ئاردی بێژاوە، کەپەکی ماوە
بێژان: کرداری دابێشتن و بێژتنی هاڕاوەی وردبووی دانەوێڵەیە بە هێڵەگ، کەپەک: توێکڵی دانەوێڵەی هاڕاوی وەکو(گەنم و جۆ و برنج و گەنمەشامی و شۆفان) لە کاتی دابێژان لە هێڵەگ گیر دەبێت لە بنەچەدا توێژاڵی تۆوەکەیە کە بۆ پارێزگاری تۆوەکە خوڵقاوە تاوەکو چاندن و چەکەرەکردنی، کاتی خۆی کە باراشی دانەویڵەی گەنمیان دەبردە ئاشی و لە ئاسیاو بۆ ئارد دەهاڕدرا و کە دەهاتەوە بۆ ماڵەوە کابانەکان لە هێڵەگیان دەدا و ئاردەکە دەچووە خوارەوە و ئەوەی لە کونیلەکانی هێڵەگەکە گیر دەبوو ئه و توێکڵ و توێژاڵە بوو کە پێی دەوترێت: کەپەک، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بەکارێک دەوترێت کە بەره و کۆتایی بێت و زۆربەی زۆری ئەنجام درابێت هاوشێوەی(گا گوراوە کلکی ماوە)، یان تەمەنی مرۆڤ بەره و کۆتایی بێت، هاوشێوەی(ئاردی جەواڵم خواردووە و هەمبانەم ماوە)هەندێجاریش دەوترێت: فڵانە کەس کاری خۆی تەواو کردیە ئاردی خۆی بێشتیە و کەپەکی خۆی ڕێشتیە).[1]