یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا سەر بە لیستی پارتی دیموکراتی گەل (#هەدەپە#).
رۆژی 21-02-2018 داواکاری گشتیی کۆماریی لە پارێزگای کۆجائێلی، تۆمەتنامەی دژی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە ئامادەکرد و داوای سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی کرد، ئەوەش بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ #پەکەکە#.
دوای دوو ساڵ و لە ڕۆژی #20-02-2021#دا، 16یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەو پارێزگایەش، داوا و ڕاسپاردەکەی داواکاری گشتیی پەسندکرد. لەسەر ئەو بنەمایە، داواکاری گشتی دۆسیەی تاوانی دژی عومەر بۆ وەزارەتی دادی تورکیا بەرزکردەوە، وەزارەتەکەش دۆسیەکەی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە #17-03-2021#، لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە سەر پەرلەمانتار عومەر فاروقی فراکسیۆنی هەدەپە لە بازنەی پارێزگای کۆجائێلی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکپارتی، مەهەپە، پارتی یەکبوونی مەزن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی پەسندکرا.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کە پرسی ڕووتکردنەوەی زیندانیانی لە تورکیا وروژاند، لەبارەی لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەی ڕایگەیاند، بەهۆی وروژاندنی بابەتی پشکنین لەڕێگەی ڕووتکردنەوە و ئەشکەنجەدانە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵمدا دەکرێت، چونکە ئەو پرسە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەی نیگەران کردووە و بووەتە سکانداڵێک لە هەموو ئەوروپا و جیهان باسی لێدەکرێت.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو دەبێتە سێیەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە پارێزبەندیی لێ بسەندرێتەوە و لە کاری پەرلەمانتاری دووربخرێتەوە. ڕۆژی 04-05-2020 هەریەک لە موسا فارسئۆغوڵڵاری و لەیلا گیوڤەن پارێزبەندییان لێسەندرایەوە و لە پەرلەمانتاری دوورخرانەوە. بەمەش ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە بۆ 55 کورسی کەمیکرد.[1]