لە 28'مین ساڵڕۆژی کوژرانی #موسا عەنتەر#، نووسەر و ڕۆژنامەڤانی باکووری کوردستان، خەڵات بەسەر ژمارەیەک ڕۆژنامەڤان و نووسەردا دابەشکرا.
ساڵانە چالاکیی جۆراوجۆر لە یادی کوژرانی موسا عەنتەر بەڕێوەدەچن. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 20-09-2020 لە ڕێوڕەسمێکدا لە هۆڵی ''روانگەی مافی یەکسانیی ئیستەنبووڵ خەڵات بەسەر ژمارەیەک نووسەر و ڕۆژنامەڤاندا دابەشکرا.
رێوڕەسمەکە لەژێر ناوی ''خەڵاتی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕۆژنامەڤانی'' بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە کۆمەڵە، ڕێکخراو و بەرپرسانیش بەشدارییان تێداکرد.
#پەروین بوڵدان#، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - #هەدەپە# و سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە کە کوردە، لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون.
موسا عەنتەر ساڵی 1920 لە نسێبین سەر بە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبوو. بەشی یاسای لە زانکۆی ئیستەنبووڵ تەواوکرد.
عەنتەر ڕۆژی #20-09-1992# لە تەمەنی 72 ساڵی لە #ئامەد#ی باکووری کوردستان بەشێوەیەکی تەمومژاوی کوژرا. موسا عەنتەر لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد دەستڕێژی گوللەی لێکرا؛ دوو فیشەک بەر قاچی، فیشەکێک بەر سەری و فیشەکێکیش بەر دڵی کەوت. هەروەها لەوکاتەدا ئۆرهان میرئۆغڵو، نووسەر و ڕۆژنامەڤان کە لەگەڵ موسا عەنتەردا بوو، برینداربوو.[1]