پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
دزینی سروودێکی نیشتمانی کوردیی و گۆڕینی بۆ سروودی نیشتمانیی ئێران
28-02-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
ساتی دەرهێنانی شەهیدانی ئەشکەوتی داری خلە لە ساڵی 1991
27-02-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
(سەعدى) شاعير فارسێکى شيرازيى، يان کوردێکى هەورامى؟
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
شیلان گەیلانی
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
موسعەب ئەدهەم
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
کەریم حیکمەتی
27-02-2024
زریان سەرچناری
شوێنەکان
تل عەزێر
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
شوێنەکان
کۆمەڵگەی دووگر
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
ژیاننامە
نەرمین حوسنی
26-02-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
تل بەنات
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
ئامار
بابەت 510,635
وێنە 103,053
پەرتووک PDF 18,728
فایلی پەیوەندیدار 92,913
ڤیدیۆ 1,193
ژیاننامە
ئەحمەد شەماڵ
ژیاننامە
عەبدوڵڵا حەسەن زادە
پەرتووکخانە
حەمەدۆک - بەرگی 4
شوێنەکان
ئەبوغرێب
پەرتووکخانە
یاشار کەمال.. سترانبێژی ڕوو...
وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت
هاوکارانی کوردیپێدیا، بابەتییانە، بێلایەنانە، بەرپرسانە و پیشەییانە، ئەرشیڤی نەتەوەییمان تۆماردەکەن..
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت

وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت
وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت
تۆسنی ڕەشید
وەرگێڕانی لە کرمانجیەوە: ژیار هۆمەر

پێشەکی
ئەم وتارە هەڵسەنگاندنی وێژەی کوردانی سۆڤێتە، بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە لە یەریڤانی ئەرمەنستان لە ساڵی 1930 دەست پێ دەکات و تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت لە ساڵی 1991 دەخایەنێت.
وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەشێکی گرنگی وێژەی کوردییە. شاعیر و لێکۆڵەر فەرهاد شاکەلی لەمەڕ ئەو وێژەیەوە دەنووسێت: “ئەدەبیاتی کوردیی سۆڤێتی جاران بەشێکی خۆشەویست و گرنگی ئەدەبیاتی کوردییە و دەبێ بیناسین و لە چوارچێوەی سامانی نەتەوایەتیماندا جێگەی بدرێتێ و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.”[1]
ئەم وتارە گرنگیی خۆی هەیە، چونکە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە یەکیەتیی سۆڤێت لەسەر ئەم مژارە بڵاو بوونەتەوە، بە گشتی سەرنجیان لەسەر مێژووی ئەو وێژەیە چڕ کردووەتەوە، بە چاوێکی ڕەخنەییەوە لێیان نەڕوانیوە. ئەگەر هەندێک دەستکەوتیشیان دەستنیشان کردبێت، بە گشتی کەموکورتییەکەیان بە زاردا نەهاتووە. لە لایەکی ترەوە، دوایین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم مژارە ساڵی 1970 بڵاو بووەتەوە.[2] گەرچی لێکۆڵینەوەکان هەر لە یەکیەتیی سۆڤێت بڵاو بوونەتەوە، زۆربەیان وێژەی ساڵانی 1930-1940 دەگرێتەوە، کاتێک ئەو وێژەیە هێشتا تەواو نەخەمڵاوە.[3]
چەند وتارێک لە پارچەکانی کوردستان بڵاو بوونەتەوە، بە دەستمان گەیشتووە؛ زۆر لێی ورد نەبوونەتەوە، هەر سەرپێی هەڵیانسەنگاندووە.[4] لەم بارەیەوە فەرهاد شاکەلی دەنووسێت: “ئەگەرچی تا ئێستا گەلێ لێکۆڵینەوە لە بارەی مێژووی سیاسیی ئەو بەشەی نەتەوەی کوردەوە نووسراوە، بەڵام ئەو ئەدەبە کوردییە لەو بەشەی نیشتمانەکەماندا نووسراوە، بە تەواویی لە تاریکیدا ماوەتەوە و کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئاگادارییەکی یەکجار کەمیان لەبارەیەوە هەیە.”[5]
ئێمە لەم وتارەدا دیرۆکی پێشخستنی وێژەی کوردەکەمان لە یەکیەتیی سۆڤێتدا بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کردووە. قۆناغی یەکەم؛ کاتێک خوێندنگای کوردی لە گوندە کوردییەکان کراوەتەوە، دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە (RîyaTeze) کراوە، ئەو حکومەتە کۆمارییانەی کوردی لێ بووە پشتگیری زمان و چاند و وێژەی کوردییان کردووە. ئەم قۆناغە تا ساڵی 1938ی خایاندووە. قۆناغی دووەم؛ لە ساڵی 1938ەوە تا دوای مردنی ستالین، تا ساڵی 1955ی خایاندووە، کاتێک چاند و وێژەی کوردی لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت دەتگوت خۆڵی مردووی بە سەردا کراوە. قۆناغی سێیەم؛ لە ساڵی 1955ەوە وێژەی کوردی دەکەوێتە قۆناغی بووژانەوەوە، ناوی نوێ و شێوازی نوێی نووسین هاتووەتە ئاراوە، خۆی لە بانگەشەی سیاسی و کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ ڕزگار کردووە، بەرەو پیری وێژەی گشتیی کوردی چووە.
گەرچی ڕێژەی کورد لە یەکیەتیی سۆڤێتدا کەم بووە، بەڵام دەرفەتی بەردەستیان بۆ پێشخستنی زمان و وێژە و چاندی کوردی وەگەڕ خستووە. بە تایبەتی لە بواری وێژەدا هەنگاوی مەزن نراوە.
کاتێک باسوخواس دێتە سەر وێژەی کوردی یەکیەتیی سۆڤێت، دەبێت بەر لە هەموو شتێک وێژەی کۆماری ئەرمەنستان بە بیری خۆمان بهێنینەوە؛ چونکە 80-90٪ی کوردە ڕۆشنبیرەکانی یەکیەتیی سۆڤێت، بە تایبەتی ئەوانەی گیرۆدەی چاند و وێژەی کوردی بوون، خەڵکی ئەم کۆمارە بوون.[6] ئەم دیاردەیە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە؛ هۆکاری یەکەم ئەوەیە، بزاوتی نەتەوەی کورد هەمیشە لە ئەرمەنستان بە گوڕوتین بووە، پاشان لە حکومەتی کۆماری ئەرمەنستان باشتر پشتگیریی پێشخستنی زمان و چاند و وێژەی کوردی کراوە.
بەر لەوەی ڕۆ بچمە ناو لێکۆڵینەوە وێژەییەکەمەوە، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی ژیانی کورد ڕادەوەستم وا بوونەتە بناغەی دەرکەوتنی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێتدا.

دوای ڕێکەوتی 29ی 11ی 1920، سوپای سوور لە ئەرمەنستان سەری هەڵدا و حکومەتی سۆڤێت لەوێ دامەزرا. حکومەتی نوێ بڕیاری دا، خوێندنگا بە زمانی کەمەنەتەوەکان بکرێتەوە. بەم ئامانجە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی ئەرمەنی ئامادە کرا و هاوینی ساڵی 1921 کتێبی فێربوونی زمانی کوردی بە ناوی ”شەمس” لە ئەرمەنستان (شاری ئێچمیادزین) چاپ کرا. دانەری ئەلفبێی نوێ و کتێبی ”شەمس”، دۆست و دڵسۆزی گەلی کورد، لازۆ (هاکۆب خازاریان)، ئەرمەنییەکی پەنابەر و کوردیزان، بوو.
یەکەمین خوێندنگای کوردی هەر ئەو ساڵە لە هەتیوخانەی ئەشتەرەک (ئەرمەنستان) کرایەوە. نوورا عەگید ئاغا پۆلاتۆڤا و عەلیخانی سەردار شاگینۆڤ مامۆستای زمانی کوردی بوون.
ساڵی 1922، لە تبیلیسیی پایتەختی جۆرجیا، نووسەر و هونەرمەند و چالاکی کۆمەڵایەتی ئەحمەدی میرازی و لازۆ، خوێندنگای ئێوارانەی کوردی لە یانەی کرێکارانی کورد دەکەنەوە. زۆر ڕووناکبیر و سیاسەتمەداری کورد، لەوانە: قاناتی کوردۆ، چەرکەزی بەکۆ، قاچاغی مراد، سەمەند سیابەندۆڤ، تیتال مورادۆڤ لەو خوێندنگایە دەستیان بە خوێندن کردووە.
لەو چەند ساڵەدا خوێندنگای کوردی لە گشت گوندە کوردییەکانی ئەرمەنستان کراوەتەوە، هەروەتر، خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ کەسە بەتەمەنەکان کراوەتەوە. پێویستە بگوترێت، چونکە ڕێژەی خوێندەوار لە ناو کورددا ئێجگار کەم بووە، مامۆستای خوێندنگا کوردییەکان زۆربەیان ئەرمەنییە پەنابەرەکانی باکووری کوردستان بوون، کە زمانی کوردییان باش زانیوە.
ساڵی 1925، کۆنگرەی کوردانی قەوقازی باشوور لە حکومەتی ئەرمەنستان، داوای کردووە ئەلفبێیەکی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی دابنرێت، چونکە ئەو ئەلفبێیەی بە پیتی ئەرمەنی بوو لە زۆر شوێن قبووڵ نەکراوە.[7] پرسی ئەلفبێی نوێی کوردی لە جۆرجیا و ئازەبایجانیش گەنگەشە کراوە.[8]
ساڵی 1928، ئیسحاق مارۆگوولۆڤ و عەرەبی شەمۆ ئەو ئەرکە دەگرنە ئەستۆ و ئەلفبێی نوێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی دادەڕێژنەوە، سەرەتای ساڵی 1930، لە ئەرمەنستان و جۆرجیا بووە فەرمی، گشت خوێندنگا کوردییەکان چوونە سەر ئەو ئەلفبێیە. سا ئەو ئەلفبێیە لە ئازەربایجان و تورکمانستانیش قبووڵ کرا و تا ساڵی 1938 بەکار هێنراوە.
بۆ ئامادەکردنی مامۆستای زمان و وێژەی کوردی، ساڵی 1931 لە یەریڤان پەیمانگای پەروەردەی پشت قەوقاز کراوەتەوە[9]. نووسەری مەزنی کورد عەرەبی شەمۆ یەکەمین بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بووە.
ئاداری ساڵی 1930، دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەی کوردیی ”ڕیا تەزە” کراوە.
ئەم گۆڕانکارییانەی ژیانی کورد، بوونەتە هەوێنی سەرهەڵدانی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە گشتی و لە کۆماری ئەرمەنستان بە تایبەتی.
هەرچەندە چەند بەرهەمێکی وێژەیییش لە کتێبی ”شەمس”دا هەبووە، بەڵام وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە دەرکردنی ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە” دەستی پێ کردووە. نووسەرە کوردەکان یەکەمین بەرهەمەکانیان لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو کردووەتەوە، لە ڕێی ئەو ڕۆژنامەیەوە خوێنەرانیانیان دۆزیوەتەوە.
ڕاستە یەکەمین بەرهەمی وێژەیی بە زمانی کوردی، شانۆنامەی ”کۆچەکێ دەرەوین”ی عەرەبی شەمۆ، ساڵی 1931 بڵاو بووەتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین، وەرگێڕان بناغەی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت داناوە. لەو ساڵانەدا گەلێک بەرهەمی نووسەرە ئەرمەنییەکان کە مژاری زۆربەیان ژینی کوردان بووە، کراونەتە کوردی و بڵاو بوونەتەوە. ساڵی 1931 تا 1937، دەوروبەری 15 کتێبی وەرگێڕدراو لە ئەرمەنی و ڕووسییەوە چاپ کراوە. وەرگێڕەکانیان حەجیی جندی، ئەمینی عەبداڵ، جاسمی جەلیل، ڕووبێن درامپیان و قاچاغی مراد بووە.
ئەو وەرگێڕانانە بوونەتە ئەزموونێکی باش بۆ ڕسکاندنی نووسین و پێشخستنی زمانی نووسەکی.

ساڵی 1932، ئەمینی عەبداڵ، کەشکۆڵی نووسەرانی کورد بە ناوی ”ئەفراندنا ئەولین” بڵاو کردووەتەوە. بەرهەمی یەکەمین شاعیرە کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤێت، لەوانە حەجیی جندی، ئەمینی عەبداڵ، عەتاری شەرۆ و چەندینی دیکەی لە خۆ گرتووە. ئەو کەشکۆڵە وەرگێڕانی لە زمانی ئەرمەنییشەوە تێدا بووە.
زۆربەی شیعرەکانی ئەو پێڕە، پیاهەڵدان بە شانوباڵی دەوڵەتی سۆڤێت و سوپای سوور و سیستەمی سۆسیالیزم بووە. بڕێک شیعریشی دژی دابونەریتی کۆنی تێدا بووە.
دووەم کەشکۆڵ ساڵی 1934 بڵاو بووەتەوە. ژمارەی نووسەرانی ئەمەیان هەڵکشاوە. لە پاڵ شاعیراندا، چیرۆکنووسیشی تێدا بووە.
سێیەم کەشکۆڵ ساڵی 1936 بڵاو بووەتەوە، بە شارەزایی و لێهاتووییی نووسەری هەردوو کەشکۆڵەکەی پێشوو دانراوە. ئەم کەشکۆڵە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
ناوەڕاستی 30یەکان، بواری وێژەیی بە گشتی گەشاوەتەوە، ڕێژەی نووسەر و چاپبوونی پەڕتووکی کوردی برەوی سەندووە.
ساڵی 1935، عەرەبی شەمۆ پەڕتووکی ”شڤانێ کورمانجا” و ”کوردێ ئەڵەگەزێ” بڵاو دەکاتەوە. ڕۆمانی ”شڤانێ کورمانجا”، لە بەسەرهاتەکانی ژیانی دانەرەکەیەوە هەڵهێنجراوە و بە یەکەمین ڕۆمانی کوردی دادەنرێت. بە وەرگێڕانی گەلێک زمانیش بڵاو بووەتەوە.
دیسان ساڵی 1935، ئەحمەدی میرازی شانۆنامەی ”زەمەنێ چوویی” و وەزیری نادری شانۆنامەی ”ڕەڤا ژنێ”یان بڵاو کردووەتەوە.
بۆ یەکەمین جار لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا، لە شانۆنامەکەی ئەحمەدی میرازیدا، باسی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستان کراوە.
دیسان ساڵی 1935، ئەمینی عەبداڵ دیوانێکی شیعریی بۆ منداڵان بە ناوی ”بهار” بڵاو کردووەتەوە.
لە نێوان ساڵی 1935-1937، عەرەبی شەمۆ و حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵ و چەردۆی گەنجۆ و جاسمی جەلیل و وەزیری نادری و ئەحمەدی میرازی و عەتاری شەرۆ بەرهەمە وێژەییەکانیان بە چاپ گەیاندووە.

ساڵی 1932، بەشی نووسەرانی کورد لە یەکیەتیی نووسەرانی ئەرمەنستان دامەزراوە. لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ساڵی 1966، حەجیی جندی سەرۆکی بووە. دوای حەجیی جندی، کارلێنی چاچانی بووەتە سەرۆکی ئەو بەشە.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، ساڵی سییەکان، کورد سەرباری هەوڵەکانی ڕووبێن درامپیان و هۆڤاکیم مارگاریانی ئەرمەنی و ئیسحاق مارۆگوولۆڤی ئاشووری، بەرهەمە وێژەییەکانیان نووسیوە[10].
ساڵی 1929 تا 1937، پتر لە 70 کتێب بە زمانی کوردی لە ئەرمەنستان چاپ کراوە. 20 کتێبیان تایبەت بە خوێندنگا بووە.
وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی ساڵی 1930ەکان، زۆر جار بە (وێژەی هەتیوان) ناودێر کراوە. زۆربەی نووسەرەکانی ئەو سەردەمە: حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵ و جەردۆی گەنجۆ و جاسمی جەلیل و یووسفی بەکۆ و هەندێکی دیکە، لە هەتیوخانە گەورە بوون و لەوێ فێری خوێندنەوە و نووسین بوون.
هەندێکیان لە هەتیوخانەدا زمانی کوردییان لە بیر چووەتەوە. پاش گەڕانەوەیان بۆ ناو گەلەکەیان، سەرلەنوێ فێری کوردی بوونەتەوە. سا چونکە لەو سەردەمەدا خوێندەواری وەک ئەوان لەناو کوردانی ئەرمەنستاندا نەبووە، ناچار باری پێشخستنی زمان و چاندی کوردییان لە ئەستۆ گرتووە.
هەندێکیان بە گوێرەی خواستی سەردەمەکە بوونەتە نووسەر، ئەوانی دیکە، هەر لە مەیدانی نووسەرانی کورداندا بوونە، دەستیان بۆ پێنووس و نووسین نەبردووە.
لەمەڕ نەوەی نووسەرە کوردەکانی ئەرمەنستان، تۆماس بۆیس لە (ئەنسیکڵۆپێدیای ئیسلام)دا دەنووسێت:
(ئەوانەی سەرقافڵەی ئەم بوارە بوون، زۆربەی زۆریان ئێزیدییە پەنابەرە نەخوێندەوارەکانی تورکیا بوون. سوودیان لەو هەلومەرجە نوێیە کۆمەڵایەتییە وەرگرتووە و قۆستوویانەتەوە. کەمترین زانیارییان لەسەر چاندی ئیسلامی هەبووە، هیچ پەیوەندییەکیان بە دەستەبژێرە ڕۆشنبیرە کوردەکانی دیکەوە نەبووە، بەرهەمەکانیشیان زۆر جاران ئایدۆلۆژی بووە، بەڵام بە هونەری خوازەیی.)[11]

ساڵی 1934، لە یەریڤان، کۆڕی کوردناسی گێڕدراوە. سەرەڕای کوردناس لە کۆماری قەوقازی باشوور و تورکمانستانەوە، کوردناس لە مۆسکۆ و لێنینگرادیشەوە بەشداریی کۆڕەکەیان کردووە. لە کۆڕەکەدا پرسی پێشخستن و دامەزراندنی زمانی ستانداردیش تاووتوێ کراوە.
کۆڕەکە پێشنیاری کردووە پتر گوێ بە پێشخستنی زمانی کوردی و زاراوەی کوردیی ئەرمەنستان بدرێت، هەروەتر، بناغەی زمانی ستانداردی کوردی دابنرێت.
لەو ساڵانەدا هەوڵێکی بەپێز بۆ پەرەپێدان و چاپکردنی فۆلکۆری کوردی دراوە. ئەوەندە بەسە لێرەدا کتێبی (فۆلکلۆرا کورمانجا) وەبیر بهێنینەوە؛ ساڵی 1936 لە لایەن حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵەوە لە دووتوێی 663 لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە، گەلێک داستان و چیرۆک و سترانی کوردیی تێدا هەڵگیراوە[12].
بەرهەمی نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان بە ئاستەم ملیان بۆ داخوازیی سیاسەتی سەردەم داوە؛ وەک بڵێی گشتیان لەسەر سۆسیالیزم و ئازادی و یەکسانیی ژن و زۆرداریی چینی باڵادەست و مەیدانی نەهێشتنی دابونەریتی کۆنیان نووسیووە[13].
تۆماس بۆیس لەمەڕ وێژەی کوردیی ئەو ساڵانەوە دەنووسێت: (ڕاستە بەرهەمی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بە زمانی کوردین، بەڵام هەستی نەتەوەیییان تێدا نییە[14]. گەر بۆ نووسەرە کوردەکانی دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێت وڵات و نیشتمان خاکی کوردستان بووە، بۆ نووسەرە کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤێت نیشتمان گوندەکەی خۆیان بووە، ئەرمەنستان بووە، یەکیەتیی سۆڤێت بووە[15].)
دەکرێت تا ڕادەیەک پشتڕاستی ئەم لێدوانەی تۆماس بۆیس بکرێتەوە.

سەرەڕای کەموکورتیی لە لایەنی زمان و ناوەڕۆکەوە، نەوەی یەکەمی نووسەرانی کورد بە پاشخانێکی بەتاڵەوە کۆ بوونەتەوە تا بناغەی وێژەی کوردییان لە یەکیەتیی سۆڤێت داناوە و چەند بەرهەمێکی گرنگیان بڵاو کردووەتەوە. لە لایەنی زمانیشەوە هەنگاوی مەزنیان ناوە.
وەک دەبینین، وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە پاشخانێکی بەتاڵەوە، بەبێ هیچ ئەزموونێکی وێژەی کلاسیک و هاوچەرخی کوردییەوە، بە وەرگێڕان دەستی پێ کردووە و بێگومان کاریگەریی وێژەی لێوەرگێڕدراوی بەسەرەوە بووە، لەوانە وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی. ئەو کاریگەرییە بەر لە هەموو شتێک بە ناوەڕۆکەوە دیارە. لە وێژەی کوردیدا، وەک وێژە ناوبراوەکان، مژاری سەرەکییان پیاهەڵدان بە سۆسیالیزم و برایەتیی گەلان و ژیانێکی بەختەوەر بووە. هەر بۆیە وێژەی کوردی لەو ساڵانەدا لاواز بووە، ئەو فرەڕەنگی و فرەدەنگییەی لە وێژەی ئەرمەنی و ڕووسەکاندا هەبووە، لە وێژەی کوردیدا نابینرێت. ئەو دیاردانە لە وێژەی کوردیدا، دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەرکەوتوون.
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، زۆرینەی نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان لە هەتیوخانە گەورە بوون، بۆیە کوردییەکەیان لارولەوێر بووە. دەتوانین بڵێین زمانی یەکەمیان بووەتە ئەرمەنی. ئەمەیش لای هەندێکیان تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە. لەبەر ئەو کاریگەرییەی ئەو ساڵانەی زمانی ئەرمەنی لەسەر زمانی کوردی هەبووە، هێشتا هەندێک دەربڕین یەکسەر پێکهاتەی زمانی ئەرمەنیی تێدا دەناسیتەوە، هەر دیارە داڕشتنەوەکەی کوردی نییە.

بەرهەمەکانی عەرەبی شەمۆ و ئەحمەدی میرازی لە لایەنی زمانەوە سەرکەوتوو بوون.
هەروەها کاریگەریی وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی بە شێوازی هۆنینەوەی هۆنراوەیشەوە بەرچاوە.
وەک چۆن تۆماس بۆیس دەستنیشانی کردووە[16]، نووسەرانی نەوەی یەکەم دەستیان خستووەتەوە ناو داستانەکانی فۆلکلۆری کوردییشەوە (زۆر جاران بۆ کتێبی خوێندنگا)، داستانە فۆلکلۆرییەکانیان هێناوە و ناوەڕۆکەکەیان نەختێک گۆڕیوە (گێرەوکێشەی چینایەتییان تێ ئاخنیوە)، سەرلەنوێ بە شێوازی خۆیان دایانڕشتووەتەوە. پێویستە بگوترێت، لەو کارەدا سەرنەکەوتن. گێڕانەوەکانی ئەوان لە بیر چوونەوە، کەچی دیسانەوە فۆلکلۆر وەک خۆی بە پاکژی و ڕوونی مایەوە.
نموونەی گێڕانەوەی سەرکەوتووی فۆلکلۆر، دوای ساڵی شەستەکان دەرکەوتووە، بە تایبەت لە بەرهەمی ”ئوسڤێ نەڤییا” و ”خەونا میرمح”ی فێریکی یووسف.
ساڵی 1930 لە ئازەربایجان بواری بەرەوپێشچوونی زمان و چاندی کوردی ڕەخسابوو. لەو ساڵە تا 1938 لەو کۆمارەی سۆڤێتدا، دەوروبەری 30 کتێبی کوردی چاپ بووە، زۆربەیان کتێبی خوێندنگا بووە[17].
لە نووسەرە کوردەکانی ئازەربایجانی ئەو سەردەمە دەتوانین ئاماژە بە مووسەیب ئاخووندۆڤ بدەین[18].
لە تورکمانستان لە ساڵی 1930 تا 1938، تەنیا شەش کتێبی خوێندنگا چاپ بووە[19].
لە ئازەربایجان و تورکمانستان، دوای 1938 تا هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، هیچ کتێبێکی کوردی چاپ نەبووە.
لە ئەرمەنستانیش، وەک کۆمارەکانی تری یەکیەتیی سۆڤێت، ساڵانی زوڵم و زۆری ڕژێمی ستالین (1937-1938) تەگەرە خراوەتە بەرەوپێشچوونی زمان و چاندی کوردی. خوێندنگا کوردییەکان، پەیمانگای پەروەردەیی، ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە”، بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ، با بڵێین زۆربەی شتە کوردییەکان، بەدەر لە شانۆی کوردیی ئەڵەگەز، داخراوە. شانۆی کوردییش لە ساڵی 1947 داخراوە. چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردییش ڕاگیراوە.
ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی، وەک ”ئەلفبێی ئیمپریالیستان” ناودێر کراوە و ڕێ بە بەکارهێنانی نەدراوە. زۆر ڕووناکبیر و ناوداری کورد بە تاوانی بێبنەما خراونەتە زیندانەوە و ڕاگوێزران: عەرەبی شەمۆ، حەجیی جندی، چەردۆی گەنجۆ، ئەحمەدی میرازی، جانگیر ئاغا، شامل تێموورۆڤ…
بەشێکی کوردانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ساڵی 1937، ئەوانەی جۆرجیایش لە ساڵی 1944، بەرەو کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست ڕاگوێزران. ئیدی پاشەڕۆژ هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە.

دوای ساڵی 1938، کاتێک زمانی کوردی ڕێبەند کراوە، چەند نووسەرێکی کورد، لەوانە ئەمینی عەبداڵ و جاسمی جەلیل، بەرهەرمەکانیان بە وەرگێڕانی ئەرمەنی بڵاو کردووەتەوە
چونکە ئیدی ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی بەکار نەهێنراوە، ساڵی 1941 حکومەتی کۆماری ئەرمەنستان بڕیاری داوە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی کیریلی دابنرێت؛ ئەو ئەرکەیش بە حەجیی جندی ڕاسپێردراوە و تا ساڵی 1944 ئامادەی کردووە.
گەرچی زوڵم و زۆری ساڵی 1937-1938 ڕێیەکانی پێشوویان لە وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت گرتووە، چەند نووسەر و ڕووناکبیری کورد خراونەتە زیندانەوە، ڕاگوێزران، کەچی دیسانەوە نووسەرە کوردەکانی کۆماری ئەرمەنستان توانیوویانە دوو کەشکۆڵ (1948، 1954) بڵاو بکەنەوە و چرای وێژەی کوردی لە ئەرمەنستان بە هەڵکراویی بهێڵنەوە. لەو ساڵانەیشدا حەجیی جندی کۆمەڵەچیرۆکی ”سبا تەزە” (1947) و چەند بەرهەمێکی زانستیی لەسەر فۆلکلۆر بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە[20].

ساڵی 1955، زۆربەی ئەو دەزگای کوردییانەی سەردەمی دیکتاتۆریی ستالین داخرابوون، دیسان کرانەوە؛ سەرلەنوێ دەست بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە” و بەرنامە ڕادیۆییەکانی بە زمانی کوردی کرایەوە، بەشی نووسەرانی کورد بە ناو هەر مابوو، کارەکانی پتر گەشاندەوە، ڕێژەی چاپبوونی کتێبی کوردی زیاتر بوو.
هەرچەندە خوێندنگا کوردییەکان نەکراونەتەوە، بەڵام لە خوێندنگای گوندە کوردییەکاندا، لە پۆلی دوو تا هەشت، حەفتەی دوو کاتژمێر زمان و وێژەی کوردی خوێندراوە.
بۆ پێگەیاندنی مامۆستای زمان و وێژەی کوردییش، بەشی کوردی لە پەیمانگای پەروەردەی ئەرمەنی کراوەتەوە.

ساڵی 1959، لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستیی کۆماری ئەرمەنستان، بەشی کوردناسی کراوەتەوە. لەوێ دەست بە لێکۆڵینەوەی زمان و مێژوو و فۆلکلۆری کوردی کراوە. ساڵی 1968، بۆ ئامادەکردنی کادری کوردناسی، بەشی کوردناسی لە کۆلێژی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی یەریڤان کراوەتەوە.
دوادواییەکانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان گۆڕانکارییەکی مەزنی ئابووری و ڕامیاری بەسەر ژیانی کوردانی کۆماری ئەرمەنستاندا هاتووە، ئازادیی ڕادەبڕینیش زۆروزەبەند بووە. لەو ساڵانەدا ڕێژەی خوێندکاری کورد لە زانکۆکاندا زۆر زیاتر بووە.
ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی لە ژیانی کوردانی کۆماری ئەرمەنستاندا ڕوویان داوە، نووسەر وەزیری ئەشۆ بە ”ڕێنێسانس” ناوی هێناوە[21].
ئەم گۆڕانکارییانە هەستی نەتەوەیییان بەهێزتر کردووە، مژاری وڵاتی باوکوباپیران لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا بە مەردانە شوێنی خۆی گرتووە، ئەو بۆشایییانەی لەو بوارەدا هەبووە پڕی کردوونەتەوە. گەر پێشتر شیعری کوردی پەسندانی ژیانی ”شادی و بەختەوەری” بووبێت، پەسندانی یەکیەتیی سۆڤێت و سەرۆکە بچووک و گەورەکانی بووبێت، ئەمجارە بەرهەمی نوێ دەرکەوتووە، هەستی زیندووی مرۆڤایەتی لە وێژەی کورداندا جێی خۆی گرتووە[22].
لەمەڕ پرسی بەهێزکردنی هەستی نەتەوەییەوە؛ شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر، ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. ئەوە شۆڕشێکی نوێی بیر و باوەڕی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بووە.
هەرچەندە چەند ڕووناکبیرێکی کورد ئاگاداری شۆڕشی ئەیلوول بوون، لێ ئەو شۆڕسە بۆ کوردانی سۆڤێت لە هاوینی ساڵی 1963دا هەڵگیرساوە، کاتێک بۆ یەکەمین جار، یەکیەتیی سۆڤێت بە شێوازێکی ئاشکرا پشتگیریی گەلی کورد و شۆڕشی باشووری کوردستانی کردووە.
تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت باسی کوردیان دەکرد، تێکۆشانەکەیان بە ڕاست لە قەڵەم دەدا و پشتگیریی شۆڕشەکەیان دەکردن. چەند کتێبێکیش لەبارەی ئەو دیرۆک و سەرهەڵدانەی کوردەوە چاپ بووە.
بە هۆی یەکیەتیی سۆڤێتەوە، مەنگۆلیا پرسی کوردی بردووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ناسینی مافە نەتەوەییەکانی کورد و پشتگیریی شۆڕشەکەیان بۆ هۆشیاربوونەوە و خۆناسینی نەتەوەیی، لای کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت گوڕێکی مەزن بووە، هەستی کوردپەروەریی لە لایان بەهێز کردووە. دەتوانین بڵێین، بە بۆنەوەی ئەو شۆڕشەوە بۆ یەکەمین جار کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت وەک بەشێکی گشتی لە گەلی کورد خۆیان بینیوە.
ئەم وشیاربوونەوە نەتەوەییە لە کورتەماوەیەکدا کاردانەوەکەی دەرکەوتووە. خوێندکارە کوردەکان، پاییزی ئەو ساڵە لە یەریڤان، کۆمەڵەیەکیان بە ناوی ”کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد” دامەزراندووە. ئەوە لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت یەکەمین ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بووە، لەسەر بنەمای نەتەوەیی بنیاد نراوە.

ئامانجی کۆمەڵەکە، بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی کوردپەروەری لە ناو یەکیەتیی سۆڤێتدا بووە. پاش ماوەیەک لە تیبیلیسییش (پایتەختی کۆماری جۆرجیا) کۆمەڵەیەکی لەو شێوازە پێک هێنراوە.
زۆر سروودی نیشتمانپەروەری هۆنرایەوە و لە بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان بڵاو دەکرانەوە.
دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، ڕێژەی خوێنەری وێژەی کوردی هەڵکشابوو.
وشیاربوونەوە و خۆناسینی نەتەوەیی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر چاند و وێژەی کوردانی سۆڤێت داناوە. ئەمجارە مژاری کوردستان، تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا بابەتێکی سەرەکی بووە. ئەو بابەتە بەر لە هەموو شتێک لە شیعری کوردیدا دەرکەوتووە.
ئەم گۆڕانکارییانەی مژار و ناوەڕۆک، هونەرمەندی و شێوازی تازەی نووسینیان ویستووە.

نووسەرە کوردەکان ویستوویانە بە تەواویی لە کاریگەریی وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی ڕزگاریان ببێت و ئەمەیان بۆ چووە سەر. قاچاغی مراد[23] و فێریکی یووسف[24] و شکۆی حەسەن[25] بەرەو شیعری کلاسیکی کوردی گەڕاونەتەوە؛ لە ڕێی نوێکردنەوەی شیعری کلاسیکەوە ویستوویانە ڕێچکەیەکی نوێ بشکێنن. میکائیلی ڕەشید[26] فۆڕم و شێوازی شیعری ئەورووپیی هێناوەتە ناو وێژەی کوردییەوە، وەک بڵێی دەستێک جلوبەرگی کوردیی لەبەر کردوون.
ئەم گۆڕانکارییانە ئیدی لە دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکاندا، لە بەرهەمی چەند نووسەردا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە دەستپێکی شەستەکاندا، بە بەرهەمی فێریکی یووسف (چاڤکانی، 1961) و شکۆی حەسەن (قالچیچەک، 1961) لە وێژەی کوردانی ئەرمەنستاندا گەیشتووەتە ترۆپک.
لەو ساڵانەدا نەوەی یەکەم[27] زۆر بەرهەمی بەپێزیان گەیاندووتە دەستی خوێنەری کورد.
ساڵی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، سەرەڕای شاعیرە ناوبراوەکان، یووسفی بەکۆ[28] و سمۆی شەمۆ[29] و سهیدی ئیبۆ[30] و کارلێنی چاچانی[31] و عەگیدی شەمسی[32] و ڕزعالیی ڕەشید[33] و عەسکەری بۆیک[34] و تۆسنی ڕەشید[35] دیوانەشیعریان بڵاو کردووەتەوە. ساڵی 1971، چەرکەزی ڕەش[36] کتێبێکی بە ناوی ”شۆڕشا خەبەرا” بڵاو کردووەتەوە.
وێژەی کوردیی ئەو سەردەمە تایبەتمەندییەکی هەبووە؛ وەک دەزانین یەکەمین نەوەی نووسەرانی کوردی یەکیەتیی سۆڤێت لە هەتیوخانە، دوور لە کۆمەڵانی کورد گەورە ببوون، بەڵام دواییەکانی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکان، زۆر نووسەر هاتنە مەیدانەی وێژەی کوردییەوە، ئەوانەی لە گوندە کوردییەکاندا، لە کۆمەڵە کوردییەکاندا گەورە بووبوون، شێوازی بیرکردنەوەیان کوردییەکی پاراو بووە. گەرچی وشەی عەرەبی لە زمانەکەیاندا هەبووە[37]، بەڵام پێکهاتەکەی کوردی بووە، بەرهەمەکانیان بۆنوبەرامەی کوردی لێ هاتووە.
لەو ساڵانە میرۆی ئەسەد و سیامەند سیابەندۆڤ و خەلیل مورادۆڤ و ئۆردیخانی جەلیل دیوانەشیعریان بڵاو کردووەتەوە.

زۆر بەرهەمی منداڵانیش لە بەرهەمی نووسەرە کوردەکاندا هەبووە، بەڵام کتێبەکانی کارلینی چاچانی (شێر و کەو، 1961) و میکائیلی ڕەشید (پشکا من، 1965) و سمۆی شەمۆ (حکایات دەرحەقا بالچێمکێدا، 1971)، بە تایبەتی بۆ منداڵان بووە.
شەرەفی عەشیر دیوانی ساتیرە سەرنجڕاکێشەکانی بە ناوی ” گەزگەزک” (1979) بڵاو کردووەتەوە.
هەنگاوی گەورەیش لە بواری پەخشاندا نراوە. عەرەبی شەمۆ ڕۆمانی (بەربانگ، 1958)، (ژیانا بەختەوار، 1959)، (هۆپۆ، 1961) و (دمدم، 1965) بڵاو کردووەتەوە.
”بەربانگ” درێژەی ڕۆمانی ”شڤانا کورمانجا” بووە. ”دمدم” ڕۆمانێکی مێژووییە، باسی سەرهەڵدانی کوردە لە ساڵی 1608 تا 1610. حەجیی جندی ڕۆمانی ”هەواری”، عەلیی عەبدوولڕەحمان چیرۆکی ”خاتێ خانم” و ڕۆمانی ”گوندێ مێرخاسا” و ”شەڕێ ل چیا”، سهیدی ئیبۆ ڕۆمانی ”کوردێ ڕێوی”، عەگیدی خودۆ ڕۆمانی ”دێ و دێماری”، عەزیزی گەردەنزەری ڕۆمانۆچکەی ”فینجانا فەیفووری”، چاپ کردووە. ئەحمەدی میرازی کتێبیکی ”بیرئانیێن من” بڵاو کردووەتەوە، یەکەمین نموونەی وێژەی بیرەوەرییە لە وێژەی کوردانی سۆڤێتدا. بەداخەوە، ئەو کتێبە بەپێزە بە لێبڕینێکی زۆرەوە گەیشتووەتە دەستی خوێنەر.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم زۆرینەی ئێزیدییەکانی سەرحەد کوژراون، کۆچیان کردووە و هەڵهاتوون تا لە برسان نەمرن، دواتر گەیشتوونەتە ئەرمەنستان، یەکیەتیی سۆڤیت داڵدەی داون. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمەڵی کوردانی ئێزیدی داناوە و زۆر جار گێڕاویانەتەوە. هەر بۆیە لە بەرهەمی نووسەرە کوردە ئێزیدییەکان تووشی ئەم مژارە دەبینەوە. لە ڕۆمانی ”بەربانگ” و ”هەواری” و ”کوردێ ڕێوی”دا بەرەوڕووی دەبینەوە. لە ڕۆمانی ”ژیانا بەختەوار”ی عەرەبی شەمۆیشدا ئەو مژارە پانتاییەکی گرنگی داگیر کردووە. دەتوانین بەرهەمی ”بیرئانینێن من”ی ئەحمەدی میرازییش بخەینە پاڵ ئەم ڕۆمانانەوە.
هەرچەندە لە بواری ڕۆمانی کوردیدا هەنگاوی بەپێز نراوە، بەڵام دەستکەوتی گرنگ لە بواری کورتەچیرۆکدا هاتە ئاراوە. لەو ساڵانەدا سیما سەمەند (“غەزاڵ”، 1961، “دو شایی”، 1967، “گومان”، 1982)، سهیدی ئیبۆ (“دوریان”، 1964)، ئەمەریکی سەردار (“دەستێ دێ”، 1974، ”ئیدی دەرەنگ بوو، 1979 و ”دەنگێ دل”، 1984)، وەزیری ئەشۆ (“مزگینی”، 1976، ”دەنگبێژ کال ببوو”، 1982، ”پامپ-سیپان”، 1986)، خەلیل مورادۆڤ (“مۆریێ نەنێ”، 1969)، ئەحمەدی هەپۆ (“ئادار”، 1965، “ئەمر گول ڤەددە”، 1975)، بابای کەلەش (“نیشانی”، 1988)، عەسکەری بۆیک (“ل چیا”، 1991) کۆمەڵەچیرۆکیان چاپ کردووە، فرەدەنگی و فرەڕەنگی مژار و بابەتی نووسینیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.
دوای سەرلەنوێ خستنەوەگەڕی بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆی یەریڤان، چەند شانۆنامەیەکی ڕادیۆیی نووسراوە و لە ڕادیۆدا بڵاو کراوەتەوە.
دوایییەکانی ساڵی شەستەکان لە شاری تبیلیسی (جۆرجیا) و لە گوندی ئەڵەگەز (ئەرمەنستان) شانۆی کەلەپووری کوردی کراوەتەوە، شانۆنامە بۆ ئەو شانۆیانە نووسراوە. لەو شانۆنامانە: “زەواجا بێ دڵ”ی ئیسماعیلی دووکۆ، ”سنجۆ قیزا خوە دەدە مێر” و “مەم و زین”ی عەسکەری بۆیک و “سیابەند و خەجێ”ی تۆسنی ڕەشید وەک کتێب بڵاو بوونەتەوە[38]. ڕاستە بینەران پێشوازییەکی زۆریان لەو شانۆگەرییانە کردووە، بەڵام دیسانەوە شانۆنامە لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا لاواز بووە.

ساڵی 1982 تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، کەشکۆڵی ساڵانە بە ناوی ”باهارا تەزە”، دواتر بە ناوی ”باهار”، بڵاو بووەتەوە. چونکە چاپکردنی کتێبی کوردی سنووردار کرابوو و زۆر جاران نووسەر ساڵانێک چاوەڕێی چاپبوونی بەرهەمەکەی بووە؛ ئەو کەشکۆڵانە هەلیان بۆ نووسەران ڕەخساندووە تا بەرهەمە نوێیەکانیان بگەیەننە خوێنەران. بەرهەمی گشت نووسەرە کوردەکانی کۆماری ئەرمەنستان لەو کەشکۆڵانەدا جێیان گرتووە و هیی بەپێزیشیان زۆر تێدا بووە.
نەریتی وەرگێڕان لای نووسەرە کوردەکان تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت بەردەوام بووە. حەجیی جندی، سەرەتای سییەکان دەستی دابووە وەرگێڕان، ساڵی پەنجا و شەستەکانیش درێژەی پێ داوە. لە ساڵی شەستەکاندا ئەمەریکی سەردار، وەزیری ئەشۆ، عەگیدی خودۆ، فێریکی یووسف و چەند نووسەرێکی دیکە بە وەرگێڕانەکانیان وێژەی کوردییان دەوڵەمەند کردووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، لەو ساڵانە زۆر بەرهەمی نووسەرە کوردەکانیش بە زمانی ئەرمەنی و ڕووسی بڵاو بووەتەوە.
ڕەخنەگرتن هەمیشە بەشێکی لاوازی وێژەی کوردانی سۆڤێت بووە. زۆر جاران لێکۆڵینەوەی مێژوویی جێی ڕەخنەی گرتووەتەوە.
حەجیی جندی ساڵی 1954 و 1970 دوو کتێب لەسەر وێژەی کوردانی ئەرمەنستان بە زمانی ئەرمەنی بڵاو کردووەتەوە[39]. بەڵام ئەو بەرهەمانە ڕەخنەیان لە خۆ نەگرتووە. هەر وەک تۆماس بۆیس دەنووسێت، کاتێک باس دێتە سەر ڕەخنەی وێژەی کوردانی ئەرمەنستان، پێویستە بەر لە گشت شتێک ئەمەریکی سەردار وەبیر بهێنینەوە، کارێکی بەپێزی لەو بوارەدا کردووە. زۆرینەی وتارە ڕەخنەییەکانی لە ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە”دا بڵاو بوونەتەوە[40]. هەروەها وتارەکانیشی لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئەرمەنییەکاندا بڵاو بوونەتەوە.
لەو ساڵانەی دواییدا، چەرکەزی ڕەشیش لە ”ڕیا تەزە”دا چەند وتارێکی ڕەخنەیی نووسیوە.
ساڵی 1970-1980، بواری چاندیی کوردی لە جۆرجیا گەشاوەتەوە. شانۆی کوردی، کۆمەڵەی گۆرانی و گۆڤەند هاتووەتە مەیدانەکەوە، لە لایەنی شێوەکارییشەوە هەنگاو باش نراوە. نووسەری کورد عەزیزی ئیسکۆ و چەردۆی ئەسەد و باخچۆی ئیسکۆ و تهاری برۆ لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، بەشی نووسەرانی کوردیان لەپاڵ یەکیەتیی نووسەرانی جۆرجیا دامەزراندووە. بەڵام دیسانەوە بەرهەمەکانی خۆیانیان لە ئەرمەنستان بڵاو کردووەتەوە.
دوای ساڵی 1955، بە تایبەتی دوادواییی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکانی سەدەی بیست، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا هەڵدراوەتەوە. پەرەسەندنی چاندیی کوردی تەقلەیەکی نوێی بە وێژەی کوردی داوە، ناوی نوێ هاتووەتە ناو وێژەوە. بە دەرکەوتنی ئەو ناوانە، ئەو وێژەیە توانیوویەتی خۆی لە کەموکوڕییەکانی ساڵی سییەکان و چلەکان ڕزگار بکات، بووەتە خاوەنی ناوەڕۆکی فرەجۆر، خەمڵ و خەتێکی کوردانەی وەرگرتووە، خۆی لە درووشمی سیاسی و پیاهەڵدان پووچ و کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ داماڵیوە. لەگەڵ گۆڕینی ناوەڕۆکدا، شێوازی نوێنی نووسینیش دەرکەوتووە.

پەیوەندی لە نێوان نووسەرە کوردەکانی ناوەوە و دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێتدا چێ بووە. وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەرەو پیری وێژەی گشتیی کوردی چووە.
دوادواییی ساڵی هەشتاکان، دەتوانین بڵێین وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا، بووەتە خاوەنی زمانێکی تا ڕادەیەک ستاندارد.
بە بیروڕای ئێمە ئەم بەرەوپێشچوونە چەند هۆکارێکی هەبووە:
1. دوای مردنی ستالین و ئاشکراکردنی زوڵم و زۆری ڕژێمەکەی، ئازادیی ئاخاوتن و ڕادەبڕین زیاتر بووە.
2. ئەگەر بۆ نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان بڵێین بە هۆی بارودۆخی سەردەمەوە بوون بە نووسەر، لە کۆتاییی پەنجاکانەوە و دەستپێکی شەستەکانەوە، دەستەیەک نووسەر هاتوونەتە ناو وێژەی کوردییەوە، کە دەبوو ببنە نووسەر، وەک دەگوترێت: “خودا پێی دابوون.”
3. کوردناسانی لێنینگراد بە سەرۆکایەتیی قاناتی کوردۆ، بەرهەمی نووسەرە کلاسیکەکانی کوردیان وەک ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران و حاریس بەدلیسی و سڵێمان سەلیم و مێژوونووسی وەک شەرەفخانی بەدلیسی و خوسرەو خانی ئەردەڵانی و مەستوورەی ئەردەڵانی و مەلا مەحموودی بایەزیدی بە وەرگێڕانی ڕووسی بڵاو کردووەتەوە.
4. شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان و پشتگیریی ئەو شۆڕشەوە لە لایەن یەکیەتیی سۆڤێتەوە، هەستی نەتەوایەتیی لای کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەهێزتر و تۆختر کردووە، بابەتی کوردستان و تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە وێژەی کوردیدا بابەتی سەرەکی بووە.
5. پەیوەندی لە نێوان کوردانی ناوەوە و دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێتدا چێ بووە، ‘بەربەستی ئاسنین’ وردەوردە بەرز کراوەتەوە. بەرهەمی نووسەرە کوردەکانی ئەو سەردەمە، بەر لە هەمووی ئەوانەی جگەرخوێن، گەیشتوونەتە دەستی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی جاران. گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی لە ئەورووپا چاپ بووە، لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.
سەرنجەکانی کۆمەڵناس و کوردناس مارتین ڤان بروونسەن لەمەڕ هەڵسەنگاندنی وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتەوە سەرنجڕاکێشن. ئەو سەبارەت بە خەمڵاندنی وێژەی کوردانی باکوور لە ساڵی 1980کاندا، دەنووسێت: “پشکووتنی لەناکاوی نووسین و چاپەمەنیی کوردی لەوێ، حەقیقەتێکی دیکەی لە پشتەوەیە؛ کاریگەریی پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ کوردانی سۆڤێت. ئەوانەی دوایی، بە تایبەت لە ئەرمەنستان، توانیبوویان بەرهەمی باشی وێژەیی بڵاو بکەنەوە، بنجیان داکوتابوو. دوای نەمانی ستالینزم، کوردانی ئەرمەنستان (کە لەوێ نەتەوەیەکی بچووک بوون، ڕێژەیان نزیکی 50.000 کەس بووە) خاوەنی مافی چاندیی ئێجگار مەزن بوون، لەو ناوچەیەدا جێیەکی دیکە بۆ پشتگیریی بڵاوکردنەوەی کوردی هاتووەتە ئاراوە.”[41] درێژەی دەداتێ: “وێژەی کوردی و بواری چاندیی کوردەواری بە گشتی[42] دووراودوور گەشەی سەندووە، کەوتووەتە نێوان سێ تاراوگەوە؛ ڕۆژئاوای تورکیا، یەکیەتیی سۆڤێتی جاران و ڕۆژئاوای ئەورووپا[43].”

$ئەنجام$
وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت ڕێیەکی دوور و درێژی بڕیوە.
سەرەتای ساڵی 1930ەکان، چەند خوێندەوارێک لە کوردانی ئەرمەنستان هەبووە، بە پاشخانێکی بەتاڵەوە، لە ڕێی وەرگێڕان و دواتر بەرهەمی سەربەخۆوە، بنچینەی وێژەی کوردییان لەو کۆمارە و یەکیەتیی سۆڤێت داناوە، زمانی نووسینەکیی کوردییان پێش خستووە.
ساڵانی 1938 تا 1955، کاتێک ڕێ لە بەرەوپێشچوونی چاند و وێژەی کوردی گیراوە، نووسەرە کوردەکان دیسان چەند بەرهەمێکیان لە ئەرمەنستان بڵاو کردووەتەوە، چرای وێژەی کوردییان لە یەکیەتیی سۆڤێت بە هەڵکراویی هێشتووەتەوە.
ساڵی 1955 لە ئەرمەنستان دەست بە بووژانەوەی چاندیی کوردی بە گشتی و وێژەی کوردی بە تایبەتی کراوە. ئەو وێژەیە لە زۆر لایەنەوە خۆی لە کەموکوڕیی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەوە، هەروەهایش لە کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ ڕزگار کردووە. ناوی نوێ هاتووەتە ناو وێژەوە، ناوەڕۆک و شێوازی نوێ نووسینیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.
هەنگاوی بەپێز بۆ پرسی دانانی زمانی ستاندارد نراوە.
وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت، کە بەشێکی وێژەی گشتیی کوردییە، هێشتا چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی قووڵ و فرەلایەنە.

$پەراوێز$
[1] فەرهاد شاکەلی، تۆسنی ڕەشید، گۆڤاری ڕامان، ژمارە 89، 2004، #هەولێر#
[2] حەجیێ جندی، ئۆچێرکا ئەدەبیەتا کوردایە ئەرمەنستانا سۆڤێتێ، 1970 (بە زمانی ئەرمەنی)
[3] تۆماس بۆیس، 1955
[4]Ferhad Pirbal, Kurdish literature in the former Soviet Union Republic of Armenia, 2008.
[5] فەرهاد شاکەلی، هەمان سەرچاوەی پێشوو
[6]Zorabê Bûdî, The Kurds and the Caucasus. 2005
[7]خ. چاتۆیێڤ، 1965، ل 116
[8] هەمان سەرچاوە، ل 177
[9] هەمان سەرچاوە، ل 123
[10] هەمان سەرچاوە، ل 139
[11] The Encyclopedia of Islam, 1986, c. V, 483
[12]فۆلکلۆرا کورمانجا، 1936
[13] Thomas Bois, The Kurds, 1966, 133
[14] Thomas Bois, Coup d’œil sur la littérature kurd” 1955. 201-39
[15] هەمان سەرچاوە
[16] Thomas Bois, The Kurds,1966, 134
[17] ن. ڕزاییڤ، 2006
[18] ئاریستۆڤا، ت. ف.، 1966، ل194
[19] فەرهاد پیرباڵ، 2008
[20] کەر و کولکێ سڵێمانی سلیڤی 1941، شاخێن ئێپۆسا ‘کۆرۆخلی’یێن کورد. 1953
[21] وەزیرێ ئەشۆ، 1999
[22] تۆسنێ ڕەشید، 1996
[23] ‘’شەوق” 1959، ”گوڵپەری” 1963، ”باهارا تەزە” 1966 و ”گاڤا چارا” 1970، ”نارێ” 1977، ”حسرەتنەمە” 1984
[24] “جەڤکانی” 1961، ”گوڵا ئەڵەگەزێ” 1964، ”لیریکا” 1967، ”ئووسڤێ نەبییا” 1970
[25] “قاڵچیچەک” 1961، ”تەمبوورا کورد” 1965، ”مەرەمێ دڵی کورد” 1971 و ”پەروازا وەلات” 1977
[26] “دڵێ من” 1960، ”وەدە” 1966، ”شەمس” 1970، ”پەنجەرە” 1974، ”متاڵە” 1978، ”عیساف” 1984، ”ڕێدامە” 1985. میکائیلی ڕەشید لە هەتیوخانەی ئەرمەنییەکاندا گەورە بووە و لەوێ زمانی کوردیی لە بیر چووەتەوە. کتێبەکانی سەرەتای بە زمانی ئەرمەنی و ڕووسی چاپ کردووە.
[27] “گوڵیزەر” 1956، ”مەم و زین” 1959، ”شێعران و پۆیێمان” 1963
[28] “کەسکەسۆر” 1961، ”حسرەتا من” 1963، ”مێڤانێ ڕۆژێ” 1966، ”ئەفراندنێ تەزە” 1969، ”پایز” 1971
[29] “نوور” 1961، ”خەتێن حوبێ” 1967، ”ئەز و عێل” 1974، ”گوڵا گەلی” 1979، ”دڵێ بەنگی” 1989
[30] “قورنا من” 1963، ”بیست ساڵێ دن” 1970، “سینەم” 1975، ”ئازایی” 1988
[31] “گوڵ” 1960، ”دڵ و وەتەن” 1962، ”بەربانگا وەتەنێ من” 1967، “باقە تەڤ” 1972، “زەرێ” 1981، “زنێ” 1984، “ئازێ” 1988
[32] “شەمدین” 1964، ”هیڤەرۆن” 1967، ”حەسرێد بهارە” 1976، ”سمڵ” 1989
[33] “بەرب تەڤێ” 1965، ”خەم و خەیاڵ” 1979، “حەیر و گومان” 1989
[34] “شڤەرێ” 1966، ”کولیلکێ چیا” 1975، “تیرێنج” 1987
[35] “کڵامێ ڕێ” 1975، ”زۆزان” 1984، ”نیڤڕۆ” 1987
[36] “شۆڕشا خەبەرا”، 1987
[37] لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی جاراندا، هێشتا تووشی زۆر وشەی عەرەبی دەبینەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، ئەو وشانە لە زمانی گەلدا هەبووە، لە فۆلکلۆری کوردیدا هەبووە و ئەوانەی عەرەبییان نەزانیوە بە کوردییان داناوە. نووسەرە کوردەکان بەر لە هەموو شتێک دوورەپەرێزیان لە وشەی ڕووسی و ئەرمەنی گرتووە.
[38] ئیمساعیلێ دووکۆ، 1966. عەسکەرێ بۆیک 1978، عەسکەرێ بۆیک، 1990. تۆسنێ ڕەشید، 1988
[39] ح. جندی، 1954، 1970
[40] Thomas Bois, The Kurds, 1966, 136.
[41] Martin van Bruinessen, 2000.
[42] مەبەستی وێژەیە بە زاراوەی کورمانجیی ژووروو – ت. ڕ.
[43] هەمان سەرچاوە

$سەرچاوە$
ZorabêBûdî, The Kurds and the Caucasus. 2005.
Çatoêv, KurdênErmenistanaSovyêtê,Yêrêvan, 1965. (Bi zimanêrûsî).
The Encyclopedia of Islam, Leiden, E.S. Brill, 1986, c. V.
Folklorakurmanca,kitêbapêşin, berevkirin û hazirkirin H. Cindî û E. Evdal. 1936
NizameddinRzaev, www.kurdishmedia.com, 05.06.2006.
Arîstova, T. F., KurdênPişkavakazê, ‘Naûka’ Moskva 1966, (Bi zimanêrûsî).
FerhadPîrbal, The Kurdish literature in the soviet republic Armeni, The Kurdish Globe, 07 August 2008.
FerhadŞakelî, TosinêReşî, Kovara “Raman” N89, 2004, Hewlêr.
Thomas Bois, The Kurds,Khayats, Beirut, 1966.
Thomas Bois, Coup d’œil sur la littératurekurde” 1955. “Al- Machriq”, Mars-Avri.
WezîrêEşo, “Nûdem” N32, 1999.
Cindî, Edebyetakurdî li ErmenistanaSovyêtê, 1954 (bi zimanêermenî). OçêrkaedebyetakurdayeErmenistanaSovyêtê, 1970 (bi zimanêermenî).
OrdîxanêCelîl, PoêzîyaCegerxwînebajarvanîyê, 1966.
ÎsmaîlêDûko, “Zewacabêdil”, 1966. EskerêBoîk“Sincoqîzaxwedidemêr”, 1978, EskerêBoîk “Mem û Zîn”, 1990. TosinReşîd, “Sîyabend û Xecê”, 1988.
Martin van Bruinessen, Transnational aspects of the Kurdish question. Working paper, Robert Schuman Centre for Advanced Studies, European University Institute, Florence, 2000.

ئەم لێکۆڵینەوەیە ساڵی 2010 لە یەکەمین کۆڕی نێونەتەوەییی وێژەی کوردی لە شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندراوەتەوە.
ئەم وتارە لەم سەرچاوەیەوە بە کوردیی ناوەندی داڕێژراوەتەوە:
Wêjeyakurdî li YekîtîyaSovyetê, TosinêReşîd, Riataza.com, 29-11-2015 (Ji KurmancîboSoranî: Jiyar Homer)
ئەم بابەتە 865 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەڕی ژنەفتن - 16-05-2022
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 3
پۆل: کورتەباس
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: لێکۆڵینەوە
پۆلێنی ناوەڕۆک: وتار و دیمانە
جۆری دۆکومێنت: وەرگێڕدراو
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
وەرگێڕدراو لە زمانی: کرمانجیی سەروو
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
خاوەنی ئەم بابەتە بەسوپاسەوە، مافی بڵاوکردنەوەیی بە کوردیپێدیا بەخشیوە! یان بابەتەکە کۆنە، یاخود بابەتەکە موڵکی گشتییە.
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان عەلی )ەوە لە: 22-05-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 22-05-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 22-05-2022 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 865 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.157 KB 22-05-2022 زریان عەلیز.ع.

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
ئەحمەد شەماڵ
10-11-2008
هاوڕێ باخەوان
ئەحمەد شەماڵ
ژیاننامە
عەبدوڵڵا حەسەن زادە
21-11-2008
هاوڕێ باخەوان
عەبدوڵڵا حەسەن زادە
پەرتووکخانە
حەمەدۆک - بەرگی 4
16-06-2011
هاوڕێ باخەوان
حەمەدۆک - بەرگی 4
شوێنەکان
ئەبوغرێب
16-04-2014
هاوڕێ باخەوان
ئەبوغرێب
پەرتووکخانە
یاشار کەمال.. سترانبێژی ڕووناکی 1923-2015
09-04-2021
هاوڕێ باخەوان
یاشار کەمال.. سترانبێژی ڕووناکی 1923-2015
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ڤیدیۆ
دزینی سروودێکی نیشتمانی کوردیی و گۆڕینی بۆ سروودی نیشتمانیی ئێران
28-02-2024
شادی ئاکۆیی
ڤیدیۆ
ساتی دەرهێنانی شەهیدانی ئەشکەوتی داری خلە لە ساڵی 1991
27-02-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
(سەعدى) شاعير فارسێکى شيرازيى، يان کوردێکى هەورامى؟
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
شیلان گەیلانی
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
موسعەب ئەدهەم
27-02-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
کەریم حیکمەتی
27-02-2024
زریان سەرچناری
شوێنەکان
تل عەزێر
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
شوێنەکان
کۆمەڵگەی دووگر
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
ژیاننامە
نەرمین حوسنی
26-02-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
شوێنەکان
تل بەنات
26-02-2024
ئاراس ئیلنجاغی
ئامار
بابەت 510,635
وێنە 103,053
پەرتووک PDF 18,728
فایلی پەیوەندیدار 92,913
ڤیدیۆ 1,193

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.25
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.25 چرکە!