بابەت: وتار
نووسین: بەختیار حەمەسوور
لە ئەلبوومی بنەماڵەدا، وێنەکان کپ و خامۆش بە کەنار یەکەوە دانراون. ئەلبووم، ناوێکە و خەریکە دەبێت بە ئەنتیکە و بابەتی فۆلکلۆریی و لەبری ئەوە هارد، میمۆری و ئایپاد و فلاش شوێنی دەگرنەوە. لە ماڵی باوکم ئەلبوومێکی گەورە هەیە، هەموو ئارشیفی بنەماڵە لەو ئەلبوومەدایە، دایدەگرم، قورسە، تۆزی زەمەن و بیرەوەری لەسەری نیشتووە، دەیکەمەوە و فۆتۆکان لە نیگام نزیک دەکەمەوە؛ وێنە قاوەیی و ڕەشوسپییە کۆنەکان، لە سەردەمە دوور و دوورەدەستەکانەوە، نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە. بۆنی مردن دەگاتە چاوم! دەنگ و ڕەنگی مردووان لە ئەلبوومەکە دێنە دەرەوە و لە ساتێکدا ژوورەکە پڕ دەبێت لە ئەڕواح. فەرامۆشکراوان شەڕی دژبەفەرامۆشی دەکەن. لە وێنەیەکدا، باوکم خەریکی ئاگرکردنەوەیە و هەردوو دەستی بەسەر کۆمەڵێک پووشدا ڕاگرتووە، با نابینرێت، بەڵام وێنەکە ململانێی با و باوکم دەگێڕێتەوە. لە وێنەیەکی تردا، دایکم ڕەفتەیەکی سەوزی بەسەر شانەکانیدا داوە و وەک شاژنەکان ڕاوەستاوە، بۆ هەمیشە ڕاوەستاوە و تەماشای کادری کامێرا دەکات. لە وێنەیەکی قاوەیی و کەمێک پواودا، بەشێک لە خوشک وبراکانم، خۆگۆڕیو و خۆجوانکردوو، بۆ کامێرا پێدەکەنن و دڵخۆشن. وێنەکان زۆرن و بیرەوەرییەکان زۆرتر، نووسین دەرەقەت نایەت. ڕووخسارەکان یادەوەری و زەمەنی لەدەستچوو دەگوازنەوە، زەمەنێک هەمووان بە تەنیشت هەمووانەوە بووین و شتێکمان تۆپەڵ و خڕ و کەڵەکە دەکرد؛ شتێک کە ئێستا قورس و قایم فشار و گوشار دەخاتە سەر سینگ و زەین. وێنەکانی بنەماڵە هەریەکە و ساتێک، شوێنێک، چرکەیەک تاپۆ و تۆمار دەکەن، من و دنیای من و ئێستای من لە نۆستالژیایەک بەئاگا دەهێننەوە، کە هاوشان و هاوسێیە بە هەستی مردن و نەمان. ئەم هەستە هێندە تۆخ و کاریگەرە، تەنانەت لە وێنەی کەسە زیندووەکانیشدا، چییەتیی و بوونی مەرگ، ترس و لەرز و هەناسەی سارد بە وجوود دەهێنێت.
[1]