مێلاڤ عەبدولقەهار زرار، لە قوتابخانەی ژیاری ناحکومییە و تەمەنی 17 ساڵانە. پشتیوان زرار، مامی مێلاڤ ڕاگەیاند، برازاکەم قوتابییەکی زیرەکە، ڕۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی 01-10-2020 تاوەکوو وانەی شەشەمیشی لە قوتابخانە خوێندووە و دواتر کە لە قوتابخانە دەرچووە نەگەڕاوەتەوە ماڵ.
خێزانەکەی مێلاڤ کەیسەکەیان گەیاندووەتە لایەنە ئەمنییەکان، بەپێی گوتەی مامی مێلاڤ، لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە کە لە گەڕەکی نووسەران دەبیندرێت و بەرەو شەقامی 60 مەتری دەڕوات. بەڵام دواتر دیارنامێنێت.
پشتیوان زرار بە ڕووداوی گوت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە، ئەوە یەکەمجارە شتی وا ڕوودەدات لە خێزانەکەیان، بەپێی گرتەی کامێراکانی چاودێری، بەتەنیا بە کۆڵانەکاندا دەڕوات و هیچ کەسی بەدواوە نییە.
مێلاڤ بە تاکسی هاتوچۆی قوتابخانەی کردووە، مامی دەڵێت: تاکسییەکە و هاوڕێکانی چاوەڕوانیان کردووە، بەڵام ئەو بە دەرگەیەکی دیکەی قوتابخانەکەدا چووەتە دەرەوە، تاکسییەکەش دوای 10 خولەک ماڵەوەیانی ئاگادارکردووەتەوە.
ئەو خێزانە دانیشتووی گەڕەکی باداوەن لە #هەولێر#، لە ڕێگەی ڕووداوەوە داوا دەکەن، هەر کەسێک زانیاری لەسەر کچەکەیان هەیە، کە وێنەکەی لەسەر ئەم هەواڵە بڵاوکراوەتەوە، ئاگاداریان بکەنەوە.[1]