گەواڵەی ڕەنجی مێژووی شارە کەرکووک
دڵی چوار وەرزەکەی گوڵزارە کەرکووک
لە (ڕەنجووری) دەپرسی حاڵی ڕەنگی
دەڵێ وەک (سابیری) گوڵدارە کەرکووک
لە تەکیەی (خالیسی) زانست و حیکمەت
شکۆی (سەی ئەحمەدی سەردارە) کەرکووک
لە (خاسە)ی وەرگرە ڕۆحی سپی کورد
بە نووری (قوتب)ی زانستبارە کەرکووک
لە (شێخ ساڵحی چیمەن) سەڵاحەت
علومی (ڕۆژبەیانی) دیارە کەرکووک
(محەمەد قڕگەیی) ئوستادی نووری
(عەواڵانی نەقیب)ی شارە کەرکووک
(ئەسیری) چاوی ئەسرین بوو لەبۆ گەل
بەڕێی ئەودایە وا ڕێدارە کەرکووک
(عومەر هات گومبەتی) زانا و عاریف
لە مەیدانی عولووما سوارە کەرکووک
(مەجیدێ تۆپزاوا) کردە زانکۆ
گوڵی زانستی پەرچەمدارە کەرکووک
(مەلا عارف) بەلێ (پێنجوێنە) زێدی
بەڵام بۆ ئەو دڵ و دڵدارە کەرکووک
(عەلی حیکمەت ئەفەندی) باخی حیکمەت
بە عیلمی ئەو دڵی بێدارە کەرکووک
بە (محیەددینی بەرزنجی) و پەیامی
بە (عەبدولباقی)یە هۆشیارە کەرکووک
بە (ئەوڕەحمانی شۆریجە)ی فیوضات
کە تەکیەی (سەی نەجیب) ئەنوارە کەرکووک
بنووسن (شێخ عەلی) گەورەی دڵان بوو
(شلێخانی عەزیز)ی وارە کەرکووک
(قەرە چێوار حەسەن) قوتبی زەمان بوو
لەسایەی فکری ئەو گوڵبارە کەرکووک
(مەلا ئەحمەد کوڕی زانای حەکیم) بوو
لەسایەی مەردی وا شەهوارە کەرکووک
بە بەهرەی (خانەقای شێخی خدر) بوو
کە عەتر و نەرگسی عەتتارە کەرکووک
لە (شێخ عەبدولستاری قازی) فێر بوو
هەوێنی ڕۆحی پر کردارە کەرکووک
نەوای سۆز و مەقامی گەرمەسێری
درەختی گەوهەری بەردارە کەرکووک
هونەرمەندی بە ئاوازی نەبەردی
دژی هێزی شەڕی بەدکارە کەرکووک
لەهەر کووچە و شەقامێکی دەبینیت
پەیامی هەوڵ و نەخشەی کارە کەرکووک
ئەسەف ڕۆژی نەبوو بێئێش و کێشە
دەڵێی ڕۆڵەی خەم و ئازارە کەرکووک
وەکو (بەرزنجی) هەر کوردێ نزاکات
نەبیسین قەت بڵێن غەمبارە کەرکووک
هۆنەر: کۆسار بەرزنجی[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=419037&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=خوێندنەوەی بەدەنگی خدر جاف=KTML_Link_External_End=