لە ڕونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن سکرتێری ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبەری گشتی #سلێمانی#یەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتوە کە د. هەورامان نەسرەدین، برای بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە سەردەمی د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی سلێمانی کراوەتە هۆبەی ئیفادات لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و دواتریش هەر لەسەردەمی د. میران و لەساڵی 2016دا کراوەتە بەڕێوەبەری کلینیکی پسپۆڕی د. ئیدریس بۆ نەخۆشییەکانی دەم و ددان.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ سەلماندنی ئەو قسانە سێ نوسراوی بڵاوکردۆتەوە کە فەرمانی کارگێڕین بۆ دانانی ئەو برایەی د. سەباح لەو پۆستانەی باسکراون و ئیمزای د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی سلێمانیان لەسەرە.
رونکردنەوەکەی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوە دێت کە باس لەوە دەکرێت د. #سەباح هەورامی# ئەو برایەی لەو پۆستە داناوە.
د.سەباح هەورامی، لەسەرەتای ساڵی 2018دا پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەوەکالەت پێدرا، لەهاوینی ئەمساڵیشدا پۆستەکەی بوە هەمیشەیی.