ئەمڕۆ بەرواری 17/10/2020 لەکاتی ڕوماڵ کردنی ئەو ڕوداوەی کە هێزەکانی #حەشدی شەعبی# بارەگای #پارتی دیموکراتی کوردستان#یان دەسوتاند لەشاری بەغداد، تیمی ڕۆژنامەوانی کەناڵی ڕوداو کە پێکهاتوون لە ‘هەڵکەوت عەزیز' ی پەیامنێرو'خەتاب عەجمی' وێنەگر لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە گیران و ودەست بەسەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکەیاندا گیراوە، سوکایەتی و هێرشیش کراوەتە سەریان و لێیاندراوە و 3 کاتژمێر دەست بەسەربوون و دواتر ئازادکراون.ئەمە لەکاتێکدا پێشێلکاری و حاڵەتە توندەکانی توندوتیژی لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانی کورد ڕۆژانە بەردەوامە.ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی و مافی ڕۆژنامەنوسان لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم حاڵەتە دەکەین و جگە لەوەی پێشێل کردنی یاسای ڕۆژنامەوانی عێراقی و یاسای ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستانە، خزمەت بە پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادی ڕادەربڕین لەم وڵاتەدا ناکات.داواکارین لە حکومەتی عێراقی و سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم کارە و پێشێلکاریەکانی تری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بێ دەنگ نەبن.پاراستنی گیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوسە کوردەکان لەوناوچانە دەخەینە ئەستۆی حکومەتی عێراقی.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی و مافی ڕۆژنامەنوسان
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان
#هەولێر#
17/10/2020