ڕۆڵی پاشگری (دار) لە وشەسازیی زمانی کوردیدا
مۆرفیمی (دار) لە زمانی کوردی ئەمڕۆدا، لە ڕوی فۆرمەوە بە دوو شێواز دەبیندرێت، یەکێکیان وشەیەکی سادەی واتادارە و لە فەرهەنگی زماندا تۆماردەکرێت، کە بە واتای ئه و دارە دێت، کە لەجیهانی دەوروبەرماندا هەیه و هەندێکیان بەردەگرن و هەندێکیان بێ بەرن، بۆ نموونە لە ڕستەیەکی وەک: (دارهەنجیرەکەم چاند.) دا، دەردەکەوێت، بەڵام شێوەکەی دیکەی ئەم مۆرفیمە پاشگرە و بە مۆرفیمی بەندی وشە داڕێژ دادەندرێت، کە ناو و ئاوەڵناوی داڕێژراو دروست دەکات، ئەم پاشگرە کە ناوی داڕێژراو دروست دەکات، واتای خاوەنداری و هەبوون دەگەیەنێت، وەک لەم نموونانەدا دەردەکەوێت:
دوکان + (دار) دوکاندار
(دوکاندار)، ناوی پیشەیە، بەواتای ئه و کەسە دێت، کە خاوەنی دوکانە.
سەر+ (دار) سەردار
سەرمایە + (دار) سەرمایەدار
کرد + (دار) کردار
ئەم پاشگرە، لەگەڵ هەندێ وشەی دیکەدا، ئاوەڵناوی داڕێژراو دروست دەکات، واتای خاوەنداری و هەبوونەکەشی تێدا دیارە، وەک: (ڕێزدار، دڵدار، وەفادار، پایەدار، زامدار، بریندار، ئەویندار، بۆندار، باڵدار...هتد).
لە زمانی فارسیدا، وشەی (دار)، واتای خاوەندارییەتی دەبەخشێت: (من دارم) واتا همە، یان خاوەنی ئەو شتەم.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا وشەی (دار) کە بەواتای داری ڕاستەقینە دێت، پەیوەندی هەیە، لەگەڵ پاشگری (دار)، کە خاوەنداریەتی دەبەخشێت، بەواتای ئەوەی، ئایا پەیوەندییەک لەنێوان دار و واتای هەبوونی و خاوەندارییەتیدا هەی؟ چونکە لە سەردەمی کۆندا، (دار)، سەرمایەکی باشی خۆگەرمکردنەوە و چێشتلێنان و کاروبارەکانی ناوماڵ و ژیان بووە، بۆ نموونە، ئەگەر سۆپای دارەکە، بۆ ئاگرکردنەوە داری لێ بڕابێت، گوتراوە(سۆپاکە بێدارە)، ئێستا وشەی (بێدار) لە زمانی کوردیدا، بەواتای هۆشیار و نەخەوتوو، بەئاگا و بەخەبەر، بەمانای بێدار و ماڵ و هەژاریش دێت. هەروەک لەم دێرە شیعرەدا، واتاکەی دیارە:
(قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆڵی ئەشکی بێ پایانی شەو).[1]