پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
نەشوان نایف عەزیز سلێمان
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەواف ئیسماعیل حەسەن سەعید
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هەزار موراد معکۆ عەنۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هوەیدە ئیلیاس خرمش شێخۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
28-03-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆشەویستی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ئامار
بابەت 514,949
وێنە 104,268
پەرتووک PDF 18,883
فایلی پەیوەندیدار 94,726
ڤیدیۆ 1,232
شەهیدان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
ژیاننامە
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
شەهیدان
ژینا ئەمینی
کورد و مەسەلەی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
کوردیپێدیا، زانیارییەکانی هێندە ئاسان کردووە! بەهۆی مۆبایڵەکانتانەوە زۆرتر لە نیو ملیۆن تۆمار لە گیرفانتاندایە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

کوردو مەسەلەی کورد

کوردو مەسەلەی کورد
کورد و مەسەلەی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
حەمید بۆزئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
لە دەیەی پێشوودا، مەسەلەی کورد سەرلەنوێ خۆی دامەزراندەوە لە ناوجەرگەی مشتومڕی سیاسیی ناوچەکەدا و لەکاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر لە ململانێ و توندوتیژیدا نوقم بووەوە. لە چەندین بۆنەدا لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ناسیۆنالیزمی کوردی توانی پابەندییەکی بەهێز لە ناو دانیشتووانی کورددا بەدەستبێنێت لە عێراق و ئێران و تورکیا و سووریادا، بەڵام ئەم وڵاتانە درکیان بەوە کردبوو کە خولیا و ئاواتی کورد وەک هەڕەشەیەکە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییان و سەقامگیریی ناوچەکە. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا چالاکیی سیاسیی کورد گەیشتە ئاستێکی نوێ هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە بزووتنەوە کوردییەکان لە عێراق و تورکیا و سووریا خۆیان سەلماند وەک ئەکتەری سیاسیی گرنگ لە سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵاتانەدا. چەسپاندنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە عێراق، لە ساڵی 2005دا و دامەزراندنی ناوچەیەکی دیفاکتۆی ئۆتۆنۆمیی کوردی لە ناو سووریا لە ساڵی 2012دا کوردی کردە بکەر یان ئەکتەرێک کە بتوانێت کار بکاتە سەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەنجامیش بتوانێت پەیوەندیی بەهێز دابمەزرێنێت لەگەڵ ئەو هێزە نیودەوڵەتییانەدا کە دەستیان کێشابووە ناوچەکەوە. برەوسەندنی جووڵانەوەی سەر بە کورد لە سیاسەتی تورکیادا لە دوو دەیەی ڕابوردوودا، بەتایبەتیی ئەدا و خۆسەلماندنی بەهێزی هەڵبژاردنی لە ژمارەیەک هەڵبژاردندا لە ساڵی 2015وە، کوردیان خستووەتە چەقی پەرەسەندنە سیاسییەکانەوە لە تورکیاشدا.
ئەم کتێبە لە پرسی کورد دەدوێ وەک مەسەلەیەکی ترانسناشناڵی سنووربەزێنی ڕەگداکوتاوی ئاڵۆز و ئەو بەشانە لەخۆدەگرێت کەوا کورد و کوردستان شیتەڵ دەکاتەوە لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ئێستا و ڕووداوەکان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان و ڕێبازێکی فرەپسپۆڕی وەردەگرێت لە ناوچە کوردییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ڕێبازی فرەپسپۆڕییە بواری دەسنیشانکردن و ڕوونکردنەوەی ئاڵۆزییەکانمان بۆ دەڕەخسێنێت لەبارەی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکاندا و هەروەها لە جوغزی سیفەت و خاسییەتەکانی پەیوەست بە کورد و کوردستانەوە و لەم هێز و خاسییەتانە دەکۆڵێتەوە لە ژمارەیەک ڕوانگە و بۆچوونی نوێ و ڕەخنەگرانەوە. پەرەسەندنی مەسەلەی کورد و مشتومڕ کردن لەسەری پێویستی بەوەیە کە تیشک بخرێتە سەر ئەو پرس و پەرەسەندنە سەرەکییانەی کەوا ئەم کتێبە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
کورد و کوردستان لە چەرخی ئیمپراتۆرییەتەکاندا
لە سەدەی یانزەهەمدا، مەحموودی کەشگەری - کە جوگرافیناسێکی خەڵکی کەشگەر و لە خانەکانی قەرەخانی بووە - نەخشەیەکی سادەی کێشاوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ناونیشانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بۆ داناون و تێیدا هەموو ئەو ڕەگەزانەی کە لە ڕۆژهەڵاتدا ناویان هاتووە بە دانیشتووی خاکی کوردانی لەقەڵەمداون. پێدەچێت ئەمە یەکەم نەخشە بووبێت کەوا کوردستانی تێدابووبێت (ئۆ شییا، 2004). لە ماوەی هەردوو سەدەی دە و یانزەدا و لەکاتێکدا کە بەشێک بوون لە خەلافەتی عەرەبی (سەدەکانی حەوتەم بۆ یانزەهەم)، ناوی ژمارەیەک لە بنەماڵە کوردەکانی هێناوە وەک - شەددادییەکان (951 - 1174، ترانسقەوقازیا)، حەسەناوییەکان (959 - 1095، دینەوەر)، مەروانییەکان (990 - 1096، دیاربەکر) و عەننازییەکان (991 - 1117، حولوان) - کەوا کۆنترۆڵی کاروباری ناوخۆیان کردووە، بەڵام بە هۆی داگیرکردنی تورکە سەلجووقییەکانەوە لە هەردوو سەدەی یانزە و دوانزەدا ڕاماڵران و لەناوبران (حەسەنپوور، 1992). لە ساڵی 1150دا، سوڵتان سەنجەری سەلجووقی ویلایەتی کوردستانی دامەزراند و شاری بەهاری Behar کردە پایتەختی و لەو ڕووبەرانە پێکدەهات کە دەکەونە ئەمڕۆی عێراق و ئێرانەوە (کەنداڵ، 1996). بەڵام تا سەدەی شانزەهەم ئەو دەربڕینە جوگرافییە باو نەبووە بۆ بەکارهێنانی ناوی کوردستان وەک سیستەمێکی خاوەندارێتیی ناوچە و قەڵەمڕەو بەگشتی، نەک تەنها ئەو ویلایەتە دیاریکراوەی سەلجووقیش.
لەپاش شەڕی چاڵدیران لە ساڵی 1514دا، بێجگە لە کەڵهوڕ، ئەردەڵان، بابان، شارەزوور و موکری کە ئەوەیان هەڵبژاردبوو یان بە سەربەخۆیی لە هەردوو ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانی بمێننەوە یان بەردەوام بن لە دانپیانان بە پاشکۆیی بۆیان، ئەوە ئەودوای ئەو میرنشینە کوردانەی کە هەبوون تێکەڵ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوون. ویلایەتی تازە داگیرکراوی دیاربەکر (1515) هەموو سەرۆکایەتییەکانی کوردی دەستەبەر کردبوو لەبەرانبەر دانپیانانیان بە سەروەریی عوسمانیدا. لەو دەمەوە، دینامیکێکی دوانە لە یەک کاتدا کەوتە کار بە ئاڕاستەی دابەشکردن و یەکخستنی دیاریکردنی فەزای پەرەسەندنی کورد و چارەنووسی کۆمەڵگەی کورد و بەدڵنیاییەوە ئەم جووت پرۆسەیە نوێ نیە. وەک بۆریس جەیمس (2014) لە توێژینەوەکەیدا بۆی دەچێت، کوردەکان کەوتنە نێوان بەرداشی ناکۆکی و ململانێی ئیمپراتۆرییەتەکانەوە لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەڵام مانەوەیان وەک گرووپێکی جیاکاریش دیسان بە هۆی پێگە و شوێنی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانەوە مسۆگەر بوو. وەک ئەوەی لە داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا هەستی پێدەکرێت، کە لە ساڵی 1895دا بڵاوکراوەتەوە، کەوا دابەشبوونی کوردستان لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی فارسی و عوسمانیدا بەدڵنیاییەوە نائومیدیی دروستکردبوو لەناو هەندێ دەستە و تاقمی دەستەبژێری کورددا. بەهەرحاڵ، دەبێ پێ لەوەش بنرێت کە ئەمە ڕێی لە بەردەوامیی پەیوەندیی ئەمبەر و ئەوبەری سنووری نێوان کوردەکان نەگرت. بۆ نموونە، میر شەرەفخانی کورد (1543 - 1603)، کێشەی هەبوو لە دڵسۆزیی دوولایەنەیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئەستەمبووڵ و تاران بۆ پیادەکردنی دەسەڵات و کاریگەری ئەمبەر و ئەوبەری سنوور بەسەر ڕەعییەتەکانی خۆیدا.
پێدانی سیفەتی فەرمی بە میرنشینە کوردییەکان لە ئەنجامی ڕەزامەندیی دەربڕینی سوڵتان سەلیمی یەکەمەوە (1470 - 1520) بۆ پشتگیریی سەرۆکە سوننییە کوردە باڵادەستەکان و یەکخستنی میرنشینە کوردییەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. هەروەها شەڕی چاڵدیرانیش سنووری دیاری کرد لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسیدا و ئەمەش بە شێوەیەکی فەرمی لە کاتی ئیمزاکردنی پەیماننامەی زەهاودا (1693) ددانی پێدانرا و سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکانیش بەفەرمی تا ساڵی 1914 مایەوە. لەنێوان سەرەتای سەدەی شانزە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، هەردوو ویلایەتە عوسمانییەکەی دیاربەکر و ئەرزڕووم کە نزیکەی هەموو کوردستانیان دەگرتەوە و ناوچەگەلێکی گەشەکردوو بوون لە ڕووی ئابوورییەوە و سەرچاوەی گرنگ و سەرەکیی داهات بوون بۆ گەنجینەی ناوەندیی عوسمانی (يادرگی، 2017).
سەدەی نۆزدە سەردەمێکی گۆڕانکاریی هێجگار گەورە بوو لە کوردستاندا. لە نیوەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا سترۆکتوورە ئیدارییە کوردییە کۆنەکان کە لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەدا درووستکران لە ئەنجامی سیاسەتەکانی سەنتراڵیزە و بە ڕۆژئاوایی کردندا هەڵوەشانەوە کەوا ڕیفۆرمەکانی سوڵتان مەحموودی دووەم دەسپێکی بوو و چاکسازە عوسمانییەکانی دواتریش لەسەری بەردەوام بوون. جێگرەوەکەی سوڵتان سەلیمی سێهەم (1761 - 1808)، کە سوڵتان مەحموودی دووەم بوو (ماوەی حوکمکردنی 1789 - 1807)، درکی بەوە کرد کەوا لەپێناوی ڕزگارکردنی ئیمپراتۆرییەتدا لە هەرەس و داڕووخان کە تا دەهات بنەماکانی بەرەو داخوران و هەڵتەکین دەڕۆیشت، دەبوو بەناچاری دەست بکات بە ڕیفۆرمی دەزگا و دامەزراوەکان. هەڵبەت چاکسازییە ناوەندییەکان کە لەلایەن سوڵتان مەحموودی دووەم و حوکمڕانە عوسمانییەکانی تر کە بەدوایدا هاتن و جێبەجێیان کرد وای پێویست دەکرد کە سەرۆک و ناودارە ناوخۆییەکانی سەرانسەری ئیمپراتۆرییەت سەرکوت بکەن و لەناوبردنی ئیمارەتە کوردییەکانیشی لێکەوتەوە و سەرۆکە کوردەکانی کە بە ڕەچەڵەک لە باوباپیرەوە حوکمیان دەکرد لابران و هەرێم و ناوچە کوردییەکان خرانە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی عوسمانییەوە. بە واتایەکی تر، ڕووخاندنی قەوارە سیاسییە کوردییەکان و سەرکوتکردنی دەسەڵاتی دارایی و خاوەندارێتیی زەویوزاری سەرۆک و دەسەڵاتدارە کوردەکان بوو کە پشتاوپشت بۆیان مابووەوە. لە دوای هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان، ئەو بەشانەی کە پێکیاندەهێنان و کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییەکان و عەشیرەتەکان بوون بە گرنگترین پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.
لە ماوەی سەنتراڵیزە کردن و بەڕۆژئاوایی کردندا، ئیمپراتۆرییەت هەستی بە یەکێک لە گەورترین هەڕەشەکان کرد لەلایەن ڕووسیای دەراوسێی باکووریەوە کەوا ساڵی 1829 تاوەکوو ئەرزڕووم هاتە ناو ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵەوە. هەرچەندە بەپێی هەلومەرجی پەیماننامەی ئەدرنە (1829)، هەموو ناوچەکانی قارس و ئەرزڕووم و بایەزید گەڕێنرانەوە بۆ عوسمانییەکان، بەڵام جەنگ بارێکی مەترسیی تەواو نوێی هێنایە پێشەوە، چونکە مەسەلەکە هەر تەنها یارمەتیی ئەرمەنەکانی عوسمانیی نەگرتەوە بۆ گرتنی قارس لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵکوو خێڵە کوردە موسڵمانەکانیش فەوجێکیان پێکەوەنابوو لەدژی سوڵتان. ئەم جۆرە هەڕەشە و هاوپەیمانییە نوێیانەی نێوان کورد و ڕووسەکان دیسان کاریگەریی خۆیان هەبوو لە ئاڕاستەکردن و تێگەیشتنی سیاسەتەکانی سەردەمی حەمیدی.
حوکمڕانە کوردە تێکەڵبووە سیاسییەکان نە ئۆتۆنۆمیدار بوون نە داوای ئۆتۆنۆمییان لە دەوڵەتی ناوەندی کرد، چونکە سروشت و پارێزگاریی لە دەسەڵات و سامانیان پشتی بەستبوو بە پاڵپشتیی دەوڵەتی عوسمانی. ئەمە یارمەتیی ڕوونکردنەوەی ئەوە دەدا کەوا بەپێچەوانەی کوردەکان لە پایتەختی عوسمانیدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پاڵپشتیی شۆڕشی 1908یان کرد، بەڵام دەستە و تاقمی دەستەبژێری کورد زۆر بەتوندی دژایەتییان دەکرد (ماکدوواڵ، 2004: 95 - 96). دوابەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کاتێ کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ کێشرایەوە، ئەم دابەشبوونەی ناو کۆمەڵگەی کوردی نەیهێشت سەرکردایەتییەک دەربکەوێت کە ڕۆڵێکی هاوشێوەی ئەوەی میرە هاشمییەکان لە حیجاز بگێڕێ لە کاتی دەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەب و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا لە سەروەختی جەنگی جیهانیی گەورە و دوای ئەودا.
کەرت و پەرتبوونی کوردستان و کاردانەوەی کورد لە ساڵانی 1920کان و 1930کاندا
چارەسەر و ڕێکخستنی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دابەشبوونی کوردستانی لێکەوتەوە لەنێوان عێراق و ئێران و سووریا و تورکیادا. کوردەکان بەم دۆخە هەنووکەییە (الوضع الراهن) نوێیە قایل نەبوون و گەلێ شۆڕش و ڕاپەڕینی کورد لە ماوەی ساڵانی 1920کاندا بەرپا بووە بەڵام سەرەڕای جۆشدانی بەشێکی گرنگ و بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردی، نەیانتوانی چارەسەر و ڕێکخستنەکە پێچەوانە بکەنەوە و ئەمە کوردی کردە کەمینەی پەراوێزخراو لەم وڵاتانەنەدا. بە بەراورد لەگەڵ ئەم ڕابوردووەی نێوان ئیمپراتۆرییەتدا، ئەوە دووەم بەشی کوردستان لە پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی زۆرێک لە کاریگەریی تێکدانی بەرپا کردووە. بێجگە لەوەش، کەرتوپەرتبوونی ناوچە کوردییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و عێراقی تازە دروستبوو هاوزەمان بوو لەگەل سەردەمێکدا کە تێیدا ڕەزا خان چووە سەر دەسەڵات لە ئێران (1921). لێرە بەملاوە، کوردەکان دەبوو نەک هەر تەنها بەرەوڕووی ناسیۆنالیزمەکان و دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان ببنەوە بەڵکوو دەبوو سنووری نێوان دەوڵەتەکانیش میلیتاریزە بکەن. لەکاتێکدا ئەوان لە ڕابردوودا تەنها ملکەچی دوو دەسەڵاتی ناوەندی بوون، بەڵام ئێستا واکەوتووەتەوە کە سەر بە چوار پایتەختی جیاواز بن و ناچار بن کە فێری یەک لەو زمانە نەتەوەییانە بن بەدیاریکراوی و لەوەش گرنگتر کولتوورە سیاسییەکان بە دژوارییەکی توند پەرەدەسێنن لەگەڵ ئایدیۆلۆجییە فەرمییە جیاوازەکان و گێڕانەوە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکان یان هاوپەیمانییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا. هێشتنەوە و پارێزگاری کردن لە ڕێنووسی عەرەبی لە ئێران و عێراق و سووریادا و ئەوەی کە پێیدەوترێت شۆڕشی زمان لە ساڵی 1928دا کە ڕێنووسی زمانی تورکی کرا بە لاتینی و بڕیاری ستالین بە سەپاندنی ئەلفبێی سیریلی (سڵاڤی - و) بەسەر گرووپە نەتەوەییەکانی کەوا ڕێنووسی مێژوویی خۆیان هەبوو ئەمەش دیسان کۆسپ و تەگەرەی گەورەی خستە ڕێی پەیوەندیی لێکتر تێگەیشتنی نێوان کوردەکان لە دەیەکانی دواتردا.
بەهەرحاڵ، ئەوەی جێی سەرنجە کەوا ئەم دابەشبوون و کەرتوپەرت بوونە سەریکێشایەوە بۆ ڕادیکاڵبوونی کورد و کارکردنیان بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی جودا لە عەرەب و فارس و تورک. پابەندییەکانی تێپەڕاندنی سنوور هێشتوونیەوە سەرباری ئەوەی کە سەرکوت کردنی توندی ئەو دەوڵەتانە و زۆرێک لە ڕاپەڕینە کوردییەکان ڕەهەندێکی هەرێمییان وەرگرتووە. لە ساڵانی 1920کان بەملاوە خەیاڵی نەخشە و کارتۆگرافی بوو بە ڕەگەزێکی باو و لە ڕووی سیمبۆڵییەوە نەتەوەی دابەشبووی یەکدەخست، بەپێی ئەوەی کەوا خانمی کۆچکردوو مارییا ئۆشییا توێژینەوەی لەسەر کردووە (2004). بەشێوەیەکی گشتی ئاڵایەکی نەتەوەیی هاوبەش لەلایەن ڕووناکبیران و ڕێکخراوە کوردییە جیاوازەکانەوە قبووڵکرا، لە پێش سروودە نەتەوەییە باوەکەی ئەی ڕەقیبدا، کە بوو بە سروودی فەرمیی کۆماری مهاباد (1946، ئێران). بە هەمان شێوە، گێڕانەوەیەکی مێژوویی هاوبەش شوێن ڕەگ و بنەچەی کورد دەکەوێت تا ئیمپراتۆرییەتی میدییەکان و شۆڕشەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەدا وا دەخاتەڕوو کە دەربڕینی ڕەسەنی خولیا و ئاواتی نەتەوەیی کوردە و دابەشبوونی دووەمی کوردستان وا لەقەڵەم دەدات کە تاریکترین سەردەمی نەتەوەیە و لە نێو ڕووناکبیرانی کورددا پەیدابووە و تەشەنەی کردووە. بێگومان ئەم خودهۆشیارییە وا ناگەیەنێت کە دەستەبژێرە کوردەکان پاشەکشەیان کردووە لە تێکەڵبوون بە سیاسەتی ئێرانی یان تورکی یان عێراقی یان سووری و دەزگا و دامەزراوە ئیدارییەکانیان یان هەلوەرگرتنی هەر دەرفەتێکیان ڕەتکردبێتەوە کە هاتبێتە پێشەوە. بەڵام گەنجینەیەکی نەتەوەیی سنوور بەزێن لە ئەفسانە و سیمبۆڵ و پاساو ئامادە بوون بۆ پرۆسەی جۆشدان و جووڵاندن لە داهاتوودا.
چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی پان کوردی لە ماوەی ساڵانی 1920 و 1930کاندا بە شێوەیەکی سەرەکی لە سووریا و لوبناندا جێبەجێ کران و لە لایەن ئەو ڕووناکبیرە کوردانەوە ڕێکدەخران کە لە تورکیا هەڵاتبوون. ئەمانە بەشداریشیان کرد لە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوەیی خۆیبوون لە ساڵی 1927دا، کە ڕابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی کرد (ماکدوواڵ، 2004: 203 - 205). هەروەها کارێکی گرنگی کردە سەر پەرەپێدانی ڕێزمان و بەستاندارد کردنی زمانی کرمانجیی کوردی لە ساڵانی 1930کان و 1940کاندا. ساڵی 1943 لە عێراق مستەفا بارزانی شۆڕشێکی بەرپاکرد کە تا ساڵی 1945 بەردەوام بوو و دواجار بە یارمەتیی هێزی ئاسمانیی بەریتانیا سەرکوت کرا. لە ناوەڕاستی ساڵانی 1940کاندا، ئێران بوو بە چەقی پەرەسەندنە سیاسییەکانی کورد، بە ڕابەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا)، کە لە 16ی ئابی 1945دا دامەزرا (وەلی، 2011: 25). یەک لە پەرەسەندنە سەرەکییەکان کە حەدەکا دەستپێشخەریی تێدا کردبوو دامەراندنی کۆمارێکی کوردی بوو لە مهاباد لە 22ی کانوونی دووەمی 1946دا. ئەمەش لە ئەنجامی داگیرکردنی سۆڤیێت بوو بۆ باکووری ئێران لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەمدا و بۆ نزیکەی ساڵێک لەوێ مانەوە. لە 15ی ديسەمبەری 1946دا، هێزەکانی ئێران چوونە ناو مهابادەوە و شارەکەیان لەدەست هیزە کوردییەکان سەندەوە.
کوردستان لەپاش جەنگی جیهانیی دووەم
لە عێراقدا و لە ماوەی ساڵانی 1950کاندا، چالاکییە نەتەوەییەکانی کورد بەنهێنیی بەردەوام بوون بەڵام بووژانەوەیەکی خێرا هاتە ئاراوە یەکسەر لەپاش ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی لە لایەن جەنەراڵ عەبدولکەریم قاسمەوە بە کوودەتایەک لە 14ی تەمووزی 1958دا. مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراق و پاشان خۆی وەک کەسایەتییەکی سەرەکی سەلماند لە خەبات و تێکۆشانی کورددا و بوو بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پ د ک). ساڵەکانی بەرایی حوکمی قاسم گەشەکردنی کولتووری کوردی و چالاکییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردی بەخۆوە بینی. لە 9ی ئەیلوولی 1961دا (ڕاستییەکەی 11ی ئەیلوول بوو - و) شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی کورددا بەرپابوو. لە شوباتی 1964دا، ڕێککەوتننامەی ئاگربەست ئیمزاکرا و تا ساڵی 1965 بەردەوام بوو، کەوا گەڕێکی تری شەڕ و پێکدادانی چەکداری دەستیپێکردەوە. لەپاش کوودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1968دا، شەڕی نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای عێراق بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کە دانوستانی نهێنی ڕێککەوتننامەیەکی ئۆتۆنۆمیی لێکەوتەوە لە 11ی ئازاری 1970دا.
هەڵبەت هەوڵدرا ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت بەڵام حکوومەتی عێراق بەرهەڵستیی داواکارییە سەرەکییەکەی کوردی کرد کەوا پارێزگای کەرکووک بخاتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کورد. لە 11ی ئازاری 1974دا ڕێککەوتننامەیەکی ئۆتۆنۆمیی نوێ بە کەمکردنەوەی هەندێ خاڵەوە پێشنیاز کرا و لەلایەن کوردەوە درایە دواوە و ئەمە هەر زوو سەریکێشایەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری و هێزەکانی کورد توانای ڕێگری کردنیان نەبوو لە پێشڕەویی سوپای عێراق و پێگەی کورد زیاتر لاواز بوو بەوەی کە ئێران لەناکاو کۆتایی هێنا بە هاوکاری و پشتیوانیی سەربازی بەدوای مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی جەزایر لەنێوان عێراق و ئێراندا. لە 18ی مارتی 1975دا، پ د ک بڕیاری کۆتاییهێنانی دا بە شۆڕش و هێزەکانی پاشەکشە پێکرد بۆ ئێران.
شکستهێنانی شۆڕشی کورد بوو بە هۆی کارەسات بۆ بزووتنەوەی کورد لە عێراقدا و ئەم دابەشبوونەشی شەڕ و ململانێی ناوخۆیی کوردی لێکەوتەوە. بەشێک لە سەرکردایەتیی پ د ک پەیوەندییان لەگەڵ حیزبەکەیان بچڕی لەپێناوی بەردەوامیی بەرگریدا و ڕێکخراوی سیاسیی نوێیان دامەزراند، لەنێویاندا ڕێکخراوی کۆمەڵەی چەپڕەو بە سەرکردایەتیی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان بە سەرکردایەتیی عەلی عەسکەری. یەکێتیی نیشتمانیی کورستان (ی ن ک) لە 1ی حوزێرانی 1975دا لە دیمەشق دامەزرا بە سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی و ئەو گرووپانەی یەکخست کە لە پ د ک جیابووبوونەوە. لە مایسی 1979 بەملاوە، پ د ک کەوتە دامەزراندنەوەی بوون و ئامادەگیی خۆی لە کوردستانی عێراقدا لەژێر ناوی پ د ک - سەرکردایەتیی کاتی. پەیوەندیی گرژ و ئاڵۆزی سەرەتایی هەر زوو کێشایەوە بۆ بەرپابوونی توندوتیژی لە هاوینی ساڵی 1976دا.
بە لیبراڵی بوونی سیستەمی سیاسیی تورکیا لە ماوەی کۆتایی ساڵانی 1940کان و 1950کاندا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە عێراق و پەیدابوونی نەوەیەکی نوێی چالاکوانی سیاسیی گورجوگۆڵی کورد کاریگەریی هەبوو لەسەر بەسیاسی کردنی کوردەکانی تورکیا لە ساڵانی 1960کاندا. نیوەی دووەمی ساڵانی 1960کان مۆرک و خاسییەتی پەرەسەندنی چالاکیی کوردی پێوەیە بە فۆرم و شێوەیەکی ڕێکخراوتر. هەڵبەت سەرلەنوێ بووژانەوە و بەهێزبوونەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە عێراقدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو بەسەر ئەم پەرەسەندنەوە. ئەمەش لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیادا دەردەکەوێت (TKDP)، کە پەیڕەویی بەرنامەیەکی هاوشێوەی (پ د ک)ی عێراقی دەکرد و مۆرکی قۆناخێکی نوێی ئۆتۆنۆمیی بزووتنەوەی کوردی لەخۆگرتبوو لە هەلومەرجی بزووتنەوەکانی کرێکاران و جووتیاراندا (بۆزئەرسەلان، 1992: 98 - 99). لە هەردوو ساڵی 1967 - 1968دا و لە ماوەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵاتدا (دۆغۆ میتینگلەری)، داواکارییە سیاسییەکانی کورد بەئاشکرا گوزارشیان لێوە دەکرا. ترۆپکی ئەم کۆبوونەوانە بە سەرهەڵدانی کوانوو یان ئاگردانە کولتوورییە شۆڕشگێڕییەکانی ڕۆژهەڵات (دەدەکۆ DDKO) شکایەوە لە ساڵی 1969دا (گوینەش، 2012: 66 - 71). ئەوجا لە ماوەی ساڵانی ناوەڕاستی 1970کاندا ژمارەیەکی زۆری دەستە و گرووپ یان حیزبی سیاسیی چەپڕەو دروستکران.
نەوەی نوێی ڕۆشنبیرانی (ئیتێلێجێنتسیا)ی کورد بەوە دەستیان پێکرد کە هەژموونیان هەبێت بەسەر سیاسەتی کورددا لەپاش جەنگی جیهانیی دووەم و ئەمانە پرۆفایلی سۆسیۆلۆجیی زۆر جیاوازیان هەبوو لە ڕۆشنبیرانی کوردی ساڵانی 1920کان، چونکە لەو ساڵانەدا دەستەبژێرە نائاینییەکانی کورد بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەمان خوێندن و فێرکردنیان هەبوو، چون عەرەب و ڕۆشنبیرانی تورکی عوسمانی بانگەشەی ناسیۆنالیزمێکی ڕۆژئاواییەکیان دەکرد و خەبات و تێکۆشانی کوردیان وەک ئەوە دەخستە ڕوو کە خەبات بێت لە پێناوی شارستانییەتدا. بەپێچەوانەوە، ڕۆشنبیرانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ناو جەماوەری خەڵکەوە هاتبوون و بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەگ و بنچینەیان چین و توێژەکانی خوارەوە بوو، بەدەر لە کەمینەیەکیان. لەبەرئەوە شتێکی کوتوپڕی نەبوو کەوا توندڕەویی نوێی کورد پەیڕەویی گوتار و سیمبۆڵی چەپڕەوانەی کرد و مارکسیزم - لێنینیزمی بەکارهێنا بۆ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو بارودۆخەی کەوا کورد خۆیان تێدا دەبینییەوە و وێناکردن و تێگەیشتنی بڕیاردان لە چارەنووسی کورد بە ڕێگە و شێوەیەک کە لە ئینتەرناسیۆنالیزم لانەدات و هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنانی چەوساندنەوەی چینایەتی کەوا حوکمڕانی ستەمکاری دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئێرانی و تورکی و عێراقی و سوورییش پیادەیان کردووە.
لە ماوەی ناوەڕاستی ساڵانی 1960کاندا هەوڵێک درا بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بەڵام سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا. بەهەرحاڵ، ساڵی 1978 کاتێ کە پرۆتێست و ناڕەزاییەکان لە ئێراندا چڕبوونەوە، هێزە کوردییەکان دەسەڵاتی خۆیان سەپاند بەسەر شار و شارۆچکە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا و بەرگریکارانی کورد بەردەوامییان دا بەو کارە، بەڵام لە هاوینی 1982دا سوپای ئێران دەستیکرد بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئەو ناوچانەی کوردەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو و تا کۆتایی ساڵی 1983 نزیکەی هەر هەموویان گیرانەوە. شایانی گوتنە کەوا تێکڕا دە هەزار کورد لە ماوەی دوادوایی ساڵانی 1970کان و سەرەتای 1980کاندا کوژران لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای ئێراندا و لەئەنجامی ئیعدامکردنی بەکۆمەڵی دواتری چالاکوانە مەدەنی و سیاسییەکانی کورددا.
جەنگی ئێران - عێراق (1980 - 1988) ڕووبەرێکی گەورەتری دا بە حیزبە کوردییەکان بۆ مانۆڕ کردن و تین و گوژمی پێدان بۆ سەرلەنوێ چەسپاندنەوەی پێگە و بوونیان لە کوردستانی عێراقدا. بنکە و بارەگای سەرکردایەتیی پ د ک لە ئێراندا جێگیر بووبوو و هاوکاری و یارمەتیی سەربازی و لۆجستیی لە دەوڵەتی ئێران وەردەگرت. لە ماوەی ساڵانی 1980کاندا، ی ن ک توانی پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی دابمەزرێنێت لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و کەرکووکدا. پ د ک بەردەوام بوو لە وەرگرتنی یارمەتی و هاوکاریی سەربازی و پارە لە ئێران لە ماوەی ساڵی 1979 و سەرەتای ساڵانی 1980کاندا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتادا هاوپەیمانیی لەگەل سووریادا بەستبوو، پاشان لە ئۆکتۆبەری 1983دا ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربەستی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کرد. لە ئۆکتۆبەری 1986دا، یەکێتیی کەوتە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندیی توندوتۆڵتر لەگەڵ پارتی.
بەهەرحاڵ، لە ماوەی ناوەڕاستی 1980کاندا، دەوڵەتی عێراق شاڵاوی خۆی چڕکردەوە بۆ گێڕانەوەی ناوچەکانی بندەسەڵاتی کوردەکان بۆ ژێر ڕکێفی خۆی و کەوتە پەیڕەویکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و لە ماوەی نێوان شوبات و ئەیلوولی 1988دا شاڵاوی ئەنفالی دەستپێکرد کەوا هێرشی کیمیاییشی لەخۆگرت و خەڵکی مەدەنیی کورد، وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی نەریتیی دێهات، ڕاگواستنی زۆرەملێی کۆمەڵگە دێهاتنشینەکانی کورد و کۆمەڵکوژی و بێسەروشوێن کردنیانی کردبووە ئامانج. لەو ئۆپەراسیۆنەدا تێکڕا چوار هەزار گوند ڕووخێنران و 182 هەزار کەس کوژران، بە پێی سەرچاوە کوردییەکان. بەپێی خەمڵ و مەزەندەکانی هیومان ڕایتس وۆچیش دەگاتە 100 هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. لە هێرشی کیمیاییشدا تەنها بۆ سەر شاری هەڵەبجە لە 16ی مارت ساڵی 1988دا پێنج هەزار کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە (هیومان ڕایتس وۆچ، 1993: 14).
بەم جۆرە، پێدەچێت ساڵانی 1980کان تاریکترین سەردەم بووبێت لە مێژووی کورددا. بێجگە لە دەیان هەزار قوربانی، ستەم لێکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوە کوردییەکان لە ئێران و تورکیادا بووە بەهۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاری تر لە خەڵکانی جەنگاوەر و سڤیلی کورد لە ماوەی ئەم دەیەدا. لەو ساتەوەختەی مێژوودا، دەکرێ مرۆ گومان بکات لە مانەوەی کورد وەک کۆمەڵێکی نەتەوەیی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی سەرنجڕاکێشە کەوا لەم سەردەمەی مێژووی کوردەوە باشبوونێکی بەرچاو هەیە لە هەل و دەرفەتی کۆمەڵگە کوردییەکاندا.
بووژانەوەی بزووتنەوە نەتەوەییە کوردییەکان
پرۆسەی تاڕادەیەک سەرومڕی بەڕادیکاڵبوون کە لە شۆڕشی بارزانیی ساڵی 1961وە دەستیپێکردووە لەگەڵ بەرپابوونی دووەم شۆڕشی کوردستانی عێراق لە ساڵی 1975دا و دروستبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە ماوەی ناوەڕاستی ساڵانی 1970کاندا و جۆشدانی جەماوەری و شەڕوشۆڕی گەریلایی لە کوردستانی ئێران لە ساڵانی 1978 - 1979دا. لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، کوردستان چووە ناو پرۆسەیەکی هێجگار گەورەی بەمیلیتاریزەبوونەوە و تێکەڵ بە کەش و ژینگەیەکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە مۆرک و خاسییەتی شەڕی ناوخۆ و نێوان دەوڵەتەکانی بوو. لە ناوەڕاستی ساڵانی 1970کانەوە کوردەکانی سووریاش تێکەڵ بەم پرۆسەیە بوون لە ڕێگەی جووڵاندن و جۆشدانیانەوە بۆ بزووتنەوەی جۆراوجۆری کوردی. ئەم میلیتاریزەبوونە گشتگیرە بواری ڕەخساند بۆ بزووتنەوە کوردییەکان کەوا بگەنە سەرچاوەکانی توندوتیژیی چەشنی چەک و پەناگە لە یەکێک لە وڵاتە هەرێمییەکان بەڵام ململانێ و ناکۆکیی ناوخۆییشی بەرپاکرد کە بە شێوەیەکی تایبەتی ئازابەخش و تراومائامێز بوو لە ماوەی ساڵانی 1980کان و 1990کاندا.
داگیرکردنی چاوەڕوان نەکراوی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لە ئابی 1990دا و سەرکۆنە کردنی نێودەوڵەتی و بەدواداهاتنی جەنگی کەنداو نائارامیی زیاتری لەگەڵ خۆی هێنا بۆ ناوچەکە. پاش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا توانییان لە شوباتی 1991دا سوپای عێراق لە کوەیت دەرپەڕێنن، کوردەکان لە باکوور و شیعە لە باشوور بوێریی ئەوەیان پەیداکرد کە دژ بە حوکمی سەددام ڕاپەڕن. لە 1ی ئازاری 1991دا ڕاپەڕینێک لە باشووری عێراقەوە دەستیپێکرد و بەخێرایی تەشەنەی کرد بۆ ناوەڕاست و باکووری عێراق. لە 5ی مارتی 1991دا، ڕاپەڕینێکی میللی لە شارۆچکەی ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی بەرپابوو و گەیشتە ترۆپکی کاتێ کە پێشمەرگە کۆنترۆڵی شارۆچکەکەیان کرد. بۆ ڕۆژی دواتر، ڕاپەڕینە میللییەکە تەشەنەی کرد بۆ شارە سەرەکییەکانی ناوچەکە، واتە سلێمانی و هەولێر. بەڵام پاش ماوەیەکی کورت سوپای عێراق خۆی کۆکردەوە و کەوتە سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکە و لەئەنجامدا ڕەوکردنێکی بەکۆمەڵی کوردەکانی لێکەوتەوە لە مارت و نیسانی 1991دا. تورکیا ڕەتیکردەوە کە داڵدەی خەڵکی سڤیلی کورد بدات و بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە 5ی نیسانی 1991دا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی دەرکرد و ناوچەیەکی دژەفڕین لە باکوور و باشووری عێراقدا لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە سەپێنرا. ئەم کارە سەلماندی کە پەرەسەندنێکی گرنگ بوو لە مێژووی کوردەکانی عێراقدا و بەوە توانییان ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆی خۆیان دابمەزرێین لە ساڵی 1991دا. چەسپاندنی دواتری ئۆتۆنۆمیی کورد ڕاستەی نەهات چونکە ناوەڕاستی ساڵانی 1990کان ناکۆکی و ململانێیەکی توند و سەختی بەخۆوە بینی لەنێوان هێزە سەربازییەکانی پارتی و یەکێتیدا و دوو ئیدارەی جودا دروستبوو کە تێیدا پارتی کۆنترۆڵی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکی کردبوو و یەکێتیش کۆنترۆڵی پارێزگای سلێمانی.
ماوەی ساڵانی 1980 و 1990کان سەردەمێکی هێجگار چڕی چالاکییە سیاسییەکانی کورد بوو لە تورکیادا. لە 15ی ئابی 1984دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی دایە شەڕی گەریلایی و لە ماوەی دوادوایی ساڵانی 1980کان و سەرەتای 1990کاندا، توانی جەماوەر جۆش و تەیار بدات و پشتگیریی میللیی کورد بۆ خۆی دەستەبەر بکات و کاریگەریی بەرچاوی خۆی لە کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییە کورییەکاندا زیاد بکات و لە لووتکەی هێزی خۆیدا لە ناوەڕاستی 1990کاندا، ژمارەی پاڵپشتان و هەوادارانی گەیشتنە چەند ملیۆنێک لە هەموو ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کورد بوون و هەروەها لە ناو کۆمەڵگە کوردییەکاندا لە ئەوروپاش (گوینەش، 2012: 101). پاڵپشتیی میللی بۆ پەکەکە لە بەهاری 1991 و 1992دا دەرکەوت کاتێ کە ژمارەیەکی زۆری کورد بەشدار بوون لەو ڕاپەڕینە میللییانەی کە بە سەرهەڵدان دەناسران لە شار و شارۆچکەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا. ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکان بە ڕابەرایەتیی پەکەکە درێژترینن لە مێژووی کوردەکانی تورکیادا. بێجگە لە پەکەکەش، داواکارییە سیاسییەکانی کورد لە کەناڵە یاساییەکانی تورکیاشەوە و لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە گوزارشی لێوە کراوە کە بنکەی زۆرینە کوردیان هەبوو و داکۆکییان لە هێڵێکی سیاسیی سەر بە کورد دەکرد. ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی کاری میللی (HEP) لە ساڵی 1990دا سەریهەڵدا، لەکاتێکدا کە زۆرێک لەم حیزبانە لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە داخران، بەڵام بزووتنەوەکە توانی بەدرێژایی ساڵانی 2000کان و 2010کان گەشە بکات.
لەپاش شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی 1979دا، داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سوپای سوورەوە (سۆڤیێتەوە - و) لە هەمان ساڵدا، گۆڕانی هەردوو ڕژێمی بەعسی عێراق و سووریا بۆ دوو ڕژێمی دکتاتۆریی دڕندە و شکستهێنانی بیر و ئایدیای ناسری لە میسر، کەشی سیاسیی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە گۆڕا و ئیسلامگەرا خۆی سەپاند وەک ئایدیۆلۆجیایەکی هەژمووندار لە گەلێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەهەرحاڵ، ئەوەی کە جێی سەرنجە کەوا سیاسەتی کوردی بە شێوەیەکی بەرفراوان بە سێکولار و چەپ ماوەتەوە، هەر هیچ نەبێ لە چوارچێوەی هێڵەکانی دابەشبوونی ئایدیۆلۆجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی 2000کاندا. لەکاتێکدا کەوا پ د ک بەشێوەیەکی بەرفراوان باس لە پێشخستن و بەهێزکردنی گوتارێکی سیاسیی لیبراڵی و (سیاسەتی ئابووریی نیۆلیبراڵی) حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پەکەکە و هاوپەیمانەکانی لە ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و لە سووریا پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، پابەندی ئەجێندایەکی بەرفراوانی چەپڕەوی سیاسین و دەربڕی بانگەشەی جۆراوجۆرن لەناو داواکارییەکانی کورددا بۆ خۆڕێبەری لە تورکیا و ئێران و سووریادا.
گرنگترین کاریگەرییەکانی ئەم پەرەسەندنە دەکرێت لە بەشداریی لاوان و ژناندا ببینرێت لە سیاسەتدا. گومانی تێدا نیە کەوا کۆمەڵگەی کوردیش وەک کۆمەڵگەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی موحافزەکاریی لە ماوەی ئەم دەیانەی دواییەدا. بەهەرحاڵ، بەردەوامبوونی پرۆسەی بەسیاسی کردن لە سەرەتای ساڵانی 1960کانەوە، هەموو دەیەیەک یان شتێکی لەو جۆرە نەوەیەکی سیاسیی نوێی دێنێتە پێشەوە و هەر نەوەیەک کە لە شانۆ مێژووییەکەدا دەردەکەوێت ئەزموون و دنیابینیی خۆی هەیە. ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی ئەو نەوەیەی کە لە ساڵانی 1960کاندا چالاک بووە و ئەوی کە لە سەرەتای 2000کاندا لەدایکبووە پێکەوە هەڵدەکەن و کارلێک دەکەن. هەروەها ئەمە پانتاییەکی ئاڵۆز و ئێستاش دیمەنێکی سیاسیی ئەوپەڕی ڕەسەن دروست دەکات کەوا خاسییەتی تێهەڵکێش و وەرچەرخان و ململانێکان لەخۆدەگرێت. هەروەها پرۆسەی نوێبوونەوەی بەردەوام بواری بەشداربوونی بەرفراوانتری ڕەخساندووە بۆ ژنان لە سیاسەتی کوردیدا و بەدیاریکراوی لە تورکیا و سووریادا. بەدڵنیاییەوە توندوتیژی و جیاکاری بەپێی بنەمای جەندەر لە کوردستاندا هەر ماوە (ڕاستییەکەی دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق زنجیرەیەک کاری یاساییان کردووەتە پاساو بۆ شەڕکردنیان)، بەڵام بەشداربوونی ژن لە خەباتی نەتەوەییدا بواری بۆ ڕەخساندوون کە شەرعییەتیکی زۆر باڵاتریان هەبێت لەوەی کە سترۆکتوورە نەریتییەکان سەپاندوویانە. ڕاستە کەوا کۆدێکی مۆراڵیی توند سەپێنراوە بەسەر جەنگاوەرانی پەکەکە و پژاک و پەیەدەدا، بە نێر و مێوە، بەڵام سیستەمی هاوسەرۆکی کە لە کایەی یاسایی / مەدەنیدا گەڵاڵە بووە گەلێ ژنی توانادار کردووە بۆ ئەوەی بگەنە سەرچاوە سیمبۆڵییەکان و دەسەڵاتی لۆکاڵی.
هەڵکشانی هۆشیاریی نەتەوەیی لە ناوجەرگەی کەرتوپەرتبوونی بەردەوامی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا
ناکۆکی و ململانێی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کورد لە ساڵانی 2000کان و 2010کاندا هەر کۆتایی نەهاتبوو، بەڵام وردە وردە کایەیەکی سیاسیی کوردی نادامەزراوەیی سنووربەزێنی لێ لەدایکبووە لەگەڵ میکانیزمە تایبەتەکانی پەیوەندی و نێوەندگیری. ئەم کایە سیاسییە دوو سەرچاوەی بکەری سەرەکیی هەیە، کە پەکەکە و پارتییە (پ د ک). بەهەرحاڵ، ئەم دوو جەمسەربەندییە ئەوە ناگەیەنێت کەوا حەدەکای ئێران یان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (KNC)، کە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ پارتی، یان پژاک لە ئێران و پەیەدە لە سووریا، کە شوێن بۆچوونەکانی پەکەکە کەوتوون و کارا نین. پەیەدە و پژاک ئۆتۆنۆمیی خۆیان هەیە ئەگەر بەتەواوی جوداش نەبن لە پەکەکە و ئەوان بەقووڵی ڕۆچوون لە دۆخ و سیاقی لۆکاڵیی کورددا بە تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە و ناکرێت لە پەکەکەدا کورت بکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بکەری مەودایەکی بەرفراوانتری ئەو کایە کوردییەن کە پەکەکە دیاری دەکات و ناتوانن لێی جیاببنەوە. ئەو ڕاستییەی کەوا سیستەمی لاوەکی و هەرێمیی تێیدا بنیاتنراوە لە ساڵانی 1920کاندا لە لاوازترین حاڵەتەکانی پەیوەندیدا هەرەسی هێناوە، واتە عێراق لە ساڵانی 1990کاندا و سووریا لە ساڵانی 2010کاندا، کە بچووکترین بەشی دانیشتوانی کورد لەخۆدەگرێت، ئەم دوو وڵاتەیان گۆڕیوە بۆ شوێنگەلێکی کێبەرکێ سەبارەت بە ئەزموونکردنی مۆدێلەکانی ئۆتۆنۆمیی کورد.
بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و لە ماوەی دوو دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، جۆشدان و چالاکیی نەتەوەیی کورد پەرەسەندنی شوناسی نەتەوەیی گەڵاڵە و بەهێز دەکرد لە ناو کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئاستێکی بەرزی ئاڵۆزیی لێکەوتەوە لە کۆمەڵگەی کوردی و کایەی ڕۆشنبیریی بچووککراوەی کوردیدا. بەشارستانی بوونی خێرا جیاوازیی چینایەتیی بەرچاوی بەرپاکرد بەڵام گۆڕانکارییش لە شێوازی بوون و ئەزموونکردنی شارستانییەت و ژێر ڕکێف خستنی کات و شوێن لە چوارچێوەی کۆتوبەندی سیاسی و توندوتیژیدا. هاتوچۆی ئەمدیو و ئەودیوی سنوور لە نێوان کۆمەڵگە کورییەکاندا بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادیکرد لە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991وە و دەرکەوتنی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمیداری بەدواداهات. ئەمە ئاسانکاریی بۆ دروستکردنی دینامیکی ئابووریی نوێ کرد، لانی کەم تاڕادەیەک، بۆ مەسەلەی دواکەوتوویی کوردستانی گەورە (جەعفەر، 1976)، بەڵام پرۆسەی ئاوێتەبوونیشی خێراکرد لەناو کورددا. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا، نەوەی نوێی شاعیران و ڕۆماننووسان و بۆ یەکەمجاریش فیلمسازان دەرکەوتن و ئاستێکی تەواو بەرزیان بەدەستهێنا لە کوردستان و وەک تێبینیش دەکرێت لە چەندین فێستیڤاڵی فیلم لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. دروستکردنی هەزاران ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و دەیان کەناڵی تەلەفزیۆن لە سایەی تەکنۆلۆجیای نوێی پەیوەندییەوە کە بواری پەیوەندیی بێ سانسۆری بەرفراوانی ڕەخساندووە لەنێوان کوردەکاندا.
هەروەها هەڵکشانی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردیش بوو بە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری و هێزی شوناسە نانەتەوەییەکانی کەمکردووەتەوە، چەشنی کاریگەریی خێڵەکی. ئەگەرچی خێڵەکان تاقە توخم و ڕەگەز نین کە تانوپۆی کۆمەڵایەتیی کورد پێکدێنن، بەڵام ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە لە مێژووی کورددا، بەتایبەتی دوای ئەو سەرکوتکردنە دڕندانەیەی میرنشینە کوردەکان لە سەدەی نۆزدەدا. هەر لە فەوجەکانی سوارەی حەمیدییەوە (1891) بگرە تا ئەو میلیشیایانەی لە سایەی ڕژێمی کەمالیدا پێکهاتن تا موستەشارە کوردە بەدناوەکانی عێراقی سەردەمی سەددام حوسێن، زۆرێک لە سەرکردە خێڵەکییەکان هاوکاریی دەوڵەتیان دەکرد. لە لایەکی تریشەوە، دیسان خێڵەکان یەکێک لە هێزە مرۆییە سەرەکییەکانیان پێکدەهێنا لە بەرگریی چەکدارانەدا دژ بە حکوومەتەکانی ئێران و عێراق و تورکیا. لە دۆخ و سیاقی بەرزی شارستانێتیی سەدەی بیست و یەکدا، خێڵە کوردەکان هێزی تەواویان نیە بۆ خۆ سەپاندنیان وەک گەمەکەری سەرەکی لە سیاسەتی کوردیدا، بەڵام هێشتا هەر بەشی خۆیان کاریگەری و دەسەڵاتیان هەیە و تائێستاش هەر ڕۆڵی دوولایەنە دەگێڕن. بۆ نموونە لە تورکیادا، زۆرێکیان چوونەتە پاڵ ئەنقەرە و بوون بە هێزی پارامیلیتەریی (شێوە سەربازی) پاسەوانی گوندەکان، لەکاتێکدا ئەوانیتریان بە ژمارەی هێجگار زۆر دەنگ بە حیزبە سیاسییەکانی سەر بەکورد دەدەن. لە کوردستانی عێراقدا خێڵەکان تێیدا بەشداریی شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1994 - 1996یان کرد، بەڵام دوابەدوای خۆگرتن و بەهێزبوونی حکوومەتەکەی هەولێر ئەمان سەنگ و کێشی خۆیان لەدەستدا.
هەڵبەت کایەی ئاینیش بوارێکی ترە کەوا تێبینی دەکرێت دینامیکێکی کەرتوپەرتی هەبێت. ژینگەی ئاینی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕادیکاڵی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە لەپاش سەدەی نۆزدەوە، بەتایبەتیش لە دوای جینۆسایدی ئەرمەن لە ساڵی 1915دا و ئەمەش کاری کردە سەر زۆرێک لە کۆمەڵگە کریستیانە ئارامی زمانەکانی کوردستان. هەرچەندە هیچ بەشێکی دیاریکراوی ئەم کتێبە تەرخان نەکراوە بۆ ئەم جینۆسایدە، کە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان شیکاریی بۆکراوە لە لایەن توێژەرانی وەک ئۆنگۆر (2009)، کەیسەر (2000) و کەیسەر (2014) لە دۆخ و سیاقی کورددا و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە پرۆسەی زەبەلاحی ئیسلامبوون لە تورکیادا و هەروەها هەندێ بەشیش لە ئێران و سووریادا. گومانی تێدا نیە کەوا گەلێ لە بکەرانی کورد، خێڵەکی یان شارستانی بووبێتن، لەو جینۆسایدەدا بەشدار بوون (بۆزئەرسەلان، 1995). دەرکردنی دواتری جوولەکە لە عێراق و بە زۆر و بە خوایشت بێت دەرچوونی کریستیانەکان لەم وڵاتە دیسان کاریگەری هەبوو بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی (بەڵام دەبێ ئەوەشمان بیر بێت کەوا سەدان هەزار خەڵکی کریستیان لەپاش ساڵی 2003 داڵدەیان بردە بەر کوردستان). کۆمەڵگەی ئێزیدیی کوردزمان لە کۆتاییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لە سەردەمی تورکیای نوێدا دەچەوسێنرانەوە و بە هەمان شێوە لە لە عێراقیشدا لە ماوەی ساڵانی 1930کاندا. سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ساڵی 2014 لە عێراق و سووریادا هاوشان بوو لەگەڵ ئەو توندوتیژییە شێوە جینۆسایدییە کەوا دژ بەم کۆمەڵگەیە تەشەنەی کردبوو.
دابەشبوونە ناوخۆییەکانی ئیسلام کە لە تورکیا و ئێران و عێراقدا تێبینی دەکرا لە کوردستانیشدا هەیە و دەرفەتی پەیوەستبوونی هەندێ لە بکەرانی کورد دەڕەخسێنێت لەگەڵ شوناس و سۆڵیدارێتییە ناکوردییەکاندا. بۆ نموونە لە تورکیادا سوننەکان ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان بینیوە لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە نێوان کەسایەتییە شارستانی یان خێڵەکی یان ئاینییەکان و مستەفا کەمال لە سەرەتای 1920کاندا. لە پارتی نیزامی میللییەوە (مەنەپە) بۆ پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) دەتوانین بڵێین کەوا حیزبە سیاسییە ئیسلامییەکانی تورکیا جەماوەرێکی دەنگدەری نەگۆڕیان هەبوو، بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا چەسپاو نەبوو. لە هەمان وڵاتدا، زۆرێک لە عەلەوییە کوردەکان چوونە پاڵ بزووتنەوە چەپە ڕادیکاڵەکان، یان دواتر، تۆڕی کۆمەڵە و ڕێکخراوە عەلەوییەکان. هەروەها ڕوون و ئاشکراشە کەوا ڕژێمی ئیسلامی لە ئێراندا بە لای کەمەوە هەندێ توێژی کۆمەڵگەی شیعەی کورد پاڵپشتیی دەکەن. برایەتییە ئاینییە کوردییەکان خۆیان لە پەیوەندییەکی نزیکدا بینیوە نەک تەنها لەگەڵ تۆڕە ناکوردییەکانی تەریقەتدا بەڵکوو لەگەڵ دەوڵەتەکانیشدا. بۆ نموونە و بە شێوەیەکی نەریتی لە سووریای ئەسەددا پۆستی موفتیی دیمەشق بە دەستی کوردێکەوەیە.
بەهەرحاڵ، زۆر گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کەوا لە دینامیکی ژینگەیەکی ئاینیی لەم چەشنەدا، سیاسەتی ئیسلامی تاڕادەیەک ئەدایەکی باشی نەبووە. ڕاستییەکەی دەکرێ بڵێین کەوا شۆڕشی ساڵی 1925ی شێخ سەعید، تەنها شۆڕش بووە کەوا لەکاتێکدا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بووە، لەهەمان کاتیشدا داوای بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسلامی کردووە کە بە لای شێخەوە تورکەکان وازیان لێهێناوە و خیانەتیان لە بەڵێنی پاراستنی خەلافەت کردووە. هەروەها بەدڵنیاییەوە ئەکتەرە ئاینییەکان بەشدارییان کردووە لە ڕاگەیاندنی کۆماری مهابادی ساڵی 1946دا، کەوا قازیی محەمەدی سەرۆکی کەسایەتییەکی گەورەی ئاینی بووە، بەهەمان شێوەی شۆڕشی بارزانیی ساڵانی 1961 - 1975، هەڵبەت بێئەوەی خواست هەبێت کە بگۆڕێن بە شەڕ و ململانێیەکی ئاینی. بەپێچەوانەوە، هەردوو شەڕ و ململانێکە هەندێ ئاڕاستە و بۆچوونی چەپڕەوانە و پەیڕەوی کردنی سیاسەتی پێشکەوتنخوازانەیان تێدابوو. ئەمڕۆ لە کوردستانی عێراقدا هەردوو حیزبی ئاینیی سەرەکی بە ئاستەم دەتوانن 15%ی دەنگ بەدەستبێنن لە هەڵبژاردنەکەندا. لە تورکیا حیزبی هودا پار (Hüda - Par) - کە حیزبێکی سیاسیی یاساییە و نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات کەوا لە جوغزی بنکەی حیزبوڵڵای ئەوپەڕی دڕندە دروستکراوە و جاربەجاریش لە ساڵانی 1990کاندا وەک باند و تاقمی بکوژی سەر بە ئەنقەرە کاری کردووە و لەئێستادا کار لەسەر جووڵاندن و جۆشدانی کۆمەڵێک دەنگدەری کورد دەکات کە سەر بە جووڵانەوەی کوردن. دەکرێ ئەوەشی بخەیتەسەر کەوا بە چاوپۆشی لەو پێگە و پۆستانەی کە بەدەستیانەوەیە، ژمارەی ئەو کوردانەی کە چوونەتە پاڵ ئەلقاعیدە و داعش هەر بە سنوورداری ماونەتەوە و لە دووسەد کەسێک تێناپەڕن.
چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانی کورد لە دەرەوەی کوردستان
تاڕادەیەکی زۆر کوردستان پانتاییەکی کراوە یان بەرکەوتەی گرژی و دینامیکە جیاوازەکانی کولتوور، زمان، ئاین و ئابوورییە. ئەم بارەی کۆمەڵگەی کوردی تا ئاستێکی زۆر لە کۆمەڵگەکانی قەوقاز و ئەرمینیا و یۆنان و جوولەکە و فەلەستینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت، کە تێیدا فرەکولتووری گەشەی کردووە، ئەگەر کولتوورێکی کۆزمۆپۆڵیتیی یان جیهانیی نەبێت بەپێی حاڵەتی پێکهاتنە مێژووییەکەی. کەواتە جێی سەرسوڕمان نیە ئەگەر زۆرێک لە کەسایەتییەکانی کوردی وەک ییڵماز گوینەی، موحسین مەخمەڵباف، بەهمەنی قوبادی، یەشار کەمال، کەمال مەزهەر ئەحمەد یان خالید بەکداش ڕۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە لە ژیانی کولتووری و زانستی یان سیاسیی هەر چوار وڵاتە پەیوەندیدارەکەدا، یان سیاسەتمەدارێکی کوردی وەک جەلال تاڵەبانی کەوا لە ساڵانی 1960کان و 1970کاندا وەک کەسایەتییەکی ڕابەر و دەرکەوتوو لە ململانێکانی چەپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی سەلماندووە.
ئەوەی کە دەکرێ مرۆ پێی بڵێ کایەی کوردی، لەواقیعدا دیاریکراو نیە و بەردەوام لە گۆڕاندایە و لق و پۆپی زۆر لێبووەتەوە تا دەگاتە سنووری خەیاڵ لە وێنەکێشانی نەخشەی کوردستاندا (کارتۆگرافی). بۆ نموونە، تێبینیی ئەوە دەکرێت کەوا کۆمەڵگەیەکی بچووکی کورد لە یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا (نزیکەی 300 هەزار کەس) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە لە پێکهێنان و گەڵاڵەکردنی ئەدەبی کوردی و کوردۆلۆجیی مۆدێرن لە پاش سەرکەوتنی بەلشەڤیکەکان لە قەوقازدا ساڵی 1920 و ڕاگواستنی هەندێ توێژی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ کازاخستان لە دوای ساڵی 1943 دینامیکییەتی کولتووریی هەڵنەوەشاندەوە. بەهەمان شێوە شیاوی باسە کەوا کۆمەڵگەیەکی زۆر بچووکی کورد لە ئوردن، بەدڵنیاییەوە ڕۆڵێکی گەورەی سیاسیی نەگێڕاوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چالاک بووە و هەندێ کاری بنەڕەتیی بەرهەمهێناوە و لەنێویاندا یەکەم فەرهەنگی عەرەبی - کوردی (گۆرانی، 1985؛ ئەلخەتیب و ئەلعەلی، 2010). مەزەندە دەکرێت کەوا کۆمەڵگەیەکی کوردی نزیکەی 150 هەزار کەسی لە لوبنان ژمارەیەکی زۆری پەنابەری سیاسیی کوردی تورکیای لەخۆگرتبێت وەک خانەخوێ. لە سەرەتای ساڵانی 1980کاندا، پەکەکە بەکردەوە لە لوبنان دامەزرایەوە پێش ئەوەی دەست بداتە خەباتی چەکداری و گەریلایی لە تورکیا خۆیدا.
بەهەرحاڵ، گرنگترین دیاسپۆرای کورد دەکەوێتە ئەوروپاوە. یەکەم بەکارهێنانی زاراوەی دیاسپۆرا، لەم سیاقەدا، لە سەرەتای ساڵانی 1980کاندا بوو، کاتێ دەیان هەزار کورد لە عێراق و ئێران و تورکیا لە دەستی دکتاتۆرییەت هەڵاتن و بەهەمان شێوەش لە جەنگی ئێران - عێراق و داوای مافی پەنابەرییان کرد لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپا. بەم جۆرە ژیانی سیاسی و دیبلۆماسیی کورد بە تەواوی مانای خۆی لە ئەوروپا ڕوێنرا و لەوێ ئینستیتیوتی کورد لە پاریس دامەزرا لەسۆنگەی پەیوەندییە شەخسییەکانی دکتۆر کەنداڵ نەزان لەگەڵ فرانسوا میتێرانی سەرۆکی فەرەنسی و سێ کۆنفرانسی گرنگی نێودەوڵەتی بەدوای یەکدا ڕێکخست لە پاریس و واشنتۆن و مۆسکۆ. هەروەها ئەوروپا بوو بە خانەخوێی حیزبە سیاسییە کوردییەکانی عێراق و بەهەمان شێوە پەکەکەش، کەوا خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی خۆی لە ئەڵمانیا دامەزراند. قاسملوو و شەرەفکەندیی سەرکردە کوردەکانی ئێران لەلایەن ئاژانسە نهێنییەکانی ئێرانەوە بەدوای یەکدا تێرۆر کران لە ڤییەننا و بەرلین لە ساڵانی 1989 و 1992دا. کاتێ کە حکوومەتێکی ئۆتۆنۆمیی کوردی لە کوردستانی عێراق دامەزرا لەدوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991، زۆرێک لە کەسایەتییە ناودار و دەرکەوتووەکانی لە پاڵ قسەکردن بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە ڕەوانیش بە زمانەکانی سوێدی و فەرەنسی یان ڕووسی قسەیان دەکرد.
بەڵام دروستبوونی ڕاستەقینەی دیاسپۆرای کوردی بەتەواوی لە ساڵانی 2000 - 2010 جێی خۆی گرت کاتی کەوا چینی سیاسیی کورد توانی بە ئازادییەکی زیاتر لە عێراق و تورکیا کار بکات، کاتێ کەوا نەوەیەکی دووەم و سێهەمی کورد کە لە ئەوروپا لەدایکبووبوون بە هەست و هۆشێکی بەهێزی کوردانەوە گەورە بوون و لە تەمەندا پێگەیشتن، بەڵام بە پەروەردە و خوێندنێکی ئەوروپییانەوە و لە هەندێ باریشدا بە پرۆفایلی پیشەیی نوێ و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی سیاسی لە وڵاتانی خانەخوێیاندا. لە ماوەی ساڵانی 2000کاندا، شتێکی نائاسایی و ناباو نەبوو ئەگەر ئەگەر کەسایەتیی کوردت ببینیایە لە ڕیزی ئەندام پەرلەمانە ئەڵمان و سوێدی و ئەوروپییەکانی تردا. وەک جووڵاندن و جۆشدان لەپێناوی ڕۆژاڤادا، زاراوەیەکی نوێ هاتەکایەوە بۆ وەسفی کوردستانی سووریا و ئەم دیاسپۆرایەی دەرخست کە بەتەواوی چالاکە، بەڵام ناوجەرگەی سیاسەتی کوردی پێکناهێنێ وەک ئەوەی ساڵانی 1980کان.
چەرخێکی نوێ بۆ کورد؟
داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە و ئەو زنجیرە پەرەسەندنانەی بەرپای کرد کاریگەرییەکی سەرەکییان هەبوو لەسەر چارەنووسی کوردەکانی عێراق. لە ساڵی 2005دا، ددان بە هەرێمی کوردستانی عێراقدا نرا وەک بەشێک لە پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق و کوردەکان توانییان هەندێ پێگە و پۆستی سیاسی سەرەکی دەستەبەر بکەن لە دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە. هەرێمی کوردستانی عێراق کۆنترۆڵ و بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایشی ناوخۆ و ڕێکخستنی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش و هێزە سەربازییەکانی گرتە ئەستۆی خۆی و پێشمەرگەی خستە دەرەوەی فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی عێراق. بەڵام هەندێ لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانیان کوردن و لەنێویاندا شاری کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت، لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان مانەوە و دۆخی کۆتایی ئەم ناوچە کێشەلەسەرانە بەجێهێڵرا بۆ ئەوەی بە ڕیفراندۆمێک بڕیاریان لەسەر بدرێت، کە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر هەر ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی ساڵانی 2000کاندا، پەرەسەندنی بەرچاویش لە شەڕ و ململانێی کورددا بەرپابوو لە تورکیادا. ئەمەش بە دەرچوونی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە دەستیپێکرد لە سووریا لە ئۆکتۆبەری 1998دا و پاشان دەسگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە لە نایرۆبی لە کینیا لە 14ی شوباتی 1999دا. پاشان سزای حوکمی ئیعدامی بۆ دەچوو، بەڵام لەئەنجامی فشاری دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و مەترسیی ئەوەی کە ململانێکە سەربکێشێتەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، سزاکەی سووککرا بۆ زیندانی هەتەهەتایی. لە ئابی 1999دا، پەکەکە گەریلاکانی خۆی لە تورکیا کشاندەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئاگربەستێکی هەمیشەیی ڕاگەیاند، کە تا حوزێرانی 2004 بەردەوام بوو (گوینەش و زەیدانلیئۆغڵوو، 2014). پاشان پەکەکە کەوتە هەوڵدان و بانگەشە کردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری مافەکانی کورد لەناو سنوورەکانی دەوڵەتدا و لە ڕێگەی حکوومەتی خۆڕێبەرییەوە بۆ کۆمەڵگە کوردییەکان. وەرچەرخان و گۆڕانکاری لە ململانێدا ئاساییکردنەوەی هێنایە ئاراوە لە سیاسەتی کورد لە تورکیادا و پانتاییەکی گەورەتری بۆ حیزبە سیاسییە سەر بە کوردەکان دروستکرد کە ئامادەگیی خۆیان زیاد بکەن لە تورکیادا.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2004دا، حیزبی سیاسیی لایەنداری کورد پەنجا و چوار ئەنجومەنی بردەوە، لەنێویاندا ئەنجومەنی شارەوانیی ویلایەتەکانی باتمان، دیاربەکر، ماردین، هەکاری و شرناخ. لە پاش هەڵبژاردنی گشتیی 22ی تەمووزی 2007 ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی لایەنداری کورد بیست و یەک کورسیی پەرلەمانی بردەوە کە وەک بەربژێری سەربەخۆ خۆیان ناساندبوو بۆ خۆلادان لە یاسای 10%ی بەربەستی نیشتمانیی هەڵبژاردن. لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا کە لە 29ی مارتی 2009دا بەڕێوەچوو، پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیی (دەتەپە) پێگەی خۆی وەک هێزیکی سیاسیی پێشەنگ بەهێز کرد لە ناوچەکانی زۆرینە کورددا. بە تێکڕایی، دەتەپە هەشت ئەنجومەنی ویلایەت و و پەنجا ئەنجومەنی قەزا و ناوچەکانی بردەوە و لەنێویاندا ئەنجومەنی دیاربەکر و وان بوون. پاشان وەک نوێنەرایەتی کردن لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا (پەرلەمان) و لەئەنجامی ئەزموونکردنی گەلێ لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان لە زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا توانی وا لە بزووتنەوەی لایەنداری کورد بکات کە بوون و ئامادەگییەکی ناوچەیی و نیشتمانیی بەهێز دابمەزرێنێت.
لە ساڵانی 2010کاندا، ناوچەکە چووە ناو قۆناخێکی ناسەقامگیرییەوە لەئەنجامی شەڕ و ململانێکانی سووریا و عێراقدا. کوردەکان وەک بکەری گرنگ و بەرچاو خۆیان سەلماند لە سیاسەتی ناوخۆی عێراق و سووریا و تورکیادا و پرسی کورد بوو بە یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا. لە عێراق سەرهەڵدانی داعش و هەوڵدانی بۆ جینۆسایدکردنی کوردە ئێزیدییەکان لە ئابی 2014دا بوو بەهۆی ئاوارەبوونێکی بەکۆمەڵی هێجگار گەورە و مایەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی تەواوی هەرێمی کوردستان. میکانیزمی دیاریکردنی کۆتا دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان کاری خۆی نەکرد و لەپاش هێرشکردنی داعش لە باکووری عێراق لە ئابی 2014دا، ناوچە کێشەلەسەرەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردەوە. نەگەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەک سەبارەت بە دۆخی کۆتایی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەو لایەدا شکاندیەوە کەوا هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی خۆی ئەنجام بدات لە 25ی ئەیلوولی 2017دا، کە تێیدا 93.73%ی دەنگدەران لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی دەنگیان دا. بەڵام بە هۆی ناڕازیبوون و بەرهەڵستی کردنی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری خۆی پاشگەز بووەوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی. لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، سوپای عێراق و میلیشیاکانی شیعە هێرشیان کرد و ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کۆنترۆڵ کردەوە کەوا پێشتر کورد دەستی بەسەریاندا گرتبوو، لەنێویاندا شاری کەرکووکی دەوڵەمەند بەنەوتیش.
لە سەرەتای شەڕ و ململانێی سووریا لە ساڵی 2011وە، نزیکەی بیست حیزبی سیاسیی کوردی هەبوون و زۆرێک لەمانە لە ژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیدا بوون (KNC) لە ساڵی 2011دا. هەر لەو ساڵەوە، پەیەدە بوو بە هێزی سیاسیی هەژمووندار لە ناوچەکانی زۆرینە کوردی سووریادا و خۆی پەرەسەندنە سیاسییەکانی بەڕێوەدەبرد لەوێ. پەیەدە لە ساڵی 2003دا لەلایەن ئەندامانی کوردی سووریاوە دامەزرا کە پێشتر ئەندامی پەکەکە بوون. پەیوەندییە ناوخۆییەکانی کورد لە ساڵی 2011وە هەمیشە خۆش و دۆستانە نەبووە بەڵام گرژی و ئاڵۆزییەکان شەڕ و ململانێی چەکداریی لێنەدەکەوتەوە. پەیەدە بەوە تۆمەتبار دەکرا کە ئاستەنگ بۆ چالاکیی ئەو حیزبە سیاسییانە دروست دەکات کە پەیوەستن بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردییەوە و بەشێوەیەکی گشتی جیاوازیی بەرهەڵستکارانی قبووڵ نەدەکرد. ئەم جۆرە ناکۆکییە سیاسییانە بەردەوام بوون سەرەڕای هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردی سووریادا.
لە تورکیادا، دیالۆگی نێوان پەکەکە و کۆمار هیوای ئەوەی پەیداکرد کە ململانێی بەردەوامی چەندین دەیە دواجار کۆتایی دێت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسییەوە. لە نێوان ساڵانی 2008 و 2011دا نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا بە نێوەندگیریی نەرویج کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پەکەکەدا ئەنجامدا. لە ئابی 2009دا، حکوومەت ڕایگەیاند کە خۆی ئامادە کردووە بۆ دەسپێشخەرییەکی دیموکراتی بۆ خێراکردنی پرۆسەی چاکسازیی سیاسی و پێشکەش کردنی ددانپێدانانێکی زیاتر بە مافە کولتوورییەکانی کورد. پرۆسەکە لە ئۆکتۆبەری 2010دا لەباربرا و توندوتیژی دەستیپێکردەوە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەتی تورکیا، کە بەردەوام بوو تا کۆتایی ساڵی 2012، کەوا گەڕێکی نوێی دیالۆگ دەستیپێکردەوە. بەردەوامبوونی دیالۆگ ئەنجامی ئەوەی لێکەوتەوە کەوا پەکەکە لە 23ی مارتی 2013دا ئاگربەستێکی ڕاگەیاند و بەدواشیدا لە 25ی نیسانی 2013 جاڕی کشاندنەوەی هێزەکانی گەریلای دا لە تورکیاوە بۆ بنکە و بارەگاکانی لە لە کوردستانی عێراقدا. ئەم ڕاگەیاندنە هەستێکی نوێی دروستکرد بە گەشبینی و بە ئاستێکی بەرفراوان وەک هەل و دەرفەتێکی نوێ تەماشا دەکرا بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێ.
لەم قۆناخەدا، حیزبە سیاسییە لایەندارەکانی کورد کەوتنە خۆچەسپاندن وەک بلۆکێکی هەڵبژاردنی کارا لەگەڵ پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە 35 کورسی بردەوە لەو هەڵبژاردنە گشتییەی کە لە 12ی حوزێرانی 2011دا بەڕێوەچوو. لەو هەڵبژاردنە ناوخۆییانەدا کە لە 30مارتی 2014دا بەڕێوەچوو، بەدەپە سەد ئەنجومەنی شارەوانیی ناوچە و شارۆچکەی بەدەتهێنا. لە ساڵی 2012 بەملاوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) خۆی وا سەلماند کە نوێنەری سەرەکیی بزووتنەوەی لایەنگری کوردە و لە هەڵبژاردنی گشتیی حوزێرانی 2015دا، توانی پشتگیریی شەش ملیۆن دەنگدەر بەدەستبێنێت بۆ دەستەبەر کردنی هەشتا کورسی لە پەرلەماندا. سەرباری ستەم و سەرکوتکردنی دواتر، هەدەپە جەماوەری دەنگدەر و پێگەی هەڵبژاردنی خۆی پاراست و لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری 2015 و حوزێرانی 2018دا، 8,10و 7,11 لە سەدی دەنگی نیشتمانیی بەدەستهێنا و بەدوای یەکدا 59 و 67 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
بەم پێیە دەکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا توانادار کردنی ڕاستەقینەی کورد لە ماوەی ساڵانی 2000 و 2010 ڕوویدا، بەڵام باجی ئەم هەڵکشانە قورس بوو. لەکاتێکدا کە لە ساڵانی 2012 - 2013دا گەلێ لە چاودێران باوەڕیان وابوو کەوا سەربەخۆیی دیفاکتۆی کوردی عێراق دەکرێ بژی و بەردەوام بێت و شەڕ و ململانێی سووریا کاریگەریی نابێت بۆ سەر کورد، کەوا سات و سەودایەکی درێژخایەن پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیای ئەردۆغان ئاسان دەکات و دواجار دەروویەک دەدۆزێتەوە و لەکۆتاییشدا چارەسەرێکی سیاسی وێنا دەکات بۆ شەڕ و ململانێی بەردەوامی کورد لە سەدەیەکەوە و ژینگەی ناوچەیی بە شێوەیەکی تەواو دراماتیکی پەرەیسەندووە، وەک سەرهەڵدان و هەڵکشانی داعش، قورسایی ئەو ئۆردەرەی کە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە سەپاوە بەسەر عێراق و سووریادا و لە دواجاریشدا، سیاسەتە سەرکوتکەر و تاکڕەهەندییەکانی ڕژێمەکەی ئەردۆغان بارودۆخی سەرلەنوێ میلیتاریزە کردنی شەڕ و ململانێی کوردی خولقاندووە. کوردستانی ساڵانی 2012 - 2013 بەخەیاڵ وا خۆی دەهاتە بەرچاو کە ئەسینای ڕۆژهەڵاتی نزیکە، کەچی هەر زوو تێگەیشت کەوا خەریکە دەبێتە سپارتە. بزووتنەوەی کوردی پاش ئەوەی شەڕێکی سەرکەوتووانەی داعشی کرد دەبوو بەرەوڕووی شکستی گەورە و گرنگی وەک لەدەستدانی کەرکووکی پڕنەوت ببێتەوە بۆ ئەو میلیشیا شیعە عێراقییانەی کە حەشدی شەعبییان پێدەگوتن و سەر بە هێزەکانی پاسداری ئێرانی بوون. هەروەها عەفرینیش، ئەو شارە کوردەی سووریا کە بە خەستی کرابووە ئامانجی هێزی ئاسمانیی تورکیا و ڕادەستی میلیشیا ئیسلامییە سوورییەکانی ئەڵقەلەگوێی ئەنقەرە کرابوو. لەو ماوەیەدا، ستەم و سەرکوتکردن لە هەردوک ئێران، کەوا چەند گرووپێکی کەمی گەریلای کورد بەردەوام لەگەڵ پاسداران شەڕیان دەکرد و لە تورکیاش، کەوا پرۆسەی ئاشتی کە ئەردۆغان لەکۆتایی ساڵی 2013دا دەستیپێکردبوو بوارێکی بەجێهێشتبوو بۆ قۆناخێکی نوێی تێرۆرێکی سامناک کە بووبوو بە هۆی ڕووخاندن و وێرانکردنی ژمارەیەک شاری کوردی قەبارە ناوەنجی و گرتنی زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کورد.
سەرەڕای ئەم شکستانەش، دەتوانی سەرنجی ئەوە بدەیت کەوا لەکۆتایی ساڵانی 2010کاندا دینامیکە ناوخۆییەکانی کورد بەتەواوی بەهێزیی خۆیانەوە مابوونەوە و بەشێوەیەکی ئەرێنی هاوکار بوون لە سەرلەنوێ گەڵاڵە کردنەوە و داڕشتنەوەی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا لە ساڵانی 2020کاندا. ئەوەی کە گوترا، دەبێ ڕەچاوی ئەوەش بکەین کەوا ئەکتەر یان بکەرە کوردەکان هێشتا کەمترین بەراورد دەکرێن بە دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیا و ئەوەی لە دەوڵەتە ناوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق ماوەتەوە. بەهەمان ئەندازەی گرنگی، توانادار بوونی کورد لە عێراق و سووریادا بەتوندی پشت بە هێزی سەربازیی ئەمریکی و پاڵپشتی سیاسی دەبەستێ. باشە ئەنجامی کۆتایی هەڵوەشانەوەی هەردوو کۆمەڵگەی عێراقی و سووری چی لێدێت؟ ئەی چۆن ڕژێمەکانی ئێران و تورکیا دەتوانن ئیدارەی ئەو قەیرانە بدەن کەوا کۆمەڵگەکانی خۆیانیان تێخستووە؟ ئەو ڕۆڵە چییە کە ئەمریکا و ڕووسیا دەتوانن یان ئارەزوو دەکەن لە سووریا و عێراقدا بیگێڕن لە داهاتوودا؟ چارەنووسی کۆمەڵگەی کوردی بەندە بەم پرسیارانەوە کە تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
Bibliography بیبلۆگرافی
- Bozarslan, H. (1992). Political aspects of the Kurdish problem in Turkey. In P. G. Kreyenbroek and S. Sperl (eds), The Kurds: A Contemporary Overview (pp. 74 - 89). London and New York: Routledge.
کایە سیاسییەکانی کێشەی کورد لە تورکیادا... لە کتێبی.. کوردەکان: ڕووماڵێکی هاوچەرخانە...
- Bozarslan, H. (1995). Histoire des relations kurdo - arméniennes. In Hans - Lukas Kieser (ed.), Kurdistan und Europa. Einblicke in die Kurdishe Geschicte des 19. und 20. Jahrhunderts (pp. 151 - 86). Zürich: Chronos Verlag.
مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەن... لە کتێبی.. کوردستان و ئەوروپا، تێڕوانینێکی ورد بۆ مێژووی کورد لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا...
- Gewranî, A. S. A. (1985). Ferhenga Kurdî nû jen, Kurdî - Erebî. Amman.
فەرهەنگا کوردیی نووژەن، کوردی - عەرەبی...
- Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London and New York: Routledge.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا: لە پرۆتێست و نارەزایی دەربڕینەوە بۆ بەرگری کردن...
- Gunes, C. and Zeydanlıoglu, W. (eds) (2014). The Kurdish Question in Turkey: New Perspectives on Violence, Representation and Reconciliation. London and New York: Routledge.
مەسەلەی کورد لە تورکیادا: تێڕوانینی نوێ لەسەر توندوتیژی، نوێنەرایەتی کردن و ئاشتەوایی...
- Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918 - 1985. San Francisco, CA: Mellen Research University Press.
ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا، 1918 – 1985...
- Human Rights Watch (1993). Genocide in Iraq: The Anfal Campaign against the Kurds. New York: Human Rights Watch.
جینۆساید لە عێراقدا: پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد...
- Jafar, M. R. (1976). Under Under - development: A Regional Case Study of the Kurdish Areas in Turkey. Helsinki: Painoprint.
لەژێر سایەی دواکەوتندا؛ لێکۆڵینەوەیەکی حاڵەتی لێکۆڵینەوە لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا...
- James, B. (2014). Les kurdes dans l’Orient mamelouk et mongol de 1250 à 1340. Entremarginalisation et autonomie. Unpublished PhD thesis, Paris X-Nanterre University.
کوردەکان لە سایەی مەملووکەکان و مەغۆلە ڕۆژهەڵاتییەکاندا لە 1250 بۆ 1340. لە نێوان پەراوێزخستن و ئۆتۆنۆمیدا...
- Kaiser, H. (2014). The Extermination of Armenians in the Diarbekir Region. Istanbul: Bilgi Üniversitesi. لەناوبردنی ئەرمەنەکان لە دیاربەکردا...
- Kendal, N. (1996). The current position and historical background. In P. G. Kreyenbroek and C. Allison (eds), Kurdish Culture and Identity (pp. 7-19). London and New York: Zed Books.
پاشخانی پێگە و مێژووی ئێستا... لە کتێبی.. کولتوور و شوناسی کورد...
- Al - Khatib, M. A. and Al - Ali, M. N. (2010). Language and cultural shift among the Kurds of Jordan. SKY - Journal of Linguistics, 23, 7 - 36.
گۆڕانکاریی زمان و کولتوور لە ناو کوردەکانی ئوردندا...
- Kieser, H. L. (2000). Der verpasste Friede. Mission, Ethnie und Staat in den Ostprovinzen der Türkei, 1839 - 1938. Zürich: Chronos Verlag.
ئاشتیی ونبوو. پەیام و ئیتنیک و دەوڵەت لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتدا...
- McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. London and New York: I.B. Tauris.مێژووی نوێی کوردەکان...
- O’Shea, M. (2004). Trapped between the Map and Reality: Cartography and Perceptions of Kurdistan. New York and London: Routledge.
کەوتنە داوی نیوان نەخشە و ڕاستی: کارتۆگرافی (نەخشە) و تێگەشتن لە کوردستان...
- Üngör, U. U. (2009). Young Turk social engineering: Mass violence and the nation state in Eastern Turkey, 1913 - 1950. Unpublished PhD thesis, University of Amsterdam.
ئاڕاستەی کردنی کۆمەڵایەتیی تورکە لاوەکان: توندوتیژیی بەکۆمەڵ و دەولەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەلاتی تورکیادا، 1913 - 1950...
- Vali, A. (2011). Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. London and New York: I. B. Tauris.
کورد و دەوڵەت لە ئێراندا: دروستکردنی شوناسی کورد...
- Yadirgi, V. (2017). The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Cambridge: Cambridge University Press.
ئابووریی سیاسیی کوردەکان لە تورکیادا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا...
سەرچاوە: کتیبی مێژووی کورد لە زانکۆی کامبریج - چاپی ساڵی 2021
ئامادەکردن و ڕێکخستنی: حەمید بۆز ئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی - لاپەڕە 1 - 22
حەمید بۆزئەرسەلان Hamit Bozarslan
پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەری خوێندنگەی باڵای زانستە کۆمەڵایەتییەکانە لە پاریس
École des Hautes Études en Sciences Sociales (EHESS). توێژینەوەکانی زیاتر بایەخ بە زانستی کۆمەڵناسیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژوو دەدەن. دکتۆرای لە مێژوو و زانستە سیاسییەکاندا هەیە و لە ساڵی 1999وە لەو پەیمانگەیە موحازەرە دەڵێتەوە. لێکۆڵینەوە بڵاوکراوەکانی لەسەر مەسەلەی کورد و دەوڵەتان و کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (پاریس، ساینس پۆڵ، 1997) و تورکیا لە ئیمپراتۆرییەتەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان (پاریس، تاڵاندێ، 2013)، و شۆڕش و دۆخی توندوتیژی: ڕۆژهەڵاتی ناوین 2010 - 2015 (پاریس، سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان، 2015 و قەیران و توندوتیژی و هەرەسهێنانی شارستانییەت. ئەزموون کردنی گۆشە و مردنی شار (پاریس، سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان، 2019). لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ئەنتی - دیموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا.
جەنگیز گوینەش Cengiz Gunes
دکتۆرای بەدەستهێناوە لە بەشی حکوومەتی زانکۆی ئەسسێکس. نووسەری کتێبی کورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا: لە پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕینەوە بۆ بەرگری کردن (ڕۆتلیج، 2012). کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا: جیۆپۆڵەتیکی گۆڕاو لە ململانێیکی هەرێمیدا (پاڵگرەیڤ ماکمیلان، 2019). نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد لە تورکیادا: ئەکتەرە نوێکان و شێوەی بەشداری لە کۆمەڵگەیەکی گۆڕاودا (ئای. بی. تۆریس، 2021). هەروەها نووسەری بەشدارە لە کتێبی مەسەلەی کورد لە تورکیادا: تێڕوانینی نوێ بۆ توندوتیژی و نوێنەرایەتی و ئاشتەوایی (ڕۆتلیج، 2014). بابەت و نووسینی لە گەلێ گۆڤاری نێودەوڵەتیدا بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: Nationalities Papers و New Left Review و Ethnopolitics. لە ئێستادا وەک وانەبێژی هاوکار و توێژەری هاوکاری شەرەف لە بواری سیاسەتدا کار دەکات لە زانکۆی کراوە Open University.
وەلی یادرگی Veli Yadirgi
بەکالوريۆس، King’s College، لەندەن؛ ماجستێر، LSE؛ دکتۆرا، SOAS. ئەندامی ستافی بەشی توێژینەوە و گەشەپێدانە لە SOAS، زانکۆی لەندەن. نووسەری کتێبێکە کە دوو خەڵاتی بردووەتەوە بە ناوی ئابووریی سیاسیی کوردەکانی تورکیا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا”
The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. (. (کامبریج، 2017
لە ئێستاد توێژینەوەکەی کۆمەڵێکی بەرفراوانی کایە و مەسەلەکان دەگرێتەوە، لەنێویاندا سیاسەتی بەراورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA)، ئابووریی سیاسیی باشووری گۆی زەوی، جیهانگیری و گەشەکردنی هەرێمی، کێشەکانی گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ناسیۆنالیزم و سیاسەتی ئیتنیکی، بێجگە لە مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی تورکیا و کوردستان. یادرگی ئەندامی ئینستیتیوتی لەندەنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: نیۆلیبراڵی و دەوڵەتەکان، هەروەها ئەندامیشە سەنتەری توێژینەوە عوسمانییەکان.[1]
ئەم بابەتە 622 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | www.awene.com
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
ژیاننامە
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 05-05-2022 (2 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: دۆزی کورد
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
جۆری دۆکومێنت: وەرگێڕدراو
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
جۆری وەشان: چاپکراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وڵات - هەرێم: تورکیا
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 09-07-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 10-07-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هاوڕێ باخەوان )ەوە لە: 10-07-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 622 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.192 KB 09-07-2022 هەژار کامەلاهـ.ک.
ژیاننامە
مەیان خاتوون
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
ژیاننامە
ژیان عەلادین
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...

ڕۆژەڤ
شەهیدان
موسا عەنتەر
10-11-2008
هاوڕێ باخەوان
موسا عەنتەر
ژیاننامە
کەرەمێ سەیاد
08-03-2015
هاوڕێ باخەوان
کەرەمێ سەیاد
ژیاننامە
سمکۆ عەزیز
17-11-2012
هاوڕێ باخەوان
سمکۆ عەزیز
ژیاننامە
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
29-05-2022
شەنە ئەحمەد
مونیرە ساڵح عەبدولڕەحمان
شەهیدان
ژینا ئەمینی
17-09-2022
شەنە ئەحمەد
ژینا ئەمینی
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
نەشوان نایف عەزیز سلێمان
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
نەواف ئیسماعیل حەسەن سەعید
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هەزار موراد معکۆ عەنۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
ژیاننامە
هوەیدە ئیلیاس خرمش شێخۆ
28-03-2024
سروشت بەکر
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی موشیر دیوان،
28-03-2024
سارا سەردار
پارت و ڕێکخراوەکان
کارۆ
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
28-03-2024
سارا سەردار
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
28-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
28-03-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆشەویستی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا
27-03-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
ئامار
بابەت 514,949
وێنە 104,268
پەرتووک PDF 18,883
فایلی پەیوەندیدار 94,726
ڤیدیۆ 1,232
ژیاننامە
مەیان خاتوون
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
مژدە جەمال کەمالەدین
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
27-01-2024
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
04-03-2024
ژیاننامە
ژیان عەلادین
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێ...
ژیاننامە
هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
29-01-2024
پەرتووکخانە
دووبارە پێناسەکردنەوەی کورد...
پەرتووکخانە
بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە
ژیاننامە
مەلا عەبدوڵڵای وەڕازی
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
14-03-2024
پەرتووکخانە
بە تیشکی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
ژیاننامە
درەخشان فەرەج سەعدون
پەرتووکخانە
شارستانیی کۆلاپس، ژیان و خۆ...
ژیاننامە
کەمال محەمەد ڕەمزی
ژیاننامە
سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد
ژیاننامە
بەرزان بەلەسۆیی
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
19-03-2024
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
پەرتووکخانە
فلاشباک؛ لە دەفتەری بیرەوەر...

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.33
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.453 چرکە!