بەیاننامەی بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکان
لەسەر داربڕین و گرتنەوەی ئاو بۆ کوردستان لەلایەن تورکیا و ئیرانەوە
بانگەوازێک بۆ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی فیدراڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ژینگە
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە جیهاندا
ڕێکخراو و چالاکانی بواری ژینگە لە جیهاندا
ئێمە لە کاتێکدا ئەم بەیاننامەیە بڵاو دەکەینەوە، جیهان سەرقاڵی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە، زۆربەی وڵاتان ئەگەر کێشەی سیاسی و جەنگی ساردیش لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام لەسەر پاراستنی ژینگە کۆکن و گرفتەکانیان لە پێناو پاراستنی ژینگەدا وەلا دەنێن.
لە ئێستادا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی بناری قەندیل و لەشکرکێشیی سوپای ئەو وڵاتە بە بیانووی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەنێو خاکی کوردستانی عێراقدا، ژینگەی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەموار و سەختدا تێدەپەرێت، کە بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە ئەم کارە بەردەوامی هەیە.
تورکیا کە سیاسەتی خاکی سووتاو جێبەجێ دەکات، هەموو ڕێگاکانی: سووتاندن و بڕینەوەی درەخت، بەتاڵانبردنی کانزاکان، لەنێوبردنی لانە و هێلانەی ئاژەڵ و باڵندەکان، وێرانکردنی گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتووەتە بەر.
لە لایەکی دیکەوە ماوەی چەند ساڵێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ گوێدانە دراوسێیەتیی باشووری کوردستان و وڵاتی عێراق، لە وەرزی هاویندا هەر جاره و گرفتێک بۆ ئاوی زێی بچووک و دەربەندیخان دروست دەکات. بۆیە داوا دەکەین بەرپرسانی وڵاتی ئێران لە مەترسی و هەنگاوی گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە، چونکە بەپێی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان، گەلان بەتایبەتتر دراوسێکان، لە بەکارهێنانی ئاودا وەکو یەک هاوبەشن. بۆیە ناکرێ بابەتی ئاو وەکو کارتی فشار بەرامبەر یەکتری بەرکار بهێنرێت، زۆر ڕێگەی تر هەن کە دەکرێ هەردوو وڵات گرفتەکانیانی پێ چارەسەر بکەن.
ئەگەر ئه و سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆرترین زیان بەر هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لە ئەنجامدا مرۆڤایەتی تێیدا زەرەر مەند دەبێت.
بۆیە لێرەوە ئێمە وەکو بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتیی دەیان ڕێکخراوی ژینگەیی دەکەین، داواتان لێ دەکەین بە جیددی و پەلە ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە بگرنەبەر، ژینگە و خاکی کوردستان لە مەترسیی دەستدرێژییەکانی ئەو دوو وڵاتە بپارێزن.
بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان[1]
دووی حوزەیرانی 2021