دەقی نامەکەی هێمن:
کچی خۆم شوکریەی خۆشەویست
ئەوە یەکەم جارە ئەم عینوانە بۆ کچێک دەنووسم، بۆ خۆم کچم نییە و هەرگیز بە چاوی بابانەوەش تەماشای هیچ کچێک ناکەم. بەڵا لە درۆ بدات من تا ئێستاش جوانی پەرستم و هیچ جوانێکیشم پێ لە کچ جوانتر نیە. بەڵام لە تەواوی ژیانم دا هەرگیز هیچ جوانێک نەیتوانیوە زەوقی من ڕازی بکا چونکە پێم وایە لە ویش جوانتر هەیە و جارێ تووشی نەهاتووم، هەروەک هیچ شیعرێکیش بەتەواوی ڕازی نەکردوم چونکە پێم وایە لەوەش جوان دەکرێ بخوڵقێ.
کچی خۆم. بەڵام ئەوە ئەم عینوانەم بو تۆ نووسی چونکە هەست دەکەم تۆ وەک کچێک منت خۆش دەوێ و منیش دەبێ وەکو باوک تۆم خۆش بوێ. شوکریە گیان بروا بکە لە کانگای دڵمەوە خۆشم دەوێی و هیوام وایە نەک هەر کچی چاکی من بی بەڵکو کچی چاکی کورد بی. کچی چاک بە بروای من هەر ئەوە نییە لە بن عابا و ڕووبەندا بژی و نوێژ و طاعەت بکا و ڕوو لەنا مەحەرەم بگری. من کچێکم پێ چاکە بەچەکی زانینەوە خزمەت بە نیشتیمان و نەتەوەکەی بکا. تێت ڕادەبینم تو یەکێک لەو کچانە بی. هەر ئەوەی کە لەو بەهەشتەوە یادی کەسێک دەکەیەوە کە ژیان بۆ ئەو وەک جهەنەم وایە بەسە بۆ ئەوەی کە تۆ بناسین و بزانین کچە کوردێکی کە خزمەتکارانی کوردت خۆش دەوێ.
کچم. هەم بخوێنە هەم بژی من قەت ئەوەندە وشک نیم پێم وابێ خوێندکارێک دەبێ شەورۆژ سەری لەسەر کتێب بێ و تام لە ژیان نەکا. ئەوەندەش بێ مبالات نیم هەق بدەم بە کەسێک هەلی وای بۆ هەڵکەوێ و کەڵکی لێ وەر نەگرێ. سەرکەوتنت بە ئاوات دەخوازم. سڵاوی هەموو کچ و کوڕێکی باشی کورد لەوێ دەگەێنم.. لە باتی من تەماشای جوانەکان و ناسکەکانی وێ بکە. هەرچەندە دەزانم خۆت زەوقی لێ وەرناگری. لە نووسین و خوێندەنەوەی کوردی خافڵ مەبە خەریکم دیوانەکەم چاپ بکەم هەر چاپ کرا بۆت دەنێرم.
باوکت، باوکی دڵسۆزت هێمن
#04-07-1974#