گڵۆڵەی ژن، لە شاخەوە کەوتە لێژی!
نوسینی: تەرزە جاف
ژنکوشتن، دیاردەیەک نییە تایبەت بێت بە کۆمەڵگەی کوردی، لە هەر شوێنێک نێرسالاری و ئایین و داب و نەریتەکان عەقڵ و ئیرادەیان لە ژن سەندەوە و وەک جەستەیەکی رووت لێیان روانی و لە هەمانکاتیشدا باری قورسی کەرامەت و نامووسی خێزان و عەشیرەتیان کرد بە کلیلێک و لە جەستەی ژنەکاندا شاردیانەوە، ئیتر ژنەکان دەبنە بۆمبێکی تەوقیتکراو و بەردەوام دەکەونە بەر مەترسی قەڵاچۆکردن، هەر کاتێکیش خێزان، کەسوکار، خيڵ و عەشیرەت هەستیان کرد ئەو ژنە لە پیرۆزییەکانی ئەوان لایداوە، ئەوە بێ یەک و دوو، بە دڕندەترین شێوە لەناویان دەبەن، ئیتر نەک تەنها نامەیەکی مۆبایل، بەڵکو بوختانێکی بێ بنەماش بەسە بۆ لەکۆڵکردنەوەی ئەم جەستەیە و بەتاڵکردنەوەی ئەم بۆمبە!
چەند هەفتەیەکە ژمارەیەکی بێشومار لە کەناڵی راگەیاندن و سایت و دەزگای راگەیاندنی فەرمی و نافەرمی و بە رێژەیەکی زۆرتریش سۆشیال میدیا وروژاوە، تۆمەت هەڵبەستن و نیگەرانییەکان گەیشتوونەتە ئەوەی دەیان وتار و بەرنامە و وەڵامدانەوە رۆژانە بە سایت و کەناڵەکاندا بڵاوببنەوە و گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکان بکەن و پێشمەرگەکانی شاخ، کە سیاسەتمەدارەکانی ئێستان، شەلم کوێرم ناپارێزم کەوتوونەتە هەڵدانەوەی لاپەڕە رەش و سپییەکانی یەکتری.
لە هەندێک لەو چیرۆکانەدا ژنەکان لە پەراوێزی رووداوەکاندا دەکوژرێن، ئەگەرچی بە گێڕانەوەی جیاواز و دژەیەک لە لایەن شایەتحاڵەکانەوە دەگێڕدرێنەوە، بەڵام هەمیشە هەمان کۆتایی کۆیان دەکاتەوە: مەرگ!
ئاشکرایە جگە لەو ژنانەی کە هاوسەری پێشمەرگەکان بوون، یاخود ژنانی ئەو گوندانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون، ژنان و کچانی قارەمانیش هەبوون، پێشمەرگە بوون و لە رێکخستنەکانی شارەکان و لە شاخیش پێشمەرگایەتیان کردووە، ئینکاری لەم راستیە ناکرێت، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەکردن و لێکۆڵینەوەیە کوشتنی ژنانە کە لە سەردەمی شاخەوە هەبووە و بەردەوام بووە تا دوای راپەڕین و لە دوای راپەڕینیشەوە ژنکوشتن لە حاڵەتەوە بە هەنگاوی خێرا بوو بە دیاردە.
لە ئێستاشدا ئاگری ژنکوشتن بە رادەیەک تەشەنەی سەندووە کە هەموارکردنەوەی یاساکان و هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی ژنان لە کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە دەستەوەستان ماونەتەوە.
کورد لە ژنکوشتن درێغی نەکردووە و تەنها بە سنوورەکانی خۆیشیەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە پێشکەوتووترین وڵاتانی دنیادا کچ و ژنەکان رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، نەک تەنها ژنی کورد، بەڵکو هەندێکجار دەستی تاوانی کوردان جەزرەبەی مەرگی گەیاندووەتە کچان و ژنانی رۆژئاواش.
ئیتر کاتی ئەوەیە کە دام و دەزگا فەرمییەکان و رێکخراوەکان لێکۆڵینەوەی ورد لە رەگ و ریشەی کوشتاری ژنان بکەن، چونکە خەریکە ئەم دیاردە ترسناکە تەنها لە کاتێکدا بایەخی پێدەدرێت کە ژنێک یان کچێکی دیکە دەکوژرێت، هەرچەند رۆژێک دەبێتە باس و خواسی سۆشیال میدیا و تا کوشتنێکی دیکە کەس باسی ناکاتەوە و زۆربەی جارەکانیش چارەنووسی بکوژەکانیش ئاشکرا ناکرێن.
[1] ⚠️ This item has been written in (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!