زیاتر لە دوو مانگە ئاگر لە چەند ناوچەیەکی دارستانەکانی #چیای جوودی# لە سنووری پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان کەوتووەتەوە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دەسووتێن.
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری #هەدەپە# لە بازنەی شرناخ، بۆ سەرنجراکێشانە سەر ئەو ئاگرەی لە چیای جوودی کەوتووەتەوە، لەبەردەم بارەگای پارتەکەی لە شرناخ دەستی بە دانیشتنی ناڕەزایی کرد. بەڵام هەرزوو هێزی ئەمنییەکان شوێنی چالاکییەکەیان ئابڵوقە دا بۆ ئەوەی بازنەی ناڕەزایەتییەکە فراوانتر نەبێت.
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لە کردەوەکانتاندا دەبینرێ چەند لە خەڵک دابڕاون و چەند دوژمنایەتیی خەڵک دەکەن. ئاکپارتی و مەهەپە دەڕۆن، دیموکراسی دێت بۆ تورکیا، بەڵام ڕۆژێک دێت کە ئێوە سەرتان دادەنەوێنن.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەڵێت پێشتر لە ڕێگەی کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی و پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی کارگێڕی شرناخ هەوڵیانداوە کارێک بکەن ئاگرەکە بکوژێندرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجام بووە. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە خەڵکی ناوچەکە کە دەیانەوێت بچن ئاگرەکە بکوژێننەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگەیان پێنادرێت.
حەسەن ئۆزگونەش پەنجەی تۆمەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان درێژ دەکات و دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دارستانەکان تۆپباران دەکەن و فیشەکی گڕدار دەتەقێنن، بەو هۆیەوە ئاگر دەکەوێتەوە. خەڵکی گوندنشینی ناوچەکە چەندینجار ویستیان ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام ئەوانەی ئاگرەکەیان کردووەتەوە، ڕێگرییان لێکردن.
حەسەن ئۆزگونەش ئاماژەی بەوەدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەڕێوەبەری دارستانی شرنەخ چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ناردووە، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێکردوون و گەڕاندوویاننەتەوە.
سووتانی دارستانەکانی چیای جوودی و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار و هاووڵاتی لە ڕێگەی هاشتاگی جوودی هەموو ڕۆژێک دەسووتێت ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان پارێزگاکانی تورکیادا، وەک چۆن ئاگری دارستانەکانی تورکیا دەکوژێنرێنەوە، دەبێت بەهەمانشێوەش بە هانای سووتانی دارستانەکانی باکووری کوردستانەوە بێن.
چالاکییەکەی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ڕۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2020 دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی سی ڕۆژ درێژەی دەبێت، ئەو داوا لە خەڵکی شرناخ دەکات خۆیان بە خاوەنی چیای جوودی بزانن.[1]