زیندووم کەوە
زیندووم کەوە
لە مەرگی خۆم پەشیمانم
زیندووم کەوە،
ببە بە گیان بۆ گیانم
ببە بە خورپە بۆ دڵم
ببە شیعر بۆ زمانم
ببە گڕی خوێنی سڕم
خرۆشی ناو دەمارانم!
زیندووم کەوە، زیندووم کەوە،
زۆری ماوە نەخشەی ژیانم
زۆری ماوە تاسەی دەروون
لە مەرگی خۆم پەشیمانم!
ببە بە لێوی ئاگرین
ئەلفوبێی نوی بۆ داستانم
پێم بدەوە هێزی گریان،
راچەنینم، خرۆشانم!
زیندووم کەوە،
لە مەرگی خۆم پەشیمانم.
دایچێنەوە بە ئەستێرە
جریوەی ڕەشی ئاسمانم
زیندووم کەوە
تازە کەوە ناونیشانم
ببە بە گیان بۆ گیانم
زیندووم کەوە،
زۆری ماوە نەخشەی ژیانم ؛
زیندووم کەوە، زیندووم کەوە
لە مەرگی خۆم پەشیمانم...
(د 0 کەمال میراودەلی)
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 799