بێریڤان وەهاب مەحمود، تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو، خەریکی چێشتلێنان بووە بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانی، لەوکاتەدا سۆندەی تەباخ و غازەکەیان دەتەقێت و گڕی تێبەردەبێت. بەگوتەی دەهام ئامۆزای بێریڤان، لەوکاتەدا بێریڤان پەشۆکاوە و شوێنەکەی بەجێ نەهێشتووە، تاوەکو فریای دەکەون سووتاوە.
بێریڤان سێ خوشک و دوو برای هەیە، دایک و باوکی دانیشتووی کۆڕێن لە نزیک هەولێر و سەرقاڵی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن و خۆیشی کچی ماڵەوە بووە.
دەهام کوڕە مامی بێریڤان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دایک و باوکی گوێیان لە هاواری دەبێت دەگەنە لای و دەیبەنە نەخۆشخانە، ماوەی شەو و ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بووە، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەی بەرگە ناگرێت و دواجار کۆچی دوایی دەکات.
لەبارەی ڕووداوەکەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شەقڵاوە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی کچەکە گەیشتووەتە نەخۆشخانەی شەقڵاوە بەهۆی زۆریی سووتانەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر کراوە، لەوێ قسەی لەگەڵ کراوە و گوتوویەتی لەکاتی چێشتلێنان تەباخەکەی گڕی تێبەربووە و بەهۆیەوە سووتاوە، بۆیە سکاڵای لەکەس نییە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی، ڕووداوەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە و دوای 24 کاژێر مانەوە لە نەخۆشخانە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 07-09-2020 بێریڤان کۆچی دوایی کردووە. دۆسیەکەی نێردراوە بۆ پۆلیسی هەولێر و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.[1]