تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی #سۆران#. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزاکەش دەڵێت ئامادەکارییەکی زۆر باش لە ناوچە گەشیارییەکان کراوە.
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: تەنیا لە ڕۆژی هەینی زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار و ڕۆژی پێنجشەممە 10 هەزار و ڕۆژەکانی دیکەش زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بە هەر چوار شارۆچکەی سۆران، #ڕواندز#، مێرگەسۆر و #چۆمان#.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ڕایدەگەیێنێت دوای ئەوەی ئاسانکارییەکی زۆر لە ڕێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و کردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بڕیاری لەسەر درا، ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بووژانەوەیەکی باشی بەخۆوە بینیوە و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕوویان لە ناوچە گەشیارییەکانی کوردستان و سۆران بەتایبەتی کردووە و ڕێژەی گەشتیار زیاتر بووە.
بەگوتەی بارزان محەممەد، لە سنووری هەر چوار قەزای سۆران، ڕواندز، مێرگەسۆر و چۆمان، 30 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن و دەڵێت: لە هۆتێل و مۆتێل، چێشتخانە، هەموو کەپر و ناوچە گەشتیارییەکان هەموو ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر، و ئامادەکاریی تەواومان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێنانی گەشتیار و گرووپە گەشتیارییەکان و پێشبینی هاتنی گەشتیاری زیاتر دەکرێت.[1]