونددا دابەش بووین، پشوومان دا و شیومان خوارد، پێخەفمان هەڵگرت و بۆ ماڵی خودا. لەو ڕۆژگارانەدا زۆربەی کارەساتەکان لە مزگەوتدا دەقەومان، چونکە جێگەی حەوانەوەی هەمووان بوو. سۆسیالیست پێش ئێمە لە مزگەوتدا جێگایان گرتبوو، سڵاومان کرد و پێمان گوتن: ئەمشەو دەمانەوێت پێکەوە بخەوین و هەندێک قسەوباسیش لەسەر چۆنیەتیی ڕێکخستنی کاروبارەکانمان بکەین. ئێمە پلانی خۆمان دانابوو. ئەوان نزیکی (20) چەکدار و ئێمەش بە ژمارە هەر هێندە دەبووین. مام ئاراس و عەبدوڵڵا هەمزە لێپرسراویان بوون. وەهاب و من، مام ئاراسمان خستە نێوانی خۆمان و پێشمەرگەکانی دیکەش هەر کەسە و کاری خۆی پێ سپێردرابوو. پاش کەمێک گفتوگۆ و قسەوباس، ئیدی پەرلەی یا اللە بوو بە دەستپێکی پەلامار و زۆرانبازیی ئەو پێشمەرگانەی پێش چەند چرکەیەک پێکەوە قسانیان دەکرد و بە یەکتربینین گەشابوونەوە، ژیانیان کەوتە سەر پەلەپیتکەی چەکی یەکتر، کارەکە زۆری نەخایاند و تەقەشی تێدا نەکرا و خوێنی تێدا نەڕژا، هەموویانمان چەک کرد و دەستی ئاسۆمان لە پشتەوە شەتەک دا لە جێدا. جگە لە ئاسۆی قومری و نوورە کۆپە، ئەوانی دیکەمان ئازاد کردن. هەر ئەو شەوە بەرەو شارباژێڕ و پاشان بلەکێی ئەودیوی بناری سورکێو بە دیل و دەستکەوتەوە ڕۆیشتین. پاش چەند ڕۆژێک، بە فەرمانی سەرکردایەتیی یەکێتی؛ چەکەکان بۆ سۆسیالیست گەڕێنرانەوە، ئاسۆی قومرییش کە هیچ گومانێک لەوەدا نەبوو باوەڕپێکراوی موخابەراتە، ئازاد کرا و لە گوڵ کاڵتری پێ نەگوترا. ئاسۆ یەکسەر گەڕایەوە شار و وەکوو دڕندەترین فەرماندەی جاش بوویە بکوژی دەیان پێشمەرگە و خەڵکی بێگوناه. دەیانگوت: ئەو ڕۆژەی مام ئاراس و مەفرەزەکەی بێ چەک دەگەڕێنەوە بارەگاکەیان لە بلەکێ، هەردوو ڕەحمەتی؛ عوسمانی قادر منەوەرە و مام هێرش سەرگەرمی گفتوگۆ و مشتومڕ دەبن و باس لە هۆکاری کێشە و گرفتەکانی نێوان یەکێتی و سۆسیالیست دەکەن، عوسمان دەڵێت: یەکێتی پاوانخواز و شەڕفرۆشە و هیچ گرووپ و لایەنێکی پێ قبووڵ ناکرێت و شەڕ لەگەڵ ئاسمانیشدا دەکات. مام هێرش دەبێژێت: وا نییە، ئێوە خۆتان پۆخڵەواتن و هێزەکانتان پڕن لە کەسانی گومانلێکراو... دەنگەدەنگی ئەمان تا دێت هەڵدەکشێت و لەپڕ مام ئاراس و کۆمەڵەکەی خۆیان بە ژووردا دەکەن و... عوسمان دەڵێت: ئەوە چییە؟ ئەی چەکەکانتان کوان؟ مام ئاراس دەڵێت: وەهاب چەکی کردین. عوسمانی قووشقی دەبێت و دەڵێت: ئەمەش خەتای ئێمەیە، هەی مام! مام هێرش و عوسمان، هاوڕێی خۆشەویستی یەکدی بوون و پاشتر هەریەک لە کات و شوێنی جیادا شەهید کران.
مامۆستا پشکۆ نەجمەدین ئەوەی کە خۆی بینویەتی و خودی خۆشی بەشداربووی نێو ئەو چیرۆک و بەسەرهاتەیە، لێ منیش دەمەوێت ئەنگوست بخەمە سەر هەندێک ڕاستی و دروستیی ئەو مێژووە کە زۆر گرنگە لەلام، چونکە ئەم ڕووداو و بەسەرهاتانە بەشێکی گەورە و گرنگی نێو خەباتی ئەو شۆڕشانەن کە لە ڕابردوودا لەلایەن چەندین حیزبەوە کراون و هەریەکەشیان خاوەنی زۆرترین قوربانیدانن. دوو هەفتە دوای ئەوەی مام ئاراس و هێزەکەی چەک بکرێن، من بەڕێکەوت لە شارباژێڕدا بووم لە گوندی عازەبان، ئۆتۆمبێلێکی پیکاپی شۆفرلێتی پشت بەتاڵ بە چەند نەفەرێکەوە وەرگەڕابوو و لە نێوانیاندا چەند پێشمەرگەیەکی ناسراوی تیا بوو، یەکێکیان بە ناوی لەتیف؛ هەمان پێشمەرگەی هێزەکەی مام ئاراس بوو، لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەست دابوو و ماڵئاوایی هەتاهەتایی لە ژیان کردبوو. دوو پێشمەرگەی ناسراو، هەردووکیان بە هەمان شێوە لە هێزەکەی مام ئاراسدا بوون، واتە سۆسیالیست بوون، یەکێکیان بە ناوی نەجم هۆنگەرێنی و ئەوی تریشیان بە ناوی کەریمی دادە مەنە، ناسراو بوو بە دکتۆر چالاک و هەردووکیان قاچیان شکابوو. بەڵام لە ڕاستیدا نازانم هۆکاری چی بوو لەو کاتەدا لەگەڵ مام ئاراسدا نەبوون، دەنا ئەوانیش چەک دەکران و ڕەنگە تووشی ئەو ڕووداوی هاتوچۆیەش نەبوونایە و نە لەتیف کۆچی دوایی بکردایە و نە نەجم هۆنگەرێنی و کەریمی دادە مەنەش (دکتۆر چالاک) قاچیان بشکایە. خەڵکی گوندەکە، بە گەورە و بچووکەوە غەمگین و پەشۆکاو بوون، دەنگی گریان و لەخۆدانی دایکان و خوشکانی کۆچکردووان، تەواوی باڵندەکانی سەر درەختەکانی گوندی غەمبار کردبوون و تەنانەت مەلەکانیش بەسەر ئاسمانی گوندەکاندا کۆچی #گەرمیان# و کوێستانیان نەدەکرد. دەنگی گریانی خوشک و دایکانی کۆچکردووان، سەدان ئاوازی غەمگینی لێ دروست دەبوون و فرمێسکی ئازیزان زەویی تەڕ کردبوو، تەمێک بە پانتایی سەر ئاسمانی گوندەکەدا بەری ڕۆژی گرتبوو، لەپڕ باران دەباری و سەر زەوی بۆنی فرمێسکی گرتبوو. هەندێک لە دانیشتووانی گوندەکە بەسەر گوێسەبانەکانی خانووە قوڕینەکانەوە غەمبار و ئەسرین لە چاویاندا قەتیس مابوو و دەگریان، پیاوان لەدەوری تەرمەکاندا پەشۆکاو ببوون، تەرمێک لەژێر ئۆتۆمبێل و تەرمێک لە دووریی چەند مەترێکەوە؛ جۆگەلەیەکی خوێنی دروست کردبوو و منێکی شەکەت و ماندوو نەمدەزانی چی بکەم و چۆن هاوکار بم لەو کارەساتە جەرگبڕە پڕ تراژیدیایە. حاجی محەمەدی ڕدێن سپی بە گۆچانەکەیەوە پرسیاری ئاڕاستە کردم و وتی :هەتیوە ڕیوەڵە، تۆ چ کارەیت و چی دەکەیت لەم گوندە؟ منیش وتم: من پێشمەرگەی یەکێتیم و دەمەوێت بەرەو سەرکردایەتی بڕۆم... ئەودەم سەرکردایەتی لە ناوزەنگ بوو. حاجی محەمەد بە قوڕگی پڕ گریانەوە و بە دەستە لەرزیوەکەی و گۆچانەکەی دەستیەوە وتی: هەتیوە ڕیوەڵە، دە باشە ساتێک بوەستە! منداڵێکی نارد بەدوای لاوێکدا، دیارە کەسی نزیکی خۆی بوو، پێی وت: ئەم پێشمەرگەیە بەرە با یارمەتیی ئەو دوو پێشمەرگە بریندارە بدات، بەڵام با کەسی ناو ئاوایی نەزانێت، چونکە هەردووکیان بەبرینداری دوو شەوە لەنێو ئەو دۆڵەدا شاردوومانەتەوە. منیش لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئەو ئۆتۆمبێلە و کۆچکردنی لەتیف، شەرم تەواو دایگرتبووم کە پێیان بڵێم برسیمە و شەکەت و ماندووبوونم پێوە دیار بوو، تەواو بێهێز بووبووم، چونکە لە شەوی ڕابردووەوە هیچم نەخواردبوو، هیچ شوێنێک نەبووبووە شوێنی حەوانەوەم. کوڕە لاوەکە پێشم کەوت و بە دووریی نیوکاتژمێر ڕێکردن و لە دۆڵێکدا بە دیداری دوو پێشمەرگە بریندارەکە شاد بووم، ئەوانیش بریتی بوون لە نەجم هۆنگەرێنی ناسراو بە خاڵە نەجم و کەریمی دادە مەنە ناسراو بە دکتۆر چالاک و هەردووکیان لەبەر ئەوەی پێویستییان بە هاوکاریکردن بوو، زۆر خۆشحاڵ بوون و داوایان لەو کوڕە لاوە کرد بەوەی دوو هێستریان بۆ پەیدا بکات و دواتر لە گوندەکەی تر تەسلیمی کەسێکی تری باوەڕپێکراوی خۆیان دەکەنەوە.
لە ڕاستیدا من چەکم پێ نەبوو، ئەوانیش هێندە ئاواتەخوازی ئەوە بوون کە خۆیان دەرباز بکەن و بگەنە هاوڕێکانیان، واتە کەرتەکەی مام ئاراس، هیچ پرسیارێکیان لێ نەکردم، خاڵە نەجم هۆنگەرێنی تاقمەکەی خۆی دامێ و تفەنگەکەی بە خۆی بوو، کەریمی دادە مەنەش (دکتۆر چالاک) تاقم و تفەنگی خۆی بە خۆی بوو، ئەوان بە قاچی شکاوەوە بە سواری هێسترەوە و منیش شەو و ڕۆژێکە نانم نەخواردووە و گوند بە گوندی شارباژێڕ (بزەنگیان، گورگەیەر، نۆدێ، چنگیان، کانی ماسی، قەیماسە، موبڕە، مامەخەلان، چاڵەخەزێنە) و بە شاخی سورێندا سەر کەوتین و گەیشتینە بلەکێ. لە هەریەکێک لەم گوندانەدا دوو هێسترم بۆ پەیدا دەکردن و لە گوندەکەی تردا تەسلیمم دەکردنەوە و ئەوانیش ڕەوانەی خاوەنەکانیان دەکردنەوە، من یەکێتی و ئەوانیش برینداری سۆسیالیست، من بێ چەک و ئەوان چەکدار...
کاتێک گەیشتینە بلەکێ بە دیوی ئێراندا، چووینە دیوەخانی کوێخا مەحموود، لەوێ مام ئاراسم بینی و لەگەڵ هاوەڵەکانی، بریتی بوون: لە مەحموود محەمەد (خولەی حەمە تاتە) و ڕەئووفە سوور، دیاری، ناوی باوکی نازانم و ناوی نهێنی بوو، ئاسۆی قومری و نوورەکۆپە کە پێشتر دەستگیر کرابوون و بە وتەی خۆیان هەڵهاتبوون. ئاسۆی قومری سکاڵای ئەوەی دەکرد گوایە لەلایەن جەلالییەکانەوە داوای هەزار دیناریان لێ کردووە و بەو مەرجەش وەهاب ئازادی بکردایە. لەیادمە ئاسۆی قومری دەیگوت: قومریی دایکم هاتووە بۆ لای وەهابە کەچەڵی جەلالی و داوای هەزار دیناری لێ کردووم، بۆ ئەوەی بە کەفالەت ئازادم بکەن. منیش وەڵامم بۆ قومریی دایکم ناردووە (ئەوکات ماڵەکەیان لە باخی شێخ لەتیف بوو)، گوایە قومریی دایکی ئاسۆ هەژار و نەدار بووە و ئەو بڕە پارەیەی بۆ پەیدا نەکراوە بۆ ئەوەی کوڕەکەی ئازاد بکەن و داوای هاوکاریکردنی لە دراوسێ و خەڵکی گەڕەک کردووە، ئەوانیش هاوکارییان کردووە (تەنانەت هەندێک کەس دەیانگوت گوایە سواڵیشی بۆ کردووە) و هەزار دینارەکەی بۆ وەهاب هێناوە و پارەکەیان لە قومریی دایکی ئاسۆ وەرگرتووە و پێیان ڕاگەیاندووە تۆ بگەڕێرەوە و ئێمەش پاش چەند ڕۆژێک ئاسۆ و نوورە کۆپە ئازاد دەکەین و قومرییش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و دواتر جەلالییەکان بەڵێنەکەیان نەهێناوەتە دی و ئاسۆ و نوورە کۆپەیان ئازاد نەکردووە، تاوەکوو خۆیان ڕایانکردووە و گوند بە گوندەکان ڕێیان کردووە تاکوو گەیشتوونەتەوە بە مام ئاراس. هاوەڵەکانی ئاسۆی قومری کاتێک چیرۆکی خۆدەربازکردن و هاوکاریکردنی دایکی لە دراوسێ و خەڵکی گەڕەک دەگێڕایەوە، هێندە بە حەماسەت و دڵێکی پڕ لە قین وشەکانی لە زار دەهاتنە دەر، هێندەی نەدەمان هەر لەوێدا بڕیاری تەسلیمبوونەوەی خۆی بدات و جارجاریش دەیڕوانییە من و جنێوی بە جەلالییەکان دەدا. کاتێک دوای چەندین جار و بۆ یەکەم جار یاسە هەتیوم (مام ئاراس) بینییەوە، ئیتر چاوم پڕ بوو لە فرمێسک و ناوی یاسە هەتیو بۆ چەند ساڵی نووسینەوەی مێژووم لەبیر چووەوە و ناوی مام ئاراس بووە وێردی سەر زمانم. لە ڕووخساریدا، مێژووی چارەنووسی گەلێکم تێدا بەدی دەکرد. لەو کاتانەوەی من کە تامەزرۆی خوێندنەوەی مێژووی سەرکەوتنەکانی شۆڕشەکەی کوبا بووم، هەر لەو نیگایەدا هەمان پاڵەوانێتیی جیڤارام لە توانا و دڵسۆزی و خەباتگیڕێکی وەک مام ئاراسم دەبینییەوە. لە ڕاستیدا تا ئێستاش من پێم وایە مام ئاراس واتە جیڤارا و جیڤاراش واتە مام ئاراس لە مێژووی شۆڕشی نوێی نەتەوەی کورددا، ئەمەش لێکدانەوەی من بوو. کاتێک بۆ یەکەم جار بە دیداری یاسە هەتیو شاد بوومەوە، من بە چاوی فرمێسکەوە و مام ئاراسی هاوڕێی منداڵیم بەزەردەخەنەوە و بەبەر چاوی هەموو پێشمەرگە چەککراوەکانەوە لەبەرم هەستا و توند باوەشی پێدا کردم و بەداخەوە زەردەخەنەکەی بوو بە گریان و لێواری یەخەی کراسەکەی تەڕ کردم، کەوتە پرسیار و پێی گوتم: دوای قوتابخانەی سەرەتایی چوارباخ، چیت بەسەر هات؟ و منیش گوتم: ئەو ئاوەی تۆ بۆت ڕشتین، پێی ئێمەشی تەڕ کرد. ئەی پێشینان نەیانگوتووە گەورە ئاو دەڕێژێ و بچووک پێی لێ دەخات، مەگەر یاسین گیان تۆ لە من گەورەتر نیت؟ مام ئاراس وتی: هەتیو، تۆ ئێستەش وا دەزانی منداڵە عەجوولەکانی چوارباخین! دەمت داخە، ئێستە من مام ئاراسم و تۆش شەهاب... وتم: باشە، من هەر یاسە هەتیوەکەم پێ خۆشترە، وەک لە مام ئاراسەکەی ئێستات. ئەویش وەڵامی دامەوە: تۆ ئێستەش بە ئەقڵی منداڵی ڕەفتار دەکەیت، ئێستە ئێمە نوێنەری میللەتێکین و دەبێت گیانی خۆمانیان بۆ فیدا بکەین.
نازناوی مام ئاراس وەک ناوی نهێنیی ئەو بوو لە ڕێکخستنەکانی شار لە سەرەتادا کە ئەم ناوەی ناوی هاوڕێی خۆشەویستی ئاراسی حاجی حسێن بوو، ئەویش کوڕی گەڕەکی چوارباخ بوو، کاتێک مام ئاراس چووە شاخ، ئاراسی حاجی حسێنیش دوای تەواوکردنی کۆلێژی ماف لە زانکۆی بەغدا، دەستبەجێ پەیوەندی دەکات بە مام ئاراس و دەبێتە پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە دوای چل ڕۆژ لە پێشمەرگایەتی؛ شەهید دەبێت، یاسین ئیتر دوای ئەوە بەتەواوی ناوی مام ئاراسی هەڵگرتبوو. مام ئاراس جگە لەوەی فەرماندەیەکی قارەمان و چاونەترسی شاخ بوو، سەرکردەیەکی وریا و چالاکی ڕێکخستنەکانی شار بوو، خاوەنی چەندین چالاکی بوو دژی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمیشە دەم بە زەردەخەنە و قسەخۆش بوو، گەنجێکی تا بڵێی ڕۆحسووک بوو، خاوەن قسە و بڕیار و کەسایەتیی تایبەت بە خۆی بوو. لەیادمە کاتێک ویستم لەگەڵ ئەواندا بگەڕێمەوە بۆ سەرکردایەتی لە ناوزەنگ و ئەوانیش بە هەمان شێوە دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ سەرکردایەتیی حسک کە لە دۆڵەتوو بوو، هەردوو سەرکردایەتی نزیکی یەک و بەرامبەر بە یەک بوون (لە کۆتایی ئەم مێژووەشدا باس لە دووری و نزیکیی هەردوو سەرکردایەتییەکان دەکەم کە چەندە پێکەوە ئاسوودە و تەبا بوون). مام ئاراس زۆر وردبین و لە هەموومان تێگەیشتووتر بوو، پێی گوتین: برایان، ئەوەی کە ئێمە لەلایەن برایانی یەکێتییەوە چەک کراوین، نابێت کەس بزانێت و بۆ شانی هەردوولامان جوان نییە. مەحموود محەمەد (خولەی حەمەتاتە) وەڵامی دایەوە و گوتی: لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک شەهاب، مەڵێ برایانی یەکێتی، بڵێ جەلالییەکان. ئاسۆی قومرییش گوتی: بڵێ جاش جەلالییەکانی بەکرەجۆ. مام ئاراس فەرماندەیەک بوو ڕۆڵی سەرکردایەتیی دەبینی و گوتی: برایان، وەختی ئەو قسانە نییە و تەنها کاتمان لێ کەم دەکاتەوە، ڕێگایەکی دوورودرێژمان لەبەرە... بۆ ڕۆژی دواتر سەرلەبەیانی بەڕێ کەوتین، بەڵام نازانم خاڵە نەجم و دکتۆر چالاک چییان لێ هات، دیار بوو ئەوان بە ئۆتۆمبێل ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئێرانیان کردبوون.
مام ئاراس بانگی کردمە ئەملاوە و گوتی: شەهاب گیان، تۆ کە بوویت بە پێشمەرگە، بێگومان لە هەستی دەروونێکی پاکەوە و زوڵم و زۆریت پێ قبووڵ نەکراوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی بەرگری لە خاک و نیشتمان و گەلێکی چەوساوەی وەک میللەتی کورد بکەیت... گوتە شیرینەکانی هاوڕێی خۆشەویستی منداڵیم و ئێستەش لە بلەکێی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، جارێکی تر منی گەڕاندەوە بۆ ئەو منداڵەی لە خێزانێکی هەژاری خۆڕاگر بەرامبەر بە هەموو ئەزموونە ناخۆشەکانی ژیان بەسەر منداڵێکی تەمەن هەشت نۆ ساڵانی وەک یاسین گیان، کە باوکی لە ڕێی بەرگریکردن لە شەرەفی کورد و خاکی کوردستاندا خوێنی بەخشی و ڕەعنای دایکی یاسە هەتیو، مام ئاراسی شۆڕشگێڕی بەرهەم هانی. دایە ڕەعنای دایکی مام ئاراس، لەو کاتەوەی هاوسەرەکەی تێکۆشەری شاخ و دۆڵ و چیاکانی کوردستان دەبێت، هەمیشە بە ڕووی خۆش و نەفرەت لە دوژمن؛ هاوکاریی تێکۆشەرانی شاخ و شار دەبێت. کاتێک جەستەی خوێناویی هاوسەرەکەی لە کونجی بەر دەرگای ماڵەکەیدا لە توێی بەتانییەوەکەوە فڕێ دەدرێت، ورەی پۆڵایین و خۆڕاگریی زیاتر دەبێت و ماڵەکەی دەبێتە حەشارگەی ئەندامانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار. هەر کاتێکیش هێزی پێشمەرگە بۆ دەستوەشاندن لە دوژمن بهاتنایەتە نێو شار، ڕەعنا خانی دایکی مام ئاراس بە هوتافکێشان و یان کوردستان یان نەمان پێش خەڵکی گەڕەک دەکەوت و ورەی بەرزی دەبەخشییە خەڵکی گەڕەک و پێشمەرگەش بە سروودی نیشتیمانییەوە ڕووبەڕووی دوژمن دەبوونەوە... بەم شێوەیە گەشتەکەمان بەرەو سەرکردایەتی لە بلەکێوە دەستی پێ کرد و لە دۆڵی و دوو#چۆمان# و ئالان و ناوچەی سیوەیل و گڵەسوورەمان بڕی و تەواو شەکەت و ماندوو ببووین. بەڵام من و مام ئاراس لەبەر ئەوەی هاوڕێی منداڵیی یەکتر و دانیشتووی یەک گەڕەک بووین، بەدەم ڕێگەوە باسمان لە یادەوەرییەکانی ڕابردوومان دەکرد و بێزاری و ماندووبوونمان پێوە دیار نەبوو. ئەوەی زۆر ناڕەحەتی کردبووین، هیچ کەسێکمان چەکمان پێ نەبوو. کاتێک گەیشتینە گوندی بێژوێ، بۆ حەوانەوە و پشوودان ڕوومان لە چەند ماڵێک کرد، من بە ژنەکەم گوت: نەبێتە ئەرک و ماندووبوون، میوان ڕادەگرن؟ وەڵامی دایەوە و گوتی: ئێوە چ کارەن؟ مام ئاراسیش لە وەڵامدا گوتی: ئێمە پێشمەرگەی ئەودیوین... ژنەکەش گوتی: ئەی کوا چەکەکانتان؟ هەردووکمان زۆر شەرمەزار بووین و گوتم: چەکمان لە سەرکردایەتییە و گوتی: تڕحێو لەم پێشمەرگانە، ئاوا کوردستانی عێراق ڕزگار دەکەن! من ئەقڵم بێت ئێوە قاچاخچین و لێتان قەوماوە، ڕاویان ناون و هێسترەکانتان هەڵهاتوون... لە ڕاستیدا ئەو قسەیە بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو، گوتی: شەهاب گیان، ئەمەش بەزمی کوردایەتی! گەر یەکێتی ئێمەی چەک نەکردایە، ئێمە کارمان بە ئێرە چی دەبوو! خۆ ئەوە کردیشیانین بە قاچاخچی... منیش دەستم کرد بە پێکەنین و گوتی: پێم ناڵێیت بە چی پێدەکەنیت؟ منیش گوتم: مام ئاراس گیان، بە قاچاخچییەکی وەک تۆ پێدەکەنم... هاوڕێ پێشمەرگەکانی ترمان چووبوونە ماڵان و پشوویان دابوو و خواردنیان بۆ ئامادە کردبوون، ئەوەی کە نانی نەخواردبوو؛ من و مام ئاراس بووین، بەڵام دواتر لە گوندی قەلەڕەش تووشمان بوو بە ماڵێکەوە، لەوێ پشوومان دا. لە ڕاستیدا هیچ خەبەر و باسی سەرکردایەتیمان دەزانی، نە خەبەری برادەرانی ئەودیو، چونکە ئێمە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەرەو سەرکردایەتی بەڕێ کەوتبووین. دواتر چووینە ئەشکان و بێوران و شەوێک لە قولەهەرمێ نەخۆشخانەی شۆڕشی لێ بوو، شەومان ڕۆژ کردەوە، بەرەو زەڵی و شێنێ کۆتاییمان بە گەشتەکە هێنا. سەرکردایەتیی یەکێتی لە ناوزەنگ بوو، سەرکردایەتیی سۆسیالیست (حسک) لە دۆڵەتوو بوو، بە مام ئاراسم گوت: من دەچم بۆ ناوزەنگ و تۆش کارەکانی خۆت جێبەجێ بکە. دیار بوو ئەو ماوەیە ئێمە بەڕێوە بووین، سۆسیالیست و یەکێتی ڕێک کەوتبوون و هەواڵی ئەوەیان پێ گەیشتبوو بەوەی بگەڕێنەوە بۆ دیوی کوردستانی باشوور و لەوێ چەکەکانیان وەربگرنەوە. مام ئاراس گوتی: ئێمە بەو حاڵە گەیشتووینەتە ئێرە، جارێکی تر بگەڕێینەوە هەر وا ئاسان نییە! لەسەر داواکاریی مام ئاراس، بۆ هەفتەیەک لەگەڵیاندا مامەوە. من و مام ئاراس و خولەی حەمەتاتە و ڕەئووفە سوور و ئاسۆی قومری و نوورە کۆپە لە خێمەیەکدا دەخەوتین. لەوبەریشمانەوە چەند خێمەیەکی تری لێ بوو، لە ناویاندا ئافرەتێک بە ناوی زەکیە تیایدا دەژیا، کورتەباڵایەکی قسەخۆش و خڕیلانە بوو. منیش دواتر بە مام ئاراسم گوت دەچم بۆ ناوزەنگ. نامەیەکی دامێ بە تیپ بەسترابوو و گوتی: کە چوویتە ئەوبەر، بیدە بە #مەلا بەختیار#. پێشمەرگە خووڕەوشتی بەرز بوو، من نەمدەزانی نامەکەی مام ئاراس چیی تیایە، پاشان ئەوە کاری من نەبوو بیکەمەوە. کە گەیشتمە لای مەلا بەختیار، لە خێمەیەکدا بوو، دەستێ جلی خاکیی مەیلەوسەوزی کاڵی کەتافیی لەبەردا بوو. منیش هەموو ئەو ڕووداو و بەسەرهاتەی هاتنی نەجم هۆنگەرێنی و کەریمی دادە مەنە و هاتنی خۆمانم بۆ گێڕایەوە، مەلا بەختیار گوتی: حسک چۆن دەبینی؟ منیش گوتم: هێزی پێشمەرگە هەمیشە گیانی خۆی بەخت دەکات و قوربانی دەدات، 'حسک'یش بە قوربانیدانی شەهیدەکانیان چەک پەیدا دەکەن و بەرگری دەکەن. ئەویش لە وەڵامدا گوتی: هیچ گەلێک بەبێ قوربانیدان، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت... پاش دوو ڕۆژ لە سەرکردایەتی لە ناوزەنگ، لە بەرنامەدا بوو بگەڕێمەوە بۆ شارباژێڕ و بۆ چاوپێکەوتنی مام ئاراس گەڕامەوە بۆ دۆڵەتوو و شەوێک لای مام ئاراس ڕۆژمان کردەوە و ئەوەی کە ڕاسپاردەی ئەوان بوو؛ نامەکە بوو، گەیاندبوومە شوێنی خۆی و ئەوەشی لەگەڵ مەلا بەختیاردا باسمان کرد، بۆ مام ئاراسم شی کردەوە و زۆر زۆری پێ خۆش بوو، تەنانەت مام ئاراس پێی ڕاگەیاندم و گوتی: ئەوەی تۆ لەگەڵ مەلا بەختیاردا گوتووتە، دڵنیام لەوەی کە هەندێک پێشمەرگەی سۆسیالیست (حسک) بەو شێوەیەی تۆ وەسفی ئێمەی بکردایە.
بۆ سبەی مام ئاراس و مەحموود محەمەد (خولەی حەمەتاتە) و ڕەئووفە سور و نوورە کۆپە و ئاسۆی قومری و دوو پێشمەرگەی تری لێ بوو یەکەم جارم بوو بە دیداریان شاد بم، ناویان کاروانی حەسەن تەیارە و ئەنوەرە سووری ئاسنگەر بوون و بەداخەوە پاش ماوەیەک بیستمەوە گوایە هەردووکیان شەهید بوون. پێش ئەوەی بەجێیان بهێڵم، مام ئاراس کەمێک زویر دیار بوو، منیش گوتم دەڕۆمەوە بۆ شارباژیڕ، بەڵام ناڕەحەتم بەوەی ڕووخسارت باش نایەتە بەر چاوم... مام ئاراس ناڕازیی بەرامبەر بە ئاسۆی قومری و نوورە کۆپە دەردەبڕی و دیار بوو حەزی نەدەکرد لای من باسی بکات و منیش بە ڕووخسارێکی گرژ و بەغەمبارییەوە بەجێم هێشتن. چۆن لەگەڵ مام ئاراس و هاوەڵەکانیدا لە بلەکێیەوە بەڕێ کەوتین تا گەیشتینە دۆڵەتوو، بە هەمان ڕێگادا بەتەنیا و بەپێ گەڕامەوە و چەند جارێکیش بە ئۆتۆمبێل، تاوەکوو گەیشتمەوە بلەکێ و لەوێشەوە بۆ چاڵە خەزێنەی سەر سنووری کوردستانی باشوور. کاتێک چوومەوە ئەوێ، دووبارە بە هەمان شێوە لە کوێوە نەجم هۆنگەرێنی (خاڵە نەجم) و کەریمی دادە مەنە (دکتۆر چالاک) کە هەردووکیانم لە شارباژێڕەوە هێنابوون بۆ بلەکێی، بەو ڕێگایەدا گەڕامەوە بۆ گوندی عازەبان لە شارباژێڕ. لە گوندی عازەبان شەهید سەڵاحی موهەندیس لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک بۆ حەوانەوە و پشوودان دانیشتبوون و هەروەها بۆ ئەوەی تاریک دابێت و بچنەوە ناو گوندەکە. لە ڕاستیدا من نامەیەکم پێ بوو دەبوو بەئەمانەتەوە بمبردایەتەوە بۆ شار، یادی بەخێر و ڕۆحی شاد بێت سەڵاحی موهەندیس پلانی گەڕانەوەی بۆ دانام چۆن بگەڕێمەوە و ئاگاداریشی کردم بەوەی بەرەبەیان بەئاگادارییەوە لە گوندی خەراجیانەوە بچمەوە شار، چونکە ملازم موحسین زۆر جار لەوێدا بۆسە بۆ پێشمەرگە و دۆست و لایەنگران و کادرانی شۆڕش دادەنێ و تەنانەت بەدیلییش شەهیدیان دەکات. منیش بەوپەڕی ڕێز و گوێڕایەڵییەوە ڕێنماییەکانی شەهید سەڵاحی موهەندیسم وەرگرت و تاکوو گەیشتمە گوندی خەراجیان و لەوێشەوە پەڕیمەوە ئەوبەر بەرەو گەڕەکی جوولەکان. بۆ پشوودان و ترسی ژیانم، ماڵی لەعلیی پوورم کە وەک بنەماڵەی حەمە ئاشەوان و کەسایەتییەکی ناودار و لە کتێبی یادی سلێمانیدا ناو دەبرێت کە یەکەم کەس بووە لە گەڕەکی جوولەکان ئاشی هاڕینی گەنمی هەبووە و یارمەتیی چەکدارەکانی خولەپیزەی داوە و هاوکاریی زۆرینەی خەڵکی نەدار و هەژاری کردووە؛ لەو گەڕەکەدا بوون. ماڵی لەعلیی پوورم چەند منداڵێکی بچووکی هەبوون، تەنها بۆ یەک کاتژمێر مۆڵەتی دام لەوێ بم و لە ماوەی ئەو یەک کاتژمێرەدا فرمێسک بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، بە چاوێکی بۆ من دەگریا و بە چاوەکەی تریشی لە منداڵەکانی دەترسا، نەبا من لەوێدا بگیرێم و ئەوانیش بێتاوان لەناو ببرێن. لەبەر ئەوەی کاتێک بووم بە پێشمەرگە، هێشتا مۆڵەتی سەربازیم ساڵێکی مابوو، بەڵام ئەو کاتەی کە هاتبوومەوە؛ ئەو مۆڵەتەم نەمابوو، دەبوو خۆم زیاتر بپارێزم. بۆ شەوی دواتر بەنهێنی چوومەوە بۆ ماڵەوە، بەدزییەوە بە دیواری حەوشەی ماڵەکەماندا سەر کەوتم و خۆم کرد بە ماڵدا، بینیم دایکم و جەمیلەی خوشکم پێکەوە نوێژیان دەکرد و دوعایان بۆ من دەکرد. کاتێک لە نوێژ بوونەوە و منیان بینی، دایکم بە چاوی سووری پڕگریانەوە باوەشی پیا کردم و گوتی: بڕۆ، لێرە مەبە! ئەو ڕژێمە بە جۆرێک ترس و تۆقاندنی خستبووە نێو دەروونی تاک بە تاکی ئەو میللەتە ستەمدیدەیە، دایک ڕۆڵەی خۆی لە ماڵەکەی خۆی دەردەکرد بۆ ئەوەی ژیانی پارێزراو بێت. پاش ئەوەی نامەکەم بەئەمانەتەوە گەیاندە دەستی ڕەزاق لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار، بەنیاز بووم شەوێک لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەماندا بمێنمەوە و دواتر بگەڕێمەوە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە. بێستوونی سدیق سوارە لەگەڵ ئەوەی خزمایەتیمان هەبوو، دراوسێشمان بوو، ئەویش پێشتر لە ساڵی 1979دا لە زیندانەکانی ڕژێمدا بۆ ماوەی بیست ساڵ حوکمی بەسەردا سەپێنرابوو، دواتر بەر لێبوردنی گشتی کەوتبوو و لە ڕابردوودا ماڵیان لە گەڕەکی باخی شێخ لەتیف بوو و دراوسێی ماڵی ئاسۆی قومری ببوو، بەڕێکەوت چاوم پێی کەوت و گوتی: ئاسۆی قومری منی بینیوە و هەواڵی تۆی لێ پرسیوم، منیش پێم گوتووە: دوێنێ بیستوومە کە هاتووەتەوە. منیش بێئاگا و زۆر شادمان بووم بەوەی ئاسۆی قومری لە شاردایە، بە مەزندەی خۆم وای بۆ دەچووم کە ئەویش وەک من بە کارێکی شۆڕش گەڕابێتەوە. دوای ئەوەش هەواڵم پێ گەیشت چەند جارێک چووە بۆ ماڵی خۆمان و منیش بە دایکمم گوت: بۆ سبەی دەگەڕێمەوە بۆ شارباژێڕ و بۆ لای هاوڕێیانی پێشمەرگە. گەر دەیەوێت بمبینێت، شوێنی خۆم بۆ دیاری کرد. بۆ سبەی ئاسۆی قومری هێندە عەوداڵی بینینی من بوو، لەپێش مندا لە شوێنی دیاریکراودا ئامادە بوو. من هێندە بە حەماسەت و خۆشحاڵییەوە بەرەو ڕووی چووم و ویستم هەواڵی مام ئاراس و هاوڕێکانی لێ بپرسم، بەڵام بەداخەوە ئەو بەپێچەوانەوە، لەگەڵ نوورە کۆپەی هاوڕێی دەمانچەیان لێ دەرهێنام و گوتیان: دەست هەڵبڕە! و نوورە کۆپەش لە دواوە دەستی بەستمەوە و لە ڕێگاش پێش ئەوەی بگەینە دائیرەی ئەمن، گوتی: خەمت نەبێت، لەبەر ئەوەی هاوڕێی دێرینی مام ئاراسیت، هێندەت بۆ تێناچێنم کە لەسێدارە بدرێیت...
من ئەو کارە نابەجێیەی بەسەرمدا هات، وەک خەونێک دەهاتە پێش چاوم. خۆ لە ڕاستیدا خەون نەبوو، بەڵام جێی پرسیاری زۆر بوو، شۆڕشگێڕێک ڕۆژانێک بووبێت ویستبێتی گیانی خۆی لە پێناوی هاوڕێ و هاوسەنگەران و میللەتەکەیدا بەخت بکات، لە بارودۆخی ئێستەدا بەپێچەوانەوە، پێشمەرگە وەک نێچیرێک بە قوڕگی شێرێکی دڕندەدا بکات. من چەند مانگێک لەمەوپێش حیزبەکەیم بەرز و پیرۆز لە ناوزەنگ لای مەلا بەختیار نرخاند، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕادەستی ڕژێمێکی دیکتاتۆرم دەکات. من دەڵێم ئاسۆی قومری لە تۆڵەی ئەوەی دایکی ماڵە و ماڵ سواڵی بۆ دەکرد، تاکوو ئەو هەزار دینارەی تێکۆشەری دێرین و فەرماندە وەهاب کە ناسراو بوو بە وەهابە کەچەڵ بۆ ئازادکردن و بڕوا و متمانەی ئاسۆی قومری لە داهاتوودا داوای هەزار دیناری لێ کردبوو، لەبەر ئەوە بوو بە پیاوی ڕژێم، چونکە ئەو ڕووداوە بە جۆرێک ئازاری ناخ و دەروونی ئاسۆی قومریی دابوو، هەمیشە دەیگوت ئەو ئازارەی لە ناخ و دەروونی دایکمدایە، دەبێت هەرگیزاوهەرگیز لەیادم نەچێتەوە... لە سلێمانیدا منیش یەکەم کەس بووم بە دەستی ئاسۆی قومری ڕاپێچی کونجی زیندانەکانی ڕژێم کرام و بۆ ماوەی بیست ساڵ حوکم درام.


#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
ئەم بابەتە 1,253 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] پەرتووک | کوردیی ناوەڕاست | مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 54
پەرتووکخانە
ژیاننامە
کورتەباس
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: چاپکراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: سلێمانی
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
خاوەنی ئەم بابەتە بەسوپاسەوە، مافی بڵاوکردنەوەیی بە کوردیپێدیا بەخشیوە! یان بابەتەکە کۆنە، یاخود بابەتەکە موڵکی گشتییە.
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان سەرچناری )ەوە لە: 22-07-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ئاراس ئیلنجاغی )ەوە لە: 23-07-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 24-10-2023 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە 1,253 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
بەناز عەلی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
کورتەباس
وزەی گەرمی زەوی
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
کورتەباس
نووسین بۆ منداڵان و کۆمەڵە چیڕۆکی گوندەکەمان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
ئەدەبی چیرۆکی خەیاڵی زانستی و جیهانی مناڵان
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
26-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
هاوینەهەواری سۆلاڤ ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
هەڵپەڕکێی تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی 1975
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
پیرمام - سەڵاحەدین ساڵی 1953
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە حەسەکە، ڕۆژاوای کوردستان ساڵی 1995
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
ئاهەنگێکی تایبەت لە باکووری کوردستان ساڵی 1992
26-04-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
دێرەلوک ساڵی 2012
26-04-2024
زریان عەلی
ئامار
بابەت 517,360
وێنە 105,644
پەرتووک PDF 19,140
فایلی پەیوەندیدار 96,355
ڤیدیۆ 1,306
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
وێنە و پێناس
سێ گەنجی کەلار لە بەغدا
وێنە و پێناس
چوار گەنجی شارۆچکەی شێخان ساڵی 1999
پەرتووکخانە
ڕۆمۆلۆسی گەورە
وێنە و پێناس
گەنجانی گوندی نەیبەسەرەی شارەدێی شوان ساڵی 1983
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
پەرتووکخانە
تاوان لە بەرگی ئاوریشم
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
ژیاننامە
بەناز عەلی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
کورتەباس
وزەی گەرمی زەوی
وێنە و پێناس
کۆمەڵێک لە گەنجانی هەولێر لە هاوینەهەواری شێرەسوار ساڵی 1995
کورتەباس
کوورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز
کورتەباس
نووسین بۆ منداڵان و کۆمەڵە چیڕۆکی گوندەکەمان
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شەرمین وەلی
کورتەباس
ئەدەبی چیرۆکی خەیاڵی زانستی و جیهانی مناڵان
پەرتووکخانە
گریمانی ئەوەی بەڕاستی ڕویدا
وێنە و پێناس
درووستکردنەوەی دەرگای سەرەکی قەڵات ساڵی 1980
پەرتووکخانە
یادەوەری خۆشەویستیەکی کۆپی کراو
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
کورتەباس
خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
ژیاننامە
مهناز کاوانی
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
پەرتووکخانە
شانۆگەری دونیا
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.672 چرکە!