نووسینی: تریفە جەلال
کۆمەڵگەی کوردی لە لێوارێکی مەترسیداردایە، کە تیایدا نزیکە هەموو بەها باڵاکان و پیرۆزییەکان و جوانییەکان بکەونە خوارەوە، چونکە بەهۆی گرێی خۆ بەپاڵەوان کردنەوە لە سۆشیاڵ میدیا، ڕۆژانە شتانی نامۆ و سەیرو سەمەرە لەکۆمەڵگاکەماندا ڕوو دەدەن.
گرێی خۆ بەپاڵەوان کردن ئەوەیە: کە گەنجێک (کوڕ یا کچ) بیەوێت لەرێگەی مۆبایلە سمارتەکەی دەستییەوە، هەرچییەکی کردووە بیکات تەنها لەبەر ئەوەی ناو دەربکات یاخود ببێت بە پاڵەوان و موشتەری و لایک و کۆمێنت بۆ خۆی زیاد بکات.
ئیدی لەم پێناوەشدا، هەموو شتێک دەکات و هەموو شتێک دەڵێت بەبێ ڕەچاوکردنی عورف و عاداتی کۆمەڵگاکەی تەنها بۆ ئەوەی ئەو گرێیەی لەناخیدایە بیکاتەوە و خۆی بکات بە ئایکۆن، ئیدی لەهەر بوارێک بێت، کە هەندێ کات بەسازشکردن لە سیفەتەکانی کەسایەتیش کۆتایی دێت.
هەر لەو ڕۆژەی دەستمان گەشت بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئیدی جۆرێک لە منافسەی نا تەندروست لەنێوان چینێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا دروست بوو کە تیایدا ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو چۆن لەدژی یەک و لەرقی یەک و لەسەر حسابی یەکدی ببن بە پاڵەوان.
هەستی حەزکردن بە ناودەرکرن و بوون بە ڕەقەم، کارێکی یاساغ نییە، بەڵام گرتنەبەری ڕێگەکانی یاساغی دەکەن، چونکە کەسێک لەسەر ئەساسی پێ نان بە پیرۆزییەکاندا ببێت بە پاڵەوان ئەوە دەرەنجامێکی نامۆشی لێ دەکەوێتەوە.
حەز دەکەیت ببیت بە فاشیۆن یاخود هونەرمەند یاخود کەسێکی کۆمیدی یان هەر بابەتێکی دیکە، ئەوا ئوسلوب و ڕێگەی تایبەت بەخۆی هەیە و نابێ بەم بیانووەوە هەندێ ڕێگا بگیرێتە بەر کە تەنها زیانی بۆ خودی کەسەکە و خێزانەکانیان هەیە.[1]