#هۆزان جانێ#، خانمە گۆرانیبێژی کوردی باکووری کوردستان، دوای دوو ساڵ بەندکردن لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئازادکرا.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا، لە زاری پارێزەری هۆزان جانێی گواستەوە، ئێوارەی چوارشەممە 30-09-2020 جانێ لە بەندیخانەی بەکرکۆی لە ئیستەنبوڵ ئازادکراوە، پاش ئەوەی دوو ساڵی لەو بەندیخانەیەدا بە تۆمەتی تیرۆر بەسەربرد.
نەورۆز ئاکالان، پارێزەری هۆزان جانێ، ڕایگەیاندووە وێڕای ئازادکردنی لە بەندیخانە، بەڵام جانێ بۆی نییە تورکیا بەجێبهێڵێت و قەدەخەی هاتووچۆی لەسەر دانراوە.
پارێزەرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە دادگای تایبەتمەندی کەیسەکەی جانێ، لە پاش گوێگرتن لە تیمی پارێزەرانی بەرگری، بە ئازادکردنی جانێ ڕازیبووە، پاشئ ەوەی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەدا بووە و ئەوەش گونجاو نەبووە.
جانێ لە تشرینی دووەمی 2018دا، تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستانی درایە پاڵ، کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، بەرێکخراوێکی 'تیرۆریستی' دەیناسێنن و بەندکردنی بۆ ماوەی 6 ساڵ بۆ بڕییەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا لە ئابی ڕابردوودا، بڕیاری تۆمەتبارکردنی جانێی ڕەتکردەوە و گوتی بەڵگەی ڕوون نییە بیسەلمێنێت، تۆمەتبارکراوەکە، ئەندامی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بووە.
جانێ دەبێ ڕۆژی 20-09-2020، بچێتە بەردەم دادگای تورکیا لە شاری ئەدرنە، بۆ بەردەوامبوونی دادگاییکردنەکەی. هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، گۆنۆل ئۆرس، کچی جانێ، کە ئەویش تۆمەتبارە بە تیرۆر، لە شاری ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێت.
جانێ لە حوزەیرانی 2018 لە شاری ئەدرنە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا، کاتێک ئەو لە نێو پاسێکی تایبەت بە پڕوپاگەندە بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#)دابوو.
جانێ کە وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە و نیشتەجێی شاری کۆڵنە و وڵاتینامەی تورکیای نییە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە ڕاگەیاندبوو و پڕوپاگەندەی بۆ ئەو حیزبە دەکرد.
پێشتر چەندینجار، پارێزەران و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، داوایان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردبوو، جانێ ئازاد بکات. ئەوان داوای ئازادکردنی جانێی تەمەن 47 ساڵیان، بە بەڵگەی نەخۆشکەوتن و خراپیی دۆخی تەندروستی ئەو لە بەندیخانەدا، بەستبووەوە.
دادگای تورکیا هەروەها، تۆمەتی 'سووکایەتیکردن' بە #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیای ئاراستەی جانێ کردووە، بەڵام پارێزەرەکانی، ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.
تۆمەتی ئاراستەکردنی 'سوکایەتی' بە ئەردۆغان بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کاریکاتۆری سەرۆکی تورکیاوە بوو، لە پەیجێکی فەیسبووکدا بەناوی جانێوە، بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن، ئەو ئەکاونتە هی جانێ نییە و بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو ئەکاونتە نییە و بەڵگەش نییە بیسەلمێنێ، جانێ خاوەنی ئەو ئەکاونتەیە.[1]