ئەوەندەی نەماوە گوندەکانی سوغانلوو و کاسەکەران لە پیرانشار ژێرئاو بکەون، ڕەنگە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو بەنداوی کانی سێو بەتەواوی ئەو دوو گوندە نووقمی ئاو بکات.
500 گوندنشینی سوغانلوو گوندەکەیان بەجێهیشتووە، دێی کاسەکەرانیش دەکەوێتە سەر ڕاستە ڕێی بەنداوەکە، لەوێش 300 کەس بەناچاریی گووندیان جێهێشتوە، ئەترسن ئاوی بەنداو ماڵ و حاڵیان نووقمی ئاو بکات.
حەمزە بۆرەکە کە دانیشتووی سۆغانلوویە دەڵێت ڕۆژانە ئاو ئەو ماڵانە دادەگرێ کە لە داوێنی گوندەکەن، پاییز و زستان ئاوی بەنداو خێراتر سەردەکەوێ، خەڵک گیری خواردووە، بڕۆن دەستیان لە زەوی زار بەردەبێ، نەشڕۆن ئاو دەیانکا بە ژێرەوە.
حکومەتی ئێران 15 ساڵ پێش بڕیاریدا ژیان لە گوندەکانی سۆغانلوو و کاسەکەران بکاتە قوربانی درووستکردنی بەنداوی کانی سێو. بەهۆی ئەو بەنداوە، زیاتر لە 300 دانیشتووی گوندی کاسەکەران گوندەکە جێ دەهێڵن. لە نزیکەی 700 دانیشتووی گوندی سۆغانلووش، زیاتر لە 500یان ڕۆیشتوون.
لە 2015ەوە سوپای پاسداران دەستی بە جێبەجێکردنی بەنداوی کانی سێو کردووە. بەنداوەکە لەسەر ڕووباری زێی بچووک درووستکراوە و 68 مەتر بەرزە و توانای گلدانەوەی 327 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە. حکومەت دەڵێت: ئامانجی سەرەکی لە درووستکردنی ئەو بەنداوە، گواستنەوەی ئاوە بۆ دەریاچەی ورمێ.
لە دەستپێکی درووستکردنی بەنداوەکەوە، قەرەبووکردنەوەی خەڵکیش دەستی پێ کردووە. ساڵی 2015 بڕیاریدا بۆ هەر مەترێک باخ 18 هەزار تمەن و بۆ ماڵیش مەتری 400 هەزار تمەن بداتە خەڵک. لە 2017شدا ڕایگەیاند، مەتری زەوی کشتوکاڵی بە 15 هەزار تمەن دەکڕێتەوە.
سەرەتا بەشێک لە خاوەن موڵکەکان، پارەی قەرەبوویان وەرگرت، بەڵام تاوەکوو ئێستاش نزیکەی یەک لەسەر سێی گوندەکە، قەرەبوو نەکراونەتەوە. ئەمساڵ حکومەت پێی ڕاگەیاندوون بۆ باخ مەتری 30 هەزار تمەن، زەوی مەتری 25 هەزار و ماڵیشیان بە مەتری 800 هەزار لێدەکڕێتەوە. بڕە پارەیەک کە دانیشتووانی گوندەکە، ڕەتیدەکەنەوە.
ئاو ڕۆژانە ڕووبەرێکی زیاتری ئەو ماڵانە دادەگرێ کە لە داوێنی گوندەکەن. وردەوردەش هەڵدەکشێ، بەتایبەت لە پاییز و زستاندا، بە بارینی بەفر و باران، ئاستی ئاوەکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەوەش خانووی زیاتر دەکەونە ژێر ئاو.
دانیشتووانی سۆغانلوو لەسەر دوو ڕێیانێکی سەخت ماونەتەوە. لە گوندەکەیان بمێننەوە، مەترسی ژێر ئاوکەوتنیان لەسەرە. چۆلیشی بکەن، ناتوانن ژیانیان دابین بکەن.