سێشەممە، 22-09-2020 لە #سلێمانی# ڕۆژنامەنووس #بەهرۆز جەعفەر#، لەسەر سکاڵای نوێنەرێکی #بەرهەم ساڵح#، سەرۆککۆماری عێراق و بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکرا.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیاند بەهرۆز جەعفەر ئەندامی لقی #کەرکووک#ی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەڵام بەوپێیەی لە سلێمانی دەستبەسەرکراوە، تۆمەتەکەش ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنە بۆ سەرۆککۆماری عێراق، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکردنەکە یاساییە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بە کەفالەت ئازادی بکەین تاوەکو ڕۆژی دادگایی کە هەشت ڕۆژی دیکەیە.
کاروان ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، سکاڵاکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی لەسەری تۆمارکراوە، خۆزەگە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەبوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵدەدەن بیگۆڕن بۆ یاسای کاری ڕۆژنامەوانی و دەشڵێت |ئەو وشانەی بەهرۆز بەکاریهێناون دوورن لە دونیای ڕۆژنامەگەری.
لەژێر ناونیشانی نووسینێک لەسەر سەرۆککۆمار نووسەرێکی خستە زیندان سەنتەری میترۆ، ڕاگەیێندراوێکی لەسەر ئەو پرسە بڵاوکردووەتەوە و داوای لە سەرۆککۆمار کردووە سنگی فراوان بێت لەبەردەم نووسین و تەنانەت بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاریی پشتنەبەستوو بە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار، چونکە دەرگای زانیاری هەموو کات ئاوەڵا نین بۆ نووسەران و ڕۆژنامەنووسان.
سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەکات بوونی نووسەر، چالاکوان لە تەوقیفکردن [راگرتن] لەسەر پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان سایت و ڕۆژنامەکان، کارێکە بە خراپ دەشکێتەوە بۆ هەر کەس و سیستەمێک کە بانگەشە بۆ دیموکراسیەت و کرانەوە دەکەن.
هاوکات گۆران عەلی کەریم، ڕۆژنامەنووس لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، سکاڵاکە لەسەر یەک گوتار نەبووە، بەهرۆز جەعفەر زنجیرە گوتارێکی هەیە، بەڵام ئێمە پێی ناڵێین گوتار، چونکە پڕە لە ناوزڕاندن و سووکایەتی، ڕەخنەگرتن ئەگەر بە زمانێکی دوور لە تەشهیر بێت و لە دەزگایەکی فەرمییەوە بێت، بەلای سەرۆککۆمارەوە شتێکی قبووڵکراوە و ئاساییە، بەڵام ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەکاونتی خۆی و لە پەیجە بێخاوەنەکان گوتاری پڕ لە تەشهیر و سووکایەتی بڵاودەکاتەوە.
سەنتەری میترۆ دەڵێت، دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، لە حاڵەتی ساخبوونەوەی تۆمەت بەسەر ڕۆژنامەنووسدا لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی، سزای دارایی (خەرامە)ی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس ئازاد دەکرێت، بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا پەنا دەبرێتە بەر یاسای ژمارە (111)ی ساڵی 1969، کە ماددەی (433)ی یاساکە باس لە ناوزڕاندن دەکات یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی، دەکەن.
راگرتنی بەهرۆز جەعفەر لەسەر گوتارێکی بووە کە لەژێر ناونیشانی تا کەی سەرۆک کۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت؟! بڵاویکردووەتەوە.[1]