504 گوندی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون
📊 ئامار و راپرسی
شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بە باشووری کوردستان گەیاندووە، بەهۆی بوونی پەکەکەش لە خاکی باشووری کوردستان، تورکیا لە هێرشەکانی بەردەوامە.
پەرلەمانی کوردستان چەند لیژنەیەکی راسپارد بۆ بەدواداچوونی زیانی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لیژنەکان راپۆرتەکانیان تەواوکرد و دەرکەوتووە تورکیا بە قووڵایی 15 کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی بەزاندووە و زیاتر لە 500 گوندیش لە ترسی شەڕ چۆڵکراون.
پەرلەمانی کوردستان لە 29ی حوزەیرانی ئەمساڵدا چەند لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی رەوشی ناوچە سنوورییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بۆ زانینی زیانی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران راسپارد. لیژنەکان چوونەتە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و شنگال.
لە ئەنجامی راپۆرتی لیژنەکاندا دەرکەوتووە، لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستیپێکردوون، 504 گوند چۆڵکراون و لە ماوەی شەڕی 28 ساڵەی تورکیا و پەکەکەشدا 50 هاونیشتمانیی سڤیل شەهیدبوون.
بەپێی راپۆرتی لیژنەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە 73 گوندی سەر سنوور 55 گوند چۆڵکراون. دەیان ملیۆن دۆلار زیانی سووتانی رەز و باخ هەبووە و 104 گوندی سۆران و سیدەکان چۆڵکراون.
لە راپۆرتی لیژنەکاندا هاتووە، لە پارێزگای سلێمانی هێرشی کونەماسی لە 25ی حوزەیراندا بووەتە هۆی برینداربوونی حەوت کەس و 25 ملیۆن دینار زیانی ماددیی هەبووە. هەروەها زیانی خزمەتگوزاریی گشتی لەسەر کارەبا و رێگەوبان هەبووە.
لە پارێزگای دهۆکیش، لە زاخۆ بەزاندنی سنوور بە پانیی 40 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 کیلۆمەتر لەلایەن تورکیاوە، 666 تۆپ و 70 مووشەک ئاراستەی گوندەکان کراون و لە 28 ساڵدا 50 کەس کوژراون و دەیانیش بریندار بوون. 18 بارەگای تورکیا لە سنووری گوندەکانی زاخۆ دانراون، 25 گوندی شارۆچکەی دەرکار تۆپباران کراون، 200 جووتیار ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، 13 گوندی باتیفا بۆردوومانکراون و 27 گوند چۆڵکراون؛ بەگشتی 400 خێزان زیانمەند بوون.
هەر لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە ئامێدی، بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکردنی 198 گوند لە 348 گوندی قەزاکە کەوتووەتەوە و چوار کەسی سڤیل شەهید بوون و 28 کەسیش بریندار بوون، 80%ی گوندەکانی چەمانکێ چۆڵکراون، شەش گوندی کانی ماسێ و بەرواری باڵا چۆڵکراون، ئاوارەبوونی زیاتر لە 2500 خێزان، چۆڵکردنی 85 گوند لە کۆی 92 گوندی شیلادزێ، چۆڵکردنی 42 گوندی دێرەلووک لە کۆی 56 گوند، چۆڵکردنی 24 گوندی دینارتە لە کۆی 91 گوند و 9 کوژراو و 21 بریندار لە 24 ساڵدا.
هێزەکانی تورکیا بە قووڵایی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بەهۆی ئەو ئوپەراسیۆنانەوە شەش کەسی سڤیل لە سنووری پارێزگای دهۆک شەهیدکراون و پێنج گوندی سنووری ناحیەکانی باتیفا و دەرکار لە سنووری زاخۆ چۆڵکراون و زیانی ماددی بەر دەیان هاونیشتمانیی ئەو ناوچانە کەوتووە.
[1]