ناو: هاوکار
ناوی باوک: محەمەد
ساڵی لەدایکبوون 1994
$ژیاننامە$
ناوم هاوکار محەمەد، لە #هەڵەبجە#ی تازە لەدایکبووم لە ساڵی 1994، وە لە ساڵی 1999 گەڕاینەوە بۆ #سیروان# و تا ئێستا واتە ساڵی 2022 لە شارەدێی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دەژیم، دەتوانم بڵیم تا تەمەنی 13 ساڵیم هیچ بابەتێکی گرنگ نییە کە شایەنی باسکردن بێت تەنها ئەوە نەبێت کە لە ڕوی داراییەوە ژیانمان زۆر ناخۆش بوو بەڵام دڵمان خۆش بوو، ڕۆژێک باوکم لە ماڵێک گەرایەوە و باسی خاوەن ماڵی کرد بۆم کە کۆمپیوتەریان هەیە و منداڵەکەی زیرەکە لە کۆمپیوتەردا، باوکم وتی کەی بێت و بتوانم کۆمپیوتەرێکت بۆ بکڕم و بتوانیت سودی لێوەربگریت بۆ خۆت و خەڵکی، دەتوانم بڵێم ئەم ڕوداوە لە تەمەنی 13 ساڵیمدا بوو، ئەم بابەتە زۆر مێشکی داگیر کردم لە کاتێکدا نەک کۆمپیوتەر بەڵکو ماڵی ئێمە و بەڵکو گەرەکەکەشمان کۆمپیوتەر و موبایلی تێدا نەبوو، تەنانەت یەک ماڵ لەو گەرەکەماندا تەلەفزیۆنی هەبوو، هەر چۆنێک بێت لە پۆلی یەکی ناوەندی واتە پۆلی حەوتی ئێستا وانەی کۆمپیوتەرمان هەبوو دەمتوانی کۆمپیوتەر ببینم و کەمێک دەستکاری بکەم، لە پۆلەکانی یەک و دووی ناوەندی و چوار و پێنجی دواناوەندی وانەی کۆمپیوتەرمان هەبوو وە بەشداری خولێکی کۆمپیوتەرم کرد لە هاوینی سالێکیاندا،
لە هەژدە ساڵیمدا کاتێک دەرچووم بۆ پۆلی شەشی دواناوەندی کۆمپیوتەرم کڕی ئەو سەردەمە دەتوانم بڵێم یەکێک بوو لە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانم، هەموو شتێک بە خوێندنیشەوە لێکدانی سفر بوو لە ژیانمدا بەهۆی کۆمپیوتەرەوە، هیچ زیادە ڕەوییەک نییە کە بڵێم هیچ شریتێک نەمابوو هی کۆمپیوتەر لە سیروان و هەڵەبجەدا من یەک و دوو هەندێک جار سێ کۆپیم لێ نەکڕی بێت، ڕۆژێک کتێبێکم کڕی کە کۆکراوەی هەندێک ماڵپەڕی کوردی و جیهانی بوو، کە وێنەی کەسێکی لەسەر بوو کە کۆمپیوتەری بەکاردەهێنا، لەدوای ئەو کتێبەوە ناونیشانی هەر ماڵپەڕێکم دەبینی لەلای خۆم دەمنوسی تەنانەت پاکەتی پسکیت و جپس لەدەستم دەرنەدەچوو، دەموت ڕۆژێک دێت دەتوانم ئینتەرنێت بکڕم و بزانم ئەم ماڵپەڕانە چۆن و چییان تێدایە، باشە ئینتەرنێتمان کڕی ئەو خەونەشمان زوو هاتەدی، وەک پێشتر وتم ژیانم لێکدانی سفر بوو بەهۆی کۆمپیوتەرەوە بۆیە لە پۆلی شەش دوای دوو ساڵ نمرەی کەمم هێنا بەداخەوە بەشی کۆمپیوتەر وەری نەگرتم بەناچاری چومە بەشی میکانیکی بەرهەمهێنان لە سلێمانی، وەک دەوترێت کەس نازانێت خەیر لە چیدایە، هەر چەند میکانیکم بەدڵ نەبوو، بەڵام برادەری وەک خۆم شەیدای کۆمپیوتەرم لەوێ دۆزییەوە لەوەش گرنگتر لە 120 کەسدا تەنها من مامۆستای کۆمپیوتەرم خۆشدەویست، نازانم بڵێم باش وانەی نەدەوتەوە وا خۆشەویست نەبوو لای هەموو خوێندکاران یان هەموو خوێندکاران حەزیان لە کۆمپیوتەر نەبوو! گرنگ نییە، ئەوەی گرنگ بێت تەنها من برادەری مامۆستای کۆمپیوتەر بووم، هەرچی دەوت بەچەند قات زیاتر دەمکرد بیرمە باسی مێژوی کۆمپیوتەری کرد بۆمان لە وانەیەکدا و وتی هەندێک زانیاری بخوێننەوە لەسەری شتێکی باش دەکەن، من کتێبخانەی بەشم تێکدا بەدوای کتێبدا هەر هێشتا پێم کەم بوو تا مامۆستای کۆمپیوتەر کتێبێکی 700 لاپەڕەی بۆ هێنام، ئینجا دڵم ئاوی خواردەوە، هەرچۆنێک بێت ئەو دوو ساڵەی خوێندنی میکانیک و پەیمانگا زۆر خۆش بوو، لە کۆتایدا بروانامەی دبلۆمم لە بەشی میکانیکی بەرهەمهێناندا بەدەستهێنا، دوای دوو ساڵ واتە 2017 لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دامەزرام لەبەشی ئایتی وە ئەم 5 ساڵە واتە تا ئێستا کە ساڵی 2022 ئاستم باشتر بووە لە کۆمپیوتەردا، وە لەسەر ئەرکی کۆمسیۆن خولێکی 5 ڕۆژەم لە زانکۆی سلێمانی لەسەر بابەتەکانی نێتۆرک و داتابەیس و پرۆگرامسازی بینی دەتوانم بڵیم سودی هەبوو تارادەیەک بۆم، وە خولێکی 40 ڕۆژەم لە زانکۆی هەڵەبجە لەبوای گەشەپێدانی وێب بینی کە ڕێکخراوی ڕوانگە و جی. ئای. زێدی ئەڵمانی کردبویانەوە ئەم خولەش زۆر سودی هەبوو بۆم.[1]