توێژینەوەیەکی نەخۆشخانەی سانت جەیمس دەریخستووە بەشێکی تووشبووانی کۆرۆنا دوای چاکبوونەوەش بۆماوەیەکی درێژخایەن بێهێزییان دەمێنێتەوە.
د. لیام تاونسێند، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەوکردنەکان لە نەخۆشخانەی سانت جەیمس کە توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە دەڵێت بێهێزی لەگەڵ هەریەکە لە کۆکە و تا نیشانەیەکی بەربڵاوی تووشبووانی کۆرۆنان، زۆرجاریش نیشانەکە لەنێو تووشبووان بۆماوەیەکی درێژخایەن دەمێنێتەوە.
توێژینەوەکە بڕیارە لە کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و زیندەزانییەکان پێشکەش بکرێت، بەدواداچوونی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە گروپی سادە و تووند کردووە و تێیدا دەرکەوتووە نزیکەی نیوەی تووشبووەکان بۆماوەیەکی درێژخایەن بێهێزیان بەردەوامبووە.
پزیشکە پسپۆڕەکەی نەخۆشییە هەوکردنەکان لە نەخۆشخانەی سانت جەیمس ڕوونیدەکاتەوە زۆربەی تووشبووەکان کە نیشانەی بێهێزی لەنێویان بەردەوامبووە خانمانن و ئەوانەن کە پێشتر دڵەڕاوکێ و خەمۆکیان هەبووە، دەشڵیت ڕەنگە پەیوەندی بەوە هەبێت کە ئەو نەخۆشانە زۆرتر نیشانەکانیان دەردەبڕن.
تووشبووانی کۆرۆنا تووشی نیشانەکانی کۆکە، تا، هەناسەتەنگی و بێهێزی دەبن و هەندێک لە تووشبووانیش نیشانەکانی سکچوون و ڕشانەوە و نیشانەکانی دیکەی کۆئەندامی هەرسیان دەبێت.[1]