دەم تەڕی، کاسە وشک
وتراویشە: مێوان چاکی خانەخوێ خراپ، ئه و کەسانەی لە ماڵی خەڵکیدا خۆیان زۆر بە خانەدان و سەخی و نانبدە و دڵاوا و خوان ڕازاوە دەنوێنن و پڕ بەکراسیان خۆیان هەڵدەکێشن و زارپاراو و شیرینن، هێندە جوان دەچنە کەڵکەڵەی مەردومەوە، دێنە دڵەوە و لە خشتەت دەبن بە زمانە تەڕ و لوسەکەیانەوە، ئەوەندە باس لە باس وخواسی سەیر و سەمەرە دەکەن دەزانن کە قسەی گەورە و زۆر هیچ باج و زەکاتێکی لەسەر نییە، پڕ بە گەروویان خوانی ئەم و ئه و دەگێڕنەوە، نمونەی قۆناغ و دیوەخان و سفرەی جوان جوان و پڕ گۆشت و پڵاو دەخەنەڕوو، ئەگەر ڕێگات بکەوێتە ماڵیان ئەوا هێندە پوشت و قرچۆک و ڕژد و ڕەزیل و دەست قوچاون، خوان و سفرەیان پڕیەتی لە کاسەی بەتاڵ، کاسە دەفرێکی دارینە، ئەمانە لایەنی ڕاستەقینەی ئیدیۆمەکەن و هەردوو دژیەکی(تەڕ و وشک) لە نێوان(دەم و کاسە) ئه و ئیدیۆمە جوانەی لێ پێکهێنراوە وەک تانە و تەشەر و تەوس بە کەسێک دەوترێت کە لەماڵی خۆیدا هیچ خزمەتگوزارییەک لەسەر حسابی خۆی بۆ کەس پێشکەش ناکات و له ماڵی خەڵکیشدا زۆر بە خۆیدا هەڵدەدات و بەزاری شیرینەوە لە سفرە و خوان نزیک دەبێتەوە بۆ ئه و جۆرە کەسانە دەوترێت: دەم تەڕی، کاسە وشک.[1]