حکومەتی فەرەنسا وانەیەکی سەبارەت بە مێژووی کورد و کێشەی کورد خستووەتە نێو پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 11 لە قۆناخی ئامادەیی. وانەکە لە کتێبی مێژوو و جوگرافیادا بە ناونیشانی کورد : نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت داندراوە.
لە دەقی نووسراوی ئەو وانەیەدا هاتووە کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهان و ژمارەیان نزیکەی 40 ملیۆن کەسە و زۆرینەیان سوننەن بە ئایینزا.
هەروەها لە وانەکەدا هاتووە: یەک سەدەیە بەشێک لە کورد لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشن و ئەو دەوڵەتانەی بەشێکی کوردستانیان بەرکەوتووە دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی سەددام و هەرەسهێنانی سووریا هیواکانی بۆ دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ زیندووکردەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی وانەکەدا پرسیارێک کراوە ئایا ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبنە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی؟.
لە بڕگەیەکی دیکەدا باسی ڕۆڵی هێزە کوردییەکان دەکات لە تێکشکاندنی #داعش# و تێیدا باسی ڕۆڵی پێشمەرگە کراوە و نووسراوە: واتای پێشمەرگە لە زمانی کوردیدا ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. هێزەکانی پێشمەرگە هەمان دۆخی سەربازەکانی عێراقیان هەیە، ئەوەشیان دوای شەڕکردن دژی سەدام حوسێن و شەڕکردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەدەستهێنا. ئەو یەکانە لە ساڵی 1920 دامەزراون و ئێستا ژمارەیان نزیکەی 350 هەزار جەنگاوەرە.
هەروەها لە وانەکەدا باسی بڕیاری سەرۆکی تورکیا #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# کراوە، ئەو بڕیارەی بە ڕەزامەندی ترەمپ درا لە 9ی ئوکتۆبەری 2019 بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها شەڕی داعشی بە سەرەتای هاوکاری نێوان ئەمریکا و کورد داناوە لە سووریا، کوشتنی سەرۆکی داعشیش گرنگیی ئەو هاوکاریەی نیشاندا، هەروەها دەڵێ ئەوە سەرەتای داگیرکاری تورکیاش بوو بۆ وڵاتی کوردان لە سووریا و، لەو بەشەی وانەکەدا نووسراوە کۆتایی کوردستانی سووریا: لە 9ی ئوکتۆبەری 2019، سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان، بە ڕەزامەندی سەرۆک ترەمپ هێرشێکی سەربازیی دژی کورد لە سووریا دەستپێکرد. ئەوەش کۆتایی هاوکاریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوردی سووریابوو – ئەو هاوکاریەی ئۆپەراسیۆنی دژی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی بایەخەکەی نیشاندا- و هەروەها سەرەتای داگیرکاریی تورکیا بوو بۆ وڵاتی کوردان لە سووریا. دوای تۆپباران، سوپای تورکی تانکەکانی و خاکی دایە دەست بریکارەکانی.. ئەو گرووپە چەکدارانەش – بەزۆری بریتیبوون لە چەقۆکێش یان جیهادی یاخود چەقۆکێش و جیهادی لە یەک کاتدا- لەو عەرەبە سوننانە پێکهاتوون کە ڕقیان لە کورد و کریستیانەکانە، ئەوانە پێشتریش چەکداری لقی ناوخۆیی ڕێکخراوی قاعیدە بوون. تەنانەت چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی بوون و لە خزمەتی سوپای تورکیادا بوون.
بڕگەیەکی وانەکە باسی #عەفرین# دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و نووسراوە: ناتوانین بڵێین ئاگادار نین. لە ئاداری 2018ەوە، سوپای تورکیا ناوچە و شاری عەفرینی زۆرینە کوردنشینی داگیرکردووە. ئەو ناوچەیەش دراوەتە دەست گرووپە جیهادییەکان – کە مافی بردنی هەموو شتە دەستبەسەرکراوەکانیان هەیە. چەکدارانی ئەو میلیشیانە ماڵ و زۆر لە دووکانەکانی کوردیان تاڵانکردن. دەستیانکرد بە ڕفاندن بۆ فیدیە وەرگرتن و کوشتنی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا بەبێ هیچ دادگاییکردنێک. دانیشتووانی کورد ڕایانکرد. 130 هەزار کەسیان فڕێدرانە سەر شەقامەکان، ئەوەش ئامانجە جێبەجێبەکراوەکەیە، چونکە مەبەستەکە : کۆتاییهێنانە بە هەبوونی کورد، لە هێڵی سنووریی لەگەڵ تورکیا.
لە وانەکەدا هەندێ پرسیار لە خوێندکاران دەکرێن:
-ئایا دۆخی کورد لە هەموو دەوڵەتەکاندا وەک یەکە؟
- ئایا سەربەخۆیی تائێستا تاکە ڕێگەیە کە کورد دەیەوێت، هەروەک چۆن لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەوڵی بۆ دەدات؟
-رۆڵی کورد چ بوو لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دا؟
- بۆچی دەتوانین بەراوردی نێوان دۆخی کوردانی سووریا و کوردانی عێراق بکەین؟
ساڵی خوێندنی قۆناخی ئامادەیی لە فەرەنسا لەنێوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو دەستیپێکرد. هەزاران خوێندکار لە فەرەنسا ئەو وانەیە لەسەر مێژووی کورد و دۆزی کورد و خەباتی گەلی کوردستان دەخوێنن. هەروەها ڕۆڵی کورد دەخوێنن لە تێکشکاندنی داعش دا.
ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە ساڵی 2019 قۆناخی ئامادەییان خوێندووە 755 هەزار و 900 خوێندکاربووە، کە 51% خوێندنی گشتییان خوێندووە، 21% خوێندنیی تەکنیکییان خوێندووە و 28%یش خوێندنی پیشەیی.