گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، ئەگەر هاونیشتمانییان ئاگایان لەخۆیان نەبێت، لە پاییز و زستاندا تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا زۆر زیاتر دەبێت و هیچ نەخۆشخانەیەکی حکومی و ئەهلی شوێنی نامێنێت بۆ نەخۆش.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆرۆنا مەترسیدارە و لە #دهۆک# و #سلێمانی# تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، لە #هەولێر# و هەموو شارەکانی دیکەش پێشبینی زیاتر دەکرێت، کۆرۆنا جیاوازی ناکات لە هیچ سنوور و شوێنێک.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا و تکا لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت خۆتان باش بپارێزن و ئەم نەخۆشییە بەهەند وەربگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-10-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 620 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 19 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. بەمەش ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 50 هەزار کەسی تێپەڕاند.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 248 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. هەروەها 31 هەزار و 996 کەس چاکبوونەتەوە و هەزار و 826 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 16 هەزار و 426 کەس لەژێر چارەسەری پزیشکدان.
هەروەها لە ماوەی 4 ڕۆژی ڕابردوودا 28 کەس لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 126 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە هاونیشتمانییان بەردەوام پابەندنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لەکاتی چوونەدەرەوەیان ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن.