پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
جاسم عیدۆ حەجی عەلی
22-04-2024
سروشت بەکر
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ئامار
بابەت 517,208
وێنە 105,523
پەرتووک PDF 19,120
فایلی پەیوەندیدار 96,177
ڤیدیۆ 1,297
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شانۆیی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف
کوردیپێدیا، بووەتە کوردستانی گەورە! لە هەموو لایەک و شێوەزمانێکی کوردستان ئەرشیڤوان و هاوکاری هەیە.
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
1 دەنگ 4
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû1
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0
شانۆیی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف
کورتەباس

شانۆیی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف
کورتەباس

شانۆیی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف
کاوە جەلال[1]

هاملێت وەک تێما هەمیشە هەنووکەییە، واتا بۆ هەموو سەردەمێک دەگونجێت و لە هەموو کولتوورێکدا دەرفەتی داڕشتنەوەی نوێی دەڕەخسێنێت.
لێ هەوڵی نزیککەوتنەوە لە فێنۆمێنە ئەدەبی یان هونەرییەکان هەمیشە کورتهێن دەبێت گەر بەگوێرەی شابلۆنی تەواوکراو لێیان نزیکبکەوینەوە. ئاخر مرۆ لە هەوڵی بەو چەشنەدا ڕەچاوی ئەو داواکارییە ناخەکی-ئێستێتیکییانە ناکات کە خودی فێنۆمێنی نیگاکردوو-نیگاکراو زیتی کردوونەتەوە. هاوکات ئەوەش ئاشکرایە کە هەر ژانرێکی هونەری مۆرکی تایبەتی هەیە کە داوای نیگاکردنەوەی تایبەت بە خۆی دەکات و دەبێت بە ڕێنومای هەر خەریکبوونێک پێوەی. لەم پەیوەندییەدا گومانی تێدا نییە کە دراما وەک داڕشتنی کردارنوێنی ئالۆزترە لە هۆزان یان چیرۆک، ئەوجا مەسەلەکە پەیوەند بە درامایەکەوە کە دەشێت کەرەسەکەی لە لایەن درامایەکی دیکەی سەردەمێکی دیاریکراوی کولتوورێکی دیکەوە وروژێنرابێت، ئالۆزترە و داوای پێوەخەریکبوونی توێژەری یان ڕەخنەیی تایبەت بە خۆی دەکات.
ئێمە لێرەدا تەواو لە بابەتی نووسینەکەمان نزیک کەوتووینەتەوە: ئەم نووسینە لەبارەی درامای هاملێتی کامەران ڕەئوفە. لێ گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە گەرچی ئێمە سەرەتا سکریپتی دراماکەمان وەک دەرککراوی نیگاکردوو داناوە، سەرەڕای ئەوە لە ڕەوتی پێوەخەریکبووندا نمایشی شانۆییەکەمان کردووە بە دوا بابەتی دەرککراوی پێوەخەریکبوو، چونکە نووسەر خۆی کە دەرهێنەریشە، لەم ئاستەیدا بەتەواوی فۆرمی خوازراوی پێداوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی دراماکە وروژێنێکی دیکەی هەیە کە ئەویش درامایە، واتا هاملێتی شەیکسپیرە، ئەوا پێویست بووە کە هەروەها ڕووبکەینە ئەم درامایە تاکو فۆرم و ناوەرۆکی درامای سەرەکیی مەبەستلێبوو ڕوونتر دیاربهێنین. لێ ئێمە بەم کارە خۆمان لە پرسێکی گەلێک دژوارەوە لەنێو دابی کارکردنی ئەدەبی و هونەریدا ئاڵاندووە و ناچاربووین ڕۆشنایی پێبدەین، چونکە ئێمە لەم خەریکبوونەدا کەوتووینەتە بەردەم شێوەی تێگەیشتنی ئەدەب و هونەر و خەریکبوونی زانستی یان ڕەخنەیی-سوننەتی پێیانەوە. ڕوونتر ببێژین، ئێمە ناچار بووین دانوستانی پرسێکی دیکە بکەین کە بریتییە لە ئامادەکردن (اعداد) و داڕشتنی میمێزیانە، ئەمەش لە لایەنی خۆیەوە پاڵهێز بووە بۆ وردبوونەوە لە هەردوو تەوەری ئەدەب / هونەر کە بەرهەمهێنەر و وەرگرن.
پرسیارێکی دیکەی کرۆکی کە لە شانۆیی هاملێتی کامەران ڕەئوفەوە سەرهەڵدەدات، واتای هەنووکەیی دراماکەیە لە دەڤەری کولتووریی نمایشکردنیدا. بۆیە گەرەک بووە ئەم پرسەش لە ڕووی هزرییەوە دانوستان بکەین تاکو کێشە کرۆکییەکانی نێوی وەک کێشەی ئەخلاقی و سیاسیی سەردەم دیاربهێنین.

1- تێمی هاملێت
لە دێنەمارک داستانی شازادەیەک هەیە بە ناوی ئاملێتوس، کە گۆیا پێش سەردەمی ڤایکینگەکان لە یوتلاند ژیاوە. ئەوجا لە سەردەمێکی زۆر درەنگتردا مەتران ئابسالۆنس کە ساڵی 1167 شاری کۆپنهاگن دروست دەکات، هانی قەشە زاکسۆ گراماتیکوس (Saxo Grammaticus، نزیکەی 1150-1220) دەدات بۆ نووسینەوەی مێژووی دێنەکان کە خەڵک زارەکییانە دەیانگێڕایەوە. یەکێک لە چیرۆکەکانی نێو ئەو گێڕانەوە زارەکییە لەبارەی ژیانی کەسێتییەکە بەناوی ئاملێتوس کە زاکسۆ لە بەشی دووەمی کارەکەیدا دەینووسێتەوە.
کەواتە زاکسۆ بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤیندا، نزیکەی 1200ی زایینی، چیرۆکی ئاملێتوس دەنووسێتەوە، ئەوجا شەیکسپیر لە سەردەمی ڕێنیسانسدا (پێدەچێت ساڵی 1601) ئەو چیرۆکە دەخاتە فۆرمی دراماوە و ڕووداوەکانی نێوی لە کۆشک و سەرای هێلزینگوێری دێنەمارکدا دادەڕێژێت. دراماکە ساڵی (1603) بڵاودەکرێتەوە، لێ بە داڕشتنێکی نالەبار، کە پاشان ساڵی (1605) سەرلەنوێ چاپ دەکرێتەوە و ئەم جارە قەوارەی دراما چاککراوەکە نزیکەی دوو ئەوەندەی داڕشتنەکەی چاپی یەکەمە. لێ گەرەکە لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە هاملێتی شەیکسپیر یەکەم درامای ئینگلیزی نییە لە چیرۆکی ئاملێتوسەوە نووسرابێت. لە نێوان ساڵانی 1589 و 1594دا شانۆییەکی هاملێت لە لەندەن نمایش دەکرێت و بەگشتی وا دادەنرێت لە نووسینی تۆماس کاید بووبێت کە ناسراوە بە نووسەری درامای تۆڵە. لێ ئەم هاملێتەی کاید بزربووە.
چیرۆکی ئاملێتوس لای زاکسۆ چەند بەشێکە و تەنیا بەشی یەکەمی لای شەیکسپیر واتا بۆ داڕشتنی دراماکەی وەردەگرێت. واتا: شازادەی گەنج خۆی بۆ خاتری مەبەستەکانی وەک شێت پێشان دەدات و لە کۆتاییدا تۆڵەی باوکی کوژراوی دەسێنێت. کەواتە هاملێتی شەیکسپیریش سەر بە درامای تۆڵەیە کە تێیدا نەک تەنیا پرسە مرۆڤییەکانی دەسەڵات، هەلبازی، خیانەت و هتد بەرجەستە دەکرێن، بەڵکو هەروەها قەدەری ئەو دەسەڵاتدارییەش: دەوڵەت بەهۆی تەماعی دەسەڵات و ناکۆکییە نێوکەسییەکانەوە لەناودەچێت و ئەو وڵاتەش دەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی دیکەوە کە نەرویجە.
تێمی هاملێت لە دراماکەی کامەران ڕەئوفدا جیاوازە. ئێمە لێرە چیدی درامای تۆڵەمان نییە، بەڵکو سەرجەمی پلانە دەسیسەییەکان لە دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی مۆدێرندا ڕەوتی خۆیان وەردەگرن، هاملێتیش تەنیا ئەوەی پێدەکرێت کە ڕاستیی شارراوە بە هاوکاریی تیپێکی شانۆیی ئاشکرا بکات، بێگومان بەبێ ئەوەی وەک سەوداسەری ڕاستی بە ئامانجی خۆی بگات. کەواتە نووسەر / دەرهێنەر نایەوێت هاملێت پێکەوە لەتەک جەماوەری خۆشەویستیدا کۆتایی بە ستەمکاری بهێنێت، یان ئەو هیچ ئیلتیزامێک ناکات بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی جڤاکی بە هونەرەکەی بدات، بەڵکو وەک هونەرێک دەیهێڵێتەوە کە لە کەنارەوە ئانیشکی ڕەخنەیی خۆی دەهاوێژێت (ئادۆرنۆ).

1-1 چیرۆکی ئاملێتوس لای زاکسۆ گراماتیکوس

شای دێنەکان بەناوی ڕۆڕیکوس دوای زاڵبوونی بەسەر سلاڤەکاندا بڕیار دەدات کە هەردوو برا هۆرڤێندیلوس و فێنگۆ بکات بە فەرمانداری یوتلاند. لێ خواستی گەیشتن بە ناوبانگ هۆرڤێندیلوس دەبزوێنێت بۆ بوون بە جەردەی دەریا و سێ ساڵ بە ڕاووڕووت بەسەر دەبات، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک و جوانترین و نایابترین بەشی تاڵانییەکانی دەبەخشێت بە شا ڕۆڕیکوس، ئەویش وەک پاداشتی ئەو دیارییانە کچەکەی خۆی بە ناوی گێروتا پێدەدات. هۆرڤێندیلوس لەم ژنە کوڕێکی دەبێت بە ناوی ئاملێتوس.
فێنگۆ بەم هەموو سەرفرازییەی براکەی تووشی ئیرەیی دەبێت و دەیکوژێت، پاشان بێوەژنەکەی بەزۆر هەڵدەگرێتەوە. لێ فێنگۆ بۆ شاردنەوەی هۆکاری ئەو تاوانە ڕایدەگەیەنێت کە گۆیا بەو کردارە تەنیا ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە، چونکە گێروتای ناسک و دڵچاک ئازاری زۆری بە دەستی هۆرڤێندیلوسی برایەوە چێژتووە، بۆیە ویستوویەتی بە کوشتنی ئەو گێروتا لە ستەم ڕزگار بکات.
بەدووی ئەوەدا ژیانی ئاملێتوس لە لایەن مامییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە بڕیارێکی ژیرانە دەدات کە خۆی وەک شێتبوو دەربخات. بۆ نموونە هەموو ڕۆژێک ئۆدەی دایکی پیس دەکات، ئەوجا خۆی لەسەر زەوییەکە لەنێو پیساییەکەدا دەگەوزێنێت. ئاملێتوس بە خۆدەربڕینی بێسەروبەر و کرداری گەمژانە دەبێت بە مایەی گاڵتەجاڕیی دەوروبەرەکەی. لێ ڕۆژێک هەڤاڵێکی فێنگۆ کە گومانی لە ئاملێتوس هەیە، بە فێنگۆ دەبێژێت کە دەیەوێت ژیریی بێسنووری ئاملێتوس بسەلمێنێت. فێنگۆ گەرەکە بۆ ئەو مەبەستە بەبیانووی کارێکی گرنگ لە کۆشک دووربکەوێتەوە، هاوکات ئاملێتوس بەتەنیا لەگەڵ دایکیدا جێبهێڵێت و لە ئۆدەکەیدا دەرگەیان بەتەنیا لەسەر دابخرێت. بێگومان پێویستە پێشتر کەسێک خۆی لەو ئۆدەیەدا بشارێتەوە تا بەنهێنی گوێ لە گفتوگۆی نێوانیان بگرێت. کابرای هەڤاڵ هاوکات ئامادەیی دەردەبڕێت کە ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت. فێنگۆ بەم پلانەی هەڤاڵەکەی ڕازی دەبێت و ڕۆژی دیاریکراو لە کۆشک دەردەچێت. لێ ئاملێتوس لەو پیاوە زرنگتر دەبێت. کاتێک دێت بۆ ئۆدەی دایکی، ڕەچاوی ئەوە دەکات کە ڕەنگە کەسێک لەوێ خۆی شاردبێتەوە تا گوێ لە گفتوگۆیان بگرێت، بۆیە وەک کەڵەشێر دەقووقێنێت و هاوشێوەی باڵەکوتێی کەڵەشێر دەست بە قۆڵەکوتێ دەکات، ئەوجا باز دەداتە سەر کۆمەڵە پووشی هەڵدراوەی نێو ئۆدەکە تا بزانێت داخۆ شتێکی لەژێردایە یان نا. کاتێک دەرکی شتێکی توندوتۆڵ دەکات، یەکسەر شمشێرەکەی تێوەدەژەنێت و کابرای سیخوڕ دەکوژێت، بەو هۆیەشەوە لە نێوان دایک و کوڕدا دەبێت بە دەمەقاڵە. ئاملێتوس لە ڕەوتی ئەو دەمەقاڵێیەدا دەیدرکێنێت کە بەئەنقەست خۆی شێت کردووە تا تۆڵەی باوکی بسێنێت.
فێنگۆ دوای گەڕانەوەی لە هیچ کوێ برادەرەکەی نادۆزێتەوە و دەکەوێتە گومانەوە، هاوکات دەگات بەو باوەڕە کە شتێک لەژێر سەری برازاکەیدایە و بۆیە دەبێت لەناویبەرێت، لێ لە ترسی شا ڕۆڕیکوس و دایکی ئەوەی پێناکرێت، بۆیە بەلایەوە باشترە ڕەوانەی بریتانیای بکات و شای ئەو وڵاتە بیکوژێت. فێنگۆ بۆ ئەو مەبەستە نامەیەک بۆ شای بریتانیا لەسەر پارچەیەک تەختە هەڵدەکۆڵێت و دەیدات بە دوو ئاوەڵی ئاملێتوس. لێ ئاملێتوس پێش کەوتنەڕێ ڕێنوماییەکی نهێنی بە دایکی دەدات: ئەو گەرەکە هۆڵەکە بە فەرشێکی گەورەی چنراو بڕازێنێتەوە و دوای ساڵێک لەو هۆڵەدا پرسەیەکی بۆ بگێڕێت.
ئاملێتوس لە ڕێ نامەکەی فێنگۆ بۆ شای بریتانیا ئاشکرا دەکات، ئەوجا نووسراوەکە دەکڕێنێت و لەبریی ئەو یەکێکی دی هەڵدەکۆڵێت، کە تێیدا داوا دەکات شا گەرەکە دوو ئاوەڵەکەی ئەو لەناوبەرێت، هەروەها کچەکەی خۆی بدات بەو کوڕە ژیر و لێهاتووە کە لەگەڵ ئەواندا بۆ لای شا نێرراوە.
ئاملێتوس دوای هاوسەرگیری بۆ ماوەی ساڵێک لە بریتانیا دەمێنێتەوە، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ یوتلاند تاکو لەوێ لە پرسەی خۆیدا کە گێروتای دایکی ڕێکیخستووە، بەشداری بکات. لەوێ سەرلەنوێ خۆی وەک شێت دەردەخاتەوە، هاوکات بە دەرکەوتنەوەی ئەو هەموو بەشدارانی پرسەکە تووشی حەپەسان و پاشان پێپێکەنین دەبن. بەم شێوەیە پرسەی نێو هۆڵەکە دەبێت بە کۆبوونەوەی شادی و مەیخواردنەوە، تا هەموو مەست دەبن و هەر لەوێ خەویان لێدەکەوێت. ئاملێتوس فەرشەکە کە دایکی لەسەر پێشنیاری خۆی هەڵیواسیبوو، دەکاتەوە و دەیدات بەسەریاندا، ئەوجا ئاگری تێبەردەدات و هەموویان دەسووتێنێت. بەدووی ئەوەدا دەڕوات بۆ ئۆدەی فێنگۆی مامی و شمشێرەکەی خۆی دەخاتە جێی ئەوەی فێنگۆ، پاشان بێداری دەکاتەوە و پێی ڕادەگەیەنێت کە وا بەگزادەکانی لەنێو ئاگردا دەسووتێن، ئێستاش خۆی هاتووە بۆ لای تا تۆڵەی باوکی بسێنێت. فێنۆ ڕادەچەنێت و پەلاماری شمشێر دەدات، لێ کاتێک بێهودە هەوڵ دەدات لە کێلان دەریبکێشێت و بەدەستییەوە نایەت، ئاملێتوس دەیکوژێت.
ئاملێتوس دوای کوشتنی مامی گۆتارێکی ئاگرین لە بەردەم هاوڵاتیانی شاردا دەدات و هەموو شتێکیان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە هەموو ناخیان دەهەژێت و فرمێسک بە چاوانیاندا دەچۆڕێتەوە. ئیدی گەل ئاملێتوس وەک میری خۆی دەناسێنێت، ئەویش دوای ئەو ڕووداوانە سێ کەشتی دەڕازێنێتەوە و بە پۆشاکی کەشخەی میرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بریتانیا، هاوکات باشترین پیاوانی جەنگاوەر لەگەڵ خۆیدا دەبات. ئەو هەروەها فەرمان دەدات کە لەسەر قەڵغانێک هەموو کردارەکانی لە سەرەتای گەنجێتییەوە بە وێنە دابڕێژن: کوشتنی هۆرڤێندیلوس لە لایەن فێنگۆ، خۆتێکدانی ئەو تا سەندنەوەی تۆڵەی باوکی.
کاتێک شای بریتانیا کوشتنی فێنگۆ لە زاری ئاملێتوس دەبیستێت، یەکسەر تێکدەچێت، چونکە دەزانێت کە ئێستا دەبێت تۆڵەی فێنگۆ بسێنێتەوە: ئاخر هەردووکیان گفتیان بەیەک دابوو کە گەر هەر یەکێکیان بکوژرێت، دەبێت ئەوی دیکەیان تۆڵەی بسێنێت. لێ لەبەر ئەوەی ئاملێتوس میوانی ئەوە و گوناهە دەست بۆ میوان ببرێت، ئەوا دەیەوێت ئەرکی تۆڵەسەندنەوە بدات بە کەسێکی دی. بۆیە پلانێک دادەنێت: هاوسەری شا ماوەیەک لەوەوبەر بە نەخۆشی مردبوو، بۆیە بە ئاملێتوس دەبێژێت کە سکۆتلەندییەکان شاژنێکی جەنگاوەریان بە ناوی هێرموترودا هەیە و دەیەوێت بیخوازێت، ئەویش گەرەکە ببێت بە سەرۆکی شاندی خوازبێنیکەر. بەم شێوەیە ئاملێتوس دەکەوێتە ڕێ، لێ لە سکۆتلاند، نزیک کۆشکی شاژن، ئەسپەکان لەسەر گژوگیایەکی کەنار ڕێگەکە دەحەوێنێتەوە، خۆیشی ڕادەکشێت، قەڵغانەکەی دەکات بە سەرین و خەوی لێدەکەوێت. کاتێک هەواڵی هاتنی ئەو پیاوە و شاندەکەی بە شاژن دەگەیەنرێت، شاژن دە پیاو دەنێرێت تا لە نزیکەوە چەک و کەلوپەلی ئەو بێگانانە ببینن. یەکێک لەو دە پیاوە کە سیخوڕێکی زۆر ژیر دەبێت، بەنهێنی قەڵغانی ژێر سەری ئاملێتوس دەردەکێشێت بەبێ ئەوەی بێداری بکاتەوە یان ئاوەڵەکانی دەرکی پێبکەن، هەروەها ئەو نامەیەش لە هەگبەکەیدا دەردەهێنێت کە شا بۆ شاژنی نووسیوە. شاژن سەرەتا تەماشای قەڵغانەکە دەکات و بەوەش کرۆکی ئاملێتوس دەناسێت، لە نامەکەشدا دەخوێنێتەوە کە شای بریتانیا داوای هاوسەرگیری و کوشتنی ئاملێتوسی لێدەکات. لێ هێرموترودا ئەڤینداری ئاملێتوس دەبێت و دەیەوێت شوو بە ئەو بکات، بۆیە نامەکەی شا دەسڕێتەوە و داخوازییەکی دیکەی لەسەر دەنووسێت کە گۆیا شای بریتانیا خوازبێنیی شاژنی بۆ کەسی نامەهێن کردووە، هاوکات فەرمان بە پیاوەکانی دەدات، خێرا قەڵغان و نامەکە بگەڕێننەوە بۆ جێی خۆیان.
ئاملێتوس هەست دەکات کە قەڵغانەکەی لەژێر سەردا نەماوە، بۆیە خۆی دەکاتەوە بە نووستوو، ئەوجا کاتێک سیخوڕە ژیرەکەی شاژن قەڵغان و نامەکە دەهێنێتەوە، ئاملێتوس ڕادەپەڕێت و کابرا دەگرێت، هاوکات ئاوەڵەکانی بێدار دەکاتەوە و بە نامەکەوە دەکەوێتە ڕێ بەرەو کۆشکی شاژن. کاتێک هێرموترودا نامەکە دەخوێنێتەوە، کرداری ئاملێتوس لەدژی فێنگۆ بەپەسەند دادەنێت و ڕەزامەندیی خۆیشی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەودا دەردەبڕێت، ئەوجا دوای بەجێگەیاندنی هەموو کاروبارەکان، ئاملێتوس پێکەوە لەگەڵ هاوسەرە نوێکەیدا و بە ئاوەڵیی لەشکرێکی بەهێزی سکۆتلەندی دەگەڕێتەوە بۆ بریتانیا. لەوێ هاوسەری یەکەمی بەپیرییەوە دێت و گەرچی پێی ناخۆشە مێردەکەی ژنێکی دووەمی هێناوە، سەرەڕای ئەوە هاوسەرگیرییەکەی لێ قبووڵ دەکات، چونکە مێردی خۆی خۆش دەوێت، جگە لەوە کوڕێکی لە ئەو هەیە و پێویستە وەک دایک بیپارێزێت.
شای بریتانیا بەروڵەت زاواکەی لەئامێز دەگرێت، ئەوجا داوەتێکی خواردن ئامادە دەکات تا بەو ڕێیەوە پلانی خۆی بشارێتەوە. ئاملێتوس دەرک بە نیازی ناپاکی خەزووری دەکات، لێ ئەویش هەستی خۆی دەشارێتەوە، هاوکات 200 سوار لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لەژێر پۆشاکەکەیەوە زرێپۆش دەبەستێت. کاتێک لە کۆشکی شا نزیکدەکەوێتەوە، شا لای دەروازەی کۆشکەکەی چاوەڕوانی دەکات و بە ڕمێک هەوڵی کوشتنی دەدات، لێ ئەو بەهۆی زرێپۆشەکەوە تەنیا بەسووکی بریندار دەبێت. ئاملێتوس سەرەتا شەڕی ناوێت، بۆیە کابرای سیخوڕی ژنە نوێکەی دەنێرێت بۆ لای شا تا ڕاستیی بردنی نامە و قەڵغانەکەی بۆ ڕوونبکاتەوە، لێ کاتێک کابرا کتوپڕ هەڵدێت، ئیدی شەڕ ڕوودەدات و شا زۆرینەی سوپاکەی ئاملێتوس لەناودەبات. ئاملێتوس بۆ شەڕی ڕۆژی داهاتوو پلانێکی ژیرانە دادەنێت: ژمارەی جەنگاوەرەکانی بەوە زیاد دەکات کە لاشەی ئاوەڵە کوژراوەکان لەسەر توڵی دار، بەپاڵ بەردەوە یان وەک زیندوو لەسەر ئەسپ دادەنێت، پێکڕا بەچەکداری. دوای ئەوەی تیشکی خۆر دەکەوێتە سەر چەکی مردووەکان، لەو بەرەوە بەرواڵەت سووپایەکی گەورە دەبینرێت، کەواتە جەنگاوەرەکان ئێستاش بەقەد ژمارەی پێشوویانن سەرباری دۆڕاندنیان لە ڕۆژی ڕابوردوودا. بریتانییەکان بە بینینی ئەو دیمەنە لە مەیدانی شەڕ هەڵدێن، لێ لەبەر ئەوەی شا کەمێک خاوتر لە ئەوان هەڵدێت، دێنەکان پێیڕادەگەن و دەیکوژن. ئاملێتوس دوای ئەو سەرکەوتنە لەگەڵ هەردوو هاوسەرەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک.
لەوێ ئێستا ڤیگلێتوس دوای مەرگی ڕۆڕێکوس هاتووەتە سەر تەخت و بێبەزەییانە دایکی ئاملێتوس دەچەوسێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە ئاملێتوس جوانترین و باشترین بەشی تاڵانییەکانی خۆی پێشکەشی ئەو دەکات، بەمەش گۆیا بە چاکە پاداشتی خراپەی ئەو دەداتەوە. لێ ماوەیەک دوای ئەوە لە هەلێکی تۆڵەسەندنەوەدا جەنگ لەدژی ڕادەگەیەنێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت. ڤیگلێتوس پاشان بە یاریدەی شۆنن و سیلاند بەهێز دەبێتەوە و داوایەکی شەڕی دووکەسی دەخاتە بەردەم ئاملێتوس، ئەویش قبووڵی دەکات. ئاملێتوس پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕە ئەگەری کوژرانی خۆی لەگەڵ هێرموترودا باس دەکات، لێ ئەو گفتی پێدەدات کە دوای مردنیشی بەوەفا دەمێنێتەوە و هاوسەرگیری ناکاتەوە. سەرەڕای ئەوە هێرموترودا گفتی خۆی ناباتە سەر، بەڵکو دوای ئەوەی ڤیگلێتوس لەو شەڕەدا ئاملێتوس دەکوژێت، شوو بە بکوژی مێردەکەی دەکاتەوە. ڤیگلێتوس دوای ماوەیەکی درێژخایەنی حوکمڕانی بە نەخۆشی دەمرێت.

1-2 هاملێتی شەیکسپیر
دیمەنی یەکەم
لە بەردەم کۆشکی هێلزینگوێردا گیانێک بۆ فڕانسیسکۆ و بێرناردۆی پاسەوان دیاردەدات کە زۆر لە شا هاملێتی کۆچکردوو دەچێت. هەردووکیان ئەو هەواڵە بە هۆڕاشیۆ و ماڕسێلوس دەگەیەنن، ئەوجا دوای ئەوەی گیانەکە لە بەردەم هەموویاندا دیاردەداتەوە، هۆراشیۆ بڕیار دەدات ئەو هەواڵە بە هاملێتی کوڕ ڕابگەیەنێت.
شا کلاودیوس جێی براکەی وەک شای وڵات گرتۆتەوە و هاوسەرەکەی وەک ژنی خۆی مارە کردۆتەوە، بەو بۆنەیەشەوە بڕیاری داوە ئاهەنگێک بگێڕرێت، جگە لەوە گەرەکە فۆرتینبراس ی شای نەرویج بزانێت کە وڵاتەکەی سەرباری مەرگی شا هاملێت هێشتا هەر بەهێزە.
هەروەها لێرتس لە فەڕەنساوە گەڕاوەتەوە بۆ دێنەمارک تاکو لە ئاهەنگی تاج لەسەرنانی کلاودیوسدا بەشداری بکات، هاوکات دەخوازێت دوای ئەو ئاهەنگە بگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا، بۆ ئەو مەبەستەش تکا لە شا کلاودیوس دەکات. دوای ئەوەی شا بۆی دەردەکەوێت کە پۆلۆنیوس ی باوکی بە گەڕانەوەی ئەو بۆ فەڕەنسا ڕازییە، ئەویش ڕەزامەندیی خۆی دەردەبڕێت.
هاملێت لە ڕەوشێکی پەرێشاندایە، هاوکات لەسەر تکای دایکی بڕیار دەدات کە بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی نەگەڕێتەوە بۆ ڤیتنبێرگ ی ئەڵمانیا.
هۆراشیۆ ئەزموونی بینینی گیانەکە بۆ هاملێت دەگێڕێتەوە، ئەویش بڕیار دەدات شەوی داهاتوو لە سەرەی ئێشکگرتنی مارسێلوس و بێرناردۆدا لەوێ ئامادە بێت.
لێرتس، دوای خۆئامادەکردنی بۆ گەشتەکەی، ئامۆژگاریی ئۆفیلیای خوشکی دەکات کە هێندە هەستی ئەڤیندارییەکەی هاملێت بەهەند وەرنەگرێت. جگە لەوە پۆلۆنیوسی باوکیان ئامۆژگاریی کوڕەکەی دەکات کە گەرەکە لە ژیاندا زۆر ئاگای لە پێگەی جڤاکیانەی خۆی بێت، بۆ نموونە هەر کەسێک کە تازە قۆڵی هەڤاڵانەی بە قۆڵیدا کردووە، یەکسەر بە هەڤاڵی خۆی دانەنێت، هەروەها ئامۆژگاریی کەسانی دی وەربگرێت بەبێ ئەوەی حوکم بدات. لێرتس بە ڕێزی کوڕانەوە ماڵئاوایی دەکات. هەروەها پۆلۆنیوسیش گاڵتەی بەو هەستی خۆشەویستییە دێت کە هاملێت بۆ ئۆفیلیای دەربڕیوە، بۆیە بە باشی دەزانێت کە کچەکەی باوەڕ بە سوێندەکانی ئەو هەرزەکارە نەکات. ئۆفیلیا گفت بە باوکی دەدات کە لە پێشنیاری دەرنەچێت.
شەو درەنگ لە شوێنی ئێشکگرتندا سەرلەنوێ گیانەکە دەردەکەوێتەوە و بە دەست بانگی هاملێت بۆ لای خۆی دەکات، پاشان پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو گیانی باوکێتی و چیرۆکی کوشتنی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە: ئەو وەک ڕاهاتبوو پاشنیوەڕوان لە باخەکە دەنووست، ڕۆژێک لەکاتی نووستندا مامی بە شووشەیەک ژەهرەوە دێت بۆ ئەوێ و دڵۆپ دڵۆپ ژەهر دەکاتە نێو گوێیەوە؛ ئەو دەبێت تۆڵەی باوکی بسێنێت، لێ با قەدەری دایکی بۆ ئاسمان جێبهێڵێت. هاملێت بە بیستنی وشەی کوشتن تەواو دەساکێت.
دیمەنی دووەم
ئۆفیلیا نازانێت بۆ هاملێت ئەوها شێواوە. پۆلۆنیوسی باوکی وای دادەنێت کە هاملێت تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، چونکە ئۆفیلیا هەستی خۆشەویستییەکەی ئەوی ڕەتکردۆتەوە. پۆلۆنیوس هەروەها پلانێک دادەنێت کە شا کلاودیوس بە چاوی خۆی ڕەفتاری هاملێت ببینێت، تا بۆی ساغبێتەوە کە چۆن خۆشەویستییەکەی بۆ ئۆفیلیا ئەوی تێکداوە، بۆیە دیدارێک لە نێوان هاملێت و ئۆفیلیادا ڕێکدەخات تا هەردووکیان بەنهێنی لە حەشارگەیەکەوە چاودێرییان بکەن.
ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن دوو هەڤاڵی منداڵیی هاملێتن، هەردووکیان بەختەوەرن و دێنەمارک بە وڵاتێکی ئاسوودە و پڕئاسایش دادەنێن، لێ بە دیدی هاملێت وڵاتەکەیان خراپترین زیندانە لە جیهاندا. ڕۆزنکڕانتس بە هاملێتی ڕادەگەیەنێت کە هەڤاڵە ئەکتەرەکانی ئەوی بینیوە و نیازیان وایە سەردانی بکەن. لە میانەی گفتوگۆکانیاندا ئەکتەرەکان دەردەکەون و هاملێت بەگەرمی پێشوازییان لێدەکات، ئەوجا لە ئەکتەرێکیان دەپرسێت کە داخۆ بتوانن شانۆیی کوشتنی گۆنزاگۆس نمایش بکەن و هاوکات سیینێکی (Scene) تایبەتی بهێننە نێوییەوە کە ئەو خۆی دەینووسێت.

دیمەنی سێیەم
کاتێک هاملێت بۆ لای ئۆفیلیا دێت، پۆلۆنیوس و شا خۆیان لە پشتی فەرشێکەوە دەشارنەوە. هاملێت بە پرسیاری ڕەوشت و جوانی ئۆفیلیا بەگیردەهێنێت، لێ ئەو لە پرسیارەکە تێناگات. کاتێک جوانی وەک دەسەڵاتێک ڕەوشت دەکات بە نێوەندیاری خۆی، ئەوا ڕەوشت بە پێچەوانەوە ناتوانێت هەمان مامەڵە لەتەک جوانیدا بکات؛ ئۆفیلیا نەدەبوو باوەڕی بە هەستی خۆشەویستیی دەربڕراوی ئەو بکردایە، چونکە ڕەوشت ناتوانێت لەنێو ڕەچەڵەکی ئەواندا کارا ببێت. بۆ نموونە ئەو خۆی کرداری ئەوتۆی لێدەوەشێتەوە کە تەنانەت دایکی بەو هۆیەوە ئاوات دەخوازێت ئەوی نەهێنایەتە جیهانەوە. جگە لەوە بۆ ئۆفیلیا باشترە بڕوات لە کلۆستەرێک ببێت بە ڕاهیبە، نەک زارۆکێکی گوناهبار بهێنێتە جیهانەوە. ئۆفیلیا بەو گوتانەی هاملێت تەواو دەپەشۆکێت.
شا بە بینینی ڕەفتارەکانی هاملێت دەگات بەو باوەڕە کە ئەو لە خۆشەویستییەوە وای لێنەهاتووە، بەڵکو شتێک لە ناخیدایە و دەرپەڕینی یەکجار مەترسیدارە. بۆیە دەبێت تا زووە ڕەوانەی ئێنگلاندی بکات.
هاملێت لەکاتی نزیکبوونەوەی نمایشکردنی شانۆییەکەدا بە هۆراشیۆی هەڤاڵی دەبێژێت کە ئەو خۆی سیینێکی (Scene) پەیوەند بە مەرگی باوکییەوە هێناوەتە نێو نمایشەکەوە، هاوکات تکای لێ دەکات کە لەتەک نواندنی ئەو سیینەدا یەکسەر ڕەچاوی پەرچەکرداری مامی بکات.
ئەکتەرەکان بە ئامادەیی شا و شاژن و دەسەڵاتدارانی کۆشک پانتۆمیمێک لەنێو شانۆییەکەدا نمایش دەکەن کە تێیدا شا و شاژنێک باوەش بە یەکدا دەکەن، ئەوجا شاژن دەکەوێتە سەر ئەژنۆ و هێمای وەفاداریی خۆی بۆ ئەو پێشان دەدات. شا هەڵیدەستێنێت و سەری دەخاتە سەر سنگی. دوای ئەوەی شا لەسەر فەرشێکی گوڵین ڕادەکشێت و دەنوێت، شاژن جێیدەهێڵێت. یەکسەر بەدووی ئەوەدا کەسێک دێت، تاجی شا لە سەری لادەبات و تاجەکە ماچ دەکات، ئەوجا ژەهر دەکاتە نێو گوێی شاوە و دەڕوات. پاشان شاژن دەگەڕێتەوە و دەبینێت کە شا مردووە، بۆیە دەست دەکات بە هاوار و سکاڵا. ژەهراویکەر لەتەک دوو یان سێ لاڵدا دەگەڕێتەوە و ئەوها دەنوێنێت کە ئەویش لەتەک شاژندا شیوەن بگێڕێت. لاشەکە دەبرێت، کابرای تاوانباریش بە دیاریبەخشین دەستدەکات بە هەوڵی ڕازیکردنی شاژن، کە سەرەتا ڕازی نابێت، لێ لە کۆتاییدا خۆشەویستییەکەی قبووڵ دەکات.
شا بە بینینی ئەو پانتۆمیمە ڕادەچەنێت، هەروەها پۆلۆنیوس دەنگ هەڵدەبڕێت کە خێرا کۆتایی بە نمایش بهێنن. هاملێت ئێستا بۆی ئاشکرا دەبێت کە گیانی دەرکەوتوو درۆی لەگەڵ نەکردووە.
شاژن ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن ڕادەسپێرێت هاملێتی کوڕی بانگ بکەن تا لە ئۆدەکەی خۆی هەندێک گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. هەروەها پۆلۆنیوس دێت بۆ لای هاملێت و هەمان نیازی دایکی پێڕادەگەیەنێت، پاشان هەواڵی ڕۆیشتنی هاملێت بۆ لای دایکی دەبات بۆ شا و گفتی پێدەدات کە خۆی لە پشتی دیوارپۆشەکەوە بشارێتەوە تا گوێ لە گفتوگۆی نێوانیان بگرێت. دوای ئەوەی شا بەتەنیایە، لەکاتی نوێژکردندا دەیدرکێنێت کە ئەو برای خۆی کوشتووە، هاملێتیش لەو کاتەی نوێژکردندا هەلی بۆ دەڕەخسێت مامی بکوژێتەوە، لێ نایکات، چونکە کوشتن لەکاتی نوێژکردندا کاری بەکرێگیراوانە، بۆیە دەبێت بۆ سەندنەوەی تۆڵەی باوکی لە هەلێکی دی بگەڕێت.
کاتێک هاملێت لە ئۆدەی دایکی نزیک دەکەوێتەوە و بانگی دایکی دەکات، پۆلۆنیوس لەوێ دەبێت و خۆی یەکسەر لە پشت فەرشی دیکۆرییانەی دیوارەکەوە دەشارێتەوە. لێ دایک و کوڕ دەبێت بە دەمەقاڵەیان و هەر یەکەیان سەرزەنشتی ئەویدیکەیان دەکات، ئەوجا ڕەفتاری توورەی هاملێت دایکی زۆر دەترسێنێت و لێی دەپرسێت: چیت دەوێت؟ خۆ نیازت نییە بمکوژیت؟ ئۆ فریام بکەون! تکایە فریام بکەون!
پۆلۆنیوس یەکسەر لە پشتی دیوارپۆشەکەوە دەنگ هەڵدەبڕێت کە خێرا بە هانای شاژنەوە بێن، بەوەش هاملێت سووڕدەمێنێت، یەکسەر شمشێرەکەی دەردەکێشێت و بەنێو فەرشەکەدا دەیچەقێنێتە نێو لەشییەوە. ئەوجا هاملێت دەمەقاڵەکەی لەگەڵ دایکیدا تیژتر دەکاتەوە: ئەو ڕووداوە وەک ڕشتنی خوێنی شایەک وایە کە پاشان خوێنڕێژ هاوسەرەکەی ئەوی لە خۆی مارەکردبێتەوە. لەو میانەیەدا گیانەکە دیاردەدات و داوا لە هاملێت دەکات کە بڕوانێت دایکی چەند پەرێشانە. بێگومان گیانەکە بۆ گێرترودی دایکی دیارنادات، بۆیە بە ترسەوە لە هاملێت دەپرسێت کە بۆچی ئەوها چاوانی لە بۆشایی بڕیوە و لەتەک هەوای بێجەستەدا دەدوێت؟ لێ هاملێت وەڵامی دەداتەوە کە با بڕوانێت چۆن باوکی لەو دەرگەیەوە دەڕواتە دەرەوە. دایکی ئێستا بەتەواوی بڕوا دەهێنێت کە کوڕەکەی شێتبووە.

دیمەنی چوارەم
شاژن ڕووداوی کوشتنی پۆلۆنیوس بۆ شا دەگێڕێتەوە، لێ ئەو پێشتر بڕیاری خۆی داوە کە ئازادیی هاملێت مەترسییە لەسەر دەسەڵاتەکەی، بۆیە دەبێت لەتەک هەڵاتنی خۆردا بە ئاوەڵیی گولدنستێرن و ڕۆزنکڕانتس بینێرێت بۆ ئێنگلاند. هاملێت بەناچاری ئەو داواکارییە قبووڵ دەکات. کاتێک لەتەک ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا بەڕێوەیە بەرەو کەشتییەکە، فۆرتینبراسی شای نەرویج دەبینن کە بەنێو خاکی دێنەمارکدا خەریکی لەشکرکێشییە بۆ سەر پۆلۆنیا.
ئۆفیلیا بەهۆی مەرگی پۆلۆنیوسی باوکی و ڕەوشی هاملێتی خۆشەویستییەوە تێکدەچێت. هەروەها لێرتس بەهۆی کوژرانی باوکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک و لەتەک لایەنگرانیدا هەڵدەکوتێتە سەر کۆشکی شایانە. لایەنگرانی بە دەنگی بڵند ڕایدەگەیەنن کە ئەوان تەنیا لێرتس بە شای خۆیان دەزانن. ئەو دەیەوێت تۆڵەی باوکی بسێنێت، لێ شا کلاودیوس سوێندی بۆ دەخوات کە پۆلۆنیوسی نەکوشتووە، هاوکات گفتی پێدەدات کە لە دۆزینەوەی تاوانباردا هاوکاریی بکات.
هاملێت نامەیەک بە چەند کەشتییەوانێکدا بۆ هۆراشیۆ دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت کە کەشتییەکەیان پێش گەیشتن بە ئێنگلاند لە لایەن جەردەی دەریاوە هێرشی کراوەتە سەر و جەردەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، لێ بە گفتی بڕێک پارە ئەویان ئازاد کردووە و ڕێیان پێداوە بۆ ئەو مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک، پاشان کەشتییەکە بە ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرنەوە وەک سەرنشین کەوتۆتەوە ڕێ بەرەو ئێنگلاند.
لێرتس بۆی دەردەکەوێت کە هاملێت باوکی کوشتووە، لێ شا بۆی ڕوون دەکاتەوە کە لەبەر دوو هۆ ناتوانێت سزای بدات: یەکەم، دایکی کە شاژنە و زۆری خۆشدەوێت، دووەم، هۆردوو (عەوام) ئەوی خۆشدەوێت، بۆیە دەشێت ئەو تیرە کە دەیهاوێژێت، بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە. دوای ئەوەی نامەبەرێک چەند نامەیەکی هاملێت دەهێنێت کە بۆ خاوەنشکۆ و شاژنی نووسیون و لە یەکێکیاندا باسی گەڕانەوەی خۆی بۆ دێنەمارک دەکات، شا پلانێکی نوێ دادەنێت و وەک پێشنیار دەیخاتە بەردەم لێرتس: ئەو و هاملێت گەرەکە گرەوی گەمەیەکی شمشێربازی بکەن؛ لێرتس گەرەکە دوای چەند جێمێک گەمە شمشێرێک هەڵببژێرێت کە نوکەکەی کول نەکراوە و دەتوانێت بە تێوەژەندنێکی وەستایانە تۆڵەی باوکی بسێنێت. لێرتس بەو پلانەی شا ڕازی دەبێت، لێ دەیەوێت هاوکات نووکی شمشێرەکەی خۆی ژەهراوی بکات. ئەوجا شا دەیەوێت پلانی کوشتنی هاملێت بە ڕێگەیەکی دیکەش مسۆگەرتر بکات: گەر پلانی یەکەم سەرینەگرت، ئەوا گەرەکە دوای شمشێربازییە دۆستانەکەی نێوان هەردووکیان ئاهەنگێک بگێڕرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە هاملێت دوای ئەو گەمەیە شەکەت و تینووە و داوای خواردنەوە دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەوێ جامێک شەرابی ژەهراوی دادەنێت.
شاژن کتوپڕ هەواڵی مەرگی ئۆفیلیا بۆ لێرتسی برای دەهێنێت: ئۆفیلیا بە دارەبییەکی سەر چەمەکەدا هەڵگەڕاوە تا کلیلەیەک بەسەر لقێکی شۆڕبۆوەی ئەو درەختەوە هەڵبوواسێت، لەو کاتەدا لقی درەختەکە لەژێر پێیدا شکاوە، ئەویش کەوتۆتە نێو ئاوی چەمەکەوە و خنکاوە.

دیمەنی پێنجەم
مەرگی ئۆفیلیا سەرەتا دەبێت بە کێشەیەکی ئایینی. تەنانەت دوو گۆڕهەڵکەنەکە لەوە دەدوێن کە گەر کەسێک خۆی بەئەنقەست لە ئاودا بخنکێنێت، شایانی ناشتنێکی کریستیانی نییە. هەروەها هاملێت و هۆراشیۆ لە گۆڕستانەکەن بەبێ ئەوەی بزانن چی ڕوویداوە. هێندە ناخایەنێت قەشە و کەسانی دی لاشەی ئۆفیلیا دەهێنن بۆ ئەوێ، هەروەها لێرتس و کەسانی دی، شا، شاژن و دەستوپێوەندان و هتد بەدووی جەنازەکەوەن.
قەشەیەک گومانی خۆی لە هۆی مردنی ئۆفیلیا بە لێرتس ڕادەگەیەنێت، بە دیدی ئەو گەر دەسەڵات ڕێگریی لە بەگەڕخستنی نەریتەکان نەکردایە، ئەوسا دەبوو ئۆفیلیا لە زەوییەکی پیرۆزنەکراودا بنێژرایە، لێ لێرتس سوورە لەسەر ئەوە کە دەبێت خوشکەکەی لە گۆڕستانێکی کریستیانیدا بنێژرێت. ئێستا هاملێت دەزانێت کە ئەوە لاشەی ئۆفیلیایە بۆ ئەوێ هێنراوە.
لێرتس داوا دەکات کە ئەردی سەر ئۆفیلیا لابەرن تا جارێکی دی خوشکی ئازیزی لە ئامێز بگرێتەوە، ئەوجا خۆی فڕێ دەداتە نێو گۆڕەگەوە، هاملێتیش هەمان کار دەکات و لە نێوان هەردووکیاندا دەبێت بە شەڕ. لێ هاملێت تێناگات کە بۆچی لێرتس ئەوها کیناوی بەرەو ڕووی بۆتەوە – ئەو کە هەمیشە لێرتسی خۆشویستووە.
هاملێت پاشان بۆ هۆراشیۆی هەڤاڵی دەگێڕێتەوە، کە بەڕێوە بەرەو ئێنگلاند لە کەشتییەکەدا نامەیەکی نهێنیی شای لە هەگبەیەکی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا ئاشکرا کردووە و تێیدا شا بە نووسراو فەرمانی داوە، گەر هاملێت لە جەردەکان ڕزگاری ببێت، ئەوا بە گەیشتنی بۆ ئێنگلاند یەکسەر بکوژرێت. لێ ئەو خەتمەکەی باوکی پێبووە کە نموزەجی هەمان خەتمی دێنەمارکە، ئەوجا نامەیەکی هاوشێوەی نامەکەی شای نووسیوە بە داواکارییەوە بۆ لەناوبردنی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن، پاشان خەتمی لێ داوە و نامەکەی خستۆتەوە نێو هەگبەکەیان. هەردووکیان زۆر مەبەستیان بووە کە هاملێت لەناوببرێت، بۆیە بەهۆی کوشتنی ئەوانەوە تووشی ئازاری ویژدان نابێت. ئەو هەروەها دەیدرکێنێت کە دەیەوێت لەتەک لێرتسدا ئاشتبێتەوە.
پێش دەستپێکردنی گەمەی شمشێربازییەکە شا بانگی هاملێت دەکات و دەستی لێرتس دەخاتە نێو دەستییەوە. هاملێت داوای لێبوردن لە لێرتس دەکات کە ناڕەوایی بەرانبەر کردووە، لێ لێرتس وەڵامی دەداتەوە کە ئەو لەگەڵیدا ئاشتنابێتەوە تا شارەزایانی بەتەمەن ڕای خۆیان لەسەر ئەو ڕووداوە دەردەبڕن.
هاملێت جێمی یەکەمی شمشێربازییەکە دەباتەوە. شا فەرمان دەدات کە شەراب بهێنن، لێ هاملێت دەیەوێت جێمێکی دووەمیش گەمە بکات و پاشان شەراب بنۆشێت. دوای بردنەوەی جێمی دووەمیش، شاژن دەسڕەکەی خۆی پێدەدات تا ئارەقی نێوچەوانی بسڕێت، ئەوجا ڕووی دەمی تێدەکات: هاملێتم، وا دایکت لە بەختی تۆ شەراب دەنۆشێت. شا خێرا دەنگ هەڵدەبڕێت کە ئەو شەرابە نەخواتەوە، لێ گێرترود بەقسەی ناکات. ئەمجارە لێرتس لە شمشێربازییەکەیاندا هاملێت زامدار دەکات، لێ پاشان لە گێژاوی پشوودان و دەستکردنەوەدا بە گەمە شمشێرەکەی لێرتس دەکەوێتە لای هاملێت و ئێستا ئەم بەو شمشێرە لێرتس زامدار دەکات. کتوپڕ شاژن دەکەوێت، ئەوجا هۆراشیۆ دەنگ هەڵدەبڕێت کە هاملێت و لێرتس خوێنیان لێدەڕژێت، هاوکات شا دەیەوێت وای پێشان بدات کە گۆیا شاژن بەهۆی بینینی خوێنەوە بووراوەتەوە، لێ شاژن هێشتا هێزی تێدا ماوە و خۆی دێتە گۆ کە بەو شەرابە ژەهرخوارد کراوە. هاملێت فەرمان دەدات کە خێرا دەرگەکان دابخەن، ئەوجا کاتێک بە دەنگی بەرز دەپرسێت: کوا، لەکوێ خۆی شاردۆتەوە؟، لێرتس وەڵامدەداتەوە: لێرەم هاملێت، تۆ تازە کوژرایت، هیچ دەرمانێک لە جیهاندا چارەسەرت ناکات. ئەو ئامرازەی دەستت کول نەکراوە و ژەهراوییە، ئەوەتا ناپاکییەکەم بەسەر خۆمدا شکاوەتەوە، ببینە، وا لێرە کەوتووم، تازە چیدی ناتوانم هەستمەوە، دایکیشت ژەهرخوارد کراوە. ئەوە هەمووی تاوانی شایە!
هاملێت بە شمشێرەکەی شا دەکوژێت، هاوکات لێرتس تکای لێدەکات کە لە یەکدی ببورن، ئەوجا ئەویش دەمرێت. هاملێت لێی دەبوورێت، پاشان هۆراشیۆ ڕادەسپێرێت کە ڕاستینەی ئەو ڕووداوانە بۆ هەموو کەس ڕوونبکاتەوە.
فۆرتینبراس دوای لەشکرکێشییە سەرکەوتووەکەی بۆ سەر پۆلۆنیا بەسەر ئەم کارەسەتەدا دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک. هاملێت وەسێت بۆ هۆراشیۆ دەکات کە گەرەکە فۆرتینبراس وتاری ناشتنەکەی بدات. پاشان هاملێت دەمرێت. هەموو بە ئامادەیی فۆرتینبراس کۆدەبنەوە، هەروەها شاندی ئێنگلاند گەیشتۆتە جێ و هەواڵی هێناوە کە فەرمانی کوشتنی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن بەجێگەیەنراوە. پاشان هۆراشیۆ دەنگ هەڵدەبڕێت، گەرەکە هەموو جیهان بزانێت کە ئەوە هەمووی چۆن ڕوویداوە. ئەو خۆی ئامادەیە ڕاستییەکان بدرکێنێت: لەبارەی تاوان، کوشتن و مەرگی سروشتی، لەبارەی پیلان و خودی پیلانگێڕانیش.
فۆرتینبراس وەسێتەکەی هاملێت بەجێدەگەیەنێت و فەرمان دەدات کە چوار خانەدان وەک جەنگاوەرێک بینێژن، جگە لەوە نایشارێتەوە کە دەمێکە دەسەڵاتداریی وڵاتی دێنەمارکی بە مافی خۆی زانیوە، کەواتە ئەو لە ئەوڕۆ بەدوواوە هەروەها شای دێنەمارکە.

1-3 هاملێتی کامەران ڕەئوف
شانۆ
پانتاییەک / نمایشگە لە شێوەی زینداندا کە نزیکەی مەترێک بەرزە، چوار دەرگەی هەیە بەرەو ژێڕزەمینێک کە پڕێتی لە زیندانی. لە قووڵایی شانۆوە دوو قەڵا هەن کە لە هەردوو لای نمایشگە بیناکراون. لێڕوانەران لە هەردوو لای نمایشگە دادەنیشن.
دیمەنی یەک
دەستڕێژی فیشەک و دەنگی شاوری ئاگادارکردنەوە بەپێش کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی وڵاتدا ڕادەبوورن، بەشداربووانیش بریتین لە: سەرۆک، گێرترود، پۆلۆنیوس، لێرتس، هاملێت، سکرتێری سەرۆک و چەند پاسەوانێک.
سەرۆکی دەزگا (دەوڵەت) بە پێویستی دەزانێت کە پرسەیەکی تایبەت بۆ سەرۆک هاملێتی کۆچکردوو دابنرێت، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە هاوسەری سەرۆکی کۆچکردوو ئێستا هاوسەری خۆیەتی و هاوبەشی فەرمانە لە دەوڵەتدا، جگە لەوە دەوڵەت پشتئەستوورە بە هێزی سووپا، بۆیە هیچ ترسێکیان لە مەبەستی دوژمنانەی سەرۆکی دەوڵەتی ڕۆژهەڵات نییە.
لێرتس وەک بەندەیەکی هۆشرایەڵ تکا لە سەرۆکی مەزن دەکات کە ڕێی پێبدات دەزگا جێبهێڵێت تا لە هەندەران خوێندن تەواو بکات. لێ سەرۆک بە پێکەنینی تەوسمەند و پەنجەی هەڕەشە لێی دەپرسێت، کە داخۆ پێش ئەو تکایە ڕەزامەندیی لە پۆلۆنیوسی باوکی وەرگرتبێت. پۆلۆنیوس کە ڕاوێژکاری سیاسیی دەوڵەتە، خزمەتکارئاسا بۆ جەنابی سەرۆکی ڕووندەکاتەوە کە لێرتس بە پاڕانەوەی کوڕانە ڕەزامەندیی لێ وەرگرتووە، بێگومان گرنگ ئەوەیە کە جەنابی سەرۆک دوا قسەی خۆی بکات. سەرۆک لارینەبوونی خۆی بە ژستێکی هەڕەشەئامێزی گەمەییەوە بۆ خواستی لێرتس دەردەبڕێت.
سەرۆک هەروەها دەخوازێت کە هاملێت واز لە خوێندن بهێنێت و ئەرکی خۆی وەک برازا و کوڕ و جێگری ئەو بەجێبگەیەنێت. گێرترودی دایکی هەمان تکای لێدەکات، ئەویش گفت بە هەردووکیان دەدات گوێرایەڵیان بێت. سەرۆک بەو بۆنەیەوە بڕیار دەدات زیندانییەکان (گێرەشێوێنان) بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد بکرێن و دەروازەی کۆشکیان بۆ بکرێتەوە. لێ هاملێت لە بنەڕەتدا زۆر تووڕەیە لە درۆزنیی سەرۆکی دەزگا و بەدپەیوەندییەکانی نێو وڵات.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە سەرۆکی دەزگا چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕەتکردۆتەوە، چونکە دەستدرێژییان کردۆتە سەر هەندێک ناوچەی سنووریی وڵاتەکەیان. هەڵوێستی سەرۆک بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە دەزگا سەربەخۆیە و سەرۆک ئەجێندای هیج وڵاتێک پەسەند ناکات. هاوکات سوپا خراوەتە ئامادەباشییەوە.)

دیمەنی دووەم
لێرتس لەکاتی خۆئامادەکردندا بۆ کەوتنەڕێ ئامۆژگاریی ئۆفیلیای خوشکی دەکات کە هیچ بایەخێک بە هاملێت نەدات، چونکە هاملێت جێی باوەڕ نییە، جگە لەوە پەیوەندیی بەو شێوەیە کە هاملێت دەیخوازێت، دژی یاسای وڵاتە. باشترین ڕێگە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستیی خۆی بشارێتەوە و ئاشکرایان نەکات، چونکە ترس مایەی سەلامەتییە.
هەروەها پۆلۆنیوسی باوکیان ئامۆژگاریی لێرتس دەکات کە متمانە بە هیچ کام لە هەڤاڵانی خۆی نەکات، تەنانەت بەردەوام هەڤاڵانی تاقیبکاتەوە، جگە لەوە هەرگیز سەلام لەو کەسانە نەکات کە پێگەی جڤاکییان لە هینی ئەو نزمترە، لێ گەر پێگەیان لە هینی ئەو بەرزتر بوو، ئاساییە بۆیان بچەمێتەوە.
دوای ئەوەی لێرتس بەجێیان دەهێڵێت، ئۆفیلیا بۆ پۆلۆنیوسی باوکی ڕووندەکاتەوە کە هاملێت هەستی ئەڤینداریی خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێت و تەنانەت پەیمانی خۆشەویستییەکەی بە پیرۆزترین سوێندەوە گرێداوە، لێ پۆلۆنیوس پەیمانی ئەوها بە وشەی سەرزارەکی دادەنێت.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە ئەوڕۆ سەرۆک چاوی بە ژمارەیەک نووسەر و هونەرمەند کەوتووە و گوێی لە گلەییەکانیان گرتووە، بەڵێنی پێداون لەبریی ئەو دوو هۆڵەی شارەوانی تێکیدان و لە شوێنی ئەوان قەسابخانەیەکی سەردەمیی دروست کرد، لە بودجەی ساڵی داهاتوو چەندین هۆڵی شانۆ و موزیک و سینەما دروست بکات).

دیمەنی سێیەم

چەند پاسەوانێک چاودێریی هاتنەدەرەوەی زیندانییەکان دەکەن، لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی زینداندا تیشکی خۆر دەپەخشێتە ژوورەوە، لێ دوای ئەوەی زیندانییەک دەیەوێت لە دەروازەکەوە بچێتە دەرەوە، دەدرێتە بەر دەسڕێژی فیشەک و بریندار دەکرێت. پاسەوانانی ڕەشپۆش و دەمامکدار بە لێدان زیندانییەکان دەخەنەوە نێو زیندان. هاملێت بۆ خاتری بریندارەکە بانگی هۆراشیۆ دەکات، ئەویش بە سەدریەی پزیشکییەوە خۆی دەگەیەنێتە جێ، لێ هیچی بۆ ناکرێت و زیندانییەکە دەمرێت.
هاملێت دەمێک بوو هۆراشیۆی هەڤاڵی دێرینی نەبینی بوو، ئەوجا هۆراشیۆ لە میانەی گفتوگۆی نێوانیاندا دەیدرکێنێت کە مەیلی هەڵاتنی لە ناخدا دروستبووە، لێ هاملێت بڕوای پێناکات و لێی دەپرسێت کە داخۆ هەرگیز دەرەوەی زیندانەکەیانی بینیبێت. هۆراشیۆ بە بیستنی وشەی زیندان سووڕدەمێنێت، لێ خێرا باسەکە دەگۆڕێت بۆ بەشداریی خۆی لە ناشنی تەرمی باوکیدا. هاملێت بۆی دەگێڕێتەوە کە بەردەوام لە پێشبینی یان خەونەکانیدا باوکی دەبینێت و هەموو جارێک کوشتن نەک مردن لە ڕوخساریدا دەخوێنێتەوە، هەروەها دەیەوێت بزانێت کە داخۆ هۆراشیۆ و هاوکارانی پشکنینیان بۆ تەرمی باوکی کردبێت، ئەوجا داخۆ بۆیان ئاشکرا بووبێت کە ژەهرخوارد کراوە یان نا، لێ هۆراشیۆ وەڵامی ناداتەوە.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە هاوڵاتیان لەژێر سایەی سەرۆکی خۆشەویستدا ژیانیان لە ئەوپەڕی ئاسایشدا بەسەردەبەن، هەروەها سەرۆک بڕیاری داوە بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ولات و هاوسەرگیرییەوە لەتەک خانمی دەزگادا زیندانیان بۆ ماوەیەک ئازاد بکرێن.)

دیمەنی چوارەم

سەرۆک لە لەتێک نان پارچەی بچووک لێدەکاتەوە و بۆ زیندانییەکانی فڕێدەدات، ئەوانیش بەپەرۆشەوە دەستیان بۆ دەگرنەوە. هەروەها گێرترودی هاوسەری، گولدنستێرن و ڕۆزنکڕانتس ئامادەن. ئەمان هەڤاڵی دێرینی هاملێتن و دەزانن کە ڕەوشی دەرونیی ئەو تێکچووە، لێ سەرۆک دەیەوێت بۆی ساغبێتەوە کە داخۆ شتێکی دیکە جگە لە مەرگی باوکی هەبێت و هاملێتی ئەوها تێکدابێت. ئەوجا گێرترود تکایان لێ دەکات کە چەند ڕۆژێک لای هاملێت بمێننەوە بەشکم بەڕێی ئەوانەوە بێتەوە سەر خۆی، لێ سەرۆک لەوە زیاتری دەوێت: ئەوان گەرەکە هاوکات بیخەنە ژێر چاودێرییەوە. هەردووکیان گفت دەدەن لە فەرمانیان دەرنەچن. پاشان گولدنستێرن ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە هاملێت زیاتر هۆگری ئەو هونەرمەندە دۆستانەی خۆیەتی کە گەرەکە بەو زووانە بە بڕیاری سەرۆک ئازادبکرێن.

دیمەنی پێنجەم

ئۆفیلیا بە پۆلۆنیوسی باوکی دەبێژێت کە لە ڕەفتاری نائاسایی هاملێت زۆر ترساوە، لێ بە دیدی باوکی ڕەنگە خۆشەویستییەکەی بۆ ئۆفیلیا ئەوی شێت کردبێت، هاوکات ئامۆژگاریی ئۆفیلیا دەکات کە کراسێکی قەشەنگ بپۆشێت و خۆی بە ماکیاژ بڕازێنێتەوە تا زیاتر هاملێت شێت بکات.
دوای ئەوەی دەنگی سکاڵای هاملێت دەبیسترێت، ئۆفیلیا دەڕوات، ئەوجا پۆلۆنیوس دەیەوێت هاملێت تاقیبکاتەوە، بۆ نموونە کە داخۆ ئەو بناسێتەوە، لێ هاملێت لە وەڵامدا پێی دەبێژێت: بەڵێ، تۆ کەللەچیت، نەخێر زیاتر لەوەش: خۆزگە تۆ بەقەد کەللەچی بەشەرەف بوویتایە.
رۆزنکڕانتس و گولدنستێرن وەک بڕیار بوو دێن بۆ لای هاملێت. هەردووکیان بەختەوەرن و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، لێ هاملێت بە پێچەوانەوە سەرجەم جیهان وەک زیندانێکی نموونەیی و وڵاتەکەشیان وەک کاولتر لە هەر جێیەکی دیکەی نێو جیهان دەبینێت. بەڵێ تەنانەت مرۆڤ کە ئاوەز سەروەرێتی و توانا بێسنوورەکانی دەبزوێنێت، بەهۆی ئەو ئەدگارانەیەوە فڕێ دەدرێتە نێو زیندانەوە.
ڕۆزنکڕانتس بە هاملێتی ڕادەگەیەنێت کە هەڤاڵە هونەرمەندەکانی ئازاد دەکرێن، لێ ئەو وایدەبینێت، کە ئەو جۆرە هەنگاوانە تەنیا دەرفەتێکن بۆ ئەوەی هونەرمەندەکان بیر لە خۆیان بکەنەوە و بێنە ڕیزەوە، هاوشێوەی ئەو هونەرمەندانە کە بەردەوام دەستیان بە سنگیانەوە گرتووە، چونکە چاوەڕوانی ستایش و پیاهەڵدانن، دەسەڵاتدارانیش پارەیان بۆ خەرج دەکەن، چونکە لە کاریگەریی هونەر دەترسن.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت، گۆیا ئەوڕۆ کەسێک لە زیندان هەڵاتووە کە سەر بە گرووپێکی تێرۆریستی بووە، هەروەها تێرۆریستان مەرحەمەتی سەرۆکیان بە هەل زانیوە و هێرشیان کردۆتە سەر گرتووخانە بە مەبەستی ئازادکردنی گێرەشێوێنان، لێ پاسەوانان لێیان هاتوونەتە دەست و مەرامەکەیان پووچەڵکردوونەتەوە).


دیمەنی شەشەم

پۆلۆنیوس وەک بەڵگەی وەفاداری بۆ سەرۆک نامەیەکی هاملێت پێشانی سەرۆک و گێرترود دەدات کە بۆ ئۆفیلیای کچی ناردووە و تێیدا شەیدایی خۆی بۆ ئەو دەردەخات. پۆلۆنیوس گفت دەدات کە هەلێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئۆفیلیای کچی لەتەک هاملێتدا بەشەڕ بدات، ئەوانیش هەردووکیان لە حەشارگەیەکەوە تەماشایان بکەن تا ڕاستییان بۆ دەربکەوێت.
سەرۆک ڕەزامەندی بۆ ئەو پێشنیارە دەردەبڕێت.

دیمەنی حەوتەم
هاملێت و هۆراشیۆ کتوپڕ لە نیوەشەوەدا گوێیان لە دەنگی ئاهەنگە کە جەنابی سەرۆک دەیگێڕێت. بە دیدی هاملێت خواردن و خواردنەوە و سەما لە وڵاتەکەیاندا بوون بە نەریت، بۆیە گەلانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات گاڵتە بە گەلەکەیان دەکەن. ئاخر گەلی ئەوان مێژووی لەدەستداوە، هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستی بێبایەخیی خۆیان لەنێو مێژوودا. ئەوجا لە وڵاتی ئەواندا بێڕێزی بە مرۆڤ گەیشتووەتە ڕادەیەک کە لاشەی زیندانی بەدەم گۆرانییەوە لە زیندان دووردەخرێتەوە، جا گەرچی هیچ دوور نییە مردووەکە پارێزەرێک بووبێت و لە بەرگریکردنی هەقیقەتدا ئازادیی لێ زەوت کرابێت، هونەرمەندێک بووبێت کە بەهۆی بەرهەمێکی ئافرێنراوەوە بەری خۆری لێ گیرابێت، سیاسییەکی دژ بە سەرۆک بووبێت، یان کیژۆڵەیەکی پاکیزە بووبێت کە نەیویستووە خۆی بەدەستەوە بدات.
پۆلۆنیوس دێت بۆ لایان و ڕایدەگەیەنێت کە نووسراوی ئازادکردنی هەڤاڵە هونەرمەندەکانی هاملێتی لە نووسینگەی سەرۆک تەواوکردووە. ئەوان ئیدی ئازادن تا دوای پێشکەشکردنی نمایشێک لە بەردەم هەموواندا بە خودی سەرۆکەوە. چەند پاسەوانێک دەرگەی زیندان دەکەنەوە و هونەرمەندە دیلکراوەکان دێنە دەرەوە. هاملێت باوەشیان پێدا دەکات، لێ هۆراشیۆ پێکەنینی بەو ڕەوشە دێت. هاملێت جارێ دەخوازێت کە ئەوان بڕۆن بحەوێنەوە و دوای ئەوە پێکەوە بیر لە بەرهەمێکی هونەریی نوێ دەکەنەوە. پاشان هەموویان پێکەوە لەتەک پۆلۆنیوسدا دەڕۆن و هاملێت بەتەنیا دەمێنێتەوە.
هاملێت خۆی بە کوڕی کوژراوێک دادەنێت و دەیەوێت ئەو تاوانەی بۆ ساغبێتەوە، هاوکات سکاڵا لە دەست بێتوانایی خۆی دەکات، گۆیا ئەو هاوشێوەی هونەرمەندانی ڕەسەن نییە کە بە کارەکانیان دەسەڵاتدارانیان تۆقاندووە. کتوپڕ ئۆفیلیا دەردەکەوێت کە پێڕوکەیەکی کردۆتە سەری، ڕوخساری ماکیاژ کردووە و پۆشاکێکی سەردامانی سووری پۆشیوە. هاملێت بە بینینی ئەو شێوەیەی ئۆفیلیا پتر تێکدەچێت، بەتووڕەیی دەسڕێک دەردەهێنێت و ماکیاژی سەر ڕوخساری دەسڕێت. ئاخر ئەو شێوەیە جوان نییە، چونکە: گەر تۆ پاک و بێگەرد بیت، ئەوا دەبێت پاکی و بێگەردیت کارێک بکات کە گەیشتن بە جوانیت مەحاڵ بێت. بەڵێ ڕۆڵی جوانی زۆر بەهێزترە لە بەسۆزانیکردنی بێگەردی. جگە لەوە ئۆفیلیا نەدەبوو باوەڕ بە هەستی خۆشەویستییەکەی ئەو بکات، چونکە گەرچی ئەو خۆی بە کەسێکی بێگەرد دادەنێت، کەچی ڕەفتاری ئەوهای لێدەوەشێتەوە کە بەهۆیەوە تەنانەت دایکی هیوا دەخوازێت ئەوی نەبووایە. بەڵێ باشترە ئۆفیلیا شوو بە قەشمەرێک بکات، یان ببێت بە ڕاهیبە.
ئۆفیلیا دەست بە گریان دەکات. هاوکات سەرۆک و پۆلۆنیوس لە حەشارگەکەوە ڕەوشی هاملێت بەڕوونی دەبینن. تەنانەت سەرۆک بەو ڕەفتارانەی ئەو سووڕدەمێنێت، لێ گومانی هەیە کە ئەوە سۆزی کەسێکی ئەڤیندار بێت، بۆیە دەبێت بە هەر شێوەیەک هاملێت لە خۆی دووربخاتەوە و ڕەوانەی باشووری بکات، چونکە مەترسییە لەسەر دەسەڵاتەکەی.

دیمەنی هەشتەم

دەروازەی زیندان کراوەتەوە. هاملێت لەگەڵ ئەکتەرەکاندایە و بەدەم ئامادەکردنی نمایشێکەوە پێشنیار دەکات، کە ئەکتەرەکان گەرەکە لەکاتی نمایشکردندا لە سەرۆک بڕوانن.
کاتێک هۆراشیۆ بۆ لایان دێت، هاملێت هەستی خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەو هەڤاڵە دەردەبڕێت، چونکە لەو ڕاستگۆتر و بەوەفاتری نەبینیوە.
پێش دەستپێکردنی نمایشەکە لێڕوانەران دێنە ژوورەوە کە بریتین لە: سەرۆک، گێڕترود، ڕۆزنکڕانتس، گولدنستێرن، پۆلۆنیوس، ئۆفیلیا و چەند کەسێکی دی.
ئەکتەرەکان سەمایەک بە ئاوەڵیی موزیک دادەڕێژن، سەرۆک لەو سەمایەدا دەرکی ئاماژەیەک دەکات و هەڵدەستێت، لێڕوانەرانیش هەروا، ئەوجا ئەکتەرەکان جگە لە ژنێک و پیاوێک دەکشێنەوە. پیاوەکە باوەش بۆ ژنەکە دەکاتەوە و ژنەکە ڕەزامەندانە بەرەو ڕووی دەچێت. بەو نمایشە هەموو دەشڵەژێن. سەرۆک بەتووڕەیی داوا دەکات کە ئەو گاڵتەجاڕییە بووەستێنن، لێ هاملێت دەخوازێت کە ئەکتەرەکان لە نمایشکردن بەردەوام بن، ئەوجا بەگژ پاسەواناندا دەچێتەوە کە تا کەی ژیانی ڕسوایی و کۆیلایەتی قبووڵ بکەن: (...) دادگەی بێدەنگی لە جەور و ستەمی ستەمکاران، دادگەی بێدەنگی لە ئەڤینی قەدەغەکراو، دادگەی بێدەنگی لە خاو و خلیچکیی دادگە، لە تۆقاندنی دادوەر لە جێبەجێکردنی یاسا، دادگەی بێدەنگی لە زوڵم و ستەمی ستەمکارانی هیچ و پووچ و بێنرخ بەرانبەر خەڵکانی ئازاد (...).
گێرترودی دایکی بەتووڕەیی دێت بۆ لای هاملێت و لە نێوان دایک و کوڕدا دەبێت بە دەمەقاڵە.
گێرترود: تۆ چیت لە من دەوێت؟ بە نیازی چیت؟ (...) دەتەوێت بمکوژیت؟ (هاوار دەکات).
هاملێت خێرا دەمی دایکی دەگرێت: دایکە بەشداریی خوێنڕشتنت کردووە، خوێنڕشتنێک کە ئەوەندە خراپە نزیکە لە کوشتنی باوکم و شووکردن بە براکەی.
گێڕترود: کوشتنی باوکت؟
هاملێت بەچەشنێک پەژارەی گرژبۆوەی نێو ناخی کاری تێدەکات کە ئیدی دەکەوێتە سەر زەوی و لەهۆش خۆی دەچێت. دایکی بەدەم بانگکردنی هۆراشیۆ و پاسەوانانەوە هاملێت جێدەهێڵێت، کتوپڕ پۆلۆنیوس دەردەکەوێت و دەیەوێت بەپەلە هەواڵی ڕەوشی هاملێت بە سەرۆک بگەیەنێت، لێ کەسێکی ڕەشپۆش و دەمامکدار دێت و بە خەنجەرێک پۆلۆنیوس دەکوژێت، پاشان خەنجەرەکە دەخاتە نێو دەستی هاملێتەوە و دەڕوات.

دیمەنی نۆیەم
سەرۆک لەگەڵ ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا وەستاوە و زۆر تووڕەیە. ئاخر هاملێت لە کاتێکی هەڵچوون و شێتانەدا خەنجەرێکی کردووە بە دڵی پۆلۆنیوسدا! هەردووکیان لەو بڕوایەدان کە سەرۆک پێویستە هاملێت لە خۆی دووربخاتەوە، چونکە پاراستنی ژیانی سەرۆک پاراستنی وڵات و سەرجەم گەلە. سەرۆک ئەو پێشنیارەی بەدڵە و داوایان لێ دەکات کە دوای ئەوەی هاملێت دێتەوە سەر خۆی، لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ باشوور.
گێرترود باوەڕ ناکات کاری وا لە هاملێت بووەشێتەوە، لێ سەرۆک بۆی ڕووندەکاتەوە کە هاملێت تووشی هیستریا بووە، ئەوجا کاتێک پۆلۆنیوس ویستوویەتی هێوری بکاتەوە، ئەو خەنجەری پاسەوانێکی ڕاکێشاوە و پۆلۆنیوسی پێکوشتووە. دوای ئەوەی هۆراشیۆ دێت بۆ لایان، گێرترود هەواڵی هاملێتی لێ دەپرسێت، ئەویش لە وەڵامدا دەبێژێت، کە: ئاگادار نییە، لە بەشی تایبەتی چارەسەری بۆ دەکەن. دایکی بە بیستنی بەشی تایبەتی دەکەوێتە گومانەوە، لێ سەرۆک وەڵامی دەداتەوە کە باری دەروونیی هاملێت پێویستی بەو بەشەیە.
هەروەها ڕەوشی ئۆفیلیا تەواو دەشێوێت و تێکدەچێت، لە خۆیەوە قسەی بێمانا دەکات. کاتێک ئۆفیلیا دێت بۆ لایان، دایکی هاملێت ناناسێتەوە.
لێرتس بەهۆی کوشتنی باوکییەوە بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵات و دەیەوێت بزانێت کێ ئەو تاوانەی ئەنجامداوە تا تۆڵەی باوکی لێ بسێنێت، لێ سەرۆک پێیڕادەگەیەنێت کە بکوژی باوکی تاکە دوژمنی هەردووکیانە. ئەو خۆی لەبەر دوو هۆ سزای ئەو تاوانبارەی نەداوە: یەکەم، لەبەر دایکی کە خانمی دەزگایە و چاوپۆشی لە هەموو کردەوەکانی دەکات، دووەم، هاملێت ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆری لای جەماوەر هەیە. سەرەڕای ئەوە خوێنی باوکی نافەوتێت. ئەو بڕیاری داوە کە سبەینێ هاملێت پێکەوە لەتەک هەڤاڵەکانی و چەند پاسەوانێکی لاوازدا ڕەوانەی باشوور بکات، ئەوجا گەرەکە لە ڕێگە تووشی چەند جەردەیەکی یاخی ببن و هاملێت لەو شەڕەدا بکوژرێت.
لێ سەرۆک پلانی لەوە زیاتری بەدەستەوەیە: دوای ئەوەی دایکی هاملێت دەخزێتە نێو پرسە و پەژارەوە بۆ کوڕەکەی، هێدی هێدی هەموو دەسەڵاتەکانی لێدەسێنێتەوە، هاوکات گەرەکە لێرتس جێگەی باوکی بگرێتەوە و پۆستی ڕاوێژکاری سیاسیی دەزگا وەربگرێت. ئەوجا بۆ ئەوەی لێرتس بەتەواوی لە نیازی سەرۆک دڵنیا بێت، بە سەرپەرشتیاری ئەو پلانەی دەناسێنێت: ڕەشپۆشە دەمامکدارەکە دێتە ژوورەوە و دەمامکەکەی لادەبات: هۆراشیۆ، بەوەفاترین پیاوی دەزگا و ڕۆڵەی کارەساتەکان!

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە پۆلۆنیوس خۆی کوشتووە، چونکە ماوەیەک لەوەوبەر توشی خەمۆکی بوو بوو، هاملێتیش بۆ چارەسەری پزیشکی دەنێررێت بۆ لەندەن، چونکە بە بیستنی مەرگی پۆلۆنیوس تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، ئاخر ئەو دوای مەرگی باوکی هەموو خۆشەویستیی خۆی دابوو بە پۆلۆنیوس).

دیمەنی دەیەم

بڕیاری ناردنی هاملێت بۆ باشوور جێبەجێ دەکرێت. هۆراشۆ لەنێو دەروازەی کراوەی زینداندا چاوەروانە! هاملێت لەنێو قەفەزەکەدا دەچەمێتەوە و دەکەوێت، ئەوجا لە قەفەزێکی ژێرەوە زیندانییان دەست بەرزدەکەنەوە و هاملێتی کەوتوو هەڵدەگرن و بەرەو دەرەوەی دەبەن. لێ ئەو هێشتا هەر بە: من هەم یان نیم، ئەمەیە پرسیارەکە خۆی دەڕەنجێنێت، ئاخر ئایا کامیان ئەرکی مرۆڤی ئازادە، ئاوڕدانەوە لە جەور و ستەمی دەسەڵاتداران یاخود دژ بەم ژیانە بجەنگێین بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەریایەک لە ستەم بهێنین.
لێرەدا شانۆییەکە تەواو دەبێت.


2- بونیادی درامایی هاملێتی شەیکسپیر و کامەران ڕەئوف

لە بنەڕەتدا کەرەسەی ئاملێتوسی زاکسۆ بۆ شەیکسپیر بریتی بوو لە ئیدێیەک، کەواتە وەک وروژێنەر تەواو گونجاو بوو بە مەبەستێکی تایبەتیی ئەو: نووسینی درامایەک پەیوەند بە دۆخی هەنووکەیی سیاسیی ئێنگلاندەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئەو نەیدەویست وەک لە تراژیدیای گریکیدا دۆخی پاڵەوانێتییەکی پێش-مێژوو بداتەوە. ئەو هەمان مۆرکی بە دراماکانی دیکەی دا.
هاملێتی شەیکسپیر هاوشێوەی شانۆنامە گریکی و ڕۆمییەکان ئەڕیستۆتێلیانەیە، واتا داخراوە. ئێمە لەم شێوەیەی میمێزیسدا (موحاکاتدا) هێڵێکی سوورمان لە سەرەتایەکەوە بەسەر نێوەندێکی پڕگرژیدا بەرەو کۆتاییەک هەیە. لێ شەیکسپیر لە ڕووی داڕشتنەوە چیدی ڕەچاوی سێ-یەکانەی کلاسیکییانەی جێ و کات و کردار ناکات کە مۆرکی داڕشتنی ئەڕیستۆتێلیانەی درامایە، بەڵکو کردارنوێنی سەرباری داخراوییەکەی لە چەند جێیەکی جیاوازدا دادەڕێژێت. جگە لەوە شەیکسپیر فیگوری کۆمیکی دەهێنێتە نێو تراژیدییەکانییەوە.
تێمای هاملێت لای کامەران ڕەئوف نەک لە چیرۆکی ناوبراوی زاکسۆوە، بەڵکو لە دراماکەی شەیکسپیرەوە دەبێت بە کەرەسەی داڕشتنێکی درامایی، لێ نەک داخراو، بەڵکو کراوە. ئەوجا چۆن شەیکسپیر لە لایەنی خۆیەوە تەنیا یەک بەشی چیرۆکەکەی زاکسۆ لە پێنج دیمەندا دەخاتە فۆرمی دراماییەوە، بە هەمان شێوە کامەران ڕەئوف لە لایەنی خۆیەوە هەردوو بەشی یەکەم و پێنجەم ی دراماکەی شەیکسپیر وەلاوە دەنێت، ئەوجا لە بەشماوەی کەرەسەیی بەردەستییەوە درامایەکی نوێ لە دە دیمەندا (لە سکریپتەکەدا لە هەشت دیمەندا) دەسازێنێت بە ناوەرۆک و فۆرمێکی کراوەی نوێوە. بە شێوەیەکی بەرجەستە ببێژین: بەشی یەکەم وەلاوەنراوە، واتا دەرکەوتنی گیانی شا هاملێتی کوژراو لە بەردەم پاسەوانانی کۆشکی هێلزینگوێردا، ئەوجا گەیاندنی هەواڵەکە بە هۆراشیۆ و لە ئەویشەوە بە هاملێت؛ هەروەها بەشی پێنجەم یان کۆتایی کە شەڕی نێوان هاملێت و لێرتسە و لە کۆتاییشدا بە مردنی هەموویان دەوڵەتی شانشینیی دێنەمارک لەناودەچێت، هیچ واتایەکی بۆ داڕشتن وەرنەگرتووە. جگە لەوە گەرەکە لە ڕووی داڕشتنەوە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لای کامەران ڕەئوف ئەدگاری سێ-یەکانەی جێ و کات و کردار ڕەچاو کراوە سەرباری نەهێشتنی داخراوییەکەی شانۆیی کلاسیکی.
لابردنی بەشی یەکەم و پێنجەمی دراماکەی شەیکسپیر کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە درامەکەی کامەران ڕەئوف و مەبەستە هونەرییەکانی، چونکە یەکەمیان سەرەتا و ئەویدیکەیان کۆتایییە و درامایەکی داخراو دەخەنەوە. ئەم پرسە پێوەخەریکبوونی تایبەت پێویست دەکات و لە خوارەوە بەوردی ڕووی تێدەکەین. گرنگ جارێ لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ئەوەیە کە ڕووبکەینە نمایشگە و بابەتەکانی نواندن.
شانۆ لای کامەران ڕەئوف بریتییە لە شانۆی ئاڕێنایی (Arena) بە دوو بەر دانیشتنی لێڕوانەرانەوە، کەواتە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکەی نمایشگە و لێڕوانەران کە جیاکردنەوەیانە بە پەردە، هەڵوەشێنراوەتەوە، واتە ڕووبەڕوو نین، بەڵکو نمایشگە وەک قەفەز (زیندان) لە چوار لاوە بنیاتنراوە و هاوکات زیندانی دیلکردنی لەخۆگرتووە. ئێمە دەتوانین قەفەزە گەورەکە پێکەوە لەتەک دوو بورجی چاودێریدا وەک هێمای دەوڵەتێکی ستەمکار دابنێین. دوو بورجەکە کە لێوەیان هەندێک جار ڕووناکی وەک دوو چاوی لێڕوانەر دەپەخشێت، دەشێت وەک سێکولاریزەکردنی چاوی خودایی دایانبنێین کە گۆیا هەموو شتێک دەبینێت، هەردووکیان هێمان بۆ کۆنترۆلکردنی دانیشتوانی دەوڵەت. جگە لەوە دەرەوەی نمایشگە کە وەک باوە فەزای تایبەتی لێڕوانەرانە، هەروەها ڕۆڵی نمایشگە وەردەگرێت. ئەمە لە بنەڕەتدا یەکێکە لە توخمەکانی شانۆی ئێپیکی (مەلحەمی)ی برێشت کە لێرە وەک پێکهاتەیەکی توخمی ڕەچاوکراوە.
ئاشکرایە کارایی ڕێکڤیزیتەکان ئەوەیە کە شوێنە درامییەکان دەربخەن. ڕێکڤیزیتەکانی شانۆ جگە لە شیشبەندی قەفەزەکە بریتین لە بڵندگۆ، کورسی، تەپڵ، موزیک، گڵۆپ، ئامێری مۆبایل، تفەنگ، خەنجەر و هتد. هەروەها چەک و پاسەوان و دەستڕێژی فیشەک پێشانی دەدەن کە سەرجەم وڵات زیندانە و لە نێویدا هاوکات زیندانی گێرەشێوێنان جیاکراوەتەوە. لێرە ڕوناکی بەتایبەتی دەستوێژێکە بۆ جیاکردنەوەی دیمەنەکان لە یەکدی - لەبریی پەردە. لێ نەک تەنیا ڕێکڤیزیتەکان، بەڵکو هەروەها پۆشاک (کۆستیوم) دەری دەخات کە ئێمە پەیوەندین بە دەوڵەتێکی سەربازیی مۆدێرنەوە.
بەتایبەتی کارەکتەرەکان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنن لە جۆری دراماکە نزیکبکەوینەوە. بەگشتی کارەکتەرەکان بریتین لە: موئاناتاوی، شەیدا، سادە، ساویلکە، قەشمەر، خائین، درۆزن، ڕسوا و هتد. بێگومان دەشێت چەند کارەکتەرێک پێکەوە لە یەک کەسدا هەبن، بۆ نموونە پۆلۆنیوس هاوکات قەشمەر و جەبان و ڕسوایە، یان هۆراشیۆ جەبان و ترسنۆک و خائینە، بەڵێ تەنانەت کۆمیکێتی بە خودی سەرۆک دەدرێت: بە پێڕابواردن وردەنان بۆ دیلەکانی زیندان فڕێ دەدات هەر وەک کۆتر بن. لەم ڕوانگەیەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف بریتییە لە تراژیکۆمیدیا (کە لە خوارەوە وردتر ڕووی تێدەکەین).
مۆرکێکی دیکەی هاملێت ئەوەیە کە بە شێوەزاری سلێمانی نووسراوە یان نوێنراوە. بێگومان ئەمە پەیوەند بە داڕشتنی ئەدەبییەوە پرسیار لەتەک خۆیدا دەهێنێت، لێ پێدەچێت کێشەی کردارنوێنی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە لێڕوانەرانەوە کاریگەریی خۆی لەم لایەنەدا نواندبێت، چونکە کوردەکان نەک تەنیا زمانێکی یەکگرتوویان نیە، بەڵکو لە هەندێک ناوچەدا گوێیان بە دەنگی د ڕانەهاتووە یان دەیقرتێنن، چونکە لەسەر زار کێش بە گوزارشتی وشە دەدات.

3- پرسیاری داڕشتنی درامایی

ئێمە پەیوەند بە تێمای هاملێتەوە گەرەکە ڕووبکەینە پرسی فێنۆمێنە هونەرییەکان کە نیگامان دەکەن. لێرەدا دەشێت ئەوان نەک تەنیا ئێمە وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت)، بەڵکو هەروەها وەک هونەرمەند بە خۆیانەوە خەریک بکەن، کەواتە دەشێت لەم ڕووەی دووەمەوە پێشبینیی ئێستێتیکی بوروژێنن و ببنەوە بە کەرەسەی داڕشتنی نوێی هونەری.
لێ گەرەکە لەم پەیوەندییەدا بپرسین، کە ئایا هۆی چییە هونەرمەندێک ڕێ دەدات لە سەردەمی هەنوووکەدا نیگای کارێکی نیگاکردووی شەیکسپیر بکاتەوە و وەک کەرەسەی درامایەکی سەردەمی وەریبگرێت؟ ئاشکرایە ئێمە بەم پرسیارە خۆمان هێناوەتە نێو گرژییەکەوە لە نێوان کار و هونەرمەنددا، کەواتە هاتووینەتە نێو پەیوەندییەکی ئەوتۆوە کە جیاوازە لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و وروژێنەکانی نێو خودی کردەکێتی، بۆ نموونە هەر ڕووداوێکی لێرەبوونیانەی نێومرۆڤی (گێڕانەوەی ڕووداوێکی هەڵگرتن-ڕەدووکەوتن).
دەرککردنی ئێستێتیکییانەی فێنۆمێنە وروژێنەکان پەیوەند بە دراماوە / شانۆییەوە زۆر ئاڵۆزە، ئەوە تەنانەت ئاڵۆزتر وەک لە ڕەوشی جۆرەکانی دیکەی میمێزیسدا، چونکە دەستکەوتی سەرجەم جۆرەکانی دیکەی میمێزیسی لەخۆگرتووە، وەک: هۆنینەوەی هۆزانی (و ئەمڕۆ بەتایبەتی پەخشانی)، ئەوجا موزیک و ڕیتم (ئەڕیستۆتێلیس). بە هەر حاڵ، دراما هەردەم کەرەسەیەکی هەیە کە دەشێت هونەرمەند دەرچوو لە موئاناتی خۆیی نێو پەیوەندییە جڤاکییەکانەوە لەنێو هۆشی خۆیدا گۆڕانی پێبدات، یان ئەو کەرەسەیە لەنێو کەلەپوری ئەدەبیدا بیبینێتەوە (مەم و زینی خانی یان حەساری شێرزاد حەسەن). لێ گرنگ لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە کەرەسە یەکسەر نابێت بە بابەتی داڕشتن، کەواتە پرسی داڕشتنی میمێزیانە ئەوە نییە کە هۆنەر زیرەکانە تەکنیکەکانی دراما بخاتە گەڕ و بەسەر کەرەسەکەیدا بەکاریانبەرێت. ئەمە بۆیە ناشێت، چونکە ڕووداوی تراژیدیا پاشینەییە، بۆیە هۆنەر دەبێت ئێستێتیکییانە دەرکی بکات، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەو لە خۆیەوە ناکەوێتە گەڕان بەدووی کەرەسەیەکدا و ئەوجا لەسەر تەکنیکی درامایی بینووسێت (لە بنەڕەتدا ئەم شێوەیەی کارکردن نەک تەنیا تراژیدیایەکی ڕەسەن بەدیناهێنێت، بەڵکو خودی کەس لەو ڕووەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە داخۆ ئەو هونەرمەندێکی جددی بێت)، نەخێر، بەڵکو دەبێت کەرەسە بە پرسیارە کرۆکییەکانی نێو خۆی هونەرمەند بهەنگێوێت. بە هەر حاڵ، کەرەسە جارێ فۆرمی درامایی لە خۆ ناگرێت، یان بە زمانی ئەڕیستۆتێلیس ببێژین، جارێ هەقیقەتی (فۆرمی) نییە، بەڵکو ئەم هەقیقەتە هەمیشە دوای فۆرماندنی سەراپایی دێتەگۆڕێ.
کەرەسەی دەرککراو هەمیشە شتێک ی وێنەیی لەنێو هۆشی هۆنەردا پێکدەهێنێت، ئەوجا لە لایەنی خۆیەوە دەبێت بە بزوێنەری ئەندێشە، واتا هۆنەر ئازادانە وێنای ئەو کردارانە دەکات کە لەنێو هۆشی خۆیدا گەڵاڵەبوون. کەواتە ئەو لە کارەکتەری چالاکی نێو کەرەسەکەی ناڕوانێت (کلاودیوس یان پۆلۆنیوس ی خوێنراوە)، بەڵکو لە ڕووداوێک دەڕوانێت لە شێوەی کارەساتدا کە بەسەر کردارنوێنێکدا دێت، ئەمیش بێگومان – بەگوێرەی کرۆکی تراژیدیا – لەژێر زەبری بەخت و بەدبەختیدا. لەم ڕوانگەیەوە ناوەرۆکی تراژیدیا بریتییە لە داڕشتنی کردارنوێنی ی گرێدراو بە بەخت و بەدبەختییەوە. ئاشکرایە لە تراژیدیادا دەسەڵاتی بەدبەختی سەروەرە.
ئێمە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین پەیوەند بە داڕشتنی میمێزیانەی هاملێتەوە ببێژین، کە دراما بزوێنەرەکەی شەیکسپیر وەک سەرجەم لەنێو پێشبینیکردنەوەی هونەریدا هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەوجا بە هەڵوەشاوەیی لە بەردەم دیدی نوێی هونەریدا ئەو بەشانە یان ئەو کردارانەی نێوی واتایان بۆ داڕشتن وەرگرتووە کە بەتایبەتی لەتەک پرسیار و مەبەستەکانی (ئینتەنسیۆنەکانی) هونەرمەند خۆیدا دەگونجێن. ئەمەش بەواتای، ئەو تێمایە کە بەردەوام دەبێتەوە بە وروژێنی داڕشتن و داڕشتنەوە، لای هەر هونەرمەندێکی بەدیهێنەری دراماکە بە شێوەی جیاواز دەفۆرمێنرێت و وەک داڕشتنێکی دیکە دێتە نێوانەوە، ئەوەش چە بەگوێرەی مەبەستی خۆیی دەربڕین و چە بەگوێرەی سەردەمی جیاوازی دەستبۆبردنەوە و هەروەها دەڤەری جیاوازی کولتووری. ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە داڕشتنەوەی دراماییانەی خۆیی بریتییە لە داڕشتنی کردارە دەرککراوەکانی خۆ نەک کارکردن بە پێشنموونە (نموزەج).
داڕشتنی میمێزیانەی هاملێتی شەیکسپیر داخراوە. لای شەیکسپیر دەستپێکی تەنگژەی دێنەمارک کە بە کوشتنی شارراوەی شا هاملێت دەستیپێکردووە، لەتەک دەرکەوتنی گیانی ئەوی کوژراودا بەرجەستەدەکرێت، ئەوجا لە کۆتاییدا، لە دیمەنی پێنجەمدا، دوای شەڕی نێوان لێرتس و هاملێت (ی کوڕ)، پاشان ئاشکرابوونی پیلانەکانی کلاودیوس و مردنی هەموویان، دراماکە بەرەو کۆتایی دەبرێت کە ئیدی وڵاتی دێنەکان بەهۆی لەناوچوونی ڕەچەڵەکی شایانەوە دەکەوێتە ژێر ڕکێفی نەرویجەوە.
بە پێچەوانەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف کراوەیە. دەستپێکی نمایشەکە دەستڕێژی فیشەکە، ئەوجا یەکسەر، کەواتە بەبێ ڕێبەری / مەدخەل سەرۆک لە بەردەم دەسەڵاتدارانی دەزگادا / دەوڵەتدا دەبینین کە ئاهەنگگێڕانە هەواڵی دەسەڵاتدارییە سەربازییەکەی خۆی و هەڵوێستی توندی بەرانبەر هەڕەشەکانی وڵاتی ڕۆژهەڵات ڕادەگەیەنێت. جگە لەوە لە دوا دیمەنی دەیەمدا تەنیا یەکەم هەنگاوی بڕیارەکەی سەرۆک جێبەجێدەکرێت کە دەستپێکی خستنەڕێی هاملێتە بۆ دەرەوەی وڵات و شانۆییەکە بە کەوتنەڕێی ئەو تەواو دەبێت. لە بنەڕتدا تەواوبوونی شانۆییەکە لەم جێیەدا یەکسەر لێڕوانەر / خوێنەر بەرەو دەستپێکی دراماکە وەردەچەرخێنێت و لێرەشدا بەتەواوی بۆی خویا دەبێت کە دراماکە بەکراوەیی کۆتایی پێهێنراوە. ئەم کراوەییە ئەدگارێکی تایبەتیی بە هاملێتی کامەران ڕەئوف داوە کە سەرجەمێکی کراوەی هەڵواسراوە بە پرسیارەوە، ئەوجا هەموو ئەو مەراقانە کە کتوپڕ بۆ لێڕوانەر چێدەبن، بەندن بە دەرخستنی پاشخانەکانەوە و ستەمترینیان خیانەتی هۆراشیۆیە لە هاملێتی هەڤاڵی هێژای - کە لە کرۆکدا هیچ هێژای ئەو نییە. نەخێر، هاملێت لەو پرسە ئەخلاقییەی هەڤاڵێتیدا بەسەهوودا چووە. بە هەر حاڵ، ئێمە لێرە وەک لە شانۆی کلاسیکیدا ڕاچڵەکاندن و ترساندنمان لە پێناوی کاتارزیسدا (خاڵیبوونەوەی خۆی لێڕوانەراندا) نییە، یان ڕوونتر ببێژین، دەرخستنی کتوپڕی هۆراشیۆ وەک مرۆڤکوژی ڕاستەوخۆی سەرۆک کە تەنانەت سڵ لەوە ناکاتەوە هاملێتی بەناو هەڤاڵی هێژا لە تاوانێکی کوشتنەوە بگلێنێت، موفاجەئەیە، لێ موفاجەئەیەک کە لێڕوانەر دەخاتە بەردەم پرسیارەکانی ڕاستی و ویژدان، لێرەشەوە لای ئەو بەتایبەتی تووڕەبوونی ئەخلاقی وەک پرسێکی نێوجیهانی سەرهەڵدەدات. ئاخر گۆیا کەسێک هەڤاڵی هێژایە، کەچی لە بنەڕەتدا ئەوها نییە، چونکە بەلایەوە ئاساییە خیانەت لەو کەسە بکات کە بەڕێزەوە ئەوی بە هەڤاڵی خۆی داناوە. نواندن لە پێناوی خستنەوەی تووڕەبوونی ئەخلاقیدا، لەپاڵ تێکەڵکردنی نمایشگە و فەزای لێڕوانەراندا، ئەدگارێکی دیکەی شانۆیی ئێپیکییە (مەلحەمییە) کە کامەران ڕەئوف بە هاملێتی داوە.
بێگومان نەبوونی کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە لە شانۆیی هاملێتدا دەمانخاتە بەردەم پرسێکی دی: نووسەر / دەرهێنەر لە ڕووی کارکردنی هونەرییەوە هیچ ئیلتیزامێکی نەکردووە بۆ ئەوەی کێشە کرۆکییەکانی دەزگا چارەسەر بکات. بە شێوەیەکی بەرجەستە ببێژین: گومان لەوە ناکرێت کە دەوڵەتێکی سەربازی هەیە و دەسەڵاتدارییەکەی هەنووکەی بەناڕەوا، بە واتای وشە: بەڕێی براکوژییەوە خۆی سەپاندووە، ئەوجا ناچارە هەموو ڕێگەیەک بۆ پاراستنی خۆی تا دەگات بە دەسەڵاتی تێرۆر بگرێتە بەر. گەر ئێمە ئەم ڕەوشە کرۆکییەی نێو دراماکە ڕەچاو بکەین، ئەوە بێگومان پێکەوە لەتەک جەماوەری خۆشەویستی هاملێتدا کە سەرۆک لێی دەترسێت و چالاکترینی خەباتگێڕەکانی خستووەتە زیندانەوە، ئەوا دەشێت لۆژیکییانە لە پرسی یەکلاکردنەوەی دراماتیکییانەی کردارنوێنییەکەدا بەر یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی نێو دەوڵەت بکەوین، کەواتە ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتدارییە لە لایەن جەماوەرەوە بە سەرکردایەتیی هاملێت وەک ئەگەری کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان وەربگرین. لێ ئێمە دەتوانین لە درامایەکی داخراودا پێشبینیی یەکلاکردنەوەیەکی بەو جۆرە یان هەر جۆرێکی دی بکەین، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا کە کراوەییە، لە بەردەم پرسیاری دیکەداین: لێرە هونەرمەند مەبەستی ئەوە بووە کە پرسیار بهێنێتە نێوانەوە و خەریکبوون پێیانەوە بۆ لێڕوانەران / خوێنەران جێبهێڵێت. ئاخر هاملێت بە خواستی تۆڵە نەتەنراوە، بەڵکو ئەو وەک تەنراو بە ناسۆر تەنیا ئەوداڵی ڕاستییە، لێ نەک ڕاستییەکی شۆڕشگێڕی بە مەبەستی لەناوبردنی سەرۆک و دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی نوێ، بەڵکو ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی دەیەوێت مەسەلەکەی بۆ ڕوون ببێتەوە. بێگومان ئەو بەئاگایە لە پرسی خەبات بۆ نەهێشتنی جەور و ستەم، سەرەڕای ئەوە ڕەخنەییانە سەرزەنشتی خۆی دەکات کە هیچ نەبێت پێی ناکرێت هاوشێوەی هونەرمەندانی ڕەسەن ڕووبەڕووی ستەم بووەستێتەوە. ئەوجا لە لایەنی سەرۆکی دەزگاوە پلانێکی دەسیسەییمان بۆ لەناوبردنی هاملێت هەیە، لێ بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا هاملێت لە تاوانێکی کوشتنەوە دەگلێنێت کە ئەو خۆی ئەنجامی نەداوە، بەڵکو فێڵبازانە وەک تاوانبار دەردەخرێت و لە کۆتاییدا گەرەکە لە ڕێی نەفیکردنی بەرەو دەرەوەی وڵات بکوژرێت. سەرۆکی دەسیسەچی و براکوژ کە زۆر لە مەترسییەکانی دەسەڵات بەئاگایە، نایەوێت بەهۆی کوشتنی هاملێتەوە پەنجەی خەتاباری بۆ خۆی و لێرتس درێژبکرێت. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم چارەنووسی نادیاری هاملێت، چونکە وەک گۆتمان، لەتەک بەڕێکەوتنیدا، یان بەرجەستەتر ببێژین، لەتەک هەڵگرتنیدا لە لایەن هاوڵاتیانی دیلکراوی نێو قەفەزەوە کە دەشێت هێماییانە وەک شێوەیەکی ماڵئاواییلێکردن و پێشاندانی دڵسۆزی بیبینین، شانۆییەکە تەواو دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە هاملێت نەک تەنیا مەسەلەکەی بۆ ڕوون نابێتەوە، بەڵکو تەنانەت پتر دەئاڵۆزێت، جا گەرچی سەرۆک بە بینینی سەمای خۆشەویستیی نێوان دوو ئەکتەرەکە تەواو سەغڵەت دەبێت و هاملێتیش دەگات بە جەختی سەبارەت بە کوشتنی باوکی لە لایەن مامییەوە. بێگومان ئاشکرایە ئەم پرسانە کێشەی لێڕوانەرانن وەک بەشێکی جیانەکراوەی نمایشەکە. ئەوان گەرەکە لە هەر ئەگەرێک بهزرێن.
لەم جێیەدا چاک دەکەین گەر بەراوردکارییانە ڕووبکەینەوە هاملێتی شەیکسپیر کە درامای تۆڵەیە، واتا درامای پاڵەوانە. ئاشکرایە مۆرکەکانی پاڵەوانی کلاسیکی بریتین لە موئانات، جددییەت، سەرڕاستی، دلێری. لێ دلێری هەڵوێستێکی ناخەکییە نەک تەنیا لە بەردەم مەرگدا، بەڵکو هەروەها بوێرییە بۆ لێبوردن و داواکردنی لێبوردن. ئەم ئەدگارانەی پاڵەوان لە کۆتاییدا دەردەخرێن، ئەویش بەوە کە هاملێت و لێرتس داوای لێبوردن لە یەکدی دەکەن، هاوکات تەریب بەو دەرخستنە ئەدگاری پیلانگێڕ و جەبانی شای دەسەڵاتسێن دیاردەهێنرێن. ئێمە لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ کارکردنی درامییانەی شەیکسپیر بدەینەوە کە لادانە لە جددییەتی پاڵەوان و تەنانەت بەڕوونی لای خودی هاملێت دەیبینین: بۆ نموونە پشکنینی هەگبەکەی ڕۆزنکرانتس و گولدنستێرن لە لایەن هاملێت و ئاشکراکردنی نامەکەی شا بۆ دەسەڵاتداری ئێنگلاند کە گەرەکە هاملێت بکوژێت، ئەوجا گۆڕینی نامەکە بە یەکێکی دی بە داواکارییەوە بۆ کوشتنی ئەوان هەردووکیان، کردارێکی ناپاڵەوانانەیە، چونکە مۆرکی پاڵەوانی کلاسیکی بریتییە لە ڕووبەڕوویی و ڕاستەوخۆیی نەک کرداری سیخوڕی. لێ ئێمە لە درامای هاملێتی کامەران ڕەئوفدا سەراپا ئەدگاری ئەنتی-پاڵەوان دەبینین، ئەمەش ڕووندەبێتەوە گەر بڕوانین، کە هۆنەر / دەرهێنەر نەک تەنیا ئەدگاری پاڵەوانێتیی تۆڵەسێنی لە هاملێتی کردارنوێنی سەرەکی کردۆتەوە و تەنانەت بە ئەم و ئەو ڕادەبوێرێت (پاڵەوان هەرگیز بە هیچ کەس ڕانابوێرێت!)، هەروەها نەک تەنیا کارەکتەرێکی کۆمیکییانەی بە پۆلۆنیوس یان ڕۆزنبێرگ و گولدنستێرن داوە، کە هەر سێکیان بەگوێرەی پێورە فیزیکییەکانی کۆمیدیا کرداردەنوێنن، بەڵکو تەنانەت خودی سەرۆک کە لە لایەک مەزنی دەپەخشێنێت، لە لایەکی دی مەهزەلییانە وردە نان بۆ دیلی دەوڵەتەکەی فڕێدەدات، هەر وەک چۆن مرۆڤ خۆراک بۆ کۆتر هەڵدەدات. لەم ڕوانگەیەوە درامای هاملێتی کامەران ڕەئوف بریتییە لە تراژیکۆمیدیا.
ئێمە گەرەکە لە هەردوو درامای هاملێتدا ڕۆڵی هۆراشیۆ زۆر بەهەند وەربگرین، چونکە کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهانبینیی هەردوو هونەرمەند. هۆراشیۆ لای شەیکسپیر تا کۆتایی، کەواتە تا دوای مەرگی هاملێت، هەر هەڤاڵە بەوەفا و خۆشەویستەکەی منداڵی دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لای کامەران ڕەئوف تا نزیکەی کۆتایی هەمان هەڤاڵێتی دەبینین، لێ کتوپڕ بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەو هەڤاڵێتییە لە لایەنی هۆراشیۆوە هیچی دیکە نەبووە جگە لە پەیوەندییەکی ڕواڵەتی. هۆراشیۆ کارەکتەرێکی پیسە: جەبانێکە کە مەبەستمەندانە ناخی خۆی شاردۆتەوە و ڕواڵەتی ئەخلاقی (واتا هەڤاڵێتیی) پەخشاندووە، هەروەها وەک جەبان ئامرازی دەسەڵاتە، واتا هینی خودی سەرۆک، بەڵێ تەنانەت ئامادەیە ببێت بە مرۆڤکوژی تایبەتی ئەو، لێرەشدا نەک تەنیا سڵ لە بەجێگەیاندنی پلانی کوشتنی پۆلۆنیوس ناکاتەوە، بەڵکو تەنانەت ئامادەیە هاملێت وەک تاوانبار تێوەبگلێنێت! ئێمە لێرەدا زۆر بەتایبەتی دەستبردنی کامەران ڕەئوف بۆ فێنۆمێنی جەبانی دەبینین وەک پرسێکی یەکجار هەنووکەیی لەنێو جیهانی هاڤرکێی بێداد و ماچ و پاشقولدا. شانۆییە کراوەکە پابەندمان دەکات بە هەقیقەتی پاشینەیی ئەوتۆوە، کە لە نێوەندە کولتوورییە نوێکەی داڕشتنەوەی تێمای هاملێتدا کێشەی ئەخلاقین و مرۆڤ دووچاری لێهزرین دەکەن.
لەم ڕوانگەیەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف وەک سەرەنجام بووە بە کارێکی دی، ئەمەش بەواتای، درامایەکی ئامادەکراو نییە، بەڵکو بەرهەمی ئافراندنێکی میمێزیانەی نوێیە، واتا داڕشتنەوەی سەربەخۆی هاملێتی شەیکسپیر نییە، بەڵکو بریتییە لە داڕشتنی دەرککردنی هاملێتی شەیکسپیر لە موئاناتی خۆیی ی پەیوەند بە پرسیار و مەبەستە ئێستێتیکییەکانی خۆوە. ئەوە کێشە ئەخلاقییەکانی خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، بێوەفایی و بەوەفایی و جەبانین کە لەنێو دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتێردا بە سازاندنی نوێی زنجیرەی کردارەکان دادەڕێژرێن و تێیدا هونەرییانە کەتواری (واقعی) سەردەم دەبزوێنرێت – لێ بەبێ چارەسەر. ئەوەش پێدەچێت لە کەتواری تەنگژاویی ئەم سەردەمەدا کارێکی نەگونجاو بێت، چونکە ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین کە دانانی چارەسەر لەم پەیوەندییە ناوبراوەدا کییچ دەخاتەوە، ئەویش بە داڕشتنی پاڵەوانێکی شۆڕشگێڕ کە بە یاریدەی جەماوەر دەسەڵاتداریی ستەمکار دەڕووخێنێت. لێ ئەمە شێوەیەکی ئەوتۆی کارکردنی هونەرییە کە ئامانجی پێش هەموو شتێک مەساجکردنی دەروونی ئاپۆرەیە.
شانۆیی هاملێت بە پێچەوانەوە کێشەی گۆڕانکاری دەخاتە شێوەی پرسیارەوە. ئاخر ئەو هەموو دیلەی نێو زیندان: پارێزەران و هونەرمەندان و هتد کە بەری خۆریان لێگیراوە، دەستبەرداری هەڵاتنی خۆر بەسەر خۆیان و خەڵکدا نابن. کەواتە خەبات بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەنێو کەتواردا بەرخراوە و سەرۆک و لایەنگرانی تۆقاندووە. لەم ڕوانگەیەوە شانۆیی هاملێت ئەگەری ژیانی ڕزگاربووی لە ستەم هێشتۆتەوە، جا گەرچی ڕۆڵێکی تەواو لاوەکی بە خەباتگێڕان دەدات - ئاخر ئەوان مەبەستی سەرەکیی هۆنینەوە نین. بەڵێ، شانۆیی هاملێت دەیەوێت لە کەنارەوە ئانیشکی ڕەخنەیی بهاوێژێت، ئەویش بەوە کە پرسە ئەخلاقییەکانی نێو ژیانی جڤاکی دیاردەهێنێت و ئاڕاستەی پێشبینییەکانی لێڕوانەرانیان دەکات. هونەر گەرەکە میدیەمی دیارهێنانی ڕاستی بمێنێتەوە بەبێ کرداری گۆڕین کە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا کییچ دەخاتەوە.
ئێمە گەرەکە بۆ نزیککەوتنەوە لەم پرسە سەرلەنوێ لە ڕیالیزەکردنی هونەرییانەی هاملێت بڕوانینەوە: کاتێک لەنێو نمایشەکەدا سەرلەنوێ هونەر وەک میدیەمی خویابوونی ڕاستی وەردەگیرێت و بەوەش ترس لە هونەر دەردەخرێت، ئیدی بەو کارە ڕۆڵی هونەر لە بنیاتنانی توانستی بەرهەڵستیدا بەرانبەر بێدادی جەختلێدەکرێت. هەروەها ڕەنگە نالەبار نەبێت لەم جێیەدا نەهێشتنی پەیوەندییە بەرانبەرییەکەی لێڕوانەران و نمایشگە بهێنینەوە یاد، چونکە کردنی فەزای لێڕوانەرانیش بە نمایشگە، پتر لێڕوانەران لە هونەر نزیکدەخاتەوە، ئەوجا موفاجەئەی لابردنی ماسک (ەکەی هۆراشیۆ) بۆ خاتری بزواندنی تووڕەبوونی مۆرالی لە بنەڕەتدا بەئاگاهێنانی لێڕوانەرانە لە کێشەیەکی کرۆکییانەی سەردەم پەیوەند بە گەلێک پرسی دیکەی خەماوییەوە.

4- پرسی وەرگری تراژیدیا

ئێمە لە بنەڕەتدا گەرەکە گریمانە بکەین کە هاملێت وەک درامایەکی ناسراو یەکسەر لە لایەن وەرگری ڕاستینەی دراماوە دەناسرێتەوە، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: گەرەکە وەرگری دراما بیناسێتەوە گەر هاتوو وەرگرێکی ڕاستینە بێت، ئەوجا گەر داڕشتنەوەیەکی نوێی ببینێت، یەکسەر جیاوازییەکانیان لەبەر دیدی شارەزای ئەودا خویا دەبن و دەشێت بۆی ببن بە بابەتی پێوەخەریکبوونی نوێ: خۆیی بێت وەک وەرگر، یان ڕەخنەیی-ئەدەبی بێت. ئاشکرایە ئێمە لێرەدا بەندین بە وەرگری ئاگامەندەوە کە دەزانێت پرسەکانی داڕشتنی هونەری لای خۆی پاشپاتبکاتەوە، ئەمەش بەواتای، درامای جددی یان تراژیدیا هونەری ئاپۆرە نییە، بەڵێ تەنانەت بە نمایشی تۆمارکراوی لە تەلەڤیزیۆندا کە میدیایەکی جەماوەرییە، هێشتا هەر نابێت بە بابەتی ئاپۆرە، واتا بریتی نییە لە بابەتی کاتبەسەربردن.
لێ ئێمە گەرەکە لە ڕووی وەرگرەوە ڕەچاوی جیاوازییەک بکەین: کاتێک لە درامای ئەڕیستۆتێلیدا جمهورێکی داخراوی تایبەتیمان هەیە کە شارەزایە و وەک ئەوە لە هونەرمەندان و فەیلەسوفان نزیکە، ئەوا لە هاملێتدا وەک تراژیکۆمیدیا سنووری داخراوییەکەی جمهوری تایبەت تێپەڕێنراوە. ئەم تێپەڕاندنە بەوەدا دەبینرێت کە هاملێت ئەدگاری مۆنارشییانەی تراژیدیا و دێمۆکراتییانەی کۆمیدیای یەکخستووە، لێ هەروەها لە لایەنی نزیکخستنەوەیدا لە لێڕوانەران توخمگەلی درامای ئێپیکی (مەلحەمی)ی لەخۆگرتووە، ئەوەش نەک تەنیا لە لایەنی ڕیالیزەکردنی شانۆییەوە لە نێوان لێڕوانەراندا کە تەنانەت دەتوانن لەمبەر و لەوبەر یەکدی ببینن گەر هاتوو دیدی تەرکیزکەریان لەسەر نمایشەکە لابەرن، بەڵکو هەروەها لەو لایەنەشدا کە ویستوویەتی تووڕەبوونی مۆرالی بوروژێنێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هاملێتی کامەران ڕەئوف بەر کەسانی سادەی جڤاکی بکەوێت. سەرەڕای ئەوە گەرەکە بپرسین: ئایا ئەو کەسانە کێن کە دەچن بۆ تیاتەر تا لەوێ نمایشێک ببینن؟ ئاشکرایە گەر تەنانەت هەوڵ بدرێت کە هەرکەس بۆ تیاتەر بانگ بکرێت، هێشتا هەر ئەو پرسیارە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئەو کەسانە کێ بن کە ڕۆیشتن بۆ تیاتەر وەک ئاتاجێک دەبینن و نمایشی شانۆیی وەک هونەرێکی سەربەخۆ لە جیهانی کردەکی یان لە کەتوار دەرک دەکەن؟ ئەمەش بێگومان بەواتای، ئەوان نەک تەنیا بۆ خاتری ئەزموونکردنی جوانییەکەی یان فۆرمێنراویی وەستایانەی کەرەسەکەی دەچن بۆ لێڕوانینی، بەڵکو هەروەها لەوەش بەئاگان کە هونەر کرۆکێکی ڕاستیی لەخۆگرتووە؟ ئاخر ئەوان بینەر نین و لەسەر کورسی پاڵی لێبدەنەوە، بەڵکو لێڕوانەرن، کەواتە بەرەی چالاکی هەر نمایشێکن. ئێمە لێرە لەنێو کێشەی جوانەی دراماییداین کە جیاوازە لە تەمسیلیەی خۆشی کاتبەسەربردن، لە سترانی میللی و شایی چەپی، یان لە وێنەی فریشتەی گووپنی باڵدار. ئاخر وەک گۆتمان، هاملێت بابەتی ئەو خوێنەرەیە / لێڕوانەرەیە کە شارەزای هونەرە و دەزانێت پرۆسەکانی داڕشتنی هونەری پاشپاتبکاتەوە: خۆی بخاتە جێی هونەرمەندەکە و بە لێهزرین ئەوە ئەنجامبداتەوە کە هونەرمەند وێنەییانە دایڕشتووە.
لێ ئێمە لێرەدا لای پرسیارێکین کە گەرەکە دروست بەگوێرەی ئێستێتیکی دەیڤید هیوم بەهەندی وەربگرین تا ڕێ لە بەهەڵەتێگەیشتن بگرین: هیچ کەس بۆی نییە کەسێکی دی بە بێچێژ دابنێت، ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی گۆیا بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دەست بۆ شایی دەگرێت و لێرەشدا قایلە بە سادەترین جۆری شایی کە چەپییە، یان لە بەردەم تەمسیلییە خۆشەکانی کاتبەسەربردندا دادەنیشێت و قاقا پێدەکەنێت، بەو ڕێیەشەوە دەچێتە دۆخی شادییەوە، یان لە ژوور سەری وێنەی پیاوی چەکدار هەڵدەواسێت. کەواتە ئێمە بۆمان نییە پێوارە بەهاییەکانی (نرخێنەرەکانی) پێشکەوتوو و دواکەوتوو دابنێین و بە خودی ئەو پێوارانە ڕوو لە کەسانی هۆش-سادە بکەین، جا ئەو هۆش-سادانە کاسبی نێو بازاڕ یان ئەکادیمیی خاوەن دکتۆرا بن.
سەرەڕای ئەوە وەک پێشتر گۆتمان، تراژیدیاش وەرگری تایبەتی خۆی هەیە و جیاوازە لە ئاپۆرە، هاوشێوەی فەلسەفەکاران کە بوارەکەیان تەواو تایبەتە بە کەسانی پرسیارمەندی ئاڵۆز (موعەقەد) و بەهیچ شێوەیەک ناتوانن و نایانەوێت ئەو پرسیارانەیان بکەن بە بابەتی گفتوگۆ لەتەک کەسانی سادەدا. لێ لەو جڤاکانەدا کە دابی ڕەخنەیان نییە، کێشەکە ئەوەیە کە بەهۆی نەبوونی کولتووری ڕەخنەوە سنوورەکان جیا نەکراونەتەوە، ئەوجا بەدووی ئەوەدا پرسی بوارگەلی جودای هونەری نەچووەتە بواری پەروەردەوە کە ئیدی هەرکەس فێرببێت سنووری خۆی بناسێت. ئاخر ئێمە لە ئەزموونەوە دەزانین، گەر کەسێک خوێنەری چیرۆک و ڕۆمانی سادەی خۆشەویستی بێت، هەرگیز تاقەتی نییە بڕوات بۆ تیاتەر تا لەوێ لە نمایشێکی هاملێت بڕوانێت، هاوکات گەر لەتەک خۆیدا ڕاستگۆ بێت، دەیدرکێنێت کە شانۆیی ئاڵۆز بابەتی ئەو نییە، چونکە هۆشی ئەو تەنیا دەرەقەتی داڕشتنە سادەکانی ژیانی ڕۆژانە دێت، کەواتە تراژیدیا یان تراژیکۆمیدیا لەتەک ئەودا یەکناگرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە بڕیارێکی وەک تراژیدیا هونەری ئاپۆرە نییە، دەرچوون نییە لە تیۆرییەوە، هەروەها فیزداریی دەستەبژێرگەری نییە، بەڵکو ئێمە ئەوە لە هەڵوێستی خودی ئاپۆرەوە دەزانین، هەر ئەم هەڵوێستەشە کە دەبێت تیۆرییانە دیاریبکرێت تا هەر کەس بەڕوونی جودایی پرسەکان ببینێت، هاوکات دەرفەت بۆ خۆخاڵیکردنەوەی نێوچایخانەیی بەسەر کارە هونەرییە جددییەکاندا نەهێڵرێتەوە. ئاخر دەشێت ئەم ڕەوشە لەو جڤاکانەدا کە تێیاندا مرۆڤان سنووری خۆیان ناناسن، بە چەشنێک بکەوێتەوە کە ئیدی خۆدەربڕین لەبارەی فێنۆمێنە هونەرییەکان بەزۆریی بریتی بێت لە ستایشی سەرزارەکی یان شەڕانگێزی (بۆ نموونە لای کوردەکانی ئێراق کە لە نێویاندا خۆهەڵقورتاندنی شەڕانگێز یان پەسنی بابەت وەک خۆ-هەڵکێشان بوون بە نەریت)، لێرەشەوە دەشێت لە بواری ئەدەب و هونەردا پرۆسەی تەختاندن (Nivellieren) بگەیەنرێتە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ئیدی هەرکەس هەموو بابەتێک بە شایستەی خۆی بزانێت و نەک تەنیا داواکاری بۆ سادەکردنەوەی بابەت بەرزبکاتەوە (ئاخر کاکە خەڵک دەبێت لێی تێبگات!)، بەڵکو تەنانەت بوێرێت خۆی دەرببڕێت، هەڵوێست وەربگرێت - کە بێگومان مافی ئەوەی نییە.
بەڵێ، تراژیکۆمیدیا نەک تەنیا بابەتی ئاپۆرە نییە، بەڵکو بابەتی خوێندەواران و ئەکادیمییانی ڕواڵەتیش نییە، چونکە ڕووداوە پاشخانییەکانی تراژیکۆمیدیا داوای ئەکتێکی ئافرێنەرانەی گوزارشت دەکەن، بۆیە ئاڵۆز هۆنراونەتەوە، واتا وێنەکان لەنێو پەیوەندیی میمێزیانەی چڕچنراودا پێکەوەگرێدراون و لێڕوانەر دەبێت چە فۆرمی سەرجەمییانەی کراوەی شانۆییەکە و چە تاک تاکی وێنەکان بناسێتەوە، لێرەشدا لەوە بەئاگایە کە هیچ کامیان ڕیال نییە، بابەتی بەکارهێنانی ڕۆژانە نییە، بەڵکو پێکڕا وێنەی تەمسیلکەرن لە خزمەتی سەرجەمە وێنەی نمایشکراودا: بورج، تفەنگ، زیندانی نێو گەورە-زیندان، موزیک، میدیای ڕاگەیاندن وەک ناوبڕ، تاریکی لەبریی دادانەوەی پەردە، بەکورتی هیچ کام لەمانە بابەتی ڕیالی ڕۆژانە یان نێو سروشت نییە، بەڵکو پێکڕا خۆیان لە ڕەوشی تەمسیلکردندا دەبیننەوە. تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە بەرانبەرییەکەی لێڕوانەر-نمایشگە و دانانی نمایشگە وەک ئارێنا لە نێوان دوو بەرەی لێڕوانەراندا بریتییە لە چێکردنی پەیوەندییەکی نوێی هونەری. سەرجەمی ئەم وێنەیە کە هەر توخمێکی لە لایەنی خۆیەوە تەمسیل دەکات، پێویستی بە وەرگری ئاگامەندی تایبەتە. ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین لە سەرجەمی وێنەییانەی بزۆکی نمایشگەیەک تێبگەین، گەر بەبێ دروستکردنی هیچ تێڕوانینێکی پێشیانی، بەبێ پێشبڕیار (حوکمی موسبەق)، بۆ ئەوێ بڕۆین، هاوکات لەوە بەئاگا بین کە ئێمە لە فۆرمێنراوی ئێستێتیکی دەڕوانین – جیهانێکی تایبەت لە دەرەوەی کەتواری جڤاکی، کە گومانی تێدا نییە کرۆکێکی داپۆشراوی ڕاستیی لەخۆگرتووە. لێ ئەم کرۆکە دەشێت خوێنەر / لێڕوانەر خۆی دیاریبهێنێت، ئەویش کاتێک دەرککردنی پسیکۆلۆژیانەی (واتا بینراوی جەستەیی) بابەتەکە هۆشەکییانە دەرکدەکاتەوە و پرسەکانی نێوی کە وێنەییانە داڕێژراون، دەکات بە کێشەی هزر. ئاخر موئانات تەنیا پاڵهێزی ئافراندن نییە، بەڵکو پاڵهێزی وەرگرتنی بابەتە هونەرییەکانیشە، هەروەها، لە ڕووی ڕەخنەی هونەرەوە، دەرککردنەوەی هزریی هونەر باشترین دەرفەتی شیاو بۆ گۆزارەی شیاو لەبارەی هونەر دەڕەخسێنێت.

5- واتای هەنووکەیی هاملێت

بەندەگێتی هەردەم پابەندکردنی ویستی خۆیە بە ویستی کەسێک یان کەسانی دییەوە. بەندەگی خۆویستانە یان بەناچاری هەر خۆزگە و داواکارییەکی ئەویدی بەجێدەهێنێت، چونکە بڕیار دەدات خۆی وەک مرۆڤ لەنێو پەیوەندیی ئەوتۆدا نەفی بکات کە چواندنی گشتییان پێدراوە، بۆ نموونە پارتی هەرەمییانەی سیاسی یان دەوڵەتی دیکتاتۆری، واتا ئۆرگانی ئەوتۆ کە سیستەمییانە بنیاتنراون و وەک ئۆتۆرێتی (دەسەڵاتڕۆیشتوو) تاکەکەسان لەنێو خۆیاندا گرێ دەدەن. بەندەگییان لەم جۆرە پەیوەندییانەدا وەک بەکرەی بزوێنەری سیستەم و سەقامگیرکردنی کارا دەبن، چونکە بەڕێی بەشداریپێکردنەوە لە نواندنی هەر شێوەیەکی دەسەڵاتدا دەرفەتی سوودی خۆییان بۆ دەڕەخسێت. بەم شێوەیە میکانیکێتی لەنێو هەر پەیوەندییەکی سیاسیدا سەروەری وەردەگرێت: پەرلەمانتار یان پارێزگار و هتد دادەنرێن و لادەبرێن، ئەم بەرپرسیار دەخرێتە جێی ئەو بەرپرسیار، کوڕ جێی باوکی وەک ڕاوێژکاری سیاسیی دەوڵەت دەگرێتەوە، گرنگ ئەوەیە کە سیستەمی بنیاتنراو بە سەقامگیری بهێڵرێتەوە، کە بێگومان بەدیدەهێنرێت گەر خەڵک تا ڕادەی شیان پاسیڤ (ناچالاک) و هاوکات بە دەسەلاتدارانەوە پابەند بکرێت، چاکترین دەستوێژ بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەش هەوڵدانە بۆ باڵادەستیی ڕواڵەتگەری تا هەر ڕاستییەکی نێو پەیوەندییە سیاسییەکان لە بەردیدی گەل بزرببێت. لێرەوەیە ئیدی کەسان بەهۆی پابەندییان بە دەسەڵاتدارانەوە، بەتایبەتی پابەندیی ئابوورییەوە، ناچار دەبن بەرگرییان لێ بکەن، هاوکات خۆیان لە لاوازیی ئاگاییەوە، بەڵێ لە نامۆبوونی هۆشەکییانەوە، بەو ڕواڵەتگەرییە خوازراوەی دەسەڵاتداران دەگونجێنن و تا ڕادەی شیان دەیدەنە بەر. بەم شێوەیە ئیدی لە وڵاتدا خواردن و خواردنەوە، سەما و ملدانەبەر و تەمەڵی لای سەروەران و خەڵک دەبن بە نەریت. بەڵێ خەڵک بە واتای وشە دەبێت بە داماوێکی پێکەنیو-کڕووزاوە، هەڵپەکەری چڵێس، هاوکات هیچ گرنگییەک بە بایەخی خۆی لەنێو مێژوودا نادات، تەنانەت خواستی بۆ هەر جووڵەیەکی جڤاکی لا نامێنێت، ئەوە تەنانەت لەو کاتانەشدا کە کەمینەگەلی بچووک بە بەرچاوی ئەوی پاسیڤەوە ناڕەزایی سەبارەت بە هەر بەدپەیوەندییەکی سیاسی یان جڤاکی دەردەبڕن. لەم بەدڕەوشەوە ئیدی ڕێ خۆشکراوە بۆ ئەوەی بێڕێزییەکانی هەر بەکرەیەکی سیستەم بەرانبەر خەڵک لە سنوور دەبچن، تەنانەت پاسەوانی زیندان بەدەم گۆرانییەوە لاشەی بۆگەنکردووی زیندانی دووربخاتەوە، جا گەرچی دوور نییە کەسی مردوو ڕۆژنامەوانێکی بوێر بووبێت و دەستی بۆ هەقیقەتی شارراوەی سەرۆکی مەزن بردبێت، پارێزەرێک بووبێت و لە بەرگریکردنی هەقیقەتدا ئازادیی لێ زەوت کرابێت، یان هونەرمەندێک بووبێت کە بەهۆی بەرهەمێکی ئافرێنراوەوە بەری خۆری لێ گیرابێت.
بێگومان پەیوەندیی بەو چەشنەی دەسەڵاتدار-بەندەگیی نێو سیستەم کە ئاڕاستەیەکی شۆڕبۆوەی هەرەمی دەسەڵاتە، هاوکات ئاڕاستەیەکی بەرەڤاژ لەژێرەوە بەرەو ژوور لەخۆدەگرێت، چونکە نەک تەنیا دەسەڵاتداران دەتوانن بەکرەکانی سیستەم هەڵسووڕێنن، کۆنترۆل بکەن، بەڵکو ئەوانیش لە لایەنی خۆیانەوە دەسەڵاتداران فریو دەدەن و بەو ڕێیەوە سەروەری بەسەریاندا بەدەستدەهێننەوە، بۆ نموونە بە مەزناندنی درۆزنانەی سەرۆک (ئاخر قوربان ئایندەی گەل و وڵات بەندە بە جەنابتانەوە!)، یان بە هەواڵی درۆ و وێنەی بژاردەکراوی میدیاکانیان و شاردنەوەی هەقیقەتەکانی ژیانی جڤاکی لێیان، لێرەشدا ئاشکرایە ئەوان فریودەخۆن، چونکە لە جڤاک و ژیانی ڕۆژانەی دابڕاون. ئامانجی بەندەگییان بە لەخشتەبردن و مانیپولەکردنی سەروەرانیان ئەوەیە کە بەدپەیوەندییە سیاسییەکان ڕابگرن، چونکە خۆیان بەتایبەتی لێیان سوودمەندن.
لێ هێشتا هەر پەیوەندیی سەروەری-بەندەگێتی لە ڕووی کارایی سیاسی و جڤاکییەوە سەرەنجامە، لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی ناکۆکییە ئەخلاقییەکانی تاکەکەسانە کە ناخەکییانە لەگۆڕێن و دەرەکییانە کردار و هەڵوێستی ئەوان لەنێو و بەنێو جیهاندا دیاری دەکەن، کەواتە دەشێت بە نەرێنی وەک بەدڕەوشتمەندیی کردار لە ژیانی سیاسی و جڤاکیدا وەک سەرەنجام کارا ببن: پەیوەندیی ناوبراوی سەروەری-بەندەگێتی بخەنەوە، یان هیچ نەبێت دەرفەت بڕەخسێنن بۆ زیتبوونەوەی ئەو جۆرە پەیوەندییانە (بێگومان دەشێت لە دەسەڵاتداریی سیاسیی مرۆڤدۆستدا بە ئەرێنی وەک ڕەوشتمەندیی کردار کارا ببن). ئێمە لێرەدا بەڕوونی بەر بەها ناخەکییەکانی وەک خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، بەوەفایی، دادپەروەری، ڕاستگۆیی و گەلێکی دی دەکەوین. لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا، هاوشێوەی دەوڵەتەکەی هاملێت کە تێیدا جەخت لە بەدپەیوەندیی سەروەری-بەندەگێتی دەکرێت و هەروەها کارەکییانە بنیاتدەنرێت، نەک تەنیا پرسە مۆرالییەکانی پێکەوەژیان، وەک خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، سۆسیالێتی و هتد، بەهۆی بەرژەوەندیی کەسییەوە لە بوارەکانی پراکسیسی سیاسیدا لەکاردەکەون، بەڵکو تەنانەت لە پەیوەندییە جڤاکییەکاندا قرچەڵۆک دەبن، یان ستەمی بەندەگێتیی نێو سیستەم لەنێو پەیوەندییە جڤاکییەکانیشدا تەنانەت هەڤاڵێتی دەخاتە سەر لێژایی ڕۆچوون بەرەو نەمان.
هەڤاڵێتی، وەک شێوەیەکی سۆسیالی پەیوەندی، هەردەم خۆشەویستییە، لێ لە خۆخۆشویستن جیانابێتەوە، بە واتایەکی دی، کێ خۆی خۆشنەوێت، ناتوانێت کەسانی دیکەی خۆشبوێت. ئەوجا ئەوە فەزیلەکانی هەریەکەی هەڤاڵانە کە بنەڕەتی هەڤاڵێتیی ڕاستینە پێکدەهێنن. بە دیدی ئەڕیستۆتێلیس لەم جۆرەی هەڤاڵێتیدا هەریەکەی هەڤاڵەکان بۆ خاتری خودی ئەویدی چاکە و سەرفرازیی بۆ دەخوازێت، کە بێگومان هەڵوێستێکی ئاشکرا جەختلێکراوی هەریەکەیانە، کەواتە بەڕوونی دەرکی پێکردبێت. لەم ڕوانگەیەوە هەڤاڵێتی وەک خۆشەویستی، ناساندن و بەدەر لە ئیرەیی، هاوکات شێوەیەکی دلێرییە - دلێری وەک فەزیلە کە هەردەم ئاوەزمەندانە چالاک دەبێت. بە پێچەوانەشەوە بەندەگێتی وازهێنانە لە خۆ، یان دەستبەرداربوونی خۆیە، واتا کردارێکی ئەوتۆ کە نیتچە ناوی دەنێت جەبانی.
جەبان (پۆلۆنیوس، ڕۆزنکڕانتس، گولدنستێرن، لێ بەتایبەتی هۆراشیۆ) لەنێو بەندەگێتیدا دیلی خواستگەلی ڕواڵەتییە کە دەرەکییانە پێناسەکراون، واتا ئەو ئامانجی سێنسە (حەواسە) وروژاوەکانی خۆی دەبینێت، لێ بەهۆی جەبانییەوە ناچارە لەنێو پەیوەندیی بەندەگێتیدا هەوڵ بۆ ساتارکردنیان بدات، نەک خۆی وەک کەسێتییەکی دلێر بۆ بەدیهێنانیان تێبکۆشێت. ئاخر وەک گۆتمان جەبان دەستبەرداری خۆی بووە، ئەو وەک بەندەگی لەنێو پەیوەندیگەلی دەرەکییانە پێناسەکراودا بەکرەئاسا دەبزوێت، کەواتە ئەو ناتوانێت بە کەمترین شێوە ڕێفلەکسیڤ بێت (ڕووبکاتە خۆی)، بەڵێ تەنانەت دژایەتیی هەر کەسێک دەکات کە هەڵوێستی بەو چەشنە ڕووەو خۆی وەربگرێت: بە خودی خۆیەوە خەریک ببێت، هاوشێوەی ئەو دلێرانە کە دەشێت بکەونە تەنگژەی شوناسەوە و ئەوجا بەپەرچیوی ڕووەو خۆیان ئەوداڵی وەڵام بن سەبارەت بە کەسێتییان. هۆراشیۆ نەک تەنیا بێشوناسە، بەڵکو تەنانەت دەستبەرداری پرسیاری شوناسی خۆی بووە. بێگومان نەشیاو نییە کە لەنێو پەیوەندییەکانی ژینجیهاندا لای ئەو پرسیار سەبارەت بە کرداری خۆی سەرهەڵبدات و پەرچێنەرانە ڕووبکاتە خۆی، واتا کتوپڕ ئەو خۆیە ئاشکرابکاتەوە کە ئەو دەستبەرداری بووە، لێ ئەو یەکسەر پرسیارەکە لە ئاگایی خۆی دووردەخاتەوە و دەیچەپێنێت، چونکە نایەوێت و ناتوانێت هیچ لەبارەی ئەوە بزانێت. ئاخر ئەو جەبانە و بەو زانینە ژیانی ڕاهاتووی لەق دەبێت! ئەو هەردەم خەریکی ئەمسەر و ئەوسەرە تا ڕێ بگرێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەر هەقیقەتێک، هاوکات تا بتوانێت بە هەر شێوەیەک زامن بۆ خۆی بچەسپێنێت، جا ئەو زامنە پەچەی چڕچنراوی قودسییەت بێت، دەستکەلاکانی ماچ و پاشقول بن، قبووڵکردنی ئەرکی مرۆڤکوژیی بێت بۆ سەروەرانی، یان بریتی بێت لە بەها ڕەوانییەکانی وەک شێخایەتی و سیاسەتی پارتایەتی، کە بێگومان دەشێت پێکڕا یان بەجیا وەک دەستوێژی خۆپاراستن و پەچەی حەشاردەر بەگەڕیانبخات. بۆیە ئەو هەرگیز ناتوانێت لە دەرگەی ماڵی خۆیەوە بێ سڵەمینەوە دەر-بکەوێت، بەڵکو بە لەشی کۆنترۆلکراو، بەڵێ کەسێتیی تاریککراو بە پەچەی مۆرال، بەرەو هەر پێکەوەبوونێکی جڤاکی، بەناو نێو-هەڤاڵی، بەڕێدەکەوێت، هاوکات چەکی جیاوازی بەرهەڵستی و لێدان دەهێنێتە سەرپێ تاکو ئەو پەچە ڕواڵەتییەی مۆرالی لەسەر هەڵنەماڵرێت کە وەک میراتێکی سوننەتی وەریگرتووە و خۆی پێداپۆشیوە. بۆیە گەرچی ئەو لە چایخانەکە لەنێو بەناو هەڤاڵاندا دانیشتووە، گەرچی ئەو لەتەک بەناو هەڤاڵانیدا بۆ سەیران دەڕوات، لێ لەبەر ئەوەی خودی خۆی نییە، بەڵکو خۆپۆشیوێکی گرژبۆوە و سڵەمیوەیە و نیازی پێکەوەبوونی پڕخۆشەویستیی نییە، ئەوا لە هیچ کامیاندا ناتوانێت بەڕاستی چێژ ببینێت، واتا هاوشێوەی کەسانی دلێر پێبکەنێت، سەیران بکات و شادی بچێژێت: ئەزموونی متمانە و گاڵتەوگەپ بکات! نەخێر، هۆراشیۆکان کەمترین چێژی ژیان ناکەن - ژیان کە هەردەم تەنراوە بە سپۆنتانێتی و خۆشەویستی بۆ دۆستانی شایانی خۆشویستن.
بێگومان هەڤاڵێتی لە دەوڵەتەکەی هاملێتدا بەتەواوی لەکارنەکەوتووە، بەڵکو هێشتا هەر لە دەرەوەی سیستەمی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبەری شیاوی ئەزموونکردنە لای ئاگامەندانی خاوەن موئانات: هونەرمەندان یان سیاسەتکارانی دژبەری ستەمکاری. لێ تا ئەو کاتە کە ستەمکاری و بەشداریپێکردن لە دەسەڵاتدا، هاوکات پرسی ئایندەی وڵات وەک دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی سیستەم، کارا بن و پێکڕا سەقامگیریی بۆ دابین بکەن، تا ئەو کاتەش ئاگامەندانی قبووڵنەکردووی ئەو بەدڕەوشانە وەک گیرخواردوو لە موئاناتدا دەمێننەوە. ئاخر خەڵک ڕێی داوە پاسیڤ بکرێت و لەنێو ڕواڵەتگەریدا بزرببێت، هاوکات کۆمەڵایەتێتیی (ئیجتیماعێتیی) ناسۆسیال و چەنەبازیی سوننەتی لە گشت بوارێکدا نەریتئاسا تەنیونەتەوە، بەڵێ درۆ گەورەکانی وەک ئازادیی هاوڵاتیان و شکۆفەی جڤاکی، دەربڕینە سەرزارەکییەکانی وەک ئازیزم و بەڕێزم، سەرۆکی حەکیم و زۆری دی، وەک تەوەنی ڕواڵەتی سەرجەم پەیوەندییەکانی کایەی سیاسی و تەنانەت کەم یان زۆر جڤاکییان داپۆشیوە، بوون بە ئۆبژێکتیڤێتییەکی ڕیشە داکوتیو، کە ئیدی کاتێک ئاگامەندان بە پرسیار و کردار بەری دەکەون، لە ناخیاندا پتر موئانات دەخاتەوە. ئەوان کەسانی تێماون، لێرەشدا ئاشکرایە تێ-ماو هاوشێوەی هاملێت لە دۆخێکدایە کە نازانێت چی بکات: نە ئەمسەر و نە ئەوسەری لێدیارە، بۆیە بەزۆریی خۆی دەڕەنجێنێت. بێگومان دەشێت هزرینی ڕەخنەیی لە بەدڕەوشەکانی ستەمکاری بتوانێت خۆڕەنجاندنی نێو دۆخی تێ-ماوی نەهێڵێت و لێرەشەوە ببێت بە مایەی ڕەنجدان بۆ گۆڕینی ئەو بەدڕەوشانە (وەک لای شۆڕشگێڕان و کودەتاچییان)، لێ مەسەلەکە لێرەدا هێندە ئاسان ئەوە نییە کە هەروەک ببێژین: دەی کوڕینە با بکەوینە ڕێ بۆ هێنانی جیهانێکی باشتر!، بەڵکو مەسەلەکە لەو هزرینە ڕەخنەییەدا بەتایبەتیتر ئەوەیە کە کوڕ و کچی باشەکانی نێو ڕەوشی تێماوی خۆیان سەرەتا جێی پرسیارن، ئەوەش لەو ڕووەوە کە داخۆ تا چەند خۆیەتیی خۆیانیان لەنێو جیهانی بێدادی و ماچ و پاشقولدا ڕەخنەییانە بەهەند وەرگرتبێت و بەو ڕێیەوە بنیاتیان نابێت، یان داخۆ تا چەند ئەوان ڕواڵەتگەرایانە لەنێو جیهانی هاڤرکێوە سوننەگەرایانە تەقەلا بۆ دەسەڵاتی خۆیی بدەن – دەرکەوتن یان ناساندنی دەرەکی، سامان و چێکردنەوەی بەدپەیوەندیی دەسەڵات! پرسیارەکە لەنێو دۆخی تێماویدا سەرەتا ڕوودەکاتە وەرگۆڕینی کەسێتیی سۆسیۆکولتووری بۆ کەسێتییەکی ئازادی هەڵوەستاو بەنێو جیهاندا کە بە ویستی ئازادی خۆی بڕیار بۆ هەر شێوەیەکی پەیوەندی، جڤاکی یان سیاسی، دەدات.
لێ جێی سەرنجە کە لە هاملێتدا وەک هونەر، سەرباری تێماوییەکەی هاملێت، سەرلەنوێ هونەر وەک میدیەمی دیاهێنانی ڕاستی وەردەگیرێت، بێگومان نەک ڕاستییەکی مێتافیزیکی وەک لە تراژیدیای گریکی ئەنتیکەدا، بەڵکو ڕاستی لە پاشخانی سەندن و نواندنی دەسەڵاتدا، کەواتە ڕاستی وەک ڕوداوی نێوجیهانی. سەمای دیارهێنانی ڕاستی لە هاملێتدا وەک هونەرێکی نمایشکراوی نێو هونەر ئالەنگارییەکە بە ئاڕاستەی هۆشی لێڕوانەران کە دەشێت بە تووڕەکردنی مۆرالیانەیان وەک پرسیار لەنێو هۆشیاندا بنیشێت. ئاخر دیاردانی کتوپڕ و ساتەکییانەی ڕاستی دەتوانێت پێشبینییەکانی ئەوان (خوێنەران، لێڕوانەران) بە خۆیەوە بەند بکات، بەوەش ئاگایی ئەوان بگۆڕێت، ئەوجا لێرەوە کاریگەری لەسەر ژینجیهان بنوێنێت. بۆیە ئەوە بەڕێکەوت نییە کە ئێمە ترسی دەسەڵاتداران لە هونەر وەک گەڤێکی ڕۆشناییدەر لە زاری هاملێتەوە دەبیستین، چونکە ئەوان لە کاریگەرییەکەی وەک دیارهێنەری ڕاستییەکان دەترسن، بۆیە هەوڵ دەدەن هونەرمەندان بکڕن و بییانهێننە ڕیزەوە، یان وەکو دی بییانگرن، لەناویانبەرن.











سەرچاوەکان

سەرچاوەی سەرەکی
کامەران ڕەئوف:
سکریپتی درامای هاملێت.
سینۆگرافیی نمایشی هاملێت
سەرچاوەی لاوەکی
سەرچاوە بە کوردی
کاوە جەلال:
هەوڵێک بۆ نزیککەوتنەوە لە دیالێکتیکی نێگەتیڤی ئادۆرنۆ. گۆڤاری ئایندە. ژ 56، 2004
تێگەی مێمێزیس لای ئەڕیستۆتێلیس. گۆڤاری زانکۆی کۆیە. ژمارە 5، 2006.
تیۆریی وێنە لە فەلسەفەی هوسەرلدا، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە 39، 2013.
کارۆل زاوەرلاند: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیکی ئادۆرنۆ، گۆڤاری کۆنسێپت، ژمارە 5، 2012، (وەرگێڕان لە ئەڵمانییەوە).

سەرچاوە بە ئەڵمانی
Aristoteles: Poetik. Hauptwerke, Ausgewählt und übersetzt von Wilhelm Nestle, Stuttgart 1968.
Aristoteles, Nikomachische Ethik. Stuttgart 2017.
Cay Dollerup: Der dänische Hintergrund in Shakespeares Hamlet. Sinn und Form, Heft 4, 2008.
Johannes Gerschewski, Die drei Säulen und das Überleben elektoraler Autokratien: Eine Replik, Zeitschrift für Vergleichende Politikwissenschaft: Comparative Governance and Politics, 11(2), 237-246. https://nbn-resolving.org/
Paul Herrmann: Erläuterungen zu den ersten neuen Büchern der dänischen Geschichte des Saxo Grammaticus. Leipzig 1901.
William Shakespeare: Hamlet, Prinz von Dänemark. Übersetzt von August Wilhelm von Schlegel. Leipzig 1987.
Wolfgang Weiß: Das Drama der Shakespeare Zeit. Versuch einer Beschreibung. Stuttgart Berlin Köln Mainz 1979.
Wolfgang Sofski: Über die Feigheit. Deutschland Funk Kultur. Beitrag vom 18.06.2006
ئەم بابەتە 1,290 جار بینراوە
هاشتاگ
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 2
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
پۆلێنی ناوەڕۆک: شانۆ / شانۆگەری
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: سلێمانی
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 80%
80%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( زریان عەلی )ەوە لە: 01-04-2021 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 02-04-2021 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 02-04-2021 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 1,290 جار بینراوە
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
کورتەباس
هەندێ وێنە لە فۆلکلۆر و کەلەپووری کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
دڵە بێ بەشەکان
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
کورتەباس
کورتە باسێک لە بابەت ئەدەبی میللی (فۆلکلۆری) کوردی یەوە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
کورتەباس
دێوو ئەفسانەو سەربردەی مرۆڤ
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
کورتەباس
بنیاتەکانی چیرۆکی گیانداران لە ئەدەبی فۆلکلۆری ی کوردی دا
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
شێخی مەزن

ڕۆژەڤ
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
24-04-1974
30-08-2010
هاوڕێ باخەوان
24-04-1974
ژیاننامە
دانا جەلال
03-10-2010
هاوڕێ باخەوان
دانا جەلال
ژیاننامە
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
05-01-2022
ئاراس ئیلنجاغی
عەبدوڵڵا سمایل ئەحمەد
ژیاننامە
عەبدوڵڵا شاڵی
20-12-2023
ڕۆژگار کەرکووکی
عەبدوڵڵا شاڵی
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
17-04-2024
زریان عەلی
فەیروز ئازاد
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
جاسم عیدۆ حەجی عەلی
22-04-2024
سروشت بەکر
ڤیدیۆ
هاووڵاتییەک جەژنی ڕەمەزان و قوربان هی من نییە هی عەرەبە و جەژن ناکەم
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
فەرهاد پیرباڵ؛ میز بە هەموو شتێکی تورکیا داکەن
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
22-04-2024
زریان عەلی
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
22-04-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
22-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
شێخی مەزن
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
21-04-2024
زریان سەرچناری
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
21-04-2024
زریان سەرچناری
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
20-04-2024
زریان سەرچناری
ئامار
بابەت 517,208
وێنە 105,523
پەرتووک PDF 19,120
فایلی پەیوەندیدار 96,177
ڤیدیۆ 1,297
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
ژیاننامە
عەبدولکریم یونس
کورتەباس
هەندێ وێنە لە فۆلکلۆر و کەلەپووری کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
کورتەباس
دڵە بێ بەشەکان
شوێنەوار و کۆنینە
گەرماوی موفتی
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
پەرتووکخانە
ناودارانی گەرمیان؛ بەرگی 01
شوێنەوار و کۆنینە
کۆشکی کەلات
وێنە و پێناس
پیاوێک بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زاخۆ ساڵی 1927
وێنە و پێناس
کوردناس و نووسەرە کوردەکانی یەریڤان 1966
ژیاننامە
بەناز عەلی
ژیاننامە
مێهرداد عەبدوڵڵازادە
ژیاننامە
هومایۆن عەبدوڵڵا
ژیاننامە
شەرمین وەلی
پەرتووکخانە
کوورتەیەک لە ژیانی هێمن موکریانی
وێنە و پێناس
پۆڵا نانەوازادە ساڵی 1979
کورتەباس
کورتە باسێک لە بابەت ئەدەبی میللی (فۆلکلۆری) کوردی یەوە
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
پەرتووکخانە
نۆهەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
چەند کەسایەتییەکی شاری مەهاباد ساڵی 1979
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
فەیروز ئازاد
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
ئەشکەوتی بەکرێگیراوان
وێنە و پێناس
قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکی داگیرکەر و فاشیست داپۆشرا!
کورتەباس
دێوو ئەفسانەو سەربردەی مرۆڤ
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
ژیاننامە
سەفیەدینی ئورمی
ژیاننامە
ڕێناس ڕزگار
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
عەبدولکەریم بەرزنجی
کورتەباس
بنیاتەکانی چیرۆکی گیانداران لە ئەدەبی فۆلکلۆری ی کوردی دا
ژیاننامە
مهناز کاوانی
پەرتووکخانە
شێخی مەزن

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.25 چرکە!