رانانێک بۆ ڕۆمانی تەنیا
مەحموود نەجمەدین
(تەنیا) ڕۆمانە تاقانەکەی ئۆژێن یۆنسکۆیە، ئاکۆ عەباسی وەریگێڕاوە بۆ کوردی، ئەمما بە کوردییەکی شیرین و ڕەوان، چێژ لەخوێندنەوەی دەبینی. ناوەندی چاپەمەنی خانیش بەدیزاینێکی جوان و ڕێک و پێک چاپیان کردووە. لەگەڵ ڕۆمانەکەدا پێشەکییەک نووسراوە و بابەتێک لەبارەی نووسەری ڕۆمانەکەوە دانراوە، لە نووسینی ڕیچاڕد شچێنێرە و نووسەر و وەرگێڕی بە توانا محەمەد ڕەمەزانی وەریگێڕاوە بۆ کوردی.
ئەم ڕۆمانە تاقانە ڕۆمانی ئۆژێن یۆسکۆیە، ئەو نووسەرەی چەندین بەرهەمی شانۆیی نووسیوە و زۆرتر بەشانۆنامە ناسراوە. ئەم بەرهەمە یەکێکە لەڕۆمانە جوانەکانی نێوەندی ئەدەبی دنیا. کاتێ ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە کارەکتەرە برسییەکەی ڕۆمانی برسیتی هامسۆنم بیرکەوتەوە. ئەگەرچی جیاوازن، کارەکتەری ڕۆمانی برسێتی کەسێکە بەدوای ناندا وێڵە، برسێتی بڕستی لێبڕیوە. بەڵام کارەکتەری ڕۆمانی تەنیا لەتێریدا دەگەڕێ و وێڵە بەدوای بەختەوەریدا، دەیەوێت بەو پارە زۆرەی کە بۆی ماوەتەوە ژیانێکی شاهانە و شایستە بەسەربەرێ. وەک وتم ئەگەرچی جیاوازن، بەڵام ئەوەی وای کردووە من ئەو هەستەم هەبێ ئەوەیە کە ڕۆمانی برسێتی گەڕانی کەسێکی برسییە بەدووی پارووە نانێکدا بۆ ئەوەی لەبرسا نەمرێ. لێ پاڵەوانی ڕۆمانی تەنیا کەسێکە لە تێریدا دەخوولێتەوە. ڕۆحی برسییە. سەرلێشێواوە، پارە سەری لێشێواندووە. ئەم پاڵەوانە کەسێکە وەک لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا هاتووە، هەر لەدێڕی یەکەمەوە گێڕانەوە ئاوا دەست پێدەکات سی و پێنج ساڵی، تەمەنی دەست هەڵگرتنە لەکار و هەڵات هەڵات... ئەم دێڕە سەرەتای سەرلێشێوان و بەدبەختی ئەو کارەکتەرەیە کە تا کۆتایی ڕۆمانەکە بەدبەخت دەبێ. دەنا سی و پێنج ساڵی تەمەن گەرمەی هێز و وزەی مرۆڤە بۆ کارکردن. لێ ئەو چون هیلاکی دەستی کارە و سیستمی کارکردنی بەدڵ نییە و پارەیەکی باشی وەکوو میرات دەستکەوتووە و ئەوە دەکات بە بیانو کە ئەو تەمەنەی ئەو بۆ ئەوە دەبێ دەست لەکار هەڵبگرێ لەدەستپێکی ڕۆمانەکەدا کارەکتەری گێڕەوە کە بەشێوازی تاکبێژی دەگێڕێتەوە و وێنەی ڕۆحی سەرگەردانی خۆی دەکێشێ. مرۆیەکی تەمەن سی و پێنج ساڵانە و لەکارکردن وەڕسبووە، بۆیە کاتێ پارەیەکی زۆری بەمیرات بۆ دەمێنێتەوە، یەکەم شت دەیکات دەستهەڵگرتنە لە کارەکەی تاوەکوو ئازاد بێت، بخەوێ، بگەڕێ و بخوات و کەس پێی نەڵێت چی ئەکەیت. ئەگەرچی گەنجە، بەڵام ئەو میراتەی لەپڕ دێتە بەردەستی دڵخۆشی دەکات و دەست لەکارەکەی هەڵدەگرێت. بەو پارەیە ڕادەبوێرێ و هەرچی پێیخۆشبێ دەیکات. دەم دەنێ بە شووشەی مەیەوە و ئەخواتەوە و سەرخۆش دەبێ و خۆشبەختی لە ژمێک نانی باشدا دەبینێ. خۆی دەکات بە چێشتخانەکاندا و کام خواردنە باشە و حەزی لێیە دەیخوات. دەخەوێ، بە ناو ماڵەکەیدا دەگەڕێ. عاشق دەبێ و لە عەشق وەڕس دەبێ. هەموو ئەو عاشقایەتییە ئاکامەکەی شکست دەبێ. سەرناگرێ. هەرچی ئەکات ناتوانێ ئاسوودەیی بەدەستبهێنێ. کار دەگات بەوەی ماڵەکەی بگۆڕێ. پێیوایە ئەگەر شوێنی نیشتەجێ بوونەکەی بگۆڕێت و بچێتە گەڕەکێکی تر ئاسوودە دەبێ، بەڵام واش سوودی نییە، ئەو میراتەی لەپڕ بۆی هەڵڕژاوە ئاسوودەی ناکات. ئاقیبەتی هەر تەنیا و نائارام دەمێنێتەوە. ژیانێکی بێ مانا بەسەر دەبات. هیچ مانایەک لە ژیانیدا نییە. تا دێت دەروونی نائارام تر دەبێ. هەر بۆیە ئەگەر پاڵەوانی برسێتی هامسۆن گەڕان و سەرلێشێوای گەدەی برسێتی بێت. گەڕان و سەرلێشێواوی پاڵەوانی ڕۆمانی تەنیا گەڕان و سەرلێشێوای ڕۆحێکی برسی و شەکەتە. ئەو دیمەنانەی لە ڕۆمانەکەدا هەن دۆخی پەشێوی دەروونی کارەکتەرەکەیە.
شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە بە تەکنیکی تاکبێژییە، گێڕەوە بۆ خۆی بکوژ و ببڕە هەموو شتێک خۆی دەیگێڕێتەوە. هەموو ئەو کەس و شوێن و وردە ڕووداوانەی لە ڕۆمانەکەدا هەن لە ڕێگای ئەو کارەکتەرەوە دەگێڕدرێنەوە. ناوبە ناو دیالۆگیشی تێدەکەوێ. بەڵام بەگشتی گێڕانەوە کارەکتەری سەرەکییە و بە ڕۆح و دەروونێکی ماندووەوە دەخوولێتەوە و دەگەڕێ و بەختەوەری نادۆزێتەوە، ئەو میراتەی لەبەڕکیدایە بەختەوەری بۆ بەدی ناهێنێ کۆی ئەو وێنانەی لە ڕۆمانەکەدان دیمەنی دەروونێکی نائارامی کارەکتەرەکەیە.
فۆڕمی ڕۆمانەکەیە ئازادە، بەش بەش نەکراوە، یان بەژمارە جیاکرابێتەوە، یاخود هەربەشە ناونیشانی خۆی هەبێ. تەواوی ڕۆمانەکە یەک بەشە. بەڵام لەو شوێنانەی دیالۆگ هەیە پسان دروست دەبێ و بەشێوازی دیالۆگ گێڕانەوە بەردەوامی هەیە. ئەم شێوازە لە گێڕانەوە سەختە و لەسەر وەستان و بیرکردنەوەی دەوێت. خوێندنەوەی وردی دەوێت. ئەم ڕۆمانەش لەو بەرهەمە ئەدەبیانەیە کە دەبێ لەسەرخۆ و بەوردی بخوێنرێتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی حەزیان بەم شێوازە لە گێڕانەوەیە ئەم ڕۆمانە تایبەتە، خوێندنەوەی چێژبەخشە. حەز دەکەیت لەنێویدا بمێنیتەوە لەگەڵ ئەو ڕۆحە پەشێوەی کارەکتەرەکەدا تا کۆتایی بڕۆی.
ئاکۆ عەباسی یەکێکە لەو وەرگێڕە باشانەی کە چەند بەرهەمێکی نووسەرانی ناوداری فەرەنسی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، لەوانە کۆمەڵ چیرۆکی باوەتوان-ی نووسەری ناوداری فەرەنسی مۆپاسانە بەهاوبەشی لەگەڵ ساسان ئاهەنگەری وەریانگێڕاوە. شانۆنامەی دادپەروەرانی ئەلبێر کامۆی وەرگێڕاوە بۆ کوردی.
ئۆژین یۆنسکۆ نووسەری ناوداری فەرەنسی لەساڵی 1909 لە سلاتینا- ڕۆمانیا لەباوکی ڕۆمانییە و دایکی فەرەنسی لەدایکبووە. ئەو نووسەرەی ژیانی لەسەردەمی دووجەنگە گەورەی جیهاندا بوو. ژیانی ئەم نووسەرە لەنێوان فەرەنسا و ڕۆمانیابووە، لەهاتوچۆدابووە. ئەم نووسەرە زۆرتر شانۆنامەی نووسیوە، تەنیا یەک ڕۆمانی نووسیوە، بەنێوی تەنیا. لەکارە شانۆییەکانی پێشانگای ئۆتۆمبێل ساڵی 1951، شانۆی وانە بەرهەمی هەمان ساڵی نووسەر. شانۆی سەرۆک ساڵی 1953، تابلۆ ساڵی 1955، برسێتی و تینوێتی... ئەمانە و چەندین شانۆیی دیکە. ساڵی 1973 ڕۆمانی تەنیای بڵاوکردەوە و لەساڵی 1994 لە تەمەنی هەشتا و چوار ساڵیدا مردووە.[1]