ئاراس محەمەد ساڵح
ئاراس محەمەد ساڵحئاراس محەمەد ساڵح
نازناو: (ئاراس محەمە ساڵح بارام) ە لەبەر ئەوەی لە بەڵگەنامە رەسمیەکاندا ناوی باوکی بە (محمد صالح) نوسراوە، هەربۆیە ئەمیش هەموو کات ناوی باوکی بە (محمد صالح) دەنووسێت..
لە سەرەتای بەهاری ساڵی (1970) لە ناوچەی
بازیانبازیان لە دایک بووە.
لە ساڵی خوێندنی (1976-1977) چووەتە قوتابخانەی گوندەکەیان، هەتا قۆناغی پێنجەمی سەرەتایی لەو گوندەدا تەواوکردووە، قۆناغی شەشەمی سەرەتایی لە ساڵی خوێندنی (1983-1984) لە ئۆردوگای ئەڵڵایی تەواوکردووە.
لە ساڵی (1984) ماڵیان چووەتە
سلێمانیسلێمانی و لە گەڕەکی شێخ محێدین نیشتەجێبوون، قۆناغی ناوەندی لە (ناوەندی زانیاری کوڕان) لە نێوان ساڵانی (1984-1987) تەواوکردووە، قۆناغی ئامادەیی لە (ئامادەیی ڕۆشنبیری کوڕان) لە سلێمانی لە نێوان ساڵانی (1987-1991) تەواوکردووە، لە ساڵی (1991) لە قۆناغی شەشی ئامادەیی بووەو لە کۆڕەکەدا لە ناوچەی
پێنجوێنپێنجوێنەوە گەڕاوەتەوەو تاقیکردنەوەی کردووەو دەرچووەو لەسەر خواستی خۆی لە ساڵی (1992) چووەتە کۆلێجی شەریعەی زانکۆی
دهۆکدهۆک، لە ساڵی خوێندنی (1995-1996) تەواوی کردووە.
لە ساڵی خوێندنی (1998-1999) لەسەر میلاکی پەروەردەی سلێمانی بە مامۆستای زمانی عەرەبی دامەزراوە، ماوەی ساڵێک لە شارەدێی سورداش مامۆستا بووە.
لە ساڵی 2001 بڕونامەی ماستەری وەرگرتووە.
لە ساڵی 2005 بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە.
لە ساڵی (2004) لە بەشی خوێندنی ئیسلامی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی بووەتە مامۆستا، لە ساڵی (2011) لە هەمان کۆلێج پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر وەرگرتووە، لە ساڵی (2019) بووەتە پرۆفیسۆر، هەتا ئێستا مامۆستایە لە کۆلێجی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سلێمانی.
وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەردەوام لە ڕۆژنامەو گۆڤار و سایتەکاندا دەنووسێت و زیاتر لە بواری فکری و ڕۆشنبیری و ئیسلامی و مێژوویی و کەلتوریدا دەنووسێت.
چاوپێکەوتنی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەبووەو لەو بوارەشدا چالاکی بەردەوامی هەیە.
زیاتر لە (30) توێژینەوەی زانستی هەیە و لە گۆڤارە ئەکادیمی و ڕۆشنبیریەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
بەشداری لە چەند کۆنگرەو دیدارێکی زانستیدا بە توێژینەوە کردووەو خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە.
چەند کتێبێکی دانراو وەرگێڕراوی هەیە لەوانە:
یەکەم/ ناساندنێکی مزگەوتەکانی سلێمانی و خوێندنگە ئاینیەکانی، دانراوی محەمەد قزڵجەیی، وەریگێڕاوەو لە ساڵی (2013) چاپکراوە.
دووەم/ مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لە کۆمەڵە دیدارێکی ڕۆژنامەنووسیدا، لە ساڵی (2014) چاپکراوە.
سێیەم/ گوتاری ئیسلامی (کێشەو چارەسەر)، لە ساڵی (2015) چاپکراوە.
چوارەم/ فەرمودە لاوازو هەڵبەستراوەکان لەبارەی مانگی ڕەمەزانەوە، لە ساڵی (2017) چاپکراوە.
پێنجەم/ ئاوە ڕەشەی ڕوسی سور، لە نووسینی پیرەمێردی شاعیر، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووەو بەچاپی گەیاندەوە.
شەشەم/ چل فەرمودەی پێغەمبەر، لە نووسینی محەممەد قزڵجەیی، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووەو فەرمودەکانی تەخریج کردووەو بە چاپی گەیاندووە.
حەوتەم/ مێژووی خوێندنگەو مزگەوتی گەورەی خورماڵ، لە ساڵی 2020 چاپ کراوە.
هەشتەم/ میرایەتی بابان و شاری سلێمانی لە شیعری شاعیرانی سەدەی هەژدەو نۆزدەدا، لە ساڵی 2020 و ساڵی 2021 چاپکراوە.
لەکاتی ئێستادا چەند کتێبێکی ئامادەیە بۆ چاپ.
لەکاتی ئێستادا مامۆستای کۆلێجی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سلێمانی و پلەی زانستی پرۆفیسۆرە.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی جیهانی یەوە بەردەوام نوسینی لە گۆڤارو ڕۆژنامەو سایتەکاندا هەیە.
لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەو تیڤیەکاندا ژمارەیەک چاوپێکەوتنی هەیە.
[1]