ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی #شەنگال# (#مەخەدەشە#) ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک کە ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی لەبەرچاو نەگرێت ناگاتە ئەنجام و وتی، گوڕانکاریەکان و گفتوگۆکان بێ ئێمە قبوڵ ناکرێن.
لە ڕاگەیەنراوەکەی مەخەدەشەدا هاتووە، لە 3ی ئابی 2014دا بە ئامانجی جینوسایدکردنی گەلی ئێزدی دوای ڕادەستکردنی شەنگال لە لایەن پەدەکەوە و خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق، #داعش# هەوڵیدا گەلەکەمان بە گشتی کۆمەڵکوژ بکات، بەڵام دوژمن ئامانجەکەی نەپێکا و دۆخەکە پێچەوانە بووەوە. کۆمەڵگای ئێزدی هێز و ئیرادە و بەرخۆدانی خۆی پیشاندا. باجی گەورەیدا و ڕێگای لە دوژمن گرت. بەرلە 2014 ئیرادە و سیاسەتێکی پارتە سیاسیەکان لەسەر ئێزدیەکان دەسەپێنرا، بەڵام دۆخەکە تێپەڕی و ئێستاش نە کۆمەڵگا کۆمەڵگای جارانە و نە سەردەمەکەش سەردەمەکی جارانە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەروەها ئاماژە بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی شەنگال کراوە و باسی ئەوە دەکرێت، هەر گفتوگۆ و دانوستانێک بۆ چارەسەر شەنگال و هەر پڕۆژە و بڕیارێک بە بێ وەرگرتنی بۆچوونی کۆمەڵگای ئێزدی و سەپاندنی هەندیک سیاسەت، بێئەنجام دەبن. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بپارێزرێت و ستاتوی شەنگال هەمیشەیی ببێت، بگەینە بۆچوونێکی هاوبەش کە ئیرادە و هەبوونی کۆمەڵگاکەمان بە ئازادانە لەبەرچاو بگیرێت.
مەخەدەشەدا دەشڵێت، 6 ساڵە شەنگال لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە بەڕیوە دەبرێت و هیچ کێشەیەکیش ڕووینەداوە و ئێمە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین و لە خزمەتکردنیش بەردەوام دەبین.
لەبەرئەوەش هیچ هەوڵێک و بڕێارێک لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدیمان، سەرکەوتوو نابێت.
لە کۆتاییدا مەخەدەشە داوای کر پێکهاتەکانی شەنگال کرد لە بەرانبەرئەم جۆرە بڕیارانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.