ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: مەلا عەبدوڵڵای پەرخی
ناوی باوک: کەریم میرزا
شوێنی لەدایکبوون:گوندی #ڕەزلەی# شارەدێی #بەرزنجە#
ساڵی لەدایکبوون: 1934
$ژیاننامە$
یەکەم: ناو و بنەماڵەی مامۆستا پەرخی:
مامۆستا ناوی (مەلا عەبدوڵڵا)ی کوڕی (کەریم میرزا)ی پەرخی، لە ساڵی (1353)ی کۆچی بەرامبەر (1934)ی زایینی لە گوندی (ڕەزلە) لەدایکبووە، کە سەر بە ناحیەی (سرۆچک)ە، کە بەناوبانگە بە (بەرزنجە)، ئەویش لەڕووی ئیدارەوە سەر بە شارۆچکەی #سەیدسادق#ە..
دووەم: چوونە حوجرەو بڕینی قۆناغەکانی مەلایەتی:
مامۆستا کاتێک تەمەنی دەگاتە (6-7) ساڵی لە خوێندنگای گوندی (پەرخ) کە گوندی (ڕەزلە)ش هەر بەشێکە لە گوندی (پەرخ) دەستدەکات بە خوێندنی بەشێک لە (قورئانی پیرۆز) لەلای (مەلا عەلی) مامی تا گرانییەکەی ساڵی (1942)، بەڵام خەتمی ناکات، ئیتر لەوەودوا بەهۆی گرانی و یارمەتیدانی ماڵی باوکی بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ماڵی باوکی، لە خوێندنی حوجرە دادەبڕێت، هەتا ساڵی (1948).
ساڵی (1948) بە فەرمانی باوکی دێت بۆ شاری #سلێمانی# بۆ خوێندنی مەلایەتی، دێتە مزگەوتی (شێخ سەلام) بۆ لای مامی، جا لە ماڵی مامیدا بۆ ماوەی (9) مانگ لە ماڵی (مامە عەبدولڕەحیم)ی دەمێنێتەوەو لەلای ئەم بەڕێزانە دەستدەکات بە خوێندنی (قورئانی پیرۆز) و هەمووی خەتم دەکات، ئەوانیش: مامۆستایان (مەلا سدیقی کوڕی مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) و (مەلا عەلی تاوەگۆزی) و (شێخ بابا عەلی).
مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) دەڵێت: لەلای مامۆستا (مەلا عەلی تاوەگۆزی) کتێبی (ئەحمەدی) و (ئیقبال نامە)ی مامۆستا (مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس)م خوێند.
لە ساڵی (1949) دا چوومە خزمەتی مامۆستا (مەلا محەمەدسەعید زۆراب)ی کۆلیتانی کە ئەو دەمە (موستەعید) بوو، بەشێک لە (عەوامیلی بورکەوی)م خوێند.
لە ساڵی (1950)دا چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا خالیدی کوڕی شێخ مستەفای موفتی) کە ئەو دەمە (موستەعید) بوو، کتێبی (عەوامیلی جورجانی)م بە تێروتەسەلی لە خزمەتیا خوێند.
لە ساڵی (1951) چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولمەجی کوڕی ساڵح عەبدولڕەحمان کانی سپیکەیی) بەشێک لە کتێبی (انموژج)م لەلا خوێند.
لە ساڵی (1951) دا چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولفەتاح نەسروڵڵا بناویانی ئاروزەری) ئەم کتێبانەم هەتا ساڵی (1953) لەلا خوێند: بەشەکەی تری (انموژج) و (اڤهار بورکه وی) و (تەصریفی مەلا عەلی) و (وچع استعارە).
لە ساڵی 1953 بەدواوە چوومە گوندی (مۆرتکە) لەلای (بازیان)، چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا حەمەومینی هۆمەرمەنانی) ویستم کتێبی (جامی) لە خزمەتیا بخوێنم، بەڵام فەرمووی: (مەلا عەبدوڵڵا)! تۆ کەسێکی زیرەکی پێویستت بە خوێندنی (جامی) نییە، بەڵکو خۆت بیخوێنەرەوە، جا ئەگەر ئیشکالێکت بۆ دروستبوو، یا لە شوێنێکا تێی نەدەگەیشتی، ئەوا ئاماژەیەکی لێ بدەو پاشان کە هاتیتە لام من بۆت شەرح دەکەم، لەبەرئەوە من پێم باشە تۆ کتێبی (کافیە) بخوێنیت.
مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) دەڵێت: شەوانە چەندجار هەتا کاتی خۆرکەوتن، کە لەسەرچۆک دانیشتبووم، لە سەربانی مزگەوتەکەی (مۆرتکە)، لەبەر خوێندنەوەو موتاڵەعەی کتێبی (جامی) و سەعی کردن تیایدا ئاگام لە کاتەکە نەدەماو تەنانەت ئاگام لە ئەژنۆکانیشم نەدەما، هەتا ئەوکاتەی خەریکبوو خۆر هەڵدەهات، بەڵام بەرلەوەی هەڵبێ بەپەلە نوێژەکەی بەیانیم دەکردو ئەوجا دەچوومەوە بە لای نان و خواردن و دەرس و دەورەکەمانەوە.
جا ئەوە بوو مامۆستا (مەلا حەمەومین) کتێبی (کافیە)ی پێ وتم هەتا ساڵی (1954).
لە ساڵی (1954) دا هاتمەوە بۆ سلێمانی، تا سێ مانگ لەبەر بێ شوێنی و مامۆستا هیچ دەرسێکم نەخوێند، ئیتر زۆر خەمبار بووم، جا لەبەرئەوە چوومە لای مامە (عەلی چایچی)م و سکاڵای حاڵ و وەزعی خۆم لەلا کردو پێموت: ئەگەر ئاوا بڕوا، ناچارم واز لە خوێندنی مەلایەتی بهێنم و بچمەوە بۆ لای باوکم و خزمەتی ئەو بکەم. مامە عەلیشم وتی: نا، پێویست بەوە ناکا، من هەر ئیمشەو دەتبەم بۆ لای مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان کۆڵ) کە لە سلێمانییە، جا لەگەڵ ماممدا چووین بۆ مزگەوتی (شێخ حسێنی قازی) کە ئەو دەمە مامۆستا ماوەی چەند ساڵێک لەوێ ئیمام و مودەریس بوو، جا کاتێک چووینە خزمەتی، کاتی دوای نوێژی ئێوارە بوو، وتی: کاکە مەلا! تۆزێ چاوەڕێم بکەن هەتا لە زیکرو ویردە کانم دەبمەوە، ئەوسا دێمە خزمەتتان. جا مامۆستا دوای تەواوبوونی ویردەکانی تەشریفی هێنایە لامان و مامیشم حاڵ و مەسەلەی منی تێگەیاند، مامۆستایش فەرمووی: با نەڕواتەوە، یەکسەر بچێتە ئەو حوجرەیەی مزگەوت و لێرە دامەزرێ بۆ خوێندن، ئیتر زۆر دڵم خۆشبوو، بەو ئیستیقبالە گەرم و گوڕەی مامۆستا، هەزاران ڕەحمەتت لێبێت ئەی مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان).
ئیتر ساڵی (1955) بەدواوە هەتا ساڵی (1958) ئەم کتێبانەم لە خزمەتی مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان کۆڵ) دا خوێند، (فەنناری) و (عەبدوڵڵا یەزیدی) و (موختەصەر) و (لب ئسوول) و بەرگی یەکەمی (جمع الجوامع).
ئینجا لە ساڵی 1958 چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) کە ماممە لە مزگەوتی (شێخ سەلام) ئەم کتێبانەم لەلا خوێند: بەرگی دووەمی (جمع الجوامع) و (تهژیب الکلام).
سێیەم: وەرگرتنی ئیجازە عیلمی و بوون بە ئیمام:
لە ساڵی (1960) دا لە خزمەت مامم مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) دا ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرت و لە بەرواری (21-6-1960) دا بەفەرمی لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی عێراقەوە کرام بە پێشنوێژی مزگەوتی (بن تەبەقی هەرمنی) و لەوێ بۆ ماوەی (15) ساڵ مامەوە، واتا هەتا ساڵی (1975) کە چوومە دەرەوەو بووم بە پێشمەرگە، من لەسەر ئەو وەزیفەیە بەردەوام بووم.
چوارەم: وێنەی ئەو (مۆڵەتنامە زانستیەی) کە زنجیرەی مامۆستایانی (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) تێدایە هەتا سەرخۆی:
ئەم ئیجازە نامەیەم لە مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) وەرگرتووە، کە ئەویش لە مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) مامی وەریگرتووە، ئەمیش لە مامۆستا (مەلا شێخ عومەری قەرەداغی) وەریگرتووە کە ناسراوە بە (ئیبنولقەرەداغی).
پێنجەم: مامۆستاکانی (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی):
مامۆستا لە ژیانی خوێندنی حوجرەو مەلایەتیدا چەند مامۆستایەکی هەبووە، ئەمە ناویانە:
1- مەلا عەلی (مامی): مەلایەتی تەواو ناکاو دواتر دەبێتە چایچی.
2- مامۆستا (مەلا عەلی تاوەگۆزی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە.
3- مامۆستا (مەلا محەمەد سەعید زۆراب): ئەو دەمە (موستەعید) بووە.
4- مامۆستا (مەلا خالید شێخ مستەفای موفتی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە.
5- مامۆستا (مەلا عەبدولمەجید ساڵح عەبدولڕەحمان کانی سپیکەیی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە.
6- مامۆستا (مەلا عەبدولفەتاح نەسروڵڵا بناویانی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە.
7- مامۆستا (مەلا محەمەد ئەمین حەمە کەریم ڕەشانی): ئەو دەمە (ئیمام و مودەڕیس بووە لە مزگەوتی گوندی (هۆمەرمەندان).
8- مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان کۆڵ): ئەو دەمە لە مزگەوتی (شێخ حسێنی قازی) (ئیمام و مودەڕیس) بووە.
9- مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) مامی: ئەو دەمە لە مزگەوتی (شێخ سەلام) (ئیمام و مودەڕیس) بووە.
شەشەم: خوێندکارەکانی مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی):
مامۆستا دوای ئەوەی کە دەبێتە مەلایەکی باش و سەرکەوتوو دەستدەکات بە وتنەوەی وانەی زمانی عەرەبی و وانەکانی شەرع، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد هەتا مامۆستایان (مەلا عەبدوڵڵا چروستانی) و (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) و (مەلا ئەسعەدی مەحوی) و مامۆستایانی تر لە ژیاندا بوون، ئەم ئیجازەی عیلمی بە کەس نەداوە، بەڵام دوای مردنی ئەو مامۆستایانە، ئیتر لەبەر ناچاری و نەبوونی مامۆستایانی موجیز ئەو هەستاوە بەو کارە، ئەو کەسانەیش کە مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) ئیجازەی عیلمی پێداون بریتین لە:
1- مەلا تاهیری کوڕی محەمەد ئەمینی کوڕی عەزیز: خەڵکی لای چەمچەماڵ.
2- مەلا شێخ نەجمەدین: پێشنوێژی مزگەوتی (شەمساوا)، کە ئێستا سەرۆکی لقی سلێمانی (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان)ە.
3- مەلا عەباسی گاپیڵۆنی: کە ئێستا جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی (یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان)ە.
4- دکتۆر صەڵاحەدین سایر فەرحان ئەلعوبەیدی: کە لە (زانکۆی سلێمانی) موحازەرەی دەدا.
5- مەلا عەبدولقادر ئەحمەد: پێشنوێژو وتارخوێن لە سلێمانی.
6- مەلا عومەری کوڕی فەقێ محەمەدی کوڕی ڕەسوڵ: ناسراو بە (مەلا عومەر چنگیانی).
7- مەلا جاسم محەمەد کەلاری: ئێستا پێشنوێژو وتارخوێنە لە شارۆچکەی کەلار.
8- مەلا محەمەد صدیق: ئێستا پێشنوێژو وتارخوێنە لە شاری سلێمانی.
9- مەلا محەمەد باریکەدەری: ئێستا کۆچی دوایی کردووە.
هەروەها ئەو خوێندکارانەش کە لەلای مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) خوێندوویانەو بەڵام ئیجازەنامەیان لەلا وەرنەگرتووە، بریتین لە:
1- دکتۆر صەڵاح عەبدوڵڵا کاک ئەوڵا: مامۆستای زانکۆی خانیشە.
2- عەبدولقادر محەمەد ڕەسوڵ چنگیانی: برای مەلا عومەر چنگیانی.
3- ئەحمەد عەبدوڵڵا سەنگاوی: کۆچی دوایی کردووە.
4- صدیق عەبدولواحید: کۆچی دوایی کردووە.
5- مەلا عومەری نیزامی: پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی (بێخود) لە سلێمانی.
6- عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا: خەڵکی گوندی (شاناخسێ) لای شارباژێڕ، ئێستا بەڕێوەبەری خوێندنگایەکی ناوەندییە لە سلێمانی.
7- شێخ بەهائەددین: پێشنوێژ لە مزگەوتی (نەقشبەندی) لە سلێمانی.
8- عومەر شەریف شاناخسێیی.
9- خوێندکارەکانی (پەیمانگای ئیسلامی) کە لە ساڵانی (1965) بۆ (1975) وانەی ئایینیم پێ وتوونەتەوە.
10- خوێندکارەکانی (خوێندنگای شافیعی) کە لە ساڵانی (1990) بۆ (1999) وانەی ئایینیم پێ وتوونەتەوە.
حەوتەم: ئەو مزگەوتانەی کە مامۆستا تەنها پێشنوێژی تێدا کردوون:
1- مزگەوتی (بن تەبەقی هەرمنی): لە (21-6-1960) هەتا ساڵی (1973).
2- مزگەوتی (ئیسکان) یان (عومەری کوڕی خەتتاب): ساڵی (1973) هەتا (1975).
3- مزگەوتی (شێخ سەلام): ساڵی (1975) هەتا (1984).
4- مزگەوتی (حاجی ئەحمەدی کەریم ئاغا): ساڵی (1984) هەتا (2005) کە خانەنشین بووە، دواتر بە (گرێبەست) دەگەڕێتەوە بۆ سەر وەزیفەکەی خۆی لەهەمان مزگەوتی ناوبراودا.
هەشتەم: ئەو مزگەوتانەی کە مامۆستا وتاری تێدا خوێندوەتەوە:
1- مزگەوتی (شێخ سەلام): لەکاتی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی (گەورە)دا بۆ ماوەی سێ ساڵ وتاری جومعەی تێدا داوە.
2- مزگەوتی (ئیسکان) یان (عومەری کوڕی خەتتاب): ساڵی (1973) بۆ (1975)، کە پێشتر ناوی مزگەوتی (عەبدولڕەحمان عارف) بووە، نزیکەی ساڵ و نیوێک وتاری جومعەی تێدا داوە، بۆیە نەقڵ کراوە بۆ ئەم مزگەوتە، چونکە (مەلا عەلی کوڕی مەلا محەمەدی مامۆستا مەلا بەهائەددین) کە لە مزگەوتی (موسەییەب) خەتیب بوو، بەدیلی دەست نەدەکەوت بۆ جێگەکەی خۆی، بۆیە ئەوقاف بڕیاریدا هەتا ئەو خەتیبێکی دەستدەکەوێت بۆ مزگەوتەکەی خۆی، مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) لە مزگەوتی (ئیسکان) وتاری ڕۆژانی جومعان بدات.
3- مزگەوتی (عومەری کوڕی خەتتاب): کاتێک (شێخ موحسینی شێخ خالید) بووە بە سەرباز، مامۆستا جارێکی تر نەقڵ کرایەوە بۆ ئەو مزگەوتە، ئیتر لەوێ وتاری ڕۆژانی جومعەی داوە هەتا مامۆستا (شێخ موحسین) لە سەربازی ڕزگاری بوو.
4- مزگەوتی (خانەقای مەولانا خالید) (1989): ئەو دەمەی مامۆستا (مەلا ئەحمەدی خانەقا) لەلایەن مودیرییەتی ئەمنی سلێمانیەوە لە ساڵی (1989) لەسەر هەڵوێستە جوامێرو ئیسلامیەکانی دەستگیر دەکرێت، مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) وتاری ڕۆژانی جومعە دەدات هەتا مامۆستا (مەلا ئەحمەد) ئازادکرا.
5- مزگەوتی (عەبدوڵڵا لوتفی) (1984): کاتێک مامۆستا (مەلا فایەق) خانەنشین کرا.
6- مزگەوتی (بەختیاری) (1996-1997): بۆ ماوەی شەش مانگ لەم مزگەوتەدا وتاری ڕۆژانی جومعەی داوە، مامۆستا لە بەرواری (12-2-1997) نەقڵ دەکرێت بۆ مزگەوتی (حاجی ئەحمەد کەریم ئاغا).
7- مزگەوتی ئاشتی.
نۆیەم: نووسین و دانراوەکانی مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی):
مامۆستا لە ژیانی خۆیدا توانیویەتی تەنها یەک کتێب بنووسێت، ئەویش لەبارەی چیرۆک و بەسەرهاتی پێغەمبەرو هاوەڵانەوەیە، کە لەسەر شێوەی شیعر دایڕشتووە بە ناوی (المنڤومە العبیرە فی القصص و السیرە) ساڵی (2003) لە چاپخانەی (شیڤان) لە سلێمانی بە چاپی گەیاندووە.
دەیەم: چوونە ژیانی هاوسەرییەوە:
مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) لە ساڵی (1959) ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو لەو هاوسەرەی خوای گەورە سێ کوڕو سێ کچی پێداوە، کە ئێستا هەموویان ژیانی هاوسەریان پێکهێناوەو خاوەن ماڵ و منداڵی خۆیانن، کوڕەکان خاوەن بڕوانامەی دکتۆران لە بوارە جیاجیاکاندا، کچەکانیش دووانیان دەرچووی ئامادەیین و ئەوەی تریشیان لە ژنی ماڵەوەیە.
یانزەیەم: ئەو پۆستانەی کە مامۆستا لە ژیانیدا وەریگرتوون:
مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) لە ژیان و تەمەنی خۆیدا ئەم پۆستانەی وەرگرتووە:
1- ئەندامی لیژنەی (ئەنجومەنی زانستی) لە هەولێرو سلێمانی (1990-1999).
2- ئەندامی لیژنەی باڵای (فەتوای هەرێم) سەر بە (یەکێتی زانایانی ئیسلامی) ساڵی (1992-2015).
3- ئەندامی دامەزرێنەری (ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان)دا، بۆ ماوەی دوو کۆنگرە ئامادەی ئەم ڕێکخراوە بووم و ئیشم لەگەڵدا کردوون.
م.مەلا عەبدوڵڵا پەرخی
ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم
[1]