تەرمەکان مەلە دەکەن 01
نووسینی #دەشتی بەرزەواری#
2021.12.29
بەشی یەکەم
ئومێد هەمیشە بە ئومێدی هاتنی ڕۆژێکی پرشنگدارتر شەوانی تەنایی بەڕێ دەکرد، تا درەنگانی شەوێ ئەستێرەکانی دەژماد، جار جارەش لەگەڵیان دەدوا، ئەوانیش دەم نادەمێک دەبریسکانەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەستێرەکان هیواکانی ئومێدیش دەدرەوشانەوە، ئومێد بە بینینی ئەو دیمەنە زۆر دڵخۆش دەبوو، چونکە پێی وابوو ئەستێرەکان زەردەخەنەی بۆ دەسێننەوە، هەرچەند لە ئەستێرەکان ڕادەما هێز و تینی تازەی لە دەمارەکانی گەشەی دەکرد، پێی وابوو خۆر لە ئیشقی ئەستێرەکان گڕی گرتووە، بۆیە هێندە پرشنگدارە!
هەندێک جار بە خەیاڵ حەوت تەبەقەی ئاسمانی دەبڕی و دەچووە لای ئەستێرەکان، لەگەڵیان دەکەوتە گفتوگۆ، باسی خولیا و ئارزووەکانی خۆی بۆ دەکردن، ئەوانیش هێندە بە خولیاو ئارەزووەکانی ئەو سەرسام دەبوون، هەریەکێکیان یەکێک لە خولیا و ئارەزووە جوانەکانی ئەویان لە باوەشەگرت. ئومێد خۆی زۆر بە خۆشبەخت دەزانی چونکە هەر ئەسترەیەکی بە هەڵگری بەختێکی خۆی دەزانی. گەشترین ئەسترەی بە (شاژنەکەم) بانگ دەکرد، چونکە لای ئومێد ژن پێگەیەکی ڕۆحی هەبوو. ئەسترەیەکی تر بە ناوی دادەوەر بانگ دەکرد، چونکە ئەو پێی وابوو ئەگەر دادپەروەری نەبێت هیچ بونەوەرێک لەم سەرزەمینە دڵخۆش نابیت، چ ئەوەی بێ دادی دەکات چ ئەوەی بێدادی لە بەرامبەردا دەکرێت، هەردووکیان دڵتەنگ و نا ئارام دەبن. هەمیشە دەیووت تەنها دادپەروەری دەتوانێت باری نالەباری تەواوی مرۆڤ و باڵندە و ئاژەڵەکان هەتا دار و درەختەکان و سروشتیش ڕاست بکاتەوە. ئەستێرەیەکی تر ناوی بڕوانامەی باڵا بوو، ئومێد زۆر دڵی بە خوێندن خۆش بوو پێی وابوو خوێندن و خوێندەواری تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەدەست هەژاری ئەقڵ و سک ڕزگاری بێت، بۆیە هەمیشە بۆکارەکانی پرس و ڕاوێژی بە ئەستێرەی بڕوانامەی باڵا دەکرد، تاوەکو ببێتە ڕێنیشاندەری بۆ ئەوەی بزانێ چۆن هەنگاو بێنێ و چۆن ڕێبکات و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا بکات. ئەستێرەیەکی بچوک هەبوو زۆر جار بە ڕۆژیش دەبرسکایە ون نەدەبوو، ئومێد لە کوێ بوایە ئەویش لەوێ هەڵدەهات، دەیووت ئەو ئەستێرەیە هەر لە خۆم دەچێ، هەر چەندە بچوکە بەڵام لە تاریک و ڕوناکی بەردەوام دەبریسکێتەوە. ئا، ئا ڕێک لە خۆم دەچێ، منیش لە ڕۆژە ڕووناک و خۆشەکان دەگەشێمەوە خەندە و پێکەنین دەبەخشمەوە، لە ڕۆژە تارێک و ناخۆشەکان لە کاتی دڵتەنگیش خەندە لەسەر لێوەکانم ناتارێن، چونکە لە ناخمدا ئومێدێک دەژی، کە تا مردن دەست بەرداری نابم.
چەند ئەستێرەیەکيتر هەبوون، وەک ڕانە مەڕ دەهاتنە بەرچاو کە بە ڕێگادا بڕۆن و تۆز لە بەرپێیان هەڵبستێ. یەکێکیان لە هەموان گەشتر وگەورەتر بوو، ئۆمید ناوی لێ نابوو سەرۆک، ئەوانی تریش هەریەک ناوێکی لێ نابوون، ئەستێرەی حکومەت، ئەستێرەی وەزیران، ئەستێرەی پەڕلەمانتاران، ئەستێرەی سوپاسالار، ئەستێرەی داهاتەکان، ئەستێرەی بەخشین، ئەستێرەی ئاین، ئەستێرەی پیاو چاکەکان، ئەستێرەی باران، دیارە ئەستێرەکانی تر زۆر ورد بوون بۆیە وەک تەپوتۆزی بەرپێی ئەوانی تر دەهاتنە بەرچاو.
شەوێک ئومێد بە مەستی و حەیرانەوە لە چاوەگەشەکانی ئەستێرەی شاژنی دەڕوانی، وتیئەرێ شاژنەکەم کەی لوتف دەفەرمووی و لەم ئاسمانە بەرزە دێیتە خوارەوە بۆ هەتا هەتایە لە باوەشم ئۆقەرە دەگریت؟ تا دڵی بێ ئۆقرەم ئۆخەی دەکا و لەم تەناییە ڕزگارم دەکەی؟!
هێشتا ئەستێرەی شاژن دەمی لێک نەکردبۆوە، لە پڕ ئەستێرەیەک بەرەوخوار کشاو کەوتە ناو کاولی مەڕەکان ئومێد بەپڕتاو بۆ ناو کاولی مەڕەکان ڕایکرد بەڵام پێش ئەوەی ئومێد بگاتە سەر لاشەی لەت لەتی ئەستێرە کشاوەکە، سەگەرەش دەمی پێگەیشت و بە دوو سێ قەپ ئەستێرەکەی هەڵلوشی. ئومێد دەستی لە کلکی ئەستێرەکە گیربوو بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو سەگەرەش کاری خۆی کردبوو.
ئومێد لەکلکی بە جێماوی ئەستێرەکە ڕاما بۆی دەرکەوت ئەو ئەستێرەیەی کە گیانی لە دەستداو ئستێرەی دادپەروەری بووە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە دادپەروەری لە ئاسمانی ئەو سەرزەمینە نەما، هەر کەسێک
باسی داد پەروەری بکردایە سەگە ڕەش توڕە دەبوو پێی دەوەڕی.
نەک هەر خەڵک، بگرە ئەگەر ئومێدیش لەگەڵ دۆستێکی باسی داد پەروەری بکردایە سەگەڕەش شێت و هار دەبوو پەلاماری دەدان و دەبوو بە زوترین کات ئەو شوێنە جێ بڵێن دەنا سەگەڕەش لێکوپێکی دەکردەنەوە.
ئومێد تێگەیشت ئیتر لەمەو بەدوا نابێ بیر لە ئەستێرەی دادپەروەری بکاتەوە و بۆی خەمبار بێت، چونکە سەگەڕەش تەنها بەسەیر کردنی چاوەکانی ئومێد دەیزانی بیرلە چی دەکاتەوە، بۆیە ئومێد بریاریدا بیر لە یادگارییەکانیشی نەکاتەوە نەوەکو ڕۆژێک سەگەڕەش بیری بخوێنێتەوە پەلاماری بدات و کەلوکلۆمی بکات.
ماوەیەک بەسەر مەرگی ئەستێرەی دادپەروەری تێپەڕی، ئومێد هێدی هێدی لە گەڵ نەمانی ئەستێرەی دادپەروەری ڕاهات و لەگەڵ ئەوەی نەمانی ئەستێرەی دادپەروەری زۆر شتی گۆڕی، هیچ شتێک وەک خۆی نەما! هیچ شتێک بە دادپەروەری بەڕێوە نەدەچوو، بەڵام هێشتا ئومێد لە ژیان بێ ئومێد نەببوو.
ماویەتی..[1]